
سه‌رچاوه‌کانی وزه … دانییڵ گریین
سه‌رچاوه‌کانی وزه
(1) تاک، (2) جەماوەر
دانییڵ گریین
( تاک*)
به‌رامبه‌ر به پله‌وپایه‌خوازی و زۆره‌ملێ و ڕقوکینه‌ی سۆسیالیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌را، مرۆی ئازادیخواز -ئه‌نارکی- پێشنیاری دوو سه‌رچاوه‌ی وزەی شۆڕشگێڕ ده‌کات تاك و خۆخۆیی جه‌ماوه‌ر،ئه‌وه‌ش به‌پێی حاڵه‌ته‌کان ده‌گۆڕێت، ئایا ئازادیخواز تاکڕه‌وخوازتره؟ یان کۆمه‌کخوازتر؟ – أغستن هلمون-له گه‌ڕان و ڕاپرسییه‌که‌وه، گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه، که ناتوانین ئه‌وه بهێنیینه پێش چاومان، که ئازادیخوازێکی کۆمه‌کخواز هه‌بێت ته‌واو داماڵراو بێت له تاکڕه‌وخوازی.
ئه‌و ده‌مه‌ی بیروبۆچوونی دژەتاکڕه‌وی antindividualismeی هیگلی باو بوو له مه‌یدانی فه‌لسه‌فی و ڕه‌خنه‌گرتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا (شتێنه‌رstiner) جێگه‌وپێگه‌ی شیاوی گه‌ڕاندەوه بۆ تاك، ئه‌و له‌و بڕوایه‌دا بوو و پرسیای ئه‌وه‌ی ده‌کرد، مه‌گه‌ر خراپه‌کارییه‌کان و بێفه‌ڕی (خۆپه‌رستیی بۆرژوازی) نه‌بوو که پاڵی نا به ڕیفۆرمخوازه‌کانه‌وه به‌ره‌یه‌ك دژی ئه‌و خۆپەر‌ستییه دروست بکه‌ن؟ ئه‌ی له‌دایکبونی وشه‌ی سۆسیالیزمیش دژ به تاکڕه‌وخوازی، هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو؟
-شتێنه‌ر- کاکڵه‌ی تاکی تاقانه، به‌رز ده‌نرخێنێت و پێیوایه، که هیچ نییه له‌و بچێت و سروشتیش، هه‌ر یه‌ك دانه‌ی لێ دروست کردووه. ئه‌و بیروتێگه‌یشتنه‌ی ئه‌و تازه‌ترین لێکۆڵینه‌وه‌ی بایۆلۆجی پشتگیری ده‌کات. ئه‌و فه‌یله‌سوفه گۆشه‌گیره که‌وته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئازادیخوازییه‌وه وه‌ك بێگانه‌یه‌کی سه‌یروسه‌مه‌ره ته‌ماشا ده‌کرا. ئه‌وانه‌ی له ده‌وری مابوون، ته‌نها ئه‌وانه بوون که له خۆی ده‌چوون، که‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ڕزگارکردنی تاك له نامۆبوون** بۆته ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ئه‌م سه‌رده‌مه و له‌و ڕزگارکردنه‌دا خۆی ده‌رده‌بڕێت. (سێون فیل ) له بابه‌تێکدا ناڕازییه و سکاڵا له ده‌ست ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌ده‌بی مارکسی هیچ وه‌ڵامێکی ئه‌و پرسیارانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، که پێویستییه‌کانی به‌رگریکردن له تاك سه‌پاندونی، هه‌روه‌ها هیچیشی پێ نییە ده‌رباره‌ی ئه‌و شێوازه تازه‌نه‌ی داپڵۆسین که دوای سه‌رمایه‌داریی کلاسیك هاتونه‌ته کایه‌وه، که‌چی –شتێنه‌ر پێش ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی هزری خۆی خستۆته گه‌ڕ دژی ئه‌و شێوازانه‌ی داپڵۆسین.
