گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆماننووس :- عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح :-
له ئه‌مڕۆدا كه‌سانێك قسه له عیرفان و عاریفانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ده‌كه‌ن كه كه‌مترین باوه‌ڕیان به عیرفان و چه‌مكی عاریف نییه ، هه‌موو ئه‌وه‌ی لایان خولقاوه فه‌زایه‌كی ئه‌ندێشاویی فه‌لسه‌فیانه‌یه كه له فیكری ڕووته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه.
جه‌نابتان له‌پاش ته‌مه‌نێكی زۆردهستت داوه‌ته ڕۆمان نوسین ئایا ئهمهجۆرێك نی یهلهشكست لهفهزاگشتی یه‌كه‌ی نوسیندا،كه‌له‌كاتێكدا له‌كاری پێشووترتانداجیهانی نوسینت جیاوازبوو؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی نووسینم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی حه‌فتاو حه‌وتی سه‌ده‌ی ڕابردوو ، له‌سه‌ره‌تاوه به خوێندنه‌وه‌ی دیوانه شیعرییه‌كان ده‌ستم پێكرد و دواتر قه‌ڵه‌مم برد بۆ نووسینی هۆنراوه و تا سه‌ره‌تای هه‌شتاكان بوومه خاوه‌نی دوو ده‌فته‌ر له هۆنراوه كه تاكو ئێستا پارێزگاری لێكراوه ،له دیوانی شاعیرانی مه‌زن دانه‌بڕاوم و له‌دیوانه شیعرییه‌كانی شاعیرانی كورد به وردی كۆڵاومهتهوه تا ڕاده‌ی نووسینی باسی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ریان ، له‌وانه باسێكی ئه‌ده‌بی له سه‌ر هۆنراوه‌كانی نالی به‌ناوی ” به‌كارهێنانی چه‌مكه عیرفانییه‌كان له هۆنراوه‌كانی نالی‌دا” كه به چاپ گه‌یشتووه ، سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی ئێمه له دونیای ئه‌ده‌بدا له قوتابخانه‌وه ده‌ستی پێ كرد ، ئێمه كۆمه‌ڵێك گه‌نج بووین – له‌و ساڵانه‌دا – له ناوه‌ندی خوێندندا جموجوڵێكمان دروست كرد بوو ، یه‌كێك له‌و گه‌نجانه “بورهانی مه‌لا حسه‌ین” بوو كه نووسینه‌وه‌ی هۆنراوه‌كانی من به ده‌ست و په‌نجه‌ی ئه‌و بوو ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خۆشنووسی و عه‌وداڵ بوونی “بورهان”ه‌وه بوو بۆ دونیای هۆنراوه هاوڕێ له‌گه‌ڵ نزیكی و براده‌ریمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ، له نه‌وه‌ده‌كاندا كۆمه‌ڵێك چیرۆكم نووسیوه كه تاكو ئێستا به چاپ نه‌گه‌یشتوون ، من بۆخۆم ده‌رچووی كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی ئینگلیزی – زانكۆی موسڵم كه له‌و به‌شه ئه‌ده‌بییه‌دا به وردی ئه‌ده‌بی ئینگلیزی له هۆنراوه و چیرۆك و ڕۆمان و دراما ده‌خوێنرێت ، جگه له هه‌واداری خۆم بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی به تایبه‌ت هۆنراوه‌ی شاعیرانی كۆن و نوێ ، ئێستا دیوانێكی شیعرم ئاماده‌یه بۆ چاپ كه زمان و ستایڵی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و هه‌ندێك له هۆنراوه‌كانی بۆ هه‌شتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه .. نووسه‌رانی مه‌زن ئه‌وانه‌ن له چه‌ندین زه‌مینه‌دا ده‌توانن ئه‌سپی قه‌ڵه‌میان تاو بده‌ن و شاكار به‌رهه‌م بهێنن ، كار كردنی كه‌سێك له چه‌ند زه‌مینه‌یه‌كی نووسیندانیشانهی سهركهوتنییهتی نه‌ك به‌زین و شكست ، من ده‌ڵێم مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ نووسینی ڕۆمان له پاڵ ئه‌دیب بووندا گه‌ره‌كه ئه‌و كه‌سه دارای بیرێكی قووڵ و ئه‌ندێشه‌یه‌كی فراوان و ته‌جروبه‌یه‌كی كه‌ڵه‌كه بوو بێت..
