Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانەی گۆڤاری چرکە سەبارەت بە پرسی چاکسازی و گۆڕانکاری و نەخشی ئۆپۆزیسیۆن

دیمانەی گۆڤاری چرکە سەبارەت بە پرسی چاکسازی و گۆڕانکاری و نەخشی ئۆپۆزیسیۆن

Closed
by April 3, 2012 گشتی


عەبدوڵا مەحمود: بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان…کۆسپی بەردەم گۆڕانکاری ریشەیین لەکوردستاندا

چرکە: چۆن دەڕوانێتە باسکردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ئۆپۆزیسیۆن، لات وایە مەبەستیان گۆڕانکارییەکی ریشەیی بێت؟
عەبدوڵا مەحمود: باسی گۆڕانکاری و چاکسازی و یان دروستر بڵێین خواستی چاکسازی و گۆڕانکاری بەرلەوەی خواستی ئۆپۆزیسێۆن بێت، خواستی خەڵکی کوردستانە. بەرلەوەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد باسی چاکسازی و گۆڕانکاری بکات، ئەوە خەڵکی کوردستان بوون کە بۆ ئەم خواستە دەستیان داوەتە نارەزایەتی دەربڕین، کۆبونەوە، مانگرتن، خۆپیشاندان، یەخەگرتنی دەسەڵات. ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستا هەیە هەموویان بەشیک بوون لەدەسەڵات و بەشدار بوون لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی کوردستاندا، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لە حکومەت! هاتونەتە دەرەوەو لە پەرلەمانی یەکێتی و پارتیدا، وەکو ئۆپۆزیسیۆن خۆیان نمایش دەکەن و دەیانەوێ خۆیان بە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ چاکسازی و گۆرانکاریدا، هەڵبواسن.
خەڵکی کوردستان خوازیاری چاکسازی و گۆڕانکاری بناغەیی و ریشەیین، لە ژیانیان و لە کۆی سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتی و شێوەی دەسەڵاتداریتی و بەرێوەبردنی کۆمەڵگادا، لەکاتێکدا ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد بۆ خۆجووتکردن بە خواستی گۆرانکاری خەڵکی کوردستاندا، خوازیاری ئاڵوگۆری روکەش و لاوەکین و رەخنەیەکی بنیادی و ریشەییان لە سیستەمی سیاسی و ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی کوردستاندا نییە. ئەمان وەکو خۆیان دەڵین، خوازیاری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانن، خوازیاری کورتکردنەوەی دەستی حزبن لە دەسەڵاتدا، بەڵام خوازیاری گۆڕینی دەسەڵات و شێوەی دەسەڵاتدارێتی نیین. خوازیاری ئەوە نیین خەڵکی کوردستان دەورو نەخشی ئازادانەو راستەوخۆی هەبێت لە سیستەمی بەرێوەبردن و ئیدارەکردن و دەسەڵاتدارێتیدا، نایانەوێ ئیرادەی خەڵکی کوردستان بڕیاردەری شێوەی دەسەڵاتدارێتی و بەڕیوەبردن بێت، نایانەوێ سیستەمی هەڵبژاردن پشت بەستوو بێت بە هەڵبژاردنی لەخوارەوەی جەماوەریی شوێنی کارو ژیان. تەنانەت نایانەوێت سیستەمێكی مۆدیرنی ئازادانەی جەماوەری سەراسەری و پشت بەستوو بەدەستورێکی سەردەمی بێت کە جیای دین لە دەسەڵات، یەکسانی یاسایی ژنان و پیاو، قانوون کاری کریکاری پێشرەو، ماف تاک و مەدەنیەکانی هاوڵاتیان دەستەبەر بێت. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد، خوازیاری ئاڵوگۆرێکی روکەشن لە دەسەڵاتدا، کە بەشی ئەوان لە پۆستە سیاسی و بەریوەبردنی کردەییدا دەستەبەر بکات. بەڵام کیشەیان نە چارەسەری بناغەیی کیشەکانی نابەرابەری قوڵی ئابوری و نابەرابەری حقوقی سیاسی هاوڵاتیان و نابەرابەری یاسایی خەڵکی کوردستانەو نە چارەسەری سیستەمی پیاوسالاری و حزبسالاری و هەڵاواردن سالاری و بیمافی هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستانە، بەڵکە خۆشیان پیکهاتەیەکن بۆ وەستانەوە بۆ گۆڕانکاری لەهەموو ئەو زەمینانەدا. ئیوە بیهێنە پیش چاو ئەگەر بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامیەکانی هاوپەیمانیان دەسەڵاتیان هەبێت چ بە خۆپیشاندەران و نارازیان دەڵین کە دەڵین نان و ئازادی و مافی تاک و شکۆمان دەوێت؟ چ دەڵین بە لاوان و ژنانیک کە دەیانەوێ پیادەی ئاسایی مافی فەردیان بکەن؟ چ وەڵامی عەلمانیەکان، چەپ و کۆمۆنیستەکان دەدەنەوە کە دەڵین دەبێ ئازادی دینداری وبیدینی بەرەسمی بناسرێت، و وەزارەت و بەڕیوەبەرایەتی ئەوقاف نەمێنێت و داهاتی خەڵکی نەکرێت بە گەرویی مەلای بەڵاشخۆرو و بۆنە دینیەکان؟ وە ئەم هێزە بە ناو ئۆپۆزیسیۆنانە لەبەرامبەر بە فیدارلیزمی قەومی، ئەزموون و داهاتووی کوردستان، وە لەبەرامبەر مافە فەردی و مەدەنیەکانی هاوڵاتیاندا نەک هەر جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە نییە، بەلکو ئیسلامیەکان بەکردەوە دەیانەوێت، دەسەڵاتی ئیسلامی شێوەی ئێران و سعودیە بکەنە نۆرمی حاکمیەت. بۆیە ئەمانە خوازیاری گۆرانکاری نەک ریشەیی بەلکە لەگەڵ چاکسازی بەرجەستەش نین، ئەوەی دەیانەویت دەسەڵاتی زۆرتر لە حکومەت و وەزارەتخانەو پەرلەمان و بودجەی زۆرترە و لەگەڵ ئالوگۆڕیکی زۆر روکەش و بێکاریگەر لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا. 
 
