Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ژن بوون وەک شاعیربوون یان وەک پرۆسە

ژن بوون وەک شاعیربوون یان وەک پرۆسە

Closed
by February 25, 2012 ئەدەب

      دێرین حامد

یەکێک لەوکێشانەی کەلەمێژووی ئەدەبوو هونەری ئێمەدا هەمیشە بوونی هەبووەو بەلای زۆربەی رەخنەگرانەوە جێگەی بایەخ بووە بوونی ئەدەب وهونەرێک بووە کە بۆنی “ژنێتی”لێبێت.
لێرەدا ئەمەوێت هەرلەسەرەتاوە دژی ئەوەبووەستم کەمن بۆخۆم یەکێکم لەوانەی کە هەمیشەپێچەوانەی ئەوەبیره م کردووەتەوە کەمەسەلەی “ژن”بکرێتە نێوقاڵبێکی ئایدۆلۆژیاو، وەک کەرەستەی مادەیەکی فەرامۆشکراو سەیربکرێت ووەک هەندێک دەڵێن خەباتی بۆبکەن بۆئەوەی “ژن”بوون وەک پرۆسەیەک لەچوار چێوەی ئینسان بوون سەیربکرێت وبیهێننە ریزی پیاوانەوە.
بۆمن مرۆڤ هەر مرۆڤە چی ژن بێت یاخود پیاو.. هونەر هەر هونەرە چی پیاو بینوسێت یاخود ژن.. وەکاتێکیش هونەرو ئەدەب جاوید دەبن وسنورەکانی زەمانو مەکان دەبڕن، کە بتوانێت بەراستی باسی مرۆڤ بکات بەبێ جیاوازی جێندەری.
بەڵام بۆمن دەقێک جێگەی بایەخە کە هەست بە نەفەسی ئەو ئینسانەبکەم کەنوسیویەتی.
یەکێک لەخراپترین ئەونەخۆشییانەی کە کەهەمیشەلەئەدەب وهونەری ئێمە بوونی هەبووە مەسەلەی شوناسە، ئەدەبی ئێمە هێندەی ئەدەبێکی فۆلکلۆری  ودەستەجەمعی بووە هێندە ئەدەبێک نەبووە کەبتوانێت گوزارشت لە”بوونی”تاکێتیمان بکات.
هەمیشە نوسەر لەجیاتی ئەوەی کە لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە دەست لەکێشەئینسانییەکانبدات و شۆڕبێتەوە بۆنێو ناخی خۆی خەریکی ئەوەبووە کە چۆن باس لەکێشەکانی دەرەوەی خۆی بکات.
هەمیشەپیاوە نوسەرەکانمان زمان حاڵی ژنەکان بوون، پیاوەگۆرانی بێژەکانمان بوون بە ئەوەی بەتەنها گۆرانی بۆ سینەو بەرۆکی خانمان و یاری بێوەفابڵێن.
ئەمەش تەنها لەبەر یەک هۆکار ئەویش ئەوەی کە ئێمە غیابێکی گەورەی “ژن”مان هەبووە لەسەرجەم بوارەکاندا.
ئەوکاتەی “ژن”ێکیش هاتبێت چی وەک نوسەر یاخود گۆرانی بێژ کە خەریکی کارێک بووبێت، تەقلیدی پیاوەکانی کردووەتەوەو وەک ئەوان نوسیویانە یاخود گۆرانییەیان وتووە.
کەم نین ئەو گۆرانییانەی کە لەدەنگی ژنێکەوە گوێمان لێدەبێت کەباس سینەی ژنان و لە ژنێکی بێوەفادەکات وەک ئەوەی بۆخۆی پیاوبێت.
بەهەرحاڵ ئەوەی جێگەی گرنگییەبۆمن دەرکەوتنی کۆمەڵێک شاعیرە لەم ساڵانەدا کە بەجورئەتەوەو بەدەنگی بەرز ئەتوانن وەک ژن گۆرانی بڵێن ئەتوانن شیعر بنوسن.
یەکێک لەوانەی کە زۆر بەقوڵی سەرنجی منی بۆخۆی راکێشاوە لەتێکستەکانیدا ژنەشاعیر”دڵسۆزحەمە”یە… کەپێموایە زۆر بێ باکانەلەنێو ئەم کلتورەپیاوسالارەدا شیعر بەژنێتی خۆیەوە ئەڵێت وهیچ شەرمێک لەژن بوونی خۆی ناکات، لێرەدا وەک نمونە من تێکستەشیعری “sms””کورتەنامە”وەک نمونە وەردەگرم.
ئەم تێکستەلە”٢٥”smsپێک هاتووە کەهەست دەکەیت ژنێک نووسیونی بۆنی ژنێکی لێدێت کە پێ بەخروری خۆیدا دەنێت وبێ باکانە خۆی بەماڵی دڵی یاردا دەکات و چاوەڕوانی دەبێت.
ئەم تێکستە زۆرجێگەی رامانە چی لەرووی “زمان”ەوەبێت، یاخودلەروی”ناوەرۆکەوەبێت.
سەرجەمی ئەو ٢٥ کورتەنامەیە دەکرێت وەک دەقێکی سەربەخۆ سەیربکرێت لەهەمان کاتدا وەک تێکستێکی درێژوو سەربەیەک یەکێتی بابەت ببینرێت.
گرنگترین شت لەم تێکستەدا ئەوەیەکە زۆربەکەمی هەست بە بێزاری و رەشبینی دەکەیت، لەسەرجەمی تێکستکەدا لەگەڵ ئەوەی ئێمەلەبەردەم ژنێکی تەنیاداین بەڵام هەمێشە ئومێدێک هەیە:-
ڕۆژێک ئیدی
ژیان ،
لەڕۆژەکانی تر نەچو
بەختەوەری لەنادادی و هەڵەکانی پەشیمان بۆوەو
بۆ ئەبەد
نەخشەی ژنێتی من گۆڕا
ئەوڕۆژەی دەستت بەر خەیاڵم کەوت
نیگایەکت ، تەنهایی کوناو دەر کردم
بە خۆت وکۆترەکانتەوە
هاتیتە ژنێتیمەوە.
SMS1
 
