
ئه‌نفال…قوربانییه‌ك له ڕابردوو ئێستا‌و…
له هه‌ر كات و شوێنێك كه گوێبیتسی وشه‌ی (ئه‌نفال) ده‌بین، ده‌ستبه‌جێ تاوانێكی قێزه‌ونی ڕژێمێكمان بیر دێته‌وه، كه به حوكمی ئاگرو ئاسن نزیكه‌ی نیو سه‌ده حوكمی وڵاتێكی كرد به‌ناوی (عێراق)، كه له چه‌ندین نه‌ته‌وه و ئایین و ئاینزای جیاواز پێكهاتووه و كاتی خۆشی ئه‌مانه له‌ژێر چه‌تری زۆر و فێڵ و تهڵهكهدا خرانه ناو سنووری وڵاتێكه‌وه كه هێڵه‌كانی به‌ویستی داگیركه‌رانی ئه‌و كاته كێشرا، چونكه ویستێكی خۆسه‌پێنانه ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كۆكرده‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بینین ئه‌م وڵاته له مێژووی دامه‌زراندنییه‌وه تا ڕوخاندنی له 9/4/2003 چه‌ندین كاره‌سات و ڕه‌شه‌كوژی گه‌وره‌ی تێدا ڕوویداوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی خۆی، به تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی ئه‌فله‌قی گه‌یشته چڵه پۆپه.
یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ش كه ده‌چێته خانه‌ی جینۆسایده‌وه و به جینۆسایدیش ناسرا، تاوانی (ئه‌نفال) بوو كه ده‌رهه‌ق به یه‌كێك له‌و گه‌لانه‌ی به زۆر خرابووه ناو ئه‌م وڵاته تازه‌یه‌وه به‌ناوی كورد.
ئه‌نفال ئه‌گه‌ر له‌ڕووی فیزیكییه‌وه ته‌ماشای بكه‌ین بریتییه له‌ناوچوونی گیانی نزیكه‌ی چاره‌كه ملیۆنێك خه‌ڵكی كورد، به‌ڵام گه‌ر له‌ڕووی سیۆسۆلۆجی و سایكۆلۆژییه‌وه لێی بڕوانین و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، ئه‌وه بریتی ده‌بێت له چه‌ندان ملیۆن، به‌دیوێكی تردا ئه‌نفال ته‌نیا بریتی نییه له‌ناوچوونی ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ به‌ر شاڵاوه‌كه كه‌وتن، به‌ڵكو بریتییه له پاشماوه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه له كه‌سوكاری ئه‌نفال پێكهاتوون و تا ئێستایش ژیان ده‌گوزه‌رێنن و له حاڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی ناله‌باردان و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كاریگه‌ری نێگه‌تێڤی ئه‌و كاره‌ساته هه‌ر ماوه و ڕۆژانه چه‌ندین پیاو و ژنی كه‌سوكاری ئه‌و ئه‌نفال كراوانه به ئاه و بێ ئۆقره‌یی ڕۆڵه‌كانیانه‌وه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، یاخود تووشی حاڵه‌تی ده‌روونی خراپ بوونه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش فاكته‌ری خۆی هه‌یه و كه دواتر لێی ده‌دوێین.
له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه كاتێك كاره‌ساتێكی مرۆڤایه‌تی ڕووده‌دات به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر تاوانی ڕه‌شه‌كوژی و جینۆساید و هاوشێوه‌كانی بێ ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی وڵاتێك یان شوێنێكی تر بكرێتـ، له‌دوای كاره‌ساته‌كه له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاتیه‌ی پاش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامده‌ری تاوان دێته سه‌ر حوكم، یا ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ره‌وه قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێنه كه زیان لێكه‌وتوون، نموونه‌ی ئه‌مانه‌ش زۆره له دنیادا، به‌رچاوترینیان كاره‌ساتی هۆڵۆكۆستی سه‌ر جووله‌كه و هێرۆشیما و ناكازاكی سه‌ر یابانن، به‌ڵام ئایا زیان لێكه‌وتووانی كاره‌ساتی ئه‌نفال ده‌توانین بڵێین ئه‌م قه‌ره‌بووانه كراونه‌ته‌وه؟! چ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه یا حكوومه‌تی تازه دامه‌زراوه عێراقه‌وه؟.
ماوه‌یه‌كه حوكمه‌تی خۆماڵی كوردی لێره‌و له‌وێ كه‌وتووه‌ته بڕینه‌وه‌ی مووچه و دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ پاشماوه‌كانی ئه‌نفال و دامه‌زراندنی به‌شێك له كچ و كوڕی ئه‌نفال كراوان، ئه‌مه كارێكی پۆزه‌تیڤه و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه هه‌رچه‌نده كاری سه‌ره‌كی حكومه‌ته خزمه‌تی هه‌موو چین و توێژێك بكات به تایبه‌تیش كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و زیان لێكه‌وتووانی تر، كه‌م كه‌سیش هه‌یه له‌م وڵاته زیانی گیانی و ماددی و مه‌عنه‌وی به‌رنه‌كه‌وتبێت.
بڕینه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی ڕه‌مزی و دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون كه تا ئێستا هه‌مووشی نه‌گرتووه‌ته‌وه هه‌موو كاره‌كه نییه و ڕه‌نگه نیوه‌شی نه‌بێت! ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی و قسه‌ی هه‌موو لایه‌كمانه حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌نی ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌نگاوی پێویستی نه‌ناوه و له‌و ڕووه‌وه كه‌موكوڕی زۆره و له‌وانه‌یه له زۆر شوێنیش كاری ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌و ڕووه‌وه (سفر) دابنرێت به‌رامبه‌ری.
مرۆڤ چ له پاره و كۆشك بكات كاتێك ده‌ریایه‌ك كێشه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وری ته‌نی بێت كه هێنده‌ی كاره‌ساته‌كه خه‌ڵكی تووشی نه‌هامه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ری كردووه. ئه‌مه شتێكی نه‌گۆڕه و بڕاوه‌ته‌وه مرۆڤ كاتێك له ڕووی ده‌روونییه‌وه ئاسووده و بێ كێشه بوو له كه‌لاوه‌یه‌كی گڵینیش دابوو خۆشترین ژیان ده‌گوزرێنێت، گه‌ر مرۆڤ سهرابی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕه‌وینه‌وه و له كوێره دێیه‌كی هه‌ر مه‌مله‌كه‌تێكدا بوو ئه‌و شوێنه به جوانترین و دڵگیرترین نیشتمانی خوا ده‌زانێت.
كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان تا ئێستا نه‌توانراوه كێشه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێ و له‌و مرۆڤه تێكشكاوه‌وه بكرێنه‌وه به مرۆڤێكی ئاسایی و دیمه‌نی نه‌ڕه‌نه‌ڕی ده‌بابه و زیلی عه‌سكه‌رییه‌كانی جوانترین ئۆتۆمبیلی گواستنه‌وه‌ی ده‌ركێشانی ڕوحیان و ته‌عال ته‌عالی سه‌ربازه‌كانی مه‌رگ له‌به‌رچاوو گوێیهكانیاندا بسڕنه‌وه و، تا ئێستا بۆنی بۆگه‌نی پۆستاڵی سه‌ربازه‌كانی مه‌رگ كه كاسی كردوون، نه‌توانراوه به ته‌واوی به بۆنی گوڵهباخێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بگۆڕدرێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش كه‌سوكاری ئه‌نفاكراوان به‌شی زۆریان ئه‌مڕۆ له ژینگه‌یه‌ك و شوێنێكی ئه‌م وڵاته‌دا ده‌ژین زۆری جیاواز نییه له‌و ده‌شته كاكی به كاكییهی تۆبزاواو نوگره سه‌لمان كه به ته‌لی دڕكاروی بازنگیان بۆ دروستكراوبوو تا ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتنیان نه‌بێت و به‌ره‌و توونی مه‌رگ ڕاپێچ بكرێن.
ئێستا ده‌كرێت چاوێك به‌كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌م ناوچانه‌دا بخشێنین و بپرسین ژماره‌ی ئه‌و سه‌نته‌ری گه‌نجانه و بنكه ڕۆشنبیرییانه چه‌نده كه له ناوچه‌ی ئه‌نفال نشین دروست كراون؟ ژماره‌ی خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیر و پهككهتوان چه‌نده له ناوچه‌ی ئه‌نفال نشین هه‌ن و باوه‌شیان بۆ ئه‌و باپیر و داپیره داماوانه كردووه‌ته‌وه كه سه‌رجه‌م ڕۆڵه‌كانیان بوونه‌ته قوربانی و خۆیان وته‌نی ته‌نیا خوا شك ده‌به‌ن؟! ژماره‌ی بنكه‌ی ته‌ندروستی ده‌روونی چه‌نده له‌م ناوچانه؟ چه‌ند بنكه‌و شوێنی ڕاهێنان و فێربوونی كار و پیشه بۆ ژنانی بێ كار و بێ پیشه‌ی ئه‌نفال كراونه‌ته‌وه؟ چه‌ند توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت به كێشه‌كانی ئه‌نفال ته‌رخان كراون بۆ چهرسهركردنی ئه‌و كێشانه؟ چه‌ند و چه‌ند كۆتایی نایا….؟!
به‌ڕاستی ئه‌ركی ئه‌خلاقی و مێژوویی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستانه كه ئاوڕی جددی له‌و لایه‌نانه بداته‌وه و هه‌نگاوی پێویستی بۆ بنێت تا چیتر كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان ڕزگاریان بێت له‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیانه‌ی به‌رۆكیانی گرتووه و ناوچه‌كانیان خزمه‌تی ته‌واو بكرێت،بۆ ئه‌وه‌ی له بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كاندا هه‌ڵنه‌یه‌ن و وه‌كو سه‌رجه‌م شوێن و شاره‌كانی تر كووچه و شه‌قامه‌كانیان ئه‌ونده خزمه‌ت و جوان بكرێت شایه‌نی هه‌ڵهاتن نه‌بێت لێی و خه‌ڵكی له شوێنانی تره‌وه سه‌ردانی بكه‌ن نه‌ك ئه‌مان سه‌ردانكه‌ری شوێنانی تر بن و ناوچه‌كانیان له بێخزمه‌تی و وێرانیدا غه‌رق بوبێت.!!
*سه‌ركه‌وت شه‌ریف