Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
دیمانه‌ی ده‌زگای هاوپشتی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی شورایی ساڵی 1991

دیمانه‌ی ده‌زگای هاوپشتی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا مه‌حمود سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی شورایی ساڵی 1991

Closed
by March 18, 2012 گشتی

 

عه‌بدوڵا مه‌حمود:
•    هیچ مێژوونوسیکی ویژدان زیندو نییه‌ مێژووی کوردستان و راپه‌رین بنوسیته‌وه‌، بتوانیت باز به‌سه‌ر نه‌خشی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان له‌ راپه‌رین و شوراکاندا بدات و بزوتنه‌وه‌ی شورایی به‌ وێنه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێ و جه‌ماوه‌ری نادیده‌ بگرێت.
•    ره‌خنه‌ی ریشه‌یی و شورشگێرانه‌ی به‌کرده‌وه‌ له‌‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد، به‌ هێنانه‌ ئارای بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌ستپێکرد
•    بزوتنه‌وه‌ی شورایی له‌ یه‌که‌مین ده‌رکه‌وتنی به‌کرده‌وه‌یدا یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین‌ حه‌رامکراوه‌کانی له‌مێژووی کوردستاندا توڕدا، ‌ نیشانیدا که‌ کۆمه‌ڵگا‌ی کوردستان چیتر ساحه‌ی سیاسی پاوانکراوی کوردایه‌تی و حزب و هێزه‌کانی نییه.

شوراکان چۆن پێک هات، ئایا ئه‌توانن ساتێک بمانگه‌ڕێننه‌وه‌  بۆ ئه‌و کاتانه‌و باسێک له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه‌پێشه‌‌وه‌ی شوراکانی خه‌ڵک و کرێکاران‌ بکه‌ن؟ زه‌مینه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی شورایی له‌ کوردستان چیبوون؟

عه‌بدوڵا مه‌حمود: زۆر هۆکار ده‌وریان بینی له‌ پێکهێنانی شوراکان و سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی‌ له‌ کوردستاندا، که‌ ده‌کرێت ئاماژه‌ به‌ گرنگترینیان بکرێت و به‌وێنه‌ی زه‌مینه‌ی واقعی پێکهاتنی شوراکان و سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی. له‌وانه‌ گه‌شه‌ی چینی کریکار و  ژیانی شارنشینی. پێکهاتنی بۆشایه‌کی ئیداری به‌دوای وه‌ده‌رنانی به‌عسدا. بوونی ڕیزێکی به‌رین له‌ چه‌پ و کۆمۆنیست و رێکخراو کۆروکۆمه‌ڵی مارکسیستیی.
 گه‌شه‌ی به‌رچاوی سه‌رمایه‌داری و فراوانبوونی ژیانی شارنشینی به‌تایبه‌تیش دوای په‌یره‌وکردنی سیاسه‌تی وێرانکردنی گوندو دێهاته‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن به‌عس و کۆچپێکردنی زۆره‌ملی به‌ خه‌لک و کۆبونه‌وه‌یان له‌ ئۆردوگاکان که‌ له‌ ناوه‌راستی 70 کانه‌وه‌ ده‌ستی پێکردبوو، ژیانی شاری کردبوو به‌ واقعیه‌تێکی به‌رجه‌سته‌ و په‌یوه‌ندی کارو سه‌رمایه‌ش ده‌مێک بوو ببوو به‌‌په‌یوه‌ندی زاڵی به‌رهه‌مهێنان.‌ له‌گه‌ڵ ڕژانی به‌لێشاوی هیزی کاری تازه‌ بۆ ناو شاره‌کان په‌یوه‌ندی کارو سه‌رمایه‌ به‌وپه‌ری خۆی گه‌یاندو چینی کریکاریی به‌کرێی له‌باری چه‌ندێتی و چۆنیه‌تیه‌وه، گه‌و‌ره‌تر کردو قڵشتی چینایه‌تی زۆر به‌رجه‌سته‌ کرده‌وه‌.
ئه‌م ئاڵوگۆره‌ ئابوری و شێوه‌ گه‌شه‌کردوه‌ی ژیانی شارنشینی به‌ناچار ئاماده‌یی چینی کرێکاری له‌ زه‌مینه‌ی سیاسیدا، له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا.
دیاره‌ هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، سونه‌ت و شێوه‌ی خه‌باتیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. شێوه‌ی خه‌باتی ته‌قلیدی چه‌‌‌کداری و شاخی و ناسیونالیستی و ماوی، پشت به‌ستن به‌ دێهات و عه‌شیره‌ت و…، تاراده‌یه‌کی زۆر مه‌وزوعیه‌تی خۆیان له‌ده‌ست ده‌دا.
ئه‌م ئاڵوگۆره‌ له‌ ته‌‌رکیبی چینه‌کان و گۆرانی شێوه‌ی ژیان و گۆرانی شێوه‌ی به‌ربه‌ره‌کانی و هه‌ڵسورانی سیاسی و حزبی…. چینی کرێکاری گه‌شه‌کردووی به‌وێنه‌ی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ سه‌نگی سیاسی خۆیه‌وه‌، هێنایه‌ مه‌یدان.
 هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کە ئه‌م ئاڵۆگۆرانه‌ بوو ‌به‌ سه‌رچاوه‌ی پاشه‌کشه‌ی بزوتنه‌وه‌ ته‌قلیدیه‌کان، بوو به‌ مه‌بنایه‌کیش بۆ گرسانه‌وه‌ی ئامانج و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای سۆسیالیستی و….پێکهاتنی چه‌ندین رێکخراو و ره‌وت و کۆروکۆمه‌لی چه‌پ و مارکسیستی .
له‌دلی هه‌لومه‌رجی ئه‌وکاتی پێش هه‌ڵسانی جه‌ماوه‌ریدا، له‌ دڵی ئه‌زمه‌و کێشمه‌کێشی به‌عس و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا، هه‌ر وه‌کو چۆن هه‌موو بزوتنه‌وه‌ کۆمه‌لایه‌تیه‌کان له‌ رێگای رێکخراو و حزبه‌کانیانه‌وه‌ خه‌ریکی خۆئاماده‌کردن بوون بۆ ئه‌و رووداوه‌ چاوه‌روانکراوانه‌ی له‌پێش بوون، ئاواش رێکخراو کۆرو کۆمه‌ڵه‌ چه‌په‌کان خه‌ریکی خۆئاماده‌کرد‌ن بوون.
 راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان که‌بووه‌ وه‌ده‌رنانی به‌عس و سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی بۆشایه‌کی گه‌وره‌ی ئیداری به‌دوای خۆیدا هێنا، که‌هه‌رکام له‌ هێزو حزبه‌ سیاسیه‌کان ده‌یانویست به‌و جۆره‌ی خۆیان ده‌یانه‌ویست پری بکه‌نه‌وه‌و ئیداره‌ی شاروشارۆچکه‌کانی کوردستان بگرنه‌ ده‌ست. له‌ دۆخێکی ئاوادابوو که‌ رێکخراوه‌ و چه‌پ و کۆمۆنیست و کۆروکۆمه‌ڵه‌کانیان که‌ پێشتریش له‌ خه‌باتێکی سه‌ختدا بوون له‌ دژی رژێمی به‌عس و ته‌نانه‌ت به‌سه‌دان له‌هه‌ڵسورانی له‌ زیندانه‌کانی به‌عسدا بوون، که‌وتنه‌ هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی شوراکان. به‌ده‌ستپێشخه‌ری و ئیبتکاری ئه‌وان شوراکان له‌کارگاکان و ناوه‌‌نده‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و گه‌ره‌که‌ که‌مده‌رامه‌ت و زه‌‌حمه‌تکێشنشینه‌کاندا پێکهێنران و جه‌ماوه‌ری کرێکارو زه‌حمه‌تکێشیش به‌ شوروشه‌وقه‌وه‌ له‌ هه‌موو ناوەندکانی کارو شارو شارۆچکه‌کاندا له‌ ده‌وریان کۆبونه‌وه‌.

به‌ڕای ئێوه‌ شوراکان چ جێگایه‌کیان له‌ ڕاپه‌ڕینی ئازاری 91دا گرتووه‌؟
عه‌بدوڵا مه‌حمود: هیچ مێژوونوسێکی ویژدان زیندو نییه‌ مێژووی کوردستان و راپه‌رین بنووسێته‌وه‌، بتوانیت باز به‌سه‌ر نه‌خشی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان له‌ راپه‌رین و شوراکاندا بدات و بزوتنه‌وه‌ی شورایی به‌ وێنه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێ و جه‌ماوه‌ری نادیده‌ بگرێت.
سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی له‌ کوردستان وپێکهاتنی شوراکان، یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخان و روداوی نێو مێژوی هاوچه‌رخی کوردستان بوو.
 له‌ کوردستانی عیراقدا تا ئه‌وکاته‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد تاکه‌ مه‌یدانداری ساحه‌ی سیاسی بوو. به‌ سونه‌تیه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی هه‌ڵسوڕانیه‌وه‌، به‌ فه‌رهه‌نگ و که‌لتورو شێوه‌ی ململانێیه‌وه‌، به‌ دروشم و بانگه‌شه‌کانیه‌وه‌، به‌ ڕابه‌ری و… نوینه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ دواکه‌وتوو چینه‌داراکانی کوردستانی ده‌کرد. بزوتنه‌وه‌یه‌ک که‌ جه‌ماوه‌ری کرێکارو بێبه‌ش و زه‌حمه‌تکێشی کوردستان جگه‌ له‌ زه‌خیره‌یه‌کی جه‌نگی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌داراکان زیاتر هیچی تر نه‌بوو.
