
پارتی و زاهیر ڕۆژبه‌یانی
پێوه‌ندیی ماڵباتی ئێمه له‌گه‌ڵ زاهیر ڕۆژبه‌یانی ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هاوڕێكانی جیاواز بێ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه به‌ر له خوێندنه‌وه و نووسین و خۆهه‌ڵقورتاندن له بواره‌كانی ڕۆشنبیری و هونه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌مان ناسیوه، خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كێك بووین و دروست ماڵیشمان به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر بوو، بۆیه بۆ ئێمه جیا له كه‌سایه‌تییه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی، وه‌ك سۆزێك پتر هه‌ستمان به‌برا گه‌وره‌ییه‌كه‌ی ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی سه‌روكاریشمان چووه سه‌ر خوێندنه‌وه و پاشان نووسین، بێگومان به‌ر له من “ئازاد و نه‌وزاد”ی برام، ئه‌وكات زاهیر ڕۆژبه‌یانی له هه‌ره نزیكترین كه‌سه‌كان بوو به‌دیارمانه‌وه، ئیتر ئه‌و پێوه‌ندییه تا دوا ساته‌كانی ژیانی به‌رده‌وامیی هه‌بوو، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ماڵباتی “فه‌وزیه عزه‌دین ڕه‌شید”ی هاوسه‌ریشی به‌ئێمه‌مانان نامۆ نه‌بوون و جۆرێك له پێوه‌ندیمان هه‌بوو، چونكه هه‌موومان په‌روه‌رده‌ی هه‌مان گه‌ڕه‌كی كه‌ركووك “شۆریجه” بووین.
مه‌به‌ستم له‌و كورته پێشه‌كییه ته‌نیا ئه‌وه‌یه پێوه‌ندیی زاهیر ڕۆژبه‌یانی و خاتوو فه‌وزیه له‌گه‌ڵ ماڵباتی ئێمه‌دا جۆره قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا بووه كه سۆزێكی بێوێنه‌ی دروست كردبوو، ئه‌وه‌ش وایكردبوو بۆ ئه‌وكاتی كۆتای حه‌فتا و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان و ده‌مكوتینمان له سیاسه‌ت، به‌زۆربه‌ی شته‌كانی یه‌كتر ئاگه‌دار بووین و تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نهێنیی كاری سیاسی له نێوانماندا كه‌م بووبووه‌وه، ئه‌گه‌رچی كاك زاهیر له‌و ڕووه‌وه وه‌ك فكری سیاسی له هه‌موومان جیاواز بوو، ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێ له ژێر ئه‌و مانشێته‌دا ئه‌م چه‌ند وشه‌یه بنووسمه‌وه.
ئه‌گه‌ر حزبی كوردی به‌نموونه‌ی بێئه‌مه‌كی و داوه‌شاوی باس بكه‌م، كاك زاهیر ده‌بێته زیندووترین به‌ڵگه بۆ بێئه‌مه‌كیی حزب كه بڕوا ناكه‌م ده‌سه‌ڵاتێكی زه‌به‌لاحی وه‌ك پارتی بتوانێ خۆی لێ ته‌ریك بكا.. ئه‌دی جیا له‌وه‌ی وه‌ك ئێمه زانیومانه ئه‌و كه‌سایه‌تییه له سه‌ره‌تای گه‌نجییه‌وه ژیانی بۆ ئه‌و حزبه ته‌رخان كرد و له خزمه‌تیدا بووه، ئێمه‌ش كه له سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكاندا له كه‌ركووك خۆمان خزانده ناو رێكخراوه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران، ئه‌وكات پارتی له كه‌ركووكدا ئه‌وه‌نده لاواز و بێكه‌س بوو، ته‌نانه‌ت باسكردنیشی به‌شێوه‌ی ئه‌رێنی له‌ناو چینی گه‌نجاندا ئه‌سته‌م بوو، ئێمه گه‌نجانی كوردی كه‌ركووك زۆربه‌مان له‌و هێڵانه‌دا كارمان ده‌كرد، له‌ناو هاوڕێكانماندا