
بونیادی کاره‌کته‌ر و ئیستاتیکای گێڕانه‌وه
بونیادی کاره‌کته‌ر و ئیستاتیکای گێڕانه‌وه
له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”ی کاروان عومه‌ر کاکهسوردا
عه‌لی عوسمان یاقـووب
من خۆم وام، نازانم خه‌ڵکی تریش. کاتێ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، بە تایبەتی رۆمان ده‌خوێنمه‌وه، زیاتر بیر له ته‌کنیکه‌که ده‌که‌مه‌وه تا له بابه‌ته‌که. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه، که بابه‌ته‌که هه‌رچی بێت بۆ من گرنگ نییه یان ته‌کنیک و بابه‌ته‌که دوو شتی ته‌واو جیاوازن له یه‌کتر، به‌ڵام ره‌نگه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه بێت، که بابه‌ته‌کان هه‌ر لە سەرەتای په‌یدابوونی هونه‌ری رۆمانه‌وه، نه‌ک له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی کوردی، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانییشدا، بگره هه‌ر له “دانیال دیفۆ”وه تا ده‌گاته رۆماننووسه‌کانی ئه‌مڕۆ، له چوارچێوه‌ی ململانێی نێوان به‌ره‌ی خێرخواز و به‌ره‌ی شه‌ڕخوازدا بوونه. بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه شێوازی گه‌یاندنی بابه‌ته‌که‌یه به خوێنه‌ر و دواجاریش خوێنه‌ر چۆن وه‌ریان ده‌گرێت. به واتایه‌کی تر، خوێنه‌ر چاوه‌ڕوان ده‌کات، که رۆماننووس له گۆشه‌نیگایه‌کی نوێوه و له‌ژێر کاریگه‌رێتیی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌هێزتر و به بینینێکی قووڵتره‌وه شته‌کانی بۆ بگوازێته‌وه. ئیستاتیکای به‌رهه‌مه‌که لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌وه‌ی “جۆزێف کۆنراد” له رۆمانی “دڵی تاریکی”دا، که بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی ١٨٩٩ به زنجیره له گۆڤاری “بلاک وود”دا بڵاو کرایه‌وه، باسی لێوه ده‌کات بۆ ئه‌و کاته‌ش شتێکی تازه نه‌بوو. “کۆنراد” باس له‌و ئاره‌زووه سرووشتییه ده‌کات، که مرۆڤ سه‌باره‌ت به خراپه‌خوازی هه‌یه‌تی. ئه‌م بابه‌ته پێش ئه‌ویش ورووژێندراوه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌کردنی “کۆنراد” له‌گه‌ڵ وردەکارییەکانی ئەو بابەتەدا شتێکی تازه‌یه به تایبه‌تی له روووی گێڕانه‌وه‌دا. مامه‌ڵه‌کردنی “کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور” له‌گه‌ڵ بابه‌تی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا هه‌مان گرنگیی هەیە سه‌باره‌ت به رۆمانی کوردی. رووداوه‌کانی رۆمانه‌که له دوای هه‌ره‌سی حهفتاوپێنجهوه و سه‌ره‌تاکانی بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی “کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان”ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کەن. رۆماننووس به وردی دیوه‌کانی ئه‌و تێکشکانه ده‌خوێنێته‌وه، که مرۆڤی کورد دووچاری بووه. ئه‌و تێکشکانه‌ی له مێژه ره‌گی له ناخی مرۆڤه‌کان داکوتیوه. ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای رووداوه‌کان له دوای هه‌ره‌سی ساڵی ١٩٧٥ ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، به‌ڵام (کاروان) ده‌یه‌وێت ئه‌وه پێشان بدات، که کرۆکی ئه‌م هه‌ره‌سه له پێش ئهمهوە بووه. هه‌ره‌سه‌که له بنچینه‌دا هه‌ره‌سی کاره‌کته‌ری کورد بووه، هه‌ره‌سی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بووه، که مرۆڤی وه‌کو “ماجید هه‌مزه قەڵاتێ و “ره‌قه” و “سابیر پووله‌که” و مرۆڤی ده‌سته‌پاچه‌ی وه‌کو (ئامانج)ی به‌رهه‌م هێناوه.
دیاره تێکڕای ئه‌و تیۆر و تیۆریستانه‌ی، که کاریان له‌سه‌ر رۆمان کردووه، زیاتر لایان به شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌یدا کردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه و له به‌رهه‌مه‌کانی تری (کاروان)دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت تێکه‌ڵکردنێکی چڕی بابه‌ته‌که‌یه له‌گه‌ڵ ته‌کنیکە جیاوازەکاندا، به تایبه‌تیش ته‌کنیکی گێڕانه‌وه، بۆیه ناکرێت خوێنەر به‌بێ وردبوونه‌وه له ته‌کنیکه‌کان له بابه‌ته‌که بگات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ستپێکی رۆمانه‌کانی (کاروان) دوای ناونیشانه‌کانیان، چ له رووی فۆرمه‌وه و چ له روانگه‌ی ناوه‌ڕۆکه‌وه، زیاتر له ئاماژه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرن. با بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستپێکی چه‌ند رۆمانێکیی بخه‌ینه روو. رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یمونه چه‌کداره‌ن” به‌م چه‌ند رسته‌یه ده‌ست پێ ده‌کات:
“له‌مڕۆوه ئێوه ده‌توانن وه‌کو جاران هه‌ر به ناوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆمه‌وه با‌نگم بکه‌ن… من که ئیتر ڕێگام ناکه‌وێته‌وه ئه‌و شاخوداخه، ناوی نهێنیم بۆ چییه… ئه‌و ناوه‌ش هه‌ر خۆتان لێتان نام… خۆ ئێوه به هه‌ر ناوێکی دیکه‌ش با‌نگم بکه‌ن، من هه‌ر وەڵامتان ناده‌مه‌وه… ئه‌و ده‌مه‌م چۆن چه‌ند ساڵه داخستووه و پێی نادوێم، هه‌ر ئاوا دایده‌خه‌م و نایکه‌مه‌وه… به‌ڵێ، من له‌مڕۆوه مه‌یموونه‌که‌ی جارانم، که له قه‌راغی شار به ته‌نه‌که‌ی ژه‌نگاوی کووخێکم بۆ خۆم کردبوو…”
ده‌ستپێکی رۆمانی “مامزێڕ” به‌م شێوه‌یه‌یه:
“له ڕێگا، کاتێ جه‌نگاوه‌ره ڕیشنه‌کان ڕووتوقووت به‌سه‌ر لمه داخبووه‌که‌دا ده‌یانهێناین، له‌ناو سه‌رجه‌می دیله‌کاندا ته‌نها چاوی منیان نه‌به‌ستبوو… ئێستایش، که ئه‌وه‌تا شه‌که‌ت و ماندوو خراوینه‌ته ناو ئه‌م قه‌فه‌زه گه‌ورانه‌ی به‌ر هه‌تاوی چله‌ی ئه‌م هاوینه پڕووکێنه‌ره‌وه، ته‌نها پرسیار له من ناکه‌ن… ئه‌گه‌رچی به ته‌واوی له‌م نهێنییه تێناگه‌م، به‌لآم وای بۆ ده‌چم ئه‌وانیش زانیبێتیان من هه‌رگیز ناتوانم ڕووداوه‌کان وه‌کو خۆیان بگێڕمه‌وه… هه‌میشه که‌سه‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت… سنووره‌کانی کات و شوێن دیار نامێنن… سیمای ئه‌فسانه‌یی به خۆیانه‌وه ده‌گرن… له‌و چیرۆکنووسه ده‌چم، که له‌پێناو خوڵقاندنی ئێتمۆسفێرێکی سه‌یردا، هیچ شتێک وه‌کو خۆی ناگێڕێته‌وه… “
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌یش ده‌ستپێکی رۆمانی “سواره‌کان به‌قاچاغ بووکیان گواسته‌وه”یه:
“له سه‌ری کۆڵانه ته‌سکه‌که پێچ ده‌که‌يته‌وه…. ده‌ستى کوڕێکى هه‌رزه‌کار توند توند يهخهت ده‌گرێت… لێزانانه و بهخێراييهکى سه‌ير چه‌قۆى ناو ده‌ستى ڕاستى ده‌خاته سه‌ر سنگت:
ـ ههرچييهکت پێيه، داينێ.
گيانت ده‌که‌وێته له‌رزين… تازه هه‌تاو که‌وتووه… که‌س به‌ده‌ره‌وه نييه… سه‌رنجه ترساوهکانى دهدهيتێ… ته‌مه‌نى له شانزده تێناپه‌ڕێت… جلێکى پهڕپووتى پۆشيوه… بێگومان ماڵيان له‌م گه‌ڕه‌که ههژارنشينهيه… هێزێکى بێوێنه‌ى تێدايه… کوڕى ئه‌و گه‌ره‌کانه توانايهکى گه‌وره‌يان له شه‌ڕدا هه‌يه… که‌سيش نازانێت بۆچى گيانيان هێنده پته‌و و به‌هێزن …”
هه‌موو ئه‌م رۆمانانه لە لایەن که‌سی یه‌که‌مه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه و دیالۆگ له‌گه‌ڵ که‌سێک یان چه‌ند که‌سێکی بەرانبەردا ده‌که‌ن. ده‌شێت قسه‌که‌ر خۆی وێنای که‌سه‌که یان که‌سه‌کان بکات وه‌کو له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا دیاره. که‌واته گێڕانه‌وه‌کان به دیالۆگ ده‌ست پێ ده‌کەن و دیالۆگیش بریتییه له ئاخاوتن له‌نێوان قسه‌که‌ر و قسهبۆکهردا، به‌ڵام خۆ مهنهلۆژیش هه‌مان کار ده‌کات، چونکه قسه‌که‌ر وێنای قسهبۆکهر ده‌کات، ئینجا ئه‌گه‌ر قسهبۆکهر خۆی بێت یان که‌سێک یاخود کۆمه‌ڵه که‌سێکی بەرانبەر.
گرنگیی ئه‌و رۆمانه‌ی، که به دیالۆگ ده‌ست پێ ده‌کات له‌وه دایه، که رۆمانه‌که پێوەندیی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان زه‌ق ده‌کاته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستپێکێکی ئاوا له گه‌رمه‌ی رووداوه‌کانی رۆمانهکەدا بێت، وه‌ک له‌م به‌رهه‌مه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وا رۆماننووس ئه‌و گریمانه‌یه دێنێته پێشه‌وه، که خوێنه‌ر گرنگی به کاره‌کته‌ر بدات. هه‌ندێکجار دیالۆگ باشترین رێگایه بۆ ده‌ستپێکردن و به‌ره‌وپێشبردنی خێرای رووداوه‌کان. کاتێ کاره‌کته‌ر لە ناوەڕاستی رووداوه‌کاندا بێت یان کاتێ رۆماننووس بیه‌وێت هه‌ندێک شتی گرنگ بێنێته پێشه‌وه، دیالۆگ ده‌توانێت خوێنه‌ر بۆ ناو ئەو دەستپێکە ڕابکێشێت. (کاروان) چرکه‌ساتێکی سه‌رنجڕاکێش و زۆر گرنگ و پێوەندیدار به پلان و نه‌خشه‌کاریی رووداوه‌کان ده‌کاته ده‌ستپێکی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”. ئه‌وه‌ی پێش ئه‌م چرکه‌ساته ڕوو دەدات، دواتر له رۆمانه‌که باسی لێوه ده‌کرێت.
له لایه‌کی تر، گرنگیی سه‌ره‌تای هه‌ر رۆمانێک، دواجار، بۆ ئه‌وه‌یه، که تێکستەکه ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر و بێزاری نەکات. ده‌کرێ ده‌ستپێکی هه‌ر رۆمانێک به گشتی ئه‌م خاڵانه له خۆ بگرێت: سه‌ره‌تای رووداوێکی گرنگ، که خوێنه‌ر تووشی رامان بکات و پرسیاری له لا بورووژێنێت، کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی تێیدا ده‌ژیێت، داڕشتنی باری سه‌رنجی نووسه‌ر، واته کێ چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه و بۆ کێی ده‌گێڕێته‌وه و چۆنی ده‌گێڕێته‌وه، ئاماژه‌کردن به بارگرژییه‌کی به جۆش، که ململانێی لێ بکه‌وێته‌وه یاخود خوێنه‌ر هه‌ست بکات، که نهێنییه‌کی له پشته‌وه‌یه، هه‌روه‌ها دوورکه‌وتنه‌وه له هه‌موو زیادهڕۆییەک. هه‌ر وشه‌یه‌ک، که بۆ ئه‌م ده‌ستپێکه هه‌ڵیده‌بژێرێت، ده‌بێ به‌هایه‌کی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ پێشکه‌وتنی رۆمانه‌که.
ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م جۆره دهستپێکهوە له ڕۆمانەکانی (کاروان) ورد ببینه‌وه، هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌یان تێدا ده‌دۆزینه‌وه، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ کردن و بۆ هه‌ر رۆمانێکی سه‌رکه‌وتوو گرنگن. نووسه‌ر له هه‌ر یه‌ک له‌م رۆمانانه‌دا رووداوێکی گرنگ دەخاتە ڕوو. ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و بگره تا کۆتایی زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له رۆمانه‌که، شوێن و پایه‌ی حهکایهتبێژهکهیه: حهکایهتبێژ کێیه؟ چیرۆکه‌که بۆ کێ ده‌گێڕێته‌وه؟ خوێنه‌ر پێویسته هه‌ر لە سەرەتاوه به به‌رده‌وامی به‌دواداچوونی بۆ ئه‌مه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری گۆڕانی حهکایهتبێژ یاخود گوێگره‌که‌ی بێت. رۆماننووس، دواتر هه‌موو بیرۆکه‌کانی له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه بونیات ده‌نێت. ده‌ستپێک له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا، به‌ره‌نگاربوونه‌ی تێدایه. سه‌ره‌تای پێشاندانی ململانێیه‌کی په‌رده‌پۆشکراوه، که به‌ر له ده‌ستپێکردنی رۆمانه‌که بوونی هه‌یه و له چرکه‌ساتی گێڕانهوهیشدا به‌رده‌وامه. حهکایهتبێژ ئاماژه به پێوەندییه‌کی ناجێگیر و شلۆق ده‌کات له‌نێوان خۆی وه‌کو قسه‌که‌ر و هه‌روه‌ها قسهبۆکهر، که به راناوی که‌سی دووه‌می “کۆ”یه. ده‌شێ ئه‌م که‌سی دووه‌می “کۆ”یه کۆمه‌ڵێ که‌س یان کۆمه‌ڵێ هێزی ناو کۆمه‌ڵگا بێت، که خۆی وێنایان ده‌کات، هه‌روه‌ک دوور نییه چه‌ند دێوه‌زمه‌یه‌کی ناخی خۆی بێت، که ویست و ئیراده‌یان زه‌وت کردووه. هه‌موو ئه‌مانه پرسیار ده‌ورووژێنن. خوێنه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه حهکایهتبێژهکه وه‌کو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ده‌بینێت، که ئه‌و هێز و دێوه‌زمانه‌ی ئاماژه‌مان پێ کردن تێکیان شکاندبێت و ده‌سته‌مۆیان کردبێت یان که‌سایه‌تییه‌که‌یان شێواندبێت، بۆیه رووی قسه‌کانی له‌وان ده‌کات. تۆ بڵێی چه‌که‌که‌ی ده‌ستی “هۆ”یه‌ک بێت بۆ ئه‌م تێکشاندنه؟ ئه‌گه‌رنا، ئه‌ی بۆچی فڕێی ده‌دات؟ کاره‌کته‌ره‌ی قسه‌که‌ر له‌م ده‌ستپێکه‌دا مرۆڤێکه له باوه‌شی سرووشتی پان و به‌رین و ئاسمانی کراوه‌دا، که هێمایه بۆ پانتاییه‌کی فراوانی ئازادی، مافی ئه‌وه‌یشی لێ زه‌وت کراوه، که به ئاره‌زووی خۆی ناوێک له خۆی بنێت. بۆیه ده‌یه‌وێت دووباره له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بکاته‌وه. ببێته‌وه مه‌یمونه‌که‌ی جاران، به‌ڵام مه‌یمون نه‌ک به مانای ئه‌و گیانداره‌ی، که له فه‌رهه‌نگی هه‌موو که‌لتووره‌کاندا هه‌یه و ده‌کرێت مرۆڤ به ئاسانی ئاسووده‌یی تێک بدات و ده‌سته‌مۆی بکات، به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ژیانه. ئه‌وسا خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ده‌دات، رێچکه‌ی ئه‌و که‌ناڵانه ده‌شکێنێت، که هه‌وڵی تێکشکاندنی ناخیان داوه و ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ناو له خۆی بنێت. ململانێیهکهیشی هه‌ر بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌یه. دیاره ئه‌مه‌یش ململانێیه‌کی ئه‌زه‌لییه، که مرۆڤ له‌پێناوی بووندا دەیکات. پرسیارێکی گرنگتر له هه‌موو ئهمانهیس ئه‌وه‌یه: بۆچی ئه‌م کاره‌کته‌ره قسه بۆ خۆی ده‌کات؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که قسهبۆکهر ته‌نها له رێگای وێناکردنه‌وه ئاماده‌بوونی هه‌یه؟ هه‌موو ئه‌مانه ده‌ستپێکی رۆمانه‌که ده‌که‌ن به ده‌ستپێکێکی گرنگ و خوێنه‌ر ناچار ده‌کات بخزێته ناو ململانێکهوە. پێم وایە ئه‌م ده‌ستپێکه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی رۆمانه‌کانی پێشتری (کاروان)، بینینێکی قووڵتری تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
له نموونه‌ی دووه‌مدا، واتە لە ڕۆمانی (مامزێر)دا نووسه‌ر کاره‌کته‌ره‌که‌ی خستووه‌ته ناو هەلومەرجێکی نائاسایی و مه‌ترسیداره‌وه. کاره‌کته‌ره‌که به شوێنه‌که، واته “لمه داخبووهکه” نامۆیه، هه‌روه‌ها ئاوه‌ڵناوی “ریشدار”، که نووسه‌ر “جهنگاوهرەکان”ی پێ وه‌سف ده‌کات له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڵفرمانی “رووتوقووت” که شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی دیله‌کانی پێ وه‌سف ده‌کرێت کۆمه‌ڵیک پرسیار دێننه پێشه‌وه، که خوێنه‌ر لە بەرانبەریاندا کاردانه‌وه‌ی ده‌بێت. بیرمان نه‌چێت هه‌موو ئه‌مانه له چوارچێوه‌ی بیرهاتنهوهدان. دیاره هه‌موو پرۆسه‌یه‌کی بیرهاتنه‌وه یان بیرکه‌وتنه‌وه خۆی له خۆیدا رووداوه.
ده‌ستپێکی رۆمانی “سواره‌کان به قاچاغ بووکیان گواسته‌وه”، کاره‌کته‌ره‌که‌ی خستووه‌ته گه‌رمه‌ی رووداوێکی مهترسیدارەوە، که ره‌نگه کوشتنی لێ بکه‌وێته‌وه. خوێنه‌ر به ههناسهگرتنهوه وێنای رووداوه‌که و ململانێکه ده‌کات. له‌مه‌یش گرنگتر، ناونیشانه‌که له زه‌مه‌نی ڕابردووه به‌و مانایه‌ی تازه کاره‌که بڕایه‌وه و خوێنه‌ر لە بەرانبەر ئه‌مه‌دا پرسیارێکی سه‌رسووڕهێنه‌ری وه‌کو “چی؟!” له لا دروست ده‌بێت. خۆ ده‌شێت به‌و مانایه‌ش بێت، که سه‌ره‌ڕای هه‌موو رێگرییه‌کان، بووکه‌که‌یان هه‌ر گواسته‌وه. به هه‌رحاڵ ناونیشانه‌که زیاتر له ئامه‌ژه‌یه‌ک له خۆ ده‌گرێت. ئه‌مه‌یش کۆمه‌ڵێک پرسیار به دوای خۆیدا دێنێت.
کاتێک ناونیشان زیاتر له ئاماژه‌یه‌ک له خۆ ده‌گرێت، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێته جێگای سه‌رنجی خوێنه‌ر. ده‌شێت ناونیشانی کورت بۆ رۆمان باشتر بێت، چونکه مرۆڤ به ئاسانی بیری دێته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێکجار ناونیشانی درێژ پێویسته، چونکه رێگایه‌کی مه‌جازییه بۆ لێکدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رووداوه‌کان له تێکستێکی کورت‌دا. ئه‌مه رێک له ناونیشانی ئه‌م رۆمانه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. “ولیه‌م گۆڵدینگ”(١٩١١_١٩٩٣) یه‌که‌م رۆمانی به ناوی “پاشای مێشه‌کانLord of Flies ”ە، که “پیته‌ر برووک” له ساڵی ١٩٦٣ بۆ سینه‌ما ده‌ریهێنا و “هاری هووک”یش له ساڵی ١٩٩٠. ناونیشانه‌که هه‌موو رۆمانه‌که‌ی تێدا کۆ بووه‌ته‌وه و له بنچینه‌دا له‌گه‌ڵ وشه‌ی “بیلزێبوب Beelzebub “، که وشه‌یه‌کی عیبرییه و به مانای شه‌یتان دێت، هاوواتایه. “گۆڵدینگ” وه‌ک گوزارشتێک بۆ ئه‌و شه‌ڕانگێزییه‌ی، که له ده‌روونی مرۆڤدا هه‌یه ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و منداڵانه‌ی به هۆی تێکشکانی فڕۆکه‌یه‌که‌وه له دوورگه‌که‌دا ده‌مێننه‌وه به مێش ئاماژه‌یان بۆ ده‌کرێت و”پاشا”که‌یشیان شه‌یتانه. “جۆن شتاینبێگ” یه‌کێک له رۆمانه‌کانی ناو ناوه “مرواریThe Pearl”. دیاره به بێ دۆزینه‌وه‌ی مرواری، که کرۆکی رووداوه‌کانه، نه چیرۆکه‌که بوونی ده‌بێت و نه ململانێی نێوان کاره‌کته‌ره‌کانیش به‌ڕێوه ده‌چێت. دواجار “جۆرج ئۆروێڵ” له هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی “١٩٨٤”دا ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌گه‌ر نموونه‌ی تۆتالیتاری له حوکمڕانیدا ریسوا نه‌کرێت و وازی لێ نه‌هێنرێت، ئه‌وا دونیا له ساڵی ١٩٨٤ وه‌ک ئه‌وه‌ی لێ دێت، که رۆمانه‌که باسی لێوه ده‌کات. گرنگیی ناونیشانی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” له‌وه‌دایه، که زیاتر له واتایه‌ک ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌یش باشترین پێوه‌ره بۆ ناونیشانی داهێنەرانە. له‌سه‌ر ئاستی میللی‌دا، مه‌یموون هێمای ناشیرینییه له که‌لتووری کوردی‌دا، به‌ڵام له باری ئاسایی‌دا گیاندارێکی هێمنه. به پشتبه‌ستن به تیۆری داروینیش هێمایه بۆ سه‌ره‌تای ژیان و هێشتا چه‌ند قۆناغێکی ماوه، که بیبڕێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به مرۆڤ. به هه‌رحاڵ، به پێی ئاماژه‌کانی ئه‌م ناونیشانه، له هه‌ردوو حاڵه‌تدا شێوێندراوه. له لایه‌ک هێشتا قۆناغه‌کانی به مرۆڤبوونی نه‌بڕیوه و له لایه‌کی تریش، هێمنی و ئاسووده‌یی تێک دراوه سه‌باره‌ت به‌و چه‌که‌ی، که هه‌ڵی گرتووه، ئه‌گه‌رنا بۆ دواتر فڕێی ده‌دات و ئاسه‌واره‌کانیشی ناهێڵێت؟ به کورتی ناونیشانه‌که ره‌هه‌ندێکی تراژیدیی له خۆ گرتووه.
● ● ●
“کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور” سه‌ره‌تا به چیرۆکی کورت ده‌ستی پێ کرد. بە هەر دوو کۆمەڵەچیرۆکی ”سەدەی یەکەمی خەیاڵ” و “ئه‌سپیدیلۆن” زۆر خێرا سه‌رنجی خوێنه‌رانی بۆ خۆی راکێشا، له‌باره‌ی زمانیشه‌وه له که‌شوهه‌وایه‌کی شیعرئامێزی لهریکئاسا داڕێژرابوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی نووسه‌ر تازه ده‌ستبه‌رداری نووسینی شیعر بووبێت، وابوو. بۆیه خوێنەر هه‌ر له‌و چیرۆکانه‌وه هه‌ستی ده‌کرد (کاروان) بینین و سۆزێکی قووڵی هه‌یه و نزیکترین ژانری ئه‌ده‌بییش بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م بینینه لای ئه‌و چیرۆکی کورت بوو. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه، که شیعر ناتوانێت بینینه قووڵه‌کان ده‌رببڕێت. شیعری کوردی له‌م باره‌یه‌وه به‌رهه‌می گه‌وره گه‌وره‌ی له خۆ گرتووه. به هه‌رحاڵ، (کاروان) له گشت چیرۆکه کورتهکانیدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه به‌رده‌وامیی ژیان بخاتە ڕوو سه‌ره‌ڕای دیوه کێشهئامێزهکانی، زیاتر له‌وه‌ی ئه‌م به‌رده‌وامێتییه دروست بکات. ره‌نگه ئه‌مه هه‌ر بۆ ئه‌و وانه‌بووبێت، به‌ڵکو بۆ زۆربه‌ی رۆماننووسه‌کانی دونیاش، وه‌کو “فۆکنه‌ر” و “چیخه‌ف” هه‌ر وا بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له رۆمانه‌کانی (کاروان)دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، دروستکردنی به‌رده‌وامێتیی ژیانه نه‌ک هه‌ر خستنه‌ڕووی ئه‌م به‌رده‌وامێتییه. به پێی لۆژیک، کاتێ نووسه‌رێک به‌م رووحیهتهوه رۆمان ده‌نووسێت، پێویسته پاشخانێکی فیکریی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێت. زانیارییه‌کانی (کاروان) ده‌رباره‌ی فەلسەفە، مێژوو، سۆسیۆلۆجیا، سایکۆلۆژیا، که‌لتوور و دواتر لەبارەی باڵندە و ئاژەڵان و…. هتد، وه‌ک له‌م رۆمانه و له رۆمانه‌کانی تردا ته‌وزیف کراون به‌ڵگه‌ی ئه‌م پاشخانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ن. مرۆڤ هه‌ست ده‌کات ئاگاداری سه‌رجه‌م بارودۆخه‌کان یاخود هەلومەرجهکانی ژیانی رۆژانه و ره‌وتی مێژووه له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسێسی رۆماننووسیندا، بۆیه توانیویه‌تی له کاتی تهوزیفکردنیاندا، له کارلێکی نێوان هه‌موو ئه‌مانه و ره‌گه‌زه‌کانی رۆمان‌دا، له پێشهوهیشیان زه‌مه‌ن و شوێن زۆر ورد بێت. دیاره ئه‌م کارلێکه، دواجار، ده‌بێته هه‌وێنی رووداوه‌کان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کارهکتهرهکهیشی به شێوه‌یه‌کی زۆر ورد لێ ده‌که‌وێته‌وه، یاخود روونتر بڵێین هه‌ر دووکیان به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری رێکوپێک به یه‌که‌وه گرێ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بهردهوامێتییهی ژیان له رۆمانه‌که دروست بکات. له باری پراکتیکیدا، ئاڵۆزترین خاڵ، که له‌م حاڵه‌ته‌دا رووبه‌ڕووی هه‌ر رۆماننووسێک ده‌بێته‌وه ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌وێت، که کاره‌کته‌ره‌کان به ئاڕاسته‌ی جیا جیا دروست ده‌کات. (کاروان) کاره‌کته‌ره‌کانی به‌م ئاڕاسته جیا جیایانه دروست ده‌کات بێئه‌وه‌ی هیچ درزێکی بێ‌مانا له‌ناو ده‌قه‌که‌دا بخاته نێوان ره‌هه‌نده‌کانی زه‌مه‌ن و شوێنەوە. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئاڕاسته جیاجیایانه، دواجار، هه‌ر له چوارچێوه‌ی یه‌ک بابه‌تن و خوێنه‌ر خۆی ده‌بێ جومگه‌کانی به یه‌کتر ببه‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌یش یه‌کێکه له‌و خاڵانه‌ی، که نووسه‌ر زۆر به وردی کاری له‌سه‌ر ده‌کات.
