Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران … به‌كر ده‌روێش

سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران … به‌كر ده‌روێش

Closed
by March 16, 2012 گشتی

 

تا هه‌واڵه‌ گه‌رموگوڕه‌كانی  دووێنَی شه‌ویش هیچ باس و خواسێك له‌ئارادا نه‌بوو ،  سبه‌ینێ  پێش له‌هه‌ڵاتنی خۆری به‌یان  با هه‌ڵیكردوو ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ پاسێك به‌ته‌واوی سه‌رنشینه‌كانیه‌وه‌ له‌به‌رزایه‌كانی خواروی ماڵی شۆفێره‌كه‌یه‌وه‌  وه‌ك تۆپ گلۆربۆته‌وه‌و قڵپ و قۆپ بووه‌،  سه‌رنشینه‌كانی كه‌چل و پێنج كه‌س بوون  هه‌موویان  با بردوونی ،  رۆژنامه‌ نووسێكی چڵێس  له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل  و قه‌ڵه‌و ده‌نوسێ وله‌گه‌وره‌ترین و بڵاوترین  رۆژنامه‌ی وڵاتدا بڵاویده‌كاته‌وه‌، رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ كه‌وه‌ك داڵ له‌بن باڵی خۆی ڕوانی بوو، بۆخۆی ڕووداوه‌كه‌ نابینێ، ته‌نیا  ده‌ماوده‌م و دوور به‌دوور  ده‌یبیسێ،  هه‌ندێ وێنه‌ی قڵپ و قۆپی پاسه‌ وه‌رگه‌ڕاوه‌كه‌شی  له‌ڕێگای مۆبایله‌وه‌ پێده‌گات، دیمه‌نی وێنه‌كان  به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ده‌گه‌یه‌نێ كه‌وا له‌وه‌رگه‌ڕانێكی به‌م شێوه‌یه‌دا مه‌حاڵه‌ تاقه‌كه‌سێك ده‌رچووبێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هیچ ته‌رم و خوێن و خوڕێكی  رژاو له‌وێنه‌كاندا نابینێ، به‌ڵام پیره‌پیاوێك كه‌ماڵی له‌نزیكی ڕوداوه‌كه‌ ده‌بێت،  خۆی وه‌ك شایه‌تحاڵی ڕوداوه‌كه‌ ده‌ناسێنێ و  سوێند به‌به‌رزترین لوتكه‌ی وڵات ده‌خوات  كه‌تاقه‌كه‌سێك له‌سه‌رنشینه‌كانی ئه‌و پاسه‌ ده‌رنه‌چوون و مردوون، ئه‌و پیره‌ پیاوه‌  به‌رۆژنامه‌ نووسه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی چاو ده‌یبینێ ده‌م ناتوانێ به‌درۆی خاته‌وه‌،  به‌چاوی خۆم هه‌موویانم بینی  مردوون بوون، چه‌ند كه‌سێكی تریش ده‌سبه‌تاڵ، له‌وانه‌ی مشكێك ده‌كه‌ن به‌فیلێك،  شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌وا خه‌ڵكانێكیان بینیوه‌ به‌جلی پۆلیسه‌وه‌ ته‌رمه‌كانیان بردووه‌ له‌جێگایه‌كی چۆڵ شاردوویانه‌ته‌وه‌، تاراستی و دروستی ڕوداوه‌كه‌  دێزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌كه‌ن و له‌خه‌ڵك بیشارنه‌وه‌، نه‌وكا  ببێته‌ هۆی جمان و گڕگرتنی  رای گشتی،  له‌كۆتایشدا رۆژنامه‌ نووسه‌كه‌ هۆكاری ئه‌م ڕوداوه‌و ته‌واوی ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كان  ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خراپی ڕێگاوبانی وڵات و بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌م هه‌واڵه‌ وه‌ك ئاگری بن كا به‌هه‌موو سایت وكه‌ناڵه‌كانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا  ته‌شه‌نه‌ده‌كاو هه‌ڵاو زه‌نای دنیا ده‌نێته‌وه‌،  بشێوی  و هه‌ڵبه‌زوو دابه‌ز