
نه‌ورۆزنامه ….فه‌وزی ره‌مزی مه‌لا مارف
پێشکەشە بە زیندووکەرەوەی ئەم یادە پیرۆزە”پیرەمێردی نەمر”
و گەرووی بولبوڵ ئاسا‌و سۆزیی داودی”دیلان”ی زیندوو.
نه‌سیمی بایی نه‌ورۆزی شه‌میمی عه‌بهه‌ری هێنا
به‌ریدی عاشقان دیسان په‌یامی دلبه‌ری هێنا
نه‌وید ئه‌ی عاشقانی دڵفكـار یار هاته سه‌رخه‌نده
سه‌ڵا ئه‌ی بولبولان دیسان دره‌ختی گوڵ به‌ری هێنا
گوڵه باده‌م، گوڵه ئه‌رخه‌وان و گه‌زیزه ڕێچكه شكێنن و كه‌وتوونه‌ته به‌زموڕه‌زم، گه‌شه و مزگێنی به‌هاریان پێ‌یه، یه‌كه‌مین نه‌وبووكی نه‌ورۆزن بۆ خۆنه‌خشاندن. گوڵه مێلاقه، هه‌ڵاڵه، شلێره، كه‌نێره، چاوبازه، گوڵه‌زه‌رده، سۆسنه و نێرگزی چاومه‌ست له ته‌ك چنوور و یاسه‌مه‌ن و شیلانه و گوڵەنەورۆزی له‌ته‌ك گوڵانیـتر به چاوداگرتن و له‌ره‌ی په‌ڕه‌یان دهكەونه سڵاو لە یه‌كتر،
دڵۆپه‌ی شـه‌رابی شـه‌ونمی داره جۆراوجۆره په‌ڵوپۆ نه‌خشـینه‌کان یه‌ك یه‌ك وه‌ك ئه‌ڵماس ئاسـا ده‌چۆڕێن، هه‌راڵه‌ی بۆنخۆشوبه‌رامه بۆ یه‌كتر ده‌وه‌شێنن و ده‌بنه هه‌وارێكی به‌هه‌شت ئاسا بۆ ژوانی دڵانی گیرۆده و دڵفڕێن.
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
به‌یبوون و لاله، گێلاخه و گوڵبه‌ن….نه‌سرین، نیلوفه‌ڕ، گوڵزاری چه‌مه‌ن، چەپکێ به زه‌رد و ئه‌ویتر به سوور…. یه‌كێ مۆر نه‌خشین یه‌كێ كه‌وی و شین. چه‌ندینی تریش حه‌وت واڵا ڕه‌نگین، بۆ گشت دڵداران بوونه‌ته په‌رژین. له پاڵ خوناوی چوون ئه‌ڵماسی سه‌ر سه‌وزی گژوگیایی مێرگوزاران، قه‌دپاڵ و یاڵان، مله و تاوێران، گابه‌رد و تلان، نواڵه و زنوێران، ترۆپكی كۆساران، چیا و سه‌ر‌تیزان، كه‌ژان و كێوان، لەگەڵ یەکتر دهكەونه سه‌ره‌تاتكێ و ده‌ستله‌ملان. ئه‌مانه هه‌مووی له به‌هه‌شتێكی خواكرده‌دا ئافرێنراون، له ئاخێكی به‌فه‌ڕ و پیرۆزدا ئه‌و دیمه‌نه سروشتانه ئاوێزاون.
ئه‌م ئاخه دووه‌مین لانكی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پساته، تێیدا حه‌زره‌تی نووحی په‌یامبه‌ر مه‌شخه‌ڵی ئاگری له‌سه‌ر ترۆپكی چیای گوتی كرده‌وه و مژده‌ی سه‌رله نوێی ژیانەوەی به سه‌رانسه‌ری گه‌ردووندا ڕاگه‌یاندەوە. بە سرۆش له‌لایەن خودێی مه‌زنه‌وه‌ڕا سـپێنده‌ی ئه‌م خاكه‌یشی نمایانكرد و دایشی به گوێی جیهاندا كه ناوی ئه‌م ئاخ و خاكوخۆڵە كوردستانه. ئه‌م ئاكار و ڕێوڕەزمانەیش به میراتی، ده‌ماوده‌م و سینه به‌سینه هێنراون.
هه‌ر بۆیه تائێستا ئێمه‌ی كوردستانیانیش به‌شانازییه‌وه هه‌موو ساڵێك یادی ئەم نوێبوونەوەی ژیانە ده‌كه‌ینه‌وه.
ته‌شریفی نه‌وبه‌هاره كه عاله‌م ده‌كا نوێ
دڵ، چونكه میسلی خونچه‌یه، بۆی ده‌پشكوێ
هه‌زاران خونچه‌ی جوان وشۆخ و شه‌نگی پڕبۆنوبه‌رام به‌ده‌م عیشوه‌وه كه سواری كه‌ژاوه‌ی ناز ده‌بن، له یه‌كه‌مین گزنگی زێڕین و كزه‌ی فێنكی سروه و شنه‌بای نێو دۆڵ و نشێوان، گه‌روو و بێشێیان، له سۆزی سه‌حه‌ردا به خه‌نده و له ناسكیدا، وه‌ك ڕوومه‌ت و سیمای ئازیزان، شێوه زارییان ده‌پشكوێت و به‌و شنه‌یه خۆش مژده‌ده‌بن، ئه‌مجا په‌خشی بۆن و به‌رامه‌ی خۆشی كه‌م وێنه‌یان سه‌ردار بێسه‌ر ده‌كات و هه‌زاران دڵ مه‌دهۆش و دڵبه‌ندی به‌هاره پڕجۆش و خرۆشه‌كه‌ی به‌هه‌شتی كوردستان ده‌كات.
خۆر له ئاسۆی سوور شه‌وق ئه‌داته‌وه ده‌ڵێن ئه‌مساڵیش، نه‌ورۆز هاته‌وه
سروشت سه‌رپاكی، خۆی ئه‌نوێنێ وه‌ك بووكی ڕازاوه خۆی ئه‌خه‌مڵێنێ
بڕوانه! چۆن شلێره و كه‌نێره ده‌یكه‌نه به‌زموڕه‌زم، سه‌ما و گۆڤه‌ند. خۆشهاتن له كارگ و كه‌ما ده‌كه‌ن.
ئەوەتا جه‌ژنی بیـزا و مه‌ندۆكه و کارۆس/ی تام و بۆنخۆشە، ژاژی و گیادۆکڵیوه، شنگ و پنگ و ئاڵه‌كۆكه. دیاری بەرچنه‌كه‌ی ده‌ستی ما‌م سمایل و مامه قاله و حه‌مه شاخه‌ی شوانی گوند و ئاواییەکانە.
كڵاوبنه/یش چادری خۆی هه‌ڵداوه. پیره‌گێلاخه، هه‌ڵز، سێوه‌ڕۆ، كنگر و ترشۆكه، مزرە ڕێواسی باڵاناسكی شۆخوشه‌نگ، لووشه و كووزه‌ڵه، به‌نۆكه، كاكۆزه و پیشۆك، بنه‌گۆزه‌روان و ڕێحانه‌ڕه‌شه و ڕێحانه‌كێویله و سووره‌هه‌ڕاڵە، گیابه‌نده و به‌ڕه‌زا، په‌خشینه و شاته‌ڕه و جاتره، گوڵه‌به‌ڕۆژه و گوڵه خاشخاش له زه‌نویران وه‌ك بووك ڕازاوه‌ن بۆن و به‌رامه دەوەشێنن بە ده‌وروبه‌ردا.
ئەمانە كه هه‌مووی په‌یام و مژده‌هێنی خۆشی ونوێ بوونه‌وه‌ی ژیانن.
قارچك و پیچك، لەگەڵ سووره‌بنه دە دایکه گیان بیخۆ، ئەمە کۆڵی منه
گوڵاله سووره‌ی پڕ له خوێنی دڵ و جه‌رگی عاشقان، په‌روه‌رده به خوێنی شه‌هیدان، میوانداری له گوڵانی گه‌شی په‌مه‌یی و وه‌نه‌وشه و چاوبازه و نێرگزی نێو نێرگزه‌جاڕان ده‌كات ، هه‌ر له یه‌كه‌مین تاریك و ڕوونی گزنگ و شه‌فه‌قدا ده‌كه‌ونه به‌زم و سه‌ما و باوه‌شی پڕ سۆزیان له‌گه‌ڵ ئاورنگی چوون دوڕ و یاقووت و ئه‌ڵماس ده‌كه‌نه‌وه و ده‌كه‌ونه ڕاموسان، به بریق و باق شه‌ڕ له‌گه‌ڵ بینایی و سۆمای چاوان ده‌كه‌ن و خه‌نده‌یان له‌ته‌ك جیلوه‌ی هاتنی به‌هاردا گه‌رووی شالووران دەهێننه خوان.