له‌ڕۆمانی گه‌ڕانه‌وه بۆمه‌رگ سه‌رتاپا دروست بوونی هه‌یكه‌لی ڕۆمانهكهئیشكردنه له‌سه‌رمێژووی دروست بوونی گروپێكی ئیسلامی، ئایائه‌مه تاچهندگاریگهری ژیانی واقیعیانه‌ی خۆتی له‌سه‌ره لهكاتێكداباشتر وایه نووسهرلهتێكستدا بمرێت؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-ئه‌و قسه‌یه‌ی گوایه “سه‌راپای هه‌یكه‌لی ڕۆمانه‌كه ئیشكردنه له سه‌ر مێژووی دروست بوونی گروپێكی ئیسلامی” نیشانه‌ی تێنه‌گه‌یشتنه له ڕۆمانه‌كه ، ته‌نانه‌ت قسه له مێژووی گرووپێكی ئیسلامی بۆ قسه‌كردن نییه له‌و مێژووه ، به‌ڵكو باس له ڕۆح و جه‌سته‌ی ئایینه له خوێندنه‌وه‌ی گروپێكی ئاینییدا ، باس له‌و ململانێیه ده‌كه‌وێته ناو فه‌همی ئایینییه‌وه ، باس له زاڵبوونی واقیعه به‌سه‌ر ڕۆحی په‌یامدا ، له كاتێكدا په‌یام له‌سه‌ره‌تاوه به ڕه‌هایی و گه‌ردوونییه‌تی خۆیه‌وه دێته ناو ژیان و دواتر حه‌ز و به‌رژه‌وه‌ندی تاك و كۆمه‌ڵ تێكه‌ڵ به جه‌وهه‌ری په‌یام ده‌كرێت و له‌وێشه‌وه مه‌رامی مرۆڤدۆستانه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات ، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت : نووسه‌ر ده‌بێ له‌ناو تێكستدا بمرێت بیرۆكه‌یه‌كی دروست نییه ، چونكه تێكست زاده‌ی بیر و هه‌ست و ئه‌ندێشه‌ی تێكستنووسه و هیچ تێكستێك خاڵی نییه له ته‌رزی بیركردنه‌وه و باری سایكۆلۆژی و فه‌زای خه‌یاڵی نووسه‌ر و كۆی ئه‌وانه‌ش هه‌ڵدێر و نشێو و خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ژیان فۆرمی پێده‌گرێت ، ئێمه ناتوانین ڕۆمان له ڕۆماننووس داببڕین وه‌كو چۆن ناتوانین هۆنراوه له هه‌ست و نه‌ست و ژینگه و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی هۆنراوه‌نووس داببڕین ، به‌ڵام ڕۆماننووس به ئه‌ندازه‌ی ژیان فراوانه و به قه‌باره‌ی گه‌ردوون خه‌ون و ئه‌ندێشه‌كانی مه‌زنن..
