ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال له ده‌قی ئه‌ده‌بیی كوردیدا
یه‌كێك له ساده‌ترین پێناسه‌كانی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه، كه ده‌ڵێ: “ئه‌ده‌ب ئاوێنه‌ی ڕووداوه‌كانی كۆمه‌ڵه”، ئه‌گه‌ر به‌دیوی ڕووكه‌شدا له‌م پێناسه‌یه بڕوانین، وا ده‌ره‌كه‌وێ كه به‌ڕاستی پێناسه‌یه‌كی ساده و سه‌رپێی بێ بۆ ئه‌ده‌ب، به‌ڵام كاتێ له دیوی ناوه‌وه‌ی پێناسه‌كه قوڵ ده‌بینه‌وه، ئه‌وسا ڕوون ده‌بێته‌وه، كه ته‌واوه‌ن ئه‌مه پێناسه‌یه‌كی ڕاست و دروستی ئه‌ده‌به، چونكه له كورتی بڕیوهیهتییهوه و هاوكات چه‌ند لێكی بده‌ینه‌وه، ئه‌وه‌نده زیاتر واتا و مه‌غزاكانی خۆیمان بۆ ئاشكرا ده‌كات.
لێره‌وه ده‌مه‌وێ به‌كورتی له ده‌رگای بابه‌تێك بده‌م، كه له‌ڕاستیدا هه‌وێنه بۆ ناونیشانی كارێكی گه‌وره‌تر، بۆ نمونه: ئه‌كرێ خوێندكارانی زانكۆ، وه‌ك باسێكی ده‌رچوون كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له‌نێوان ڕووداوه‌كانی مێژوو و ئه‌ده‌بدا هه‌یه، به‌و مانایه‌ی ئه‌ده‌ب له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، كه له ڕووداو و به‌سه‌رهات و كاره‌ساته‌كانی ناو مێژوو، سوود وه‌ربگرێ و وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی هونه‌ری مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك بكا، چونكه په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب و مێژوو، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه، به‌وپێیه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ما كار و كاردانه‌وه به‌نده، به‌ومانایه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌دیب به‌ر له هه‌ر كه‌سێ، دووچاری به‌ركه‌وتن ده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ ڕووداوه مێژووییه‌كاندا، چونكه شاعیر و ڕۆماننووس و هونه‌رمه‌ندان، هه‌ستیارترن به‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه، له‌وه‌ی چه‌ندین ژانری ئه‌ده‌بی و هونه‌ریمان هه‌بێ، كه ناوی مێژوو وه‌ك پاشگرێك پێوه‌یان نووسابێ و به‌و ناوه‌وه ناسرابن، بۆنمونه: (ڕۆمانی مێژوویی)، كه جۆرێكه سه‌ر به ژانری ڕۆمان و به ته‌واوی ڕووداوه‌كانی خۆی له ڕووداوه مێژووییه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، كه ئیدی ڕۆماننووس به‌كاری مێژوونووسێك هه‌ڵده‌ستێ… نه‌خێر، چونكه ئه‌ركی ڕۆماننووس و ئه‌ركی مێژوونووسێك، له دوو خانه‌ی جیاوازی كاركردندایه و ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی به‌دیهییه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی شتێك له ئه‌لفوبێی ئه‌ده‌بیات ده‌زانن (له‌خواره‌وه زیاتر ئه‌م مه‌به‌سته ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه).
به‌وپێیه‌ی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی كوردستان، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، شوێنێكی ستراتیژیی داگیركردووه، بۆیه هه‌میشه و به‌درێژایی مێژوو، بووه‌ته چه‌قی ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه، هه‌ربۆیه‌ش مێژووی ئێمه، وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، وه‌ك گه‌لێك پڕه له ڕووداوی گه‌وره، چ مێژووی دێرین و چ مێژووی نوێ و هاوچه‌رخمان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه، ڕه‌نگه دیارترینیان ئه‌وه‌بێ، كه به‌درێژایی مێژوویی خۆی، كورد میلله‌تێكی ژێرده‌سته و زوڵملێكراو بووه، تا هه‌نووكه‌ش چاوی ته‌ماحی ده‌وروبه‌ری هه‌ر له‌سه‌ره و لێناگه‌ڕێن وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ، ئاوا بۆخۆی بژی، ئه‌م واقیعه وایكردووه به به‌رده‌وامی مێژووی كورد، بریتی بێ له مێژووی زنجیره‌یه‌ك كاره‌سات، لێوان‌لێو له ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری، مێژوویه‌كی وا، كه هه‌میشه پێیه‌كی له‌نێو تراژیدیادا چه‌قی بێ، بۆیه كاتێك ده‌چینه‌وه سه‌ر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیمان، سه‌رنج ده‌ده‌ین، ڕووداوه‌كانی مێژوو پشكی زۆریان به‌ركه‌وتووه، له ڕووی بهركهڵكخستنهوه، له‌نێو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردیدا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه تا سه‌ده‌ی هه‌ژده و كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ش، ئێمه به‌رهه‌می پهخشمانمان كه‌م بووه، بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی ئه‌ده‌بی خۆمان بكه‌ین، ده‌بینین پانتایی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیاتمان، به‌رهه‌می شیعر و شاعیران داگیریان كردووه، هه‌ربۆیه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی مێژوو، له سنووری به‌رهه‌می شیعری تێپه‌ڕی نه‌كردووه، له‌مه‌شدا ئێمه خۆمان به قه‌رزداری شاعیران ده‌زانین، چونكه گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه، ئه‌وا هه‌ڵبه‌ت تۆماری گه‌لێك ڕووداوی مێژووییمان له‌ده‌ست ده‌چوون، هه‌روه‌ك زۆر شت له مێژووی كۆنی خۆمان نازانین و دیاره ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌وهۆیه‌وه بووه، كه له كاتی خۆیدا، كه‌س به هانای نووسینه‌وه‌و تۆماركردنیانه‌وه نه‌چووه.