بووکی بەھار ڕازایەوە سروشت پڕ پڕ لە جوانیە
دەنگی شەتاو جریوەی مەل بەسۆزترین گۆرانیە
ده‌می سـه‌با به سۆزه‌ی نه‌سیمیه‌وه، به‌سه‌ر كڵاوی پڕ گوڵاوی گوڵ و خونچه‌ی سه‌ر چڵاندا هه‌ڵده‌كات، ڕووپۆشی سه‌ر سیمایان چ بڕستێکی نامێنێت له‌ئاستی ڕه‌ونه‌ق و جوانی و بۆن و به‌را‌مه‌یاندا، بۆیه هه‌رزوو چارچێوی ڕه‌نگاوڕه‌نگی وه‌ك تارای بووك لاده‌دات. ڕه‌ونه‌ق و جوانی و خۆ نه‌خشاندن، خاڵومل ڕشتن و خۆبادان، ناز و گرێشمه و خۆنواندن دێته ئاراوه. هه‌ریه‌ك خۆ به‌سه‌ر ده‌سته‌ی گوڵه به‌هه‌شتی ده‌زانێت و ده‌ماخی عاشق به‌جۆرێك پڕ ده‌كه‌ن له بۆن و به‌رامه‌ی پڕفوومیان. هه‌مه‌ڕه‌نگی پڕ ده‌ماخی مێرگ و گه‌شه‌ی گوڵان، ڕۆژانه به‌جۆراو جۆر ده‌نه‌خشێت و هه‌ر به ته‌نیا سه‌یركردنێكیان، شه‌وقی دوینێ و ئه‌مرۆت به‌لاوه ڕوون و ئاشكراتر ده‌بێت.
ئه‌وه نه‌ورۆز هاته‌وه به خۆشی‌و ئاواته‌وه
مژده‌ی به‌هاری پێ‌یه دڵمان گه‌ش ده‌کاته‌وه
گوڵه گوڵخه‌نده‌رانی لێو بە خه‌نده‌یش بە ناز و له‌نجه‌وە خۆ دەهاوێتە ئه‌و گوڵستانه، به‌ڵام خه‌یاڵی خاوه، كاتێك ده‌زانێت ناگاته پله‌ی ئه‌وان ئه‌مجا له داخا یه‌خه‌ی سینەبەندی خۆی داده‌ڕێ و په‌ڕپه‌ڕ ده‌بێت.
بنواره نه‌وبه‌هار و فتووحاتی گوڵشه‌نی
گوڵ زاری كرده‌وه، له ده‌می، غونچه پێكه‌نی
گوڵه‌لاولاو، گوڵه هێرۆی هه‌مه ڕه‌نگ دێنه مه‌یدان، ئینجا هه‌موو گوڵان به‌جارێ ڕووییان تێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن وه‌رنه لامان و خۆتمان تێهه‌ڵسوون به‌ڵكه كه‌مێك بۆنخۆش بن، با وه‌ك گوڵه ژاڵه‌ی ده‌سته خوشكتان لێنه‌یه كه چه‌ند زێبا و ڕه‌نگینه كه‌چی داخه‌كه‌م بێ بۆنه. جا تۆ ئه‌ی گوڵه‌لاولاو به باڵای خۆتدا كه‌مێك بنواڕه، ده‌بینیت كه سه‌رده‌می پشكوتوونت هه‌ر لە سۆزی به‌یانیانه. به‌ڵام ئه‌مان له ڕوو دانه‌ماون ده‌ڵێن ئێمه‌یش نازمان پێ‌یه، ئه‌وه‌تا هه‌رچه‌نده بێبۆین به‌ڵام جوانی و شۆخ وشه‌نگی و باڵای به‌رزمان وای له عاشقان كردووه هه‌ر له دوورەوە شه‌یدامانبن و ئێوه‌ش هه‌ر له دووبسته و سێ بسته‌ی خۆتاندا خۆخڕهه‌ڵده‌ن…ناهه‌قتان نییه!!.
له‌ولاشه‌وه گوڵنار كه گوێی له‌م ڕاز و خواسته‌یه! ڕووی نازده‌كاته هه‌ردووكیان و دڵخۆشیان ده‌كات به‌وه‌ی كه ئێمه‌ی جوان و شۆخ و شه‌نگ بووینه‌ته هه‌وێنی شیعری عاشقان .
شنه‌ی بای به‌ربه‌یان هێنای له‌گه‌ڵ خۆی بۆنی عه‌تری گوڵ
ده‌خوێنن بولبول و قومری له نێو باخا به سۆز و بە كوڵ
خه‌ریكی به‌زم و گۆرانین مه‌لی خۆشخوێن له بانی چڵ
ده‌سا موتریب، به ده‌نگی ساز و نه‌ی بشكێنه خامۆشی
كه ڕۆژی شــادی/یه، دایكی ته‌بیعه‌ت پڕ گوڵه كۆشـــی
به‌فری سه‌ر كه‌ژ و كێوانی نه‌هاڵ، له دامێنی گه‌ردن و یاڵ كه به‌یته‌كه‌ی كوێستانان خاڵخاڵ/یان پێوه دیاره، شه‌وق و بریقه‌ی زیوینیان كه هه‌ر وه‌ك ته‌ورگ و بلوور و زه‌ڕتا ته‌یده‌كرد، به‌خۆ ده‌ڵێن ئیتر لافی شه‌خته‌ی ته‌مه‌ن به‌سه‌رچو و وا چۆڕچۆره‌مان كه‌وته‌بنه. له‌ولاشه‌وه هه‌ڵه‌كۆكی پرچ و كاكۆڵ لوول و ژاكاو و په‌رشوبڵاو،خه‌جڵه و خه‌ریكه، ده‌ستی شۆخوشه‌نگیی و ئارایشت به‌خۆدا دێنێت و به‌نازێكه‌وه وه‌ڵام ده‌نێرێته‌وه بۆ لای به‌فری ده‌سته هاوڕێی!!
ئێستا… ئیتر واده‌ی خوازبێنیمه ده‌فه‌رموو بێره پێش. چلوورە به‌فری بنا گوێی تاوێرانی قەندیل و ڕەنگین/یش به هه‌ناسه‌یه‌كی سارد و سڕەوە لە تاوا دەتاوێنەوە و تنۆك تنٶک شەونم ئاسا دەچٶڕێن. دوای هه‌ڵكێشانی چه‌ندین ئاخوداخ و حه‌سره‌ت ئاوا به‌رامبه‌ر قاسدی هه‌ڵه‌كۆكی خؤشمه‌زه‌ی كاكه‌ی شوان دێته گوفتار :
هه‌ڵه‌كۆكه پڕچنه بۆ هێند ڕقت له منه؟
چۆڕچۆڕه‌م كه‌وتۆته بنێ چیم داوه له ماڵ و ژنێ؟
له گوڵشه‌ن بۆ گوڵ و بولبول و هه‌زاره‌ی خۆشخوان، ئیتر زه‌مانی ڕاز‌و گوفتاره له ژوان، هه‌ریه‌ك به هه‌واو ئاره‌زووی دڵفڕێنی خۆی له‌و گه‌روه و چكۆڵانه‌وه ده‌په‌خشێنێت، هه‌زاران به‌سته‌و نه‌غمه و مژده‌ی هاتنی وەرزی شه‌یدایان به گشت ده‌ده‌ن،
وڵوڵانی غه‌زه‌لخوێنی نێرگزه‌جاڕان به‌زم و ڕه‌زم و خۆشی سازده‌كه‌ن، له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ، له‌م گوڵ بۆ ئه‌و گوڵ دیلانه‌یانه و خه‌نده‌یان دونیا پڕ ده‌كات. ئه‌وه هه‌ر خونچه‌ی ده‌م به‌هارییه که خۆی پێ ڕانگیرێ و ده‌مزاری شه‌رمی خۆی ده‌کاته‌وه، به‌رانبه‌ر ئه‌و سۆز و گریه و فوغانه وه‌فای خۆی ده‌نوێنێت. ئه‌مانه هه‌مووی له ئامێزی ئه‌م دیمه‌نه بێ وێنه‌یه‌دان، له‌به‌ر خاتری هاتنی حه‌زره‌تی ڕۆژی نه‌ورۆزی پیرۆزه
ده‌هه‌سته بولبولی شه‌یدا مه‌قامێ!
ئه‌وه نه‌ورۆزه ده‌ی سا تۆش په‌یامێ!