به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ بچێته بنجوبناوانی رووداوه‌کانی ئه‌م رۆمانه پێویسته ئه‌وه له به‌رچاو بگرێت، که کاریگه‌رترین کاره‌کته‌ر ئه‌و کاره‌کته‌ره‌یه، که به‌رده‌وام واقیع ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه به‌و مه‌به‌سته‌ی، که هه‌ره‌س به دیواره رووکه‌شه‌کان بێنێت. که‌واته، چیرۆکی “ئامانجی ماجید قەڵاتێ” و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان) و (ئازادی هەمین مامان)، له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا، دواجار له چوارچێوه‌ی هه‌مان بابه‌تن و ئه‌و ململانێ ئه‌زه‌لییه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد.
دیاره دروستکردنی کاره‌کته‌ره‌کان به ئاڕاسته‌ی جیاجیا زیاتر له رێگای ئهکتیڤکردنیانهوه دێت به پله‌ی جیاجیا یاخود خستنه‌ڕووی هۆکاره‌کانی ئهکتیڤنهبوون، که خوێنه‌ر زیاتر له رێگای ههڵسوکهوتهکانهوه هه‌ستی پێ ده‌کات. نووسه‌ر، نه‌ک هه‌ر له رۆمانه‌کانیدا، به‌ڵکو له چیرۆکه کورتهکانیشیدا به‌رده‌وام ئه‌م حاڵه‌ته‌ی له به‌رچاو گرتووه، بۆیه خوێنه‌ر زۆر به ده‌گمه‌ن هه‌ست به کاره‌کته‌رێکی پاسیڤ ده‌کات له به‌رهه‌مه‌کانی (کاروان)دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌کته‌ره ناحه‌زیش (antagonist) بێت واته پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که بێت. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به راستییه‌ک بکه‌م به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به (کاره‌کته‌ری دژ) لای (کاروان). دیاره مه‌رج نییه کاره‌کته‌ری دژ له شێوه‌ی مرۆڤێکدا بێت، که هه‌ناسه بدات، بجووڵێت، را بکات، ده‌ست بوه‌شێنێت… هتد. ده‌شێ به‌ر له هه‌موو شتێک له هێزێکی نادیاردا به‌رجه‌سته بێت یان کۆمه‌ڵێ هێز بن له ناخی کاره‌کته‌رێکدا لە بەرانبەر ویست و ئامانجه‌کانیدا ئاڕاسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌یان وه‌رگرتبێت، بۆیه هه‌تا رووبهڕوونهوهکه له ناوه‌وه یه‌کلا نه‌بێته‌وه، مه‌حاڵه له دیوی ده‌ره‌وه ره‌نگ بداته‌وه. کاره‌کته‌ری (ئامانج) لە سەرەتای که‌ناڵی یه‌که‌می رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا ـ دیاره ئه‌مه سه‌ره‌تای رووداوه‌کانی رۆمانه‌که نییه ـ له حاڵه‌تی گۆڕان دایه له کاره‌کته‌رێکی پاسیڤه‌وه بۆ کاره‌کته‌رێکی ئه‌کتیڤ، که بڕیارێکی گرنگ ده‌دات و تێیدا بانگه‌شه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی، که ویست و ئیراده‌یان ده‌سته‌مۆ کردووه یان چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراویان بۆ بینینه‌کانی داڕشتووه. شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که له‌و چرکه‌ساته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که چه‌که‌که‌ی فڕێ ده‌دات. پێشتر هه‌موو بینینی (ئامانج) بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داڕ‌ێژرابوو یان راستتر بڵێین بۆیان داڕشتبوو. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره ته‌نها له رێگای فرێدانی چه‌که‌که‌یه‌وه نییه، که “هیچ کاتێک [دای] نه‌ده‌نا… شه‌وانه‌ش پێوه‌ی [ده‌نووست]… باوه‌ڕ[ی] نه‌ده‌کرد [بتوانێت] ده‌ستبه‌ردا[ی] بێت” یان باشتر بڵێین ته‌نها له رێگای گۆڕینه‌وه‌ی نییه “به کراسێک و پانتەڵۆنێکی جینز له‌گه‌ڵ یه‌کێک له قاچاغچییه‌کانی ئه‌و ‘سنووره’!!”،
یان سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌که‌ی به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌که‌یه‌وه:
“ئێستا دوای ئه‌وه‌ی جوان جوان شان و که‌مه‌ر و سمتم شێلاوی، شوێنه‌واری قایشی تفه‌نگ و ره‌خت به‌سه‌ر گیانته‌وه نه‌ماوه”
به‌ڵکو له رێگای پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ورد و بێ پێچ و په‌نایه به هۆکاره‌کان، که رۆژگاره‌کان له ده‌روونیدا که‌ڵه‌که‌ی کردوون. ئه‌مه پرۆسێسه‌که له هزری هه‌موو حهکایهتبێژهکاندا به‌ڕێوه ده‌چێت.
ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای رووداوه‌کانی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” له که‌ناڵی یه‌که‌مه‌وه ده‌ست پێ ناکات و نووسه‌ر له روانگه‌ی ئیستاتیکای ته‌کنیکه‌وه که‌ناڵه‌کانی پاش و پێش کردوون، به‌ڵام رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که‌ی (ئامانج) له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی، که ویستیان لێ زه‌وت کردووه، لانیکه‌م بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر، سه‌ره‌تای گۆڕانێکی گه‌وره‌یه له کاره‌کته‌ر و بینینیدا. (ئامانج) دوای ئه‌مه له رێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌مه‌نه دووره‌کان دوای هۆکاره‌کانی ئه‌م تێکشکانه‌ی خۆی ده‌که‌وێت. پێش ئه‌مه، وه‌کو خۆی ئاماژه‌ی پێ ده‌کات، که‌سێکی “ترسنۆک” و “شه‌رمن” بووه. هه‌ر بۆیه‌ش به ئاسانی ده‌سته‌مۆ کراوه: “ترسێک سه‌رتاپای گیانی داگرتم… شه‌رمێکی قورس به دوایه‌وه” یان که ده‌ڵێ”به ترس و شه‌رمێکی زیاتره‌وه له ژنه‌کانی دیکه‌م ده‌ڕوانی… تا ده‌هات ترسه‌که‌م زیادی ده‌کرد و شه‌رمه‌که‌م قورس‌تر ده‌بوو”
ترس و شه‌رم پێکهاته‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ن، به‌ڵام کاتێ جورئه‌ت و بوێریی گێڕانه‌وه‌ی (ئامانج)مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت وه‌کو حهکایهتبێژ، ئه‌و کاته ده‌زانین چ ترسێکی ئه‌ستوور و شه‌رمێکی ناخکوژی شکاندووه. رۆماننووسی به ره‌گه‌ز هیندی “سه‌لمان روشدی” به چڕی کاری له‌سه‌ر ئه‌م ترس و شه‌رمه‌ی کاره‌کته‌ری هیندی کردووه به تایبه‌تی له رۆمانی “شه‌رم”دا. زۆر جاریش رایگه‌یاندووه، که ترس و شه‌رم کۆمه‌ڵگای هیندییان کوشتووه. کاره‌کته‌ره‌کانی (کاروان) له‌م رۆمانه‌دا، به شێوازێکی ئیستاتیکانهوه هه‌مان ئه‌و کاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگای کورده‌واری. دیاره ئه‌م بینینه لای “شێرزاد حه‌سه‌ن”یش به زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌ڵام به جیاوازی پێکهاته‌ی کاره‌کته‌ره‌کان له ڕووی شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که‌دا. به هه‌رحاڵ، ئه‌و ترس و شه‌رمه‌ی ناخی (ئامانج)، که هۆکاری راسته‌قینه‌ی تێکشکانی کارهکتهرهکهیهتی پاشخانێکی قووڵی له دروستکردنی کەسایەتیی ئه‌ودا هه‌یه. ئه‌و خه‌ونه ترسناکه‌ی، که “هه‌تاو” له که‌ناڵی سێیه‌مدا بۆ (ئامانج)ی ده‌گێڕێته‌وه کاتێ ده‌ڵێت “چه‌ند پیاوێکی ده‌مامکدراو له شه‌وێکی ئهموستهچاودا به سواری فیلی زل زل کۆمه‌ڵێک ژنیان پێ بووه… هتد” هه‌روه‌ها بینینی تارمایی باوکی هه‌ر دوای گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌که‌ی “هه‌تاو”، به‌ده‌ر له هه‌ر ئاماژه‌یه‌کی تر، له‌گه‌ڵ ترسه‌که‌ی (ئامانج)دا هاوته‌ریبن. لێکترازانی خێزانه‌که‌ی (ئامانج) خۆی له خۆیدا خاڵێکی نه‌خوازراوه سه‌باره‌ت به کەسایەتیی ئه‌و. بۆیه له کاتی گێڕانه‌وه‌دا حاڵه‌ته سایکۆلۆژییه‌کان و وڕێنه‌کانی ئه‌و کاتی خۆیشی به وردی تێکه‌ڵ به گێڕانه‌وه‌که ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه ترسئامێزهکهی پێش رووداوه‌که‌ی گۆڕستان، که (جاویدی شێخ موعته‌سه‌م)ی تێدا کوژرا، پێشانی ده‌دات، ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌ی ورده‌کارییه‌کان به‌م شێوه‌یه ئه‌وپه‌ڕی جورئه‌ت دەردەخات:
“ئه‌وسا هه‌ستت کرد ده‌نگت گۆڕاوه و وه‌کو هیی مه‌یموونه‌کانی لێ هاتووه… یان تۆ بڵێ مه‌یموونێک چووه‌ته ناخته‌وه و له جیاتی تۆ ده‌دوێت… له‌مه‌وه زیاتر تۆقییت… نه‌تده‌ویست یه‌ک وشه‌ی دیکه بڵێیت… له دووره‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌کی رووناکت بینی و هه‌ر به‌م ترسه‌وه به‌ره‌و ئه‌وێ چوویت… له ژووره‌وه دایکت له‌گه‌ڵ پیاوێکدا به رووتی رایانده‌بوارد …”
سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌یه، که (ئامانج) پێشتر له حه‌قیقه‌تی رووداوه‌کانی ده‌وروبه‌ری و له هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌ی خۆی بەرانبەریان هیچی نه‌زانیوه. ئه‌گه‌ر زانیبێتیشی ترس و شه‌رمه‌که به ڕاده‌یه‌ک گه‌وره بوونه، که نەیانهێشتووە ده‌ریانبڕێت. ئه‌م حهقیقهتهیش له ئاماژه‌کردنه‌کانی به “نازانم”، “نه‌مده‌زانی”، “وا بزانم”دا ده‌رده‌که‌وێت. له رووی ته‌کنیکیشه‌وه، ده‌شێت ئه‌م “نازانم”انه پانتاییه‌ک به خوێنه‌ر بده‌ن بۆ بیرکردنه‌وه و راستگۆیی حهکایهتبێژ باشتر بخه‌نه به‌رچاو. بۆیه، “فڕێدانی” چه‌که‌که نابێته ره‌تکردنه‌وه‌ی ڕۆحی شۆڕشگێڕی، به‌ڵکو سه‌ره‌تایه‌که بۆ شۆڕشگێڕی له رێگای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ دێوه‌زمه‌کانی ناخی خۆیدا. بە مانایەکی تر (ئامانج)ی کوڕی (ست ڕووناک)ی ناسک و (ماجید هەمزە قەڵاتێ)ی ئەفسەری گەورە و شەڕانی، لەوە تێدەگات، کە ئەوەی پێویستە شەڕی لەگەڵدا بکات ناخی خۆیەتی، نەوەک هێزە دەرەکییەکان. ئه‌مه‌یش هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رووبه‌رێکی فراوانتر و بیرۆکه‌یه‌کی قوڵتر بۆ شۆڕشگێڕی، بۆ بینینی ئه‌و جوانیانه‌ی، که شاراوه‌ن یان لێیان شاردۆته‌وه و دواجار ده‌بن به ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و تێکشکاندنه‌ی، که ئاماژه‌م پێی دا، له ده‌روونی خۆیدا. له سه‌رێکی تره‌وه، حهکایهتبێژهکان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له رێگای به‌کارهێنانی هه‌ندێک وشه و ده‌سته‌واژه‌ی ئاماژهههڵگر و چیڕۆکه‌کانی ناو دونیا دروستکراوهکانیانەوە، دۆخی ده‌وروبه‌ر وه‌کو دۆخێکی چه‌قبه‌ستوو و نه‌گۆڕ ده‌خه‌نه به‌رچاو. دیاره مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌مه‌دا ئه‌وه‌یه، که لە لایەک دیوی ده‌ره‌وه و ناخی حهکایهتبێژهکان هاوتا بکات و لە لایەکی تریش ئه‌و دۆخه چه‌قبه‌ستووه، که حهکایهتبێژ به هه‌ندێ وێنه‌ی ئاماژهههڵگر پێشانی ده‌دات، وه‌کو وێنه‌ی “کورته‌ک و شه‌رواڵه چڵکنه‌که” له که‌ناڵی یه‌که‌م، هه‌روه‌ها ئاماژه‌کردن به کراسه‌که‌ی (ئامانج)، که “به بزمارێکی قه‌د دیواره پهڕپووتهکهوه[ی] هه‌ڵده‌واسی” و ته‌نانه‌ت گونده‌که‌یش، که ده‌ڵێت:
” سه‌یرێکی ناو گونده‌که‌م کرد، که‌سی دیکه‌م به‌رچاو نه‌که‌وت… ته‌نانه‌ت باڵنده‌یه‌ک، پشیله‌یه‌ک، سه‌گێکم نه‌ده‌بینی… نه ده‌نگ و نه ره‌نگی هیچ زینده‌وه‌رێک… به کورتی هه‌موو شتێک سه‌یر و ترسناک ده‌هاته به‌رچاوم”
له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها وێنه‌ی تریش، که ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخێکی ترسئامێزن و له‌گه‌ڵ تێکشکانی ناخی (ئامانج)دا هاوته‌ریبن. هه‌تا (ئامانج) زیاتر له هۆکاره‌کانی ئه‌م تێکشکان و دهستهمۆبوونه قووڵ ببێته‌وه، ته‌کنیکی جوانتر له گێڕانه‌وه‌که‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، بۆ نموونه، له که‌ناڵی سێیه‌م (ئامانج) بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی بۆ خۆی ده‌گێڕێته‌وه:
“شه‌وانی منداڵی کاتێک بە تەنیا لەسەر ته‌ختی نووستنەکەت پاڵ دەکەوتیت، خەیاڵی ترسناکت دەکرد… کەسانی سەیر سەیر، کە شێوەی خورافییان هەبوو، خۆیان و گیانەوەره زهبەلاحەکانیان لە شوێنێکی وه‌کو ئه‌م حهمامەوە دەهاتن، چەندین گۆڕستان و کەلاوەیان دەبڕی و دەگەیشتنە ناو باخ، حه‌وشه و ژوورەکانتان… هەستت دەکرد کۆمه‌ڵێک لەو پیاوه دەمامکدراوانە وا لەمدیو لەسەر دایکت پاڵ کەوتوون …”
هه‌ر له هه‌مان که‌ناڵ ئەمە ده‌گێڕێته‌وه:
“به‌هاری حه‌فتاوچوار بۆ یه‌که‌مجار ئه‌و شهقاوهیهت له‌و ده‌شته‌ی سه‌ر رێگای قوتابخانه بینی… دوو قاچی دواوه‌ی پشیله‌یه‌کی زیندووی به زنجیری ئه‌ستوور به قهنارهیهکهوه شۆڕ کردووه‌وه، که ئاگری کۆتهرهدارهکانی ژێری په‌یتا په‌یتا ده‌یبرژاند… “
(ئامانج)ی حهکایهتبێژ له دونیا دروستکراوه‌که‌یدا له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌دا، چه‌نده‌ها چیرۆک و شتی سه‌یر و سامناکی ترمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه ده‌رباره‌ری شهڕهسهگی قه‌راغ شار و شهڕهگولله و قرتاندنی کلکی مارمیلکه و ترس و نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به هه‌ر کاره‌ساتێکی چاوه‌ڕوانکراو و دووفاقیی دایکی و….. هتد. چیرۆکه‌کان به راده‌یه‌ک مه‌ترسیدارن، که خۆیشی سه‌ری لێ شێواوه و گومان له راستێتیی هه‌ندێکیان ده‌کات وه‌ک چیرۆکی ئه‌و پیاوه‌ی، که له‌به‌ر دڵپیسی هاوسه‌ری جێ ده‌هێڵێت، بۆیه به خۆی ده‌ڵێت: “ره‌نگه هه‌ر خۆت ئه‌و چیرۆکه‌ت هه‌ڵبه‌ستبێت به‌وه‌ی تۆ هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌ک بوویت بۆ بیرۆکه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره”. مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو دیمه‌ن و چیرۆکه ترسناکانه له هزر و یادەوەریی (ئامانج)دا خۆی له خۆیدا تێکشکانی ناخیه‌تی تا ئه‌و چرکه‌ساته‌ی ددان به ترسنۆکی و ده‌سته‌پاچه‌یی خۆیدا ده‌نێت. ئه‌م ددانپێدانانه خاڵی وه‌رچه‌رخانه له بیرۆکه‌ی گشتیی رۆمانه‌که‌دا، چونکه به‌م ددانپێدانانهیه، که (ئامانج) دوور لە خواستی خۆی ده‌بێته یه‌که‌م کەسی یاخیی دوای هه‌ره‌س، لە کاتێکدا تەمەنی تەنیا سێیانزدە ساڵە!
یه‌کێک له خاڵه سه‌رنجڕاکێشه‌کان سه‌باره‌ت به کاره‌کته‌ر پێشکهشکردنییهتی بۆ جاری یه‌که‌م. کاره‌کته‌ری (ئاواز)، که یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره مشتومڕئامێزهکان، حهکایهتبێژ له رێگای بینینی کچێکی لادێییه‌وه پێشکه‌شی ده‌کات کاتێ دیمه‌نی یه‌کێک له کچه لادێییه‌کان وێنه‌یه‌کی تر له نه‌ستی حهکایهتبێژهکه، واته (ئامانج)، دێنێته پێشه‌وه. دیاره به یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی (ئاواز)، به پێی لۆژیکی سایکۆڵۆژیا، له رێگای بوونی خه‌سڵه‌تێکی هاوبه‌شه‌وه له نێوان هه‌ر دووکیاندا دێت، که دواجار له ته‌کنیکێکی وردی گێڕانه‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت و تێیدا حهکایهتبێژ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مه‌نێکی زۆر پێشتر:
“ئه‌مه زیاتر ده‌یخستمه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی من پێشتر دیمه‌نێکی ئاوام له خه‌ون، یان له راستییدا بینیوه… ده‌توانم بڵێم هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای لێ کردم، که بۆ ساتێک یه‌کێک له کچه‌کانم لێ ببێته (ئاواز)… “
خه‌سڵه‌ته هاوبه‌شه‌که ئه‌و ره‌هه‌نده مێیینهیهیه، که له خودی ناوی (ئاواز)دا هه‌یه. ئه‌م ناوه له زمانی کوردی‌دا زیاتر بۆ کچه، بۆیه حهکایهتبێژ به کچه لادێییه‌که‌ی ده‌به‌ستێته‌وه وه‌کو ره‌گه‌زێکی مێیینه. له کاتێکا (ئاواز) له رۆمانه‌که‌دا مرۆڤێکی نێره. خوێنه‌ریش بۆ یه‌که‌مجار سه‌ری لێ ده‌شێوێت. کاروان له رێگای ئه‌م ناوه‌وه کار له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری ژن ده‌کات وه‌کو کاره‌کته‌رێکی ئه‌کتیڤ، که له شۆڕشێکی به ناوه‌ڕۆک ڕه‌وای گه‌له‌که‌یدا چه‌کی هه‌لگرتووه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کارکردنه‌ی له‌سه ره‌گه‌زی مێیینه هێنده‌ی تر کارا بکات، هه‌رچی خه‌سڵه‌تی مێیینه هه‌یه ده‌یخاته پاڵ (ئاواز) ی پیاو:
“بیرم که‌وته‌وه چۆن له قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی ناومان نابوو “سامیه جه‌مال”، چونکه له‌سه‌ر شێوازی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ناسراوه سه‌مای ده‌کرد… “
هه‌روه‌ها نووسه‌ر له رێگه‌ی ناوهێنانی تراکتۆرێکه‌وه، که پێشمه‌رگه‌کانی بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌که‌وه ده‌گوازته‌وه، بۆ یه‌که‌مجار ده‌مانباته ناو دونیا تراژیدییه‌که‌ی “داده دڵارام” له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “تریفه”ی کچی به هۆی که‌وتنه خواره‌وه له تراکتۆرێکه‌وه ، لۆرییه‌که‌ی دواوه ده‌یپلیشێنێته‌وه.
به هه‌رحاڵ، گێڕانه‌وه هونه‌رییه فهنتازیئامێزهکانی هه‌موو حهکایهتبێژهکان، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ واقیعی ناو کۆمه‌ڵگا به هه‌موو دیوه نه‌گه‌تیڤ و جوانه‌کانیه‌وه له بەرانبەر واقیعی چرکه‌ساتی گێڕانه‌وه‌کان به جیاوازیی زه‌مه‌نه‌کانه‌وه. کێشه‌کان له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا له زۆر رووه‌وه هاوته‌ریبن. ئه‌وه‌تا (ئامانج)، خۆیشی دڵنیا نییه، که ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو شار ئاخۆ”[ده‌توانێ] هه‌روه‌کو جاران به ته‌نه‌که‌ی ژه‌نگاوی کووخێک له قه‌راغی شار پێکه‌وه[بنێت] ئه‌وه‌نده‌ی [ژیانی] ماوه، له‌ناویدا [بیگوزه‌رێنێ]”، چونکه خۆی به‌رهه‌می ئه‌و واقیعه‌ی ئه‌وێیه، که هیچی که‌متر نییه له واقیعی دیمه‌نه سیزیفئامێزهکه:
“من له‌و شه‌وه‌وه زیاتر شته‌کانم لێ ده‌بووه مه‌ته‌ڵ… تێنه‌ده‌گه‌یشتم ئاخۆ من چه‌کدارم یان ده‌بێ به‌ردی گه‌وره گه‌وره بخه‌مه سه‌ر شانم و بیانگوێزمهوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم چ مهبهستێکیشم له‌م کاره‌دا هه‌یه… “
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، “سه‌رۆ مه‌نجه‌نیق” ده‌یه‌وێت ئاڕاسته‌یه‌کی تر بۆ به‌رد دابهێنێت جیا له‌و ئاڕاسته سیزیفئامێزهی ، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دا. به‌رد لای “سه‌رۆ مه‌نجه‌نیق” ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی “ده‌یان ئاوازی گۆرانیی کۆن و نوێ، هی خه‌مناک و هی هه‌ڵپه‌ڕکێ… به‌رده‌وام ناو کۆڵه‌پشته‌که‌ی پڕی بوو له به‌رد… مه‌نجه‌ڵ و قاپ و کووپیشی له به‌رد داتاشی بوو”. ئه‌مه له رووی هونه‌ریی رۆمانه‌که‌وه، رێک هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئاڕاسته جیاجیاکانی کاره‌کته‌ره‌کان، که رۆمانه‌که به‌رده‌وام له رێگای هه‌ڵسوکه‌وت و چالاکییه هزرییه‌کانی حهکایهتبێژهکانهوه قووڵیان ده‌کاته‌وه. به‌رد لای “سه‌رۆ” نابێته ئه‌و ئامرازه بێزارهێنه وه‌ک له‌لای سیزیفدا هەیە. ڕاستییەکەی ئه‌مه ته‌وزیفکردنی ئه‌فسانه‌ی “سیزیف”ه به دیوێکی پێچه‌وانه‌وه. نووسه‌ر دوو واقیع بۆ به‌رد دێنێته پێشه‌وه، که پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن، هه‌روه‌ها له‌م وێنانه و دواتر له ته‌واوی رۆمانه‌که‌دا کار له‌سه‌ر ئاڕاسته دژه‌کان ده‌کات. ته‌نانه‌ت له کاره‌کته‌ره‌کان و شوێن و زه‌مه‌نه جیاجیاکانیش ئه‌م ئاڕاسته دژبه‌یه‌کانه ئاماده بوونیان هه‌ر هه‌یه. بۆ نموونه (ئامانج) به ئاڕاسته‌یه‌ک کار ده‌کات رێک پێچه‌وانه‌ی باوکیه‌تی و هه‌ڵسوکه‌وتی (شێرزاد ناجی) وه‌کو دواتر ده‌یبینین زۆر له هیی (ئازادی هەمین مامان) جیاوازه. به هه‌رحاڵ، جارێ با له باسه‌که‌ی (ئامانج) لا نه‌ده‌ین. ڕاستییەکەی، کاتێ (ئامانج) به قووڵی ده‌چێته ناو رووداوه‌کانی ڕابردوو و له‌وێشه‌وه تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی کاره‌کته‌ره‌کان پێشان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌یه تا هۆکاری راسته‌قینه بۆ بڕیاره‌که‌ی خۆی پێشان بدات. ئه‌و بڕیاره‌ی، که بیرێکی قووڵ و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی قووڵتری له پشته‌وه‌یه. (ئامانج) له شاخه‌وه رووی قسه‌کانی له شار و، له‌و کۆمه‌ڵگایه و له دێوه‌زمه‌کانی ناخی خۆی ده‌کات و بڕیاره‌که‌ی ده‌دات. هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌ره لاوازانه ره‌ت ده‌کاته‌وه، که دواتر خوێنه‌ر ئاشنایان ده‌بێت. ئه‌م بڕیاره‌ی (ئامانج) شکاندنی ئه‌و شه‌رم و ترسه‌یه، که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دان، لانیکه‌م بۆ خۆی.
