![كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كان كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كان](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/sangarZrary_870552148.jpg)
كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كان
له‌سه‌روبه‌ندی ئاڵوگۆڕی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پرسیاره‌ی زۆر دووباره ده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه ئایا ماوه‌ی ساڵ و نیوێك زۆر كه‌م نییه بۆ ته‌مه‌نی ئه‌و حكومه‌ته و حكومه‌ت له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌توانێ چی بكات؟
به دیدی من ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره هه‌م به به‌ڵێ و هه‌م به نه‌خێر بده‌ینه‌وه، ئه‌ویش به پێی جۆری ئه‌و ئه‌رك و كارانه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌كه، له‌سه‌رێكه‌وه نابێ پێمان وابێ ئه‌م حكومه‌ته له‌و ماوه كه‌مه‌دا ناتوانێ هیچ بكات، چونكه به‌مه حكومه‌ته‌كه له به‌رپرسیارێتی دوور ده‌خه‌ینه‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌ش نابێ وای دابنێین ئه‌م حكومه‌ته هه‌موو ئه‌و كارانه ده‌كات كه له شه‌ش كابینه‌ی پێش ئه‌ودا نه‌كراون.
له‌سه‌ر ئاستی ئابووریدا، دواساڵ كه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی تێیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو، واتا ساڵی (2008)، بودجه‌ی كوردستان نزیكه‌ی (6) ترلیۆن و (500) ملیار دینار بوو، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێش خۆی زیادی كردبوو، ئێستا له ناوه‌ندی سیاسی و جه‌ماوه‌ریدا (وێڕای ره‌خنه و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌وكات) وا حیساب كراوه كه بۆیه نێچیرڤان بارزانی جارێكی تر كابینه‌ی پێ ده‌درێته‌وه، چونكه له كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، كه‌واته چاوه‌ڕوانی زیاتر له كابینه‌كه‌ی ئه‌و هه‌یه. ئێستا كه ئه‌م به‌ڕێزه دوای زیاتر له سێ ساڵ، جارێكی دی سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی حكومه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، بودجه‌ی حكومه‌ت نزیكه‌ی (14) ترلیۆن و (500) ملیار دیناره، واتا زیاتر له دوو به‌رامبه‌ری دواساڵی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و.
بودجه‌ی ساڵی (2011)، (13) ترلیۆن و (940) ملیار دینار بوو، واتا له بودجه‌ی ئه‌مساڵ كه‌متر بوو (وێڕای كه‌موكوڕییه‌كان)، حكومه‌تی هه‌رێم توانی له‌و ماوه‌یه‌دا پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره زیاد بكات و بیمه‌ی بێكاری و تواناسازی و چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه به‌و بودجه‌یه ئه‌نجام بدات.
پاره‌ی ئه‌مساڵی حكومه‌تی هه‌رێم، له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان زیاتره، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له‌سه‌ر ئاستی ئابووری ئه‌م كابینه‌یه ده‌توانێ پرۆژه‌ی زیاتر ئه‌نجام بدات و ده‌ستی كراوه‌تر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كاری زیاتریش ئه‌نجام نه‌دات، به كه‌موكوڕی بۆی هه‌ژمار ده‌كرێت.
له رووی سیاسییه‌وه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی نێچیرڤاندا، واتا پێش ساڵی (2008) ئۆپۆزسیۆن له كوردستان نه‌بوو، واتا حكومه‌ت كه‌متر رووبه‌ڕووی ره‌خنه ده‌بووه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه، ئۆپۆزسیۆن به هێزێكی بێ پێشینه‌وه هاتۆته گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان و كاری كردووه, له ئێستادا به‌رچاوڕوونییه‌ك هه‌یه به‌وه‌ی كه خه‌ڵك و حكومه‌ت ده‌زانن ئۆپۆزسیۆن چۆن كار ده‌كات و له چ كایه‌یه‌كدا ده‌جوڵێته‌وه، نێچیرڤان بارزانیش له‌و ماوه‌یه‌دا له واقیعی سیاسی كوردستان ژیاوه و وه‌نه‌بێ ئاگاداری ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی كاركردنی حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن نه‌بێ، ته‌نانه‌ت خۆی زیاد له جارێك ئه‌وه‌ی گوتووه كه ئۆپۆزسیۆن له‌م وڵاته‌دا خاوه‌نی كورسی و هێز و خه‌ڵكن و ده‌بێ رێزیان لێ بگیرێ. كه‌واته كاركردن بۆ ئه‌و، له‌ناو ئه‌م دۆخه‌دا ئاسانتره له دكتۆر به‌رهه‌م و به‌رچاوڕوونییه‌كی له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه كه ماوه‌ی ساڵ و نیوێك بۆ ته‌مه‌نی كابینه‌ی حكومه‌ت كه‌م نییه، ئه‌گه‌ر كار بكات و ئیراده‌ی كاركردنی هه‌بێت.
به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه.. من زیاده‌ڕه‌وییه‌ك ده‌بینم له چاوه‌ڕوانییه‌كانی هه‌ندێ خه‌ڵك. له‌مڕووه‌وه، ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه ئه‌م كابینه‌یه گۆچانی سیحریی پێ نییه و هه‌موو شتێكی به هاوێشتنی گۆچانه‌كه بۆ جێبه‌جێ نابێت، بۆیه پێویسته چاوه‌ڕوانییه‌كان واقیعی بن و ئه‌وه بزانین كه ئه‌م كابینه تازه‌یه هه‌موو كارێكی پێ ناكرێت، به‌ڵام هاوكات زۆریشی پێ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر نه‌یكرد وه‌ك كه‌موكوڕییه‌ك ده‌مێنێته‌وه بۆ كابینه‌كه.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com