ڕاسته شێوازی نووسینی –شتێنه‌ر- شێوازێکی په‌خشانی بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا بڵێی بریندارکه‌ر و هوروژێنه‌ر بووه، زۆرجاریش ڕه‌ق و وشک بووه، بۆ نموونه وتویه‌تی: ”هێنده ده‌سه‌پاچه مه‌بن و خۆتان نزم ڕامه‌گرن، له‌بریی ئه‌وه‌ی ئازادیی خۆتان به خۆتان به فیڕۆ ده‌ده‌ن خۆتان به خۆتان بدۆزنه‌وه (…) با هه‌ر یه‌که‌تان – من-أنا-ی جێبه‌جێکار بێت.” ”جگه له‌و ئازادییه، که تاك بۆ خۆی ده‌ستی ده‌خات، ئازادییه‌کی دی بوونی نییه، ئازادیی به‌خشراو ئازادی نییه، چونکه ده‌سه‌ڵاتێکه له خۆتیان دزیوه.” هه‌روه‌ها وتویه‌تی: ”جگه له خۆم هیچ حاکمێك ناتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که من هه‌ڵه‌م یا ڕاستم.” ”من ته‌نها ئه‌و کاتانه هه‌ڵه‌م، که ئه‌قڵم ئازاد نییه و، به‌ڵام ده‌مه‌وێت کارێك ئه‌نجام بده‌م، تۆ وه‌ك تاکێکی تاقانه ده‌توانیت، هه‌موو شتێك دروست بکه‌یت، نه ده‌وڵه‌ت، نه کۆمه‌ڵ، نه مرۆڤایه‌تی توانای ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و شه‌یتانه، واته ئه‌و تاکه تاقانه‌یه، خه‌فه و سه‌رکوت بکات. بۆ ئه‌وه‌ی تاکێک ئازاد بێت، ده‌بێت ده‌ست بکات به چاوپێداخشانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه، که له باوباپیر و مامۆستاکه‌یه‌وه فێریان بووه، ده‌بێت له‌وێشه‌وه ده‌ست پێ بکات، که ناونراوه ڕه‌وشتی بۆرژوازی، چونکه ڕه‌وشتی بۆرژوازی گۆڕه‌پانی ته‌راتێنی بۆرژوازی خۆیه‌تی و ئه‌و ڕه‌وشته‌ش زۆر نزیکه له ئاسمانی ئایینه‌وه، ئه‌ویش خۆی له خۆیدا په‌ڕپووته و له ڕێساویاسای بۆرژوازی قه‌رزکراوه، چونکه خۆی نه‌یتوانیوه تێگه‌یشتن و بیروبۆچوونی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی دروست بکات، ناچار یاسا بۆرژوازییه‌کانی گواستۆته‌وە بۆ لای خۆی.”
-شتێنه‌ر- به تایبه‌تی ڕه‌خنه له ڕه‌وشتی سێکسی ده‌گرێت، که نێردراوه عیلمانییه‌کان ئه‌و ڕه‌وشته سێکسییه (خۆشه‌ویستی-شه‌یدایی)هیان له کریستیانیزمه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌وانه‌ش، هیچ گرنگییه‌ك ناده‌ن به بانگه‌وازه جه‌سته‌ییه‌کان و هه‌موو هه‌وڵێکی خۆیان خستۆته گه‌ڕ و شه‌پازله‌ش ده‌ده‌ن له ده‌موچاوی بێڕه‌وشتی، هه‌روه‌ها به‌و حوکمه پێش کاتییانه‌ش، که له کریستیانیزمه‌وه فێریان بوون ڕه‌شبینی له‌ناو جه‌ماوه‌ری میللی‌دا بڵاو ده‌که‌نه‌وە و گه‌لیشی پێ هان ده‌ده‌ن، که به هه‌مان دڕنده‌یی پۆلیس ڕه‌فتار بکات و بجه‌نگێت دژی ئه‌وه، که له‌به‌ر چاوی ڕه‌شکراوه و شوناسنامه‌ی بێڕه‌وشتی پێ به‌خشراوه، ئه‌و دڕنده پۆلیسییه به جۆرێك ڕه‌ووشت ده‌پارێزێت، حکوومه‌ت به‌و حکومه‌تییه‌ی خۆیه‌وه، ئاوه‌ها نایپارێزێت.
