
شەو………باران………..بەهار
هێرۆ مەولوودی ……
ئاسمان
بە سەر پێكەنین و ساتە مەستەكان
گوڵی سپی ئەوین شاباش دەكا.
گەڵای دار
چۆپی كێشە و
بەبزە سەما لە بەر پێیان دەكا.
لە گەڵ سكالای دڵ
خەونەكانم لە پێخەفی ژانێكی سور بە جێ دێڵم.
حەز دەكەم بە هۆنراوە
چیرۆكی عەشقی
_ زەوى و باران _
بهۆنمەوە
بە لاوك و حەیران
گەڵا و گوڵی
_ئەم بەهارە سوتاوە_
بگەرێنمەوە.
دوو مۆمی كوژاوەی چاوى نیشتمانم
بە تریفەى مانگ
بگرسێنمەوە.
شەو و
باران و بەهارم خۆش دەوێ.
باران
رابردووم دەشواتەوە
شەو
هێدى ،هێدی لە عەشق دەدوێ.
بەهار
ئاواز و گۆرانی بۆ جوانی دەڵێ.
من _عاشقم_
عاشقی ئەو بەهارەم
ئەو بەهارەی
تارای سوور
بۆ رووخساری گوڵاڵە
خەڵات دێنێ.
ئەو بەهارەی
زیندوو دەبێت و سروشت جێ ناهێڵێ.
باڵندەكان
گەرووی هاواریان
بە بارانی ئەم بەهارە تەر دەكەن
چیرۆكی عەشق پەروەرى
_گوڵ و باران_
بۆ هەور دەبەن.
من لە ئاوا وڵاتێكەوە
باسی
تەنیایی
عاشقترین عاشقی باران و
بێكەسی
شاعیرترین شاعیری بەهار
بۆ شەو دەكەم.
ئاخ بەهار
بەهاری تاوانبار
لە نێو ئەم بێكەسی و تەنیایی یە
لە نێو ئەم بێدەنگى و نامۆییە
بروانە
سروشت بۆ تۆ و باران
شیعر دەڵێ.
بگەرێوە
گەڵای دارەكان
سەما دەكەن
ئەوان دڵنیام دەكەن
من و
تۆ و
باران و
شەو
بە یەك دەگەین.
gelarezan@yahoo.com