تاكه‌كه‌س زاهیر ڕۆژبه‌یانی بوو كه ئه‌وكاتیش به‌شانازییه‌وه باسی له پارتیبوونی خۆی ده‌كرد.. ڕاستیتان ده‌وێ تا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانیش له كه‌ركووكدا جیا له كاك زاهیر كه‌سمان نه‌ده‌ناسی پارتی بێ، یان ته‌نانه‌ت داكۆكیش له پارتی بكات، بۆیه زۆر جار كه له دووریی خۆی باسیمان ده‌كرد، بۆ هه‌وای هه‌وه‌س و پێكه‌نینی هاوڕێیانه‌ی ئه‌وكات ده‌مانگوت “ئه‌گه‌رچی كاك زاهیر پارتییه، به‌ڵام ڕۆشنبیرێكی گه‌وره و كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر جوانه”، ئه‌مه واته پارتیبوونمان به‌خه‌وش ده‌بینی، وێڕای ئه‌وه‌ش كاك زاهیر هه‌میشه له پره‌نسیپه‌كانیدا سوور بووه له‌وه‌ی پارتییه‌كی دڵسۆز بێ و له‌وه‌ش پتر هه‌موو ده‌زانن ئه‌و كه‌سایه‌تییه دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌دا چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی كرد و دواتریش حزبه‌كه چۆن پاداشتی دایه‌وه!.
مه‌به‌ستم نییه به‌وردی باسی پێوه‌ندیی خۆم له‌گه‌ڵ كاك زاهیر بكه‌م تا سۆزم به‌سه‌ردا زاڵ نه‌بێ، ئه‌وه‌نده نه‌بێ جیا له بواره ڕۆشنبیرییه‌كه و به‌تایبه‌تیش له ڕووی زمانی كوردییه‌وه كه سوودی زۆرم له‌و كه‌سایه‌تییه بینیوه، له بواری ڕۆژنامه‌وانیشدا به‌شێكی كاریگه‌ری ئه‌م دۆخ و ئه‌م شاره‌زاییه‌ی ئێسته‌ی من له‌و بواره‌دا بۆ پاڵپشتییه‌كانی كاك زاهیر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌ش پتر كه له كۆتای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له نزیكه‌وه كارم له‌گه‌ڵدا كرد و زیاتریش له ڕۆژنامه‌ی “برایه‌تی”، ئه‌وكات كه‌سایه‌تیی سه‌نگینی ئه‌وم له به‌رپرسیاریه‌تیدا پتر بۆ ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش وه‌ك نموونه‌یه‌كی تا ئه‌وپه‌ڕی لێبورده‌یی و له‌خۆبوردوویی و خزمه‌تكردنی ئه‌و ڕه‌وته‌ی بڕوای پێی هه‌بوو، بۆیه له زۆر شوێندا باسم كردووه كه زاهیر ڕۆژبه‌یانی ئه‌وه‌نده‌ی “مه‌لایی”یه ئه‌وه‌نده پارتی نییه، واته ده‌گمه‌ن بوون ئه‌وانه‌ی له‌ناو پارتیدا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ڕێبازی مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌یان خوێندبێته‌وه و لێی تێگه‌یشتبن، بۆیه به‌ماوه‌یه‌كی كه‌می قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كاك زاهیر له‌باره‌ی پارتییه‌وه، بۆت ڕوون ده‌بووه‌وه كه بۆچوونه‌كانی له زۆربه‌ی به‌رپرسانی پارتی و به‌تایبه‌تیش هێڵی ڕاگه‌یاندنی پارتی جیاواز بوو، چونكه ئه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆحی پارتیدا ده‌كرد نه‌ك هه‌ڵپه و ڕاكه‌ڕاكه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كانی وه‌ك زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ناو ڕاگه‌یاندنی پارتیدا و به‌به‌رچاوی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یانه‌وه له دواتردا دژایه‌تییان ده‌كرد.. ئه‌دی ئه‌مه‌یه جیاوازیی نێوان كاك زاهیر و به‌شێكی زۆر له پارتییه‌كانی