له‌ڕۆمانی گه‌ڕانه‌وه بۆمهرگدا باست له‌وه‌كردووه”لهگهورهعاریفانی ئه‌م گه‌ل ونهتهوهیهش:شێخ مارفی نۆدێ__مه‌ولاناخالیدی نه‌قشبه‌ندی”هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا”له‌تیف هه‌ڵمه‌ت”له‌كتێبی سۆفی وسۆفیگهریدا،كهتوێژینهوهیهلهسهرجیهانی ته‌سه‌وف سه‌لماندوویه‌تی كهلهدونیای ئیسلامی كوردیدا،شتێك نی یهبهناوی عاریف یاخود سۆفی جگهلهخوداناس وستایشكاری ئاینی نه‌بێت هیچی دیكهنی یه.ئایا ئه‌مه بێئاگایی تۆدهرناخات لهسهرئهوتوێژینهوانهی ده‌رباره‌ی ته‌سه‌وفی كوردی كراوه یاخود تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆت وبڕیارێكی تاك لایهنهیهلهسهر ئه‌م چه‌مكه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-“مه‌ولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ “نه‌ك هه‌ر عاریفن ، به‌ڵكو له ڕیزی گه‌وره عاریفانی دونیای ئیسلام سه‌رژمێری ده‌كرێن ، ئێمه زۆر كه‌ممان وتووه كه ده‌ڵێین ئه‌و دوو كه‌سه عاریفن ، ئه‌گینا هه‌موو دونیای ئیسلام قه‌رزاری ئه‌و دوو عاریفه مه‌زنه‌ن و سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌ی میلادی زانا و سۆفی مه‌زنی وه‌ك ئه‌و دووانه‌ی به‌خۆوه نه‌بینییوه ، ئه‌وانه عاریف بوون ، چونكه له‌پاڵ عیرفانێكی مه‌زندا هه‌ڵگری مه‌عریفه‌یه‌كی فراوان بوون و خاوه‌نی مه‌دره‌سه‌ی زانستی بوون ، چه‌ندین زانستیان وتۆته‌وه و ده‌یان كتێبیان له دونیای مه‌عریفه و عیرفاندا له شوێن به‌جێماوه ، كاریگه‌ری په‌یامه‌كه‌ی مه‌ولانا خالید تا مه‌غریبی عه‌ره‌بی و ئه‌سته‌نبوڵ ڕۆیشتووه و له خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه تاكو هندستان له ژێر كاریگه‌ری عیرفانی مه‌ولانادا بووه ، بچووك كردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه ئایینییه مه‌زنه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه سیاسه‌تێكی كۆنه و به زانین یان نه‌زانین لێره و له‌وێ هه‌ندێك له نووسه‌ران و لێكۆڵه‌ران تێوه‌ی گلاون..له بێئاگایی خوێنه‌ر و ڕهخنهبازه كاتێك مه‌زنه‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له شوێنی خۆیان دانانێن و به ئه‌ندازه‌ی خۆیان هه‌ڵناسه‌نگێنرێن ، ئه‌گینا ڕۆماننووس زۆر به ئاگاهییه‌وه ناوی ئه‌و دوو مه‌زنه‌ی هێناوه و ده‌شزانم جێگه و شكۆمه‌ندی ئه‌وان له كوێدایه ، له كوردستاندا هیچ كه‌س له‌خۆم له‌به‌رتر نابینم بۆ قسه كردن له عیرفان و گه‌وره عاریفان ، چونكه به ڕۆح – به‌ر له فیكری ڕووت – له‌ناو ئه‌و دونیایه‌دا ژیاوم و په‌یم به نهێنییه‌كانی بردووه ، قسه‌كردن له‌سه‌ر عیرفان به فیكری ڕووت گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه ، ئه‌وانه -لای ئیمامی غه‌زالی – هیچ له‌و جیهانه تێناگه‌ن و تام و چێژی لێوه‌رناگرن ، سه‌یر له‌وه‌دایه له ئه‌مڕۆدا كه‌سانێك قسه له عیرفان و عاریفانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ده‌كه‌ن كه كه‌مترین باوه‌ڕیان به عیرفان و چه‌مكی عاریف نییه ، هه‌موو ئه‌وه‌ی لایان خولقاوه فه‌زایه‌كی ئه‌ندێشاویی فه‌لسه‌فیانه‌یه كه له فیكری ڕووته‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه ، قسه كردن له‌و دونیایه له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی ناوی خۆیان ناوه لێكۆڵه‌ر جگه له وڕێنه و جووڵان له تونێلێكی داخراودا هیچی لێوه به‌رهه‌م نایه‌ت ، هه‌ندێ جاریش ته‌نها ڕقه له وشه عه‌ره‌بییه‌كه كه وه‌سفی كه‌سێكی مه‌زنی پێكراوه ، بۆ نموونه ده‌پرسم جیاوازی چییه له نێوان وشه‌ی “عاریف” و وشه‌ی “خوداناس” دا ؟! خوداناس ته‌رجه‌مه‌ی وشه‌ی “عاریف ” ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی وشه‌كه عه‌ره‌بییه یه‌كێك دێت و ده‌ڵێت له ناو كورددا “عاریف” نه‌بووه به‌ڵكو “خوداناس” هه‌بووه ، ئه‌م وڕێنه‌یه وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێیت له‌ناو كوردا “مسلم” نه‌بووه به‌ڵكو “موسڵمان ” هه‌بووه ، “مۆمن” نه‌بووه “باوه‌ڕدار” هه‌بووه ، ئه‌م گه‌مه نه‌زانانه له ناو زماندا نیشانه‌ی هه‌گبه به‌تاڵی هه‌ندێ نووسه‌ری ساویلكه‌یه ، من به‌رینتر له ئه‌قڵی كه‌م و كورتی هه‌موو ئه‌وانه بیرده‌كه‌مه‌وه به په‌تای ده‌مارگیری تووش بوون و له تاریكستانی گرێ ده‌روونییه‌كانیان ناتوانن قوتاریان ببێت ، نووسه‌رانی دونیاگهرای كورد خه‌ریكن وه‌ك نه‌وت و غاز و پاره‌ی گمرك “شێخ مارفی نۆدێ” و ” مه‌ولانا خالید” به‌سه‌ر دوو حوته‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌ن ، “شێخ مارف” بۆ ئه‌م لا و “مهونا خالید” یش بۆ ئه‌و لا ، ته‌ریقه‌تی قادری بۆ ئه‌م سه‌ر و ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بۆ ئه‌و سه‌ر ، ئه‌گه‌ر لۆژیكی دابه‌ش كردن به‌م جۆره بڕوات ئه‌وا ماوه‌یه‌كی تر هه‌وا و ئاسمان و ئه‌ستێره و مانگ و خۆر له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا دابه‌ش ده‌بێت ، ده‌زانن بۆ ؟ چونكه قه‌ڵه‌م له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش بووه ، قه‌ڵه‌مه بووه به ئه‌داتی ده‌ستی پاوهنخوازان و ئاسمان و زه‌وی پێ دابه‌ش ده‌كرێت..
له‌نێو ڕۆمانی حیكمه‌تی پیراندا بهدهرلهجیهانهقوڵ وفیكرییهكان كۆمه‌ڵێك ململانێی ساده‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ست پێده‌كرێت،هاوكات ئیشت لهسهرپهیوهندی قوتابی ومامۆستاوگهورهكان كردووه.لائیرادییهن بكه‌ویته نێوململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه به‌تایبه‌ت وه‌ك لهسایكۆلۆژی ئافره‌تدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه،یاخود بهوحوكمهی كه‌خۆت پیشه‌ت مامۆستایه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-ئه‌م پرسیاره‌ت له لام ڕوون نییه ، ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كم هه‌بێت ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێم :دروستكردنی سیناریۆكان – ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت یاخود وتووێژی نێوان مامۆستا و قوتابی – بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی تره ، هێنانی سیناریۆكان بۆ سیناریۆ نییه ، واته گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربورده و چیرۆك نییه ، به‌ڵكو بۆ مه‌رام و مه‌به‌ستێكی باڵاتر هێنراونه‌ته ناو ڕۆمانه‌كه‌وه ، له ڕێگه‌ی وتووێژی قوتابی و مامۆستاوه ده‌مه‌وێت ئه‌و پرسیارانه‌ی بیری گه‌نجی له ئه‌مڕۆدا داگیر كردووه ئاماژه پێبده‌م و گه‌ر بتوانم وه‌ڵامێك له‌و مه‌یدانه‌دا بخه‌مه ڕوو ، ئه‌و پرسیارانه‌ی كهڵكهڵهیهك لای گه‌نجان دروست ده‌كه‌ن و زۆرجار نازانن ئاراسته‌ی گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامه‌كاندا به‌ره‌و كوێیه..ڕۆماننووس كاتێك كاراكته‌رێك ده‌هێنێته نێو ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌بێت باش بیناسێت ، به بیر و هه‌ست و ده‌روونی ئه‌و كاره‌كته‌ره ئاشنا بێت ، وه‌كو ئه‌و بیربكاته‌وه ، واته شه‌پۆله‌كانی بیركردنه‌وه‌ی خۆی بكات به بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره ، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان یه‌ك بیركردنه‌وه و یه‌ك هه‌ست و نه‌ست بن ئه‌وا ڕۆمانه‌كه جوانی و ڕه‌نگاو ڕه‌نگی له‌ده‌ست ده‌دات و وه‌ك ئه‌وه وایه خوێنه‌ر سه‌یری فیلمێكی ڕه‌ش و سپی بكات ، لێره‌وه ئاساییه ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ساده بۆ كه‌سه ساده‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه بخولقێت و هیچ نهنگییهكیش بۆ ڕۆمانه‌كه دروست نه‌كات ..