ده‌خاته‌ بواری گه‌شتوگوزاری وڵاته‌وه‌و كاردانه‌وه‌یه‌كی خراپیش  له‌سه‌ر  وه‌به‌رهێنان  له‌م كه‌رته‌دا دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی بۆرسه‌ی وڵات و زه‌ره‌رو زیانێكی زۆر له‌خزم و كه‌سوكاره‌كانی سه‌رۆك ده‌دات و ژێرخانی ئابوری وڵاتیش درزی تێده‌كه‌وێت،  سه‌رۆك وه‌زیران  كه‌شه‌وان به‌سه‌ره‌ ڕووته‌كه‌ی و بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ تادره‌نگانێك به‌نێو كه‌ناڵه‌كانی هه‌واڵدا ته‌راتێی ده‌كرد، له‌لایه‌ك سه‌یری سه‌ته‌ڵایتی ده‌كرد، له‌لایه‌ك رۆژنامه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌ له‌ولاوه‌ گۆڤار، له‌م لاشه‌وه‌ گوێی له‌ڕادوێن ده‌گرت،  ناوه‌ ناوه‌ ده‌چووه‌ سه‌ر ئه‌نته‌ڕنێت و به‌دوای هه‌واڵی خۆشدا ده‌گه‌ڕا، مه‌راقی مه‌دح وسه‌نای كابینه‌ قنج وقیته‌كه‌ی بوو،  خۆی بۆ كابینه‌ی دووه‌م  سازوو ئاماده‌ ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌و كابینه‌یه‌ی ئێستای زۆری نه‌مابوو ته‌واو بێت، ده‌یه‌ویست شتێك بكات دڵی سه‌رۆك خۆشكات تا جارێكیتربیكاته‌وه‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆكی وڵاتی ده‌م به‌گوڵ ، پیاوێكی  باڵا كورتی ته‌مه‌ن مام ناوه‌ندی بوو، ناوی شنه‌ی به‌یان بوو، سه‌رۆكایه‌تی وڵاتی  له‌باوك باپیرانییه‌وه‌ به‌میراتی بۆ مابووه‌وه‌، زۆربه‌ی كاته‌كانی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌سه‌رده‌برد، دڵی به‌وڵاته‌كه‌ی خۆی نه‌ده‌كرایه‌وه‌، چونكه‌ به‌هاوین گه‌رم وبه‌زستان ساردبوو، ئه‌میش لچكی  زكماكی هه‌بوو،  بۆیه‌ له‌مانگێكدا پێنج جار سه‌فه‌ری ده‌روه‌ی ده‌كرد، زۆربه‌ی سه‌فه‌ره‌كانیشی به‌دزییوه‌ ده‌كرد، پێش له‌هه‌مه‌و سه‌فه‌رێكیشی ده‌ دوانزه‌  كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌ جیاجیاكانی خه‌ڵكدا ده‌كرد،  تاده‌گه‌ڕایه‌وه‌  به‌زنجیره‌ ته‌له‌فیزۆنه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بڵاویان ده‌كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بڵێن سه‌رۆك له‌نێو وڵاتدایه‌و ا سه‌رقاڵی به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی گوزه‌رانی میلله‌ته‌،  سه‌رۆك ئاره‌زووی له‌ڕاوكردن بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی كازاخستان و ئۆزبه‌كستاندا گرێبه‌ستێكی ئیمزاكردبوو به‌ به‌های ده‌یان ملوێن دۆلار، تابه‌ئاره‌زووی خۆی له‌ده‌شته‌كانی سه‌مه‌رقه‌ندو بوخارادا  راوبكات، ساڵانه‌ش سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌نارد تائه‌م گرێبه‌سته‌ تازه‌كاته‌وه‌،  پێشتر گرێبه‌ستێكی له‌م شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ  وڵاتی مۆزامبیقدا ئیمزاكردبوو دواتر ئه‌وێی گۆڕیه‌وه‌ به‌ كازاخستان و ئۆزبه‌كستان،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  هه‌م كه‌شو هه‌واكه‌یان خۆشتر بوو هه‌م له‌ژنه‌ باڵابه‌رزه‌كانی