یه‌كێك له ڕووداوه تراژیدییه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه، له‌پاڵ چه‌ندین ڕووداوی تری هاوچه‌شندا، بریتییه له كاره‌ساتی مه‌رگباری ئه‌نفال، كه به‌شێكی گه‌وره‌ی مێژوومانی ڕه‌نگڕێژ كردووه‌و تا به‌ئێستاش ده‌گات، هه‌ر ئاسه‌واری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ئابوری و… هتدی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌وه دیاره، به‌دیوێكی تریشدا، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌چاوێكی مرۆدۆستییهوه، له ئه‌نفال بڕوانین،ئه‌وا له‌ڕاستیدا ڕووداوێكه له ویژدانی زیندووی سه‌رانسه‌ر مرۆڤایه‌تیدا وه‌قعی خۆی هه‌یه یان ده‌بێ، چونكه له دیدگای مرۆدۆستییهوه، ئازاری تاقه مرۆڤێك، له‌دواجاردا یه‌كسانه به ئازاری كۆی مرۆڤایه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا وایه، ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه هه‌موو جیاوازییه‌كانمان به‌لاوه بنێین و به چاوی هیومانیستێكهوه له خۆمان و ده‌وروبه‌ری خۆمان بڕوانین، چونكه هه‌میشه ململانێی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر دین و ئایدۆلۆژیا و مه‌زهه‌ب و… هتد، ڕووداوه‌كانی مێژوویان به‌ره‌و كوره‌ی تاریكی جه‌نگ و خوێنڕشتن په‌لكێش كردووه، ئینجا ئه‌نفالیش به‌و سه‌ختییه‌ی خۆیه‌وه، هیچی له‌و ڕووداوه گه‌ورانه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی كه‌متر نییه، كه تا نه‌وه‌یه‌كی ئاده‌میی له‌سه‌ر گۆی زه‌وی مابێ، ناكرێ له‌یاد بچێته‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه و به‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر پێناسه ساده‌كه‌ی ئه‌ده‌ب، ئه‌كرێ بڵێین: تاكه كه‌ناڵێك كه بتوانێ مامه‌ڵه‌ی مرۆدستانه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره ڕووداوانه‌دا بكات، ته‌نها و ته‌نها ئه‌ده‌به، به‌وپێیه‌ی نووسه‌ری به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی، به ویژدانێكی زیندووه‌وه ده‌ست ده‌داته تۆماركردن و نووسینه‌وه، بۆیه كاتێك كاره‌ساتێكی مێژوویی وه‌ك ئه‌نفال له ده‌قێكی ئه‌ده‌بییدا ته‌وزیف ده‌كرێ، ئه‌وا سه‌رله‌نوێ گیان وه‌به‌ر قوربانییهكانییدا ده‌كرێته‌وه‌و به‌ره‌و نێو ژیانێكی نوێ داوه‌ت ده‌كرێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ڕۆمانه شیعری (گۆڕستانی چراكان)ی شێركۆ بێكه‌س-ی خوێندبێته‌وه، ئه‌ویده‌م هه‌ست به‌و ڕاستییه بكا، كاتێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كا، چۆن تێكه‌ڵی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه ده‌بێ، كه له به‌رهه‌مه‌كه‌دا بهركهڵكخراون، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی كاركردنی شێركۆ بێكه‌س له گۆڕستانی چراكاندا، بۆخۆی ئه‌زموونێكی ناوێزه‌یه له ئه‌ده‌بی كوردیدا، به‌وپێیه‌ی ناوبراو خۆیشی خاوه‌نی سه‌لیقه‌یه‌كی گه‌وره‌ی شیعرنووسینه و ئه‌زموونێكی ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، به‌ڵام بهلوتكهكردنی ڕووداوی ئه‌نفال له‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌دا، بۆخۆی باشترین نمونه‌ی ئه‌و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌ی شاعیره له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌دا، كه مێژوو بۆخۆی ناتوانێ ئه‌و مامه‌ڵه زیندووه هه‌بێ، له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا.
له ڕۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌كان)ی به‌ختیار عه‌لی-یشدا، دیسانه‌وه ئه‌و جۆره تهوزیفكردنهی ڕووداوی ئه‌نفال له‌گۆڕێیه، به‌ڵام بێگومان كاركردنی ڕۆماننووسێك له‌گه‌ڵ شاعیرێكدا، دوو شێوازی جیاوازن، هه‌روه‌ك كاركردنی ئه‌و دووانه‌ش، له‌گه‌ڵ كاركردنی مێژوونووسێكدا جیاوازه، به‌ومانایه‌ی ڕۆماننووس و شاعیران، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیمه‌نی نه‌بینراوی ڕووداوه مێژووییه‌كاندا ده‌كه‌ن و سه‌رله‌نوێ كاره‌كته‌ره‌كان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه و لایه‌نه نه‌بینراوه‌كان گه‌وره ده‌كه‌نه‌وه و تیشكیان ده‌خه‌نه سه‌ر، به‌ڵام مێژوونووس كاری به‌وه نییه و ده‌چێت ده‌ست ده‌داته مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆی ڕووداوه‌كه به‌گشتی و هه‌رگیز ناتوانێ له دیمه‌نی نادیاری ڕووداوه‌كان نزیك بێته‌وه، چونكه مامه‌ڵه‌ی مێژوونووس مامه‌ڵه‌یه‌كی وشكه له‌گه‌ڵ ڕووداوی مێژوویی‌دا، له‌به‌رامبه‌ردا ڕۆماننووس یان شاعیر به ته‌واوی لایه‌نه ده‌روونی و ویژدانییه‌كانی خۆیه‌وه ده‌ست ده‌داته ته‌وزیفكردنی ڕووداوی مێژوویی له به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆیدا، بۆیه كاتێك خوێنه‌ر، ڕۆمانێكی وه‌ك ڕۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان ده‌خوێنێته‌وه، به وردی له‌گه‌ڵ ڕۆحی قوربانیانی ئه‌نفالدا به‌رده‌كه‌وێ و به ته‌واوی هه‌سته‌وه، له‌مسی دیمه‌نه نه‌بینراوه‌كانی ڕووداوه‌كه ده‌كا، به‌ومانایه‌ی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه، خۆی له خۆیدا پرۆسه‌ی سه‌رله‌نوێ زیندووكردنه‌وه و ڕۆحبهبهرداكردنهوهی قوربانییه‌كانه، ئه‌مه‌ش ده‌قاوده‌قی ئه‌و ئه‌فسونه باڵایه‌ی ئه‌ده‌به، كه وا ده‌كات به ئاوێنه‌ی ڕووداوه‌كانی كۆمه‌ڵ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و بزانرێ.
به‌رهه‌حاڵ… وه‌ك چۆن پێویسته نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆماننووسانی كورد له خه‌می ئه‌وه‌دا بـن، كه ئه‌نفال بكه‌نه هه‌وێنی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی خۆیان، هاوكات پێویسته لێكۆلهرانیش له خه‌می ئه‌وه‌دا بن، كه له‌ڕێگه‌ی كاركردنیان له‌باره‌ی ئه‌و تێكستانه‌وه، كه ڕووداوه‌ی ئه‌نفالیان له‌خۆیاندا ته‌وزیف كردووه، جارێكی تر مێژووی نوێی كورد دابڕێژنه‌وه، چونكه ئه‌م سه‌رده‌مه، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌مان ڕابردوو، زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره بۆ ئه‌نجامدانی كاری له‌وشێوه‌یه، تا بتوانرێ سوود له ئه‌ده‌بی خۆمان وه‌ربگرین و له‌ڕێگه‌یه‌وه، ئه‌م كاره‌ساته و چه‌ندین كاره‌ساتی گه‌وره‌ی دیكه‌ی وه‌ك كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و كۆڕه‌و و …هتد، به دونیا بناسێنین و بڵێین: ئه‌وه‌تا ئێمه‌ش خاوه‌نی مێژوو و خاوه‌نی ئه‌ده‌بین، دواجاریش ده‌توانین بڵێین: به‌ڕاستی ئه‌ده‌بی كوردی، ئاوێنه‌ی ڕووداوه‌كانی كۆمه‌ڵی خۆمانه.
ئـاری عوسمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com