ئه‌م ئاوازه به به‌زمه و ڕه‌زمه، تێكه‌ڵه به خوڕه و قه‌ڵبه‌زه‌ی كه‌فچه‌ڕینی چه‌م و تاڤگه و كانیاوه پڕ خرۆشه‌كان كه هه‌تا چاوبڕكا جۆباری بێكۆتای باریك و درێژی مارپێچ كه بریق و باقیان له به‌ر تیشكی زێڕینی خۆردا وه‌ك ده‌ریایه‌كی پان و به‌رینه له شه‌پۆله و كه‌روێشكه‌یاندا. شه‌تاو و هاڕه و هاژه‌ی زێڕینی كافوورشێوه خۆی ده‌دات به‌م بن به‌رد و ئه‌و بن تاشه، یاخود ئه‌م گابه‌رد و ئه‌و تاته، پاشان جۆگه ده‌به‌ستن، ڕۆندك ڕۆندك چۆڕچۆڕه‌ی به‌فراو كه ده‌ڕژێنه سه‌ریان، بە ڕەزمێکی پڕ سروشتی خواکردە دەبنە چه‌ندان ڕۆبار و گۆلاو و گۆمە مەنگی په‌نگخواردوو. کەناریاندا قیڕه‌قیڕی بۆقان و زیکەزیکی سیسرکان له بانگه‌شه‌ی دۆستانیاندا تێكه‌ڵ به جریوه‌ی چۆله‌كه‌ی سه‌رچڵانی شۆڕه‌بی گوێچه‌مان و خۆشخوانی شالوورانی نێو مێرگ و سه‌رپۆپان، خشه و گیزه‌ویزه‌ی هه‌زاران مێرووی جۆراوجۆر ڕه‌زمی ژیانن، له‌ته‌ك ئاوی ڕوون و سازگاری كانیاوی پڕ له زیخ و ورده به‌ردی ساف و جوان كه بریقه‌یان له‌به‌ر تریفه‌ی مانگه شه‌ودا سۆمای چاوان ده‌بات، هه‌ر هه‌موویان جوانییه‌ك ده‌به‌خشن كه نۆشینی هه‌ر باده‌یه‌ك لێی ئێكسیرێكی پڕ شیفایه بۆ گیان…بۆ ژیان.
كانی یه‌كی ڕوونی به‌ر، تریفه‌ی مانگه شه‌و
له بنیا بله‌رزێ، مرواری زیخ و چه‌و
بۆن و به‌رامه‌ی نه‌وشه‌ده‌ر و دڵفڕێنی هه‌ڵاڵه‌ی گوڵان، له ده‌رگه و كووره‌ی هه‌نگه ده‌ده‌ن، هاواری لێده‌كه‌ن هۆۆۆۆ…ئه‌ی هاوڕێی به‌ئه‌مه‌ك و شیرینمان…ئه‌وه تۆ له كوێی؟…هه‌نیمان ده‌وێت هه‌نی. بای زه‌لان و زوقمستان وا له‌نێوچوو، له‌ناو شانه‌ی قه‌تیسی ده‌ستی سه‌رما و سۆڵه خۆت خه‌جڵ مه‌كه بێره‌ده‌ر. به‌سه‌رچوو سستی و په‌ستی، ڕۆژی نوێیه، ڕۆژی ئازادی و سه‌ربه‌ستیه، ڕۆژی نه‌ورۆزه نه‌ورۆز. به‌بیستنی ئه‌م مزگێنییە خۆش و بزوین و پڕ گڕوتینه، هه‌ر به‌و چوستیه‌ی هه‌یانه پووره ده‌به‌ستن به‌ره‌و ئازادی و سه‌ربه‌ستی به‌خۆیاندا دێن و ڕوو له په‌پووله‌ی باڵنه‌خشینی دۆستیان ده‌كه‌ن و هه‌مان مزگێنی پێڕاده‌گه‌ێنن، ئه‌مجا پۆل پۆل هه‌ردوو ده‌كه‌ونه خۆشی و شادی و سه‌ما به‌سه‌ر گوڵاندا، ئه‌مانه پێشوازییه بۆ هاتنی حه‌زره‌تی پیرۆزی ڕۆژی نه‌ورۆزی.
گه‌زیزه‌و هه‌ڵاڵه‌و بنه‌وشه سه‌ر دێننه‌ده‌ر پێکه‌وه
بۆنی خۆشی گوڵ‌و گیا ئینسان گه‌ش ده‌کاته‌وه
جووت هاوڕێی دێرین، هه‌نگ و په‌پووله‌ی باڵنه‌خشین به چه‌ندین ڕه‌نگی سروشت له كاتێ گزنگ پرته‌و ده‌دا له‌و باڵه له‌رزۆ‌كانه هێنده‌یتر ڕه‌نگی جۆراوجۆر ده‌په‌خشێنن، پێكه‌وه ده‌چنه سه‌رلێدان و خزمه‌ت گوڵی دۆست و مه‌عشوقه‌كه‌ی جارانیان له‌م گوڵ بۆ ئه‌و گوڵ، خه‌نده و قاقا و چه‌هچه‌هه‌یان دونیا پڕده‌كه‌ن، ده‌م نانه نێو ده‌م بۆ هه‌ڵمژینی شیله، وه‌ك دوو عاشقی تامزرۆی زۆر لێكدوور تا ببنه یه‌ك جه‌سته‌و گیان، بۆیه هه‌ردوو به په‌رۆشه‌وه به چرپه به گوڵی مه‌عشووق ده‌ڵێن:ــ
به ناڵه و گریه و فوغان هه‌رگیز دڵت ئازارنا‌ده‌ین، بۆن وبه‌رامه و هه‌ڵاڵه‌ی خۆشچێژت ئێمه‌ی مه‌ست و بێ هۆش كردوه و له گشتلا ڕامان ده‌كێشێت وه‌ك سه‌رخۆش، بۆیه هه‌ناسه‌ی گه‌رمی عه‌شقمان بردۆته‌وه ناخی خۆمان بێده‌نگیمان نیشانه‌یه.
ده‌سا وه‌ڵامێك ئه‌ی یار!! گوڵی گڕتێبه‌ربووی عاشقتر له‌وان هه‌ر له‌سه‌ر نازو عیشوه‌ی خۆی وه‌ك عاشقێكی خۆبه‌زلزان بێ ده‌نگه و ناێته گوفتان. ڕاسته دابونه‌ریتی عاشقان وایه بۆیه هێنده‌یتر په‌رۆش و شه‌یداییان ده‌بزوێت و گڕی ته‌نووری پابه‌ستییان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر له زیادبووندا ده‌بێت.
هه‌ر كه بولبول گوێی له‌م ڕاز‌و گوفتاره ده‌بێت، هه‌ناوی پڕسووت وای لێده‌كات به هاوار و ناڵه، به گریه و فوغان له‌و گه‌رووه چكۆلانه ته‌نوورئاسایه‌وه كه گڕی عه‌شق ده‌په‌خشێنێت ده‌یه‌وێت خۆی بهاوێته باوه‌شی گوڵ!!
وه‌ی فیداتبم، تووبی جوانی و شۆخ و شه‌نگیت، تووبی پیرۆزی ڕۆژی ژیان به‌خشی نه‌ورۆز، عاشق و دێوانه‌كه‌ی خۆت له‌یادنه‌كه‌یت… ئه‌مه‌یش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی سۆز و میهره‌بانی عه‌شقی ببزوێت و لوتفێك بنوێنێ، به ئاورنگ و شیله‌ی، ئه‌و گڕوو تینه‌ی دابمركێنێت.
له‌لایێ په‌روانه…له‌لایێ هه‌نگه‌زه‌رده، له‌لای شالووران، له‌ولاشه‌وه گوڵی عاشقاسا به‌رده‌وام شه‌و ڕۆژ به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر هه‌مووان چاوه‌ڕوانن كه‌ی ئاهۆرای مه‌زدا ده‌می تاریكی ده‌بڕێنێته‌وه تا به‌دیداری ڕۆشنایی شادبین و یاران بێنه ژوان.
چاوه‌ڕێی موژده‌ی نه‌سیمم تا له گوڵشه‌ن دێته‌وه
به‌ڵكه فه‌رمایش بكا گوڵ، بولبولم بابێته‌وه
گوڵی كه‌مه‌نكێش هه‌ر له‌سه‌ر ئاكاری خۆشه‌ویستی، ئه‌وه‌ی دڵداره بێ ده‌نگی و مه‌عشوقیش سووتان و سیوابوون، گریه فوغان گیرۆده‌یان ده‌كات بۆیه له‌لایێ هه‌نگ و په‌روانه، له‌لایێ گریان و سۆز و فوغانی بولبول، ئاگرێكی وای له هه‌ناو و جه‌رگی به‌رداوه، به ڕووی سوور و ڕه‌نگی جۆراوجۆری خۆی ئه‌و هه‌سته ده‌رده‌خات و به‌لایه‌وه نه‌نگی و شه‌رمه گه‌ر به خوناوی ناو باوه‌شی ئه‌و گڕه‌یان دانه‌مركێنێته‌وه و خۆ له‌و هه‌موو ڕاز‌و گله‌ییانه قوتارنه‌كات و له‌به‌ر ده‌رگای سروشتدا هه‌ر به‌ڕووسووری خۆ نه‌هێڵێته‌وه و ده‌مزاری وه‌فایان بۆناکاته‌وه …
بولبول كه گه‌رمی نه‌غمه‌یه ئاوور ده‌كاته‌وه
غونچه حه‌زینه جه‌رگ و دڵی بۆ ده‌كاته‌وه.