چرکە: زۆر جار دەسەڵات باس لەوە دەکات کە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆشیان پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە؟ سەرەتا پێویستە خۆیان بگۆڕن ئینجا داوای چاکسازی بکەن؟

عەبدوڵا مەحمود: هیچ کایەیەک لە کوردستاندا هێندەی کایەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ماڵی سەر بەخۆیان، کایەیەکی قێزەون نییە. بۆیە بە جیا لەوەی بە چ روانگە و مەبەستێک و لە چوارچێوەی چ ململانێیەکی سیاسی خۆیاندا، یەکتری تۆمەتبار دەکەن… هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان نە لەڕوانگەی دەسەڵاتەوە بەڵکە دەبێ لە ڕوانگەی بەرژەوەندی واقعی خەڵکی کوردستانەوە، هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و بۆیان بڕوانرێت و رامان لەسەر کارنامەو پەیام و سیاسەتیان بکرێت. ئەگەر بە پێودانگە تەماشای ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە بکەین، و سەیری کارنامەی پێشوویان و سیاسەت و هەلوێستگیرییەکانی ئیستایان بکەین، ئەو هێزانە هەڵگری گۆرانکاریی نین و لەبنەڕەتدا بۆ وەستانەوە بە رووی ئاڵوگۆری ریشەیی کۆمەڵگا پیكهاتوون و تەواوکەری کاری بزوتنەوەی دەسەڵاتبەدەستەکانی کوردستان و بزوتنەوە سەلەفی و کۆنەپارێزەرەکانی ناوچەکەن.
ئێوە تەماشابکەن… بزوتنەوەی گؤران بەشێک لە هەمان هێزی یەکێتی نیشتمانی پێشووە و هیچ جیاوازییەکی بنەرەتیشی لەگەل سیاسەتە سەرەکی و گشتیەکانی ئەودا نییە و ١٨ سالێش کەسانی سوکان بەدەستی ئیستای ئەو بزوتنەوەیە، کەسانی خاوەن پایەو بەشێک لە سیستەمی گەندەڵی و دزی و سەرکوتی ئازادی و بوون لە کوردستاندا… ئیستاش بوونەتە هاوپەیمانی ئیسلامیەکان و هیج شەفافیەتێکی رێکخراوەیی، سیاسی، پۆست و سەرچاوەی دارایی، پەیوەندی و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.. نییە. هیزیك ئەمە روانین و میژوو کارنامەی بێت، ناکرێت هیچ چاوەراونییەکی جدی لێبکرێت… ئیسلامیەکانیش خاوەنی خێلێ حەمە و حجابکردنی مناڵان و بەدەستەوەگرتنی مینبەر مزگەوت و فتواچی ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان و شاعیرو نووسەران و جەنگی نەبراوەن لە دژی ئازادی و ژنان و مافی فەردی و هاوکات وابەستەو خۆشخزمەتجی کۆنەپەرسترین هیزی ناوچەکەن، چۆن دەکرێت ئەم هێزانەش گۆرانکاریان پێبکرێت… ئەو هێزانە خۆیان پێویستە لە ئاڵۆگۆری فراوانی ریشەیی کۆمەڵگاداو بەدەستی بزوتنەوەی ئازادیخوانەو بەرابەرخوازی و کەناربخرین و دەستیان لەسەر کۆمەڵگا هەڵبگیرێت.  

