Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەوڵەتی کوردی لەنێوان خەونی شاعیرانەی …

دەوڵەتی کوردی لەنێوان خەونی شاعیرانەی …

Closed
by April 1, 2012 گشتی


دەوڵەتی کوردی لەنێوان
خەونی شاعیرانەی تاڵەبانی و دروشمەکانی پارتیدا

 
بەرهەم خالید

پرسی بوون بە دەوڵەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا پرسێکی گرنگ و چارەنوس ساز بووە، بەڵام ئەم پرسە گرنگە بە کورد نامۆ بووە، کورد لە ڕابردودا دوژمنانی دەرفەتی ئەوەیان نەداوە بیر لە دەوڵەت بکاتەوە، خۆ ئەگەر ئەو دەرفەتەشی هەبووبێ ئەوا ململانێ ی ناوخۆیی و دژایەتیکردنی یەکتری و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکان لەسەر حسابی سڕینەوەی یەکتری، ڕێگر بووە لەوەی میرو دەسەڵاتدارانی کورد بیر لەدەوڵەت بکەنەوە. کورد بە فەلسەفەش ئاشنا نەبووە، هەتا لەسەردەمێک لەسەردەمەکاندا فەیلەسوفێک دروست بوبێت و فکری سیاسیی و پرسی دەوڵەت و بایەخ و گرنگی و هەروەها چۆنێتی دروستبوونی دەوڵەتی بۆ میللەتەکەی شیکردبێتەوە. ڕەنگە تا ئەمڕۆش یەکێک لە نەهامەتییە گەورەکانی ئێمە هەر ئەمە بێت: ئاشنانەبوون بە فەلسەفە.
لەدوای ڕاپەڕینیشەوە دیسان بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان نەیانهێشت سەرکردەکانی کورد بیر لە دەوڵەت بکەنەوە،چونکە ئەوان وایان لا باش بوو لەبری بیرکردنەوە لە دەوڵەت بیر لە گیرفانی خۆیان بکەنەوە. ئیدی دەسکەوتی گەورەی شۆرشگێڕەکانی دوێنێ بۆ میللەتەکەیان هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بوو، ئیدی پارتی و یەکێتی لەبری کارکردن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بیرخستنەوەی مەسەلەی نەبوونی دەوڵەت و بنیاتنانی پڕۆژەی دروستبوونی دەوڵەت پێچەوانەکەیان ئەنجامدا و برینی قوڵیان خستە جەستەی ئەم وڵاتەوەو لەبری بیرکردنەوە لە دەوڵەت، کۆمەڵگای کوردییان بە بیرکردنەوە لە حیزب و سەرکردەکانییەوە سەرقاڵ کرد.
ئێستا دەسەلاتدارانی کورد لەبەر بڕوابونیان نا بە پرسی دەوڵەت، بەڵکو لەبەر راکێشانی سۆزی خەڵک لێرەو لەوێ جارجارە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باس لە دەوڵەت دەکەن، بەتایبەت بارزانی. با واز لە گووتە کارەساتبارەکەی تاڵەبانی بێنین، کە بڕوای وایە دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە، بەڵام لە وتەکەی تاڵەبانی کارەساتبارتر ئەو دروشمانەن کە پارتەکەی بارزانی و خودی بارزانی بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەبارەی دەوڵەتەوە بەگوێی خەڵیکدا ئەیدەن. من نازانم  لەسەر چ بنەمایەک و بەپشت بەستن بە کام تیۆرو بەپێی کامە بیردۆزو فەلسەفەی کام فەیلەسوف باس لەڕاگەیاندنی دەوڵەت دەکەن لەئێستادا؟

گرنگی دەوڵەت تەنها لە دروستکردنی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لەچۆنێتی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدایە

گرنگی دەوڵەت تەنها لە دروستکردنی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لەچۆنێتی سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدایە، واتە گرنگی دەوڵەت لە سیستمەکەیدایە نەک لە خودی دەوڵەت خۆیدا. گەر دەوڵەتێک خاوەن سیستمێکی دواکەوتوو ستەمکار بێت ئەوا نەک سەربەستی و خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤەکانی ناهێنێ، بەڵکو ئەبیتە هۆی دواکەوتوویی و سەری کۆمەڵگاش ئەخوات. لەراستیدا دەوڵەت یان ئەبێتە فریادڕەس و چارەنووسی کۆمەڵگا بەرەو ئایندەیەکی ڕووناک ئەبات، یانیش ئەبێتە ئەژدیهایەک و سەری میللەت دەخوات،  کاتێک باس لەگرنگی هەبوونی دەوڵەت دەکرێ زیاتر مەبەست لە سیستمەکەیەتی نەک بەتەنها خودی دەوڵەت خۆی، ئەگەرنا باسکردن لەدەوڵەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی دروستبوونی و سیستمەکەی، ئەبێتە ئەو ئەژدیهایەی کە هاوشێوەی دەوڵەتەکەی قەزافیی و بەشار ئەسەد سەری میللەت دەخوات.
لەهەرێمی کوردستاندا ئەوەی زاڵە ئەقڵییەتی حیزبایەتیی و بنەماڵەییە و ئەقڵیەتی دەوڵەتداری بەهیچ جۆرێک بوونی نییە، کە ئەمەش بوونی نەبوو واتە بنەماکانی دەوڵەتداریش بوونیان نییە، کە بنەماکانی دەوڵەتداری بونیان نەبوو دەوڵەت دروست نابێت.دەوڵەت ئاستێکە دەبێ کۆمەڵگا لەهەموو ڕویەکەوە پێی بگات، بۆئەوەی کۆمەلگا بەئاستی دروستکردنی دەوڵەت بگات پێویستمان بە دروستبوونی ئەقڵییەتی مەدەنیانە و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هەیە. وەلێ دەسەڵاتداران خاوەنی ئەقڵییەتیکی هێند خێڵەکین هێشتا نەیانتوانیوە حکومەتێکی یەکگرتوو دروست بکەن، کەسانێک توانای ئەوەیان نەبێ حکومەتێکی یەکگرتوو دروست بکەن، چۆن ماف بەخۆیان ئەدەن باس لە دەوڵەت بکەن؟!
پێویستە ئەوەش بزانین کە دەوڵەت لەئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی حیزبەوە دروست دەبێت، مەبەستم لە هەڵوەشانەوەی حیزب نەمانی حیزب نییە، بەڵکو نەمانی ئەم جۆرە لە ئەقڵییەتی حیزباتی و ناوچەگەرێتیی و بنەماڵەییە. دەوڵەت ئامانج نییە، بەڵکو ئامانج لە دروستکردنی دەوڵەت گەیشتنە بەسەربەستی ڕۆح واتە گەیشتن بە ئازادی ڕاستەقینە، واتە خودی دەوڵەت خۆی نابێتە ئامانج، بۆ وێنە ئەگەر بڕیارە دەوڵەتێک دروست ببێت ئەوا سیستم و چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکە گرنگە نەک دەوڵەت خۆی بەتەنها.
بۆئەوەی دەوڵەت دروست بێت پێویستمان بەگوتارێکی یەکگرتوو هەیە، بەبێ دروستبوونی گووتارێکی یەکگرتوو لە ناوەوە باسکردن لە دەوڵەت کۆمیدیایە، پارتەکەی بارزانی لەبیریان چووە ئەوەی لەم هەرێمەدا بوونی نییە  هێزوو ئیرادەی یەکخراوە، قۆناغی پێش درووستبوونی دەوڵەت قۆناغی یەکخستنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانە، بەڵام لەدۆخێکی لەم جۆرەدا نەک هێزو ئیرادەی کۆمەڵگاو حیزبەکانی ناوی یەکگرتوو نییە، بەڵکو ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە سەرقاڵی سڕینەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانن و بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاشکرامان لەبەردەستە. پاشان هەریەکێک لەم هێزانە ئەیەوێ بەناوی کۆمەڵگاوە قسەبکات و خۆی بە نوێنەری میللەت بزانێ. (وەک ئەزانین هێزی نەتەوەیەک لەوەدا نییە، کە تاقە هێزێک لە هێزەکانی بەناوی هەموانەوەو لەباتی هەموان بۆ هەموان بدوێت)١ ، بەڵکو ئێمە پێویستمان بە گوتارێکی نیشتیمانیی یەکگرتوو هەیە نەک حیزبیی بنەماڵەیی.
بارزانی کە لێرەو لەوێ جارجارە باس لە دەوڵەت دەکات، کەچی تا ئێستا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبەکەی خۆیدا نەیتانیوە شار درووست بکات و بنەماکانی شاربوون بچەسپێنێ، شار لەڕووی پێکهاتنەوە، واتە شاری فرە ڕەنگ و فرە دەنگ، بەڵکو ئەوەی ئەیبینین یەکڕەنگکردنی ئەو شارو ناوچانەیە کە پارتەکەی بارزانی تێیدا بالادەستە و قبوڵنەکردنی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانی دیکەو بێدەنگکردنیانە.سەرۆکی هەرێم هێشتا خاوەنی هێزێکی فیداییە ٢، ئایا کەسێک خاوەنی هێزی فیدایی بێت بە چ شێوەیەک باسی دەوڵەت دەکات؟ ئایا دەوڵەت و ئەم دۆخەی لە کوردستاندا هەیە هەزاران فرسەخ لەیەکەوە دوور نین؟ دەسەڵاتێک نەتوانێ بنەماکانی شاربوون یان مەدەنییەت بچەسپێنێ لەکوێ ئەتوانێ بانگەشە بۆ دروستبوونی دەوڵەت بکات؟ بەبڕوای من دەوڵەت کۆرپەلەیەک بوو بارزانی و تاڵەبانی هەر لەسکی دایکیدا لەباریان برد.
 پێویستە ئەوەش بڵێم ئەوانەی دەڵێن دەوڵەت ڕادەگەیەنین بەڵگەی ئەوەیە هێشتا لە مەفهومی دەوڵەت تێنەگەیشتوون و ئەلفێکیش شارەزاییان لەبارەیەوە نییە، ئاخر دەوڵەت ڕاناگەینرێت، بەڵکو بنیات دەنرێت، چۆن ئەبێت پێش بنیاتنانی باس لە ڕاگەیاندنی بکرێت؟ ئایا ئەمە گاڵتەکردن نییە بەئەقڵی کۆمەڵگا؟ کاتێک هەموو بنەماکانی دەوڵەتداری چەسپێنرا، وە کۆمەلگا لەهەموو ڕویەکەوە ئامادەیی تێدا بوو، ئیدی ئەوکات دەبێ باس لە ڕاگەیاندنی بکرێت، لەنێوان بنیاتنانی دەوڵەت و ڕاگەیاندنیدا چەندین ساڵ هەیە، هەربۆیە دروشمەکانی پارتی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت جگە لە یاریکردن بە ئەقڵی کۆمەڵگاو فریودانی هیچی دی نین. بۆیە واچاکترە ئێوەی دەسەڵاتدار لەبری دەوڵەت، بیر لە دروستکردنی کابینەیەکی یەکگرتوو بکەنەوە کە بیست ساڵە نەتانتوانیوە بنیاتی بنێن.

 

سەرچاوە :
١ مەریوان وریا قانع
٢ فازڵ میرانی، گۆڤاری سڤیل
تێبینی : ئەم نوسینە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی کورت کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنیم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.