Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
یه‌مه‌ن: هه‌ڵبژاردن، وه‌لانانی دیکتاتۆر، یان کوده‌تا له‌دژی شۆڕش!

یه‌مه‌ن: هه‌ڵبژاردن، وه‌لانانی دیکتاتۆر، یان کوده‌تا له‌دژی شۆڕش!

Closed
by March 2, 2012 گشتی

 
 
به‌دوای شۆڕشی میسرو تونس دا، یه‌مه‌ن یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌بوو که‌له‌مارسی ساڵی پاره‌وه ‌شۆڕش تێیدا سه‌ری هه‌‌ڵدا و له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رکوت وترساندن وکوشتار وکاری به‌ڵته‌جی و تیرۆریستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی علی عبدوڵا ساڵح، که‌چی هێشتا جه‌ماوه‌ری ناڕازی به‌خۆپیشاندان وکۆبوونه‌وه‌، درێژه‌یان به ‌ناره‌زایه‌تیه‌کانی خۆیان دا وسوربونی خۆیان له‌سه‌ر خواستی کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی بۆژوازی وبنه‌ماڵه‌یی عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح، که‌زیاتر له‌30ساڵه ‌له‌سه‌رکاره، ته‌ئکید کرده‌وه‌‌. به‌ڵام ‌له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوودا، ڕێکه‌وتی27 مانگ، عه‌لی عه‌بدوڵا سالح به‌پێی ڕیکه‌وتننامه‌ی کۆمکاری که‌نداو، له‌مه‌راسیمێکدا، که‌نوێنه‌رانی چه‌ند وڵاتو نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتوه‌کان ئاماده‌ی بوو، وازهێنانی خۆی ڕاگه‌یاند وده‌سه‌ڵاتی ته‌سلیم به‌جێگره‌که‌ی به‌ناوی عه‌بد ڕه‌به ‌مه‌نسور کرد. ئه‌م هه‌نگاوه ‌که‌له‌ژێر چاودێری ووڵاتانی کۆمکاری که‌نداودا به‌ڕێوه‌چوو بڕیاره‌‌ حه‌سانه ‌بدات به‌عه‌لی عه‌بدوڵا و ترسی ڕاکێشانی بۆ به‌رده‌م ‌دادگایی له‌سه‌ر هه‌ڵگرێ وزه‌میه‌نه‌ش بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنێک ئاماده ‌بکرێ، تاسه‌رۆکی تازه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی کاروباری وڵات هه‌ڵببژێردرێت. به‌م جۆره‌ عه‌بد ڕه‌به‌ که‌ته‌نیا کاندیدی بێمونافیس بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ته‌وافقی نێوان ده‌سه‌ڵاتو لایه‌نه‌ئۆپۆزسیۆنه‌کان دیاریکراو به‌سه‌رۆکی وڵات هه‌ڵبژێردرا. 
ئه‌م سیناریۆیه‌ که‌له‌ساڵی پاره‌وه ‌به‌یارمه‌تی ئه‌مریکاو غه‌رب وه‌ک کوده‌تایه‌ک هه‌موو لا‌یه‌نه‌کانی به‌ره‌ی دژی شۆڕش تیایدا هاوڕان، ئامانج لێی ڕزگارکردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی وچینی سه‌رمایه‌داره له‌‌شه‌پۆلی شۆڕش وناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و لاوان. شۆڕش وناڕه‌زایه‌تیه‌کی جه‌ماوه‌ری که‌دونیای عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه‌و به‌دوای خۆیدا ژماره‌یه‌ک له‌دیکتاتۆر وده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ترسێکی گه‌وره‌شی له‌به‌رده‌م بۆرژوازی جیهانیدا داناوه‌. به‌تایبه‌تیش به‌دوای کوژرانی موعه‌مه‌ر قه‌زافی ودادگایی کردنی حوسنی موباره‌ک و خواستی ڕاکێشانی زه‌ین العابدین وبه‌شار ئه‌سه‌د بۆبه‌رده‌م دادگا، ته‌واوی سه‌رانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ڕووبه‌ڕووی ترسو دڵه‌ڕاوکێ کردۆته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر چی لاخستنی عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح وهه‌ڵبژاردنی عه‌بد ڕه‌به‌ راسته‌وخۆ له‌ژێر گوشاری ئه‌م شۆڕشو ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی جه‌ماوه‌ردایه‌، به‌ڵام په‌نابردنی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی وڕۆژئاوا وڕاکێشانی لایه‌نه ‌ئۆپۆزسیۆنه‌کانی یه‌مه‌ن بۆ ڕازی بوون به‌سیناریۆی هه‌ڵبژاردن خۆی ڕویه‌کی تره ‌له‌سیاسه‌تی ده‌خاڵه‌تی سه‌ربازی ناتۆ له‌یه‌مه‌ندا، که‌به‌ئیحتمالێکی زۆره‌وه ‌له‌که‌شو هه‌وای سیاسی ئه‌م وڵاته‌دا ئاماده‌یه‌‌. تا له‌ڕێگای سیناریۆی هه‌ڵبژاردنو ده‌خاڵه‌تی سه‌ربازیه‌وه ‌رێگا له‌شۆڕش وه‌ک ڕێگا ‌چاره‌ی خه‌ڵک، بگرێ. بێگومان ده‌ستگرتنی هێزه‌ ئیسلامیه‌‌کان وهه‌ڵکشانیان بۆسه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات، ئه‌ڵقه‌یه‌کی ته‌واوکراوی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه‌و واچاوه‌ڕوان ده‌کرێت که‌ئیسلامیه‌کان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی یه‌مه‌ندا بیبه‌نه‌وه‌وده‌سه‌ڵاتیان ته‌سلیم بکرێ. 
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه ‌ئه‌وه‌یه ‌که‌سیناریۆی هێنانی عبد ره‌به منسور وه‌ک ته‌نیا کاندیدێک، که‌له‌.99.8% ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه‌، خۆی نمونه‌ی هه‌ڵبژرادنه‌کانی سه‌رده‌مانی ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام حسین ده‌خاته ‌پێشچاو که‌به‌رگی دیموکراسی و هه‌قی ده‌نگدانی هاوڵاتیانی به‌به‌رداکراوه‌.  ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌عبد ره‌به به‌شێکه‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رکوته‌که‌ی علی عبدوڵا ساڵح و یه‌کێکه ‌له‌ئه‌فسه‌رانی عه‌سکه‌ری وده‌سه‌ڵات ڕۆیشتوو، که‌نه‌ک هه‌ر له‌شه‌ڕی ناوخۆدا به‌دژی جیاخوازه‌کان، جه‌نگاوه‌وخوێنی ڕشتووه‌، به‌ڵکو ئه‌وکاته‌شی که‌له‌پۆستی وه‌زیری به‌رگریدا بوو، به‌وپه‌ڕی دڕندانه‌وه ‌ڕووبه‌ڕروی جه‌ماوه‌ر وخۆپیشانده‌ران وه‌‌ستاوه‌ته‌وه‌‌.
پشتگیری ئه‌مریکا هه‌م له‌رێگای ئۆباماوه‌وهه‌م له‌رێگای نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانه‌وه ‌له‌عه‌بد ڕه‌به، خۆی نیشانه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌یه‌ که‌ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا وعه‌ره‌بی وڵایه‌نه ‌ئۆۆپۆزسیۆن وپاشماوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پێکه‌وه‌ کۆکردۆته‌وه‌، تا کۆده‌تایه‌کی ڕه‌ش له‌دژی شۆڕش وبه‌رده‌وامبوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی خه‌ڵکی یه‌مه‌ن به‌کرده‌وه ‌ده‌ربهێنن.
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی که‌عه‌بد ڕه‌به‌ی کرده‌جێنشین،‌ ئه‌گه‌رچی تا ماوه‌ی دوو ساڵ، یانی تاساڵی 2014، پێشینه‌یه‌که ‌بۆ هه‌ڵبژاردنێکی تر، تاده‌سه‌لاتی له‌نێوان سه‌رانی چه‌ند حزب ولایه‌نێکی ئیسلامی وقه‌ومیدا، پێ ده‌ستاوده‌ست بکرێ، خۆی بۆ دڵنیا کردنه‌وه‌ی لایه‌نه ‌ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی که‌خه‌ڵکی بۆشۆڕش هاننه‌ده‌ن وله‌ڕیزی جه‌ماوه‌ر بێنه ‌ده‌ره‌وه‌و بگره‌ کۆمه‌ک بکه‌ن به‌دامرکانه‌وه‌ی تینی ئاگری خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌هێشتا مه‌علوم نییه ‌عه‌بد ڕه‌به وده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌توانێ وه‌ک عه‌لی عه‌بدوڵا، خۆی له‌به‌رده‌م لێشاوی شۆڕشی یه‌مه‌ندا ڕابگرێ.
 له‌یه‌ک ووته‌دا ئه‌وه‌ی له‌م سیناریۆی هه‌ڵبژرادنه‌دا کراوه‌ته ‌ئامانج کوده‌تایه‌که‌ بۆ ڕزگار کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست شۆڕش وخۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان که‌به‌هێزێکی زۆره‌وه ‌خواستی ڕوخانی ڕژێم وکۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریه‌تی بۆرژوازی کردۆته ‌ئاڵای خۆی. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن زه‌میه‌نه‌ی ئه‌وه‌ش خۆشده‌کات تا ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامی ماڵیکراو له‌لایه‌ن غه‌ربه‌وه‌، بخاته‌ شوێنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا. به‌بێ ئه‌وه‌ی  وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌کانی خه‌ڵک و شۆڕشێک بێت. ئه‌مه‌یه ‌ئه‌و دیموکراسی وهه‌ڵبژاردنه‌ی که‌چینی بۆرژوازی، چ له‌نێو ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی یه‌مه‌ندا وچ له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌مریکا وڕۆژئاوا، بۆده‌ستاوده‌ست پێکردنی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر شۆڕشی خه‌ڵکدا گرتویا‌نه‌ته ‌پێش.

  27/2/2012  
نوری به‌شیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.