عومه‌ر جه‌لال، ئه‌و شاعیره‌ی به‌رده‌وام ده‌ڕوات بۆ زه‌وییه‌كی دی
شیعر سه‌فه‌رێكه بۆ ناشوێن، په‌نجه‌ره‌یه‌كه بۆ ڕوانین له ژیان، گۆرانییه‌كی نه‌وتراوی نێو ناخی مرۆڤه‌كانه، خووڵقاندنی سه‌رزه‌مینێكی نوێ و خه‌یاڵییه، گۆڕه‌پانێكه تیایدا جه‌نگاوه‌ره‌كان یه‌كدییان خۆشده‌وێت، ، بینینی ئاسۆ دووره‌كانه، شیعر به پاكییه‌كه‌ی ململانێی ناشیرینییه‌كانی ژیان ده‌كات، گه‌ڕانه به‌ناو خه‌ونه سپییه‌كانی مرۆڤ، دروستكردنی شارێكه له جوانیی، ئازارێكه له خۆشه‌ویستییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، دووباره له دایكبوونهوهیه، نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی شاعیره.
شاعیری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و شاعیره‌یه كه هه‌ستی خۆی بگوازێته‌وه بۆ خوێنه‌ر، واتا جۆرێك له هاوبه‌شێتی هه‌ستیی له نێوان شاعیر و خوێنه‌ردا، به‌و مانایه‌ی كه شاعیر خۆی خاوه‌نی چ هه‌ستێكه هه‌مان هه‌ستیش لای خوێنه‌ر دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر خۆی تێدا بدۆزێته‌وه و وا هه‌ست بكات خۆی خاوه‌نی ئه‌و شیعره‌یه كه ده‌یخوێنێته‌وه، شاعیر گه‌ر ئه‌م كاره نه‌كات ناته‌واوی له توانا و بیركردنه‌وه‌یدا هه‌یه.
خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (سفری ئه‌زموون) ی شاعیر (عومه‌ر جه‌لال) چاوی به مرۆڤێكی ته‌نیا و نا‌ئومێد و دڵشكاو بێزار و یاخیی ده‌كه‌وێت و هه‌ست به بوونی مرۆڤێك ده‌كات كه بۆ ئه‌وه‌ی ئازار و غه‌م و بێزارییه‌كانی گه‌وره‌بوونی بشارێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ منداڵیی، هه‌روه‌ها مرۆڤێك كه له جه‌نگێگی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ خۆیدا و ده‌یه‌وێت شۆڕبێته‌وه بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆی و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی خۆی ژیان بكات، له هه‌مانكاتیشدا مرۆڤێكی ناجێگیر و گومانگهر و گه‌ردوونی ده‌كه‌وێته به‌ردیده‌ی، كه نایه‌وێت ته‌نیا ڕه‌نگێگ ژیانی ڕه‌نگ بكات و گوێبیستی تاقه ده‌نگێگ بێت و به شوێن و كاتێكی دیاری كراوه‌وه ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه له گه‌ڕاندایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كی تر، زه‌وییه‌كی جیاواز، كه له هیچ زه‌وییه‌كی دی نه‌چێت، ئه‌ویش زه‌وی ناو ناخی خۆی.
كتێبه شیعرییه‌كه له چه‌ندین پارچه شیعر پێكهاتووه، من ته‌نیا له‌سه‌ر پارچه شیعری (به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی) ده‌وه‌ستم و هه‌وڵ ده‌ده‌م كۆده‌كانی بكه‌مه‌وه و ناڕوونییه‌كانی ئاشكرا بكه‌م.
كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای نهێنییه‌كانی ده‌ق بریتییه له ناوونیشان، به‌و مانایه‌ی كه ناوونیشان یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ تێگه‌یشتن له ده‌ق و ئاشكراكردنی نیاز و مه‌به‌ستی ده‌قنووس، چونكه زۆربه‌ی كات ناوونیشانی ده‌ق به‌شی زۆری مانا و هه‌ناوی ده‌قه‌كه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
ئه‌و شوێنه‌ی كه شته‌كان تیایدا له وه‌ستانی به‌رده‌وامدا بێت و مرۆڤه‌كانی ناوی خۆیان دووباره بكه‌نه‌وه و بێ توانا بن به‌رانبه‌ر خۆ ڕزگاركردن له‌م دووباره‌ییه و شتێكی نوێ و ئاسۆیه‌كی تازه‌ی تێدا به‌دی نه‌كرێت، نیشانه‌یه به نازیندوویی و مردوویی ئه‌و شوێنه، لێره‌وه تووڕه‌بوون و بێزاریی و نائومێدیی و هه‌ڵهاتنی مرۆڤ له‌م شوێن و جێگایه ده‌ست پێده‌كات، لێره‌دا شاعیریش ڕێك له خۆدووبارهكردنهوهی مرۆڤه‌كان و چه‌قبه‌ستوویی شته‌كان بێزار و نا‌ئومێد بووه و ده‌یه‌وێت له‌و زه‌وییه هه‌ڵبێت:
ئاو له‌گه‌ڕان وه‌ڕس بوو
به‌رد هێند تامه‌زرۆی ڕۆیشتن بوو نابینا بوو،
نابینایی له چاوه‌ڕوانی رووناكیدا بووه تارمایی
تارماییی به هۆگریی ئاسووده‌ییه‌وه شێت بوو
شێت بوون له‌عاشق كوشتن راوه‌ستا
كتێب به‌خه‌می رامانه‌وه په‌ڕه‌كانی زه‌رد و شێوا
باران له دووبارهبوونهوهنهی بارینی گۆڕا
به‌فر سه‌مای بووه مه‌رگ و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا
نسێ هێند بووه نسێی سروشت
به تیشكێكی رزیوی خۆر خۆی هه‌ڵواسی!
ئه‌م زه‌وییه شوناسی مه‌رگی هه‌ڵگرتووه. ل16
ئه‌و شوێنه‌ی كه شاعیر لێی بێزار و تووڕه‌یه و ده‌یه‌وێت لێی هه‌ڵبێت، ئه‌و زه‌ویی و شوێنه‌یه كه هێنده‌ی ده‌ریاكان خوێنی به‌رهه‌م هێناوه و تاقه ڕه‌نگێك كه مرۆڤه‌كان بۆیان هه‌یه بیبینن ره‌نگی سووره، جه‌نگ به‌رده‌وام كاری خۆی ده‌كات، پێكه‌نین به سووتانی شاعیرێك، واتا سووكایه‌تی گه‌وره به مرۆڤه جوان و هه‌ست ناسكه‌كان و ڕێز نه‌گرتن له وشه و نووسینه‌كانیان، جه‌لاد باڵاده‌سته و له ئاماده‌باشیدایه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه باش و بێده‌نگه‌كان بكاته قوربانیی، زه‌وییه‌ك به ئه‌ندازه‌ی وه‌رینی گه‌ڵاكانی پایز ئافره‌تی تێدا كوژراوه، خۆسووتانی كچانیش ئاماژه‌یه بۆ ناشرینیی و قێزه‌ونی ئه‌م زه‌وییه‌ی كه شاعیر ده‌یه‌وێت لێی هه‌ڵبێت، كوشتن چه‌مێكی تری ئه‌م زه‌ویی و شوێنه‌یه كه (عومه‌ر جه‌لال) لێی بێزار بووه، شاعیر ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی. جوانیی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی شاعیر بۆ شوێن و زه‌وی له‌وه‌دایه كه ئه‌م زه‌وییه‌ی نه‌به‌ستۆته‌وه به ناوێكی تایبه‌تیی و دیاریكراوه‌وه، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌كی گه‌ردوونی باسی له‌م حاڵه‌ت و بارودۆخه كردووه، كه هه‌ر شوێنێك ئه‌م شتانه‌ی تێدا بێت، شایه‌نی ئه‌وه‌یه جێی بهێڵیت و لێی ههڵیبێیت:
زه‌وییه‌ك هێنده‌ی ده‌ریاكان خوێنی به‌رهه‌م هێناوه
زه‌وییه‌ك هێنده‌ی وه‌رینی گه‌ڵاكانی پایز ئافره‌تی تێدا
كوژراوه
هه‌موو ئاخێكی مرۆ هێمایه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م زه‌وییه
پێكه‌نین به سوتانی شاعیرێك ئاماژه‌یه بۆ تڕۆكردنی ئه‌م
زه‌وییه
خۆكوشتن ترۆپكی سڕینه‌وه‌ی زه‌وییه له ته‌خته‌ڕه‌شی
فه‌رامۆشیدا
بێده‌نگبوون له جه‌نگ، بێده‌نگبوونه له تارماییه‌كانی دۆزه‌خ. ل17-18
شاعیر درێژه به وه‌سفی ناشرینییه‌كانی ئه‌م زه‌وییه ده‌دات و ده‌ڵێت:
چ دۆڕانێكه شكستخواردوو بیت و گۆرانی بۆ ئه‌م زه‌وییه
بێژییت،
هێند پێم به‌ر گیای ئه‌م زه‌وییه كه‌وت مردم و زیندووبوومه‌وه
هێنده گوێبیستی تراژیدیا بووم خه‌نده‌م بیرچووه‌وه
_با_ وه‌ك منداڵیی بردمی و به دێوانه‌یی هاتمه‌وه!