له‌ڕۆمانی حیكمه‌تی پیراندا هه‌ست به‌لێك ترازانێكی فیكری ده‌كه‌ین له‌نێوان ئه‌و برادهرانهوكۆمهڵگادابهتایبهت له‌وكاته‌دا”یوسف وڕاز وڕاوێژ”باس لهكۆمهڵگادهكهن،باس له‌و ڕوگه جیاوازه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌ڵستانی كۆمه‌ڵگا،ئایائه‌مه ئیشكردنهله فیكری كۆمه‌ڵێك گه‌نجی یاخی له‌كلتوری كۆمهڵگاو جیهانی ساده‌یی؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-نوخبه‌ی خوێنده‌وار گۆڕانێكی گه‌وره به‌سه‌ر ناخ و بیریدا هاتووه و به‌رانبه‌ر به‌وه‌ش تاكو ئێستا كۆمه‌ڵگه له چه‌قبه‌ستنی خۆی به‌رده‌وامه ، ئه‌م واقیعه ململانێیه‌كی قووڵی لای گه‌نجان و نوخبه‌ی خوێنده‌وار دروست كردووه ، یان ده‌بێت به پێی گۆڕانه‌كانی ناخی خۆی ئاراسته وه‌ربگرێت و له‌وێشه‌وه به كۆمه‌ڵگه و ده‌وروبه‌ریدا بكێشێت ، یاخود ده‌بێت بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگه و یاسا و ڕێساكانی قبووڵ بكات له‌وێوه گه‌وره‌ترین ئازار له ناخیدا بخولقێ و دوو فلیقانهییهك بكه‌وێته نێوان ناخ و شاخ ، یاخود ده‌روون و بێروونی ئه‌و كه‌سانه ، من هاتووم قسه له‌م باره دژواره ده‌كه‌م كه بووه‌ته مایه‌ی نه‌خۆشی شیزۆفرینا- دوو كه‌رت بوونی كه‌سایه‌تی – لای گه‌نجه‌كان.
لهههردووبهرههمهكهتدا كه‌م تازۆركارت له‌سه‌ر جیهانی ته‌سه‌وف كردووه به‌تایبه‌ت له‌ڕۆمانی گهڕانهوهبۆمهرگدا،حاڵه‌تێكی زۆر ڕوون هه‌ست پێده‌كرێ كهگاریگهری بیریارانی عه‌ره‌به لهسهرفكرو واتای ڕۆمانه‌كه وه‌ك”وه‌حده الوجود”ی ئیبن عه‌ره‌بی
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-ده‌توانم بڵێم ته‌سه‌وف گه‌لانی غه‌یره عه‌ره‌ب دروستیان كردووه و هێناویانه‌ته ناو ئیسلامه‌وه ، ئه‌م ڕایه‌م ته‌سه‌وف ناكاته ده‌ره‌وه‌ی ئیسلامه‌وه ، به‌ڵكو بنچینه‌كانی ته‌سه‌وف له ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌دا به ” تزكیه” و ” ربانیه” و ” زهد” ناوزه‌د كراوه ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه زانایان و عاریفانی غه‌یره عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنچینه ئیسلامییه‌كان كۆشكی ته‌سه‌وفیان دامه‌زراندووه ، ته‌نانه‌ت لای هه‌ندێك له ڕۆژهه‌ڵات ناسان ته‌سه‌وف به په‌رچه‌كرداری گه‌لانی غه‌یره عه‌ره‌ب لێك ده‌ده‌نه‌وه ، بۆیه ته‌وژمی سه‌له‌فی كه زاده‌ی كولتوور و كه‌سایه‌تی مرۆڤی عه‌ره‌به زۆر به تووندی به گژ ته‌سه‌وفدا ده‌چن ، ته‌سه‌وف كه دونیایه‌كی ناسكی پڕ له جوانییه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی مرۆڤی عه‌ره‌بیدا هه‌ماهه‌نگ نییه كه كه‌سایه‌تییه‌كی زبری سارا نشینه ، گه‌وره عاریفانی دونیای ته‌سه‌وف زۆربه‌یان عه‌ره‌ب نین و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه عه‌ره‌بن به كاریگه‌ری پیاوانی