خۆشەويستيەکی بێ سنوور
-1-
خانمەکەم
پێش کۆچی ساڵ
لە مێژوومدا گرنگترين ئافرەت بووی
پاش داهاتنی ساڵی نوێ
تۆ ئێستاکەش..گرنگترين ئافرەتی
تۆ ژنێکی بە کاتژمێرو بە رۆژان
نايژمێرم.
ئافرەتێکی..
لە ميوەی شيعر
..لە زێڕی خەونەکان
دروستکراوی..
تۆ ژنێکی..مليۆنەها ساڵ پێش ئێستا
لە جەستەمدا
نيشتەجێبووی..
-2-
خانمەکەم :
ئەی لە لۆکەو هەوريی چنراو
ئەی بارانی لە ياقوت..
ئەی روباران لە نەهاوەند..
ئەی دارستانانی مەڕمەڕ..
ئەی ئەوەی وەک ماسيەکان
لەناو ئاوی دڵی مندا مەلەدەکەی..
وەک پۆلەکۆترێک لەناو..
چاوانمدا
نيشتەجێبووی..
هيچ شتێيەک لە سۆزی من..
لە هەستی من..
لە ويژدان و.. باوەڕی من..
ناگۆڕدرێ..
هەر لەسەر ئاينەکەم دەمێنمەوە..
– 3-
خانمەکەم :
بەلاتەوە گرنگ نەبێ
نە ريتمی زەمان،
نە ناوی ساڵان.
تۆ ژنێکی و هەر ژن دەبی..لە گشت کاتان.
من هەميشە تۆم خۆشدەوێ..
کاتی چوونە سەدەی بيست و يەکەمەوە..
کاتی چوونە سەدەی بيست و پێنجەمەوە..
کاتی چوونە سەدەی بيست و نۆيەمەوە..
خۆشمدەوێی..
کاتێک ئاوی ناو دەرياکان
وشک دەبن..
دارستانەکان
گڕدەگرن..
من هەميشە تۆم خۆشدەوێ..
– 4-
خانمەکەم :
تۆی پوختەی هەموو شيعرەکان..
گوڵی هەموو ئازاديەکان..
هێندە بەسە پيتەکانی ناوتبەرم..
هەتا ببمە پاشای شيعر..
ببمە فيرعەونی وشەکان..
هێندەم بەسە
ژنێکی وەک تۆ عاشقمبێ..
تا بچمە ناو پەڕاوەکانی مێژو..
ئاڵاکانم بۆ هەڵکرێ..
– 5 –
خانمەکەم:
وەک باڵندەی کاتی جەژنان
مەپەشۆکێ.
شتێک لە من ناگۆڕدرێ.
روباری خۆشەويستيی من
لە رۆيشتنی ناکەوێ.
دڵ لە لێدان راناوەستێ.
کەوی شيعر لە هەڵفڕينی ناکەوێ.
کاتێ عەشقەکە گەورەبێ..
خۆشەويست..خۆی ببێتە مانگ..
ئەم عەشقە هەرگيز نابێتە
چەپکێ پووشی دەم ئاگرەکان..
– 6 –
خانمەکەم:
شتێک نيە چاوم پڕکات
نە روناکی..
نە جوانکاری..
نە زەنگلێدانی جەژنەکان..
نە درەختی لەدايکبوون.
شەقام لەلام شتێک نيە.
مەيخانە لام شتێک نيە.
ئەو وشانەی
لەسەر کارتی پيرۆزبايی
بۆ جەژنەکان دێنە نووسين
لای من هيچنين.
– 7 –
خانمەکەم:
کاتێک دەنگی زەنگەکانی
يەکشەموان دێ
تەنيا دەنگتم دێتەوە ياد.
کاتێک لەسەر گەلای گياکان رادەکشێم
تەنيا بۆنتم دێتەوە ياد
کاتێک بەفر خرمەخرم
لەسەر جلەکانم دەدەن..
تەقەتەقی دارکردنم دێتە بەرگوێ..
تەنيا رووی تۆم .. دێتەوە ياد..
– 8 –
ئەوەی شاديم پێ دەبەخشێ،
خانمەکەم
لەناو باخچەی برژانگەکان
وەک چۆلەکەيەکی ترساو
هەڵدەکورمێم..
– 9 –
بەوە سەرسام دەبم،
خانمەکەم،
پاندانێکم پێشکەش بکەيت..
لە ئامێزی خۆمی بگرم..
وەک منداڵان بەختيار بنوم..
– 10 –
خانمەکەم:
لە تاراوگەم چەند بەختيارم
ئاوی شيعر دڵۆپين دەکەم…
لە شەرابی راهيبەکان دەخۆمەوە
چەند بەهێزم..
کاتێک دەبمە دۆستی
مرۆڤ و ئازادی…
– 11 –
خانمەکەم:
چەند ئاواتەخوازم
لە سەردەمی رۆشنگەريدا
خۆشەويستم بويتايە..
لەسەردەمی وێنەگريدا
لەسەردەمی پێشڕەواندا
چەند ئاواتەخوازم
تاقە رۆژێک
لە فلۆرێنسا
يان لە قوڕتوبە
يان لە کوفە
يان لە حەڵەب
يان لە خانويەکی گەڕەکەکانی شامدا
بەديدارت شادبوومايە…
– 12 –
خانمەکەم:
چەند ئاواتەخوازم پێکەوە
سەفەرێکمان بکردايە
بۆ وڵاتێک..
گيتار حوکمی بکردايە
عەشق بەبێ ديواربوايە
وشە بەبێ ديواربوايە
خەون بەبێ ديواربوايە
– 13 –
خانمەکەم:
خۆت سەرقاڵی دوارۆژ مەکە،
تاسەم لە جاران
بەهێزتر دەبێ
زۆر توندتر دەبێ
تۆ ژنێکی بێ دووبارەی..
لەناو مێژوی گوڵەکاندا..
لەناو مێژوی شيعرەکاندا..
لە يادگاری وەنەوشەو رێحانەدا…
– 14 –
ئەی خانمخاسەکەی جيهان
لە رۆژانی ئايندەدا
لە خۆشەويستيی تۆ زياتر
شتێک نيە سەرقاڵمکا
تۆ يەکەمين هاوسەرمی.
يەکەم دايکم
يەکەم سۆزم
يەکەم تاسەم
يەکەم شەيدام
کەمەندی رزگاريی
سەردەمی لافاو…
– 15 –
خانمەکەم:
خانمی يەکەمی شيعر
بێنە دەستی راستم بەرێ
تا خۆمی تيا حەشار بدەم..
بێنە دەستی چەپتم بەرێ..
تا خۆمی تيا نيشتەجێکەم..
تۆش يەک بڕگەی خۆشەويستی
پەيڤينتبێ
تا جەژنەکان دەستپێبکەن
شيعری: نەزار قەبانی
و. جەلال دەباغ