هه‌نگاوێ به‌ر له‌ناسینی تۆ… هاودێر ڕه‌ش
به‌رله‌وه‌ی كه تۆ بناسم
پیانۆیه‌كی خه‌نده ژه‌ن به ئیمزای غه‌م
هه‌ستی گوێ گرانم ئه‌تاشی و
رۆحی مۆسیقام
له‌نێو دڵیان دروست ئه‌كرد
ئاسمانێك بووم
له شینی دا غه‌رقی جوانی و
جێگه‌نشینی باڵداران…
سه‌ره‌تا لێڵ دواتر رووناك دواین كاتیش
به‌ڕه‌نگی بۆر ده‌ر ئه‌كه‌وتم
كه په‌رده‌ی ره‌ش داخراوم ئه‌كرده‌وه..
ره‌نگی رووناكیم ئه‌بڕی و تاریكیم ئه‌خسته جێ یه‌وه
له‌وێدا ئه‌ستێره‌كان میوانم بوون
هه‌ور ئه‌خه‌وت ..
هیلالی رۆشن كه‌ره‌وه
ئه‌هاته نێو باوه‌شمه‌وه
ناو به‌ناویش ئه‌بووم به بروسك
تنۆك تنۆك جه‌سته‌ی بارانم
له‌نێو رۆحی هه‌ور ده‌رئه‌هێنا
ئهمكرده میوانی زه‌وی و
به‌لێوی و شكی ئه‌یخوارده‌وه
ئیتر.. هه‌نگاوێ من نزیك له تۆ
دوو هه‌نگاو به‌ره‌و نزمی..
دواتر بووم به ئه‌و !
ره‌نگی قه‌د و گه‌ڵاكانم به‌هار
دڕكشم ره‌نگی پایزبوو
ره‌نگی دڵم خۆرئاوابوون
رۆحم شیله‌ی هه‌نگی برسی بوو
كه گۆزه‌ی دایكم ئه‌شكا
زه‌وی ئهیگرتمهوه باوه‌ش
سه‌ركرده‌م ئه‌بوو به باران
منیش ئه‌بووم به خزمه‌تكاری ئه‌و..
ئازیزه‌كه‌م
من…
به‌ر له‌ناسینی تۆ
زۆر به‌رزبووم ئاسمان بووم
كه‌چی ئێستا
هانگاوێ دوای ناسینی تۆ
بووم به زه‌مین
هاودێر ڕه‌ش