غه‌یره عه‌ره‌ب ئه‌و ئاراسته‌یان وه‌رگرتووه ، بۆیه ته‌سه‌وف موڵكی هه‌موو گه‌لانی جیهانه و ته‌نانه‌ت گه‌لانی ناموسڵمان سوودیان لێبینیوه و پێی كاریگه‌ر بوون ، وه‌كو چۆن – له هه‌ندێك قۆناغدا – ته‌سه‌وفی ئیسلامی به ته‌سه‌وفی هندۆسه‌كان و مه‌سیحییه‌كان كاریگه‌ر بووه ، ته‌سه‌وف ئه‌و پانتاییه‌یه هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان له خۆیدا كۆده‌كاته‌وه ، كه‌له‌پورێكی مرۆیی جیهانییه ..
“ئیبن عه‌ره‌بی” لای فه‌قیهه عه‌ره‌به‌كان به زه‌ندیق و بێباوه‌ڕ له قه‌ڵه‌م دراوه و فتوا له‌سه‌ر حه‌رامكردنی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی ده‌ركراوه ، ئیتر نازانم ئه‌و بۆچوونه له كوێوه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه كه قسه كردن له ته‌سه‌وف له ڕۆمانه‌كه‌دا كاریگه‌ربوونه به فیكری عه‌ره‌بی ، هه‌رچه‌ند لای من كاریگه‌ر بوون و سوود وه‌رگرتن له فیكری عه‌ره‌بی ، فارسی یان هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كارێكی ئاساییه و وه‌ك شۆفێنییهكی كوێری تاریك نشین بیر ناكه‌مه‌وه..
سه‌رنجێكم سه‌باره‌ت بهوناوانهی له‌هه‌ردوو بهرههمهكهتدا هاتووه له‌ڕۆمانی گهڕانهوهبۆمهرگ دووحهسهنی تێدایه “حه‌سه‌نی موده‌ریس،حه‌سه‌نی پورهگوڵێ”هاوكات له‌هه‌ردوو ڕۆمانه‌كه‌دا ئه‌م ناوانه هه‌یه”سێبه‌ر،سێبهرخان،یوسف،یوسفی شوعله،فاتیمه،فاتمه خاتوون”ئایا ئهمهتهسكی خه‌یاڵ فراوانی نی یه،له‌چوارچێوه‌ی نوسیندا یاخود كاریگه‌ری واقیع لهسهربهرههمهكانت له‌كاتێكدا ڕۆمان ئه‌ركی ئه‌وه‌یه واقیع بخولقێنێ نه‌ك واقیع بنوسێته‌وه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-ستراتیژی ناونان یه‌كێكه له‌و هونه‌رانه‌ی له ناونانی كاره‌كته‌ره‌كاندا ڕه‌چاوم كردووه ، لای من ناو په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكدا هه‌یه ، واته ناو كاریگه‌ری قووڵ له‌سه‌ر بیر و كار و ڕه‌فتاری كاره‌كته‌ره‌كان به‌جێده‌هێڵێت ، كاتێك ناو ده‌گۆڕێت ناوه‌رۆكیش له‌گه‌ڵیدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت ، “حه‌سه‌نی پووره گوڵێ” ناوه بۆ ناوه‌رۆكێك له قۆناغێكی ته‌مه‌نی یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كاندا ، له‌گه‌ڵ گۆڕینی ناوه‌كه‌یدا بۆ “حه‌سه‌نی موده‌ڕیس” ناوه‌رۆكی كه‌سه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ گۆڕانی ناوه‌رۆكدا ناو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت ، گۆڕانی ناوی”عوسه‌ی فه‌ره‌نگیز” بۆ ” كاك عوسمان” بۆ گۆڕانی ناوه‌رۆكی ئه‌و كه‌سه ده‌گه‌ڕێته‌وه ، به هه‌مان پێودان سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی تر كه گۆڕان به‌سه‌ر ناو و ناوهرۆكیاندا هاتووه .. ڕۆمان ئه‌ركی ئه‌وه‌یه واقیع بخوێنێته‌وه و ڕه‌خنه‌ی ئاراسته بكات و واقیعێكی جوانتر و باڵاتر بخاته پێش چاو ، ئه‌وه‌ی واقیع ده‌نووسێته‌وه مێژوونووسه ، نه‌ك ڕۆماننووس ، نووسه‌ر واقیعێك ده‌هێنێت و له شاكارێكی ئه‌ده‌بیدا جێگه‌ی ده‌كاته‌وه و ڕه‌هه‌نده‌كانی شرۆڤه ده‌كات و ڕه‌خنه‌ی ئاراسته ده‌كات ، ڕووه دزێو و ڕووه جوانه‌كانی ده‌رده‌خات و وێنای جیهانێكی كامڵتر لای خوێنه‌ر ده‌خولقێنێت ، ڕه‌خنه‌كانی نووسه‌ری ئینگلیزی “چارلس دیكنز” له واقیعی پڕ له تراژیدیای منداڵ له ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی پێشووداجیهانێكی لێوه به‌رهه‌م دێت منداڵ به هه‌موو مافه‌كانی خۆی شاد ده‌كات ، “فیكتۆر هیگۆ” ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات و ژیانی پڕ له مه‌ینه‌تی هه‌ژاران و سته‌م لێكراوان له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانیدا جێگه ده‌كاته‌وه و دواتر عه‌داله‌تێك دێته ئاراوه و مرۆڤ به به‌شێك له مافه‌كانی خۆی ده‌گات ، “تۆڵستۆی” كۆمه‌ڵگه و جه‌نگ و ئاشتییهكانی ده‌خاته ژێر ڕه‌خنه‌وه و وێنای جیهانێكی پڕ له ئارامی به ئێمه ده‌به‌خشێت ، هه‌ر به‌و جۆره “مه‌كسیم گۆڕكی” و هه‌وڵی بۆ به‌رقه‌رار كردنی عه‌داله‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به فیكری سۆسیالیستی ، “هامنغوای” و سه‌ربورده‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی مرۆڤ و گه‌وره ڕۆماننووسانی تری جیهان..
ڕات چی یه لهسهرئهوگهنجه ڕۆماننوسانه‌ی كه‌له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه،خاوه‌نی ئه‌زمونێكی كه‌من بۆژیان به‌ڵام ده‌بینی به‌رهه‌می جوان وناوازهیان پێشكه‌ش كردووه له‌ڕووی ده‌روونی وفیكری ومێژووی وكۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه.ئایائه‌مه ئه‌وه‌مان بۆناسهلمێنێ زۆر كات ئه‌زموون كاریگه‌ری نی یه،لهسهربههای ده‌ق بهڵكوتوانای خۆڕسك وخوێندنهوهكاریگهری هه‌یه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌نجه نووسه‌ره‌كانمان ده‌خوازم ، ئومێد ده‌كه‌م به‌رهه‌مه‌كانیان له گه‌شی و به پێزیدا ململانێ له‌گه‌ڵ شاكاره مه‌زنه‌كانی دونیای فیكر و ئه‌ده‌بدا بكه‌ن ، ئه‌وان ده‌بێت زیاتر بخوێننه‌وه ، ته‌جروبه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی زۆرتر به‌ده‌ست بهێنن ، له‌خۆیان و نووسینه‌كانیان ڕازی نه‌بن ، چونكه له‌خۆ ڕازیبوون سه‌ره‌تای مه‌رگی قه‌ڵه‌مه ، نووسین ته‌نها وشه ڕیز كردن نییه ، كه‌ڵه‌كه‌كردنی وشه له پێناوی دروستكردنی وێنه‌یه‌كدا هیچیتر نییه جگه له شاردنه‌وه‌ی بێ فیكری و كه‌م ئه‌زموونی خودی نووسه‌ر ، ئه‌و له جێگه‌ی خولقاندنی وێنه‌یه‌كی ڕۆشن به وشه ڕیزكردن دێوه‌زمه‌یه‌ك ده‌خولقێنێ كه نموونه‌ی ئه‌و جۆره مه‌خلووقه له‌م ژیانه‌دا بوونی نییه ، ڕووخسارێكی ته‌ڵخ ، جه‌سته‌یه‌كی