-ئاو- وه‌ك عه‌شق هێند گومانی لا دروست كردم
كۆمبوومهوه به‌ئه‌ندازه‌ی به‌رد،
-باران- به‌و هه‌موو هێزه‌ی شۆردمیهوه و له بۆنی غه‌می
ئه‌م زه‌وییه پاك نه‌بوومه‌وه
كوشتن، میزكرنه به رێساكانی ئه‌م ژیانه پووچه
نههیلیستییهت، دوا كتێبه هاوڕێكانم مژۆڵی خوێندنه‌وه‌ین
خۆسوتاندن دواین گه‌مه‌یه كچه ته‌نیاكانی نیشتمان موعتادی بوون. ل19-20
دواتر شاعیر كاتێك ده‌یه‌وێت به‌ره‌و زه‌وییه‌كی دی بڕوات، هه‌موو شته‌كانی ئه‌م زه‌وییه‌ی كه بۆ ئه‌و هه‌ر مایه‌ی ئازار و نیگه‌رانیی قووڵ بوون، جێی ده‌هێڵێت و هیچ شتێك له‌م زه‌وییه كۆنه له‌گه‌ڵ خۆیدا نابات بۆ زه‌وییه‌كی دی، واتا كاتێك ده‌یه‌وێت بچێته‌وه ناو ناخی خۆی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م زه‌وییه ده‌بڕێت:
من ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌وانی دیم
یه‌كه‌م كه‌سم ئه‌م زه‌وییه جێده‌هێڵم،
یه‌كه‌م كه‌سم كۆڵانه‌كانی منداڵیی جێده‌هێڵم،
پشت له‌و زه‌وییه ده‌كه‌م كه تێیدا ژیام. ل23-34
گرنگی ئه‌م ده‌قه له‌وه‌دایه كه شاعیر ته‌نیا به‌وه‌نده ڕازی نابێت ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه ڕه‌ت بكاته‌وه و لێی هه‌ڵبێت، به‌ڵكو ئاسۆی زه‌وییه‌كی تر ده‌بینێت، زه‌وییه‌ك كه مرۆڤه‌كان تیایدا وه‌كو منداڵ به پاكی بژین و به عه‌شق هه‌ناسه بده‌ن و عاشقبوون شوناسی مرۆڤه‌كانی ناو ئه‌م زه‌وییه نوێیه بێت. ئه‌م زه‌وییه نوێیه گوزارشته له ناخی شاعیر و ئه‌و دنیا تایبه‌ته‌ی كه بۆ خۆی دروستی ده‌كات و له ناویدا ژیان ده‌كات، شیعریش پێش هه‌ر شت پرۆسه‌یه‌كه گرێدراوه به ناخی شاعیر و ئه‌و دنیا خوازه‌یه‌ی كه بۆ خۆی ده‌یخووڵقێنێت:
ئه‌ز ، بوون و توانای خۆم كۆكردووه‌ته‌وه
زه‌وییه‌كی دیكه فه‌راهه‌م بكه‌م
زه‌وییه‌ك وه‌ك ئاسمان ته‌نیا منداڵیی لێ بژێت
زه‌وییه‌ك وه‌ك ئاو به‌ساده‌ییه‌وه بمبات
وه‌ك شیعرێكی نه‌مر به‌خوێندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نم درێژتر بكات
زه‌وییه‌ك به‌بۆنی عه‌شق هه‌ناسه بده‌م!
شه‌ونمی سه‌ر گوڵه پهژمووردهكان خواردنه‌وه‌ی به‌یانیم بێت
جێگه‌م له‌ناو باران ڕاخرابێت،
خۆرئاوابوون دواین هاوڕێی ته‌نیاییم بێت
زه‌وییه‌ك بۆنی خوێن و جه‌نگی تێدا نه‌بێت
ماڵه‌كانی له گه‌ڵا دروستكرابێت
مرۆڤه‌كانی شه‌هیدانی ڕێگای عه‌شق بن،
چ بهخشندهییهكه له زه‌وییه‌كدا بژیت جه‌نگی تێدا نه‌بێت!
چ ئاسووده‌ییه‌كه له ماڵێك بژیت ته‌نیا خه‌یاڵ و بۆنی
یاری تێدا بێت ل18-19
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح