هه‌ورامی له‌هجه‌یه یان زمان؟
دروستکردنی زمان زۆر له‌وه زیاتره که ته‌نها پێکهێنانی چه‌ند سیسته‌مێکی هێما زمانییه‌کان بێت، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کی بنچینه‌ییه که مرۆڤه‌کان له‌و ڕێیه‌وه ناسنامه‌ی کولتوریی خۆیان و ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی له‌سه‌ر بنیات ده‌نێن که ئینتیمایان بۆی هه‌یه.
رۆی هاریس
زمانێکی سه‌ربه‌خۆ یه‌که‌م بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه. کورد، زمانێکی خۆی هه‌یه که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به زمانی تورکی و فارسییه‌وه نیه. به‌ڵام به هۆی په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ته‌وانه کۆمه‌ڵیک وشه و زاراوه‌ی ئه‌و زمانانه هاتۆته نێو زمانه‌که‌یه‌وه، به تایبه‌ت له فارسییه‌وه.
فرێدریک میلینگن
له‌م سه‌د ساڵه‌ی دوایی هه‌ندێک له کوردناس و رۆژهه‌ڵاتناسه‌کان مشتومڕێکی زۆریان سه‌باره‌ت به ناسنامه‌ی له‌هجه‌ی گۆرانی و بن له‌هجه‌کانی وه‌ک هه‌ورامی و زازایی و باجه‌لانی، وروژاندووه. له توێژینه‌وه‌کانیان گومانیان خستۆته سه‌ر کورد بوونی ئه‌م له‌هجه کوردییانه، ئه‌مه له کاتێک له‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه و باسوخواسی مێژووی زمانی کوردی له ئارادایه، ئه‌م له‌هجانه وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوی زمانی کوردی دانراون، به تایبه‌ت له‌هجه‌ی هه‌ورامی که ئه‌ده‌بیاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی کوردی پێ نووسراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها زمانی دینی ئه‌هلی هه‌ق بووه و کتێبی دینه‌که‌یان به هه‌ورامی نووسراوه‌ته‌وه……