ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌نێوان هه‌ڵچوون و واقیعدا
له دوای ڕووخانی رێژیمی به‌عسه‌وه له عیراق و زیندووکردنه‌وه و دامه‌زراندنه‌وه و دروستکردنه‌وه و بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق، له عیراقێکی داته‌پیو و هه‌ڵوه‌شاوه و به‌شبه‌ش، که کورد وه‌ک هه‌مووده‌مێک نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی له گیان بهبهرکردنیدا بینی، کورد له ڕووی خاکه‌وه، له ڕووی گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستانه‌که‌یه‌وه، تاکه یه‌ک سهنتیمیتر نه‌چووه پێش و هیچی دیکه‌ی له‌و خاکه‌ی بنده‌ستی به‌عسی ئه‌وسا و حوکوومه‌تی عیراقی دوای به‌عس و ئێستای، نه‌گێرایه‌وه سه‌ر خاکی هه‌رێمه‌که‌ی خۆی. ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئه‌مڕؤ سه‌رانی کوردی باشوور فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ریدا ده‌ڕوا، هه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌یه کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ین له دوای هه‌ره‌سی 1975 بۆ کوردی دیاری کرد. به‌رپرسی یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی دروستکردنه‌وه و دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دابڕاوانه‌ی کوردستان، دوو زلحیزبی(پارتی و یه‌کیه‌تی) ده‌سه‌ڵاتن و به‌تایبه‌تیش سه‌رۆکه‌کانیان بارزانی و تاڵه‌بانی.
کورد وه‌نه‌بێ هه‌ر له‌م جاره‌ی دروستکردنه‌وه‌ی عیراقدا نۆره‌ی بووبێت، له دروستکردن و دامه‌زراندنی یه‌که‌مجاری ده‌وڵه‌تی عیراقیشدا هه‌ر له پێشی پێشه‌وه بوو. ئێستا ئه‌و هه‌رێمه‌ی، که کورد بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتداره تێیدا، ئه‌گه‌ر 50%ی خاکی باشووری کوردستان پێکبهێنێت ئه‌وا 50%که‌ی دیکه‌ی ئه‌و خاکه، هێشتا له بنده‌ست به‌غدایه، ئه‌مه له حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان وه‌ک جاری جاران و وه‌ک مێژوو و وه‌ک دانیشتووان و وه‌ک دیتنی کورد، ته‌واوی ئوستانانی مووسڵ و که‌رکووک(به شار و شارۆچکه‌کانی جارانییه‌وه) و به‌شێک له دیالا(ده‌ڤه‌ره‌کانی خانه‌قین و شاره‌بان و قزلڕه‌بات و مه‌نده‌لی و…) و به‌شێک له کووت و عیماره بگرێته‌وه و به باشووری کوردستان بژمێردرێت.
خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کورد هه‌میشه ختووکه‌ی هه‌ست و مێشکی مرۆڤی کوردی داوه. تا دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، هه‌ر ده‌سته و سه‌رکرده‌یه‌کی کورد، که خه‌باتی سیاسی کردبێت و ڕێبه‌رایه‌تی ڕابوونێکی کردبێت، گوتاری سیاسی ئه‌و، باسی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بووه، که شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و حیزبی خۆیبوون و ژێکاف و هیوا، نموونه‌گه‌لێکی ئه‌و ڕاستییه‌ن. له دوای په‌یدابوونی پارتی دیموکراتی کوردستان(عیراق و ئێران)یشه‌وه، ئیدی باسی سه‌ربه‌خۆیی له ئارادا نه‌ما و هه‌موو تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و حیزبانه و حیزبهگهلێکیش که له پزدانی ئه‌وانه‌وه هاتنه دنیاوه و حیزبی دیکه‌ش، که دواتر په‌یدابوون، هیچیان دروشمی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان به‌رز نه‌کرده‌وه و خه‌باتیان بۆ ئه‌وه نه‌بوو. خه‌ڵکی کوردیان به پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا، بار ده‌هێنا و فێر ده‌کرد و باسی جیابوونه‌وه‌ی کورد و سه‌ربه‌خۆییان پێ بڤه بوو و خاکی ئه‌و چوار وڵاته‌یان پێ پیرۆز بوو و دابهشکردنیانیان به زێده‌ڕۆیی و هه‌ڵه و هه‌ندێ جاریش به تاوان ده‌زانی،وه‌ک ڕیزپه‌ڕ ده‌کرێ پاسۆک و پارتی کرێکارانی کوردستان، نه‌خرێنه نێو ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌وه. له دوای جه‌نگیی دووه‌می جیهانییه‌وه، پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌کن کورد و هێزه سیاسییه‌کانی نه‌بووه و نییه. ئه‌گه‌ر کۆماره‌که‌ی مه‌هابادیش به ده‌وڵه‌ت بژمێردرێ، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و هه‌رگیز ده‌وڵه‌ت نه‌بووه.
