هێمنتر له خه‌ونی دره‌ختان
محه‌مه‌د ره‌زا مه‌هدیزاده
له فارسییه‌وه: كه‌ریم تاقانه (سوید)
ده‌رفه‌تم پێبده سه‌عاتێك، نا، ته‌نیا ساتێك.. لێگه‌ڕێ با بۆ دوایین جار باش لێی بڕوانم. زه‌وی له سووڕانه‌وه ڕاگره! زه‌ریاكان ڕاوهستێنه! به باڵنده‌كان بڵێ له شه‌قه‌ی باڵ نه‌ده‌ن.. به ئادهمزادان بڵێ چاو لێك نه‌نێن..! به په‌روانه‌كان بڵێ شه‌م له یاد كه‌ن.. بڵێ به‌بولبول چیدی نه‌خوێنن.
ئه‌ی مه‌رگ..!
ته‌نیا ساتێك، ته‌نیا به ئه‌ندازه‌ی كراونهوهی په‌نجه‌ره‌ی عه‌شق، ته‌نیا هێنده‌ی ڕوانی ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر لێوم، ته‌نیا…… ئاخر بۆچ ئه‌وه‌نده زوو هاتووی..؟ وام ده‌زانی ده‌توانم نه‌ک چه‌ند به‌هارێك، به‌ڵكوو سه‌دان به‌هاری دیكه زیندوو بم‌و شێعر بۆ گوڵهمێخهكو شه‌وبۆ وه‌خوێنم.. وام ده‌زانی ده‌توانم سه‌دان نامه‌ی دیكه بۆ چاوانی ئه‌و بنووسم. وای بۆ ده‌چووم ده‌توانم له هه‌تاو سه‌ر كهومو به پێپلیكانی شه‌ودا بێمه خوارێ.
بۆچ هاتووی..؟ هاتنێكی ناوهختو له‌پڕ…! لێگه‌ڕێ با جارێكی دیكه بانگی بكه‌م، سڵاوی بكه‌م.. لێم گه‌ڕێ جارێكیدی پێی بڵێم: ((خۆشم ده‌وێی))و به ده‌میه‌وه پێبكه‌نم..
ئه‌ی مه‌رگ..!
ده تۆ ده‌رفه‌تم پێبده با چه‌پكێ گوڵی پێشكێش بكه‌م‌و دڵی خۆمی پیشان بده‌م. لێگه‌ڕێ ساتێك له دڵی وی‌دا بژیم..! ئه‌من هێشتا په‌یم به گشت دڵسۆزییه‌كانی ئه‌و نه‌بردووه. هێشتا به كۆڵانه دڵههژێنهكاندا تێنه‌په‌ڕیوم.. تائێستا به ده‌نگی ئه‌و سه‌رخۆش نه‌بووم.
ئه‌ی مه‌رگ..!
لێگه‌ڕێ با كراسێك له هه‌ور له‌به‌ر كهمو ببمه باران.. تا له دوورگه‌یه‌كی دووره‌ده‌ستدا ناوی له‌سه‌ر به‌ردێكی گومناودا هه‌ڵكۆڵم. لێگه‌ڕێ له‌گه‌ڵ ئاو‌و ڕووباره سهرگهردانهكاندا له ته‌نیشتی ماڵه‌كه‌یدا گیان بسپێرم.
ئه‌ی مه‌رگ..!
له‌سه‌رخۆ به! لێگه‌ڕێ جارێكی دی له‌به‌ر ئاوێنه‌دا سه‌یری شێعره‌كانم بكه‌م! ده با عه‌تری ئه‌و جارێكیدی بۆ هه‌ناوم سه‌فه‌ر بكا! با جارێكیدی له‌به‌رده‌می ڕاوهستمو له پیا هه‌ڵدانی خۆرێكدا كه له دڵی سه‌قامگیره، شێعر وه‌خوێنم..!
ده‌رفه‌تم پێبده! ته‌نیا تا وهجووڵهكهوتنی په‌رده‌كانی ژووره‌كه‌و تا داگیرسانی فانۆسێك كه له به‌رهه‌یوانی خه‌م دایه…
* "محمد رضا مهدیزاده" سه‌رنووسه‌ری گۆواری مانگانه‌ی ((روزهای زندگی))یه. سه‌رنووسه‌ر ستوونێكی هه‌میشه‌ییی له ژێر ناوی ((هێمنتر له خه‌ونی دره‌ختان))ی له‌و گۆڤاره‌دا هه‌یه‌و مانگانه بڵاوی ده‌كاته‌وه. ك. تاقانه
k.taqane_1@yahoo.com