ده‌وه‌ن و شه‌خه‌ڵ و دار و دره‌ختی كه‌سیره له‌به‌رده‌م كه‌ڵووی پیرێژندا، هه‌ر كه بای داراووس به‌سه‌ریاندا هه‌ڵده‌كات ته‌وژم به‌ر خۆ ده‌ده‌ن و ده‌ژێینه‌وه و به چرۆ و شكۆفه و خوناوی سه‌ریان هۆسه‌یه‌ك به‌سه‌ر سه‌رماو سۆڵه و زوقمستاندا به‌رپا ده‌كه‌ن. ته‌ختی زوڵمی سته‌مكاری ده‌ێننه‌له‌رزه و به له‌رینه‌وه‌ی لق و چڵ و ده‌ركه‌وتنی چرۆیان له‌گه‌ڵ شنه‌ی باو گیزه‌گیزی هه‌نگ و په‌روانه و بولبولاندا مزگێنی و خۆشـهاتنی ڕۆژێكی نوێ به‌یه‌ك ده‌ده‌ن.
وا دار باده‌م پێشه‌نگیانه، ئه‌مجا سپیندا و شۆڕه‌بی مڵكه‌ج، بەڵالووک و گۆیژه قیته‌ڵ و هه‌نجیره شیرینه‌ی به‌هه‌شتی، دارمازو و به‌ڕوو، چنار و عه‌رعه‌ر و سه‌رو، گێلاس و هه‌رمی و به‌هێی خۆشبۆ، سێوه لاسووره و گوێزه‌كه‌ی هانه‌ی دڵ… خۆ بادانیانه له‌به‌ر باڵابه‌رزی و ڕێك‌وپێك پۆشی و جوان و سه‌نگییاندا هه‌ریه‌ك شان ده‌سوون له داری تووبا.
هه‌ر هه‌مووی گڕوتینی حه‌زره‌تی نه‌ورۆزه بۆ ئه‌م سروشته جوان و ڕه‌نگینه‌ی كوردستان .
له‌ناو هۆزی مه‌ل و باڵندەدا گه‌شت و سه‌یرانه، قاره‌ی قازو قوڵنگانی شه‌وفڕ گوێ كه‌ڕ ده‌كا له کۆچی دوور و درێژیان به‌ره‌و كوێستان و زۆزان ڕێچكه‌ده‌به‌ستن، ته‌پ و جم ده‌ده‌ن و ڕۆژانه چه‌ندین نیگاری جوان و نه‌خشین له‌و کۆچه دوورودرێژه‌یاندا به ئاسمانی ساماڵ و شینی كوردستاندا ده‌نوێنن كه مرۆڤ سه‌ری سووڕده‌مێنێ له‌و پێكهاته و جۆره جوانییەیاندا. له ناویاندا له‌قله‌ق جیاده‌بیته‌وه، داده‌به‌زێت و لانه ده‌كات له‌سه‌ر مناره و كۆشك و ته‌لار، دره‌ختی به‌رزی ناو شار، مژده‌ی به‌هار ده‌دات به‌و جێگایانه‌ی پار میوانداریان كردووە و نه‌ریتی وه‌فاداری به‌جێده‌هێنن و منداڵانیش ده‌ورووژێن و به‌یه‌ك ده‌نگ هاوارده‌كه‌ن
“حاجی له‌قله‌ق هاته‌وه یاخوا به‌هار به‌خێر بێته‌وه”.
ئه‌وێش وه‌ك زوان زانێك به ده‌ندووكه دریژە جوانه‌كه‌یه‌وه، چه‌ندین سامفۆنییا ده‌چڕێت و به باڵا به‌رز و لامله سـپیه هه‌ڵكشاوه‌كه‌یه‌وه چه‌ندین جار سه‌ری سوپاسگوزارییان بۆ داده‌نه‌وێنێت.
ئه‌وه‌ی جارێك ڕێی بكه‌وێته ده‌شت و مێرگانی ته‌ك سایه‌قه‌ی دوای وه‌شت و بێگومان بینیویه‌تی كه چۆن ئه‌و پۆڕو و مراویانه ڕووده‌كه‌نه دۆڵ و چیا، چیله‌ی ماكه‌و و قاسپه قاسپی نێره‌كه‌وی غوبابی خه‌توخاڵ ڕێژی ده‌م كه‌وبوار كه له‌گه‌ڵ گابه‌رد و تاشه‌كاندا خۆ ده‌سوێی و به‌ده‌وری عاشقه‌كه‌یدا شاپه‌ڕ لێده‌دا، خوڵ ده‌خوا و ده‌خولێته‌وه، قاسپه‌ی تێكه‌ڵ به هه‌زاران نه‌غمه و ئاهه‌نگ ده‌بێت. له‌م دۆڵ بۆ ئه‌و دۆڵ، له‌م كێ‌و بۆ ئه‌و كێ‌و، خه‌به‌ر به كوردان ده‌ده‌ن كه ئیتر به‌سیه خه‌و، ڕاپه‌ڕن ڕۆژی نوێیه، ڕۆژی نه‌ورۆزی كوردانه. كورده پیرۆز بێ چه‌ژنی نه‌ورۆزت، له گه‌ل و هۆزت، ڕۆژی پیرۆزت ڕه‌مز و نیشانه‌ی قه‌ومی مادانه.
له گه‌لێك پیرۆزه …جه‌ژنی كوردانه.
بێگومان وه‌ك به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مینی دێته به‌رچاو و ئاره‌زووی هیچ شوێنێكی تر ناكات.
ئه‌م هه‌زاران ئاوازه كه له‌و چه‌شنه پەڕندە و مه‌لانه، ئاوێزه به باڕه‌ی كارژۆله و به‌رغه‌ل و باعه‌ی مێگەل و بزنەکێوییان، باقەباقی کەروێشکە قونەی بن تاوێران، گمەی کۆترەشینکە و هاقووی پەڕلەپێیان، بۆڕه‌ی گاگەل و زەڕەی گوێدرێژان، حیله‌ی ئه‌سپه‌شی و ماینی كه‌حێلان، حه‌چولوری سه‌گ و تاژی ناو گوندان، سیڕەی داڵ و سیسارکە کەچەڵ و کەرخۆران، قوله‌قول و بگره‌و به‌رده‌ی مامه‌ی شوان و گاوان، چەشنە به‌زمێك ده‌گێڕن ڕۆح ده‌خه‌نه جۆش و شادییه‌وه.
هه‌موی له‌گه‌ڵ زه‌مزه‌مه‌ی عاشق و خۆشه‌ویستی چون زیل و به‌می ئاخشه‌مان كه وه‌ك له زاری گوڵخونچه‌ی جه‌وانان و خنجیلانه‌كانی كوردستانه‌وه دێنه‌ده‌ر، مه‌سیحای زه‌مان ئاسا ڕۆح ده‌به‌خشن به جه‌سته‌ی بێ‌گیان.
ئاسمان به هه‌وری چڕ‌وپڕ و تاری سه‌رتاپای به‌هار داپۆشیوه، گرمه‌گرم و ناڵه‌ناڵ و بروسكه و چه‌خماخه بۆ ئه‌م كێ‌و و ئه‌و كیو، دۆڵ و پێده‌شته‌كانی ده‌نێرێت و سیاتاوی هێناوه، هاژه‌ی لێزمه‌ی باران و چه‌ندین گۆلاو جۆبار و ڕوبار ده‌ڕێچكێنێت و سه‌ر به‌كڵاوه شه‌سته‌ی بارانیان پێوه دیاره. كه‌چی له‌ملاوه سروشت و گژوگیا و گول له‌خۆشی ئه‌م گرمه‌وناڵه‌ی په‌ڵه‌هه‌ور شه‌سته‌گریانی ده‌كه‌ونه خه‌نده و پێكه‌نین هاوارده‌كه‌ن و به ئاوازی نه‌ورۆزی ده‌ڵین ئۆخه‌ی وا فرمێسكی هه‌ورمان بۆ بوو به گۆڵاو پڕژێن، وا واده‌ی بوژانه‌وه‌مانه.
گریانی من و خه‌نده‌ی تۆ ئێسته ده‌شوبهێ
به‌و مه‌وسیمی بارانه‌ی كه غونچه ده‌پوشكوت.
هاكا به‌ری ئاسمان گۆڕا و په‌ڵه‌هه‌وری قاڵیچه ئاسا له سـنگی چیا و كه‌ژاندا به‌ره‌و ڕه‌وینه‌وه بچێت. لایه‌ك به سیا و لایه‌ك به سپی. له بانییه‌وه خۆر جاره‌وجاره سه‌ره‌تاتكێ ده‌كات، گاهێك خۆی حه‌شارده‌دات، گاهێك تیرۆژ ده‌وه‌شێنێت. پرشنگ و پرته‌وی زێڕینی ده‌مه‌و ئێوارانی لێره‌و له‌وێ دەپه‌خشێنێت و چه‌ندین دیمەنی جوانی په‌نجه‌ی سروشت به حه‌وت ڕه‌نگه ئارایشت پۆشه‌كه‌ی له‌ته‌ك نمه‌باراندا به‌دیارده‌خات، په‌ڵكه‌زێڕینه‌كه‌ی عاشق به زوڵف و ئه‌گریجه‌ی خاو و ڕه‌نگین به خه‌نه‌و وسمه‌ی نەوبەهارە كیژانی كوردستان دێنێته خوار و كڕنووشیان بۆ ده‌بات و له‌به‌رده‌م كه‌وانه‌ی برۆ و شۆخ و شه‌نگیان داده‌نه‌وێته‌وه، ئینجا بە تارا نه‌خشینه‌كه‌ی خۆی پێشكه‌شبكات و خۆی پێنه‌گیرێت له ئاستیاندا و بێ یه‌ك و دوو هه‌ڵبێت.