-شتێنه‌ر- پێش شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونی هاوچه‌رخ ده‌که‌وێت و تێبینی ئه‌وه ده‌کات که ئێمه هه‌ر له منداڵییه‌وه موتووربه ده‌کرێین و ده‌کرێینه کێڵگه‌یه‌ك و به جۆرێك خووڕه‌وشته ئاینییه‌کانمان تێدا ده‌چێنرێن و ڕه‌گه‌کانیان وا ئه‌ستوور و پته‌و ده‌بن، کە قووتاربوون لێیان هه‌روا کارێكی ئاسان نابێت. داپڵۆسینی ئه‌و ڕه‌وشتسازییه ده جار به زه‌برتره له‌وی پێشوو، چونکه له هۆشماندا ژه‌نگ هه‌ڵده‌هێنێت. ”لاوان وه‌ك ڕانه‌مه‌ڕ ڕاپێچی خوێندگاکان ده‌کرێن، له‌وێ فێری قسه‌وباسه ڕزیو و سواوه‌کان ده‌کرێن، تا ئه‌و قسه‌وباسانه‌ش ته‌واو له به‌ر نه‌که‌ن، به باڵق و ڕه‌شید دانانرێن.” -شتێنه‌ر- دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی بۆده‌قه‌کان و دابونه‌ریته‌کان بووه، وتوویه‌تی خوا هۆشمه‌ندی ئه‌رکه‌کان و یاساکانه، ئه‌وانه‌ش درۆکانن، که مێشکی ئێمه‌یان پێئاخنیوه و دڵمان پڕ کراوه له‌و درۆیانه، جادووگه‌ران، پیاوانی ئایینیش کاروکاسپیان بۆته له خشته‌بردنی گه‌نجان. شتێنه‌ر- له گه‌ڕانه‌که‌یدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگه‌وپێگه‌ی شیاو بۆ تاك (التحت الشعوري)*** فرۆیدی ده‌دۆزێته‌وه، به‌و جۆره پێشانی ده‌دات کە -من-أنا-ی به‌هێز بواری که‌س نادات زاڵ ببێت به‌سه‌ریدا و ده‌سته‌مۆی بکات، ئیمپراتۆریه‌تی هزریش له ئاست-من-دا شکست ده‌هێنێت و، -من-أنا- که‌سێکی تر ناتوانێت ده‌ریببڕێت و پیهێنێته پێش چاوی خۆی و به ده‌سته‌کانی بیگرێت.
ئێمه له‌و قسه‌وباسانه‌ی –شتێنه‌ر-دا، هاواری سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌ی بوون -الفلسفة الوجودیة-philosophie extentille- ده‌بیستین، با لێره‌دا له (وایدابنێن یان گریمانێک)ه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ش خۆم ده‌که‌مه که‌ره‌سه‌ی ئه‌و گریمانه(…) من ته‌نها -من-ی خۆم به کار ده‌هێنم، تا لێی بخۆم و خۆشی لێ ببینم(…) من ئه‌وه‌نده هه‌م تا لێی ده‌خۆم، به واتایه‌کی تر تا قوتی ده‌ده‌م، ئەگه‌ر ئه‌وه مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت،که من بوونم هه‌یه.