روسیاشه‌وه‌ نزیك بوون، چونكه‌  سه‌رۆك زۆر حه‌زی له‌گه‌وزاندنی ژنی باڵابه‌رز بوو،  له‌كاتژمێری دوو پێنچ ده‌قیقه‌،  دووای ئه‌وه‌ی  هیچ هه‌واڵێكی ناخۆش نه‌بوو میزاجی سه‌رۆك  وه‌زیران تێكدات ته‌له‌فیزۆنه‌كه‌ی كوژانده‌وه‌،  ده‌موچاوی شۆردوو چوو له‌سه‌لاجه‌كه‌ بوتڵێ ویسكی ده‌رهێنا، له‌سه‌ر مێزی به‌رده‌م به‌ڵاكۆنه‌كه‌ داینا،  له‌كاتژمێری دوو ده‌ ده‌قیقه‌وه‌  تا كاتژمێری سێ و ده‌ ده‌قیقه‌  چوار  باده‌  ویسكی خوارده‌وه‌،  بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ری بێت، خووی  وابوو  به‌ته‌نیا ده‌یخوارده‌وه‌، زۆرجاریش له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌دا به‌نه‌رمی ده‌گریا،  ئه‌مه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌گه‌نج بوو،  له‌م پارته‌ی ئێستادا  پارتی (خه‌ڵك) كه‌ئه‌وه‌ چل و یه‌ك  ساڵه‌ حوكمڕانه‌ به‌رپرسی ده‌سته‌ی ئیغتیالاتی پایته‌خت بوو، له‌گه‌ڵ كچی  به‌رپرسێكی میریدا  حه‌زیان له‌یه‌كتر بوو، زۆر یه‌كتریان خۆشده‌ویست،  به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌ی  به‌مه‌یان ده‌زانی، ده‌ترسان رۆژێك له‌رێگای ئه‌و كچه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت زه‌فه‌ری پێبباو نه‌هێنی كاره‌كه‌یان ئاشكراكات، بۆیه‌ سه‌ركرده‌كانی حیزب بۆئه‌وه‌ی ڕێگا له‌م پێشهاته‌ بگرن بڕیاریاندا  ده‌بێ  ئه‌و كابرایه‌ بكوژێ، ئه‌میش دوای بیركردنه‌وه‌یه‌كی كه‌م و كورت پاش  دوو رۆژ به‌ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ كابرا ده‌كوژێ،  كچه‌ش له‌داخی مه‌رگی باوكیدا دووای چه‌ند رۆژێك خۆی ده‌سوتێنێت،  ئه‌م كاره‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر تووشی غه‌مۆكی ده‌كات، له‌و رۆژه‌وه‌ بڕیار ده‌دات  وه‌ك تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌خۆی و بۆ به‌رز ڕاگرتنی  یادی یه‌كه‌م خۆشه‌ویستی تاماوه‌ ژن نه‌هێنێ و هه‌ر به‌زگورتی بمێنێته‌وه‌، له‌كاتژمێری سێ وچاره‌ك  دووشێكی كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌خاولییه‌ سپییه‌كه‌ی خۆی وشك كرده‌وه‌ به‌ده‌رپێیه‌كی كورته‌وه‌ خزایه‌ ژێر به‌تانیه‌ تیسك درێژه‌كه‌یه‌وه‌ له‌كاتژمێری سێو نیو یه‌كه‌م پرخه‌ی له‌شوقه‌كانی ئه‌وه‌ به‌ره‌وه‌ ده‌بیسترا، كاتژمێری پێنج  پێنج ده‌قیقه‌كه‌م هه‌ستا ته‌راشی كرد، دوباره‌ خۆی شت، پانتۆڵێكی كابۆو قه‌مسه‌ڵه‌یه‌كی پێستی ره‌شی له‌به‌ركرد، ده‌مامكه‌ تایبه‌ته‌كه‌شی كه‌له‌ئتالیاوه‌ به‌تایبه‌ت بۆیان هێنابوو له‌ده‌موچاوی كرد،  به‌سواری سه‌یاره‌ شۆفرلێته‌ ره‌ساسییه‌كه‌ی به‌ره‌و چێشتخانه‌ی ئاسكی كێوی تێی ته‌قاند، پێنج و نیو یه‌كه‌م پارووی كه‌لوپێی ئاسكی گلاند،  دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌بیست ده‌قیقه‌ به‌سه‌ر رۆخی ده‌ریادا پیاسه‌ی كردوو هه‌وای پاكی به‌یانییانی هه‌ڵمژی،  زستانان مه‌راقی خورادنی  