شیعر زیاتر….هیچ ماڵێکی ترم نیە
تەنهایی نەبێت….هاوڕێیەکی ترم نیە
تۆ شیعریشم پێ دەنوسی و
تەنهاییشت گوڵدار کردوم
لەتۆ زیاتر…. کەس وا داگیری نەکردوم.
“”6sms

لەم تێکستەدا ژنێک قسەدەکات کەشانازی بەژنێتی خۆیەوەدەکات، وەک ژنێک لەژیان رادەمێنێت و هەستی پێدەکات.. ژنێکی تەنیا کەئەشێت تەنها لەگەڵ تەنیایشدا ساتەکانی زەمەن بهێنێتە ناوخۆیەوەو بۆژن بوونی خۆی تەواوی دنیاکۆنترۆڵبکات:-

عەشق زیاتر ،
زمانێکی تر نازانم لەگەڵ ژیان
من تەنانەت
لەگەڵ جانتاو کتێب و
دیوارو شەرابی ناو پەرداخەکە
لەگەڵ شەقام و ووڵات و
هەتا حیزبەکەشما دڵداری دەکەم
نەک گەمەکانی پەیوەندی
بۆیە غەمگینە تەنهاییم
         بۆیە هەمێشە دەدۆڕێم .
“sms”17
عاشق بوون سەرەتای کرانەوەو دەرخستنی “بوون”مانە، ئەوەی وادەکات مرۆڤ بۆ هەمیشەوبمێنێتەوەو ئەفسون وکیمیای بۆ تەواوی گەردوون هەبێت عەشقە، هەرئەمەشەوالەشاعیردەکات بەئاشکرابڵێت”بێجگەعەشق هیچ زمانێکیتر نازانم” ئەم هاوارە سەرەتای کرانەوەو ئازادییە.
هەمیشە ئازادی دەبێتە بارتەقای هەموو شتەکان، ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بتوانێت وەک مرۆڤ بژی و هەست بەسەرجەم جێژەکانی ژیانی بکات بوونی ئازادییە، ئازادیش مانای تەحەداو رووبەروبوونەوەی سەرجەم شتەباوەکان وعەیبەکانە.
ئازادی مانای هاوارو دەنگ بەرزکردنەوەو جاڕدانی عیشقە وەک دڵسۆز دەڵێت”تەنهایمان کون دەکات”
لەم تێکستەدا ژنێک بەئاشکرا جاری عیشقدەدات وەک حەلاج دەیەوێت هەموودونیا وەئاگابهێنێت، ئەو هێندە سەرمەستی عەشقەکەی بووە وە هەرگیز پێی عەیبنییە لەوەی کەئەم عەشقەگەورەیەی بشارێتەوەچی لەکۆمەڵگادابێت یاخود بۆ کەسی بەرامبەری . هەرم ئەمەشە وادەکات کە عەشقی سنوری خروری ژن بوونی ببڕێت و وای لێهاتووە بڵێت:-
چەندە عاشقی تۆم
بیرم بێ ئاوەها
عاشقی هیچ شتێ نەبوم
sms9

لەم تێکستەدا گرنگترین شت ئەوەیە شاعیر وەک مرۆڤ وەک مرۆڤێکی مۆدێرن و وەک کەسێک کەراستگۆیانە گوزارشت لەخۆی دەکات ئەوەیە ئەو بەپەنای ئاسودەبوونی رۆحییەوە باس لەبوونی جەستەی دەکات وەک ئافرەت.
جەستەیەک کە موڵکی عەشقە،دژی خۆفرۆشتن ورسواکردنە، بەڵام جەستەیەکە هی ئازادییە بەبێ سڵەمینەوە دەتوانێت ژنێتی خۆی دەرخات ولەناو ئاوێنەکاندا خۆیمان پێ پیشانبدات:-
کە دێیتە ناو بیناییم و
بە خاتیرەی تەنهاییمدا تێدەپەڕی
کە دەمگریتە باوەشت
دەنگت دەڕژێتە ڕۆحمەوە
جێگای خۆم نامێنێتەوە لە ناو خۆمدا
چەندە پڕم دەکەیتەوە!
تۆ چەندە زۆری تاقە یار!
sms11
لێرەدا ئیدی ئێمەگوێمان لەدەنگی ژنێک نییە کە شەرم لەژن بوونی خۆی بکات، گلەیی هەبێت کە جەستەی وەک کەرەستەو ئامراز سەیردەکرێت، ئێمە لەپانتایی ئەم تێکستەدا رووبەروی ژنێک نابینەوە کە گلەی لەرەگەزی پیاو هەبێت، پیاو وەک گورگو وەک هەلپەرست وماری ژەهراوی وەسفبکات، تەنها لەبەر یەکشت ئەویش وتمان لەبەر ئەوەی ئێمەلەبەردەم جەستەیەکی هۆشیارداین وەک چۆن عەقڵێکی هۆشیارحزوری هەیە، لەپێناو ئەوەی جەستەیەکە دەزانێت عاشقببێت و وەک مرۆڤ سەیری بەرامبەربکات وبەخواستی خۆی لێی نزیک ببێتەوە.
نەک ئەمانە لەوەزیاتر دەڕوات وئیدی ئەوە ئەوە دەتوانێت سود لەکیمیایی ژن بوونی خۆی ببینێت و تەحەکوم بەپیاوەوە بکات و لەپێناو کرانەوەی رۆحیدا بەکاری بهێنێت:-
دەستم لەکەمەری تۆدا
وەک ئەوە بو  زەمین لەسەر چۆکم بێ و
ئاسمان لەناو پەنجەکانما
سەرم لەسەر سنگی تۆ بو
وەک ئەوە بو زەمین بۆ من بخولێتەوە و
هەمو وەرزەکان هی من بن
کەچوینە ئاوێنەکەوەو
کۆترەکانت لەکەمەرما نیشتنەوە
وەک ئەوەبو
بەژێر پەنجەکانما بڕوات
بەچراخانی کەشتییەوە
دەریای ژوری ئەتلەسی
sms10
لەم تێکستەدا هەمیشە ئومێد حزوری سەرەکیی هەیە ئەوکاتەی کە هەست بەتەنیاییو بێزاریش دەکەیت شاعیر بەدوای سیبەرێکدا دەگەرێت پەنجەرەیەکی هەیە بۆ ئەوەی رووبەروی تەنیایی خۆی ببێتەوە ئیدی ئەوەی کە ئەو ژەنە نابێتە هۆی ئەوەی بێدەنگبێت:-
لە وڵاتی گوڵ و
دارستان و دەریا وڕەنگەکاندام
وڵاتی  وردە جۆگەلەو کەشتی و بەندەرو بەلەمدا
کەچی
ژیانم ڕەش و سپیە
نەکەس گوڵێکم بۆ دێنێ
نە یارێکیش لە دارستان و کەناری دەریا
ژیانم بگرێتە باوەش
sms12

لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم تێکستە خاڵی نییە لەگلەیی، لەبێوەفایی لەدابڕان ولەوەی کەدەشێت لەژیاندا روبوروی هەرکەسێک ببیتەوە، بەڵام گرنگترین شت لێرەدا ئەوەیە کە ئەم گلەیی وگازەندەیە نابێتەهۆی ئەوەی کەبێزارو خەمۆکو دەستەوەستان بێت، گلەییەکان لێرەدا نەبوون بەپرۆسەیەک کەرەگەزی پیاوی پێناشرین بکرێت و لەکەداربکرێت، بەڵکو دەرخەری یەک راستییە ئەویش راستگۆییە. چونکە ژیان بەهەموو جوانییەکانییەوە خاڵی نییە لەئەبەدی، بەهەمووچێژەکانییەوە خاڵی نییە لەئازار، بەڵام یەک شت لێرەدا گرنگە ئەویش ئەوەیە کەئێمە مرۆڤ بوونی خۆامانمان لەبیرنەچێتەوە لەرەگەزی خۆمان شەرم نەکەین:-
لەکۆڵانی پەیوەندیدا….دڵم
سەد تیری خوێناوی بەرکەوت
یارەکان پێش ئەغیارەکان
زێدی خۆم پێشی غوربەت و
مێینە پێش دەوەنە نێرینەکان
خوێنی پەنجەی خۆم زیاتر
لە هینی ئەو
دڵیان پڕکردوم لەئازار
هەتا نزیکتر بێ
ئازیزتر بێ دەستی تیرهاوێژ
جێدەستەکانی قوڵترە
بکوژترە تیرەکانی.
SMS18

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.