پێنووسه‌که‌ی – شتێنه‌ر- گڕ ده‌گرێت و ده‌که‌وێته داوی دژایه‌تییه‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه که خۆی له به‌ره‌ی دژه‌کۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه و ژیانی ناو کۆمه‌ڵگه به مه‌حاڵ ده‌زانێت ”حه‌ز و ویستی ئێمه ژیانێکی گۆشه‌گیرییه” میلله‌ت مردووه، منم خێر و به‌ره‌که‌تی سبه‌ینێ ”به‌ختیاریی میله‌ت، نه‌هامه‌تی و ناخۆشیی منه.” ئەگه‌ر به دیده و بیروبۆچوونی من مه‌سه‌له‌یه‌ك ڕاست بوو، ئه‌وا ئیتر ڕاسته، ده‌شێت به بیروبۆچوونی ئه‌وان ڕاست نه‌بێت، ئه‌وه گیروگرفتی من نییه، گیروگرفتی خۆیانه، با به‌رگری له بیروبۆچوونه‌کانیان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ناسکی و وڕکگرتنه‌ی ئه‌و و ئه‌وانه‌ش که وه‌ك ئه‌و بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که کاکڵه‌ی هزریان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵدایه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر که‌له‌ڕه‌قه و پرسیاری ئه‌وه ده‌کات، که چۆن چوونه ناو قاوغێکه‌وه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ت لێناگرێت، به ئاره‌زووی خۆت بژیت؟
له ڕاستیدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لای ئه‌و که‌سه‌یه که به باشی له تاکایه‌تیی خۆی گه‌یشتووه. تاك ده‌توانێت په‌یوه‌ندی دروست بکات له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه نزیکانه‌ی که له خۆی ده‌چن و دەتوانێت له‌گه‌ڵیاندا یه‌ک بگرێت. که‌سێك کاتێك کتێبێك ده‌نووسێت به پێویست، پێویستی به خوێنه‌ره، ئه‌و تاکه به‌وانی تره‌وه نه‌بێت به‌هێز نابێت، هه‌نووکه کۆی هێزی تاکه‌کان به‌هێزتره. کاتێك تاکێك خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند ملیۆنێکی تردا ده‌بینێته‌وه، ئه‌و کاته به باشی تێده‌گات که ده‌توانن داهێنان و دروستکردنکاری بکه‌نه پیشه‌ی خۆیان. له‌و په‌یوه‌ندی و یه‌کگرتنه‌دا، به پێویست به‌خشین و وه‌رگرتنه‌وه، له‌سه‌ر سه‌کۆی هاوبه‌شی سه‌قامگیر دەبن. بێگومان له‌و حاڵه‌ته‌دا که ده‌بێت ئه‌و هاوبه‌شییه ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه بێت، -شتێنه‌ر- ئه‌و کۆمه‌کگه‌رییه به په‌یمانێکی ئازاد ده‌زانێت و سەبارەت به‌وه وتویه‌تی: ”ئه‌و هاوبه‌شییه تۆ به کار ده‌هێنێت، داوای که‌مێکیش خۆبه‌خشینت لێده‌کات، به هه‌مان شێوه تۆش ئه‌و هاوبه‌شییه به کار ده‌هێنیت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆت و داوای خۆبه‌خشینیشی لێده‌که‌یت. ئه‌وه‌ی گرنگه، ئه‌وه‌یه که ئه‌و خۆبه‌خشینه ناڕژێته گۆزه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئامێره‌کانیه‌وه، من ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆم هانده‌رمن بۆ ئه‌و خۆبه‌خشینه.”
نووسه‌ری کتێبی (الواحدي و ملکیته unique et sa propriété )**** کاتێك مه‌سه‌له‌ی حزب ده‌هورووژێنێت و بابه‌ته سه‌رده‌مییه‌کانی ده‌خاته ڕوو، نواندن و هزری نوێنه‌رایه‌تیی حزبی ده‌داته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه و ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وتوویه‌تی: ”حزب له کوێ بوو، پێویسته شوێنی بکه‌ویت، به چاری ناچاری و به‌بێ پێچوپه‌نا و به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها پشتگیری بیروباوه‌ڕه‌کانی بکه‌یت و له‌گه‌ڵی یه‌کانگیر بیت، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کان کڕنووش به‌رن بۆ ویست و ئاره‌زووه‌کانی حزب، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و ویست و ئاره‌زووانه‌ش که هیچیان تێدا به‌سته نییه، ناشبێت به هیچ کلۆجێک پرۆگرامی حزب بخەنە خانه‌ی گومانه‌وه و دەبێت به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵیدا بن(…) هه‌ر که‌سێکیش له‌م حزبه‌وه هه‌وار بۆ لای حزبێکی تر بگوێزێتەوە، ئه‌وه ئیتر ئه‌و که‌سه له کونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وە و خیانه‌تکاره، حزب تاشه‌به‌ردێکی مۆنۆپۆلکاره.” ئا به‌و مانایه و به‌و چه‌شنه، له دیدی-شتێنه‌ر-ەوە، حزب هاوبه‌شیکار نییه، ته‌نها لاشه‌یه‌که و هیچی تر. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و حزب ڕه‌فز ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فزکردنه‌شدا، ئه‌و هیوا و خواستی خۆی گرێداوه به هاوبه‌شیکاریی سیاسییه‌وه. ئه‌وه‌تا وتویه‌تی: ”گومانم له‌وه نییه که که‌سانێك هه‌ن هاوبه‌شیم ده‌که‌ن. من ئه‌و که‌سانه ده‌دۆزمه‌وه و سوێندخواردنیش فه‌رز ناکه‌ین به‌سه‌ر یه‌کتردا.” که‌واته به‌و لۆجیکه، ئه‌و ئاماده نییه بچێته حزبێکه‌وه، که چوون و ده‌ستکێشانه‌وه تێیدا ئازاد و ئاره‌زومه‌ندانه نه‌بێت و شتی به‌سه‌ردا فه‌رز بکرێت. ئه‌و، له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا، دژایه‌تی یه‌ك هزری و یه‌ك ڕه‌فتاریش ده‌کات.