چه‌ند نه‌خشین و دڵفڕێنه كه پۆله‌ژن و كیژانی زه‌رد و سورئاڵی واڵاپۆش که ڕه‌شماری زوڵفیان چین له‌سه‌ر چین و ئه‌ڵقه پێچ به‌سەر شان و ملدا تا سه‌ر هه‌یاسه و که‌مه‌ر په‌خش و بڵاوه ده‌كشێن به‌ره‌و بێری، یان كیژانی باڵا عه‌رعه‌ری گوڵئه‌ندامی سوخمه ماردینی بەی فنجان نه‌گرتووی لێو مه‌رجانی به‌ژن ناسك و شمشادی چه‌شنی په‌ری ئاسمان. سه‌رچاوه‌ی بۆنی مێخه‌ك و سمڵ، ڕێحان و گوڵی مێرگان كه هه‌زاران عاشق بێسه‌ر ده‌كه‌ن و هه‌ست ده‌بزوێنن له هه‌ڵگرتنی گۆزه به‌ره‌و كانی ژنان و سوێسكه‌ڕه‌وتییان.
بڕوانه…. شاییه، چۆپی/یه له ماڵه،
گوێ بگره! ده‌هۆڵه، زوڕنایه، شمشاڵه،
زه‌رد و سوور تێكه‌ڵاون، ژن و پیاو هه‌رایه…..
له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه.
سا توخوا، خێراکە، با بڕۆین، دەست بگرین
بە کامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین
ده خێراكه ئه‌ی په‌ڕه‌ی دڵم! ئەی ناسكتر له گوڵ… با بڕۆین و فریای ده‌سگرتن كه‌وین، با به كامی دڵداری و تازه‌كردنه‌وه‌ی په‌یمان، پێكه‌وه هه‌ڵپه‌ڕێن و به‌لاوه‌نێین زوویری و گزیری.
ده‌سته‌ی کیژانی دڵداری ناسكه ئاسكی سڵ له‌سێبه‌ر كردوو به‌ره‌و ده‌شت و ده‌ر، به‌ره‌و مێرگوزار، به‌ره‌و بناری كه‌ژ و چیای ڕه‌نگاوڕه‌نگ كه هه‌رده‌م ڕه‌نگێك ده‌پۆشن و دڵ ده‌كەن خۆشنود، به‌رەو كنگری هه‌واران و ڕێواسی كه‌لان و لووشه و به‌ڕه‌زای گوێ چه‌مان پۆل پۆل بەرهەڵبێنە و چارۆكه له كۆڵ كه تییدا هه‌زاران حه‌زو خۆزگه و دڵاوێزییان حه‌شار داوه. نه‌رمه نه‌رمه هه‌نگاو ده‌نین به‌ره‌و جـێ ژوان به‌رەو كۆڕی دڵداران له یه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، به‌ره‌و گرۆ كه نێونیگا و هه‌ڵوێسته و ئاوڕ و لاقرتێ و خه‌نده‌یان له‌خۆیدا نیشانه‌یه بۆ پاكی و بێگه‌ردی دڵڕەوانی سۆزی عه‌شقیان. به‌ده‌م به‌یتی لاوك و حه‌یران، گۆرانی ئامان له‌رزانه و كناله‌یل و سیاچه‌مانه، هه‌ر تۆم ده‌وێ تۆ، کیژان دەچنە مێرگوڵان و چه‌ندین به‌سته‌و به‌ندان ده‌چڕن. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن نایڵێنه‌وه و دڵۆپی خوناڤی گۆنایان به شه‌ماڵ ده‌سڕن.
مێرگوزار بۆنی گوڵانی ده‌دا به بای شه‌ماڵ، بای شه‌ماڵ ده‌یگێڕێ ده‌یبا ماڵ به ماڵ. سۆزی بەیانیان هۆشی دڵداران و دڵبەران پڕ ئه‌کات له بۆێ خۆشی گوڵزاران
هه‌ر له‌وێدا ده‌سته‌ی دڵداران به خۆزگه‌ی ده‌ست له نیو ده‌ستان و شان له‌یه‌ك خشان، گۆڤەند و هه‌ڵپه‌ركێی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك سازده‌كه‌ن تا بتوانن سرت و خوردتی دڵانیان بۆ یەكتر وەكەن. شاییگێڕ له‌ته‌ك ده‌هۆڵ و زوڕنا گه‌ڕۆكه‌كه‌ی ما‌م زۆراب و لاله ساڵحه و عەلی بولبول ئاهه‌نگ گه‌رم ده‌كات، هه‌ر له چه‌پی و سێـپێـیی، شێخانی و به‌گزاده‌ێی و هه‌ورامی و گه‌ڕیانی وقه‌ڵایی و كوڵه‌باڵی و فه‌تاحی وخانه‌میری و دووچۆپی. لەملایشەوە لاوی نه‌وبه‌هاری كاكۆڵ لوولی فەقیانە بە با، قریوه‌ی سه‌رچۆپیه‌كه‌ی حه‌وت فرسه‌خ ڕێده‌كات. وەك چۆن نێره‌كه‌وی غوباب خۆی هه‌ڵناوه و له‌سه‌ر دوو په‌نجان هه‌ڵده‌قونی وسه‌ر باده‌دات و شان و بازوو به‌رامبه‌ر تیله و غه‌مزه‌ی چاوبازی مه‌حبووبه خنجیلانه نازداره‌كه‌ی ڕاده‌وه‌شێنێت، شـا به سه‌پان نازانێت.
ئای له‌و ده‌مه‌ی كه به‌ستێ خانی دڵفڕینی پێی ناز به زه‌ویدا ده‌داو و زرنگه‌ی له‌رزانه و گواره‌و خڕنگه‌ی بازنه و خڕخاڵی پێی، بۆنی مێخه‌ك و سمڵ و خشلانی، ڕێحانه‌ی بناگوێ و عه‌تری سه‌ر گۆنای، هێنده‌یتر مه‌ست و شه‌یدای ده‌كات، بۆیه هه‌ر خێرا هه‌ستی و سۆزی شاعیرانه‌ی ده‌بزوێت و به‌ده‌نگی ناسك و خۆشی ده‌كه‌وێته هه‌وای ئه‌وین و شه‌یداییه‌وه و ده‌چڕێنێ و ده‌ڵێت:ـ
با بێ، خه‌نده‌ی پڕ به‌زمو ئاهه‌نگ بێ…
نه‌غمه‌ی نازی شۆخ و شه‌نگ بێ،
زڕه‌ی بازن و هاڕه‌ی هه‌یاسه و ورشه‌ی ئاگربارانه بێ…
هه‌ر به‌بیستنی ئه‌م نه‌رمه به‌ستانه هێنده‌یتر به‌ستێ خان و ئه‌و دڵپیكراوانه‌ی تریش گه‌رمتر و به‌جۆشترو خوین بزوێنتر ده‌بن.
ده‌سته‌ی كوڕگه‌ل تاك تاكه گه‌نجی هۆكڵیان تێدا به‌دێده‌كرێت به به‌رگی مه‌ره‌زی نایاب ڕێسراوی ده‌ست و په‌نجه زێڕین و ته‌شیله گوێزینه‌ی حاجی مه‌ریه‌م و پوورە خه‌جێ و میمكه وه‌نه‌وش، كڵاشی گرێچنی نایابی ده‌ست و په‌نجه و دره‌وشه‌ی حاجی ئه‌بوبه‌كر و وه‌ستا نادر و …خۆی تاس داوه بۆ ڕاكێشانی مه‌یل و دڵی یاره دڵفڕێنه‌كه‌ی….ئه‌م به‌زم و گۆڤه‌ند و هه‌ڵپه‌ركێیه به چه‌شنێكه په‌ری و فریشته‌ی ئاسمان له سه‌یر و نمایشیان تێر نه‌ده‌بوون نه‌یانده‌په‌رژایه سه‌ر چین و ماچینانی تر.
وای وای… كه هه‌ناوم بۆیان ده‌برژێ، له سـۆیان، له خۆزگه‌یان و له ترپه‌ی دڵیان، له نیاز و ئاواتیان، له نیگای چاوانیان، له خەندەی لێویان كه هه‌رهه‌مووی له پێناو عه‌شق و ژیانێكی پڕ خۆشه‌ویستی و ئه‌مه‌كداری دایه و چاوه‌ڕیی نووری ئاهوورامه‌زداین، ئاوری نه‌ورۆز كه به‌خشیویه‌تی به كوردستان، تاو و گڕێك بخاته دڵی ئه‌وانه‌ی له ئاستیدا ئه‌سته‌نگه‌ن.