هاتنه‌ مه‌یدانی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان که‌ تائه‌وکاته‌ زۆرتر له‌ چوارچێوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژی و تیۆری و شێوه‌ هه‌ڵسورانی نهێنیدا کارا بوون، بۆ ناو به‌رامبه‌رکێ و پرکتیکی و سیاسی گه‌رم و له‌ که‌شێکی دواکه‌وتوانه‌ی جه‌نگی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێ” ئاڵای بزوتنه‌وه‌ی کریکاری” و وه‌رێخستنی شێوازێکی نوێ و خه‌باتکارانه‌ بۆ رێکخستنی کریکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکیش و ده‌ستبردن بۆ پێکهێنانی شوراکان که‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆسه‌ره‌وه‌ کریکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش ئازادانه‌و راسته‌وخۆ له‌ رێگای کۆبونه‌وه‌ گشتیه‌کانه‌وه‌ نوێنه‌ری واقعی جێمتمانه‌ی خۆیان‌ هه‌ڵبژێرن و هه‌ر کاتێکیش ویسترا دیسان ئازادانه‌و له‌ رێگای کۆبونه‌وه‌ گشتیه‌کانه‌وه‌ لاببرێن و هه‌ڵبژاردنی که‌سانی تر وه‌کو نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان…هێنده‌ ئیبتکارێکی نوێ بوو که‌ تا ئه‌وکاته‌ له‌ کوردستانی عیراقدا ده‌ستی بۆ نه‌برابوو. ئه‌م شێوازه‌ له‌رێکخستنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کرێکارو ده‌ست ته‌نگ، باشترین رێگه‌ی خستنه‌گه‌ری ئیراده‌ی راسته‌وخۆ بوو بۆ پیاده‌کردن و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چاره‌نووسی خۆیان به‌ ده‌ستی خۆیان. ‌
به‌کورتی به‌شداری و نه‌خشی کۆمۆنیسته‌کان له‌ راپه‌رین و سازدان و رێکخستنی خه‌ڵکی کوردستاندا، سه‌رباری هه‌ر هه‌ڵه‌و سه‌رنجێک قابیلی ئینکارکردن و فه‌رامۆش کردن نییه‌. له‌ دڵی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستاندا جوانترین دیارده‌و شۆرشگیرانه‌ترین دروشم و به‌رچاوترین هێڵی سه‌ربه‌خۆیی و وابه‌سته‌نه‌بوو به‌ سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ی ئه‌مریکاو جه‌نگخوازی کۆنه‌په‌رستیه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌، به‌ده‌سته‌وه‌گیرابوو. پاشانیش پێکهێنانی شوراکان و سازدانی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش له‌ شوراکاندا، له‌درێژه‌ی هه‌مان ره‌وه‌ندو له‌ چوارچیوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکیشدا، ئه‌و نه‌خشه‌ له‌بیرنه‌چوو وه‌ به‌رپرسانه‌یه که‌ سه‌رمایه‌کی گه‌وره‌ی چه‌پ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی و عه‌داله‌تخوازییه‌.‌‌
    ره‌خنه‌ی ریشه‌یی و شورشگێرانه‌ی به‌کرده‌وه‌ له‌‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد، به‌ هێنانه‌ئارای بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌ستپێکرد. ره‌خنه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژی چه‌پ و کۆمۆنیزم له‌ بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد و حزبه‌کانی به‌ پێکهێنانی شوراکان، گۆڕدرا به‌ ره‌خنه‌ی به‌کرده‌وه‌و شه‌ری ئه‌ڵته‌رناتیف بۆ سازدان و به‌رێوه‌برنی کۆمه‌ڵگا.  ‌
      ئێوه‌ وه‌ک هه‌ڵسوراوێکی بزووتنه‌وه‌ی شوورایی ساڵی 1991 ، به‌دوای 19 ساڵ به‌سه‌ر ته‌جره‌به‌ی بزوتنه‌وه‌ی شورایی، ئه‌مرۆ چۆن ئه‌ڕواننه‌ ‌ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌؟  جێگاو نه‌خش و موماره‌سه‌کردنی ئازادا‌نه‌ و دیموکراتیانه‌ی‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان له‌ شوراکان دا چۆن بوو؟
عه‌بدوڵا مه‌حمود: بزوتنه‌وه‌ی شورایی ساڵی 1991 مێژویه‌کی نزیک و له‌ بیرنه‌چوه‌وه‌یه،‌ وه‌ مایه‌ی شانازیه‌ بۆ هه‌موو ڕێکخراو کۆروکۆمه‌ڵ و که‌سایه‌تیه‌ چه‌پ و کۆمۆنیست و ئه‌و رابه‌ره‌ کرێکاریانه‌ی نه‌خشیان گێرا له‌ هێنانه‌گوڕی بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێی رادیکاڵ و پێشره‌و. هاوکات  کریکاران و خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و ده‌ستته‌نگ و هه‌موو ئازادیخوازانی کوردستان که‌ به‌شدار بوون له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا یان شاهیدی نه‌خشی شوراکان بوون، نه‌خشی شوراکان به‌رز ده‌نرخێنن و ده‌زانن چ بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری رادیکال و پڕ ده‌سکه‌وت و پر داهێنان بووه‌.
ئێستا که‌ سه‌یری واقعیه‌تی سیاسی کوردستان ده‌که‌ین، ده‌بینین سه‌د به‌رابه‌ری 1991 خه‌ڵکی کوردستان پێویستیان به‌ شوراکانه‌. پیویستیان به‌ هێزیکی به‌هیزی میلیتانت و پڕ جه‌ساره‌ت هه‌یه‌ که‌ بتوانی کۆتایی بهێنیت به‌ ده‌سه‌ڵات سیاسی و کاریگه‌ری سه‌رجه‌م بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد به‌ هه‌موو ڕێکخراو حزب و ره‌وته‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌کانیه‌وه‌. خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی بورژوا-قه‌ومی کوردو میلیشیاکانیه‌وه‌ سه‌لبی ئیراده‌ی کراوه‌. پیویسته‌ ئه‌م ئیراده‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان بگێڕدرێته‌وه‌، گیرانه‌وه‌ی ئیراده‌ش به‌وه‌ ده‌بێت که‌ خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تكێش رێگه‌یان پێبدرێت تا خۆیان نه‌خشیان هه‌بێت له‌ ره‌سمکردنی ژیان و گوزه‌رانی ئێستاو داهاتوی سیاسی خۆیان.
  بزوتنه‌وه‌ی شورایی 1991 خاڵی هه‌ره‌گه‌شی ئه‌وه‌ بوو که‌ ده‌روازه‌ی کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی نه‌داری کوردستان، مماره‌سه‌ی تونایه‌کانی خۆیان، له‌ دۆخی دڵخوازی خۆیاندا بکه‌ن.له‌ کۆبونه‌وه‌ گشتیه‌کانی خۆیاندا نوێنه‌رانی خۆیان راسته‌وخۆ هه‌ڵبژێرن، که‌س له‌سه‌ره‌وه‌ که‌سی وه‌کو نوینه‌رو قسه‌که‌ری ئه‌وان دیاری نه‌ده‌کرد، وه‌ هه‌ر کاتیک زوربه‌ بیوستایه‌ ده‌یتوانی کۆبونه‌وه‌ی گشتی سازبدات و ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی وه‌کو پێویست ده‌وریان نه‌بوایه‌ لاببرێن و نوێنه‌ری تر هه‌ڵبژێرن. هاوکات خۆیان بریارده‌رو جێبه‌جیکردنی بڕیاره‌کانن.‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌لبژادرنی بۆرژوازی که‌ 4 ساڵ جارێک له‌سه‌ره‌وه سینارێویه‌ک وه‌ڕێده‌خه‌ن که‌ له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان‌ دیارن، و ئینسانی ده‌نگده‌ریش له‌ جێگای ئه‌وه‌ی خۆی به‌ پیرۆز سه‌یربکرێت به‌وێنەی‌ کائینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن ئیراده‌، ده‌نگه‌که‌ی به‌ پیرۆز ده‌زانرێت. دوای کۆتاییهاتنی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش تا 4 ساڵی دیکه‌ به‌ ناوی وه‌رگرتنی ده‌نگی زوربه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک له‌ به‌ناو سیاسی و یاسایی و لێزان له‌ کاروباری سیاسی و به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌ڵ، ده‌بنه‌ بریاردانه‌ر به‌ قازانجی چینی بۆرژوازی و هه‌رخۆشیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌بنه‌ جیبه‌جێکه‌ریان یان توڕدانیان. بۆیه‌ شوراکان سه‌رباری هه‌ر که‌موکوری و که‌مکاریه‌ک وه‌کو بزوتنه‌وه‌یه‌کی تازه‌ به‌بێ ئه‌زمونیه‌که‌وه‌ که‌ بوومان، جیگای شانازی و ده‌رس لێوه‌رگرتنه‌.
وه‌ به‌حه‌ق شوراو بزوتنه‌وه‌ی شورایی تاکه‌ چوارچێوه‌یه‌که‌ که‌ ئینسانی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و زوربه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌توانن مماره‌سه‌ی ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خۆیانی تیا بکه‌ن و نه‌خش و توانایی واقعی خۆیانی تیا بخه‌نه‌ گه‌ر.

‌‌ شوراکان چیان ده‌ویست، شیعاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانیان چی بوون، چ به‌رنامه‌ و ئامانجێکیان بۆ خه‌ڵک هه‌بوو؟ چ کاریگه‌رییه‌کیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاو بزووتنه‌وه‌کانیتر‌ جێهێشت و ده‌رس و ته‌جروبه‌کانیان کامانه‌ن؟ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی شوراکان ئه‌و کارانه‌ چیبوون ئه‌نجامیاندا؟

عه‌بدوڵا مه‌حمود: شوراکان و بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌یانویست له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی کوردستانی به‌عس وه‌ده‌رنراودا، کۆمه‌ڵگا به‌ جۆرێک سازبداته‌وه‌ که‌ ده‌ورو نه‌خشی کریکاران و خه‌ڵکی کوردستان له‌ به‌رێوه‌بردنی کوردستان و له‌ په‌سه‌ندکردن و جێبه‌جیکردنی یاساو سیاسه‌ته‌کاندا فه‌راهه‌م بکات و له‌ ئاستی ناوچه‌یی و سه‌راسه‌ریدا سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆ له‌ رێگای شوراکانه‌وه‌ به‌رێوه‌ببرێت. ئه‌مه‌ ئامانج و به‌رنامه‌ی شوراکان له‌ گشتیترین ئاستی خۆیدا بوو.
دیاره‌ جگه‌ له‌و چوارچێوه‌ گشتییه‌، شوراکان هه‌ڵگری چه‌ندین دروشم بوو که‌ هاوکات به‌کرده‌وه‌ له‌هه‌وڵی جیه‌جیکردنیاندا بوو، له‌وانه‌: دروشمی له‌سه‌ر کارلابردنی به‌عسیه‌ تاوانباره‌کان له‌کارگه‌و ناوه‌نده‌کرێکاری و خزمه‌تگوزاریه‌کان و تاوانبارانی تر ‌و دانیان به‌ دادگای جه‌ماوه‌ری و ئاشکرا، یه‌کسانی ژن و پیاو، راگه‌یاندنی جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت و خوێندن و په‌روه‌رده‌و یاساکان، ئازادی بێقه‌یدوشه‌رتی سیاسی، ئازادی چاپه‌مه‌نی و بیروراو بڵاوکردنه‌وه‌و ڕێکخرابوون، ‌یاسای کاری پێشره‌وی کرێکاری، دامه‌زراندنی دادگای سه‌ربه‌خۆ، زامنکردنی مافه‌فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کان، کرێی یه‌کسان به‌رامبه‌ر کاری به‌کاری یه‌کسان، 35 سه‌عات کار له‌ هه‌فته‌دا…. ده‌یان دروشمی تر که‌ دواتر له‌لایه‌ن شورای سه‌راسه‌ریه‌وه‌ وه‌کو پلاتفۆرمی شوراکان په‌سه‌ندکران.
شوراکان له‌و ماوه‌ که‌مه‌ی ته‌مه‌نیاندا گه‌وره‌ترین و تازه‌ترین ئه‌لگۆ و داهینانی کۆمۆنیستیان به‌کرده‌وه‌ وه‌ڕێخست. تا ئه‌وکاته‌ باسی به‌شداری ڕاسته‌وخۆی کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تێکێش له‌ به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگادا، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ی هێزو ره‌وتی تری ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد خۆ نیشانبده‌ن و ئه‌لگۆی به‌ریوه‌بردنی کۆمۆنیستی وه‌رێبخه‌ن هێڵی سوری زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد بوو. بزوتنه‌وه‌ی شورایی له‌یه‌که‌مین ده‌رکه‌وتنی به‌کرده‌وه‌یدا یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین‌ حه‌رامکراوه‌کانی له‌میژوی کوردستاندا توڕدا، وه‌ نیشانیدا که‌ کۆمه‌ڵگا‌ چیتر ساحه‌ی سیاسی پاوانکراوی کوردایه‌تی و حزب و هێزه‌کانی نییه، وه‌ چیتر ناتوانن هه‌مه‌کاره‌و هه‌مه‌ بریارده‌ر بن. کرێکاران و خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستانیش بۆ یه‌که‌م جار نوینه‌ران و قسه‌که‌ران و ئاڵای رزگاری به‌خش و چوارچێوه‌ی خۆ رێکخستن و مماره‌سه‌کردنی ئازادانه‌ی نیشاندانی توانایی و ئیراده‌ی خۆیان بینی. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای جه‌ساره‌تدان بوو به‌ هه‌موو ئه‌و ئینسانانه‌ی له‌ دژی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد بوون یان ره‌خنه‌ی ریشه‌یان له‌ کوردایه‌تی و حزبه‌کانی هه‌بوو. من لام وایه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین کاریگه‌ری بزوتنه‌وه‌ی شورایی بوو له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا، هاوکات له‌و ته‌مه‌نه‌ کورته‌ی شوراکاندا، شوراکان به‌ شاهیدی دۆست و نه‌یارانی توانیان ده‌ورو نه‌خشێکی زۆر به‌رجه‌سته‌و به‌رچاو بگێرن. مه‌گه‌ر که‌سانیک خۆیان له‌ گه‌مژه‌یی بده‌ن، حاشا له‌م راستیانه‌ بکه‌ن که‌شوراکان یه‌که‌مین کاریک که‌ ده‌ستیان بۆ برد وه‌رێخستنی کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان بوو له‌ کارگه‌کان و ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ناوه‌نده‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و گه‌ره‌که‌ که‌م ده‌رامه‌ت و زه‌حمه‌تکێشه‌کاندا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌و راسته‌وخۆی نوێنه‌رانی جێ باوه‌ری خۆیان بۆ رێکخستنی خۆیان و رێکخستن و به‌رێوه‌بردنی کارگه‌کان و ناوه‌نده‌کان و کاروباری گه‌ره‌که‌کان به‌ ده‌ستی خۆیان، هه‌وڵدان بۆ دانانی دادگای ئاشکرای جه‌ماوه‌ری بۆ ئه‌و تاوانبارانه‌ی ده‌ستیان له‌ کوشتن و زوڵم و زۆری سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بوو، دابه‌شکردنی عادلانه‌ی ئه‌و خوارده‌مه‌نی و پێداویستیانه‌ی که‌ هه‌ڵسوراوانی  چه‌پ و کۆمۆنیست و بزوتنه‌وه‌ی شورایی ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتبوو، پاراستنی ممته‌له‌کاتی کارگه‌و ناوه‌نده‌کان و پاراستنی ئه‌منیه‌تی کارگه‌و ناوه‌نده‌کانی کارو گه‌ره‌که‌کان، له‌سه‌ر کار لادانی به‌عسیه‌ تاوانباره‌کانی کارگه‌و ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان، کردنه‌وه‌ی بنکه‌ ته‌ندروستیه‌کان له‌ گه‌ره‌کاکان بۆ پێراگه‌یشتن به‌ نه‌خۆشی و پاراستنی ته‌ندروستی گشتی، به‌رگرتن به‌ دزی و تاڵانی، هه‌روه‌ها یه‌که‌مین یادکردنه‌وه‌ی شکۆداری 3 هه‌مین ساڵیادی  کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن شوراکانه‌وه‌ وه‌رێخرا که به‌ده‌یان هه‌زار که‌س‌ به‌شداریان تیاکرد، وه‌ده‌ستبردن بۆ پێکهێنانی میلیشای شوراکان به‌ مه‌به‌ستی وه‌ڕێخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ دژی گه‌رانه‌وه‌ی به‌عسدا بۆ کوردستان، وه‌ جێخستنی ده‌یان سونه‌تی خه‌باتکارانه‌ی له‌ چه‌شنی به‌رپاکردنی کۆبونه‌وه‌ی گشتی، به‌رپاکردنی مه‌راسیمه‌کانی 8 مارس، یه‌کی ئایار، یادی مارکس و لینین و شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر… لستێکی تر له‌وکارانه‌ بوون که‌ شوراکان له‌و ماوه‌ کورته‌دا ئه‌نجامیان دان و تۆماریان کردن.

 ‌  ‌  هه‌ڵوێستی ئه‌حزابی ئه‌و کات و به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ شوراکان چۆن بوو؟ وه‌ڵامی شوراکان به‌وان چی بوو؟ بۆچی شوراکان له‌ لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌ و به‌ره‌ی کوردستانی قه‌بول نه‌کرا؟ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلیشیایی ئه‌حزابی سوننه‌تی و عه‌شیره‌تی‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی خه‌ڵک و ئه‌م بزووتنه‌وه‌ نوێیه‌‌ چۆن بوو؟  ئه‌کرێ ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتر له‌مباره‌یه‌وه‌ بده‌ن؟
عه‌بدوڵا مه‌حمود: بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد و حزبه‌کانی ئه‌وکاته‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ی جه‌نگخوزانه‌ی ئه‌مریکادا و به‌مه‌به‌ستی خۆجوتکردن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نه‌زمی نوێی جیهانی و بۆ پیبڕانی به‌شی سیاسی له‌ عێراقدا له‌ به‌ره‌ی کوردستانیدا کۆببونه‌وه‌.
ئه‌م بزوتنه‌وه‌و هیزانه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌و هێزی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چینی بۆرژوازی کوردن، باش ده‌یانزانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی، بزوتنه‌وه‌یه‌که‌ له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌داراکانی کوردستان و قه‌له‌مره‌وی سیاسه‌ت و نفوزیان له‌کوردستان، بۆیه‌ هیچ له‌وه ‌چاوه‌روانکراوتر نه‌بوو که‌ زۆر به‌ توندی به‌ هه‌موو  شیوه‌و گرتنه‌ به‌ری رێگای بوده‌ڵه‌ و نه‌شیاو بۆ روبه‌روونەوەی بزوتنه‌وه‌ی شورایی دەگرنە بەر‌.
به‌ تایبه‌ت که‌ بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و حزب و هێزه‌کانی ته‌حه‌مولی ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی زبری باڵه‌کان و لقه‌کانی ناو خانه‌واده‌ی خۆشیان، پێناکرێت و ئاماده‌ن دۆست و هاوریی ده‌یان سا‌ڵه‌ی خۆیان له‌ کاتی یاخی بوون و هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌دا، وه‌کو دوژمن سه‌یر بکه‌ن و پیلانی له‌ به‌ینبردن بۆ یه‌کتری دابنێن.
بۆیه‌ یه‌که‌م بانگه‌وازو فتوای به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ گه‌یشینی هێزی پیشمه‌رگه‌یان بۆ ناو ‌ شاره‌کانی کوردستان، له‌ دژی شوراکان بوو. چ له‌ رادیۆو چ به‌هه‌موو ‌‌شیوه‌و وه‌سیلانه‌ی‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بوو..  وتیان شوراکان ره‌سمی نین، دروستکراوی ده‌ستی ده‌ره‌کین، دوژمنانی کورد له‌پشتیانن، هه‌ڵسوراوانی جیگه‌ی گومانن، پاشانیش که‌وتنه‌ هه‌ره‌شه‌و چاوسورکردنه‌وه‌ به‌خشینه‌وه‌ی درۆو ناوناتۆره‌‌نان له‌ هه‌لسوراوانی شوراکان و ره‌وانه‌کردنی میلیشیاکانیان بۆ سه‌ر بنکه‌کان به‌مه‌به‌ستی ترساندنی چالاکوانانی شوراکان و کرێکاران و خه‌لک و داخستنیان.
    به‌ڵام چ هه‌ره‌شه‌کانیان و چ زۆرهینانیان و چه‌ک به‌رزکردنه‌وه‌یان نه‌ک نه‌یتوانی شوراکان پاشه‌کشه‌ پیبکات، به‌لکه‌ روبه‌رووی کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری و جه‌ساره‌تی شوراکان بونه‌وه، به‌رواری 18‌/3/1991 زۆرێک له‌ شوراکان به‌ ڕێپێوان ئاپۆره‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریان له‌به‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی به‌ره‌‌ی کوردستانی له‌ سلێمانی بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رووی ملهوریه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانیدا، سازدا. دواتر رۆژی 18/3 له‌لایه‌ن شوراکانه‌وه‌ کرا به رۆژی شورا له‌ کوردستان.‌

 پاشه‌کشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شورای و نه‌مانی شوراکان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچی؟  خاڵه‌ لاوازه‌کانی شوراکان چیبوون که‌ نه‌یتوانی درێژه‌ به‌ خۆی بدات؟  بۆچونێک هەیە دەلیت: شووراکان بۆیە نەمان چونکە دروشمەکانیان لە گەل واقێعیه‌تی کۆمه‌ڵگا نەدەهاتەوە ئیوە لەمبارەوە وەلامتان چىیە؟

عه‌بدوڵا مه‌حمود: به‌ر له‌هه‌موو شتێک پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ راستیه‌ک بده‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ راپه‌رین و خرۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و لاوازبوونی ڕژێمی به‌عس، به‌رهه‌می پیشره‌وی بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگیرانه‌ی خه‌لکی کوردستان، به‌رهه‌می پیشره‌وی سه‌نگه‌ر به‌سه‌نگه‌ری بزوتنه‌وه‌یه‌ک بۆ وه‌ده‌رنانی به‌عس، به‌رهه‌می چونه‌ پێشی خواستی کۆتاییهینان به‌زوڵمی قه‌ومی، به‌رهه‌می خۆسازدان و خۆرێکخستنی سه‌ربه‌خۆو پێشوه‌ختی خه‌لکی کوردستان، به‌رهه‌می بزوتنه‌وه‌یه‌ی کارو خه‌باتی  هیزێکی رادیکاڵ و شۆرشگیرو هاوبه‌رژه‌وه‌ند له‌گه‌ل خواستی به‌رهه‌قی خه‌ڵکی کرێکارو سته‌مدیده‌ی کوردستان، به‌رهه‌می ئیراده‌ی به‌گه‌رکه‌وتووی خه‌ڵک  …. نه‌بوو. به‌ڵکه ‌به‌رهه‌می لاوازبوونی ڕژیم و جه‌سته‌ی ئه‌نجن ئه‌نجنکراوی سوپاو ‌هیزه‌کانی بوو. په‌رته‌وازه‌بوون و لاوازی ڕژیم به‌ هۆی جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه‌وه‌ بوو، که‌ نه‌ک هه‌ڵگری هیچ پێشکه‌وتنخوازیه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکه‌ جه‌نگ و سیاسه‌تی جه‌نگی چوارچێوه‌یه‌ک بوو بۆ ره‌سمیه‌تدان به‌نه‌زمێکی نوی له‌سه‌ر که‌لاوه‌ی شکستی بۆرژوازی بلۆکی شه‌رق له‌ جوغرافیای سیاسی عێراقدا‌ وه‌ له‌ چوارچیوه‌ی جه‌نگێکی بێ ئاماندا له‌ دژی چه‌پ و کۆمۆنیزم و به‌رابه‌ریخوازی که‌ له‌‌ دنیادا‌ وه‌ڕێخرابوو.
راپه‌رینی خه‌ڵکی کوردستان و خواروی عیراق خرۆشانیکی ناوه‌خت و قۆستنه‌وه‌ی فرسه‌تێک بوو، به‌ سازدان و هه‌ڵخراندنی له‌ لایه‌ن کۆنه‌په‌رسترین هێزی قه‌ومی و دینی کرێگرته‌و هه‌ڵکورماو له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی ملهورانه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیدا، وه‌ ئاسۆی زاڵ به‌سه‌ر راپه‌ریندا ئاسۆی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی کورد بوو. چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی کوردستان له‌ ناسینی ماهیه‌تی جیهانی جه‌نگ و ئاکامه‌ ترسناکه‌کان و ئاسۆی زاڵ به‌سه‌ریدا، غافڵگیر کران و نه‌یانتوانی خۆیان له‌و ئاسۆیه‌ داببرن و بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆو دژ به‌ سیاسه‌ت و جه‌نگخوازی ئه‌مریکا، سازبده‌ن و ببنه‌ به‌شێک له‌و بزوتنه‌وه‌ وه‌رێکه‌وتوه‌ شارستانیه‌ی ئه‌وکاته‌ی دنیا که‌ شه‌قامه‌کانی دنیای ته‌نیبوو. ئه‌مه‌ به‌رجه‌سته‌ترین لاوازی و که‌موکوری  بناغه‌یی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان بوو.
هه‌روه‌ها له‌ کاتێکدا چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان خه‌ریکی پێکهێنانی شوراکان بوون که‌ که‌ش و هه‌وای سیاسی ئه‌وکاته‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ بوو، جۆرج بۆشی باوک به‌ وێنه‌ی فریادره‌س ته‌ماشا ده‌کرا، شه‌پۆلی دواکه‌وتووی و ئومێد به‌ستن به‌وه‌ی جه‌نگ خیروبه‌ره‌که‌ته‌ بۆ رزگاری روانینی باو و زاڵی شه‌قام بوو، ئه‌م دۆخه‌ کاری کۆمۆنیسته‌کانی بێئه‌ندازه‌ سه‌خت کردبوو، ئیراده‌ به‌خشین و خستنه‌ رووی به‌دیل و ئه‌لگۆیه‌کی تر و ئاسۆیه‌کی تر له‌ که‌شی بێئیراده‌یی خه‌ڵکدا خود به‌خود توانایی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانی سنوردار کردبوو. ‌  ‌
 لاوازیه‌کی تری بزوتنه‌وه‌ی شورایی نه‌بوونی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بوو. که‌ ببێته‌ بربره‌پشتی شوراکان و له‌به‌رامبه‌ر هێز و حزبه ‌قه‌ومیه‌کاندا بوه‌ستێته‌وه‌و پاشه‌کشه‌ به‌ پیلان و نه‌خشه‌کانیان بکات و خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشیش ئه‌و هێزه‌ی پشت و په‌نای شوراکان ببینن. هه‌روه‌ها حزب ده‌یتوانی ببێته‌ چوارچێوه‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی بۆ کۆمۆنیسته‌کان و رابه‌رانی کرێکاری.  نه‌بوونی حزب و له‌ جێگای ئه‌وه‌ په‌رش و بڵاوی کۆمۆنیسته‌کان له‌ چه‌ندین ڕێکخراوو ده‌سته‌ و کۆرۆ کۆمه‌ڵدا، زۆرێک له‌ توانایی ئه‌م هیزو سه‌رمایه‌ گه‌وره‌یەی به‌هه‌ده‌رده‌داو هاوفکری و هاوهه‌لوێستی… به‌ش به‌شکردبوو.
‌ به‌ کورتی شوراکان پیویست بوو هیزو حزبی سیاسی له‌ پشتی بیت، نه‌بوونی ئه‌م وه‌سیله‌یه‌ لاوازیه‌کی به‌رجه‌سته‌ بوو.
هه‌روه‌ها بی ته‌جروبه‌یی یه‌کێکیتر له‌ لاوازیه‌کان بزوتنه‌وه‌ی شورایی بوو، بۆ یه‌که‌مین جار بوو چه‌پ و کۆمۆنیزم له‌ فه‌زاو دۆخی بزوتنه‌وه‌ بورژوازیه‌کاندا، به‌دیلی کۆمونیستی بۆ سازدانی کۆمه‌ڵگا بخاته‌ روو. وه‌ له‌وه‌ش واوه‌تر بۆ یه‌که‌مین جار بوو چه‌پ و كۆمۆنیسته‌کان پێ بنێنه‌ ناو کێشمه‌کێشی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و پراکتیکی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵگاوه‌.
به‌ڵام هیچکام له‌و لاوازیانه‌ نه‌بوونه‌ مه‌بنای سه‌ره‌کی پاشه‌کشه‌ی یه‌کجاری بزوتنه‌وه‌ی شورایی، ئه‌وه‌ی که‌ پاشه‌کشه‌ی به‌ شوراکان کرد، گه‌رانه‌وه‌ی هێزه‌ که‌ڵپه‌ به‌خوێن و بریندارو دڕنده‌ی به‌عس بوو بۆ کوردستان، وه‌ تاکه‌ به‌ره‌نگاریه‌کیش که‌ به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌کانی به‌عسدا کرا هه‌ڵسوراوانی کۆمۆنیست و بزوتنه‌وه‌ی شورایی بوون چ له‌ هه‌ولێرو چ له‌ سلێمانی، که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌م به‌ره‌نگارییه‌ نابه‌رابه‌ره‌دا، ژماره‌یه‌ک له‌ هاورێیانی کۆمۆنیست و هه‌ڵسوراوانی شوراکان گیانیان به‌خت کرد.
سه‌باره‌ت به‌و درۆیه‌ی که‌ حزبه‌ کۆنه‌په‌رست و قه‌ومیه‌کان ده‌یان وت شوراکان دروشمه‌کانیان له‌گه‌ڵ واقعیه‌تی کوردستان نه‌ده‌هاته‌وه‌و نه‌ده‌گونجا، درۆیه‌کی ئاشکرایه‌. ئه‌گه‌ر وابوو ئه‌ی هۆی چی بوو به‌ ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تكێش له‌ ده‌وری شوراکان کۆببونه‌وه‌؟ ئه‌ی که‌وابوو بۆچی به‌ره‌ی کوردستانی که‌وته‌ به‌رامبه‌ر به‌ شوراکان و هه‌ره‌شه‌و چاوسورکردنه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسوراوانی؟ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شێتگیربوونی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ كۆمۆنیسته‌کان و له‌ شوراکان جوتبوونی داواو دروشم و داخوازیه‌کانی شوراکان بوو له‌گه‌ڵ دروشم و داواو داخوازیه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تكێشی کوردستان. ئه‌گه‌ر شوراکان و دروشمه‌کانی نامۆ بوایه‌ به‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان، حزبه‌ قه‌ومی و بۆرژوازیه‌کانی کورد وهاوکات وڵاتانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که‌ش نیگه‌رانیه‌کیان نه‌ده‌بوو.

abdulla.mahmud@gmail.com   ‌    ‌ 
13-3-2010
تیبینی: ئەم دیمانەیە دووساڵ بەر لەئیستا کراوەو بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە ساڵیادی شوراکاندا دوبارە بە پیویستم زانی بڵاوی بکەمەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.