ئەم گاڵتەجاری و سیناریۆیە بەسە!
هەفتەیەک لەمەوبەر بە تەبلیغی فەرمی چەند کەسێک لە ئەندامانی خانەوادەکەم ئاگادار کراونەتەوە کە بەشداری بکەن لە دانیشتنی دادگای دۆسیەی سەردەشت عوسمان. تا ئەمرۆش ڕۆشن نەبووە کە ئەو پرۆسەی بەناو دادگاییە چۆنە؟
ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینین درێژە پێدانی هەمان سیناریۆی گاڵتەجاری لێژنەی لێکۆڵینەوەیە.
ئەم نمایشە بەشێکە لە هەوڵ و کۆشش بۆ شاردنەوەی قەزیەکە نەک ئاشکراکردنی. تەقەلایە بۆ داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، هەر لەسەرەتاوە هەڵسوکەوتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تاکو ئێستاش کاربووە لەدژی قوربانیەکە “واتە سەردەشت” نەک لە دژی بکوژان و تیرۆرستان. ڕاپۆرتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تاکو دوایین سیناریۆ گاڵتەجاریەکەی لە هەمان بازنەی چیرۆکسازی و پیلانگێڕیدا دەخولێتەوە. هەمووی کارکردن بووە لەسەر دادگاییکردنی سەردەشت و ڕۆژنامەنوسان و ئازدیخوازانی کوردستان. بەکردەوەش پەنادانی تیرۆستان و بکوژانی سەردەشت بووە.
ئەم دادگاییە سیناریۆیەکی بێزراوە، بەڕەسمی ناناسین و ئیدانەی ئەکەین. قەبولی هیچ ئاکامێکی ناکەین. تیرۆرکردنی سەردەست وەکو کەیسێکی کراوە لای ئێمە و تەواوی ئازادیخوازان و نوسەران و رۆژنامەنوسان و خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە تائەوکاتەی لەلایەن لیژنەیەکی بێلایەنو بە سەپەرشتی لایەنی نیودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت. ئێمە جارێکیتر دەیڵێینەوە و لە وتنەوەی ماندوو نابین: پێویستە لیژنهیهکی پسپۆڕی بێلایهن بە بەشداریی نوێنهرانی ڕێکخراوه نێو دهوڵهتیهکانو ڕۆژنامهنووسانو نوێنهرانی ڕێکخراوه مهدهنیهکان پێک بێت، که له لیژنهیهکی واشدا نوێنهرایهتی ئێمه وهک خانەوادەی سهردهشت ماناو جێگای دهبێت.
بەڵام پرسیارە کە بۆچی لە ئێستادا سەردەشت هێرشی ئەکرێتەوە سەر؟ مەسەلەی دادگایی کەیسی سەردەشت هاوکاتە لەگەڵ مەسەلەی بانگکردنی رێکخەرانی خۆپیشاندانی ١٧ شوباتی پار. ئاشکرایە کە ئەمە دادگایی کردنی خەڵکەو هێرشە بۆسەر خەڵك لەلایەن دەسەڵاتەوە.
ئەو دوو مەسەلەیە دوو تەوەرەو خاڵی وەستانەوەی خەڵک بوون دژی دەسەلاتو سەرکوتو ناعەدالەتی و زوڵم، لەم هەلومەرجەدا کە دەسەڵات بە خەیاڵی خۆی توانیویەتی پاشەکشە بە ناڕەزایەتی خەڵک بکات و هاوکێشە سیاسییەکە بەجۆرێک بگۆرێت کە ئەم جارە ئەو هێرش بکاتە سەر خەڵك و تۆڵەیان لێ بکاتەوە.
دادگایی کەیسی سەردەشت و بانگکردنی بەشدارو ئەوانی تر وەکو ئەوەی ئاسایاشی هەرێمیان تێکداوە بە مادەی ٤٧٧ ی یاسای سزادانی عێراقی مانای ئەوەیە کە هەمان پرۆسەی تیرۆری سەردەشت درێژەی پیدەدرێ و ئەمجارە لە سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لەسەر ئەو کەیسەو تۆڵەکردنەوە لە ئەندامانی خێزانەکەی وەکو رەمزێکی وەستانەوە و ریسواکردنی ئەو تاوانە دڕندانەیە, درێژەی پێ دەدرێت.
دەبێ خەڵکی کوردستان وەکو چۆن لە روداوی تیرۆری سەردەشتدا ناڕەزایەتی خۆی دژی ئەو دەسەڵاتە نمایش کردو چۆن بەدوای ئەودا ١٧ی شوبات بووە ویستەگەی دوەمی بەڕەنگاربوونەوەی خەڵک لەگەڵ ستەم و سەرکوت و ناعەدالەتی، ئاواش سیناریۆسازی دادگایی سەردەشت و رێکخەرانی خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات وەکو هێرش بۆسەر خۆیان و ئومیدو خواستەکانیان، بۆسەر خەباتی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی- میلیشیایی، تەماشاو مامەلەی بکەن.
ئەمە هێرشە بۆسەر خەڵک، بۆسەر ئازادی و هەموو سەردەشتەکانی کوردستان، هێرشە بۆسەر ئەوەی خەڵکی نارزای کوردستان بترسێنن و تەسلیمی سەرکوت و تیرۆری بکەن. بۆیە چاوەڕوانی لە هەموو خەڵکی کوردستانو ئازادیخوازان و هێز و لایەنە سایسیەکان کە داکۆکی لە خەڵک دەکەن، ئەوەیە کە دژی ئەم گاڵتەجاریە بوەستنەوە. دژی ئەم سیناریۆیەی حکومەت بوەستنەوە بۆ تاونبارکردنیان لەرێگای تاوانبارکردنی سەردەشتو (ڕۆژنامەی ئەهلی و ڕۆژنامەنووسانی ناڕازی) و هەروەها ئەوانەی ١٧ شوباتەوە.
بەکر عوسمان
0046762640455
Aramali1@yahoo.com
2012-03-27