ئەگه‌ر سۆسیالیسته ئازادیخوازه‌کان( ئه‌نارکیسته‌کان) ڕه‌خنه‌یان له -شتێنه‌ر- گرتبێت له‌به‌ر ئه‌وه بووه که ئه‌و له که‌مزانیاریی خۆیه‌وه ده‌رباره‌ی –برۆدۆن-، برۆدۆنی خستۆتە خانه‌ی کۆمونیزمی ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌وه. ڕه‌خنه‌ی – برۆدۆن-یش له -شتێنه‌ر- له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. برۆدۆن بڕوای وابووه که ”تاکڕه‌وی ڕیالیستییه‌کی مرۆییه و کۆمه‌کگه‌ری ته‌واوکاریه‌تی.”
که‌سانی ڕێبازی هه‌ڵلووشینی تاك له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه، هیچ به‌هایه‌ك بۆ مرۆ دانانێن، ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ری هاوبه‌شکاریه‌وه‌یه، چونکه داماڵینی تاك له که‌سایه‌تییه‌که‌ی، ئەگه‌ر مانایه‌ك ببه‌خشێت، ئه‌وه ده‌به‌خشێت که ڕێبازێك هه‌یه کۆمه‌ڵه له زیندوویی و جمووجۆڵه سه‌ره‌کییه‌کانی دادەماڵێت.
-برۆدۆن- ڕیزکردنی تاکه‌کان به ته‌نیشیت یه‌که‌وه، به‌بێ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانی له نێوانیاندای ڕه‌ت کردۆته‌وه و به یۆتۆبیای تاکڕه‌وخوازانی زانیوه، چونکه ئه‌و بڕوای وا بووه که ”به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان زۆره” و ده‌بێت وه‌ك هێزێکی مه‌زنی کۆمه‌کگه‌رایی له‌به‌ر چاو بگیرێن.
-باکۆنین-، له هه‌مان کاتدا، تاکڕه‌وخواز و هاوبه‌شیخوازیش بووه. هەمیشە جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه، که ”تاکی ئازاد، کۆڵه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئازاده”. ئه‌و هه‌ر له‌و لۆجیکه‌شه‌وه ڕوانیویه‌ته مافه‌کان، که ده‌بێت مافه‌کانی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کان دابین بکرێن. بۆ نموونه مافی چاره‌نووس، به جیابوونه‌وه‌شه‌وه به‌و مه‌رجه، که تاک سوودمه‌ند بێت ده‌بێت تاك له‌وه‌دا ئازاد بێت و بتوانێت بڕیاری ئه‌وه بدات، که ئایا لای په‌سه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵ بێت، یا نه‌بێت؟ ئه‌و کاته بەپێی بڕیاری خۆی، چه‌نده سه‌ر به کۆمه‌ڵه، هێنده‌ی ئه‌وه ئه‌رك بکه‌وێته سه‌ر شانی، واته ده‌بێت تاك به بڕیاری خۆی ببێته هاوبه‌شیکار، یا نه‌بێته هاوبه‌شیکار. هه‌روه‌ها ده‌بێت ئازاد بێت له کوێ ده‌یه‌وێت بژی بتوانێت بژی، له بیابان، له شاخ، له جه‌نگه‌ڵ و…تاد. هه‌ر تاکێکیش ئازاده له خۆسزاداندا، واته مافی په‌یڕه‌وکردنی خۆسزایی ده‌رباره‌ی کرداره‌کانی خۆی، هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بۆی نییه سزای هیچ لایه‌ن و که‌سێکی تر بدات. مرۆ چه‌نده هۆشمه‌نده له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، هێنده‌ش هۆشمه‌نده به کرداره‌کانی خۆی و سزادانیش. کۆمه‌ڵ ده‌رهه‌ق به تاك ئه‌رکه‌کانی زۆرترن له مافه‌کانی، کۆمه‌ڵ ناتوانێت هیچ جۆره چاودێری و ده‌سه‌ڵاتێك بسه‌پێنێت به‌سه‌ر تاکدا، سه‌باره‌ت به‌و تاکانه‌ش که هێشتا باڵق و ڕه‌شید نین، هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان له‌سه‌ر شانی کۆمه‌ڵه.
-باکۆنین- کاتێك دێته سه‌ر باسی ئازادیی ڕه‌ها و کامڵ، ده‌ست ده‌کات به زیاده‌ڕۆیی و ده‌که‌وێته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سنووربه‌زاندن و قه‌به‌کردنی بابه‌ته‌کان و وتویه‌تی: ”خۆم چۆنم ده‌وێت، ده‌توانم ئاوه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت به که‌سایه‌تیی خۆمه‌وه بکه‌م، ته‌مه‌ڵ بم، یا بزێو و گورجوگۆڵ، به که‌رامه‌ته‌وه به ڕه‌نجی شانی خۆم بژیم، یا نێتخراپ و چڵیتانه، متمانه و سۆز و به‌زه‌یی که‌سانی تر به کار بهێنم بۆ خۆم و سوودی لێوه‌ربگرم، به‌ڵام به‌و مه‌رجه، که ئه‌و متمانه و سۆز و به‌زه‌ییه ئاره‌زومه‌ندانه پێم به‌خشرابێت، هه‌روه‌ها بۆشم هه‌یه، به‌دڕه‌وشتانه بچمه ناو هاوبه‌شییه‌کانه‌وه و خراپیان بکه‌م، ئازادیی تاک و گشتیش بشێوێنم، ئه‌وه‌ی بۆ خۆمی به ڕه‌وا ده‌زانم، به ڕه‌وای نه‌زانم بۆ که‌سانی تر” ”ئەگه‌ر به ئازادی به‌رگری نه‌کرا له ئازادی، ئه‌وا نه به‌رگری لێده‌کرێت، نه پێویستیشه لێی بکرێت” له‌وه تۆقێنه‌رتر نییه که به ناوی ئازادیپاراستنه‌وه له ئازادی بدرێت.
-باکۆنین- ده‌رباره‌ی بێڕه‌وشتی، بڕوای وا بووه، که بێڕه‌وشتی له بۆگه‌نی و خراپی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه، ڕووخاندنی کۆمه‌ڵی به ئه‌رک و پێویستییه‌کی مێژوویی زانیوه. ئه‌و بڕوای وا بووه که ڕه‌وشتبه‌رزی پابه‌ندی ئازادییه و ته‌سکردنه‌وه‌ی بواری ئازادی و سه‌پاندنکاری له ژێر په‌رده‌ی پارێزگاریی ڕه‌وشتدا، خۆی له خۆیدا، نه‌ك هه‌ر لێدانه له ڕه‌وشت، به‌ڵکوو داپڵۆسینییشه. هه‌نووکه هه‌وڵی نه‌هێشتنی بێڕه‌وشتی مایه‌پووچ بووه، بۆته هۆی به‌رفراوانکردنی بێڕه‌وشتی، سه‌پاندنی یاسای توندوتیژ بێسوود بووە و هه‌ر بێسوودیش ده‌بێت، چونکه تێسره‌واندنه له ئازادیی تاک.
ده‌رباره‌ی ئه‌و کهسانە که گیروگرفتی ده‌ماغیان هه‌یه، یا ته‌مه‌ڵن، یا خراپه‌کارن، -باکۆنین- له‌وه زیاتر که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووه کە مافه سیاسییه‌کان دەبێت لەو کەسانە وه‌ربگیرێته‌وه، له‌گه‌ڵ هیچ جۆره سزایه‌کی تردا نه‌بووه. تاك مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی ده‌سبه‌رداری هه‌موو مافه‌کانی خۆی ببێت. سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانیش، ده‌بێت وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بکرێت و ده‌بێت سزاکان چاکسازی بن، نه‌ك هه‌ر سزای ڕه‌قوته‌ق بن، ده‌بێت تاکه‌کان ئه‌و مافه‌شیان هه‌بێت، بڕیاره یاساییه‌کان ڕه‌ت بکه‌نه‌وه و ملکه‌چیان نه‌بن، ده‌بێت تاك بتوانێت خۆی دەربڕێت و بڕیاری ئه‌وه بدات، که بێبه‌رییه له کۆمه‌ڵ و له کۆمه‌ڵ بچێته ده‌ره‌وه و ئه‌رکی پاراستنی کۆمه‌ڵ له کۆڵی خۆی بکاته‌وه.
-باکۆنین- له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واوی به ئازادی ڕه‌های تاکدا، گرنگییه‌کی مه‌زن و تایبه‌تی داوه به مه‌سه‌له کۆمه‌ڵگه‌ری ”من ئازاد نیم، ئەگه‌ر ئازادییه‌که‌م له ئازادیی ئه‌وانی تره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت.” ئازادیی تاکڕه‌وی مرۆ ناگاته مه‌نزڵ، ئەگه‌ر ئازادیی هه‌موو تاکه‌کانی تر نه‌بێته ته‌واوکاری، ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا بریتییه له هاوبه‌شیی ئاره‌زوومه‌ندانه. -باکۆنین- بڕوای وا بووه که هاوبه‌شییه‌کان خه‌ڵکی زۆر ڕاده‌کێشێت، ئه‌و بڕوایه‌شی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، که هاوبه‌شییه ئاره‌زوومه‌نده‌کان زۆر لایه‌نی هه‌مه‌جۆری باشیان هه‌یه، ئا له‌و حاڵه‌ته‌شدایه، که به باشی ده‌رده‌که‌وێت، که تاکڕه‌و زیاتر کۆمه‌ڵخوازه. سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه -باکۆنین- هیچ نه‌رمونیانییه‌کی نه‌نواندووه، به‌رامبه‌ر به -خۆپه‌رستی- به مانا وشک و توندوتیژه‌که‌ی. به واتایه‌کی تر، نه‌رمونیانی له‌گه‌ڵ تاکخوازیی بۆرژوازی، که هانی تاك ده‌دات ببێته دڕنده‌یه‌کی لرفلێده‌ر. به بیروبۆچوونی ئه‌و، ئه‌و جۆره تاکه گۆشه‌گر و نامۆیه، مردووییه‌کی هزری و وره‌یی و مادیشه له هه‌مان کاتدا.
ئه‌قڵییه‌تی –باکۆنین- ئه‌قڵییه‌تێکی ته‌باییکردن و پێکه‌وه‌گرێدانی فراوانه، واته بانگه‌واز و هه‌وڵدانه بۆ دروستکردنی پردێك لەنێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ردا، هه‌موو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له په‌یوه‌ستبوون و شوێنکه‌وتنی -به‌خشین- و -وه‌رگرتنه‌وه-، واته ئاڵوگۆڕکاری نێوان تاك و بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر. زیره‌کتره‌کانتان، به‌هێزتره‌کانتان، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌دا نین، واته ئه‌وانه‌ش پێویستییان به‌و په‌یوه‌ندییه هه‌یه و به‌رهه‌می ئیراده‌ی جموجۆڵی جه‌ماوه‌رین و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه هه‌ڵناکه‌ن و ناژین.
میراتگره ڕۆحانییه‌کانی**** -باکۆنین-، واته ئازادیخوازه -ئه‌نارکییه- ئیسپانییه‌کان، له‌گه‌ڵ بڕوای ته‌واویاندا به هاوبه‌شیخوازی، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی1936دا تاك له یاد ناکه‌ن، به ئاشکرا، ده‌ستی ڕێز ده‌خەنە سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی تاك و به‌رز ده‌ینرخێنن -دییغو أباد دو سانتیان- وتویه‌تی: حه‌ز و ویستی تاکخوازی له بن نایه‌ت و له داهاتووشدا به هه‌زاران شێوه خۆی ده‌رده‌بڕێت و هیچ هێزێکیش ناتوانێت خۆی بدات له قه‌ره‌ی و بیگه‌وزێنێت، تاکڕه‌وخوازی گوێ ناداته کۆسپه‌کان و به‌رده‌وام گوژمی خۆی به‌تینتر ده‌کات، تا زه‌مینه‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت و خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
و. لە عەرەبییەوە بە بەراورد لەگەڵ دەقە فەرەنسییەکەی: سەلام عارف
سه‌رچاوە: التحرریة من العقیدة الی الممارسه/دانییل غریین
*بڕوانه کۆتایی کتێبه‌که، بابه‌تی -ته‌واوکارییه‌کان ده‌رباره‌ی شتێنه‌ر./ و-ع
** نامۆبوون، aliénation لای مارکس به مانا ئاسایی و یاساییه‌که‌ی به مانای پرۆسیسی فرۆشتن vente دێت. له مارکسیزمدا که‌سی نامۆ ئه‌و که‌سه‌یه که ئه‌قڵ و جه‌سته‌ی خۆی ده‌فرۆشێت به هزری بۆرژوازی و له ڕووی ئایینی، ئابووری و سیاسییەوە نامۆ ده‌بێت و ملکه‌چه‌كپێکردن و داپڵۆسینی کارێکی ئاسان ده‌بێت.-و-ع
*** ما التحت الشعوري-م بۆ وشه‌ی subconscien به‌کارهێناوه، بۆ که‌مهۆشمه‌ندی، یا بۆ ئه‌و ئاسته که نزیك ده‌بێته‌وه له هۆشمه‌ندی، واته هۆشمه‌ند نییه، به‌ڵام ده‌توانێت بگاته هۆشمه‌ندی. و-ع
**** له‌وێدا له‌بریی ڕۆحانییه‌کان، ده‌توانین ده‌روێش، مورید، زاهد و پیری ته‌ریقه‌ت به کار بهێنین، ئه‌وه زیاتر لای سۆسیالیسته ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌کان باوه، چونکه ئه‌وان فه‌لسه‌فه و ڕێبازه‌که‌ی خۆیان به ئایین و ڕاستیی ڕه‌ها ده‌زانن و مامۆستاکانی ئه‌و ڕێبازه‌ش، به دوایین پێغه‌مبه‌ری ڕێبازه‌که ده‌زانن. به‌داخه‌وه ناو به‌ناو لای ئه‌م یا ئه‌و سۆسیالیستی ئازادیخوازیش ئه‌وه به‌دی ده‌که‌ین، جا بۆ ئه‌وانه، هه‌ر ئه‌وه‌م له ده‌ست دێت، بڵێم، جارێك-برۆدۆن- له نامه‌یه‌کیدا بۆ –کارل مارکس- نووسیویه‌تی: تکایه با تۆ و من هه‌وڵی ئه‌وه نه‌ده‌ین ئایینێکی نوێ دروست بکه‌ین، با ئه‌و ئایینه زانست و لۆجیکیش بێت. و-ك-
***** الواحدي و ملکیته، کتێبی ئه‌و فه‌یله‌سوفه 1806-1856 لای هه‌ندێك ڕه‌خنه‌یه له لیبریالیزمی سیاسی، به‌ڵام دانییل غریین به ته‌باییکردنی کۆمونیزم و ئازادیی تاکی ده‌زانێت. و.ع