
ماستاوه‌که‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ مه‌لا کرێکار
مه‌لا کرێکار به تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه لێکردن له چه‌ند هاوڵاتیه‌ک له‌وڵاتی نه‌رویج، سزای زیندانی پێنج ساڵی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا له‌گه‌ڵ مه‌بله‌غێک پاره. هه‌ڕه‌شه لێکردن به پێی یاسای وڵاتی نه‌رویج تاوانێکه و سزای بۆ دانراوه هه‌رکه‌سێک ئه‌و تاوانه‌ی له‌سه‌ر ساغ بێته‌وه، یاساکانی سزادانی ئه‌و وڵاته ده‌یگرێته‌وه. ئه‌و وڵاته‌ش چونکه وڵاتێکه و یاسای تێدا سه‌روه‌ره، هه‌تا تاوانه‌که به به‌ڵگه‌وه ڕوون نه‌که‌نه‌وه ئه‌و سزایه به‌سه‌ر که‌سدا ناسه‌پێنن. پاش ئه‌وه‌ی که‌مه‌لا کرێکار به‌ته‌واوه‌تی به به‌ڵگه‌و شایه‌دی ئه‌و تاوانه‌ی له‌سه‌ر چه‌سپا، ئینجا سزاکه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاند. هه‌تا ئێره شته‌که روونه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و سه‌رسوڕمانه، کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی مه‌لا عه‌لی باپیر به‌یاننامه‌یه‌کی ده‌رکردووه ناره‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و سزایه نیشان ده‌داو هیوا ده‌خوازێ مه‌لا به زووترین کات ئازاد بکرێ.
لێره‌وه من چه‌ند پرسیارێک له مه‌لا عه‌لی به‌رێز ده‌که‌م ، ئایا نه‌جمه‌دینی ناسراو به مه‌لا کرێکار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی سزا دراوه یان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی جینائی؟
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی سزا دراوه ئێوه له‌سه‌ر چی بناغه‌یه‌ک دێن هاوسۆزی خۆتان بۆ که‌سێک نیشان ده‌ده‌ن که تا سه‌ر ئێسقان دژایه‌تیتان ده‌کات و ئێوه به مورته‌دد و ترسنۆک له قه‌ڵه‌م ده‌داو ته‌نانه‌ت به رۆژی رووناک هه‌ڕه‌شه له ئه‌ندامه‌کانتان ده‌کاو له که‌سیشتان ناترسێ، ته‌نانه‌ت به‌و په‌ڕی بێڕێزی ئه‌مرتان له‌سه‌ر ده‌کا که ئه‌گه‌ر له‌قسه‌که‌ی خۆتان په‌شیمان نه‌بنه‌وه وه‌هاو وه‌ها ده‌که‌م. ئایا ده‌تانه‌وێ په‌شیمانی بکه‌نه‌وه‌و جاریکی تر سه‌نگه‌ری له‌گه‌ڵ بگرنه‌وه دژی خه‌ڵکی کوردستان؟ که ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ک منه‌تتان نازانێ و ئیعتیرافتان پێ ناکات.
یان ئه‌گه‌ر ئێوه پێتان وایه مه‌لا کرێکار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی جینائی سزا دراوه، ئه‌وا دیاره ئێوه پشتگیری له‌که‌سی جینایه‌تکار ده‌که‌ن. هه‌ره‌شه کردن گه‌وره‌ترین سیمای کاری تیرۆرستانه، که مه‌لا کرێکار هه‌میشه هه‌ڕه‌شه ده‌کات، ئایا ئێوه پشتگیری له تیرۆر ده‌که‌ن؟ مه‌لا کرێکار به یاسایه‌ک سزا دراوه له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه کردن، ئێوه هیوا ده‌خوازن که بهزهووترین کات ئازاد بکرێ واته سزاکه‌ی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێ، واته که‌س قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کاو ئه‌و با بۆخۆی هه‌ره‌شه له خه‌ڵک بکات و ئه‌گه‌ر بۆی لوا با ههرهشهکهش جێبه‌جێ بکات. ئایا ئێوه دژی ئه‌و سزایه‌ن هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دادگای دادپه‌روه‌رانه‌ی وڵاتێک ده‌رچووه که ئێوه به کافری ده‌زانن. یان دیاره ماستاوی بۆ ده‌که‌ن و لێی ده‌ترسن، هه‌تا خۆتان له به‌ڵاو شه‌ڕه‌کانی لاده‌ن، چونکه ئه‌و خه‌ریکه په‌له‌قاژه‌ی هاتنه‌وه ده‌کات بۆ کوردستان، کاتێ هاته‌وه کوردستان بڵێن ها کاکه ئه‌وکاته‌ی لێت قه‌وما ئێمه تاکه حیزب بووین دڵته‌نگی خۆمان ده‌ربڕی. دڵته‌نگ بووین که‌تۆ هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنت له هاوڵاتیانی سڤیل کردووه و دادگا حوکمی داوی. دڵته‌نگ بووین که دادگا بهورێگه گرتنه نه‌یهێشت چاوی پڕ له خوێنت له خه‌ڵکی بێ ده‌سه‌ڵات سوور که‌یته‌وه.
یان ئایا له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه پشتگیری ده‌که‌ن که ئێوه پێتان ناخۆشه هیچ که‌سێک موسڵمان توشی سزادان ببێته‌وه له‌وڵاتی غه‌ریبایه‌تی؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌ستی ئێوه‌یه ئه‌ی بۆچی به‌و برا موسڵمانه ناڵێن تۆزێک ئه‌خلاقی مرۆڤانه‌ی هه‌بێ و له وڵاتی غه‌ریبی له‌سه‌ر بیر‌و باوه‌ڕی جیاواز هه‌ڕه‌شه له‌خه‌ڵک نه‌کات. په‌روه‌ردگار خۆی به‌نده‌ی خۆی به چاک و خراپه‌وه ده‌بێنێ، ئه‌وه ئه‌رکی مه‌لاکرێکارو ریش پانه‌کان نیه هه‌ڕه‌شه له‌خه‌ڵک بکه‌ن.
خۆزگه یان له‌و مه‌سه‌له‌یه بێده‌نگ ده‌بوون و نه‌ده‌هاتنه جواب. یان که هاتنه جواب ناره‌زایه‌تی خۆتان دژی ره‌فتارو لێدوانه ئاگرین و توند ره‌وه‌کانی مه‌لا کرێکار نیشان ده‌دا، که ئه‌و ره‌فتارو لێدوانانه هێنده‌ی ئاینی ئیسلام به‌دناو ده‌کات و هێنده‌ی ره‌وته ئیسلامیه‌کان له‌به‌ر چاوی دونیا شه‌رمه‌زار ده‌کات هێنده خزمه‌ت نه به ئێوه‌و به‌که‌سی تر ناکات. شه‌رم و شووره‌ییه به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رگری له مه‌لا کرێکارێ بکرێ که هه‌ر له‌ئێستاوه چه‌قۆ بۆ ملی خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ی کوردستان تیژ ده‌کاته‌وه، که‌چی ئه‌ی کۆمه‌ڵی ئیسلامی ئێوه له‌به‌ر ئیعتیباراتی سیاسی پشتگیری لێده‌که‌ن، چش له‌داهاتوودا ئه‌و مرۆڤه چ به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌یە بۆ خه‌ڵکی کورد.
به‌ڕاستی من له جێگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بم، له‌سه‌ر به‌یاننامه‌یه‌کی وه‌ها لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌که‌م. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵکوو هه‌ر ههنگاوێکی سیاسی هه‌موو ره‌وته ئیسلامیه‌کان به میانڕه‌وو توندرهویانهوه ده‌خه‌مه ژێر پرسیاره‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه دژ به چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی ره‌وتی دیموکراتی بێ له کوردستان.
سه‌بیحه موحه‌مه‌د ئه‌مین