له 2003 به دواوه، باسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی باشوور، گه‌لێ جار وهبهرگوی ده‌که‌وێ و مرۆڤی کورد ڕاده‌چڵه‌کێنێت. ئه‌و باسه له‌نێوان مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانیدا زۆرجاران لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ کراوه. له کاتێکدا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی به خه‌ون و خه‌یاڵی شاعیران داناوه، بارزانی باسی له‌وه کردووه، که کورد ڕۆژێک دێت ده‌گاته ئه‌وه و ده‌وڵه‌تی خۆی داده‌مه‌زرێنێت. چه‌ندین جار بارزانی ئه‌و قسه‌یه‌ی چه‌ند پاته کردووه‌ته‌وه. خێراخێراش ئه‌و هه‌واڵه ده‌گاته خه‌ڵک و یه‌کێک ده‌ڵێ ئه‌مساڵ و یه‌کێک ده‌ڵێ له نه‌ورۆزدا و یه‌کێک ده‌ڵێ فڵانه مانگ، جاڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌درێت. ئه‌و بانگه‌شه و قسه و قاو و ده‌نگۆیه وه‌نه‌بێ ته‌نێ له لایه‌ن کورده‌وه بۆ خۆی بکرێ، عه‌ره‌بیش(به تایبه‌ت عه‌ره‌بی عیراق) وا ده‌ڵێن و پێیانوایه گوتاری کورد(به تایبه‌ت بارزانی) به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌چێت. من بۆ خۆم نازانم وه‌ها قسه و بانگه‌شه‌یه‌ک تا چه‌ند ڕاسته یا درۆیه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم، که وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی کوردی، ئه‌گه‌ر ببێته ڕاستییه‌کیش، ئه‌وا ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی گچکه و ناته‌واو و سه‌قه‌ت و بێفه‌ڕ ده‌بێت، چونکه هه‌ر ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌گرێته‌وه، که ئێستا به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌یه و هه‌رگیز که‌رکووک و مووسڵ و ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی دیکه ناگرێته‌وه. له باشترین حاڵ‌دا خانه‌قین ده‌گرێته‌وه و به‌س.
کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ینیش به ده‌وڵه‌تێکی کوردی بێ که‌رکووک و مووسڵ قایل ده‌بوو. عه‌ره‌بی عیراق و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عیراقیش، به وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک و مووسڵ، وه‌ک لابردنی دۆمهڵێک و ڕزگاربوون له ئازارێکی درێژخایه‌نی گونێکی قۆڕ، قایل ده‌بن. تورکمانی که‌رکووکیش به وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک ناڵێن نه‌ء و چهپڵهشی بۆ لێده‌ده‌ن، چونکه به نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک، ڕه‌نگه که‌رکووک ببێته هه‌رێمێک بۆ خۆی و ئه‌ویش وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه کوردییه‌که، ده‌بێته پاشکۆیه‌کی تورکیا. بێجگه له‌وه‌ش تورکمانه‌کانی که‌رکووک، که تا ئێستا له عه‌ره‌به‌کانه‌وه نێزیک بوون و نێزیکن، ئه‌وده‌می پتر له‌یه‌کدی نزیک ده‌بنه‌وه و ئه‌و کورده‌شی له که‌رکووک ده‌بێت، پشتگوێ ده‌خرێت و چ حیسابێکی بۆ ناکرێت. ده‌وڵه‌تی تورکیاش، که سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری باسی ده‌وڵه‌تی کوردستان و ته‌نانه‌ت وشه‌ی کوردستانیشه، بۆ مسۆگه‌رکردنی نه‌وت و گازی مفتی کوردستان و بازاڕی کوردستان، به وه‌ها ده‌وڵه‌تێک قایل ده‌بێ. وه‌ها ده‌وڵه‌تێک، که تورکیا پێی قایل بێت، له باشترین حاڵ‌دا، ده‌بێته پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی گوێڕایه‌ڵی ده‌وڵه‌تی تورکیا و تورکیا له باشترین حاڵ‌دا بۆی ده‌بێته زڕباوکێک یا زڕدایکێک. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته بنکه و مه‌کۆیه‌کی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیسرائیل و ده‌بێته گۆڕه‌پانێک بۆ ته‌راتێنی سیخوڕی سی. ئای. ئه‌ی و مۆساد و زۆری دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته هۆی دابڕینی کورد له‌و جیۆگرافیا و ژینگه(ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهانی ئیسلامی)یه‌ی تێیدا ده‌ژی و ده‌بێته ئیسرائیلێکی دووه‌می ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان. کوردی تورکیا، ئێران، سووریا و کوردی دانیشتووی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستای باشووری کوردستان(سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک) ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موویشیان نه‌بێت، زۆرینه‌یه‌کی ڕه‌هایان، حه‌زیان به دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک هه‌یه، چونکه بۆ ئه‌وان هیچی تێناچێت و هێچ له‌ده‌ست ناده‌ن و تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌ست به ئازاره‌کانی که‌رکووکییان و مووسڵ‌یان و گه‌رمیانییان ناکه‌ن. کوردانی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستاش(دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی)، که ههرێمۆکهکهیان بوو به ده‌وڵه‌تۆکه، بۆ ئه‌وان که‌یف و شاییه، چونکه ده‌بنه خاوه‌نی پاسپۆرتی کوردستانیی خۆیان، ئیدی چش له که‌رکووک و مووسڵ و مه‌نده‌لی و به‌دره و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ش.
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له لایه‌ن هه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌ل و خه‌ڵکێکه‌وه، هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌کی و له‌خۆڕا ناکرێت و نابێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بکه‌یت، که له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا دامه‌زراون ده‌بینیت هیچیان به بڕیارێکی تاکه‌که‌سی یا له‌پڕ دروست نه‌بوون، به‌ڵکه هه‌موویان ساڵانێکی فره، زه‌مینه‌یان بۆ خۆش کراوه و گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ر و هه‌موو مه‌رجێکیان بۆ ئاماده کراوه و دواتریش به بڕیاری خه‌ڵک، به بڕیاری مرۆڤه‌کان و ڕاپرسی و ده‌نگدان و قایل‌بوونی ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، جاڕی دامه‌زراندنیان دراوه. ئه‌زموونی باشووری سوودان، تیمووری ڕۆژهه‌ڵات، کۆسۆڤۆ، له‌تبوونی چیک و سلۆڤاکیا و زۆری دیکه‌ش، ئه‌وه‌مان فێر ده‌که‌ن، که ده‌وڵه‌ت له‌پڕ دروست ناکرێت.
ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌عیراق، بزاڤێک به ناوی ڕیفراندۆم په‌یدا بوو و له‌گه‌ڵ ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنی عیراق، خه‌ڵک له هه‌رێمی کوردستان فۆرمێکی ئاماده‌کراوی ئه‌و بزاڤی ڕیفراندۆمه‌یان بۆ جیابوونه‌ی کوردستان له‌عیراق پڕکرده‌وه و پتر له دوو میلیۆن ده‌نگ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی باشووری کوردستان خڕکرایهوه و ئه‌و ده‌نگانه برایه ئه‌مه‌ریکا و نازانم کوێی دیکه. ئه‌و ده‌نگانه ده‌نگی خه‌ڵک بوون و ده‌وڵه‌تی عیراقیش ئه‌وده‌مه وه‌ک ئێستا نه‌بوو، که‌چی سه‌رانی کورد، به تایبه‌ت تاڵه‌بانی، شۆخیی دنیایان به‌و ده‌نگانه کرد و به گه‌مه‌ی منداڵیان دانا و پێیانبوابوو، کورد سه‌ربه‌خۆیی نه‌گه‌ره‌که و به دڵ و گیان ئاره‌زووی مانه‌وه له‌گه‌ڵ عیراقدا ده‌کات.