له سه‌رێکی تره‌وه، پێشکه‌شکردنی هه‌ر کاره‌کته‌رێک بۆ یه‌که‌مجار، کۆمه‌ڵێک پرسیار ده‌رباره‌ی ده‌ورووژێنێت و خوێنه‌ریش هه‌ر له شێوازی پێشهکهشکردنهوهوه جۆرێک له هاوسۆزی یان هه‌ڵوێستێکی نه‌گه‌تیڤانه له بەرانبەریدا پێشان ده‌دات وه‌ک ئه‌وه‌ی له کاره‌کته‌ری باوکی ئامــــانج و (فه‌ره‌یدوون)ی براکه‌یدا ده‌رده‌که‌وێت. “باوکی ئامانج” هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌کو کاره‌کته‌رێکی توندوتیژ ده‌رده‌که‌وێت، که رۆژێ له رۆژان “برا بچووکه‌که‌ی خۆی به گولله راو نا”وه و به‌ر له‌مه‌یش، ئه‌وکاته‌ی، که (ئامانج) ته‌مه‌نی ته‌نیا پێنج ساڵ بوو، ئه‌م “‘په‌روین’ی خوشکی و تاقه کوڕه‌که‌ی (خهجاوی کوببهفرۆش)ی له نیوه‌شه‌وێکی پاییزی شهستوههشتدا له به‌رده‌رگا له خوێندا گه‌وزاندبوو”. ئه‌مه به‌شێکه له سه‌رچاوه‌ی ترس و نیگه‌رانییه‌کانی (ئامانج). به‌ڵام رێک به پێچه‌وانه‌ی باوکی (ئامانج)، خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ری (فه‌ره‌یدوون) هاوسۆز ده‌بێت، چونکه هه‌رده‌م ژیانی له مه‌ترسیدابووه. ئه‌م مه‌ترسییه له‌گه‌ڵ نیگه‌رانییه‌کانی ئێستای (ئامانج)دا هاوته‌ریبه. به هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی خوێنه‌ر نه‌گه‌تیڤ بێت بەرانبەر به هه‌ر کاره‌کته‌رێک، دواجار، ورووژاندانی گومانێکی گه‌وره‌یه بەرانبەر به کۆمه‌ڵگا، نه‌ک بەرانبەر به خودی کاره‌کته‌ره‌که وه‌کو تاک، چونکه ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه، که هه‌ڵسوکه‌وتی کاره‌کته‌ره‌کانی هێناوه‌ته به‌رهه‌م.
هه‌موو ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی، که ئه‌م رۆمانه له خۆیانی ده‌گرێت، کاره‌کته‌ری حه‌قیقین نه‌ک به‌و مانایه‌ی خوێنه‌ر له دونیای واقیعدا ده‌یانناسێته‌وه و ئاماژه‌یان بۆ ده‌کات، به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی ددان به بوونی ئه‌م جۆره کاره‌کته‌رانه‌دا ده‌نێت. راسته نووسه‌ر خۆی دروستی کردوون، ئاگاداری هه‌ڵسوکه‌وت و شێوازی بیرکردنه‌وه‌یانه، ده‌زانێ چی‌یان به‌سه‌ر دێت و چی‌یان به‌سه‌ر نایه‌ت، چی ده‌که‌ن و چی ناکه‌ن. ئه‌وه‌یش راسته، که فڵان کاره‌کته‌ر جۆرێک له هاوسۆزی ده‌وورووژێنێت، وه‌کو له کاره‌کته‌ری (ئامانج) و (سۆزان) و (فه‌ره‌یدوون) دا ده‌بینین، به‌ڵام (کاروان) وه‌کو رۆماننووس بێلایه‌نیی خۆی له ئاست هه‌موو ئه‌مانه‌دا ده‌پارێزێت و ئه‌گه‌ر هاوسۆزیش بێت له‌گه‌ڵ یه‌کێک یان دژی یه‌کێکیان بێت، هه‌وڵ ده‌دا ئه‌م هاوسۆزییه به هیچ شێوه‌یه‌ک له رۆمانه‌که‌دا زه‌ق نه‌کاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، وه‌کو دواتر باسی لێوه ده‌که‌ین، ده‌شێ خوێنەر له بهدواچووندا بۆ ورده‌کارییه‌کانی هونه‌ری گێڕانه‌وه له رۆمانه‌که‌دا، جۆرێک له هاوسۆزیی نووسه‌ر بدۆزێته‌وه، که به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری له رۆمانه‌که‌دا به‌رجه‌سته‌یه.
● ● ●
پرۆسه‌ی داهێنان له ئه‌ده‌بی رۆمان چه‌نده‌ها دیوی هه‌یه. رۆماننووس ده‌توانێت له بچووکترین ورده‌کاریدا جۆرێک له داهێنان ئه‌نجام بدات. یه‌کێک له‌و ورده‌کاریانه له‌وه‌دایه، که وێنه‌ی ناو مێشکی نووسه‌ر بتوانێت وێنه‌یه‌کی جیاواز دروست بکات. ئه‌مه‌یش، دواجار، مانای گواستنه‌وه‌ی پرۆسه‌که‌یه له گۆشه‌نیگای نووسه‌ره‌که‌وه بۆ کاره‌کته‌رێکی به ئاگا‌و هۆشیار. ئه‌م حاڵه‌ته له زۆربه‌ی رۆمانه‌کانی (کاروان)دا به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی زمان و کاره‌کته‌ر، هه‌روه‌ها هەلومەرجی رووداوه‌که‌یش سه‌ربه‌ستییان پێ بدرێت. (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و سۆزان”، وه‌کو حهکایهتبێژ سه‌ربه‌ستییه‌کی ته‌واویان هه‌یه له گێڕانه‌وه، نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێکیان لە بەرانبەردا نییه تا خه‌سڵه‌تێکی ته‌مومژاوی ببه‌خشنه گێڕانه‌وه‌که‌یان، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌ست ناخاته ناو کاروباریانه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، کاتێ مرۆڤ له مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه قووڵ ده‌بێته‌وه، هاوسۆزیبوون یان هاوسۆزینهبوون ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌کی مشتومڕئامێز و هیی ئه‌وه‌یه خوێنەر له‌سه‌ری بوه‌ستێت، چونکه نووسه‌ر، وه‌کو حهکایهتبێژ، ته‌نها له شێوازی گێڕانه‌وه‌که‌ی خۆیدا، نه‌ک له ناوه‌رۆکه‌که‌یدا، ده‌ست ده‌خاته کاروباری حهکایهتبێژهکانهوه، بۆیه خوێنه‌ر جاروبار له میانی رسته‌کاندا هه‌ست به ئاماده‌بوونی نووسه‌ر ده‌کات وه‌کو حهکایهتبێژ. ئه‌مه‌یش مه‌سه‌له‌یه‌که دواتر باسی لێوه ده‌که‌ین. (ئامانج) له که‌ناڵی یه‌که‌مدا روو له کۆمه‌ڵگا یان دێوه‌زمه‌کانی ناخی خۆی ده‌کات. بۆیه، راناوی که‌سی دووه‌م، واته قسهبۆکهر، راناوی کۆیه. دواتر ئه‌م راناوه نامێنێت و گێڕانه‌وه‌که ره‌وتێکی ئاسایی نێوان حهکایهتبێژ و خوێنه‌ر وه‌رده‌گرێت. دوای نزیکه‌ی بیست لاپه‌ڕه، حهکایهتبێژ دوو که‌سایه‌تیی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت: قسه‌که‌ر و قسهبۆکهر. قسهبۆکهریش هه‌ر خۆیه‌تی، واته حهکایهتبێژ قسه‌کان بۆ خۆی ده‌گێڕێته‌وه:
“زۆر جار به خۆمم گوتووه خۆزگه به قسه‌ی “شۆڕش”ت ده‌کرد و […] هه‌رگیز ئه‌وه‌ت بیر ناچێته‌وه، که تازه هاتبوو، جله‌کانی دایکتی له‌به‌ر ده‌کرد… “
ئه‌م حاڵه‌ته تا کۆتایی که‌ناڵی یه‌که‌م و له که‌ناڵی سێیه‌میشدا، که حهکایهتبێژ هه‌ر (ئامانج)ه، به‌رده‌وام ده‌بێت. جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه، که هه‌ریه‌ک له (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان) وه‌کو حهکایهتبێژ شته‌کان بۆ خۆیان ده‌گێڕنه‌وه. (ئازادی هەمین مامان)ی چیرۆک‌نووس، وه‌کو حهکایهتببێژی که‌ناڵی دووه‌م، سه‌ره‌تا به شێوه‌ی “دیدگای ده‌ره‌وه” واته وه‌کو که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی رۆمانه‌که قسه ده‌کات. ئینجا قسه‌کانی ئاڕاسته‌ی “ع. نه‌زه‌ری” ناوێک ده‌کات، که خوێنه‌ر بۆ یه‌که‌مجار پێی ئاشنا ده‌بێت. دوای ئه‌مه حهکایهتبێژ شته‌کان بۆ خۆی ده‌گێڕێته‌وه، رێک وه‌ک ئه‌وه‌ی له که‌ناڵی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ (ئامانج) رووی دا:
کاتێک ده‌ڵێم تۆ به منداڵی به‌و ته‌کنیکانه ئاشنا ده‌بیت، ئه‌وه رێک مه‌به‌ستم ئه‌و شه‌وانه‌یه، که لێفه‌که‌ت له نووکی په‌نجه‌کانی پێته‌وه هه‌تا ته‌وقی سه‌رتی داپۆشیوه… خۆت گرمۆڵه کردووه و به ئه‌نقه‌ست بیر له رووداوی ترسناک ده‌که‌یته‌وه… “
یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌م کاره‌کته‌ره سووربوونه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوی دایکی خۆی (هه‌مین مامان) بکاته پاشگری ناوی خۆی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، که “ڕه‌شاد کاره‌باچی”ی باوکی کاره‌بای بۆ هه‌موو شار راکێشا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر به کاره‌با بمرێت. دیاره ئه‌مه‌یش بایه‌خدانه به پێگه‌ی ژن له لایه‌که‌وه و له لایه‌کی تریش (ئازاد) هه‌ر له رێگای پیشه‌که‌ی دایکیه‌وه، واته مامانییه‌وه، له‌پاڵ ئه‌وه‌ی، که کارگوزاریش بووه له قوتابخانه‌که‌ی دایکی (ئامانج) ده‌چێته ناو رووداوه‌کانه‌وه. ئه‌مه یه‌که‌م ئه‌لقه‌ی به یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی که‌ناڵی یه‌که‌م و دووه‌مه ـ هه‌ڵبه‌ت رووداوه‌کانی که‌ناڵی دوووه‌م به‌ر له که‌ناڵی یه‌که‌مه ـ که دواجار به‌یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی دوو قۆناغی جیایه و ده‌بێته بنه‌ما بۆ ته‌کنیکی رۆمانه‌که وه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دا.
خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات، که نووسه‌ر ته‌نها تۆمارکه‌ری رووداوه‌کانه، نه‌ک نووسه‌ری چیرۆکه‌که. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م ته‌کنیکه‌یه، که خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات کاره‌کته‌ره‌کان وه‌کو وێنه‌یه‌کی هزری چنراون و به‌ره به‌ره پێش ده‌که‌ون بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ته‌نگه‌تاویان بکات. واته بونیادی کاره‌کته‌ر، وه‌کو دێته به‌رچاو، له ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی نووسه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت. ده‌شێت خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه بکات، که کاره‌کته‌ره‌که ده‌یه‌وێت ببێت به وێنه‌یه‌کی ده‌قاوده‌قی نووسه‌ر خۆی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی نووسه‌ر خۆی ده‌ئاخنێته گێڕانه‌وه‌که، به‌ڵام دیاره رۆماننووس هه‌ست به‌م شته ده‌کات، بۆیه زوو به‌رزه‌فتی ده‌کات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئێش و ئازاری کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بینێت. وه‌کو ئه‌وان هه‌ستیان پێ ده‌کات. ره‌نگه لێره‌دا پرسیارێک خۆی قووت بکاته‌وه: ئایا نووسه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌زانێت کۆتایی کاره‌کته‌ره‌کانی به چی ده‌گەن؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌زموونی رۆماننووسانی دونیا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، که نووسه‌ر ده‌شێت وێنای چوارچێوه‌که‌ی بکات، به‌ڵام له سه‌ره‌تاوه به ورده‌کارییه‌کانی ئه‌م کۆتاییه نازانێت. ئه‌م حاڵه‌ته‌یش له داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌کان و پێوەندییان به رووداوه‌کانه‌وه ره‌نگ ده‌داته‌وه.
دیاره داڕشتن و پێشخستنی کاره‌کته‌ر دیوێکی گرنگه له رۆمانه‌کانی (کاروان)دا. له‌وه‌یش گرنگتر ئه‌کتیڤکردنی کاره‌کته‌ره‌که‌یه. کاره‌کته‌ری ئه‌کتیڤ، له‌لای کاروان هه‌ر ئه‌وه نییه بزاوت و جووڵه‌ی جه‌سته‌یی زۆر بێت، به‌ڵکو پرۆسێسی بیرکردنه‌وه و رامان و رێکخستنی رووداوه‌کان له هزری کاره‌کته‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ئهکتیڤبوونهیه وه‌کو له کاره‌کته‌ری (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان)دا به روونی ده‌رده‌که‌وێت. له لایه‌کی تر، مه‌رج نییه ته‌نها کاره‌کته‌ره‌که راسته‌وخۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌کتیڤبوون بێت، به‌ڵکو ده‌شێ ئه‌م ئهکتیڤبوونه، ئینجا جه‌سته‌یی بێت یان هزریی، له شته بێگیانه‌کان، له گواستنه‌وه‌ی زه‌مه‌نه‌کان، له گۆڕینی شوێنه‌کانیش به‌رجه‌سته بکرێت. بۆ نموونه، ده‌شێ هه‌ڵکه‌وته‌ی پهلهههورێک، سێبه‌ری په‌رده‌یه‌ک، وێنه‌ی سه‌ر دیوارێک یان سه‌ندووقێک یاخود شێوه‌ی به‌ردێک، ببێته سه‌رچاوه‌ی جووڵەیه‌کی ئه‌وتۆ له پانتایی رۆمانه‌که، که دواجار خوێنه‌ریش به به‌رده‌وامی ئه‌مسه‌روئه‌وسه‌ر پێ بکات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جووڵه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێت به‌ده‌ر بێت له گواستنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی زه‌مه‌ن. ئاماده‌بوونی زه‌مه‌ن ئاماده‌بوونێکی زۆر ئاڵۆز و فره‌شێوه و فره‌ئاڕاسته‌یه، چونکه نووسه‌ر رۆمانه‌که‌ی له‌سه‌ر ره‌گه‌زی زه‌مه‌ن و سرووشتی ئه‌و زه‌مه‌نه و کاریگه‌رێتی به‌سه‌ر رووداوه‌کان و دروستکردنی کاره‌کته‌ر بونیاد ده‌نێت. دیاره مرۆڤ ده‌بێ زه‌مه‌ن له چوارچێوه‌ی رۆمانه‌که جیا بکاته‌وه له زه‌مه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یەدا، چونکه چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نی رۆمانه‌که، فراوان بێت یان نا، بۆ نووسه‌ر گرنگ نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا چۆن گه‌مه به زه‌مه‌نه‌کان ده‌کات. بۆ نموونه، ئێمه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانیدا، رۆمانمان هه‌یه، که رووداوه‌کانی له چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نێکی زۆر کورت دایه. ئه‌وه‌تا رۆمانی “خاتوو داڵاوی”، که “ڤه‌رجینیا وه‌ڵف” نووسیویه‌تی هه‌موو رووداوه‌کانی ته‌نها یه‌ک رۆژ ده‌خایه‌نێت، سه‌ره‌تا له به‌یانییه‌که “خاتوو داڵاوی” خۆی بۆ ئاهه‌نگه‌که ئاماده ده‌کات. له ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئاهه‌نگه‌که به‌ڕێوه ده‌چێت. به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا گشت نهێنییه‌کانی”خاتوو داڵاوی” به هۆی ئه‌و پێوەندییانهی به خه‌ڵکی تره‌وه ده‌یکات یان له رێگای یادگارییه‌کانه‌وه ئاشکرا ده‌بن، بۆیه به‌رزیی رۆمانه‌که له تهکنیکهکهدایه، له مامه‌ڵه‌کردنی رۆماننووسهکەدایه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نه‌که‌دا. نووسه‌ر ده‌توانێت پانتایی ئه‌و زه‌مه‌نه بۆ ساڵێک، دوو ساڵ یان بیست ساڵ و زیاتریش درێژ بکاته‌وه. کاتێ نووسه‌ری “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” په‌نا بۆ یادەوەریی (ئامانج) یان (ئازادی هەمین مامان) یاخود (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان) ده‌بات و بیره‌وه‌رییه‌کانیان ده‌رباره‌ی خه‌ڵک و شوێن و روودا و پێوەندیهکان زیندوو ده‌کاته‌وه، پرۆسه‌که له چوارچێوه‌ی هوشیاریی “ئێستا”دا به‌ڕێوه ده‌بات. دیاره ئه‌مه نه‌ک هه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئێستایه بۆ زه‌مه‌نه به‌سه‌رچووه‌کان به هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی، که کاره‌کته‌ر له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵی گرتوون، به‌ڵکو ده‌بێت به بنچینه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی تۆکمه بۆ داهاتووش. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم (ترس لە زەمەن) و (پرسیار لە زەمەن) لە هەموو بەرهەمەکانی (کاروان)دا بە شێوەی جیاواز جیاواز دووبارە دەبنەوە. لەم ڕۆمانەیشدا ئەو پرسیار و ترسە زەقتر دەبنەوە. بۆ نموونە (نیهال فیکری)، ئەو نووسەرە میسرییەی دوای نووسینی ڕۆمانێک لە وڵاتەکەی ڕاو دەنرێت و (سۆزان) لە کەمپی دانمارک دەیناسێت، لەبارەی زەمەنەوە هەمان ترسی هەیە، کە (سۆزان) و کارەکتەرەکانی دیکەیش هەیانە:
{بۆ ئەوەی مەرگ لە پەلوپۆت نەخات، پێویستە کەسێکی دیکە لەسەر شێوازی خۆت بخوڵقێنیت، بگرە دەبێت ئەو کەسە هەر کتومت خۆت بیت، کە لە داهاتووەوە دەگەڕێتەوە و بەرەو ڕووت دێت، بێ ئەوەی بهێڵیت پێت بگات، چونکە هەر کاتێ ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕوو دەدات، ئەوا تۆ شتێکت نامێنێت خەونی پێوە ببینیت… لە کاتێکدا (سۆزان) بیر لەو پرۆسێسە دەکاتەوە، ئەو خۆی هەندێک گۆڕانکاری بە سەر گوتەکەیدا دەهێنێت، بەوەی دەڵێت نەخێر، شتێک نییە بە ناوی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، ئەوەی هەیە (بیرچوونەوە) و (بیرهاتنەوە)ن، کە ئەگەر یەکەمیان دەیەوێت هەموو ساتەکانی تەمەنمان بە جوان و ناشیرینیەوە بسڕێتەوە و خۆی جێگایان بگرێتەوە، ئەوا دووەمیان بەردەوام گوێچکەمان بە هاواری خۆی پڕ دەکات: ((بۆ کوێ دەچیت…؟! هەرگیز شتێکی دیکەت دەست ناکەوێت لەوانەی پێشووت بچێت و هەمان نرخی ئەوانی هەبێت، کە بە سەر چوونە و پێیان ناگەیتەوە…!!))… ئەوسا (سۆزان) بە دەست خۆی نییە (کوێنتین)ی کارەکتەری ڕۆمانی (ژاوەژاو و توندوتیژی The Sound and the Fury)ی (ولیام فۆکنەر)ی بیر دێتەوە، ئەو کاتەی باوکی کاتژمێرەکەی پێ دەبەخشێت، کە ئەویش خۆی لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە و پێی دەڵێت: ((I give it to you not that you may remember time, but that you might forget it now and then for a moment من بۆ ئەوە ناتدەمێ، تاکو زەمەنت وەبیر بێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە جارناجار زەمەنت لە بیر بچێتەوە))… ئەو ڕۆمانەی لە کتێبخانەی شارەکە هێناوە و لەناو بێدەنگی و ترسێکی گەورەدا خوێندوویەتیەوە… گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی زەمەن زەفەر بە هەموو خانەوادەیەک دەبات، بە چاوپۆشین لە پێکهاتە و قەبارەی ئەو خانەوادەیە… دەبێت دواجار وەک خانەوادەکەی (کۆمپسۆن)، درەنگ یان زوو بە شێوەیەکی تراژیدی هەڵبوەشێتەوە…}.
ئەو نموونەیە بە تەنیا بەسە تاکو بزانین کارەکتەرەکان لە ئاستی زەمەندا هەست بە چ ترسێکی گەورە دەکەن. هەر بە ڕاستییش زەمەن هەموو ئەو خانەوادانە هەڵدەوەشێنێتەوە هەر لە خانەوادەکەی (ئامانج)، (سۆزان)، (ئازاد)ەوە تاکو ئەوەی (ئەردەڵان)ی خاڵی (سۆزان) و ئەوانی تریش. هەر ئەو ترسەیە وای کردووە ڕۆمانەکە یەک کۆتایی نەبێت، بەڵکو لانیکەم ببێتە خاوەنی سێ کۆتایی جیاواز. واتە هەر سێ حیکایەتبێژەکە شوێنێک بۆ کۆتایی ڕۆمانەکە دادەنێن، ئەگەرچی ئەو شوێنەیش خاڵێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو شوێنکە لەناو (Meta-Time)دا.
کاتێ “فکری کۆپته‌ر” وه‌کو (سۆزان) له که‌ناڵی چواره‌مدا ده‌یگێڕێته‌وه داوا له (سۆزان) ده‌کات بچێت قژی دایکی ببڕێت، چونکه ده‌یه‌وێت له ئاهه‌نگێکی هاوسه‌رگیریی خزمێکیان به‌شدار ببێت، (سۆزان) بیر له دووفاقیی ئه‌م کوڕه ده‌کاته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر رۆشنایی هوشیاریی چرکه‌ساتی گێڕانه‌وه‌که‌یه، که (سۆزان) ده‌ڵێت: ” ڕەنگە ئەوسا بە خۆتت گوتبێت: ((ئەو وێنەیەی مرۆڤ لە ماڵەوە هەیەتی، هەرگیز ئەوە نییە، کە لە دەرەوە پێشانی خەڵکی دەدات)).
دوور نییه هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی کاره‌کته‌ری ئه‌کتیڤ به‌و شێوه‌یه‌ی، که باسمان لێوه کرد، وای له (کاروان) کردبێت که‌متر بایه‌خ به ره‌نگی چاو و قژ و جلوبه‌رگی کاره‌کته‌ره‌کانی بدات، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه ئه‌م کاره‌یش بۆ باری سایکۆلۆژیی کاره‌کته‌ره‌کان گرنگ بێت. به واتایه‌کی تر، ئه‌و زیاتر بایه‌خ به ره‌فتار و به‌و هه‌سته ده‌دات، که ده‌ریده‌بڕن و هه‌روه‌ها به شێوازی ئاخاوتن و ئه‌و رسته و ده‌سته‌واژانه‌ی، به کاریان دێنن له‌پاڵ کارکردنێکی چڕ له‌سه‌ر نه‌ستی کارهکتهرهکەدا، بۆیه خوێنەر هه‌ست ده‌کات رۆماننووس، به مه‌به‌ستی دروستکردنی کاره‌کته‌ره‌کان به شێوه‌یه‌کی ورد، بۆ هه‌ر کاره‌کته‌رێک ئه‌کته‌رێکی له ناخی خۆیدا هه‌ڵگرتووه تا رۆڵی کاره‌کته‌ره‌کانی بۆ ببینێت. ئه‌م ئه‌کته‌رانه‌ی ناخی ئه‌و به‌رده‌وام له بیرکردنه‌وه و جووڵه دان. له حاڵه‌تی ئاوادا، نووسه‌ر تا نه‌زانێت کاره‌کته‌ره‌کان چۆن قسه‌کانیان ته‌واو کردووه، چۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردووه له زه‌مه‌نه جیاجیاکان و هەلومەرجه جیاوازه‌کان، چیرۆکه‌که کۆتایی پێ نایه‌ت. ئه‌م شێوازه مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ چیرۆکه‌که، بونیادی رۆمانه‌که ده‌کاته بونیادێکی کۆنکریتی. (کاروان) وه‌کو رێژیسۆرێک وایه، که له ده‌رهێنانی شانۆگه‌ریه‌کدا ئه‌وپه‌ڕی ورده‌کاری به کار دێنێت. له کاتێکا رێژیسۆر به شێوه‌یه‌کی پراکتیکی مه‌شق به ئه‌کته‌ره‌کانی ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به باشترین شێوه رۆڵی کاره‌کته‌ره‌کان بگێرن، به‌ڵام (کاروان) پرۆسه‌ی مه‌شقکردنه‌که زۆر به وردی له هزری خۆیدا به‌ڕێوه ده‌بات. جێگه‌ی ئاماژه‌پێکردنه، که ریژیسۆر زیاتر پشت به جووڵه‌ی جه‌سته یاخود زمانی جه‌سته ده‌به‌ستێت ته‌نانه‌ت له حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کانیشدا، جگه له حاڵه‌ته‌کانی خۆدواندنی کاره‌کته‌ر، که‌چی رۆماننووس پێویستی به کۆمه‌ڵێ رسته و ده‌سته‌واژه‌ی گونجاو یان به کورتی بڵێین زمان هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی ئه‌م حاڵه‌تانه. بۆ نموونه، کاتێ کاره‌کته‌رێک له‌ژێر بارێکی ده‌روونیی تایبه‌تیدا هه‌واڵێکی ناخۆش ده‌بیسێت، کاریگه‌رێتیی ئه‌م هه‌واڵه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ له ره‌نگوڕووی ئه‌و ئه‌کته‌ره‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که رۆڵی کاره‌کته‌ره‌که ده‌بینێت. به‌ڵام رۆماننووس پێویسته له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه‌دا زۆر ورد بێت، که بۆ دهربڕیرنی ئه‌م حاڵه‌ته به کاریان دێنێت. له‌م باره‌وه (کاروان) ئه‌وپه‌ڕی ورده‌کاری له هه‌ڵبژاردنی رسته‌کان، ده‌سته‌واژه‌کان، هه‌روه‌ها هاوته‌ریبکردنیان له‌گه‌ڵ هەلومەرجهکانیاندا پێشان ده‌دات. لە لایەکی تر به‌کارهێنانی خاڵبه‌ندی به‌و شێوه چڕوپڕه، که خه‌سڵه‌تێکی به‌رچاوی گشت رۆمانهکانیهتی، ده‌یسه‌لمێنێت، که رۆماننووس چه‌نده به‌دوای هه‌ڵسوکه‌وت و ئاخاوتنی ئه‌کته‌ره‌کانی ناو ده‌روونی خۆیه‌تی. به کورتی، مه‌سه‌له‌که لای (کاروان) هه‌ر ئه‌وه نییه، که له ناوه‌وه‌ی خۆی ورد ببێته‌وه، به‌ڵکو به پێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی، که ده‌رباره‌ی خۆی و پێوەندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی تێیدا ژیاوه، هه‌یه‌تی، له ناوه‌وه‌ی خه‌ڵکی تریش ورد ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌یش بۆ هونه‌ری رۆمان‌نووسین خاڵێکی زۆر هه‌ستیاره، چونکه لە لایەک کارکردنێکی هونه‌رییانه‌یه له‌سه‌ر بونیادی کاره‌کته‌ر و لە لایەکی تریش پانتاییه‌ک بۆ هاوسۆزیبوون یان هاوسۆزینهبوون ده‌به‌خشێته خوێنه‌ر.
ده‌شێ پێوەندیی هه‌ر رۆماننووسێک به‌و ئه‌کته‌ره‌ی، که له ناخی خۆیدا بۆ کاره‌کته‌ره‌که دروستی ده‌کات ببێته مایه‌ی کێشه به‌و پێیه‌ی، که دواجار سه‌ربه‌ستیی کاره‌کته‌ره‌که سنووردار ده‌کات، چونکه پرۆسێسی دروستکردنی کاره‌کته‌ره‌که ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رێتیی شوێن و که‌سه‌کانی ناو دونیای واقیعه‌که‌وه به‌سه‌ر خودی نووسه‌ره‌که به‌ڕاده‌یه‌ک، که نووسه‌ر هه‌ست ناکات که‌وتووه‌ته ژێر ته‌له‌سمی ئه‌م کاریگه‌رێتییه. مرۆڤ له‌م روانگه‌یه‌وه هه‌ست ده‌کات کاریگه‌رێتی که‌شوهه‌وای ناو خێزان و شوێنه میللیه‌کان به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی (کاروان)دا به‌رچاون، به‌ڵام کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌کو چۆن له ژیانی رۆژانه‌دا ره‌فتار ده‌که‌ن، ئاوان. دیاره پێوەندییه‌کی زۆر هه‌یه له‌نێوان کاره‌کته‌ر و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی، که کاره‌کته‌ره‌که تێیدا ده‌ژیێت. ئه‌وه‌ی له رۆمانه‌کانی (کاروان)دا به گشتی هه‌ستی پێ ده‌کرێت ئه‌وه‌یه که کاره‌کته‌ره‌کان ره‌گیان له‌و ده‌وروبه‌ره داکوتاوه، که نووسه‌ر خۆی تێیدا ژیاوه. پێوەندیی نێوان رووداوه‌کانی رۆمانه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وروبه‌ره له دیالۆگه‌کانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بن، چونکه نووسه‌ر له‌وه ئاگاداره، که شوێن و ده‌وروبه‌ر به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیانه‌وه، زۆر به خێرایی هه‌ندێ بیرۆکه دروست ده‌که‌ن، که پێوەندییان به کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه هه‌یه. نووسه‌ر پاڵنه‌ره سایکۆلۆژییه‌کان، دیوه شاراوه‌کانیان به روونی ده‌بینێت، بۆیه، هه‌ڵسوکه‌وتی هیچ کاره‌کته‌رێک له‌خۆڕا نه‌هاتووه. ئه‌وه‌ی (شێرزاد ناجی) ده‌یکات، با له روانگه‌ی ئه‌و بیروباوهڕهیشەوە بێت، که بڕوای پێیه‌تی، هه‌ڵبه‌ت (ئازادی هەمین مامان) ناتوانێت بیکات ئه‌گه‌رچی هه‌مان بیرباوه‌ڕ کۆیان ده‌کاته‌وه. مرۆڤ ناتوانێت وێنای (مام ئه‌نوه‌ری باخه‌وان) بکات وه‌ک “سابیر پووله‌که” ره‌فتار بکات. هه‌ر ره‌فتارێکی (شێرزاد ناجی)، که ده‌یکات، پاساوی هه‌یه، هه‌روه‌ک هه‌ر ره‌فتارێک، که (ئازادی هەمین مامان) خۆی لێ ده‌پارێزێت و نایکات، پاساوی هه‌یه و ره‌نگدانه‌وه‌ی شێوازی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جه‌وهه‌ریی کارهکتهرهکهیهتی. وه‌کو بیرۆکه‌یه‌کی گشتی، له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه، کاتێک هه‌ڵسوکه‌وتی کاره‌کته‌رێک هیچ پاساوێکی نه‌بێت، مانای ئه‌وه‌یه نه‌خشه‌کاریی رۆمانه‌که تۆکمه نییه، هه‌ندێ بۆشایی تێدا ماوه‌ته‌وه و هێشتا پڕ نه‌کراوه‌ته‌وه. رۆماننووس له‌م رۆمانه‌دا ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی له به‌رچاو گرتووه، بۆیه هه‌ڵسوکه‌وت و رووداوه‌کان پاساوی خۆیانیان هه‌یه، ئینجا راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ. دیالۆگ له پاڵ گێڕانه‌وه ورد و تۆکمهکهوه ده‌بێته کلیلی شته‌کان. بۆیه به‌ر له هه‌ر دیالۆگێک، نووسه‌ر ئاماده‌کارییه‌کی وردی بۆ ده‌کات چ له‌باره‌ی ده‌وروبه‌ره‌که و چ له باری سایکۆڵۆژییهوه. دواجار، مرۆڤ هه‌ست به‌وه ناکات، که رسته‌یه‌ک یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له دیالۆگه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوارچێوه‌یه بێت، که کاره‌کته‌ره‌که‌ی تێدا ده‌ژیێ چ له دیوی ده‌ره‌وه و چ له رووی ده‌روونییه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڕێنه و داڵغه و گواستنه‌وه خێراییه‌ی زهمهنهکانیش، که له حاڵه‌تی ئاوادا روو ده‌ده‌ن پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆیان به دۆخه‌که‌وه هه‌یه، که رۆماننووس ده‌یهێنێته پێشه‌وه، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت، که زۆرجار گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زهمـهنه له رێگای وشه‌یه‌که‌وه ئه‌نجام ده‌دات، که ره‌نگه له رواڵه‌تدا هیچ پێوه‌ندییه‌کی به دهوروبهرهکهوه نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی، که لێی ده‌که‌وێته‌وه پێوه‌ندیی به دهوروبهرهکهوه هه‌یه و خوێنه‌ر زۆر به زه‌حمه‌ت هه‌ستی پێ ده‌کات. ئه‌مه‌یش دیوێکی ئه‌و ئیستاتیکهیه، که نووسه‌ر، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی نه‌بێت، له رۆمانهکەیدا به‌رجه‌سته کردووە.
که‌واته رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”، به گشتی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کارلێک و کاریگه‌رێتیی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان و هه‌روه‌ها دهوروبهرهکهوه ده‌کات به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه. دیاره مرۆڤ بۆ هه‌ر رووداوێک یان بۆ هه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتێکی تایبه‌ت به هه‌ر کاره‌کته‌رێک لێکدانه‌وه‌یه‌کی جیای هه‌یه به پێی سرووشتی رووداوه‌که یان ئه‌و که‌سه‌ی، که رووداوه‌که ده‌گێڕێته‌وه، بۆیه کاتێ خوێنەر له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ململانێکانه‌وه سه‌یری رووداوه‌کان ده‌کات، شتێکی ئاساییه، که به چاوی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌وه رووداوه‌کان ببینێت، که له هه‌موویان زیاتر له‌گه‌ڵ میزاجی خۆی ده‌گونجێت. مه‌سه‌له‌که ده‌وه‌ستێته سه‌ر تێڕوانینی مرۆڤ ده‌رباره‌ی ئه‌و پێوەندییهی، که رۆماننووس بەرانبەر به رووداوه‌کانی چیرۆکه‌که دروستی ده‌کات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش له رێگای حهکایهتبێژهکهوه دێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆحی رۆمان لای (کاروان) له گێڕانه‌وه دایه و گێڕانه‌وه‌یش له بینینی حهکایهتبێژهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، بۆیه حهکایهتببێژ لای (کاروان) نه‌ک هه‌ر وه‌کو دیدگای ده‌ره‌وه (external viewpoint)، که له بازنه‌ی عه‌قڵی گشتی جێگای ده‌بێته‌وه به کار دێت، به‌ڵکو ده‌بێته پێکهاته‌یه‌کی بنچینه‌ی رۆمان.
پێوەندیی رۆماننووس به (ئامانج) و ئه‌و رووداوانه‌ی، که ده‌یگێڕێته‌وه جیایه له پهیوهنییهکه به (ئازادی هەمین مامان) و ئه‌و شتانه‌ی، که ده‌یگێڕێته‌وه ئه‌گه‌رچی له چوارچێوه‌ی گێڕانهوهیشدا، مرۆڤ هه‌ست به جۆرێک له هاسۆزیبوون یان نه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌ودا ده‌کات بێ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی بتوانێت دوا هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر دابڕێژێت. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌که له کۆتاییەکانی رۆمانه‌که‌دا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.
● ● ●
لێکۆڵینه‌وه له پرۆسێسی گێڕانه‌وه، هه‌ر له سه‌رده‌می “ئه‌فلاتوون”ه‌وه تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بینینی جیاوازییه‌کان بونیاد نراوه. “ئه‌فلاتوون” خۆی “راپسۆد” له “هۆمیرۆس”ی شاعیر جیا ده‌کاته‌وه. دیاره “راپسۆد” ئه‌و کاره‌کته‌ره‌یه، که ئه‌فسانه‌کانی “ئهلیاد” و “ئۆدێسه” ده‌گێڕێته‌وه، که “هۆمیرۆس”ی شاعیر نووسیوونی. هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ساده، که شاعیر خۆی شته‌کان ده‌گیڕێته‌وه له لاساییکه‌ره‌وه جیا ده‌کاته‌وه، که چیرۆکه‌که له رێگای لاساییکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ده‌ربڕینی خه‌ڵکی تر ده‌گێڕدرێته‌وه. “ئه‌ڕه‌ستۆ”یش پلان و نه‌خشه‌ی چیرۆک له رووداوه‌کانی ناو چیرۆک جیا ده‌کاته‌وه. شاعیری ئینگلیزی “سێر فیلیپ سیدنی” (١٥٥٤_١٥٨٦) سه‌رنج بۆ جیاکردنه‌وه‌ی مێژوو له چیرۆک راده‌کێشێت. تیۆریسته‌کانی سه‌رده‌می رێنیسانس به‌رده‌وام باسیان له ئه‌فسانه و مۆڕاڵ کردووه. له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا، بونیادگه‌راکان هێڵێک له‌نێوان چیرۆک و گوتار ده‌کێشن. “گیرارد جانێه” له ده‌ستپێکی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیدا به‌ناوی “گوتاری چیرۆکی هونه‌ری”دا پێی وایه کێشه‌کانی چیرۆک سێ ته‌وه‌ر ده‌گرنه خۆ: زه‌مه‌ن، که پێوەندیی نێوان زه‌مه‌نی چیرۆکه‌که و زه‌مه‌نی گوتاره‌که ده‌رده‌بڕێت، هه‌روه‌ها بارودۆخی ناو چیرۆکه‌که وه‌کو چۆن حهکایهتبێژ ده‌یبینێت له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و گوتاره‌ی، که حهکایهتبێژ به کاری دێنێت.
پرۆفیسۆر “رۆجه‌ر سیمۆن”١، که خاوه‌نی چه‌نده‌ها لێکۆڵینه‌وه‌یه له بواری شیعر و ئه‌ده‌بی رۆمان و هونه‌ردا، پێی وایه تیۆره‌کانی گێڕانه‌وه به گشتی به‌سه‌ر دوو جۆردا دابه‌ش ده‌کرێن: یه‌کێکیان جه‌خت له‌سه‌ر پێشاندانی خودی چیرۆکه‌که ده‌کاته‌وه، که پێک هاتووه له کاره‌کته‌ره‌کان، دیمه‌نه‌کان، رووداوه‌کان، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و کار و کرده‌وانه‌ی، که له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌دا تێ‌یان ده‌گه‌ین. ئه‌م تیۆرانه جه‌خت له‌سه‌ر چیرۆک ده‌که‌نه‌وه وه‌کو چیرۆک. ئه‌وه‌ی تریشیان تایبه‌ته به ته‌کنیکه‌وه، واته جه‌خت له سه‌ر شێوازی گواستنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که ده‌کات. به واتایه‌کی تر گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ئه‌و “هۆ”یانه ده‌کات، که بۆ گواستنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که به کار دێن، وه‌کو فیلم، شانۆنامه، وێنه، شێوازی رێکخستنی به‌شه‌کان، هه‌روه‌ها سرووشتی “هۆ”ی گێڕانه‌وه و پێوه‌ندیی حهکایهتبێژ به نووسه‌ر و کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه و ئه‌و شێوازه‌ی، که چیرۆکبێژ هه‌ڵیده‌بژێرێت بۆ گێڕانه‌وه… هتد. به‌ڵام ئه‌و تیۆرانه‌ی، که کار له‌سه‌ر پێشاندانی خودی چیرۆکه‌که ده‌که‌نه‌وه، ئاماژه به ئاماده‌بوونی نووسه‌ریش ده‌که‌ن له گێڕانه‌وه‌دا. ئه‌مه ئه‌و حاڵه‌ته‌یه، که له‌م رۆمانه‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێت. بۆیه، نهێنییه‌کانی هونه‌ری گێڕانه‌وه له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌ون، که مرۆڤ به ئاڕاسته‌ی ئه‌م دابه‌شکردنه‌دا کاری له‌سه‌ر بکات، چونکه ئه‌م جۆره دابه‌شکردنه له روانگه‌ی ره‌خنه‌ی سه‌رده‌مه‌وه زۆر گرنگ و سوودبه‌خشه. ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌م دابه‌شکردنه‌دا له رۆمان بکۆڵینه‌وه، پێویسته کۆمه‌ڵێ ئاڕاسته بگرینه به‌ر، که شیکردنه‌وه‌ی یه‌که به یه‌که‌ی پێکهاته‌کان و ته‌کنیکه‌کانی تایبه‌ت به رۆمان ئاسانتر و روونتر ده‌خه‌نه به‌رچاو: وه‌کو بایه‌خدان به پێکهاته‌کانی ئه‌و چیرۆکه یان ئه‌و چیرۆکانه‌ی، که رۆمانه‌که له خۆیان ده‌گرێت و راده‌ی پێوەندییان به حهکایهتبێژهوه. بۆ نموونه، ئه‌رستۆ، له‌م باره‌وه بایه‌خ به پلانی چیرۆک ده‌دات، “ئی. ئێم. فۆرسته‌ر” کاره‌کته‌ر به گرنگ ده‌زانێت، هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووف و ره‌خنه‌گری ئه‌مریکی “کینیث بورک” (١٨٩٧−١٩٩٣)، پێی وایه بۆ لێکۆڵینه‌وه له به‌کارهێنانی زمان وه‌کو “هۆ”یه‌ک بۆ پێوەندیکردن و تێگه‌یشتن له پاڵنه‌ره‌کانی مرۆڤ و هۆکاره‌کانیان و شیکردنه‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناو هه‌ر چیرۆکێک، پێویسته مرۆڤ کار له‌سه‌ر پێنج شت بکات: چی روو ده‌دا؟ له کوێ و که‌ی، واته له چ ده‌وروبه‌رێکه‌وه؟ کێ تێوه گلاوه؟ چۆن تێوه گلاوه؟ مه‌به‌ستی له‌م تێوه‌گلانه چییه؟ ئاشکرایه هه‌موو ئه‌مانه نووسه‌ر ده‌خه‌نه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که له کاتێکدا ئه‌و له ته‌واوی رووداوه‌کانی ناو چیرۆکه‌که‌دا له رێگای گێڕانه‌وه‌دا ئاماده‌بوونی هه‌یه. “نیکۆلاس وهڵتهرسترۆف” له کتێبی “به‌رهه‌م و دونیای هونه‌ر”دا پێی وایه، که گێڕانه‌وه دیوێک یان چه‌ند دیوێکی هه‌یه، یه‌کێکیان پێشاندانی ئه‌و دونیا دروستکراوه یان هه‌ڵبه‌ستراوانه‌یه، که له چوارچێوه‌ی چیرۆکه سه‌ره‌کییه‌که‌ی نووسه‌ر دایه. دیاره، له‌م رۆمانه‌دا، (کاروان) ئه‌م دونیا ئەفرێندراوە ده‌داته ده‌ست چه‌ند حهکایهتبێژێکهوه، به‌ڵام خۆیشی له ڕێگای هه‌ندێک رسته و ده‌سته‌واژه‌وه له‌ناو ئه‌م دونیایه‌دا جۆرێک له گێڕانه‌وه به‌ڕێوه ده‌بات. هه‌ر بۆیه‌ش گێڕانه‌وه ده‌بێته پێکهاته‌یه‌کی ئه‌م دونیا دروستکراوهیش. که‌واته مرۆڤ نابێت ته‌نها به لای دیالۆگه‌کانی نێوان کاره‌کته‌ره‌کانی ناو دونیا دروستکراوه‌که‌دا بچێت و هیچی تر. سه‌باره‌ت به‌م حه‌قیقه‌ته، پێم وایه ئه‌گه‌ر خوێنەر وشه به وشه له‌گه‌ڵ رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا نه‌ژیێ، مه‌حاڵه له نهێنییه‌کانی ئیستاتیکای گێڕانه‌وه بگات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌مه‌یش نه‌گه‌یشت مه‌حاڵه به ته‌واوی له رۆمانه بگات.
به‌ر له‌وه‌ی پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌کان ده‌ست پێ بکات، پرۆسه‌یه‌کی تر له یادەوەریی هه‌ر یه‌ک له حهکایهتبێژهکان، (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان)دا به‌ڕێوه ده‌چێت، که پرۆسه‌ی بیرهاتنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانه. کاتێ مرۆڤ بیری ناچێت، که شته‌کان بیر خۆی بێنێته‌وه، خه‌یاڵ سنووری نێوان “خود”ی حهکایهتبێژ و دونیای ده‌ره‌وه ناهێڵێت. ئه‌و کاته، حهکایهتبێژ ده‌بێته هه‌موو گه‌ردوون و هه‌موو گه‌ردوونیش ده‌بێته ئه‌و. ئه‌و کاته حهکایهتبێژ ده‌بێته هه‌موو خه‌ڵک و هه‌موو خه‌ڵکیش ده‌بن به ئه‌و. ئه‌م هاوکێشه‌یه پانتاییه‌کی زۆری له یادەوەریی حهکایهتبێژهکانی ئه‌م رۆمانه داگیر کردووه. یادەوەریی حهکایهتبێژهکان ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و شتانه بگرێته خۆ، که ئێمه له‌وه ده‌چێت پێیان نه‌زانین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حهکایهتبێژهکان توانایه‌کی گه‌وره‌ی بیرکردنه‌وه یان بیرهاتنه‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌وه‌ی بینیویانه و بیستوویانه، هه‌رده‌م ده‌یبیستن و ده‌یبیننه‌وه. وزه و توانای حهکایهتبێژهکان له پرۆسێسی بیرهاتنه‌وه‌ی شته‌کانی ڕابردوودایه و هه‌ر ئه‌مه‌یشه ده‌بێت به سه‌رچاوه بۆ داڕشتنی داهاتوو.
کاتێ حهکایهتبێژهکانی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” به ڕابردووی خۆیاندا ده‌چنه‌وه و په‌نا بۆ بیره‌وه‌ریه‌کانیان ده‌به‌ن، له‌وێ خۆیان و هه‌موو خه‌ڵکه‌که و ده‌وروبه‌ره‌که ده‌دۆزنه‌وه. به‌م شێوه‌یه ده‌توانن وه‌سفی ئه‌و وێنه‌یه‌ی خۆیان بکه‌ن، که له یادەوەرییاندا هه‌ڵگیراوه. بیره‌وه‌رییه‌کان هه‌ستێکیان له لا ده‌ورووژێنن، که ده‌بێته مایه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی زیاتر. (ئامانج) له که‌ناڵی سێیه‌مدا، کاتێک باسی ماڵی خۆیان بۆ ئێمه ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ڵێت:
“گۆمێکی له‌به‌رده‌م بووه و سه‌دان قاز و مراویی کێوی مه‌له‌یان تێدا کردووه… من زۆر جار بۆنی گۆمه‌که و باڵنده‌کانم له ده‌رگاو دیوار و گلی سه‌ربانه‌که‌مان ده‌کرد …”
دواتر بۆ خۆی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت:
“بیری خانووه کۆنه‌که‌ی خۆتانت کرد، به تایبه‌تی کاتێ له سه‌ربان له کۆتره سپییه‌کانت ده‌ڕوانی و وه‌کو ملوانکه‌یه‌کی گه‌وره ده‌هاتنه به‌رچاو، که کرابوونه ملی ئاسمانه‌وه… ئه‌وان پۆل پۆل له گه‌ڕه‌کی “ته‌عجیل”ه‌وه به‌سه‌ر باخی گلکهنددا ده‌هاتن و ده‌گه‌یشتنه ئه‌وێ… هێنده چاوت له‌سه‌ریان راده‌گرت، تا بیناییت لێڵ ده‌بوو و کۆتره‌کان وه‌کو دوو کلووی شه‌کری ناو پیاڵه‌ی پڕ چای گه‌رم ده‌توانه‌وه… ماڵی “شێخ موعته‌سه‌م”یش چه‌ند جووتێکی نه‌جه‌فی و شیرازییان هه‌بوو… هه‌تا ئێستاش کۆڵانه‌کانیان، که به سه‌ندووقی چا دروستکراون، ماون و کاتێ هه‌تاویان لێ ده‌دات، بۆنێکی ئێجگار خۆش به‌و ناوه‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خۆیان له‌گه‌ڵ فرۆشتنی خانووه‌که‌دا په‌رته‌وازه بوون… “
گرنگیی ئه‌م دیمه‌نانه‌ی ناو یادەوەریی (ئامانج) له‌وه‌دایه، که هه‌ندێک بیره‌وه‌ریی تری له لا ده‌ورووژێنن، بۆیه ناکرێت خوێنەر بڵێت ئه‌مانه دیمه‌نێکن بۆ سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌که کاریگه‌رێتییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه. به هه‌رحاڵ، سه‌باره‌ت به‌م راستییه‌یه، که سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی بیرهاتنهوهکهیش له ئامێزی هۆشیارییه‌کی قووڵدا به‌ڕێوه ده‌چێت. لێره‌دا پرسیارێکی گرنگ دێته پێشه‌وه: ئایا هۆکاری ئه‌م بیرهاتنه‌وه‌یه یان بیرهێنانه‌وه‌یه چییه؟ دیاره کاتێک مرۆڤ، هه‌ست به نائاسووده‌یی و نائارامی ده‌کات سه‌باره‌ت به بۆشاییه‌ک، که ده‌روونی داگیر کردووه، ئه‌و کاته ده‌یه‌وێت بزانێت کێ ئه‌م بۆشاییه‌ی دروست کردووه و چۆن پڕ ده‌کرێته‌وه، بۆیه شتێکی ئاساییه به ڕابردووی خۆیدا بچێته‌وه. له دونیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا، گومان له‌وه‌دا نییه، که هیچ رۆماننووسێک، هیچ شاعیرێک، هیچ نیگارکێشێک به‌رهه‌مه‌که‌ی بۆ رابردوو نییه، به‌ڵکو بۆ داهاتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌گه‌ر ڕابردوویان له ناخی خۆیاندا هه‌ڵنه‌گرتبێت ناتوانن داهاتوو دابڕێژن. نابێ ئه‌وه‌یشمان بیر بچێت، که ڕابردوو به هیچ کام له حهکایهتبێژهکان ناڵێت، که چۆن بژین، به‌ڵکو پێشانیان ده‌ده‌ن، که چۆن نه‌ژین!
له‌سه‌رێکی تره‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرهاتنه‌وه‌ی شته‌کان له یادەوەریی حهکایهتبێژهکاندا زیاتر به رووداوه‌کانه‌وه گرێ دراوه، بۆیه ده‌کرێت بڵێین به‌پیتی و به‌هێزیی یادەوەرییەکانیان پێوەندییه‌کی که‌میان به ئاستی رۆشنبیرییانه‌وه هه‌یه. حهکایهتبێژ ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ رووداوێک، خه‌یاڵێک، خه‌ونێک یان که‌سێک یان چه‌ند که‌سێکه‌وه هه‌یه و له چرکه‌ساتێکی تایبه‌تدا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێکی له به‌رده‌م بێت، ده‌یگێڕێته‌وه. دیاره رووداوه گرنگ و پڕماناکان هه‌رده‌م یادەوەریی حهکایهتبێژهکان زیاتر به جووڵه دێنن، بۆیه زۆر جار ئه‌و رووداوانه دووباره ده‌بنه‌وه. بێجگه له‌مه‌ش، پرۆسه‌ی بیرهێنانهوهکهیش ئاسانتر ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر پێوەندییهکانی زه‌مه‌ن و شوێن و رووداوه‌کان گێڕانه‌وه‌کانی هه‌ریه‌ک له (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان)ی به یه‌کتر نه‌به‌ستایه‌ته‌وه له فۆرمی رۆمانێکی ئاوادا، ئه‌و کاته گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان ده‌بوو به بایۆگرافێکی سه‌ربه‌خۆ به هه‌مان گرنگیی رۆمانه‌که. له کاتێکدا ئه‌و رووداو و به‌سه‌رهات و چیرۆکانه، که له چواچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌دا ده‌که‌ونه ناو دونیا دروستکراوه‌کان، به چرکه‌سات و هەلومەرجی گێڕانه‌وه‌کان و هه‌روه‌ها به‌و شێوازه‌وه، که حهکایهتبێژ به کاری دێنێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی شته‌کان، به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌وه یادەوەریی نووسه‌ره، که ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی له چرکه‌ساته‌کانی گێڕانه‌وه‌کاندا هه‌ڵگرتووه، هه‌ڵبه‌ت به هه‌ستکردن به ئاماده‌بوونی قسهبۆکهر یان گوێگر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆیشی بێت.
یادەوەری بۆ پرۆسێسی گێڕانه‌وه وه‌کو عه‌مبار وایه. هه‌موو که‌ره‌سه که‌لتوورییه‌کانی تێ ده‌خرێت. زۆربه‌ی کهرهسهکانیش له شێوه‌ی چیرۆکدان. چیرۆکه‌کان پێمان ده‌ڵێن خه‌ڵکه‌کانیان کێن و پێشتر چی بوون و ئێستا چۆنن. هه‌ر کاتێک ئه‌م چیرۆکانه له رێگای گێڕانه‌وه زیندوو ده‌کرێنه‌وه، هه‌مان وه‌زیفه جێبه‌جێ ده‌که‌ن. چیرۆکه‌کانی ماهیڤان و ژالین و شێرزاد ناجی و ئاواز و شه‌قاوه‌کانی شار و چیرۆکی حاته‌م دێوانه و مهجۆی شوان و دایکی سۆزان و ره‌فعه‌ت حه‌مدی و ره‌مزی ئازادی و… هتد وا ده‌رده‌که‌ون، که مرۆڤ پێشتر هه‌موویانی بیستبێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یادەوەریی حهکایهتبێژهکان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌چێت، که ڕابردوو له وێنه‌ی ئێستادا زیندوو بکاته‌وه، بۆیه گرنگیی رووداوه‌کانی ڕابردوو، له باری ناوه‌ڕۆکدا، زۆرکه‌م کراوه‌ته‌وه. لە لایەکی تر، بیره‌وه‌رییه‌کان تێکه‌ڵێکن له مه‌سه‌له که‌سێنی و مێژووییه‌کان، هه‌روه‌ها پێوەندییهکانی حهکایهتبێژ به کۆمه‌ڵگا و ره‌وشه سیاسییه‌کانه‌وه. زۆر جار ئه‌فسانه و خورافهیشی تێکه‌ڵ ده‌بێت. (ئامانج) له که‌ناڵی سێیه‌مدا ده‌ڵێت:
“بارانێک هه‌یه چه‌ند ساڵێک جارێک ده‌بارێت… ئه‌و بارانه زۆر که‌م ده‌خایه‌نێت… هه‌تا تۆ له ئاسمان ده‌ڕوانی، ئه‌و ته‌واو بووه… دڵۆپه‌کانی گه‌وره‌ن… کاتێ ده‌که‌ونه سه‌ر زه‌وی، وه‌کو گوڵی سه‌ر قوماش ده‌رده‌که‌ون، چونکه ته‌نیا شوێنی خۆیان ته‌ڕ ده‌که‌ن و ئه‌و رووبه‌ره‌ی دیکه به وشکی ده‌مێنێته‌وه… ئه‌و بارانه بۆنێکی خۆش له‌و خۆڵه تینووه هه‌ڵده‌ستێنێت… خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک ده‌ڵێن له‌وکاته‌دا ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌رچی بخوازێت، بۆی دێته دی …”
تێکه‌ڵبوونی هه‌موو ئه‌مانه مانای ئه‌وه‌یه، که یادەوەریی حهکایهتبێژهکان سنووری ماوه‌ی ژیان و ئه‌زموونی ئه‌وانیشی به‌زاندووه. ئه‌و ڕابردووه‌ی، که حهکایهتبێژ ئه‌زموونیشی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه، دواجار، که له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه داده‌ڕێژرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی لێ دێت، که ئه‌زموونێکی راسته‌قینه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌بووبێت.
جێگای ئاماژه‌پێکردنه، که زانیارییه‌کان له یادەوەریی حهکایهتبێژهکاندا به شێوه‌یه‌کی زۆر هونه‌ری رێک ده‌خرێن به‌ر له‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌دا ده‌ربڕدرێن. پرۆسه‌که، وه‌کو پرۆسه‌یه‌کی هونه‌ری، یه‌کجار ئاڵۆز و سه‌خته. زۆر له دروستکردنی رۆڵی کاره‌کته‌ر ده‌چێت لە لایەن ئه‌کته‌ره‌وه. له‌وێ بینه‌ر ته‌نها دیوی ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌که ده‌بینێت. ئه‌ویش بریتیه له جووڵه‌ی جه‌سته، که له ئه‌نجامی مه‌شق و راهێنانێکی تێروته‌سه‌له‌وه هاتووه. له کاتێکدا هیچ جووڵه‌یه‌کی جه‌سته ئه‌نجام نادرێت ئه‌گه‌ر پێشه‌کی ئاماده‌کارییه‌کی هزری و ده‌روونیی بۆ نه‌کرێت و ئه‌کته‌ر له خه‌یاڵی خۆیدا رێکی نه‌خات. به واتایه‌کی تر پرۆسه‌ی نواندن، وه‌کو له ڕواڵه‌تدا ده‌رده‌که‌وێت، ده‌رچوونی ئه‌کته‌ره بۆ ده‌ره‌وه‌ی خود، به‌ڵام ڕاستییەکەی پرۆسه‌که پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه، واته بریتیه له گه‌ڕانه‌وه بۆ خود و دواتر ده‌بێته ده‌رچوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی خود. حهکایهتبێژهکانی ئه‌م رۆمانه هه‌مان شت ده‌که‌ن. به‌ر له‌وه‌ی رووداوێکی گرنگ یان کاره‌کته‌رێکی دیار یاخود بیرۆکه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش له یادەوەریی خۆیدا بۆ گێڕانه‌وه ئاماده بکه‌ن، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان وێنه‌یه‌ک پێشانی خوێنه‌ر ده‌ده‌ن، که له‌گه‌ڵ رووداوه‌که یان کاره‌کته‌ره‌که یاخود بیرۆکه‌که هاوته‌ریبه. نموونه‌یش بۆ ئه‌مه زۆره. به‌ر له‌وه‌ی “فه‌وزی داود”ی هونه‌رمه‌ند بناسین، “گوڵدان”ی کچی، که ئهنتیکفرۆشه ده‌ناسین. خوێنه‌ر هه‌ر له ناوه‌که‌یه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌کات، که ره‌هه‌ندێکی هونه‌ریی هه‌یه. که‌واته ناوی “گوڵدان” و پیشه‌که‌ی وه‌کو شوناس وان بۆ “فه‌وزی داود”ی هونه‌رمه‌ند. هه‌روه‌ها به‌ر له‌وه‌ی حهکایهتبێژ چیرۆکی (عیماد) و (ئیمان)مان بۆ بگێڕێته‌وه، وێنه‌ی “ماڵه‌باجێنه”که له یادەوەریی خۆی زیندوو ده‌کاته‌وه و بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه، که له‌گه‌ڵ چیرۆکی (عیماد) و (ئیمان)دا هاوته‌ریب ده‌بێت. ئه‌گه‌رچی له رووی زمانه‌وانییه‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئاماده‌بوونی نووسه‌ر وه‌کو حهکایهتبێژ له‌م حاڵه‌تانه‌دا نییه، به‌ڵام مرۆڤ رێکخستنی گێڕانه‌وه‌که له یادەوەریی حهکایهتبێژهکه به‌و شێوه‌یه‌ی، که له مه‌سه‌له‌ی “گوڵدان” و چیرۆکی (عیماد) و (ئیمان)دا باسمان کرد ده‌خاته پاڵ نووسه‌ر خۆی.
● ● ●
هه‌ڵبه‌ت گێڕانه‌وه پێوه‌ندیی به حهکایهتبێژهوه هه‌یه. به‌ڵام ئایا ده‌کرێت بڵێین حهکایهتبێژ وه‌کو عه‌قڵێکی گشتی وایه به‌سه‌ر ته‌واوی رووداوه‌کاندا، ئه‌گه‌رنا ئه‌ی پێوەندییان به رووداوه‌کانه‌وه چییه؟ پاشان پێوەندیی نووسه‌ر به‌وانه‌وه چییه؟ دواجار، تا چه‌ند ئه‌م حهکایهتبێژانه له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” راستگۆن و جێگای متمانه‌ن له گێڕانه‌وه‌دا؟ گریمان هه‌موو ئه‌م پرسیارانه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت وه‌ڵام درانه‌وه، ئه‌ی مرۆڤ چۆن مه‌زه‌نده‌ی هه‌ڵوێستی خوێنه‌ر ده‌کات؟
حهکایهتببێژ له رۆمانه‌کانی (کاروان)دا له سه‌رووی هه‌موو کارهکتهرهکانهوهیه. ئه‌و ئاگاداری هه‌ڵسوکه‌وتیانه. ده‌زانێت چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه و ناخیان ده‌بینێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌کو پره‌نسیپێکی گشتی، پێویسته مرۆڤ له‌وه به گومان بێت، که حهکایهتبێژ هه‌موو شتێک ده‌زانێت. واته نابێت به ئاسانی هه‌موو بیرۆکه‌کان قبووڵ بکات ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی به ده‌سته‌وه نه‌بێت. (کاروان) سه‌باره‌ت به‌م راستییه‌یه، که لە لایەک زیاتر له حهکایهتبێژێک به کار دێنێت و لە لایەکی تریش حهکایهتبێژ ده‌کاته پێکهاته‌یه‌کی سه‌ره‌کیی رۆمانه‌کانی. به‌کارهێنانی زیاتر له حهکایهتبێژێک بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ئه‌و، وه‌کو رۆماننووس، نایه‌وێت ئاکامی ناوه‌رۆکی رۆمانه‌کانی به‌سه‌ر بینه‌ردا بسه‌پێنێت، که ببێته مایه‌ی کوشتنی هه‌موو چێژێک. هه‌ر بۆیه نایه‌وێت ئه‌و شتانه‌ی، که رایانده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نها له دیدی کاره‌کته‌رێکه‌وه یان حهکایهتبێژێکهوه ببینێت. به‌مه‌یش ته‌کنیکی رۆمانه‌کان سنووردار ناکات. خۆ ئه‌گه‌ر شته‌کان له چاوی کاره‌کته‌رێکه‌وه ببینێت، ئه‌و کاته هیچ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی ئاماده‌بوونی ئه‌و کاره‌کته‌ره یان به بێ ئاگاداری ئه‌و روو نادات. ئه‌مه‌یش حاڵه‌تێکه، که نووسه‌ر، له رۆمانه‌که‌دا خۆی لێ پاراستووه. بۆیه کاتێ تێڕوانینی هه‌ر کاره‌کته‌رێک دەخاتە ڕوو جۆرێک له وردبینیی بەرانبەر به دۆخه راسته‌قینه‌کانی ژیان جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌و کاته شته‌کان له چوارچێوه‌ی هوشیارییه‌کی سنووردار داده‌ڕێژێت. به‌مه‌یش بوارێک بۆ گۆڕینیی باری سه‌رنجه‌کان ده‌ڕه‌خسێنێت. نووسه‌ر به‌م گۆڕینه لە لایەک سنووری بینینی خۆی فراوانتر ده‌کات، لە لایەکی تریش بینینی خۆی له‌گه‌ڵ بینیی خوێنه‌ر بۆ ژیان هاوته‌ریب ده‌کات. ئه‌مه‌یش هۆکارێکی تره بۆ به‌کارهێنانی زیاتر له حهکایهتبێژێک له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا.
هه‌ڵبه‌ت له هونه‌ری رۆماننووسیندا، هه‌موو حهکایهتبێژێک جێگای متمانه نییه. کاتێ رۆماننووس حهکایهتبێژێک به راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه به کار دێنێت، خوێنه‌ر له گۆشه‌نیگای ئه‌و حهکایهتبێژهوه شته‌کان ده‌بینێت. ده‌کرێ ئه‌م حهکایهتبێژه گوزارشت له‌و باری سه‌رنجه بکات که رۆمانه‌که له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵی گرتووه هه‌روه‌ک ره‌نگه ده‌نگێکی به ههڵهدابهر بێت. له هه‌مان کاتدا ده‌کرێ جێگای متمانه بێت. له سه‌رێکی تره‌وه، زۆرجار ئه‌م حهکایهتبێژه زانیاری له کاره‌کته‌ره‌کانی تره‌وه وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بازنه‌ی باری سه‌رنجه‌کان فراوانتر بکات، ئه‌و کاته خوێنه‌ر شته‌کان له پانتاییه‌کی گه‌وره‌تر و به متمانهترهوه ده‌بینێت. خۆ له هه‌ندێ رۆمان‌دا، گێڕانه‌وه‌که له حهکایهتبێژێکهوه ده‌گوازرێته‌وه بۆ حهکایهبێژێکی تر به هه‌مان راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه. ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر له دیدگای زیاتر له کاره‌کته‌رێکه‌وه له هه‌ڵوێست و بیر و بۆچوون و رووداوه‌کان بگات وه‌کو له رۆمانی “ژاوه‌ژاو و توندوتیژی”ی “ولیه‌م فۆکنه‌ر”دا ده‌بینین. هه‌روه‌ها له‌م رۆمانه‌ی، که بووه‌ته بابه‌تی ئه‌م نووسینه. ده‌کرێ حهکایهتبێژ به راناوی که‌سی یه‌که‌می کۆ، واته “ئێمه” شته‌کان بگێڕێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت به یه‌کێک له‌ناو گرووپه که‌سێکه‌وه، که پێکه‌وه کار ده‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی ئه‌م شێوه‌یه له رۆمان‌دا زۆرکه‌م به‌کار دێت، به‌لام کاریگه‌رێتییه‌که‌ی له‌وه دایه، که زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر کاره‌کته‌رێک یان کۆمه‌ڵه کارێکته‌رێک ده‌کاته‌وه، که چیرۆکه‌که دهربارهیهتی. نموونه‌یش بۆ ئه‌مه چیرۆکی “گوڵێک بۆ ئیمیلی” “ولیه‌م فۆکنه‌ر”ه. بێجگه له‌مه‌ش، هه‌ندێکجار حهکایهتبێژ، که به راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه شته‌کان ده‌گێڕێته‌وه، کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییه یان که‌سێکی زۆر نزیک له کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یه وه‌کو له رۆمانی”به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگ” به‌رچاو ده‌که‌وێت، که “ئیمیلی برۆنتی” نووسیویه‌تی.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه کورته‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به شوێنی حهکایهتبێژ له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” ورد ببینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که حهکایهتبێژهکانی (کاروان) حهکایهتببێژی راستگۆن له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌میان، وه‌کو پێشتر باسمان لێوه کرد، (کاروان) زیاتر له حهکایهتبێژێک به کار دێنێت و زانیارییه‌کانی یه‌کتر پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه بێ ئەوەی ئاگایان له یه‌کتر بێت. (ئازادی هەمین مامان) هه‌ندێک له‌و شتانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، که(ئامانج) له که‌ناڵی یه‌که‌مدا بۆی گێڕاوینه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی (سۆزان) له که‌ناڵی چواره‌م ده‌رباره‌ی ئامانج ده‌یگێڕێته‌وه، پاشان (ئامانج)یش ده‌یانگێڕێته‌وه. هه‌ریه‌ک له (سۆزان) و (ئامانج) ڕووداوی (ڕەفعەت حەمدی)ی مێردی (سامیە خان) دەگێڕنەوە، کە له یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی به‌غدا کوژراوە. ئه‌و زانیاریانه‌ی، که (سۆزان) ده‌رباره‌ی (مام ئه‌نوه‌ری باخه‌وان)ی باوکی و کارکردنی له رۆژگارێکدا له نه‌وتی که‌رکووک لای ئینگلیزه‌کان وه‌ک شۆفێر و فێربوونی زمانی ئینگلیزیی له‌گه‌ڵ زانیارییه‌کانی (ئازادی هەمین مامان)دا وه‌کو یه‌که. ئه‌مه بێجگه له خۆکوشتنی (ره‌مزی ئازادی) و چه‌نده‌ها شتی تر، که گێڕانه‌وه‌ی حهکایهتبێژهکان ده‌رباره‌یان هه‌مان شته له کاتی جیاجیادا. دیاره پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م حهکایهتبێژهکانه بۆ گێڕانه‌وه‌ی یه‌کتر به‌هۆی ته‌کنیکی رۆمانه‌که پاش و پێشی پێ کراوه. دووه‌میان، حهکایهتبێژهکان شته‌کان راسته‌وخۆ یان بۆ خۆیان یان بۆ خوێنه‌ر ده‌گێڕنه‌وه و گێڕانه‌وه‌که بۆ هیچ کاره‌کته‌رێکی ناو رۆمانه‌که نییه. ئه‌و کاته‌ی راسته‌وخۆ بۆ خۆیان ده‌گێڕنه‌وه، ناڕاسته‌وخۆیش بۆ خوێنه‌ره. ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه‌که بۆ کاره‌کته‌رێکی تر بووایه، ئه‌گه‌ری نه‌بوونی متمانه به چیرۆکبێژه‌که له ئارادا ده‌بوو، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌و کاته دوور نه‌بوو چیرۆکبێژ شته‌کان زیره‌کانه بۆ سوودی خۆی بگێڕێته‌وه. له باری سایکۆلۆژییه‌وه، دیاره مرۆڤ له قسه‌کردندا له‌گه‌ڵ که‌سانی تردا وه‌ک ئه‌وه نییه، که بۆ خۆی بیر ده‌کاته‌وه یان خۆی ده‌دوێنێت، چونکه ده‌شێت له ئاخاوتندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی تر به پێچ و په‌نا بێت، پلارهاوێژ بێت، ئه‌و زمانه‌ی، که به کاری دێنێت ئاماژه‌یه‌کی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری هه‌بێت، چونکه وشه و ده‌سته‌واژه‌ی ئاوای تێدا به کار دێنێت، که زیاتر له مانایه‌ک هه‌ڵده‌گرێت وه‌ک چۆن “هارۆڵد پینته‌ر” له شانۆنامه‌کانیدا زۆر به چڕی کاری له‌سه‌ر کردووه. خۆ ره‌نگه مرۆڤ له ئاخاوتن له‌گه‌ڵ بەرانبەرهکهیدا راسته‌وخۆ باسی مه‌سه‌له‌ی پێوەندیدار هه‌ر نه‌کات. بۆیه، حهکایهتبێژهکانی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” شته‌کان زیاتر بۆ خۆیان ده‌گێڕنه‌وه. جێگای ئاماژه بۆکردنه، که رۆماننووسی به‌ناوبانگ “جۆزێف کۆنراد” له نۆڤێلته به‌ناوبانگه‌که‌ی “دڵی تاریکی”دا چیرۆکه‌که له زاری “مارلۆ” به راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، که به‌شێکی زۆر له چیرۆکه‌که ده‌گرێته خۆ، به‌ڵام دواتر، بۆ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌که راستگۆیی تێدا به‌رجه‌سته ببێت، له چوارچێوه‌ی هه‌مان ئه‌م شێوازه گێڕانه‌وه‌یه‌دا حهکایهتبێژێکی تر دێته پێشه‌وه به‌ناوی “کۆرتز”. خوێنه‌ر هیچ شتێک له‌سه‌ر زاری ئه‌م “کۆرتز”ه‌وە نابیسێت، به‌ڵکو “مارلۆ”، که به راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه شته‌کان ده‌گێڕێته‌وه، شته‌کانی “کۆرتز” به راناوی که‌سی سێیه‌م ده‌گێڕێته‌وه. له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”دا، ده‌یه‌ها حاڵه‌تی وای تێدایه، که حهکایهتبێژهکان له زاری که‌سانی تره‌وه هه‌ندێک له چیرۆکه‌کانی په‌یوه‌ست به باسه‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌یه حهکایهتبێژهکان راستی و ناڕاستیی چیرۆکه‌که نه‌خه‌نه ئه‌ستۆی خۆیانه‌وه، که دواجار به‌ڵگه‌ی راستگۆییی ئه‌وانه. ئه‌وه‌ی “ئازاد”ی حهکایهتبێژ ده‌رباره‌ی “مه‌رجان تیاترۆ” بیستبووی له خه‌ڵکی تره‌وه بوو. به واتایه‌کی تر، حهکایهتبێژ له زاری که‌سی سێیه‌می نادیاره‌وه، که جێگای متمانه نییه، چیرۆکی “مه‌رجان تیاترۆ”مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه نه‌ک راسته‌وخۆ، که‌چی پاشان “دایه روقیه”ی ژنی (مه‌لا عاره‌ب عه‌بدولسه‌مه‌د) خۆی چیرۆکی سه‌روبه‌ندی راکردن یان ره‌دووکه‌وتنی (ئیمان)ی کچی له‌گه‌ڵ (عیماد)ی کوڕی “مه‌رجان تیاترۆ” بۆ “ئازاد”ی حهکایهتبێژ ده‌گێڕێته‌وه. مرۆڤ له به‌کارهێنانی ئه‌م ته‌کنیکه له گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ست ده‌کات نووسه‌ر خۆی ئاخنیوه‌ته گێڕانه‌وه‌ی حهکایهتبێژهکهوە، هه‌روه‌ها هه‌ست ده‌کات نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ناوزڕاندنی “مه‌رجانی نووره‌دین ته‌یاره‌چی”دا هاوڕا نییه، بۆیه گێڕانه‌وه‌که له بنچینه‌دا ده‌خاته پاڵ خه‌ڵک نه‌ک که‌سێکی دیار. له کاتێکا له‌گه‌ڵ چیرۆکه‌که‌ی (عیماد) و (ئیمان)دا هاوڕایه. بۆیه ته‌نانه‌ت له گێڕانهوهیشدا حهکایهتبێژ جێگای متمانه‌یه. (ئازادی هەمین مامان) وه‌کو حهکایهتبێژ، چه‌نده‌ها چیرۆکی ترمان له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ی خۆیدا بۆ ده‌گێڕێته‌وه، که له کاره‌کته‌ره‌کانی تره‌وه بیستوونی. ئیتر خوێنه‌ر خۆی ئازاده له‌وه‌ی باوه‌ڕ به چیرۆکه‌کان بکات یان نا به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆ ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌وه. بۆ نموونه، (شێرزاد ناجی) چیرۆکی پێوەندیی نێوان (دایه روقیه) و باوکی (ئازادی هەمین مامان) بۆ (ئازاد) ده‌گێڕێته‌وه و ئه‌ویش بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی راستگۆیی (ئازاد) وه‌کو حهکایهتبێژ بۆ ئێمه ده‌سه‌لمێنێت، چونک شتێک ناگێڕێته‌وه، که هیچی له‌باره‌وه نه‌زانێت. بە هەرحاڵ، دوور نییه بیه‌وێت خوێنه‌ر بخاته حاڵه‌تی گومانه‌وه سه‌باره‌ت به ڕاستیی چیرۆکه‌که. له‌سه‌رێکی تره‌وه، پێشانی ده‌دات، که زانیارییه‌کانی ئه‌و سنووردارن. ئه‌گه‌ر یه‌کێک پێی وابێت، که (ئازاد) ئه‌م شته‌ی زانیوه و خۆی نه‌یگێڕاوه‌ته‌وه، چونکه پێوەندیی به باوکیه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا خۆ دواجار زانیارییه‌که‌ی گه‌یاند. پاشان ئه‌ی چۆن خۆی چیرۆکی پێوەندیی نێوان دایکی خۆی، واته (هه‌مین مامان)مان له‌گه‌ڵ (ئه‌کره‌می نانه‌وا)دا بۆ ده‌گێڕێته‌وه؟ که‌واته ده‌کرێ بڵێین زانییارییه‌کانی (ئازاد هه‌مین مامان)ی حهکایهتبێژ تا راده‌یه‌ک سنووردارن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خوێنه‌ر هیچ گومانێک لە راستیی گێڕانه‌وه‌که‌یان ناکات. بێجگه له پێوەندیی نێوان (هه‌مین مامان) و (ئه‌کره‌می نانه‌وا)، که (ئازاد)، وه‌کو حهکایهتبێژ پێی نازانێت، ئه‌و به‌و راستییه‌یش نازانێت، که (سامیه خان) پووریه‌تی، واته خوشکی باوکیه‌تی. (ئازاد) ئه‌م زانیاریانه له (شێرزاد ناجی) وه‌رده‌گرێت. به کورتی، (ئازاد) وه‌کو حهکایهتبێژ، زانیارییه‌کانی له هیی (ئامانج) که‌مترن. ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه نییه، که جێگای متمانه نییه، به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵگه‌ی راستگۆییه، چونکه وه‌کو گوتمان شتێک ناگێڕێته‌وه، که نه‌یزانێت. لە لایەکی تره‌وه، هه‌ندێکجار حهکایهتبێژهکان پشت به ئه‌زموونی خۆیان ده‌به‌ستن له به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌دا. (ئامانج) له که‌ناڵی سێیه‌مدا زانی ئه‌و ژنه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ته‌رمه‌که‌ی (ماجیدی هه‌مزه قەڵاتێ)ی باوکی‌دا هه‌لهه‌له‌ی ده‌کێشا لە هه‌ولێرییه کۆنەکانی دەوروبەری قەڵاتە، چونکە ئەوە نەریتێکی تایبەت بەوانە. (ئامانج)یش له گێڕانه‌وه‌دا پشت به حهکایهتبێژی تر ده‌به‌ستێت، که رۆڵی سه‌ره‌کییان نییه له گێڕانه‌وه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌وانه‌ی (ئامانج) له گێڕانه‌وه‌که‌یدا پشتیان پێ ده‌به‌ستێت هه‌روا سه‌رپێی باسی کاره‌کته‌ره‌کان ناکه‌ن، به‌ڵکو ده‌چنه بنجوبناوانیانهوه. بۆ نموونه، ئه‌و زانیارییه فهنتازیئامێزهی، که ده‌رباره‌ی (عابید) برای (جاویدی شێخ موعته‌سه‌م) له که‌ناڵی سێیه‌مدا بۆمان ده‌گێڕێته‌وه گوایه دوای ئه‌وه‌ی “له پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بۆ یه‌که‌مجار له وانه‌ی مێژوو ژیاننامه‌ی (ناپلیۆن بۆناپارت) ده‌خوێنێت و له وێنه‌که‌ی ده‌ڕوانێت، بڕیار ده‌دات بچێت له نزیکه‌وه ئه‌و سه‌رکرده‌یه ببینێت” و دواجار ونبوونهکهیشی هه‌ر له (جاوید)ه‌وه وه‌رگرتووه و ئه‌ویش ونبوونه‌که‌ی له خه‌ڵکه‌وه بیستووه و بۆ (ئامانج)ی گێڕاوەتهوه. ده‌توانین هه‌مان شت بڵێین سه‌باره‌ت به مردنی (بوستان)ی ژنی (شێخ موعته‌سه‌م)ه‌وه، هه‌روه‌ها هەواڵی گرتنی (فه‌ره‌یدوون)ی مامی لە لایەن ژنێکی سلێمانییه‌وه به (ست رووناک) و (دادە دڵارام) و (هه‌تاو) راده‌گه‌یەنرێت و ئه‌مانیش به ئامانج و ئه‌ویش بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه.
خه‌سڵه‌تێکی به‌رچاوی حهکایهتبێژهکانی ئه‌م رۆمانه، که ره‌نگدانه‌وه‌ی راستگۆیی ئه‌وانه، ئه‌وه‌یه، که هه‌ر کاتێک له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێکدا زانیارییه‌کی ته‌واویان نه‌بێت، ددانی پێدا ده‌نێن. بۆ پێشاندانی ئه‌م ددانپێدانانهیش، وشه و ده‌سته‌واژه‌ی جیاجیا به‌کاردێنن، وه‌کو “نه‌تده‌زانی” و “له‌وه تێنه‌گه‌یشتی” و “روون نییه” و “ره‌نگه” و… هتد. (ئامانج) له که‌ناڵی سێیه‌مدا ده‌رباره‌ی (جاویدی شێخ موعته‌سه‌م) ده‌ڵێت:
“له‌وه تێنه‌گه‌یشتی، ئاخۆ ئه‌و کوڕه چۆن ئه‌و هه‌موو نهێنییه له‌باره‌ی که‌سانی ده‌وروبه‌ره‌وه ده‌زانێت… ئایا ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی به‌و تامه‌زرۆیی و چێژه‌وه ده‌یگێڕانه‌وه، راستی بوون یان خهیاڵچن …؟!”
له سه‌رێکی تره‌وه، هه‌ندێکجار حهکایهتبێژ له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌یدا خۆی هه‌ندێک وێنه دروست ده‌کات، که له‌گه‌ڵ دۆخی ئهوسایدا هاوته‌ریبه. زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه به ده‌سته‌واژه‌ی “وات ده‌هێنایه به‌رچاو” یان “وات ده‌زانی” ده‌ست پێ ده‌کات. کاتێکیش حهکایهتبێژ دیالۆگێکی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، که بۆ زه‌مه‌نێکی دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ک هه‌ر قسه‌کانی ئه‌وسای خۆی به وردی ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵکو به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامی گفتوگۆکه ناخی ئه‌وسای ئه‌و که‌سه‌ش به راستی ده‌خوێنێته‌وه، که قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردووه. بۆ نموونه، (سۆزان) له گێڕانه‌وه‌ی رۆژگاری جارانی له‌گه‌ڵ (میدیا)ی ده‌سته‌خوشکی یان راستتر بڵێین (عائشه‌ی کچی سابیر پووله‌که) پێی گوتووه:
“_ دەترسم ڕۆژێک ماڵمان لێرە بگوێزینەوە، چونکە من وام لێ هاتووە بە بێ تۆ نەتوانم بژیم”
بەڵام کاتێ[میدیا] لە دڵی خۆیدا مانای قسەکەی لێک دایەوە، شەرم دایگرت و بۆ لای قازەکانی ڕای کرد”
ئه‌وه شهرمداگرتنهکهی ئه‌وسای “میدیا”یه وای له سۆزان کردووه تێگه‌یشتنه‌که‌ی ئه‌و به ئاڕاسته‌یه‌کی سێکسیدا ببات، لە کاتێکدا (میدیا) بۆیە شەرم دایگرتووە، چونکە ئەوان ماڵی (سۆزان)یان داگیر کردووە. ئەگەر ئەوان لەوێ بگوێزنەوە، واتە ماڵی زەوتکراوی (سۆزان) دەدەنەوە. دداننان به راستییه سێکسییه‌کان له زاری حهکایهتبێژهکان خۆیانه‌وه، چ تایبه‌ت بن به خۆیان و چ تایبه‌ت بن به که‌سانی هه‌ره نزیکی خۆیان یان ته‌نها وێناکردنی حاڵه‌ته سێکسییه‌کان و گێڕانه‌وه‌یان، که مرۆڤ له ته‌واوی رۆمانه‌که ده‌یبینێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر له وردبینیی حهکایهتبێژهکان، به‌ڵگه‌ی ئه‌وپه‌ڕی جورئهتیانه له گێڕانهوەدا. به گشتی حهکایهتبێژهکان هێنده راستگۆن ته‌نانه‌ت خه‌یاڵه ناوازه و سهیرهکانیشیان، که ناکرێت بۆ که‌سیان باس بکه‌ن، ده‌گێڕنه‌وه وه‌ک خه‌یاڵه‌که‌ی (سۆزان) له که‌ناڵی چواره‌م، که وای ده‌خسته ئه‌قڵی خۆیه‌وه (ست رووناک)ه و دایکی (ئامانج)ە:
“لە کاتێکدا بەردەوام وام دەخستەوە ئەقڵی خۆمەوە من (ست ڕووناک)م و دایکی (ئامانج)یشم… دەمزانی ئەمە خەیاڵێکی زۆر سەیرە و ناکرێت بۆ کەسی باس بکەم… لەوەش ڕوونتر بڵێم، وا چووبووە ئەقڵمەوە ئەو ماوە زەمەنییەی نێوانمان دەبڕم و دەبمە ئەو[مه‌به‌ستی ست رووناکه]… ئیتر ئێمە دەبینە یەک کەس و هەر لە بنەڕەتیشەوە یەک کەسین… پڕ بە دڵ دەمویست باوەشی پێدا بکەم، بگرە ئارەزووم دەکرد دەمم بخەمە ناو دەمی و تێر تێر گیانی هەڵمژم، هاوکات هێندەی بگوشم تا بە ڕاستی لەودا دەتوێمەوە …”
● ● ●
کاتێ مرۆڤێکی ئاسایی به مانای چیرۆکێک سه‌رسام ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی شێوازی گێڕانه‌وه‌که چه‌ند دیوێکی له خۆ گرتووه. کۆمه‌ڵێک پرسیاری له لا دروست ده‌بێت. ده‌شێت پرسیاره‌کان له رواڵه‌تدا کرچ‌وکاڵ بن، چونکه پرسیارێکن به خه‌یاڵی خوێنه‌رێکی ئاسایی‌دا دێن بێ ئەوەی بینینێکی ئه‌کادیمیانه‌ی هه‌بێت بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسێسی گێڕانه‌وه له رووی هونه‌رییه‌وه، بۆ نموونه پرسیاری وه‌کو: ئایا ئه‌م چیرۆکه چیرۆکێکی راسته؟ چی تێدا ڕوو دەدات؟ ئه‌وه‌ی ڕوو دەدات باشه یان خراپه؟ ماناکه‌ی چییه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پرسیاره‌کان، له روانگه‌ی هونه‌ریی گێڕانه‌وه‌دا، پرسیاری قووڵن.
مرۆڤ پێویسته هه‌رده‌م پرسیاری ئاوا بکات و وه‌ڵامیان بداته‌وه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له رۆمانێکی وه‌کو رۆمانی که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان بگات دیاره هه‌ریه‌ک له‌م پرسیارانه له ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رسامییه تێکه‌ڵ به سه‌رلێشێواوییه‌وه دێت، که خوێنه‌ر تووشی دێت کاتێ ده‌یه‌وێت بزانێت حهکایهتبێژهکان چۆن چیرۆکه‌کانیان ده‌گێرنه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌کان به‌م شێوه‌یه بکرێن، روون نیین. مه‌به‌ست و مه‌وداکانیان دیار نین و ئاماژه و ره‌هه‌نده‌کانیان روون نه‌کراونه‌ته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی به پشتبه‌ستن به‌م پرسیارانه‌وه چوارچێوه‌یه‌ک بۆ گێڕانه‌وه له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” ئاماده بکه‌ین، پێویسته به وردی بچینه بنجوبناوانی پرۆسێسی گێڕانهوهکهوە، که نووسه‌ر له چه‌ند ئاستێک‌دا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و تایبهتمهندێتییهکانیان ده‌ستنیشان بکه‌ین. پاشان روونی بکه‌ینه‌وه چۆن هه‌موو ئاسته‌کان به یه‌که‌وه کار ده‌که‌ن. ئه‌و کاته بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئاخۆ چیرۆکه‌که راسته یان نا وه‌ک له پرسیاری یه‌که‌مدا هاتووه. دیاره ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نییه، که ناکرێت رۆمانێک بخوێنینه‌وه بێ ئەوەی هوشیاریمان له‌بارەیەوە هه‌بێت. راستی، که مرۆڤ رۆمانێکی وه‌کو ئه‌م رۆمانه ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ست ده‌کات به ئاسانی ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری پێ ده‌کرێت سه‌باره‌ت به هه‌ندێک رسته‌ی تایبه‌ت و هه‌ندێک په‌ره‌گراف له دونیای دروستکراوی حهکایهتبێژهکاندا، که پێوەندییان به دونیای راسته‌قینه‌وه هه‌یه و له‌ناو دونیا دروستکراوه‌کانی (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان)دا جێگایان بووه‌ته‌وه. دیاره ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌و راستییه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که نووسه‌ر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خۆی ئاخنیوه‌ته ناو گێڕانه‌وه‌ی حهکایهبێژهکان له‌و شوێنانه‌ی، که رسته‌کان گوزارشت له بیرۆکه گشتییه‌کان یان فاکته‌کان ده‌که‌ن. مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌م شته ئه‌وه‌یه، که پێوه‌ری راسته‌قینه بداته پاڵ رووداوه‌کانی چیرۆکه دروستکراوه‌کان له‌وپه‌ڕی ورده‌کاریه‌کاندا. ئێستا با بگه‌ڕێینه‌وه لای ئه‌و پرسیاره‌ی، که ده‌ڵێ: ئایا چیرۆکه‌که چیرۆکێکی راسته‌قینه‌یه یان نا: هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پرسیاره له‌ناو خۆیدا ئاماژه بۆ رسته‌کانی چیرۆکه‌که ده‌کات، بۆیه ده‌کرێت پرسیاره‌که به‌م شێوه‌یه بێت: ئایا له دونیای دروستکراوی حهکایهتبێژهکاندا هیچ رسته‌یه‌ک یان باشتر بڵێین ئاخاوتنێک هه‌یه، که گێڕانه‌وه‌که‌ی بخرێته پاڵ نووسه‌ره‌وه؟ یان ئایا رسته‌کان دونیایه‌ک پێشان ده‌ده‌ن، که ئاماژه به شته‌کانی دونیای راسته‌قینه بکات؟
گرنگترین جیاوازی له‌نێوان پێشاندانی دونیای دروستکراو و دونیای راسته‌قینه‌دا ئه‌وه‌یه، که تۆ نا‌توانیت “راستێتی” یان “ناڕاستێتی”ی ئه‌و دونیا دروستکراوه هه‌ڵسه‌نگێنیت، که نووسه‌ر پێشانی ده‌دات به گه‌ڕانه‌وه بۆ دونیای راسته‌قینه. دیاره من مه‌به‌ستم دونیاکهیه نه‌ک ئاماژه‌کانی، چونکه له‌یه‌کچوونێکی زۆر له‌مباره‌یه‌وه له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ی دونیای راسته‌قینه و دونیای دروستکراودا هه‌یه. له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا، نووسه‌ر له رێگای گێڕانه‌وه‌دا هه‌ڵوێست ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌کان وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه حاڵه‌تێکی زۆر هه‌ستیاره و پێویست به‌وه ده‌کات، که مرۆڤ ته‌نانه‌ت له‌ڕووی رێزمانییشهوه ئاگاداری داڕشتنی رسته‌کانی بێت به تایبه‌تی له حاڵه‌تی دونیا دروستکراوه‌که‌دا، ئه‌گه‌رنا هیچی ده‌ست ناکه‌وێت. بێجگه له‌مه‌یش، نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێکی راسته‌قینه‌دا مه‌به‌ستێکی تری هه‌یه جگه له‌وه‌ی، که مه‌به‌سته‌که راستێتیی چیرۆکه‌یه. به واتایه‌کی تر، هه‌ر دوو دونیای دروستکراو و راسته‌قینه ره‌هه‌نده‌کانی پێشاندان و ده‌ربڕینی هه‌ڵوێسته‌کان و مه‌به‌ستی نووسه‌ره‌که‌یان تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. خاڵێکی تری گرنگ ئه‌وه‌یه کاتێ ئێمه پرسیار له راستێتیی چیرۆکه‌که ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان هه‌موو ئه‌و راستیانه نییه، که نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌دا رایان بگه‌یه‌نێت. بانگه‌شه‌کانی نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ده‌بن به به‌شێک له مه‌به‌ستی چیرۆکه‌که.
نموونه‌یش بۆ ئه‌و رستانه‌ی، که گێڕانه‌وه‌که‌یان ده‌خرێته پاڵ نووسه‌ره‌که‌وه له‌م رۆمانه‌ی (کاروان)دا زۆرن. (ئامانج) له که‌ناڵی یه‌که‌مدا ده‌ڵێت “کچ چه‌ند له‌گه‌ڵ دایک و باوکی هاوڕێ بێت، هێشتا سه‌دان شتیان لێ ده‌شارێته‌وه”. (ئازاد)ی حهکایهتبێژ له که‌ناڵی دووه‌مدا ده‌ڵێت: “له نووسینیشدا شتێک نییه له گۆڕینی ناو و سیمای که‌سه‌کان و له دروستکردنی خانوو و له گوێزانه‌وه‌ی ماڵ و له کوشتن و زیندووکردنه‌وه‌ی گیانه‌کان ئاسانتر”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “یه‌کێک نه‌توانێت کۆتی بچووکی خێزان له گیانی خۆی داماڵێت، چاوه‌ڕێی لێ ناکرێت سه‌رجه‌می مرۆڤ له کۆتی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌داری رزگار بکات”. له که‌ناڵی چواره‌میشدا، ئه‌وه نووسه‌ره خۆی ئاخنیوه‌ته گێڕانه‌وه‌که‌ی (سۆزان)، که ده‌ڵێت: “نازانم کامە چیرۆک‌نووس یان ڕۆماننووسی ئێمەیە گوتوویەتی: ((چێژ لە ڕووداودا نییە، بەڵکو لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەدایە)). که‌واته ده‌کرێت گوتاری کاره‌کته‌ری حهکایهتبێژ یان نووسه‌ر وه‌کو حهکایهتبێژ جۆره‌ها بیروباوه‌ڕ یان هه‌ڵوێست ده‌رباره‌ی دونیای راسته‌قینه ده‌رببڕێت. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و ئاستانه‌ی گێڕانه‌وه له رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”. له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانییشدا نموونه بۆ ئه‌م حاڵه‌ته زۆره. “تۆلستۆی” ده‌ستپێکی رۆمانی “ئانا کارنێنا” به بیرۆکه‌یه‌کی گشتی ده‌رباره‌ی دونیای راسهقینه ده‌ست پێ ده‌کات: “هه‌موو بنه‌ماڵه به‌ختیاره‌کان وه‌کو یه‌ک وان، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی به‌دبه‌خت به‌پێی شێوازی خۆی به‌دبه‌خته”. پاشان یه‌کسه‌ر جیهانێکی خه‌یاڵی رۆ ده‌نێت: “هه‌موو شتێک له ماڵی ئۆبلۆنسکی به خراپ که‌وته‌وه”. ئێمه بیرۆکه گشتییه‌که‌ی “تۆلستۆی” وه‌ک بیرۆکه‌یه‌کی به‌جێ و ژیرانه وه‌رده‌گرین با له هه‌موو شوێنێک یان به شێوه‌یه‌کی گشتی راستیش نه‌بێت. دیاره ئێمه ئه‌م بیرۆکه گشتییه له روانگه‌ی ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌دا ناخه‌ینه پاڵ کاره‌کته‌رێکی حهکایهتبێژەوە، به‌ڵکو ده‌یخه‌ینه پاڵ نووسه‌ر وه‌کو حهکایهتبێژ. ئه‌وه “تۆلستۆی”یه نه‌ک کاره‌کته‌رێکی دروستکراو، که شان به شانی پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌که به دڵنیاییه‌وه باسی دونیای راسته‌قینه‌مان بۆ ده‌کات. بنه‌ماڵه‌ی “ئۆبلۆنسکی” به‌شێکه له‌و دونیا هه‌ڵبه‌ستراوه یادروستکراوه، که خه‌یاڵی ئه‌م نووسه‌ره چنیویه‌تی و بیرۆکه گشتییه‌که‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کات وه‌کو چۆن به‌سه‌ر دونیای راسته‌قینه‌دا جێبه‌جێ ده‌بێت.
هه‌ڵبه‌ت چه‌مکی پێشاندان، هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گرێته‌وه، که له دونیای دروستکراودا هه‌ن و ئه‌وانه‌یش، که تێیدا روو ده‌ده‌ن. ده‌کرێت هه‌ر هه‌موو شته‌کان، رووداوه‌کان باس بکرێن، به‌ڵام گرنگه ئاستی پێشاندانی دنیا دروستکراوه‌که لە لایەن نووسه‌ره‌وه جیا بکه‌یته‌وه له باسکردنی ئه‌و شتانه‌ی له‌م دونیایه‌دا به‌ڕێوه ده‌چن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له سه‌روبه‌ندی گێڕانه‌وه‌که بگه‌ین، چونکه پێشاندانی شته‌کان، دواجار، گوزارشت له هه‌ڵوێستی نووسه‌ر ده‌که‌ن. به واتایه‌کی تر گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نووسه‌ره.
ئه‌وه‌ی له رۆمانه‌کانی (کاروان)دا وه‌کو دیوێکی کێشه‌ئامێز ده‌رده‌که‌وێت، ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه، که له رۆمانه‌که‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. به وردبوونه‌وه له هه‌موو ئه‌و رسته و ده‌سته‌واژانه‌ی، که ده‌که‌ونه خانه‌ی گێڕانه‌وه لە لایەن نووسه‌ره‌وه یان که بۆ نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه وه‌کو حهکایهتبێژ، رسته‌یه‌ک نادۆزینه‌وه، که هه‌ڵوێستی خۆی به ڕاشکاوییه‌وه ده‌ربڕێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، هه‌ڵوێسته‌که له کۆی ئه‌و دونیایه‌دا یان له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و دونیایه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، که نووسه‌ر رۆی ده‌نێت. چۆن؟
ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست، وه‌کو ره‌هه‌ندێکی گێڕانه‌وه، ده‌که‌وێته سه‌ر مانای ئاسایی چه‌مکه‌که و لێیشی جیاوازه. “فرانسیس سپاشۆرت” له کتێبی “تیۆره‌کانی هونه‌ر”دا مه‌سه‌له‌کە به‌م شێوه‌یه ده‌خاته روو:
“له روواڵه‌تدا، جیاوازی له نێوان قسه‌کردن و گۆرانیگوتن وه‌کو جیاوازیی نێوان قسه‌کردن و چرپهچرپکردن یان هاوارکردن وایه. جیاوازییه‌که به ئاسته‌م هه‌ستی پێ ده‌کرێت. مرۆڤ له رێگای ئه‌مانه‌وه ئه‌وه ده‌گوازێته‌وه، که هه‌ستی پێ ده‌کات یان ئه‌وه‌ی، که ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی تر هه‌ستی پێ بکات ده‌رباره‌ی ئه‌و شته‌ی که ده‌یڵێت یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی، که ده‌یه‌وێت بیورووژێنێت و، دواجار، خه‌ڵک چۆن هه‌ڵوێسته‌که‌ی وه‌رده‌گرن، بۆ نموونه به توانجگرتن، به جیددی یاخود به هه‌ڵوێستێکی ته‌وسئامێزی ده‌زانن. ئه‌وه‌ی مۆسیقای گۆرانییه‌ک ده‌یکات ئه‌وه نییه، که تێکسته‌که ده‌یکات، چونکه مۆسیقا هه‌موو ئه‌و شتانه ناگوازێته‌وه، که تێکسته‌که مه‌به‌ستیه‌تی. مۆسیقاکه هیچ له‌م مه‌به‌سته ناڵێت، به‌ڵام له رێگای تۆن و ئاوازه‌که‌وه پێشانی ده‌دات. ئه‌م پێشاندانه بریتییه له ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست”٢
له شانۆدا، قسه‌که‌ر له رێگای مهنهلۆژهکانەوە هه‌ڵوێستی خۆی ده‌رده‌بڕێت و له رۆمان و چیرۆکه دروستکراوهکانیشدا له‌رێگای دیالۆگ له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره حهکایهتبێژهکاندا، به‌و شێوه‌یه‌ی، که “سپارشۆت” باسی لێوه ده‌کات، هه‌ڵوێست و بیروڕای خۆی ده‌رده‌بڕێت. که‌واته ئێمه له ئاخاوتن و شێوازی ئاخاوتنی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌گه‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی لە لایەن قسه‌که‌رێکی ناو دونیای راسته‌قینه‌دا بکرێن. ئه‌ی نووسه‌ر چۆن هه‌ڵوێستی خۆی لە بەرانبەر بارودۆخه‌کانی ناو دونیا دروستکراوه‌که‌دا ده‌رده‌بڕێت؟
دیاره کاره‌کته‌ری حهکایهتبێژ یان نووسه‌ر وه‌کو حهکایهتبێژ هه‌رده‌م هه‌ڵوێست و بیروڕای خۆی بەرانبەر به رووداوه‌کان یان کاره‌کته‌ره‌کانی تری ناو دونیای دروستکراو پێشان ده‌دات و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌کات. ده‌شێت ئه‌م هه‌ڵوێسته پێشاندانی خۆشه‌ویستی، بێزاری، رقلێبوونه‌وه، سه‌رسامبوون، ریسواکردن، یان هاوسۆزیبوون بێت بەرانبەر به کاره‌کته‌رێک یان پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵگا. ئه‌گه‌ر دونیاکه تووندوتیژیی تێدا بێت، ده‌شێت دڵخۆشی یان نیگه‌رانی پێشان بدات. بۆ نموونه قسه‌یه‌کی وه‌کو “بڕۆ له‌به‌ر چاوم ون به!” لە لایەن کاره‌کته‌رێکه‌وه نیشانه‌ی تووڕه‌ییه. ده‌شێت نووسه‌ر له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌که هاوڕا نه‌بێت. بۆیه، له وه‌سفکردنی ئه‌م کاره‌کته‌ره یان پێشاندانی، هیچ وشه‌یه‌ک، راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، به کار ناهێنێت که نیشانه‌ی هاوسۆزیبوون بێت وه‌ک ده‌ربڕینێک بۆ هه‌ڵوێسته‌که‌ی. ئێمه ده‌کرێت له‌م روانگه‌یه‌وه، لێکدانه‌وه‌مان بۆ ئه‌م کاره‌کته‌ره پۆزه‌تیڤ بێت یان نه‌گه‌تیڤ، هه‌روه‌ک ده‌کرێت له‌م روانگه‌یه‌وه له هه‌ڵوێستی نووسه‌ر بگه‌ین. به گشتی ئێمه نابێت مه‌به‌ستمان ئه‌وه بێت، ئاخۆ ئه‌م کاره‌کته‌رانه به‌پێی پێوه‌ره‌کانی جیهانی یان به‌پێی پێوه‌ری خۆمان، کاره‌کته‌ری باشن یان خراپ، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه نووسه‌ر چۆن ئه‌م کاره‌کته‌رانه ده‌بینێت. ئه‌م بینینه‌ی نووسه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی حهکایهتبێژهکانهوه به‌رجه‌سته ده‌بێت، بۆیه حهکایهتبێژهکان ته‌نها له رێگای پێشاندان تووڕه‌یی ئێمه بەرانبەر به هه‌ندێ کاره‌کته‌ری وه‌کو (ماجیدی هه‌مزه قەڵاتێ) و (ره‌قه) و (سابیر پووله‌که)ەوە ده‌ورووژێنن و هه‌ستی هاوسۆزیبوونیش لای ئێمه بەرانبەر به خۆیان سه‌باره‌ت به بوێرییان له گێڕانه‌وه‌که‌دا به‌و جورئه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها بەرانبەر به کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌کو (ست رووناک)، (ره‌مزی ئازادی)، (گوڵدان) و… هتد دروست ده‌که‌ن. که‌واته ته‌نها پێشاندانی دۆخه‌کان له پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ڵوێستی نووسه‌ری تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. بۆ نموونه، (سابیر پووله‌که)ی باوکی (عائشه)یان (میدیا) وه‌ک (سۆزان) بانگی ده‌کات، خانووه‌که‌ی ماڵی (سۆزان) داگیر ده‌کات ئه‌و کاته‌ی ماڵی (سۆزان) سه‌باره‌ت به هه‌ره‌سی حهفتاوپێنجهوه له شاخ ده‌گه‌ڕێنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، (سۆزان) و (میدیا) ده‌بنه ده‌سته‌خوشک و دوو هاوڕێی زۆر نزیک له یه‌کتر. پێشاندانی ئه‌م حاڵه‌ته، وه‌کو ره‌هه‌ندێکی گێڕانه‌وه، په‌یامی خۆشه‌ویستی و ناتوندوتیژیی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به تایبه‌تی، که حاڵه‌ته‌که له دوای ههرهسهکهوەیه. ئێمه ئه‌م هه‌ڵوێسته، دواجار، ده‌خه‌ینه پاڵ نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی له چوارچێوه‌ی دونیا دروستکراوه‌که‌ی (سۆزان) دایه.
که‌واته ئه‌و مه‌به‌سته‌ی که نووسەر ده‌یه‌وێت له رێگای دروستکردنی دونیایه‌کی ئەفرێندراوەوە رایبگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها مانای ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی، که لە بەرانبەر رووداوه‌کانی ناو ئه‌م دونیایه و کاره‌کته‌ره‌کاندا وه‌ری ده‌گرێت، به سه‌رچاوه‌که‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه سنووری سه‌رچاوه‌که ده‌شکێنێت و پانتاییه‌کی فراوانتر له سه‌رچاوه‌که ده‌گرێته خۆ. ئه‌وه‌ی “جۆرج ئۆروێڵ” له دونیای دروستکراوی ناو رۆمانی “باخچه‌ی ئاڵان”دا ده‌یکات، ورووژاندنی تووڕه‌یی ئێمه‌یه بەرانبەر به هه‌ندێک له ئاژه‌ڵه‌کانی ناو ئه‌و دونیایه، به‌ڵام خۆ مه‌به‌ستی ئه‌و ته‌نها له سنورری ئه‌م دونیایه‌دا ناوه‌ستێت. “ئۆروێڵ” ده‌یه‌وێت کۆمه‌ڵگای ئینگلیزی ئاگادار بکاته‌وه له شێوازی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات لە لایەن پارته کۆمۆنیسته‌کانه‌وه. ئه‌مه‌یش مه‌به‌ستێکه له ده‌ره‌ی ئه‌م دونیا دروستکراوهدایه. کاتێ (کاروان) له رێگای حهکایهتبێژهکانهوه تووڕه‌یی ئێمه بەرانبەر به هه‌ڵوێستی هه‌ندێ کاره‌کته‌ری ناو دونیا دروستکراوه‌کانی (ئامانج)، (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان)دا ده‌ورووژێنێت، مه‌به‌سته‌که‌ی ته‌نها له چوارچێوه‌ی ئه‌م دونیایه‌دا نییه. ته‌وزیفکردنی “ماڵه‌باجێنه” له دونیای دروستکراوی (ئامانج)دا له که‌ناڵی یه‌که‌می رۆمانه‌که‌دا ده‌چێته ئه‌و خانهیەوه:
ـ ئایا ئه‌و کچ و کوڕانه پرس به که‌س ده‌که‌ن، که ده‌یانه‌وێت ئه‌و ماڵه پێکه‌وه بنێن و چه‌ند منداڵێکشیان ببێت …؟!
ـ نه‌ء.
ـ بۆ؟!
ـ چونکه منداڵن و ئه‌و ماڵه‌ش راسته‌قینه نییه.
ـ ئه‌گه‌ر کچ و کوڕێکی گه‌وره به‌بێ پرس و ره‌زامه‌ندیی که‌سوکاریان ماڵێک پێکه‌وه بنێن، چیان لێ ده‌که‌ن …؟
به ترسه‌وه گوتت:
ـ ده‌یانکوژن.
به‌ده‌ر له‌وه‌ی، که ئه‌م دیالۆگه ئاماژه به دۆخێکی ترسئامێز ده‌کات له ژیانی (ئامانج)دا، ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌یورووژێنێت، هه‌ر له سنووری دونیا دروستکراوه‌که‌دا ناوه‌ستێت، به‌ڵکو پرسیارێکه هه‌موو (ئامانج)ه‌کانی دونیای راسته‌قینه ده‌یکه‌ن.
● ● ●
ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ره‌خنه‌گره‌کان به‌وه دڵخۆشن، که حهکایهتبێژ به به‌شێکی سرووشتیی چیرۆک بزانن، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه‌گونجاندنی حهکایهتبێژ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی چیرۆک هێشتا هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی مشتومڕئامێزه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی، که حهکایهتبێژ له لای (کاروان)، له روانگه‌ی لێکۆڵینه‌وه له فۆرم و چه‌مکی چیرۆک، وه‌کو به‌رهه‌مێکی هونه‌ری، ره‌گه‌زێکی بنچینه‌یییه، ڕاستییەکەی بۆ تێگه‌یشتن له رۆمانه‌کانیشی هه‌ر ره‌گه‌زێکی بنچینه‌ییه، سه‌باره‌ت به‌و راستییه‌ی، که حهکایهتبێژ ده‌چێته ناو پێکهاته‌کانی رۆمان. ئه‌مه‌یش وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک بۆ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی رۆمان، بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی ته‌کنیکی گێڕانه‌وه روو ده‌دات نه‌ک وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک بۆ خودی چیرۆکه‌که. حهکایهتبێژ لای (کاروان)، ئه‌و به‌کارهێنانه رووکه‌شه‌ی نییه، که کار بۆ دامه‌زراندنی چوارچێوه‌یه‌ک بکات بۆ چیرۆکه‌که بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی بابه‌ته یان ئاخاوتن و ده‌مه‌ته‌قێیه وه‌کو راپۆرتێک رایبگه‌یه‌نێت، چونکه له پاڵ گێڕانه‌وه‌که‌دا، خوێنه‌ر لێره و له‌وێ سه‌باره‌ت به دیالۆگه‌کانی ناو گێڕانه‌وه‌که‌وه هه‌ست ده‌کات له به‌رده‌م شانۆنامه‌یه‌ک دایه، که زۆر نه‌خشه‌کاریی بۆ کراوه.
دیاره یه‌کێک له وه‌زیفه‌کانی حهکایهتبێژ ئه‌وه‌یه، که له‌یه‌ک کاتدا له هه‌موو شوێنێک یان زۆربه‌ی شوێنه‌کاندا ئاماده‌بوونی هه‌بێت. له رۆمان‌دا، ئه‌م وه‌زیفه‌یه به هۆی ته‌کنیکی شه‌پۆڵی هۆشه‌وه جێبه‌جێ ده‌بێت. هه‌موو زهمهنهکانیش له‌یه‌ک کاتدا له یادەوەریی حهکایهتبێژهکهوه ئاماده‌بوونییان هه‌یه. حهکایهتبێژهکان له یه‌ک کاتدا ڕابردوویان له‌ناو مێشکی خۆیاندا هه‌ڵگرتووه و ئاگاداری “ئێستا”یشن و ئه‌گه‌ری داهاتووشیان له‌به‌رچاوه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که رێک بخه‌ن، رێژه‌ی کاته‌کانیش ده‌گۆڕن. هه‌ندێ رووداو کاتێکی زیاتری پێ ده‌درێت له هه‌ندێکی تر به‌پێی گرنگیی رووداوه‌که بۆ بیرۆکه گشتییه‌که‌ی چیرۆکه‌که.
وه‌کو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد، رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” له‌سه‌ر ره‌گه‌زی زه‌مه‌ن و سرووشتی ئه‌و زه‌مه‌نه و کاریگه‌رێتیی به‌سه‌ر رووداوه‌کان و دروستکردنی کاره‌کته‌ر بونیاد نراوه. نووسه‌ر ئه‌گه‌ره‌کان و هه‌نگاوه‌کانی گه‌یشتن به راستییه‌کان له دیوی ناوه‌وه‌ی (ئامانج)دا به‌ڕێوه ده‌بات له که‌ناڵی یه‌که‌م و له که‌ناڵی دووه‌میش له دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ری (ئازاد هه‌مین مامان)دا به‌ڕێوه ده‌چێت و له که‌ناڵی سێیه‌میشدا دیسان له گێڕانه‌وه‌ی (ئامانج) و له که‌ناڵی چوارهمیشداله یادەوەریی (سۆزان) به‌ڕێوه ده‌چێت. هه‌ڵبژاردنی هه‌ر یه‌ک له‌م کاره‌کته‌رانه وه‌کو حهکایهتبێژ، هه‌روا له‌خۆڕا نه‌هاتووه. هه‌ر یه‌ک له‌م کاره‌کته‌رانه ناتوانن راستییه‌کان بۆ هیچ که‌سێک ده‌رببڕن، بۆیه پرۆسه‌که ته‌نها له ده‌رووندا جێبه‌جێ ده‌بێت. ته‌نها خوێنه‌ر پێیان ده‌زانێت. کاره‌کته‌ره‌کانی تر هیچ ئاگاداری ئه‌م پرۆسێسی گێڕانه‌وه‌یه نیین، که حهکایهتێژهکان، دواجار، بۆ خوێنه‌ر ده‌یگێڕنه‌وه با له روواڵه‌تدا له رووی ته‌کنیکییه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان بدوێن. راسته زۆر له کاره‌کته‌ره‌کان به‌شدارییه‌کی کارایان له رووداوه‌کاندا هه‌یه، به‌ڵام هیچ کام له‌مانه وه‌کو خوێنه‌ر ئاگاداری هه‌ست و نه‌ستی کارهکتهکان نییه. ئه‌م حاڵه‌ته رێک وه‌کو حاڵه‌تی خۆدواندنی ئه‌کته‌ره له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ کاتێ به‌لاوه شته‌کان بۆ بینه‌ران ده‌رده‌بڕێت بێ ئەوەی ئه‌کته‌ره‌کانی تر هیچی له‌باره‌یه‌وه بزانن. (کاروان) به‌م ته‌کنیکه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که گرنگترین شت له ژیانی مرۆڤدا ئه‌و گه‌ڕان و پشیکنینهیه، که ده‌یکات به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به واتای شته‌کان و هۆکاره راسته‌قینه‌کان. له چوارچێوه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌دا، (ئامانج)، (ئازاد) و (سۆزان) خه‌مڵاون یان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م راستییانه. بۆیه بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕنه‌وه. دیاره کاره‌کته‌ر لای (کاروان) ئه‌و کاته ده‌خه‌مڵێت، که خۆی”واته کاروان” هه‌ست بکات کاره‌کته‌ره‌که ئاماده‌یه ئه‌م تێگه‌یشتنه له رێگای بینینه‌وه قبووڵ بکات، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ ناسپێرێت، که ببێته حهکایهتبێژ.
که‌واته ده‌کرێت بڵێین رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”، دواجار، بریتییه له تۆمارێک بۆ ئاماده‌کردنی کاره‌کته‌ر بۆ گه‌یشتن به دواین تێگه‌یشتن له شته‌کان. ئه‌م ئامادهکردنهیش له فۆرمی گواستنه‌وه‌یه‌کی خێراوه دێت بۆ دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی تریش و لێکدانه‌وه‌ی سیمبۆله تایبه‌تییه‌کانی ئێستا و ڕابردوو، که دواجار، له منداڵدانی ئه‌م پرۆسه‌یه بینینی کاره‌کته‌ره‌که بەرانبەر به واقیع، به ژیان دروست ده‌بێت. پرۆسه‌که، ڕاستییەکەی، چالاکییه‌کی ده‌روونی و هزرییه زیاتر له‌وه‌ی جه‌سته‌یی بێت. هه‌ڵبه‌ت زۆر که‌س به‌م گه‌ڕان و پشکنینه‌ی، که باسمان لێوه کرد سه‌رقاڵن، به‌ڵام دیاره زۆربه‌یان وه‌کو (ئامانج) و (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان) له چالاکییه ده‌روونییه‌کان به ئاگا نین. (کاروان) ئه‌م کاره‌کته‌رانه هه‌ڵده‌بژێرێت، چونکه به گشتی، وه‌کو حهکایهتبێژ، له راده‌به‌ده‌ر هه‌ستیارن سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازییه‌ی نێوانیان سه‌باره‌ت به راده‌ی زانیارییه‌کان یان به خودی کاره‌کته‌ره‌کانیان. بێجگه له‌مه‌ش، نووسه‌ر له رێگای به‌کارهێنانی ته‌کنیکی شه‌پۆڵی هۆشه‌وه هه‌وڵ ده‌دات نهێنییه‌کانی دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان له‌گه‌ڵ دونیای فراوانی ده‌ره‌وه هاوته‌ریب بکات. به واتایه‌کی تر دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بن به وێنه‌یه‌کی بچووکی دونیای ده‌ره‌وه. دیاره ئه‌م هاوتەریبوونهیش به‌وه جێبه‌جێ نابێت، که بینینه‌که ته‌نها له منداڵدانی قۆناغێکی دیاریکراو له مێژوودا دروست بێت، چونکه (کاروان) مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قۆناغی جیا جیا ده‌کات له مێژوو. بۆیه، دواین بینینی کاره‌کته‌ره‌که له به‌یه‌که‌وه به‌ستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ قۆناغی جیا جیای سه‌ر به‌زه‌مه‌نی جیاجیاوه دروست ده‌بێت له چوارچێوه‌ی ته‌کنیکی شه‌پۆڵی هۆشدا. بنه‌مای ئه‌م ته‌کنیکه لای (کاروان) له‌سه‌ر هێزی ئه‌و درامایه بونیات نراوه، که له مێشکی (ئامانج)، (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان)دا به‌ڕێوه ده‌چێت، که هه‌ر یه‌که‌یان ورده‌کارییه‌کانی قۆناغێکی جیا یان دیوێکی جیا له ئه‌وه‌که‌ی تر ده‌گێڕێته‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌ک تێککههڵکێش کراون.
ده‌شێ هه‌ندێ خوێنه‌ری راسته‌قینه، ئه‌م شێوازه گێڕانه‌وه‌یه‌ی (کاروان) له رێگای به‌کارهێنانی ئه‌م ته‌کنیکه به بچووککردنه‌وه‌ی خودی کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌کو (ئامانج)، (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان) بزانن به‌و پێیه‌ی ئه‌وان ته‌نها له پانتایی بێسنووری خه‌یاڵدا خاڵه‌کان ده‌خه‌نه سه‌ر پیته‌کان. دیاره بیرکردنه‌وه به‌م ئاڕاسته‌یه پێچه‌وانه‌ی راستییه‌کانه، چونکه راستگۆترین واقیع ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ به‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌ستییه‌وه پێشانی بدات. ئه‌مه‌یش ته‌نها له پانتایی خه‌یاڵدا جێبه‌جێ ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له پرۆسێسی بیرکردنه‌وه‌ی (ئامانج)، (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان)دا روو ده‌دات له واقیعه به‌رچاوه‌که راسته‌قینه‌تره، چونکه دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره راسته‌قینانه له خۆ ده‌گرێت، که واقیعه‌که‌ی هێناوه‌ته کایه‌وه. له سه‌رێکی تره‌وه، به گشتی له پشت هه‌ر پرۆسه‌یه‌کی فه‌نتازیادا، که له خه‌یاڵی هه‌ر که‌سێکدا به‌ڕێوه ده‌چێت، هێزێک هه‌یه، که کاری تێ ده‌کات، ته‌کانی پێ ده‌دات تا زیاتر پرۆسه‌که به‌ره‌و قووڵایی ببات. ئه‌و هێزه‌یش هێزی ئه‌و خواست و ئارهزووانهیه، که جێبه‌جێ نه‌بوونه. دیاره ئه‌مه پاڵنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و فهنتازیایهیه، که له خه‌یاڵی حهکایهتبێژهکاندا به‌ڕێوه ده‌چێت. هیچ سانسۆرێک له‌به‌رده‌م سه‌رنجه‌کانی (ئامانج) یان هی (ئازادی هەمین مامان) یاخود هی (سۆزان)دا نییه کاتێ به ناخی خه‌ڵکانی تریشدا شۆڕ ده‌بنه‌وه و ده‌یانپشکنن. تا ئه‌و جێیه‌ی پێوەندیی به خوێنهریشهوه هه‌یه، مه‌به‌ستی نووسه‌ر له دروستکردنی ئه‌و بینینه‌ی، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دا، به ته‌واوی له‌وه‌دایه، که خوێنه‌ر هه‌ست بکات پێوەندییه‌کی راسته‌وخۆی به‌و ژیانه به‌رده‌وامه‌وه هه‌یه، که له چوارچێوه‌ی رۆمانه‌که‌دا دروست ده‌بێت به‌بێ هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی راسته‌وخۆ یان لایه‌نگیرییه‌کی کوێرانه یاخود پێشه‌کی بڕیاردان لە لایەن نووسه‌ره‌وه. بۆیه، وێنه‌که به ته‌واوی له‌لای خوێنه‌ر دروست نابێت هه‌تا رۆمانه‌که به ته‌واوی نه‌خوێنێته‌وه.
● ● ●
ئه‌گه‌رچی (کاروان) ورده‌کارییه‌کان له‌سه‌ر زاری ئه‌و حهکایهتبێژانه و به راناوی که‌سی یه‌که‌مه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ده‌یه‌ها دیالۆگی تێدایه له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کانی تر، که حهکایهتبێژ لێیانه‌وه نزیکه. هه‌ر له‌م ده‌رگایه‌شه‌وه هه‌موو پرسه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری پێش هه‌ره‌سی حه‌فتاوپێنج و داوی هه‌ره‌سه‌وه ده‌خاته روو. له‌م باره‌یه‌وه، ناوی “کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان” وه‌کو رێکخراوێکی شۆڕشگێر بۆ تێکشکاندنی ئه‌و بێئومێدییه‌ی، که دوای هه‌ره‌س دووچاری خه‌ڵک ببوو، یه‌که‌مجار له رێگای کاره‌کته‌ری “ده‌رسیم کوردۆ”وه ده‌که‌وێته سه‌ر زاری خه‌ڵک. (ده‌رسیم کوردۆ) له بنچینه‌دا ناوی (عومه‌ر)ه و کوڕی (مه‌لا عاره‌ب عبدولسه‌مه‌د)ه و (ده‌رسیم کوردۆ) نازناوی نووسینیه‌تی. نووسه‌ر به روونی ئاماژه به ئاستی رۆشنبیریی کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و رێکخراوه ده‌کات. (ده‌رسیم کوردۆ) به‌ر له‌وه‌ی بچێته شاخ، مرۆڤێکی نووسه‌ر بووه و له زۆربه‌ی رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئه‌وسا بابه‌تی ئه‌ده‌بیی بڵاو کردۆته‌وه و لایه‌نگیریی ره‌وتی پێشکه‌وتووخواز و گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانه له کۆمه‌ڵگا و عه‌قڵی باودا. بوونی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە هیچ شیوەیەک بۆ ئەوە نییە ڕۆمانەکە بە لای ئایدۆلۆجیادا بشکێنێتەوە، بەڵکو لە لایەک بۆ دەرخستنی جیاوازیی کارەکتەرە گەنجەکان و پیرەکانە و لە لایەکی ترەوە دەیەوێت تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە مێژووییە پێشان بدات. ئەگەر (شێرزاد ناجی) زۆر پابەندی ئەو ڕێکخراوەیە و دەیخاتە سەرووی هەموو گومانێکەوە، ئەوا (ئازادی هەمین مامان) دنیایەک گومان و ترسی لە ئاستیدا پێشان دەدات. نووسه‌ر له رێگای کاره‌کته‌ره‌کانی سه‌ر به‌م رێکخراوهوە ره‌هه‌ندێکی فیکریی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌خاته پاڵ رێکخراوه‌که ئه‌گه‌رچی وه‌کو گوتمان رۆماننووس کار له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانی نێوان کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌یش ده‌کات. دیاره (ده‌رسیم) هاوڕێی (ئازادی هەمین مامان)هو شه‌وێک به‌ر له‌وه‌ی (ده‌رسیم) بچێته شاخ له ماڵی خۆیان داڵده‌ی داوه. ئه‌م داڵده‌دانه گوزارشت له بوێریی (ئازادی هەمین مامان) ده‌کات له‌و هەلومەرجانهی، که پێویست به له‌خۆبوورده‌یی و بوێریی ده‌کات. ئه‌گه‌رنا ئه‌و، به پێی تێگه‌یشتنی (شێرزاد ناجی) به گشتی کاره‌کته‌رێکی بوێر و چاونه‌ترس نییه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خۆی و (ده‌رسیم کوردۆ). دیاره (ئازاد) زۆر به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌که ده‌کات له‌کاتێکا (شێرزاد ناجی) زیاد له پێویست سه‌ره‌ڕۆ و رادیکاڵه.
به هه‌رحاڵ، (ئازاد هه‌مین مامان)ی حهکایهتبێژ وه‌کو چاودێرێک سه‌یری هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌ندامانی رێکخراوه‌که ده‌کات ئه‌گه‌رچی (شێرزاد ناجی) وه‌کو ئه‌ندامێکی “کۆمه‌له” سه‌یری ئه‌می ده‌کرد و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌یشی لێ ده‌گرت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵه‌ی به‌سه‌ره‌وه دیاره. باشترین نموونه‌یش بۆ ئه‌مه فرۆشتنی ته‌زبێحه گرانبه‌هاکه‌ی باوکیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌که‌ی بداته (مه‌رجان)ی دایکی عیماد تا ساڵۆنی پێ دابنێت. ئه‌و (مه‌رجان)هی خه‌ڵک به سووک سه‌یریان ده‌کرد و به (مه‌رجانی تیاترۆ) ناویان ده‌برد. ئه‌م ره‌فتاره‌ی (ئازاد) ره‌فتارێکی سهمبوڵئامێزه و ره‌هه‌ندێکی فیکریی سه‌رده‌مانه‌ی هه‌یه. به دیوێکی تردا، هه‌ڵوێستی نووسه‌ری تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت له رێگای پێشاندان وه‌کو ره‌هه‌ندێکی گێڕانه‌وه، رێک وه‌ک چۆن له مه‌سه‌له‌ی (سۆزان) و (میدیا) باسمان کرد. له چوارچێوه‌یه‌کی شاراوه‌دا. نووسه‌ر له رێگای کاره‌کته‌ری (شێرزاد ناجی)یه‌وه ئه‌وه پێشان ده‌دات، که “کۆمه‌ڵه” چووه‌ته ناو هه‌موو جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگا، چونکه (شێرزاد) ئاگاداری هه‌موو کێشه‌یه‌ک بوو و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی بۆ هه‌موو کێشه‌یه‌ک ده‌دا. بۆ نموونه هه‌ر (شێرزاد ناجی) کێشه‌ی سکپڕییه‌که‌ی (دڵارام)ی چاره‌سه‌ر کرد و (ئازادی هەمین مامان)ی له‌م ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه رزگار کرد. یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته باشه‌کانی ئه‌وه‌یه، که شه‌رمن نییه، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئافره‌تان. (ئازادی هەمین مامان) به‌م شێوه‌یه باسی شه‌رمنیی خۆی و بوێریی (شێرزاد ناجی) ده‌کات:
“هه‌تا تۆ خه‌ریکی فرۆشتنی هه‌ندێک شت بوویت، ئه‌و[واته شێرزاد] خۆی له (گوڵدان) نزیک کردبووه‌وه… به شێوه‌یه‌ک له گه‌ڵی ده‌دوا، وه‌ک بڵێی چه‌ندین ساڵ بێت بیناسێت… هێنده‌ی دیکه ترسه‌که‌ی گیانت [واته هی ئازاد] تاوی ده‌سه‌ند… له‌وه دڵنیا بوویت به‌م زمانه سیحرییه‌ی له خشته‌ی ده‌بات… [… ] تۆ کاتێ ده‌چیته ماڵیان و که‌لوپه‌له‌کانی لێ وه‌رده‌گری[واته له گوڵدان]، له شه‌رمان هه‌موو گیانت ده‌له‌رزێت و زمانت ته‌ته‌ڵه ده‌کات، که‌چی ئه‌وه‌تا ئه‌م خه‌ریکه له‌ناو بازاڕ له باوه‌شی ده‌گرێت”
(شێرزاد ناجی) کاره‌کته‌رێکی به کردوکۆش و پڕ جووڵه‌یه. مرۆڤێکی رۆشنبیره. له شیعر، هونه‌ر، سیاسه‌ت هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه و بواره کۆمه‌ڵاتییه‌کان شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌یه. خێرا ده‌چێته ناو کێشه‌کان. به گفت و لفته. هه‌ست به هه‌موو شتێک ده‌کات. له هه‌موو شتێک ده‌کۆڵێته‌وه. بۆ نموونه، کاتێ ده‌زانێت، که (گوڵدان) کچی (فه‌وزی داود)ی نیگارکێشه، پێی ده‌ڵێت:
“_ فه‌وزی داودی نیگارکێش…؟! ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌وه ناسرا بوو، که ته‌نها نیوه‌ی شته‌کانی ده‌کێشا… نیوه‌ی باخچه‌یه‌ک، نیوه‌ی ئه‌سپێک، نیوه‌ی ڕۆژ، نیوه‌ی ئاسمان، نیوه‌ی کچێک و نیوه‌ی کوڕێک… جارێکیان لێیان پرسی: ئه‌ی کوا نیوه‌که‌ی دیکه‌ی هه‌ر یه‌ک له‌وانه…؟! گوتی: ئه‌م نیوانه خۆیان نیوه‌کانی دیکه‌ی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه… ئینجا لێیان پرسی: ئه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌یاندۆزیه‌وه…؟! گوتی: هه‌ر نیوه‌یه‌ک، که نیوه‌که‌ی خۆی نه‌دۆزێته‌وه، خۆی له‌ناو ده‌بات… له هونه‌ردا جوانترین شت خۆله‌ناو بردنه”
له سه‌رێکی تره‌وه، هه‌ڵوێستی (شێرزاد ناجی) بەرانبەر به کێشه‌ی (عیماد) و (ئیمان)ی کچی (مه‌لا عاره‌ب عه‌بدولسه‌مه‌د) هه‌ڵوێستێکی سه‌رده‌مانه‌یه. (مه‌لا عاره‌ب) ئاماده نییه کچه‌که‌ی خۆی بداته (عیماد)، چونکه کوڕی (مه‌رجان) و (نووره‌ددین تهیارهچییه) و له رووی کۆمەڵایەتییه‌وە بە نزم سەیر دەکرێت و به (مه‌رجان تیاترۆ) ناسراوه. بۆیه (ئیمان) ره‌دووی (عیماد) ده‌که‌وێت. نووسه‌ر لێره‌دا، له رێگه‌ی پاڵپشتیکردنی (شێرزاد ناجی) له هه‌ڵوێستی (عیماد) و (ئیمان)ه‌وه پێشانی ده‌دات، که “کۆمه‌ڵه” رووبه‌ڕووی نه‌ریته باوه‌کانی کۆمه‌ڵگا بووه‌ته‌وه و په‌نجه له‌سه‌ر نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵاتییه‌کان داده‌نێت. (شێرزاد) ده‌ڵێ:
“من کاتێک ده‌ڵێم خه‌ڵک با بزانن ئیمان و عیماد ئاوایان کردووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه ئه‌وانه بشکێنم، به‌ڵکو ئافه‌رینیان لێ ده‌که‌م و هه‌تا له توانامدا بێت پشتیان ده‌گرم، به‌ڵام ده‌شمه‌وێ خه‌ڵک بزانن ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی مه‌لا بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌ست نادات… “
(ئیمان) و (عیماد) وا لە شاخ دەڕوانن، کە پانتاییه‌کی فراوانە بۆ ئازادی له کاتێکدا (ئامانج) وه‌ک له که‌ناڵی یه‌که‌مدا بینیمان نایه‌وێت “جارێکی دیکه به مه‌به‌ستی سه‌یرانیش بۆ ئه‌م شاخوداخه [بگه‌ڕێته‌وه]”. عیماد ده‌ڵێ:
“… ئێمه له‌به‌رئه‌وه نییه شار جێ ده‌هێڵین و ده‌چین له‌م شاخه چه‌ک هه‌ڵده‌گرین، که ڕقمان له ژیانی شاره و حه‌ز به هه‌ڵگرتنی چه‌ک ده‌که‌ین، به‌ڵکو ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌یه ڕێگامان نادرێت به‌ئازادی ببینه هاوسه‌ری یه‌کتر… حه‌ز ناکه‌م سبه‌ینێ که‌س وا بزانێت ئێمه دوای ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگایه‌کمان له به‌رده‌مدا نه‌مایه‌وه، ئینجا به‌ناچاری چووین بووینه پێشمه‌رگه”
به‌ده‌ر له به‌دواداچوونی رێک و پێک بۆ رووداوه‌کان و کاره‌کته‌ره‌کان، وردبینیی نووسەر له‌و خه‌سڵه‌تانه ده‌رده‌که‌وێت، که ده‌یانخاته پاڵ کاره‌کته‌ره‌کان بێ ئەوەی له‌مباره‌یه‌وه تووشی غه‌فڵه‌ت ببێت. بۆ نموونه هه‌ر له‌و کاته‌وه، که خوێنه‌ر ئاشنای (شێرزاد ناجی) ده‌بێت، سه‌یر ده‌کات ئه‌م کاره‌کته‌ره له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌ر هه‌واڵێکی گرنگ یان ناخۆش یان تازه بۆکسێکی قایم به رانی خۆی، به دیوار یان به هه‌رشتێکی تردا ده‌کێشێت. نووسەر هیچ کاتێک ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی (شێرزاد)له بیر ناکات. ئێمه له زاری (ئازاد هه‌مین مامان)ه‌وه ده‌بیسین، “دلێر”یش، که یه‌کێکه له ئه‌ندامانی رێکخستی کۆمه‌ڵه له‌ناو شار، “ده‌قاوده‌ق قسه‌کانی (شێرزاد) ده‌ڵێته‌وه… ته‌نانه‌ت وه‌کو ئه‌ویش له‌کاتی گفتوگۆدا بۆکس به دیوار و ستوونی کاره‌با و پشتی مانگا و شتی دیکه‌دا ده‌کێشێت”. ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته به دیوێکیدا ره‌هه‌ندێکی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت، به‌ڵام دوور نییه وه‌ک رهنگدانهوهیهکیش بێت بۆ دیوێکی توندوتیژیی رێکخراوه‌که. (ئازادی هەمین مامان)یش ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست ده‌بێت، که “هه‌تا (شێرزاد ناجی) له‌ناو ژیانی [ئه‌و]دا بێت، ده‌ست بۆ هه‌ر چی [به‌رێت] به‌ره‌و ناو ئاگر [ئاڕاسته‌ی] ده‌کات”، چونکه “شێرزاد ده‌ستی له ئیش و کاره تازه‌که‌ی له‌گه‌ڵ “گوڵدان” وه‌رده‌دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی بیروباوه‌ڕی کۆمه‌ڵه. نووسه‌ر له‌م رێگایه‌وه جیاوازیی نێوان ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵه پێشان ده‌دات.
● ● ●
رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” له رووی تهکنییهوه له‌سه‌ر بنه‌مای دروستکردنی حاڵه‌تێکی لۆژیکی “هۆ” و ئه‌نجامه‌کاندا داڕێژراوه. بۆیه هیچ بۆشایی یاخود حاڵه‌تی پچڕپچڕبوون له گێڕانه‌وه‌دا نییه. دیاره مه‌به‌ستم له نه‌بوونی پچڕپچڕبوون ئه‌وه نییه، که گێڕانه‌وه‌که هه‌ر شێوازی ریزبه‌ندیی کلاسیکیانه له‌خۆ ده‌گرێت، به پێچه‌وانه‌وه، سه‌ره‌ڕای یاریکردن به زه‌مه‌نه‌که و پاشوپێشکردنی رووداوه‌کان، مرۆڤ هه‌ست ده‌کات بۆشاییه‌کان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پڕ کراونه‌ته‌وه. دیاره ئه‌مه‌یش بۆ تۆکمه‌یی داڕشتنی پلانی رۆمانه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه. کاتێ رۆماننووسێک لە سەرەتاوه داڕشتنی پلانی رۆمانه‌که‌ی له لا گرنگتر بێت له گه‌ڕان به‌دوای رسته‌ی جوان جوان، که پێویسته دوای داڕشتنی پلانه‌که بێت، هه‌ڵبه‌ت بونیادی رۆمانه‌که تۆکمه و به‌هێزو بێدرز ده‌بێت. به واتایه‌کی تر، داڕشتنی نه‌خشه‌ی چیرۆکه‌که وه‌کو هه‌نگاوی به‌رایی گرنگتره له شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌کان و ئه‌و زمانه‌ی، که نووسه‌ر به کاری دێنێت. بۆیه حاڵه‌ته پچڕپچڕه‌کان، ئه‌گه‌ر هه‌بن، هه‌ر لە سەرەتاوه پڕ کراونه‌ته‌وه و رۆمانه‌که‌یش وه‌کو ته‌لارێکی جوان و رێک بونیاد نراوه، چونکه پێوه‌ندییه‌کی لۆژیکی هه‌موو پێکهاته‌کانی رۆمانه‌که به یه‌کتر ده‌به‌ستێته‌وه. نووسه‌ر به ته‌نگ خستنه‌ڕووی کرۆنۆلۆژیای رووداوهکانەوە نییه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌و گرنگه دروستکردنی حاڵه‌تێکی لۆژیکی هۆ و ئه‌نجامه‌کانه. ئه‌م حاڵه‌ته لای رۆماننووسی سه‌رکه‌وتوو هه‌ر لە سەرەتاوه، له داڕشتنی پلانی چیرۆکه‌که‌وه، بیری لێ دەکرێتەوە و مه‌سه‌له ته‌کنیکیه‌کان له سه‌ره‌تادا ناکاته مه‌به‌ست. واته لە سەرەتاوه بیر له‌وه ناکاته‌وه چ ته‌کنیکێک به کار بێنێت بۆ پێشاندانی باڵای کاره‌کته‌ره‌کان و شێوه‌ی ده‌موچاویان یاخود فیسار شوێن وه‌کو چی وایه و ورده‌کاریی پێوەندییهکانیان چۆنه. جوانکارییه‌کانی زمان دواتر دێن. گریمان رۆماننووس هه‌ر لە سەرەتاوه بیری له‌م شتانه کرده‌وه، به‌ڵام خۆ دواجار هه‌ر ده‌بێت هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی چیرۆکه‌که بکێشێت و پاشان بچێته ناو وردهکارییهکانەوە. ئه‌گه‌ر وا نه‌کات رۆمانه‌که تۆکمه‌ییی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. (کاروان) ته‌نانه‌ت له چیرۆکه کورتهکانیشیدا ئه‌م نهخشهداڕێژییه تۆکمه‌یه جێبه‌جێ ده‌کات، بۆیه ده‌کرێ هه‌ریه‌ک له‌م چیرۆکه کورتانه ببێت به رۆمانێکی دوورودرێژی تۆکمه و به‌هێز، که که‌م چیرۆکی کورت هه‌یه ئه‌م نهخشهداڕێژییهی تێدا به‌دی بکرێت. جێگای ئاماژه‌پێکردنه زۆر له چیرۆکه کورته‌کانی “شێرزاد حه‌سه‌ن” و “سه‌ڵاح عومه‌ر”یش هه‌مان ئه‌و نهخشهداڕێژییهیان تێدایه و ده‌کرێت له چوارچێوه‌ی رۆمانی تۆکمه و به‌هێز دابڕێژرێنه‌وه. دیاره نه‌بوونی بۆشایی به‌و مانایه نییه، که ده‌قه‌که له رووی فیکرییه‌وه هیچ بۆشاییه‌ک بۆ خوێنه‌ر به‌جێ ناهێڵێت تا له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا پڕی بکاته‌وه. بێگومان هیچ سنوورێک نه له به‌رده‌م بۆچوونه‌کانی ناو ده‌قه‌که و نه له به‌رده‌م پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کان لە لایەن خوێنه‌ره‌وه نییه، چونکه ئه‌و واتایه‌ی، که (کاروان)، وه‌کو رۆماننووس، مه‌به‌ستیه‌تی ته‌نها ئه‌و پرۆسێسه فیکریه نییه، که له لای خۆیه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت له کاتی رۆماننووسیندا. ئه‌گه‌ر وابێت، رۆمانه‌که وه‌کو ده‌ق ده‌بێته ده‌قێکی مردوو و دواجار دیاریکردنی واتای بابه‌تیانه‌ی ده‌قه‌که هیچ ئه‌نجامێکی لێ ناکه‌وێته‌وه.
دیارە هه‌موو نووسه‌رێک هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات کاریگه‌رێتیی خۆی به‌سه‌ر شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ردا به جێ بێڵێت، به‌ڵام هیچ نووسه‌رێکی داهێنەر نایه‌وێت ده‌قه‌که بۆ خوێنه‌ر ئاشکرا بکات، چونکه نووسه‌ر ته‌نها له رێگای ئه‌کتیڤکردنی خه‌یاڵی خوێنه‌ره‌وه ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌یه خوێنه‌ره‌که گیرۆده‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی بکات. ئه‌مه‌یش رێک ئه‌و پلانه‌یه، که (کاروان) کاری له‌سه‌ر ده‌کات، بۆیه، فاکته‌رێکی گرنگ، که (کاروان) له رۆمانه‌کانیدا بایه‌خی پێ ده‌دات، هه‌ره‌سپێهێنانی ئه‌و رێککه‌وتنه نادیاره‌یه، که له‌نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا هه‌یه سه‌باره‌ت به هه‌ندێ پرس، که ده‌بێته بابه‌تی رۆمان. جێگای ئاماژه‌پێکردنه جاران ئه‌م رێککه‌وتنه یاخود هاوته‌ریبییه پێوه‌ر بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌ر بابه‌تێک له به‌سه‌رهاته‌کانی مرۆڤ لە لایەن رۆماننووسه‌وه. له ئه‌ده‌بی ئینگلیزی، هه‌ر له “دانیال دیفۆ”وه بگره تاده‌گاته “تۆماس هاردی” ئه‌م رێککه‌وتنه له به‌رچاو ده‌گیرا. رۆماننووس له‌م روانگه‌یه‌وه بابه‌ته‌کانی هه‌ڵده‌بژارد، بۆیه تێبینیی ئه‌وه ده‌که‌ین، که ئه‌وه‌ی بۆ بابه‌تی رۆمان به گرنگ ده‌زانرا بریتی بوون له هه‌ڵوه‌سته‌کردن له‌سه‌ر پێکهاته چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا. هه‌رچییه‌ک، که پێکهاته‌یه‌ک له‌و پێکهاتانه‌ی به‌رز کردبا یان به پێچه‌وانه‌وه یاخود ده‌بوو به هۆکار بۆ گۆڕینی بارودۆخی مرۆڤ له رووی شارستانییه‌وه به گرنگ ده‌زانرا. “تۆماس هاردی” رۆمانه‌کانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی، هاوسه‌رگیریی، هه‌روه‌ها سامان داڕشت. ئه‌مه مامه‌ڵه‌کردن بوو له‌گه‌ڵ واقیعێک، که پێی ده‌گوترا “واقیعی بابه‌تییانه” و بۆ خوێنه‌ر سه‌رنجڕاکێش بوو. ئه‌م واقیعه له‌لای (کاروان) بوونی نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ستکردنه به تێگه‌یشتن له واقیع. دیاره ئه‌مه‌یش ده‌وه‌ستێته سه‌ر مێژووی هوشیاریی مرۆڤ، تا چه‌ند مرۆڤ له‌و مێژووه هوشیاره، که له نه‌ستی دایه و پشت به‌و گریمانه‌یه ده‌به‌ستێت، که ده‌ڵێت رۆمان گوزارشت له گه‌ڕان به‌دوای واقیعێکی نه‌زانراو ده‌کات، که خوێنه‌ر تێیدا به‌شداری ده‌کات بێ ئەوەی بینینی بۆ هه‌بێت و به هۆیه‌وه بینینیی ده‌گۆڕێت. له‌مباره‌یه‌وه، رووداوه‌کانی رۆمانه‌که هێنده به وردی له‌گه‌ڵ شاره‌زاییه‌کانی نووسه‌ر ده‌رباره‌ی مێژوو به‌ریه‌ک ده‌که‌ون، که هه‌ندێ جار ئاڵۆزیی لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئاوێته‌بوونه‌ی مێژوو له‌گه‌ڵ رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان”، تێکستەکه وه‌کو هونه‌ری ئه‌ده‌بی له‌ناو نابات، به پێچه‌وانه‌وه رۆمانه‌که هه‌ر له‌ناو پانتایی مه‌جاز و سیمبۆل و رۆمانسییه‌تدا جووڵانه‌وه‌یه‌کی فراوانی هه‌یه و خۆی له هه‌موو ئه‌و چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه داده‌شۆرێت، که ده‌بنه مایه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی به‌ها ئه‌ده‌بییه‌که‌ی. به واتایه‌کی تر، (کاروان) له رێگای فۆرمێکی هونه‌رییه‌وه شاره‌زاییه‌کانی خۆی ده‌رباره‌ی مێژوو پێشکه‌ش ده‌کات و هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م فۆرمه هونه‌رییه‌وه شاره‌زاییه‌کانی خۆی رێک ده‌خات بێ ئەوەی ئه‌ڵقه‌کانی به شێوه‌یه‌کی ریزبه‌ندیی به یه‌کتر ببه‌ستێته‌وه به هه‌مان ئه‌و رێگایه‌ی، که مێژوونووس باسی لێوه ده‌کات. بۆیه خوێنه‌ر هه‌رده‌م له چاوه‌ڕوانی پێشهاتێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو دایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به راستی له هه‌موو قۆناغه مێژووییه‌کانیش ژیابێت. ئه‌م واقیعه نه‌زانراوه‌ی، که له سه‌ره‌وه باسمان کرد، له زۆر رووداوی ئاسایی پێک هاتووه، به شێوه‌یه‌ک خراونه‌ته پاڵ یه‌کتر، که بۆ خوێنه‌ر واقیعێکی تازه دروست ده‌که‌ن. فاکته‌ری زه‌مه‌ن گرنگترین رۆڵ ده‌گێڕێت له رێکخستنی ئه‌م رووداوه ئاساییانه‌دا. چه‌مکی هوشیاری له‌یه‌ک کاتدا له‌سه‌ر ئاستی جیا جیا هه‌ستی پێ ده‌کرێت. پێشاندانی ئه‌م هوشیارییه به شێوه‌یه‌کی به‌هێز له‌سه‌ر ئاستی دیوی ده‌ره‌وه په‌یوه‌سته به ئاسته قووڵه‌کانی دیوی ناوه‌وه، که ده‌رئه‌نجامی هه‌موو مێژووی پێشتری مرۆڤه وه‌کو تاک. ڕاستییەکەی ئه‌مه تا راده‌یه‌ک کێشه‌ی پێوەندیکردن له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کان دروست ده‌کات نه‌ک هه‌ر له‌لای (کاروان) به‌ڵکو له لای رۆماننووسه‌کانی تریش وه‌کو (به‌ختیار عه‌لی)، له‌و شوێنانه‌ی، که به‌م ئاڕاسته‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کانیان ده‌که‌ن. دیاره ئه‌مه‌یش سه‌باره‌ت به‌وه‌یه، که مرۆڤ له کاتی پێوەندیکردنیشدا به ڕابردووی خۆی به‌ستراوه‌ته‌وه. کاتێ هێما و جووڵە و ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته و ته‌نانه‌ت دیالۆگیش نابێته هۆی پێوەندیکردنێکی راسته‌قینه، کاتێ گرنگیی به‌سه‌رهاته‌کانی مرۆڤ ناوه‌ستێته سه‌ر ئه‌وه‌ی تاچه‌ند له‌سه‌ر ئاستی گشتی، لە لایەن هه‌موو که‌سێکه‌وه، رێککه‌وتنی له‌سه‌ره، به‌ڵکو پشت به سه‌لیقه ده‌به‌ستێت، کاتێ لێکدانه‌وه‌ی هێما و ئاماژه‌کانی مرۆڤ ده‌وه‌ستێته سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌که خۆی، له‌به‌ر رۆشنایی ئاستی ئه‌و هوشیارییه‌ی، که له ڕابردووه‌وه تا ئه‌و چرکه‌ساته‌ی ئێستا له‌لای گه‌ڵاڵه بووه، کاتێ مێژووی که‌سێنیی مرۆڤ به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاستی نه‌ستیدا ئاماده‌یه بۆ به‌هێزکردنی کاردانه‌وه‌کانی بەرانبەر به هه‌ر رووداوێک، ئه‌و کاته مرۆڤ به ڕابردووی خۆیه‌وه به‌ند ده‌بێت و ده‌شێ ته‌نانه‌ت له‌ناو قهرهباڵغییشدا ته‌نیاترین که‌س بێت و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، کاتێ ته‌نیایه، هه‌موو ڕابردووی خۆی له خه‌یاڵی خۆیدا هه‌ڵگرتووه وه‌ک له کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌م رۆمانه‌ی (کاروان)دا دیاره.
یه‌کێک له بنه‌ماکانی رۆمانی رۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان” ئه‌وه‌یه، که “راستێتی”ی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. دوور نییه هه‌ندێ له خوێنه‌ران یان ره‌خنه‌گران پێیان وابێت، که ئه‌م “راستێتی”یه لای ئەو به‌وه جێبه‌جێ ده‌بێت، که مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنانه یان ئه‌و که‌سانه ده‌کات، که بۆ خوێنه‌ر حه‌قیقین، بۆیه رۆمانه‌که ناوی زۆر له‌و شوێنانه‌ی له خۆگرتووه، که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌که بوونیان هه‌یه. بۆ نموونه، گه‌ڕه‌که‌کانی سه‌یداوه، ته‌یراوه، ته‌عجیل، گردی “قالینج ئاغا”… هتد. دیاره ده‌کرێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له دوو روانگه‌وه سه‌یر بکرێت. به‌ڵام به‌ر له‌مه حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به‌وه بکه‌م، که زۆر له رۆماننووسه‌کانی دونیا ئه‌م شێوه “راستێتی”یه‌یان له رۆمانه‌کانیان به‌رجه‌سته کردووه. بۆ نموونه “جیمس جۆیس” زۆر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ “ده‌بڵن” ده‌کا. دیاره مرۆڤ نابێت به شێوه‌یه‌کی ساکارانه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکات. ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌کو چیرۆک سه‌یری چیرۆکی ئه‌ده‌بی و وه‌کو رۆمان سه‌یری رۆمان بکه‌ین ده‌بێ ته‌نها ئه‌وه له‌به‌ر چاو بگرین و به گرنگی بزانین، که تا چه‌ند ئه‌و چیرۆکه یان رۆمانه له راستی ده‌چێت واته تا چه‌ند بڕواپێکراوه. که‌واته شوێنی دونیای راسته‌قینه له رۆمان‌دا هه‌ر ئه‌مه‌یه‌و هیچی تر، بۆیه کاتێ کاروان ناوی شوێنێکی وه‌کو گه‌ڕه‌کی “سه‌یداوه” یان “ته‌یراوه” یان کاتێ “جیمس جۆیس” ناوی “ده‌بلن” به کار دێنێت، که ناوی راسته‌قینه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌کانی ناو رۆمانه‌که بوونیان هه‌یه ئه‌و کاته رۆمانه‌که ته‌نها له ناوه‌کان له‌گه‌ڵ دونیای راسته‌قینه هاوبه‌شن، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌رگیز نابن به دونیای راسته‌قینه به‌ڵکو “سه‌یداوه” یان “ته‌یراوه” یاخود “ده‌بلن”ه‌که‌ی “جۆیس” له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بن به “سه‌یداوه” یان “ته‌یراوه” یاخود “ده‌بلن”ی ناو چیرۆکه‌که، نه‌ک راسته‌قینه‌که. له لایه‌کی تره‌وه، ئه‌و فهنتازییایهی، که کاروان له رۆمان‌دا به کاری دێنێت ره‌نگدانه‌وه‌ی حاڵه‌تێکی “راستی”یه، چونکه له رێگای ئه‌و فهنتازییایهوه جیهانێک رۆ ده‌نێت، که بڕواپێکراوه. هه‌تا رووبه‌ری ئه‌و فانتازییایه فراوانتر بێت، بڕوانه‌کردن به “راستێتی” رۆمانه‌که به‌رته‌سکتر ده‌بێته‌وه. که‌م رۆماننووس هه‌یه وه‌کو “ئه‌له‌کسانده‌ر پۆ” په‌نای بردبێته به‌ر فه‌نتازیا. چیرۆکی ناو هه‌موو رۆمانه‌کانی فه‌نتازین و له سرووشت به‌ده‌رن، به‌ڵام ره‌نگدانه‌وه‌ی “راستێتی”ین. نموونه‌یه‌کی تریش رۆمانی “باخچه‌ی ئاژه‌ڵان”ی “جۆرج ئۆروێڵ”ه(۱٩٠٣−۱٩٥٠)، که هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی ئاژه‌ڵن، به‌ڵام “ئۆروێڵ” له‌م رۆمانه‌دا جیهانێک دروست ده‌کات کتومت له “راستی” ده‌چێت. ده‌شێ له‌یه‌کچوونێک له نێوان ئه‌و دونیایه‌ی، که نووسه‌ر له رێگای حهکایهتبێژهکانهوه رۆی ده‌نێت له‌گه‌ڵ دونیای راسته‌قینه‌دا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر گرته‌یه‌ک یان بڕگه‌یه‌ک له دونیای راسته‌قینه له دونیا دروستکراوه‌که‌دا هه‌بێت، ئینجا نووسه‌ره‌که مه‌به‌ستی بێت یان نا، ئه‌م گرته یان بڕگه‌یه له دونیای راسته‌قینه، دواجار نابێته به‌شێک له چیرۆکه‌که. بۆیه نووسه‌ر هه‌رچییه‌ک له ناوی خه‌ڵک و شوێن و رووداو له دونیا راسته‌قینه بخوازێت، رۆمانه‌که ئه‌و ده‌رئه‌نجامه گشتییه‌ی لێ ناکه‌وێته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له دونیای راسته‌قینه‌دا هه‌یه، به‌ڵکو ده‌رئه‌نجامه‌کان هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و رووداو و که‌شوهه‌وایه ده‌که‌وێته‌وه، که ئه‌و به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری له رێگای به‌کارهێنانی نائاسایی زمانه‌که‌وه ده‌یچنێت. مرۆڤ ته‌نها له‌ناو رووداوه‌کانی ناو رۆمانه‌که ده‌توانێ جه‌خت له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی شته‌کان بکاته‌وه. جه‌ختکردن له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی کاره‌کته‌ری “هامڵێت” ته‌نها به پشتبه‌ستن به ده‌قه ئه‌ده‌بییه نووسراوه‌که ده‌بێت نه‌ک به پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوه مێژووییه‌ی، که “شه‌کسپیر” بۆ شانۆنامهکە سوودی لێ وه‌رگرتووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش کاره‌کته‌ره‌کان ته‌نانه‌ت له‌م حاڵه‌تانه‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژیان به دیوه‌که‌ی ده‌ره‌وه له گه‌ڵ دیوی ناوه‌وه هاوسه‌نگ بکه‌ن.”جیمس جۆیس” له به‌شی “سایکلۆپس” له رۆمانی “یۆلیسیس” دیمه‌نی باڕه‌کان له “ده‌بلن” ده‌خاته روو، که زۆر کاریگه‌رن نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی واقیع، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که خه‌ڵکی “ده‌بلن” زۆر هامشۆی باڕه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستێکی سهمبولئامێزی پڕ ماناش، چونکه خواردنه‌وه به یه‌که‌وه یه‌کێکه له نه‌ریته کۆنه‌کانی مرۆڤ، به‌ڵام “جۆیس” وا پێشان ده‌دات، که مرۆڤه‌کان خه‌ریکی جووڵانه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌یانن، به تایبه‌تی ده‌موچاویان بێ ئەوەی بتوانن پێوەندییکردنه راسته‌قینه‌که ئه‌نجام بده‌ن. هه‌مان شێوه له رۆمانی “خاتوو دالاوی”، که “ڤه‌رجینیا وه‌ڵف” نووسیویه‌تی. “خاتوو کلاریسا دالاوی” ده‌یه‌وێت ئاهه‌نگێک ساز بکات، چونکه ئاهه‌نگ هۆیه‌که بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک، به‌ڵام جۆرێک له پێوەندیکردنی ڕووکەشی (سطحی)ی لێ ده‌که‌وێته‌وه، چونکه وه‌کو گوتم مرۆڤ ده‌شێت ته‌نیاترین که‌س بێت له‌ناو قه‌ره‌باڵغیدا. “خاتوو داڵاوی” پێشتر داواکه‌ی “پیته‌ر واڵش”یی ره‌ت کردۆته‌وه بۆ هاوسه‌رگیری، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌سێکی شه‌ڕانگێز و ده‌سه‌ڵاتخوازه و مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کردنه بۆ که‌سایه‌تیی ئه‌و، به‌ڵام پاشان مێرد به “ریچارد داڵاوی” ده‌کات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ست به دابڕان ده‌کات. هه‌ست ده‌کات له‌ناو تاوه‌رێکی چۆڵ زیندانی کراوه له کاتێکدا خه‌ڵک له ده‌ره‌وه خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی تووتڕکن. “کلاریسا” به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دا ژیانی ناو دونیای ناوه‌وه‌ی له گه‌ڵ ژیانی ناو دونیای ده‌ره‌وه هاوسه‌نگ بکات. ئه‌وه‌ی (ئامانج)، (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزان) له‌م رۆمانه‌دا ده‌یکه‌ن هه‌مان شته. ئه‌وان له بەرانبەر خۆیاندا وه‌کو که‌سێکی رووکه‌ش ده‌رناکه‌ون. راسته دونیای ده‌ره‌وه، له روواڵه‌تدا، بریتییه له دیوه رازاوه و رهونهقدارهکان، له نه‌ریته شۆڕشگێڕ و به‌ها جوانه‌کان، به‌ڵام کاتێ به ناو ئه‌م دونیایه‌دا ده‌چن، هه‌وڵی پشکنینیی ژێره‌وه‌ی ئه‌م دیوه رهونهقدارانه ده‌ده‌ن به مه‌به‌ستی دۆزینه‌ی مانای قووڵتر، ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌که‌ن به هه‌ست و نه‌ستی خۆیاندا بچنه‌وه، زیاتر به جۆش و خرۆشییان بێنن. کاره‌کته‌ره‌کانی تر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌یان نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێمن و ئاسووده بن. به ده‌گمه‌ن هاوسۆزی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی تر پێشان ده‌ده‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له پێوەندیی نێوان (ئازادی هەمین مامان) و (شێرزاد ناجی)دا ده‌یبینین. (ئازاد) له بەرانبەر (شێرزاد)دا وه‌کو که‌سێکی رووکه‌ش (سطحی) ده‌رده‌که‌وێت هه‌وڵ ده‌دات ئاسووده‌یی ده‌روونی له رێگای ئاخاوتن به روویه‌کی خۆش بپارێزێ، چونکه “ئێستا” و “ڕابردوو” به‌رده‌وام باری قوڕس ده‌که‌ن، فشاری بۆ دێنن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات خۆی له‌گه‌ڵ ژیاندا بگونجێنێت.