كه‌لوپێ بوو، هه‌میشه‌ ئه‌و په‌نده‌ی له‌بیر بوو كه‌ده‌ڵێت، خواردنی به‌یانیانت بابه‌ته‌نیا بێت، نیوه‌ڕوان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كه‌ت به‌شیكه‌، ئێواران بیده‌ به‌دوژمنه‌كه‌ت،  سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی هێشتا گورج وگۆڵ بوو، جوانترین جل و به‌رگی دنیای ده‌پۆشی، ڕێكپۆشییه‌كه‌ی سه‌رۆكی گه‌شكاندبوو، هه‌میشه‌ له‌قسه‌وباسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرد، هانی پیاوانی وڵاتی ده‌دا لاسایی بكه‌نه‌وه‌، له‌وه‌وه‌  فێربن چۆن جلی جوان له‌به‌ركه‌ن، ئه‌ویش هه‌میشه‌ ده‌یگوت: من له‌حیكمه‌ته‌كانی سه‌رۆكه‌وه‌ فێری ئه‌م ڕێكپۆشییه‌ بووم، ئه‌گه‌ر ڕێنووێنییه‌كانی ئه‌و نه‌بێت من  نازانم  بۆینباخێكیش ببه‌ستم، كه‌چی سه‌رۆك خۆی نه‌یده‌زانی بۆینباخ ببه‌ستێ و  سكرتێره‌ ئۆكرانییه‌كه‌ی  بۆی ده‌به‌ست، كاتژمێری شه‌شی به‌یانی له‌گه‌ڕه‌كی قه‌ڵا خۆی كرد به‌و ماڵه‌دا كه‌به‌درێژایی سی و پێنچ ساڵ وه‌یه‌ك هه‌فته‌ی سێجار به‌یانیان سه‌عات شه‌ش خۆی پێدا ده‌كرد، له‌به‌رهه‌یوانه‌كه‌  سۆسه‌ن خان  چاوه‌ڕوانی بوو، ته‌وقه‌یه‌كی گه‌رمیان كردو بردییه‌ لای ئه‌و ژنه‌ی كه‌ له‌ژووره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی بوو، ته‌نیا یه‌ك ژن نه‌بێت ئه‌گینا ژنی دووباره‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و ژنانه‌ی له‌و ماڵه‌دا تاقیكردبوونه‌وه‌ له‌ژماره‌ نه‌ده‌هاتن، گه‌رچی ئێستا پیربووه‌و  جوانی جه‌سته‌ی تاڕاده‌یه‌ك شێواوه‌، به‌ڵام له‌گه‌وزاندنی ژناندا پسپۆڕبوو، له‌ماڵی  باجی سه‌وسه‌ندا، ژنی حه‌ت له‌وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی خۆی ناسی،  به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیان بیناسنه‌وه‌و بزانن جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، هه‌ر له‌وماڵه‌دا ژنی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپاو به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی گشتی وڵات وژنی دادوه‌ری گشتی وڵات و ژنی ژماره‌یه‌كی بێ شوماری پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی وڵاتی ناسی، له‌ نێو ئه‌و هه‌موو ژنانه‌دا زۆر حه‌زی له‌ژنی  وه‌زیری رۆشنبیری بوو، كه‌ژنێكی شاعیر بوو، خاوه‌نی چوار دیوان شیعر بوو،  هه‌ر چواریانی چل وچوار جار خوێندبووه‌وه‌،  له‌جوانی و ناسكیدا ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌بوو، له‌ هه‌موو دنیادا  سه‌ت ساڵ جارێك ژنێكی وا  په‌یدا ده‌بێت، له‌و ماڵه‌دا  پێنج جار باخه‌ڵی ته‌ڕوبڕی ئه‌و ژنه‌ شاعیره‌ی تاقیكردبووه‌وه‌، ته‌فاسیلی وردی لاشه‌ی له‌به‌ر بوو،  ئه‌و پێنج جاره‌ بڕی سه‌ت و په‌نجا ملیون دیناری تێ چوو بوو،  ژنه‌كه‌ی ئه‌و به‌یانییه‌ی ژنی كابرایه‌كی دكتۆر بوو، چوو بۆ ئیسپانیا بۆ فێربوونی خولێكی راهێنان له‌سه‌ر كۆمپیوته‌رێكی تازه‌ بۆ نه‌شته‌رگه‌ری دڵ، له‌وێوه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێكانی وێنه‌ی به‌ڕوتی له‌گه‌ڵ ژنێكی ئیسپانیدا گرتبوو، پاشان به‌ئه‌نته‌رنێت ناردبووی بۆ ژنه‌كه‌ی ، ئه‌ویش بڕیاریدا بوو به‌رانبه‌ر به‌هه‌ر ڕۆژێكی ئه‌و له‌وێ ئه‌میش لێره‌ له‌گه‌ڵ پیاوێكدا ڕابوێری ، سه‌عات  شه‌ش و په‌نجا ده‌قیقه‌ جارێكیتر خۆی شت،  كاتژمێری حه‌وتی ڕێك  گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی،  دووای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگا ده‌مامكه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌موچاوی داكه‌ن، له‌ژووره‌وه‌ خۆی گۆڕی و جلی  ره‌سمی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌به‌ركردو كه‌وته‌ ڕێ، سه‌عات هه‌شتی ته‌واو گه‌یشته‌ باڵه‌خانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، زۆربه‌ی كات به‌بێ پاسه‌وان ده‌گه‌ڕا، حه‌زێكی شاعیرانه‌ی تێكه‌ڵ به‌سیاسه‌تی هه‌بوو، حه‌زیده‌كرد تائه‌وپه‌ڕی ژیانی له‌زه‌ت له‌ژیان ببینێ، بۆیه‌ وه‌ك باڵنده‌یه‌كی گه‌ڕیده‌، زوو زوو له‌م چڵه‌وه‌ بۆ ئه‌و چڵ ده‌فڕی، ده‌نووكی له‌هه‌موو گوڵێك ده‌داو، تامی هه‌موو میوه‌یه‌كی ده‌كرد، له‌گه‌ڕان و ڕابواردن له‌گه‌ڵ ژناندا، له‌خواردندا، له‌سه‌فه‌ركدنی وڵاتاندا به‌هره‌مه‌ند بوو، ته‌نیا سه‌فه‌ری سه‌رمانگی نه‌كردبوو ئیتر شوێن نه‌بوو له‌م دنیایه‌دا نه‌یگه‌ڕابێت،  كاتێك  چووه‌ ژووره‌وه‌، واقی وڕما سه‌رۆك له‌جێگاكه‌ی دانیشتبوو، كه‌مێك به‌حه‌په‌ساوییه‌وه‌ وه‌ستا، ئینجا په‌لاماری داو ده‌ستی ماچ كرد، یه‌كسه‌ر زانی شتێك ڕووی داوه‌، ئه‌گینا سه‌رۆك به‌م به‌یانییه‌ نایه‌ته‌ ژوره‌كه‌ی ئه‌م، پاشان جه‌نابی هه‌فته‌یه‌كه‌ سه‌فه‌ری كردووه‌، چۆن به‌م زووه‌ هاتووه‌ته‌وه‌؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارو داڵغانه‌ی له‌چركه‌یه‌كدا به‌مێشكدا هات، سه‌رۆك هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كرد، رۆژنامه‌كه‌ی دابه‌ده‌ستییه‌وه‌و ژوره‌كه‌ی به‌جێهێڵا، هه‌ستی ده‌كرد به‌ئاسانی هه‌ناسه‌ی بۆ نادرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زستان بوو، ئاره‌قی كردبوو، بۆینباخه‌كه‌ی كرده‌وه‌، ته‌ماشایه‌كی مانشێتی رۆژنامه‌كه‌ی كرد، به‌خه‌تێكی گه‌وره‌ نووسرابوو: له‌پێناوی شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كاندا ته‌رمی چل و پێنج هاوڵاتی بێ سه‌رو شوێن ده‌كرێت؟! ئه‌م هه‌واڵه‌ زیاتر تووشی شۆكی كرد، هه‌ستی ده‌كرد گیانی زیاد له‌پێویست گه‌رم ده‌بێت، چاویشی وه‌ك جاران هێڵه‌كان نابینێ، هه‌رچۆنێ بوو ته‌واوی ڕاپۆرته‌كه‌ی خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ كه‌ی بووه‌؟ كه‌ی قه‌وماوه‌؟ ئه‌ی بۆچی هیچ وه‌زیرێك ئاگاداری نه‌كردوه‌ته‌وه‌؟ ئه‌ی بۆچی شه‌وی ڕابردوو له‌هیچ كه‌ناڵێكه‌وه‌ گوێی لێ نه‌بووه‌؟  