ئه‌مڕۆ له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا دوو جه‌مسه‌ری سیاسه‌ت و دوو ئاراسته‌ی سیاسی و دوو دیدی سیاسی وه‌دی ده‌کرێن، یه‌که‌میان: جه‌مسه‌رێکی ڕۆژاوایی و دۆستی ڕۆژاوایه، که بازنه‌یه‌که، ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل ڕیبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و تورکیا و عه‌ره‌بستانی سعوودی و وڵاتانی که‌نداو و ئوردن له‌خۆ ده‌گرێ. دووه‌میشیان: ئێران ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کات و سووریای ئه‌سه‌د و عیراقی مالیکی و حیزبوڵڵای لوبنان له‌خۆ ده‌گرێ. کوردیش، سه‌رانی کورد تا ڕاده‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا دابه‌شبوون. تاڵه‌بانی، به هۆی هاوسنووریی پێته‌ختی حیزبه‌که‌ی(سلێمانی) له‌گه‌ڵ ئێران‌دا و باوه‌ڕنه‌بوونی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورد و لێکچوواندنی به خه‌ونی شاعیران و به‌گرێی ملدا دان و گوتنی ئه‌شهه‌دوبیللا بۆ هه‌موو لایه‌ک و به‌ده‌م هه‌موو که‌سێکه‌وه پێکه‌نین و خۆ پیاوخراپنهکردن له کن هیچ هێز و ده‌سته‌یه‌کی سیاسی و پاراستنی کورسییه‌که‌ی به‌غدای، ئه‌گه‌ر به ئاشکراش نه‌یڵێ، ئه‌وا خۆی له بازنه‌ی دووه‌مدا ده‌بینێته‌وه. هه‌رچی بارزانیشه، هه‌روه‌ک چۆن له 1974دا سه‌رکرده‌یه‌تی شۆڕشی کورد، ته‌واوی هێلکه‌کانی خستبووه سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکاوه، ئێستا ئه‌میش ته‌واوی هێلکه‌کانی خستووه‌ته سه‌به‌ته‌ی جه‌مسه‌ری یه‌که‌مه‌وه و خۆی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل و ڕۆژاوا، هانده‌ری وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بن بۆ کورد، ئه‌وا له‌وه‌ی زیاتر، که نییه‌تێکی خراپیان هه‌یه، هیچی دیکه نییه. ئه‌وان هه‌میشه ئاژاوه ده‌نێنه‌وه. سوننه‌ی عه‌ره‌بیش، که عه‌ره‌بساتنی سعوودی و قه‌ته‌ر و…ڕێبه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن و تورکیاش خۆی به ڕدینسپییان ده‌زانێت، به درێژایی مێژوو دژ به شیعه بوونه، ئاگری جه‌نگ و دوژمنایه‌تی له‌نێوان کورد و شیعه‌دا خۆش ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و کاره‌ی خۆیان پێیان ناکرێ یا ده‌کرێ و به‌ڵام گوشارێکی زیاتر و ئاژاوه‌یه‌کی زیاتریان مه‌به‌سته و پێ باشتره، به کوردی بکه‌ن و کورد بده‌ن به گژ شیعه‌دا.
ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک به قایل‌بوون و چرای که‌سکی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا له‌و هه‌رێمۆکه‌ی باشووری کوردستاندا دامه‌زرێت، وه‌ک گورگه‌که‌ی چیرۆکی “هه‌یاسی خاس”، که بۆ هێشتنه‌وه‌ی گیسکه‌که‌ی شا له‌یه‌ک کێشدا (نه قه‌له‌و نه لاواز) بۆ ئێران به‌کار ده‌برێ. ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاوا ده‌یانه‌وێ وڵاتانی ئیسلامی، خۆرهه‌ڵاتی ناڤین، باکووری ئه‌فریقای عه‌ره‌ب لهتلهت بکه‌ن و ده‌یان قه‌واره‌ی گچکه گچکه قوت بکه‌نه‌وه، ڕه‌نگه کوردیش وه‌ک به‌شێک له‌و نه‌خشه‌یه سه‌یری خۆی بکات و ڕه‌نگه ئه‌وانیش کوردیان خستبێته نێو ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه و به‌گوێی بارزانیدا شتێکیان چرپاندبێ، بۆیه ئێستا و به‌م خێراییه، باسی ده‌وڵه‌ت ده‌کات، ده‌نا له‌م کاته‌دا و به‌م که‌فوکوڵ و هه‌ڵچوونه و بێ مسۆگه‌رکردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کان، کارێکه ته‌نێ خواستی ئه‌و زلهێزانه دێنێته دی نه‌ک خواستی مرۆڤی کورد.
دژایه‌تی مالیکی ده‌کاته دژایه‌تی به‌شێکی گرنگی شیعه‌ی عیراق و ئێران، سوننه هه‌وڵده‌دات کورد بخاته وه‌ها کێشه‌یه‌که‌وه. ئه‌گه‌ر کوردیش پێیوابێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسێ عه‌ره‌به‌کانی هه‌رێمه‌که‌ی ئێستای فره‌تر یا هه‌ر به ته‌واوی سوننه‌ن و ده‌بێ له‌بۆ ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان و ڕاکێشانی مه‌یلی ئه‌وان به‌لای خۆیدا، ببێته که‌واسووری به‌ر له‌شکری دژایه‌تی مالیکی و حیزبی ده‌عوه‌ی شیعه، ئه‌وا وه‌ها کارێک هه‌رگیز به قازانجی کورد ناشکێته‌وه و کورد وه‌ک هه‌میشه بۆ خه‌ڵکی دیکه و به قازانجی خه‌ڵکی دیکه ده‌جه‌نگێ و ماڵی خۆی وێران ده‌کات.
سه‌رانی کورد هێشتا دوو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و سلێمانییان نه‌کردووه‌ته یه‌ک، هێشتا حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی له هه‌ولێر میوانه و حیزبه‌که‌ی بارزانی له سلێمانی و گه‌رمیان میوانه. هێشتا سه‌رۆکی هه‌رێم، ته‌نێ له هه‌ولێر و دهۆک، سه‌رۆکی هه‌رێمه و له سلێمانی و که‌لار که‌س کاغه‌زی وی ناخوێنێته‌وه. هێشتا تاکه زمانێکی کوردیی بۆ ته‌واوی باشووری کوردستان به ڕه‌سمیی نه‌ناسێنراوه و هه‌ر زاراوه و بنزاراوه و خێڵێک داوای به ڕه‌سمیی ناسینی شێوه‌ی قسه‌کردنی ماڵی خۆی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ده‌کات و ئه‌و زمانه‌یشی که هه‌یه به‌ره‌به‌ره سووک و ڕسوا ده‌کرێت. هێشتا کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و هاتوچۆ و کشتوکاڵ و ته‌ندروستی و سیستمی خوێندن و تێکه‌ڵاوی حیزب و کارگێڕییه‌کان و واسیته و پشتگوێخستنی قانوون و ناسه‌ربه‌خۆیی دادگه و ده‌یان کێشه‌ی دیکه، چاره‌سه‌ر نه‌کراون، ده‌بێ ئه‌وه چ ده‌وڵه‌تێک بێت باسی لێوه ده‌که‌ن! ده‌وڵه‌تێک ئه‌گه‌ر تاکه‌کانی خۆشگوزه‌ران و به‌خته‌وه‌ر نه‌بن، دروستکردنی کابول و مۆقادیشۆیهکی وێران له کوردستان، با سه‌ربه‌خۆیش بێت، هیچ مایه‌ی خۆشی و که‌یفسازی نییه بۆ خه‌ڵکی کورد.