چرکە: ئایا دیدی گۆڕانکاری لای ئۆپۆزیسیۆن دروشمە یان قەناعەتی ئەو هێزانە؟

عەبدوڵا مەحمود: بێگومان بۆ ئالوگۆرێک کە لەبەرژەوەندی ئازادیخوازی و خەڵکی دەستەنگی کوردستاندا بێت دروشمە، ئەگەر ئەوان خوازیاری گۆرانکاریین، با پێمان بڵین و بۆ کۆمەڵگا رای بگەیەنن کە پەیامیان بۆ کریکاران و دەستەنگانی کۆمەڵگا چییە؟ کام مافە لە مافەکانی ژنان ولاوان و مناڵان بەرەسمی دەناسن؟ لەبەرامبەر ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و بیروراو دەربڕین و بڵاوکردنەوەدا، دەڵین چی؟ ئایا دەیانەوێت دەستور بنەماکەی چی بێت؟ چۆن جەنگی گەندەڵی دزیەک دەکەن کە بەهۆیەوە خۆیان پێکهاتوون و جەستەیانی تەنیووە؟ وە جیاوازییە سەرەکی و بنەرەتیەکانیان لەگەڵ حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان و ئیخوانەکانی میسرو رابوونی تونس و دەسەڵاتی ئیران و سعودیە، رابگەیەنن…ئەمانە بەدروشمیش زاتی ئەوە ناکەن بەرگری لە سیستەمێکی عەلمانی بکەن و جیایی دین و دەسەڵات بەرگری لێبکەن و مافی یەکسانی ژن و پیاو، مافە فەردیەکانی ئینسان بسەلمێنن… بۆیە خۆیان کۆسپێکی بەردەم چاکسازی واقعی و گۆرانکاری کۆمەڵگان.

چرکە: لات وایە ئەو ئامانجانەی ئۆپۆزیسیۆن لە زەمەنی ئیستادا دیتە دی؟
عەبدوڵا مەحمود: ئەو شتانەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامییە داوای دەکەن، هیچ نیین و کۆمەکێک بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و پرسی ئایندەی کوردستان ناکەن… لەبنەرەتدا ئەوان خوازیاری پۆستی کرداری و بەشداری بەکردەوەن لە حکومەت و دەسەڵاتدا، لەگەڵ دروشمی ریاکارانە و فریودەرانە. هاتنەدی ئەم خەونەشیان پەیوەندی بە هاوسەنگی هیزەکانی سەر گۆرەپانی کوردستانەوە هەیە.

abdulla.mahmud@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.