ئه‌وكاتی ناو ڕاگه‌یاندنی ئه‌و حزبه، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌وكات كه له كه‌ركووكدا پارتیبوون وه‌ك خه‌وشێك ده‌بینرا و كه‌چی كاك زاهیر هه‌ر پارتی بوو و تا دوا ساته‌كانی ژیانشی خۆی هاوشانی حزبێكی تر نه‌كرد، ئه‌مه بۆ ئه‌و ته‌نیا پێوه‌ستبوون به‌ڕێبازی بارزانیی باوك ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌دی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ناو ڕاگه‌یاندنی پارتیشدا دژایه‌تییان ده‌كرد و كاریان بۆ په‌راوێزخستنی كرد، ئه‌وانیش وه‌ك من پێشتر پارتی نه‌بوون.. هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌م نووسین و گێڕانه‌وه‌یه‌ی من به‌نابه‌ڵه‌د و ناڕاست ناو ده‌بات، با ئه‌و دیمانه‌یه بخوێنێته‌وه كه گۆڤاری “سه‌كۆی تۆ” له ژماره 15ی ئابی 2011 له كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ زاهیر ڕۆژبه‌یانیدا ئه‌نجامی داوه.
له‌و دیمانه‌یه‌دا كاك زاهیر له‌باره‌ی كاركردنی خۆی له‌ناو پارتیدا ده‌ڵێ “ئه‌ندامی دوو مه‌كته‌ب بووم، به‌ڵام نازانم بۆ له پڕێكدا له هه‌ردوو مه‌كته‌ب دوور خرامه‌وه” واده‌زانم ئه‌مه زیندووترین ئه‌و گوته‌یه‌ی منه كه ده‌ڵێم حزبی كوردی تا ئه‌وپه‌ڕی بێئه‌مه‌كن.. ئه‌دی زاهیر ڕۆژبه‌یانی نه پیر و په‌ككه‌وته بوو و نه مریشكیش بوو تا له هێلكه بچێته‌وه، ئه‌و تا مردنی ڕۆشنبیر و سیاسه‌تكار و ڕۆژنامه‌وانێكی گه‌وره‌ی كورد بوو، خێره له‌ناو ئه‌و هه‌موو پیر و په‌ككه‌وته‌یه‌ی ناو پارتی، له ئه‌ندامیه‌تیی دوو مه‌كته‌ب دوور ده‌خرێته‌وه و هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌به‌رچاوی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌وه ده‌كرێن و گوێی خۆیانی لێ ده‌خه‌وێنن؟!.
من نازانم له سه‌روبه‌ندی نه‌خۆشییه‌كه‌یدا كه پتر له ساڵی خایاند پارتی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به كاك زاهیر چی بووه و چۆن ئاوڕیان لێ داوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه باش ده‌زانم هه‌رچییان بۆ كردبێ، ناتوانن قه‌ره‌بووی ئه‌و گورزه كاریگه‌ره بكه‌نه‌وه كه له هه‌ڕه‌تی توانا و كاركردنیدا لێیان دا و هه‌ستیان وێران كرد.. بۆیه پێویستیم به‌وه نییه زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانی كه له‌و دیمانه‌یه‌ی “سه‌كۆی تۆ”دا باسی كردوون و منیش لێره‌دا دووباره‌یان بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ به‌هیوام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیه‌تی له ئازاره‌كانی دوا ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سایه‌تییه گه‌وره‌یه‌ی كورد تێبگات، با به‌دواداچوون بكات و ئه‌و دیمانه‌یه بخوێنێته‌وه.. بۆ ئێمه‌ش شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه جیا له‌وه‌ی فرمێسكی خه‌م بۆ ئه‌و برا گه‌وره‌یه بڕێژین و ئه‌زموونێكیش بێ بۆمان كه چیتر بڕوا به‌حزبی كوردی نه‌كه‌ین.
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د