دامه‌زاراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک هه‌رگیز به قازانجی کورد و پرسی کورد نییه، به‌ڵکه زیانێکی زۆری بۆ کورد ده‌بێت. کورد بۆ هه‌تایه که‌رکووک ده‌دۆڕێنێت و وه‌ک قودسه‌که‌ی فلستینییانی لێدێ، مه‌گه‌ر کورد هه‌ر بڵێ: ئه‌م نانه به‌و ڕۆنه! کوردستانێکی بێ که‌رکووک، هیچ بایه‌خ و به‌هایه‌کی نییه و نه‌بوونی زۆر باشتره له بوونی. ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد بچنه ژێر وه‌ها بارێک، ئه‌وا ڕێک ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، که ئه‌وان ته‌نیا کورسییه‌کانی خۆیان مه‌به‌سته و هیچی دی. ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌رۆک بن، ئیدی خودای ده‌کرد سه‌رۆکی گوندێک ده‌بوون! دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک دامه‌زراندن و چاندنی ئیسرائیلێکی دیکه‌یه له خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا. داکۆکیکردن له دامه‌زران و جاڕدان و بوونی وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی ئیفلیج، نه‌ک هه‌ر مایه‌ی شانازی نییه بۆ کورد، به‌ڵکه مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆڕییه بۆ کورد. ئه‌وه‌ی بڕێک به‌ته‌نگ خاکی کوردستانه‌وه بێت و مێژووی کورد بزانێت و بیر له به‌رژه‌وه‌ندی کورد بکاته‌وه، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ وه‌ها بیرکردنه‌وه‌یه‌کدا نییه و نابێت. ئه‌گه‌ر جاڕی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بدرێت، که‌رکووک و مووسڵ و بڕه کوردستانه‌که‌ی دیاله و کووت و عیماره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵدابوونی و چه‌پڵه‌لێدان بۆی، کارێکی نانیشتمانی و ناڕاسته و دژایه‌تیکردنی کارێکی ڕاست و دروست و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و شؤڕشگێڕانهیشه.
ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو، که له به‌غدا بووم، له سه‌ره‌تای شه‌قامی ئه‌ڕڕه‌شید(الرشید) له گۆڕه‌پانی ئه‌لمه‌یدان(المیدان) که‌بابخانه‌یه‌ک هه‌بوو به ناوی که‌باب ئه‌ربیل(کباب أربیل). گه‌لێ جار له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا ده‌چووینه ئه‌وێ و که‌بابمان ده‌خوارد. من ئه‌وده‌می گۆشتخۆر بووم و نهبووبوومه ڕووه‌کخۆر. ئێمه‌ی خوێندکاری گیرفان به‌تاڵی ئه‌وێ ده‌م، داوای نیو نه‌فه‌ر که‌بابمان ده‌کرد. ئه‌و کابرایه‌ی که ده‌هات و پرسیاری لێده‌کردین چ ده‌خۆین، دوای ئه‌وه‌ی ده‌مانگوت نیو نه‌فه‌ر که‌باب یا له باشترین حاڵ‌دا ئه‌گه‌ر بمانگوتبا نه‌فه‌رێک که‌باب، که ئه‌وه جه‌ژن بوو بۆ ئێمه، کابرا ده‌یگوت ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ یا نه، من ده‌مگوت نا و هاوڕێیه‌کی دیکه ده‌یگوت به‌ڵێ با ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ، ئیدی کابرای شاگرد به ده‌نگێکی بڵند و زوڵاڵ و به شێوه‌زاری هه‌ولێر به وه‌ستای که‌بابچی ده‌گوت:”نهفهرهک هه‌یبی” یا ده‌یگوت:”نیو نه‌فه‌ر نهیبی”، ئه‌و هه‌یبی و نهیبییه بۆ ته‌ماته بوو، ئیدی به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی چیمان داوا کردووه، به ته‌ماته و بێ ته‌ماته ده‌هاته به‌رده‌ستمان. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی بارزانی باسی لێوه ده‌کات، ئه‌گه‌ر نهیبی(که‌رکووک و مووسڵ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی باشوور کوردستان) ئه‌وا پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت و نه‌بوونی گه‌لێک باشتره له بوونی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌یبی(که‌رکووک و مووسڵ و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان، ئیدی به ئاشتی ده‌بێت یا به جه‌نگ و داگیرکردن و تۆبزی)، ئه‌وا عه‌ره‌ب گوته‌نی”فبها” و ئه‌وده‌م خه‌ڵکی کورد قسه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌بێت.
7- 4- 2012
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی