
راپه‌رین و چیرۆكی سته‌مكاری…. ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف
بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێك به‌دناو و ناشیرین بكه‌یت، هێرشی بۆ مه‌كه، به‌ڵكو به‌رگرییه‌كی خراپ و كوێرانه‌ی لێ بكه . د.علی شه‌ریعه‌تی.
پاش 21 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ریندا خه‌ریكین به ده‌ستی خۆمان حه‌قیقه‌تێك كه ناوی ئازادی و دیموكراسییه و راپه‌رین و شۆرشمان له پێناویدا كرد به‌دناو و ناشیرین بكه‌ین، به به‌رگری خراپ، به دام و ده‌زگای نادیموكراسی، به بیر‌و كولتوری سته‌مكارانه، به ده‌مداخستن و هێرش بۆ ئازادیخوازان، به ئابوری خراپ و سیستمی نا شه‌فاف و نادادگهرو به هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی.
نابێت له‌و راستیه لا بده‌ین چی له‌م هه‌رێمه‌دا له 21 ساڵی رابردوودا گوزه‌راوه به باش و خراپیه‌وه زاده‌ی راپه‌رین بوو، لێ راپه‌رین بۆ ئه‌وه نه‌بوو سته‌مكارێك بگۆرین به سته‌مكارێكی دیكه، بێدهنگیهك بشكێنین و بێده‌نگیه‌كی دیكه دروست بكه‌ین، په‌یكه‌رێك بروخێنین و سه‌دان په‌یكه‌ر دروست بكه‌ین، به‌ڵكو راپه‌رین هاتنه پێشه‌وه‌ی قۆناغێكی هه‌ستیار بوو له كۆمه‌ڵگای كوردیدا تا به‌ربگرین له هه‌ر خه‌ونێكی فاشیانه‌و سته‌مكارانه به‌ره‌و دونیایه‌كی عه‌لمانی و كراوه‌و دیموكرات و شه‌فاف كه ماف و ئازادیه فه‌ردیه‌كانی ئینسانی كورد پارێزراوبێت، به‌ڵام كوا ئه‌م مانایانه له راپه‌ریندا هاتنه دی؟
بینینی جوانیه‌كان و ستایشی بێماناو موجامه‌له‌ی سه‌ركاغه‌ز بۆ یادی راپه‌رین و یاده‌كانی دیكه نه ئه‌م ووڵاته پێش ئه‌خات و نه هۆشیاریش دروست ده‌كات بۆ نه‌وه‌ی ئاینده، ته‌نها ئه‌توانێت سیستمێكی دیكتاتۆریانه بخوڵقێنێت كه هێنده‌ی دیكه گه‌نده‌ڵی و نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رجه‌سته‌مان زیاد بكات و كه‌سیش نه‌زانێت به‌راست هۆكاره‌كانی لاوازی و دواكه‌وتوویی ئه‌م ووڵاته‌ی ئێمه بۆچی ئه‌گه‌رێته‌وه؟
ئاخر ساته‌وه‌ختی راپه‌رین ساته‌وه‌ختی پیربوون و كه‌نه‌فتی دیكتاتۆرێك بوو، هه‌روه‌ك ساته‌وه‌ختی كه‌وتنی سیستمی به‌عس بوو له كوردستانی باشوور كه دواتر به شێوه‌یه‌كی دیفاكتۆ به ناوچه‌ی دژه فرین ناسێنرا له لایه‌ن نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانهوهو حكومه‌تی هه‌رێمی لێكه‌وته‌وه‌و حه‌ماسه‌تێكی شۆڕشگێری پێ به‌خشین بۆ گۆرینی دونیای به‌عس وه‌لێ ده‌یان موقه‌دده‌س و سه‌نه‌می وه‌كو به‌عسیشی بۆ دروستكردین كه رێگر بوو له‌وه‌ی تاكی ئازاد‌و سیستمی دادپه‌روه‌ر دروست بكه‌ین به بیانووی شه‌رعیه‌تی شاخ و خه‌بات و شۆرشگێرێتی دوێنێ كه تا ئێستاش باس ئه‌كرێت و ئه‌درێته‌وه به‌چاوی نه‌وه‌ی نوێ‌دا، بۆیه گرنگه له یادی راپه‌ریندا ته‌نها چیرۆكی دیموكراسی باس بكه‌ین و بتوانین به‌ته‌واوی ماناكانی راپه‌رین له ئازادی ووتن و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسیدا چڕ بكه‌ینه‌وه‌و به‌ده‌ستی خۆمان حه‌قیقه‌تی جوانی راپه‌رین و خه‌ونی شه‌هیدان و ئازاره‌كانی پێش راپه‌رین به‌د ناو نه‌كه‌ین.