له‌ولاشه‌وه ده‌نگی بلوێره‌كه‌ی مامه قاله و مامه سمایل و ئه‌حه شاخه‌ی شوان به شێوه‌یه‌ك گه‌رمیان كردوه كه‌س ئاگای له مێگه‌ل و ڕان و كنگرچن و دەسکەنەی ڕێواس هه‌ر نه‌ماوه…
ئای چ جوانه، چ ،خۆشه ئه‌و ده‌شت و ده‌ر و شاخ و دۆڵانه كه هه‌روه‌ك به‌هه‌شت، زه‌مزه‌مه‌ی خۆشییان لێده‌باریت ..
هۆۆۆ…هۆ كاكه‌ی شوان! گوێم لێیه له‌و بن داره
ئه‌وه‌ی ده‌یڵێیت نایڵێیته‌وه دووباره
به ئاوازت مێگه‌له‌كه‌ت سه‌رخۆشن
سه‌رمه‌ست ئه‌ڕۆن، ئه‌له‌وه‌ڕێن، به جۆشن
ده‌نگی شمشاڵ مۆسیقای كوردستانه
كه گوێی لێ بگرم بۆ ده‌ردم ده‌رمانه
له دامێنی مله و قه‌دپاڵاندا، له‌به‌ر تریفه‌ی مانگه شه‌و و گڕ و جۆشی ئاگری مووره‌دار و، پڕشنگی گوڵه‌ئه‌ستێره‌ی چرای شه‌و كه وه‌ك زه‌ڕتاو خۆده‌نوێنێ به‌ده‌م ده‌نگی به‌سۆزی بلوێره‌كه‌ی ما‌م سمایل و ڕه‌شه شاخی و حه‌مه كۆڵ و … شوانی گوند و ئاوایی ده‌یان مێگەلە مه‌ڕ و ماڵات مۆڵ ده‌درێن و شەوێن دەدەرێن و به ئاسوده تا گزنگە زیوینی سۆزی به‌یان ئه‌مجا ده‌كه‌ونه ته‌پ و جم بۆ مێرگی تازه‌ی پڕ له‌وه‌ڕ. تاده‌م خۆرئاوا هه‌مدیس ده‌یانگوازێته‌وه بۆ مۆڵگه‌یه‌كی تر. مێگه‌ل له شه‌وانه‌ی مۆڵگه‌دا هۆگر گیرۆده‌ی ژه‌نینی بلوێرن، هه‌ر هه‌موو چاوڕاویانه تا یه‌كه‌مین سۆز و ئاواز به‌ر گوێیان ده‌كه‌وێت و هه‌ستی ئا‌سووده‌گیان تێدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. به‌وپه‌ڕی كه‌ف و كوڵه‌وه ما‌م سمایلی زینده‌دڵ و به‌وه‌فا بۆ ماڵاتی گونده‌كه‌ی قامكان ده‌بزوێنێ و سه‌ران باده‌داو ده‌یان نه‌غمه و سازی جۆراو جۆر له گه‌رووی شمشاڵه سیحراویه‌كه‌یه‌وه ده‌هه‌ژێنێت، كه تێهه‌ڵكێش ده‌بێت به ده‌نگی زه‌نگوڵه‌ی ملی كه‌ڵه‌به‌رانی پێشه‌نگ به مێگه‌ل.
هۆهۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراوت
بە بلوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی هەرد
بە (سوارۆ)یك، بە (حەیران)ێك، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
ده‌سا كاكه‌ی شوان ژانت بهه‌ژێنه، سۆزی شمشاڵت بخه‌ره‌كار با دڵی هه‌مووان ئاسوده بێت، خۆ وه‌ستایه‌ك نه‌بوو په‌لت بگرێت ئه‌ی چۆن فوویی ناو بلوێرێكی درێژی ڕه‌ق و بزواندنی قامكانت ئه‌م سیحره ڕۆح بزوێنه فێربوویت ؟ دە تووبی یه‌زدان پیم بڵی!!
نا نا ده‌زانم…. بەخودا ببێت‌و نەبێت، وه‌ستای سیحری جوانی و دڵفڕێنی سروشتیت…ئه‌م كوردستانه‌یه.
جا هه‌ر كه‌سێ ڕیی بكه‌ویته ئه‌م كوردستانه و به چاوانی خۆی ئه‌و سروشته ببینێت، ده‌ڵێت… مه‌گه‌ر یه‌زدان به‌ده‌ستی پیرۆزی خۆی ئه‌م به‌هه‌شته‌ی دروستكردبێت، ئه‌مجا ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیانی به‌لاوه ده‌نێت له‌به‌ر ئه‌و جوانی سروشته دەستە وەسان دەبێت.
هۆ شوانی به‌هره‌دار تێ خوڕه، چاوه‌ڕێین
ئارایشت ته‌واوه، ئاماده‌ی هه‌ڵپه‌ركێین
په‌ڕۆشی ئاوازه‌ی به‌سۆزی شمشاڵین
بێ سیحری فووی ده‌مت، به‌زم و نۆش به‌تاڵین
هەر لەبەر ئەم سروشتە بێ وێنەیە کە ده‌ستی زۆرداران و ناپاکانی دڵ ڕه‌ق و سروشت نه‌ویستان، هەرچییەکیان کردبێت، نه‌یتوانیوه جوانی و سیمای سروشتی ئه‌م خاكه دڵگیره بگۆڕن.
دڵگیریی و جوانی شاخی نه‌هاڵ و هه‌ڵموت و زه‌ندۆڵ، كه‌پكی سپی پڕ به‌فر یان ڕووته‌ن كه هه‌ر وه‌ك ئاسمانیان گرتبێته باوه‌ش، پله‌ی خز و مله‌ی به‌رز، ده‌ربه‌ندی ته‌نگ و جه‌نگه‌ڵ و دارستانی چڕ و خوڕه‌ی سێڵاوی به‌فراوان تێیدا، سه‌رگه‌له‌ی كه‌ڵڕه‌وه‌كان له‌م زینۆ بۆ ئه‌و زینۆ، لەم بنه‌كاو بۆ ئه‌و بنه‌كاو پاش چه‌ندین پڕمه پڕم و هه‌ڵوێستان،ئه‌مجا ده‌كه‌وێته گه‌شت و له‌وه‌ڕ، به‌سه‌ریاندا بازی ته‌ڕلان و چه‌رخ و شمقار و شاهێن و هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕ و چیكڵ وه‌ك گلاراو چه‌رخ لێده‌ده‌ن و خولده‌ده‌ن تا به‌ره‌و بێچووی قه‌تیسی ناو هێلانه‌ی كونه شاخ و كاوه‌كان نێچیری ڕاویان كێشكه‌ن.
ده‌نگی بولبوڵ، قاسپه‌ی که‌و له‌شاخ ده‌نگده‌داته‌وه
به‌ینی دۆست و دڵداران ئه‌وجار نوێ ده‌بێته‌وه
گاسنی زاخدراو، گاجوتی ئاماده له‌ته‌ك نه‌قیزه‌ی سه‌ر شانی پاڵه و ڕه‌نجده‌ران، وه‌رزێر و جوتیاران، به وه‌حه وه‌ح و وابڕۆ و وا مه‌ڕۆ به‌ره‌و زه‌وی به‌یار یا بوور و شیف و وه‌رد ملده‌نێن، سه‌بیل و قه‌نه‌و تووتنی بۆنخۆش و به‌ر‌ده‌ستێ و پووشوی بۆنخۆشی پیره‌گه‌نده‌ڵه‌دار له‌ناو كیسه‌ی كه‌تانی به‌رپشتێن و نانی قه‌دكراو، قۆری ڕه‌شتاڵ و پیاڵه و شه‌كر و چایی،كه‌ره و په‌نیری ده‌ستی كه‌یبانووی له په‌ری ناسكتر و خۆشه‌ویستر له كۆڵوانه‌كه‌ی پشتی ده‌نێت، جاره‌جاره‌ش خورماوڕۆن یا گه‌زۆ یان شۆكه یان دۆ، یان هێلكه‌ی كوڵاو به‌بێ ئاگای باوكی زاڕۆڵه‌كان بۆ له چارۆكه‌ده‌نێت وه‌ك خۆشه‌ویستی و پێزانینی به‌و ڕه‌نجه.
ئه‌مجا به‌ته‌مای ساڵێكی پڕ به‌ره‌كه‌ت، فەڕ و بەڕۆز، هه‌ر له ترازاندنی ده‌رگای حه‌وشه و یه‌كه‌م هه‌نگاودا بیسمییللا ده‌كات و ئه‌مجا نه‌قیزه‌ی ده‌ژه‌نێت و ده‌كه‌وێته به‌زمی لاوژه و بالۆره‌ی خۆی و له ته‌واو بوونی هه‌ر هێڵێكدا ماشه‌ڵایه‌ك و ئه‌لحه‌مدێك بۆ به‌ره‌كه‌ت به‌سه‌ریاندا ده‌كات و ده‌یان جار خۆی به‌سه‌ده‌قه‌ی شان و مل و ڕانی گازه‌رد و گابۆر ده‌كات. ئه‌وجا ئێواره هه‌ر به‌ده‌م سوپاسگوزاری و سۆزی یه‌زدانی و به‌و هه‌موو بۆن و به‌رامه سه‌ر مه‌سته‌ی که له خاك و خۆڵی هه‌رده‌وه تێکه‌ڵ به جلوبه‌رگی ده‌بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه و که‌یبانووی ماڵیش له‌سه‌ر بانیژگان چاوی به چاوه‌ڕییه.