زه‌به‌لاح ، پرچێك كه وه‌ك گوریس به دوای خۆیدا ڕای ده‌كێشێت ، ئاگر له جێگه‌ی هه‌ناسه به‌رز ده‌بێته‌وه ، ئه‌م وێناكردنانه هیچی تر نییه جگه له بوونه‌وه‌رێكی خه‌یاڵی ، له كاتێكدا نووسه‌ر به نیازی خۆی باسی مرۆڤێكی ناسك ده‌كات كه لێوان لێو بێت به میهر و جوانی ، ئه‌وان دێن له ڕێگه‌ی ئه‌م ئاڵۆز كردنه‌وه كه گه‌مه‌یه به زمان و له‌ناو زماندا خوێنه‌ر به‌جۆرێك چه‌واشه و سه‌راسیمه ده‌كه‌ن گومانیله ئه‌قڵ و بیری خۆی بۆ دروست ببێت و بڵێت ئه‌م ده‌قه ئه‌وه‌نده به‌رز و بڵنده من تێیناگه‌م و به‌رز نابمه‌وه بۆ حاڵی بوون له مانا و مه‌رامه‌كانی ، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر نووسه‌ر بۆخۆشی ده‌قه‌كه بخوێنێته‌وه زۆرجار له‌سه‌ر بڕگه و وشه و ڕسته‌كان ده‌وه‌ستێت و لێی حاڵی نابێت ، بۆ پێدانی مانایه‌ك به‌و كهلیماتانه هه‌ڵوێسته ده‌كات ، گه‌نجه‌كان ئه‌و ستایڵه له نووسین و بیركردنه‌وه با واز لێ بهێنن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ساده‌یی له ده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردنی وشه‌دا ، ئهوانگهرهكه ته‌جروبه‌ی نووسه‌رانی پێش خۆیان به هه‌ند وه‌ربگرن ، له ده‌قه ئه‌ده‌بی و فیكرییه‌كانی ئه‌وانه‌وه ده‌لاقه‌یه‌ك به ڕووی داهێناندا بكه‌نه‌وه و شاكاری مه‌زن به‌رهه‌م بهێنن ، گه‌نجه‌كانی ئێمه گه‌ره‌كه گه‌شبینانه له ژیان بڕوانن و چاویلكه‌ی ڕه‌شبینی فڕێ بده‌ن ، چونكه گه‌ر سه‌ره‌تای نووسین به ڕه‌شبینی ده‌ست پێ بكات ئه‌وا ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی تاریكییه و كۆتاییه‌كه‌شی تراژیدیای لێوه به‌رهه‌م دێت ، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بێگانه مه‌رجێكی سه‌ره‌كی یه بۆ گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری و فرانبوونی بیر و ئه‌ندێشه له لای نووسه‌ر ، به كورتی گه‌نجه‌كان زۆریان له‌به‌رده‌مدایه به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن و هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگرن ، به‌ڵام – له‌م قۆناغه‌دا – ئیراده و لێبڕان كه‌متر هه‌ست پێده‌كرێت ..
تاچه‌ند ڕازیت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن ودهنگۆیانهی له‌سه‌ر هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ت دروست بووه؟
عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح:-نه ڕه‌خنه ، نه پیاهه‌ڵدانی به‌رهه‌مه‌كانم نه‌یان بزواندووم ، هه‌ردوو ئاراسته‌كه به‌جێده‌هێڵم بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خوێنه‌ر ..
*عه‌بدولكه‌ریم فه‌تاح
ساڵی له دایك بوون : 1963 – شاره‌زوور
ده‌رچووی : كۆلێژی ئاداب – به‌شی زمانی ئینگلیزی – زانكۆی موسڵ -91-92
ئێستا مامۆستایه له ئاماده‌یی سه‌یدسادقی تێكه‌ڵاو