ده‌یان وسه‌دان پرسیاری به‌م شێوه‌یه‌ی به‌مێشكدا هات، سه‌رۆك هه‌رچه‌نده‌ زوو زوو سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی ده‌كرد به‌ڵام له‌ناوخۆی وڵاتدا تۆڕێكی گه‌وره‌ی سیخوڕی دروست كردبوو، ده‌قیقه‌ به‌ده‌قیقه‌ هه‌واڵی هه‌موو ڕوداوێكیان پێی ده‌گه‌یاند، ئه‌و له‌هه‌ر شوێنێكی  ئه‌م دنیایه‌دا بوایه‌ له‌ڕێگای مۆبایله‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌نته‌ڕنێتیش بوو ئاگای له‌هه‌موو وردو درشتێكی وڵات بوو، ئه‌و شه‌وه‌ پێش له‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ بڵاو ببێته‌وه‌،  رۆژنامه‌نووسێكی سیخوڕی خۆی كه‌له‌هه‌مان رۆژنامه‌دا كاری ده‌كرد ، باریك و درێژی هه‌واڵه‌كه‌ی پێ ڕاگه‌یاند، سه‌رۆك به‌قه‌ستی ڕێگایدا بڵاو ببێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ته‌مابوو كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی بكات به‌سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ نۆزده‌ به‌هاری ته‌مه‌ن هه‌بوو، ناوی مانگه‌شه‌و بوو، له‌جوانیدا كتومت له‌دایكه‌ فنزه‌ویلییه‌كه‌ی  ده‌چوو، سه‌رۆك زۆر دڵی پێی خۆشبوو، چونكه‌ تائه‌وكاته‌  سه‌ت وسی پێنج هه‌زار  كچ و ژنی وڵاتی  تاقیكردبووه‌وه‌، به‌شێكی زۆری سه‌روه‌ت وسامانی وڵاتیشی بۆ خۆی كۆنترۆڵ كردبوو، وه‌ك كوڕی زۆربه‌ی سه‌رۆكه‌كانی دنیا  خاوه‌نی چه‌ندان  تیپی وه‌رزشی بوو، خۆیشی له‌ماتۆرسواریدا یه‌كه‌می وڵات بوو، سه‌رۆك مانگه‌شه‌وی بانكرده‌ لای خۆی پێی وت:  هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌ك ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتی ، سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ستی كرد دڵی به‌قورسی لێیده‌داو ناتوانێ به‌ئاسانی ده‌ستی بجوڵێنێ، هه‌رچۆنێ بوو، ده‌ستیبرد له‌نێو چه‌كمه‌جه‌ی مێزه‌كه‌ی پاكه‌تێكی ده‌رهێنا، كردییه‌وه‌ ئه‌و تاقه‌ حه‌په‌ی ده‌رهێنا كه‌ چڵ ساڵ بوو وه‌ك یه‌ك دایم پێی بوو، هه‌ركه‌ ماوه‌ی به‌سه‌ر ده‌چوو، پاكه‌تێكی تری ده‌كڕی، له‌ڕێوره‌سمێكی به‌شكۆدا ته‌رمی سه‌رۆك وه‌زیران به‌خاك سپَردرا، وڵات تێكۆشه‌رێكیتری گه‌وره‌ی  له‌ده‌ستدا، مانگی چوارده‌ كه‌وته‌ ئاسۆی نیوه‌ شه‌وی وڵاتی ده‌م به‌گوڵ، ئه‌ستێره‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌وتنه‌ شنه‌شن، سه‌رۆك شه‌و به‌دزییه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی و چه‌پكێ گوڵی له‌سه‌ر داناو  داوای لێكرد بیبه‌خشێ،  ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رۆك له‌نێوان كازاخستان و ئۆزبه‌كستاندا سه‌رگه‌رمی ڕاوشكار بوو، مانگه‌شه‌و بیری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ باوكی پیر بووه‌،  كاتی ئه‌وه‌  هاتووه‌  كۆشكه‌ چۆڵه‌كه‌ی سه‌رۆك كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و ئاوه‌دانی كاته‌وه‌.
 

 
به‌كر ده‌روێش/ خورماتوو

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.