له لایه‌ك ده‌سته برای ناو دێ، به داسۆلكه و تیغه كوڵینه‌كانیانه‌وه بۆ ڕه‌ز بڕین ئاماده‌ن و هه‌ریه‌كه له ئاوازێ ده‌خوێنێت، دوكه‌ڵی چیلكه‌وچه‌وێڵی پار و ئه‌مسال به‌ره‌و بڵندیی هه‌وران ڕێچكه ده‌گرن. له لایه‌ك كاكی ئاڵوده‌ی ڕاوه كه‌و/یش هه‌ر سه‌یری هه‌وری ئاسمان ده‌كات، خۆی خڕهه‌ڵداوه بۆ قه‌فه‌زی له چارۆكه‌ی سیواغدراو به قوڕی ناو حه‌شار، ناوناوه و ده‌یان و ده‌یان جار خۆی به‌ده‌وری كه‌وه خۆشخوانه‌كانیدا هه‌ر له كه‌وه سیته‌كی و كه‌وه شاخیی و شه‌له و وێڵه‌ده‌ری و قه‌ڵه‌مپاشایی و هه‌ڕووته‌یی و كه‌وه قه‌ره‌چوغی و گرده‌زبێریی و وه‌زیاره‌یی كه به تاقانه و چاپووك ناودێریانده‌كات و ده‌گێڕێت و ده‌گێڕێت. ته‌گبیری ڕاوی سبه‌ی ده‌كات و خۆی بۆ چه‌ندین جۆر له كه‌وه ئازا‌و شه‌ڕانیه‌كانی ناوچه‌كه ده‌نێته‌وه و گه‌ر كه‌وه‌كه‌یشی سستی نواند ئه‌وسا تیغ له گیرفانه!!!
وای… چ جوان و ڕه‌نگین و دڵفڕێنه ده‌سته‌ی كیژان و ژنان، هه‌ریه‌كه له‌سه‌ر بانیژیكه‌یان ده‌س به مه‌شكه بۆ ژه‌نین یاخود ته‌شیله‌ی ڕستن، چ خۆشی هێنه‌ره سه‌یركردنیان، چاو تێرنابێت و ده‌ڵێت ئاخۆ گه‌ر مایكڵ ئانجلۆ یاخود بیكاسۆ یاخود یاخود…چاویان به هه‌ر كامێكیان بكه‌وتایه ئاخۆ چ وێنه و نیگار و نه‌خشه‌یه‌كیان بۆ ده‌كێشان؟ جەڕە و گۆزه‌ی پڕ له ئاوی زۆڵالی مرواری ئاسای کانیاوی پاك و ڕوونی بەرئاوایی سه‌رشانی ناسكه جوانانی سڵكردوو له سێبه‌ری خۆشیان له ده‌مه‌و عه‌سر و ئێواران چاوه‌ڕوانی ده‌یان دڵبه‌نده‌ی هه‌رزه‌كاران و تیله‌ی چاوان و خه‌نده‌ی ژێر لێوانن، هێنده جوان و دڵفڕینن كه شاعیران له ئاستی فرۆزه‌یاندا بێگۆن، مه‌گه‌ر هه‌ر تاك و ته‌را بتوانن بڵێن :ــ
ئێواره‌یه وا، هه‌ڵگره سا گۆزه‌یی تازه
ڕێی كانی، قوربان ! مونته‌زیری جیلوه‌ی نازه
به‌رده‌رگه‌كه‌تان قیبله‌یی ڕووی ئه‌هلی نیازه
ئای كه جوان و دڵاوێزه دێراوی ڕازاوه‌ی په‌نا گوندان که هه‌ر ده‌ڵێی ده‌ستی خاسترین سه‌نعاتکار نه‌خشه‌ی کێشاوه. نێڵه‌ی ئاگری كراوه‌ی ده‌م چیا و بناران له شه‌واندا یاخود ترووسكه ترووسكی شەمیلەفانۆس و چرای به‌ر هه‌یوانی ماڵانی گوند، یان دووكەڵكێشی سەربانان كە دێنەدەر، سەر ئاواییان وەك تەمێك داپۆشیوە كه خۆشی هێنه‌ر و ئاسووده به‌خشی دڵانن.
له نێو گوڵزار و گوڵستانی ماڵانی شاریشدا هه‌ر له گوڵه باخی هه‌مه‌ڕه‌نگ و بۆ، بڕۆ بۆ گوڵه مێخه‌ك و ده‌مه‌شێر و دالیا و قه‌وانی و قه‌یفه و قه‌زه‌ح و په‌سه‌ند، سونبول و نازناز و شه‌ستپه‌ر، ئه‌شره‌فی و خاتوونی و زه‌مبه‌قی، ئه‌سته‌مووڵی و عه‌رووسی و لالوعه‌باسی، وه‌نه‌وشه‌فه‌ره‌نگی و گوڵه سه‌عاتی و گوڵه‌خه‌نه، گوڵه‌پێغه‌مبه‌ره و لاولاو و چاوه‌پشێله، هه‌میشه‌به‌هار و په‌نجه‌ی خانم و لاله‌زار و پاتۆنیا و….و …..چه‌ندین دیمه‌نی ڕازاوه‌ی باخ و گوڵره‌نگیتر، كه به‌ده‌م شنه‌ی به‌ربه‌یانیانه‌وه ده‌كه‌ونه خه‌نده و خۆنواندن، بۆن و به‌رامیان گه‌ڕه‌ك پڕده‌كات چ جای ژوور و هه‌یوان و دڵان و … و … یه‌ك به‌ویتر ده‌ڵێ لاكه‌وه ناشرین جوانیم مه‌شاره‌وه با ما‌م ئه‌وڕه‌حمانه‌كه‌ی* خۆشه‌ویستمان و خاوه‌نی پڕ سۆزمان پڕ ده‌ماغ بێت، ئه‌ویش به‌و هه‌موو توانا و حه‌وسه‌ڵه و گۆڵ خۆشه‌ویستیه‌وه، چاوێك ده‌كاته سه‌دان چاو تا گه‌ردش و خه‌وشیان لادا و له ته‌كیاندا ده‌دوێت، به‌ده‌میانه‌وه ده‌خه‌نێت قوربانی جوانی و نه‌زاكه‌تیان ده‌بێت و وه‌ك له زار‌و ڕاز‌و وگوفتاریان بگات، به ڕه‌ونه‌ق و ڕشتنی خاڵ و ملیان گه‌زگه‌ز باڵای ده‌كرد، بۆ ئه‌و دونیایه‌كی خه‌م ڕه‌وێن بوو بۆیه ئه‌وانیش به جوانی و بۆن و به‌رامه‌یان هه‌زاران جار ملی ڕێز و وه‌فایان بۆ دائه‌نه‌واند.
مرۆڤ ڕۆح به‌خشه به بینین و بیستنی ئه‌و هه‌موو شتانه و وا ده‌زانن که له که‌شتی خه‌یاڵدایه نغرۆی ده‌ریایه‌کی بێ کۆتایه و به نه‌ورۆزی کوردستاندا ته‌ی ده‌کات….
له ئاسمانی كوردستاندا، له پیرانی دانا و زانا، فامید ئه‌ندامێ، ڕوخسارێكی خۆش دیمه‌نێ، قه‌له‌نده‌ر ڕه‌وشت و خاسڕه‌وێ، ڕه‌وانبه‌خشنده‌و سفره‌پڕ حاته‌مێ، فریشته ئاسایێ، مه‌سیحا سیفه‌تێ، نه‌ورۆز بوژێنه‌رێ، خامه تیژڕه‌نگینێ، له‌پ زێڕینێ، ڕیش چه‌رموو مووساییێ، شیوه‌كه‌ڵی بنه‌چه و مه‌سره‌ف زاده نازناوێ، باڵا كورتی به‌عه‌قڵ و كه‌ماڵ ئه‌فلاتون و ئه‌ره‌ستۆێێ، خاوه‌ن شیعری نه‌ورۆز هاته‌وه گوفتارێ، پاكوڕه به‌ده‌ست و سیداره له‌سه‌رێ، ڕۆح بێگه‌ردێ، ڕه‌وتار ڕه‌هبه‌رێ، سیما نوورانیێ، گیرفان به‌تاڵ و كه‌شكۆڵ پڕپڕێ، مه‌ردێكی خۆ نه‌ویستێ و دونیا وه‌لایێ، كه له نیوچه‌وانیدا بلیمه‌تی و توانایی و لێوه‌شاوه‌یی ده‌دوێت، دوامه‌نزڵگه مامه یاره هاوده‌مێ … و..و ..و .. ئه‌مانه و چه‌ندین و چه‌ندینی تر بڵند پایه حاجی تۆفیقی نازناو به پیره‌مێردێ….. به‌ڵێ… ئه‌و فه‌یله‌سوفه، ئه‌و كه‌ڵه مێره، كه هه‌موو ساڵێ له‌سه‌ر گردی مامه یاره، مامه یاره‌ی شۆڕه‌سواری دوژمن به‌زێن، له‌ده‌م كارێزی وه‌ستا شه‌ریفدا ئاهه‌نگی یادی نه‌ورۆزی سازده‌كرد و ڕۆحانی مادی به‌ره‌بابی كوردانی شاد ده‌كرد، چه‌ندین پیاوانی ڕێزداری شـار و شـاعیران و خوانندانی هه‌نك داوودئاسا و كیژانی شالوورئاسای بۆ ســروودبێژی كۆده‌كرده‌وه. حه‌شــامێكی زۆری سـله‌یمانی خڕده‌كرده‌وه و ئاپۆرەی خه‌ڵكیش به‌وپه‌ڕی خۆشی و تامزرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه پیرۆزه ده‌بوون، هەر بۆ بەیادکردنەوەی ئەم ڕۆژە پیرۆزە، پڕ به گه‌روو، ئەو سروودە نەمرە پڕجۆشەکەی پیرەمێردی دانا/یان ده‌چڕییەوە کە لە سینەیاندا بۆ ڕۆژە هەڵیانگرتبوو:ــ
ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆز هاته‌وه
جه‌ژنێكی كۆنی كورده به‌خۆشی و به‌هاته‌وه
نه‌ورۆز بوو ئاگرێكی وه‌های خسته جه‌رگه‌وه
لاوان به عه‌شق ئه‌چوون به به‌ره‌وپیری مه‌رگه‌وه
بۆیه ده‌توانم بڵێم كه ته‌نیا و ته‌نیا هه‌ر ئه‌و به بوژێنه‌ری ئه‌و ڕۆژه وه‌ك سیمبولێكی نیشتمانی داده‌نرێت. مامە حاجی پیرەمێرد به گۆچان و سداره‌كه‌یه‌وه ماڵ به ماڵ ئاماده‌بووانی به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه و ده‌گه‌ڕا له هه‌ر قازانه ده‌نكێ یاپراخی گه‌ڵامێو یان خواردنه خۆش و به‌تامه‌كه‌ی خۆی كه‌بابی نۆشده‌كرد و ئێمه‌ی منداڵانیش خۆمان پێدا هه‌ڵده‌واسی و هاوارمان ده‌كرد “ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه حاجی تۆفیق بوورایه‌وه”.
ئه‌و دانا مه‌زنه‌یش….بێ خۆ تێكدان له ته‌كماندا وه‌ك سه‌رچۆپی بگرێت بۆمان، گۆچانه‌كه‌ی ڕاده‌وه‌شان و سـداره‌كه‌ی به‌هه‌وادا ده‌دا و ده‌یفه‌رموو” ڕۆڵه‌كانم….زه‌مانی من به‌سه‌رچوو، ئێوه هیوای گه‌لن، من زۆر خۆشحاڵم به‌م بوورانه‌وه‌یه. ئامان و هه‌زاران جار ئامان ئه‌م ڕۆژه پیرۆزه له‌یاد نه‌كه‌ن دوای منیش هه‌ر به‌رده‌وام بن. ئه‌مه جه‌ژنی كوردانه جه‌ژنی كوردان”.
ئای كه ڕۆژیكی خۆش بوو، كه‌س به‌ركه‌س نه‌ده‌كه‌وت، هه‌موو خۆی به‌یه‌ك خێزان ده‌زانی و چه‌ند به‌ره‌یی و حیزبایه‌تی كه جوداخوازی خسته نێوانمان و ئه‌ملا و ئه‌ولا نه‌بوو بۆیه تا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ هه‌موو به‌ده‌م ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆز هاته‌وه‌یان ده‌یانگووت و ڕوویان له‌یه‌ك ده‌كرد و به‌یه‌ك ده‌نگ :ــ”ڕۆژی نه‌ورۆزه گه‌ردن ئازادیه”بۆیه ده‌ڵێم هاتنی نه‌ورۆز هاتنی گوڕ و تینه و سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕانه و پێداچوونه‌وه‌یه، وزه‌یه‌كه بۆ هه‌مووان تا بتوانین به‌رنامه‌ی ژیانمان دامه‌زرێنین و كه‌ڵك وه‌ربگرین و له پێناو مافه نه‌ته‌وییه‌كانماندا كاوه ئاسا دژ به زوحاكانی سه‌رده‌م بین.
ئه‌ز شتێكی وام نه‌نووسیوه ته‌نیا دڵۆپێك له باران و گوڵێكی ناو مێرگ و سه‌ر كه‌پكی چیایه‌كی كوردستانه‌كه‌م نه‌بێت بۆیه پڕ به‌زار هه‌ر سروودی نه‌ورۆز ده‌چڕم و ده‌ڵێم هه‌ر ئاوابێت كوردستان به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مین و گشت ساڵ یادی نه‌ورۆز به خیرو خۆشی و سه‌رفرازی بكرێته‌وه.
هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت به به‌رته‌قای گڵی سه‌ر مه‌زاری پیرۆزتان ئه‌ی شاعیرانی كوردستان، درێغیتان له ڕازاندنه‌وه‌ی دیوانه‌كانتاندا نه‌كردوه و هه‌ر یه‌ك به‌ڕه‌نگێ له نه‌ورۆز ده‌دوێت.
خۆزگایە بە خۆزگایی خودا…. لەئاستی جوانی ئەم سروشتە خودا بەخشەبووینایە، بمانتوانیبا وەك باوەگوڕگوڕ ئاسا بەئەمەك و دڵسۆزبووینایە بەرانبەر بەو گڕوتینەی کە ئاگری نەورۆز پێمان دەبەخشێت. بمانکردایە گەرمە وزەیەکی بەجۆشی لەبن نەهاتوو بۆ خۆمان و سووتێنەر بۆ ناحەزان.
ئه‌ز ناڵه و گریه‌ی غوربه‌تم ده‌خه‌مه ته‌ك ناڵه پڕ سۆزه‌كه‌ی حه‌زره‌تی وه‌فایی كه ده‌فه‌روێت:ــ
بولبول وه‌ره تا رۆحی من و تۆیه بناڵین
تۆ باغی گوڵانت چوه، من داغی دڵانم
قومری وه‌ره تا ڕۆحی من و تۆیه بگریه‌ین
تۆ سه‌روی ره‌وانت چوه من ڕۆحی ڕه‌وانم
یان هه‌ر وه‌ك حه‌زره‌تی نالی عاشقه‌كه‌ی حه‌بیبه‌ی كوردستان:ــ
ئاو له چاوانم به‌خوڕ دێی، ئاگری دڵ ناكوژێته‌وه
وه‌ك جه‌هه‌ننه‌م ئه‌م ته‌نووره ئاوی تۆفانی ده‌وێ
ئەمنیش له‌م غوربه‌ته‌دا ده‌ڵێم، تاڤگه و شه‌تاو و نێرگزه‌جاڕی كوردستانی ده‌وێت.
له دواییدا ده‌ڵێم دوكه‌ڵی هه‌ناسه‌ی سینه‌م کە وه‌ك ئه‌و نانه‌واخانه‌یەکە، جگه‌ر نانه و فرمێسك ئاگر، چاو/یش ته‌نوورە بۆ یادی ساڵانه‌ی نه‌ورۆزی غه‌ریبی و دوور وڵاتی كه هه‌رگیز ناگاته گڕوتین و بۆنوبه‌رامه‌ی نه‌ورۆزی ناو خاكه بێ‌ناز كه‌وتووه‌كه‌م….. كوردستان
————————–
*ڕه‌وانشاد ما‌م ئه‌وڕه‌حمان باخه‌وانی باخچه‌ی گشتی بوو له شاری سله‌یمانی، خۆشڕه‌فتار و ڕوخسارنوورانی و هاوده‌می گوڵ بوو. هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ناو گوڵ و گوڵزاری ئه‌و باخچه‌یه به ئه‌مه‌كه‌وه به‌سه‌ربرد، هه‌ر هه‌موویشی له‌پێناو ڕازاندنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا، شاری هه‌میشه زیندوو، شاری نه‌ورۆزه‌كه‌ی پیره‌مێردی دانا، شــاری سلێمانی.
*ئه‌م نه‌ورۆزنامه‌یه زاده‌ی بیروهزری خۆم و گوڵبژێری چه‌ندین به‌یته شیعر و وشه و ڕسته‌ی چوانی نووسه‌رانم تێدا به‌کارهێناوه هیوادارم که تام و چه‌ژێکی لێوه‌رگرن و به دڵی به‌ڕێزتان بێت و به داوای لێبوردنه‌وه که ناونووسی ئه‌و به‌ڕێزانه‌م نه‌کردبێت که به‌یته شیعر و ڕسته‌کانم لێوه‌رگرتبێت.
*یەکەمین جار لە سایتەی “دەنگی مرۆڤ”دا بڵاوم کردەوە کە بەڕێز مامۆستا ساڵح محەممەد ئەمین بەڕێوەیدەبرد.
فه‌وزی ره‌مزی مه‌لا مارف/
نەورۆزی /2008.
سویسرا
fausyramsy@yahoo.de