
شەوی ئەستێرەکان … یاسین بانیخێڵانی
ئێمه هه‌موومان له‌م دۆزه‌خانه‌وه ڕۆژانه ئێسکمان ده‌سوتێنێ هه‌ڵدێین، ئێمه له‌سوتانی به‌رده‌وام هه‌ڵدێین بۆ جێگایه‌ک هێشتا نازانین له کوێی ئه‌م گه‌ردوونه‌دا وه‌ستاوه‌و که‌وتۆته کوێی ئه‌م دونیاوه، به‌ڵام زۆر ئه‌ترسم ڕۆژێک له‌به‌هه‌شته‌کانی ئه‌وسه‌ر دونیاوه بۆ ئه‌م سوتانه‌ی ئێره بگرین و شه‌وان خه‌و به‌م دۆزه‌خانه‌وه ببینین، برابچکۆله‌کانم، زۆر ئه‌ترسم ڕۆژێک تاراوگه به‌شێوه‌یه‌ک ناخمان ببه‌ستێت به ئاگری ئه‌م دۆزه‌خه نه‌بێت نه‌کرێته‌وه، ئه‌ترسم برینه‌کانی تاراوگه هێنده گه‌وره‌بن به سوتانی ئه‌م دۆزه‌خه جارێکی تر فریو بخۆین و به قاچه‌کانی خۆمان بۆی بگه‌ڕێینه‌وه. ده‌زانم هه‌ر ده‌بێت بڕۆین و ئه‌م دۆزه‌خه به‌جێبهێڵین، به‌ڵام زۆر ده‌ترسم ڕۆژێک بیریی بست به بستی ئه‌و کۆڵان و شه‌قامانه بکه‌ین، که تیایدا مه‌رگ ڕاوی ده‌ناین، ئه‌ترسم بیریی ئه‌و باخانه بکه‌ین له‌ترسی جه‌لاده‌کان خۆمان تیایدا حه‌شار ده‌داو بۆ ئه‌و ڕوبارانه بگرین خۆمان تێفڕێده‌داو پێمان ده‌گووت بۆ کوێ ده‌ڕۆیت بمانبه له‌گه‌ڵ خۆتدا تا پیاوکوژه‌کان نه‌گه‌شتوونه‌ته سه‌رمان، براکانم زۆر ده‌ترسم، له‌م سه‌فه‌ره دوورانه‌دا ببین به دوو له‌ته‌وه‌و تامردن هه‌ر له‌تێکمان به‌دوای ئه‌وی تردا بگه‌ڕێت. ….