لەودیو سادەییەوە … بەرهەم خالید
Closed
(١)
دەگەڕێمەوە بۆ پایز
بۆلای سادەیی
بۆ لای تۆ و بۆلای مناڵی
بۆلای دڵی پر عیشقی خودایی
(٢)
لەودیو سادەییەوە وەستاوم
چاوەڕێی تۆ دەکەم
هەر لەودیو سادەییەوە
ماڵێکت بۆ دروست دەکەم
(٣)
لەسەردەمی ئاڵۆزیدا
توند باوەشم بەسادەییدا کردووە
(٤)
تۆ بە وشەکانت
دڵی من ئاو بدە
گوڵەکان خۆیان دەگەشێنەوە
(٥)
هەموو ڕۆژێ چایی تاڵ
بە وشە شیرینەکانتەوە دەخۆمەوە
(٦)
کە سەیری ئاسمان دەکەم
دڵی تۆم بیر دەکەوێتەوە
(٧)
لەوەتەی تۆم ناسیوە
تەنیایم بۆ ناخرێتە ڕستەوە
(٨)
پلەی خۆشەویستی لە ژورەکەمان
سەد پلەی سەدییە
(٩)
پاسپۆرتم بۆچییە
کە کلیلی دڵی تۆم پێ بێ
(١٠)
ئەمڕۆ ئاهەنگمان گیڕا
خۆشەویستیمان لەئەبەدییەت مارەکرد