
که‌ڤاڵه …. فێستیڤاڵی فیلیپی و ئۆتێللۆ
هه‌موو گه‌شتێک بۆ گرێکلاند وه‌ک ئه‌وه وایه به‌دوای نهێنییه‌کی دێرین، سه‌ره‌تاکانی دنیا و گه‌ردوونێکی بزر و له‌هه‌مانکاتدا ئاماده‌دا بگه‌ڕێیت. ئه‌م وڵاته وه‌ک کتێبێکی کراوه وایه، له‌گه‌ڵ هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رله‌نوێیدا ره‌وشی نوێ، ناواخنی جیاواز، وێنه‌و بابه‌تی تری تێدا ده‌دۆزیته‌وه.
گرێکلاند مێژوویه‌کی دێرینه و چه‌ندین مێژووی تر له‌نێو ڕووپەرەکانیدا، لەنێو ڕووداوەکانیدا، لەنێو جه‌نگه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانیدا، له‌نێو فێستیڤاڵه‌کانی دیۆنیزیۆسدا، لەنێو ئەفسانەو داستانەکانیدا، له‌نێو سووڕه به‌رده‌وامه‌که‌ی شه‌و و رۆژی‌دا و له‌نێو گفتوگۆی فهیلهسووفهکانیدا له‌خۆ ده‌گرێت. گرێکلاند دنیایەکە پڕ لەهەتاو و زەریا و دورگە. شانۆ و زانست و فه‌لسه‌فه له ئامێزی گه‌رمی و رووناکی، چیای به‌رز و دۆڵی سه‌وز، دارزه‌یتوون و ڕه‌زی ترێدا، له‌دایکبوون.
له گرێکلاند هه‌ست به ده‌ستپێکی لهدوانههاتووی جیهان ده‌که‌یت، پاشماوه دێرینه‌کان ئاماژه و ئاماده‌بوونێکی به‌هێز و به‌رده‌وامییه‌کی راسته‌وخۆی ئه‌مڕۆمانن. شانۆی گرێکی، سه‌ره‌تاکانی فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ شانۆیه‌کی مۆدێرن و ته‌وژمه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌مڕۆ له پێکداچوونێکی به‌رده‌وامدان و کاریگه‌رییان به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه هه‌یه و ته‌واوکه‌ری یه‌کترین.
ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له (ئه‌سینا) و له که‌ناری دوورگه‌ی (پیرۆیۆس)ه‌وه، له‌و که‌ناره‌دا که زۆربا، رۆژێکی باراناوی به‌ره‌و کرێتا رۆیشت، به‌ڕێکه‌وتم: له ئهمهرگۆزهوه بۆ ناکسۆس، سیرۆس، میکۆنۆس، دێلۆس و کوفوونیس…هتد. بۆ یه‌که‌مجار له ئه‌سینا و له‌م دوورگانه‌دا هه‌ستم به وزه و هێزی مێژوو کرد، به کاریگه‌ریی رابردوویه‌ک که هه‌رگیز له رابردوودا بزرنه‌بووه و له‌سه‌ر ئاستێکی به‌رز له ژیانی کلتوری و رۆشنبیریماندا، له هەست و نه‌ستی تاک و کۆماندا بوونی هه‌یه و ده‌ژی.
که‌ڤاڵه/ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ مێژوو
که‌ڤاڵه یه‌کێکه له شاره دێرینه‌کانی گرێکلاند، له‌هه‌مانکاتدا شارێکی مۆدێرنه و چه‌ندین جار به‌هۆی شه‌ڕ و پێکدادانه‌وه وێران کراوه و سه‌رله‌نوی رۆنراوهتهوه1. ئه‌م شاره هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی شه‌شه‌می به‌ر لە زاینەوە، به‌ناوی (نیاپۆلیس)ه‌وه دروستکراوه. ئه‌م ناوه‌ش به گرێکی کۆن مانای (شاری نوێ)ی گه‌یاندووه و بۆ ئه‌و ده‌مه‌ی شارستانییه‌تی گرێکلاند شار و ناوچه‌یه‌کی گرنگ بووه. ئه‌م شاره نوێیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له رووی گرنگیی شوێن و جوگرافیای ناوچه‌که‌وه، هاوپه‌یمانییه‌کی سه‌ربازی و بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌سینا مۆرکردووه2. به‌ڵام شافیلیپی دووه‌م له ساڵی 356ی به‌ر له زاین، کەڤاڵەو دەوروبەرەکەی داگیرده‌کات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که تا ئێستاش به‌شێکی ئه‌م ناوچه‌یه، به تایبه‌تی شاری فیلیپی به‌ناوی ئه‌م پادشایه‌وه ناوزه‌دکراوه3.
له ئه‌سیناوه به‌ڕێده‌که‌وم و دوای نیوه‌ڕۆیه‌کی گه‌رم له شاری که‌ڤاڵه، له نزیک که‌ناره‌کانی دوورگه‌ی تاسۆس داده‌به‌زم، تیشکی هەتاوەکە به شاقووڵیی هاتۆته خواره‌وه، هیچ شوێنێک نییه خۆمان له گهرماکە بشارینه‌وه، خانووبه‌ره و ژووری چاوه‌ڕوانی له گۆڕه‌پانی فڕۆکه‌خانه‌که‌وه دووره.
گرفتێک له ئارادایه و ئێمه تێیناگه‌ین. پاسه‌کان که ده‌بێت بمانگه‌یه‌ننه هۆڵی چاوه‌ڕوانیی و چوونه ده‌ره‌وه، دیارنین و کارمه‌نده‌کان به ته‌له‌فۆنه‌کانی ده‌ستییانه‌وه، به شپرزه‌یی و له ره‌وشێکی په‌شێودا دێن و ده‌چن و به ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا قسه ده‌که‌ن.
ئه‌م سه‌فه‌ره‌م بۆ شاری که‌ڤاڵه له‌سه‌ر ئه‌رکی یه‌کێتی نووسه‌رانی سوێده و بۆ ماوه‌یه‌ک له (ماڵی سوێد) که خانووبه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌یه و به‌سه‌ر یه‌کێک له به‌رزاییه‌کانی ئەم شارەوە، دوور له سەرقاڵی و گیروگرفته‌کانی رۆژگارەوە، ده‌خوێنمه‌وه، ده‌نووسم و سه‌یری شانۆ و ئاسه‌واره دێرینه‌کان ده‌که‌م4.
به ته‌کسییه‌که، که له ماڵی سوێده‌وه بۆیان ئاماده‌کردووم، ده‌گه‌مه ناو که‌ڤاڵه. شاره‌که ده‌که‌وێته ئامێزی چیا و کۆمه‌ڵێ گردی گه‌وره‌ی سه‌وز و له‌به‌رده‌م ده‌ریای ئیجه‌دا، به سه‌رێکی به‌رزه‌وه راوه‌ستاوه.
شۆفێره‌که کوڕێکی گه‌نجه و ماشێنه‌که‌ی له ته‌کسی ناچێت، بۆیه لێیده‌پرسم: (ئه‌مه له ته‌کسی ناچێت، ماشێنهکهت زۆر جوان و پاکوخاوێنه). ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی چاویلکه ره‌شه‌که‌ی لاده‌بات، به سیمایه‌کی پڕ له پرسیاره‌وه سه‌یرێکم ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی من ئاگاداری رووداوێکی گرنگ نه‌بووبم.
– شۆفێری ته‌کسییه‌کان مانیان گرتووه، هیچ ته‌کسییه‌ک له هه‌موو گرێکلانددا کارناکات، ئه‌مه ماشێنی خۆمه، بۆئه‌وه‌ی نەمناسنهوه، خۆم و باوکم کار بۆ ماڵی سوێد ده‌که‌ین و ده‌بێت له‌م کاتانه‌شدا یارمه‌تییان بده‌ین. من ناوم (تییۆ)یه و تا لێره‌یت من یارمه‌تیت ده‌ده‌م.
ماڵی سوێد
ژووره‌که‌م ده‌که‌وێته نهۆمی سه‌ره‌وه، به پێپلیکانه‌کاندا سه‌رده‌که‌وم و لە دەستە چەپەوەو به راڕهوێکدا ده‌چمه ناوه‌وه، ده‌رگای ژووره‌که‌م ده‌که‌مه‌وه و ده‌چمه ژووره‌وه5.
کڵێسایه‌کی گه‌وره به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م خۆی راست کردۆته‌وه، زه‌نگی کڵێساکه به‌شێوه‌یه‌کی لار نەویوەتەوە و تاوه‌ره به‌رزه‌که‌شی به خاچێکه‌وه، رووه‌و ئاسمان له نوێژ و نزایه‌کی به‌رده‌وامدا وه‌ستاوه.
به ده‌سته راستدا ده‌رگایه‌کی تری گه‌وره ده‌چێته‌وه سه‌ر بانیژه‌یه‌کی فراوان. ده‌چمه بانیژه‌که، تا چاو بڕبکات زەریایهکی گه‌وره خۆی به هه‌موو لایه‌کدا بڵاوکردۆته‌وه، له‌و سه‌ره‌وه، له خاڵێکی نادیاره‌وه، له ئاسۆگه دووره‌کانه‌وه زەریاکه به شێوه‌یه‌کی ئه‌فسووناویی درێژبۆته‌وه و له جووڵه‌یه‌کی ئه‌به‌دیی و له پێکداچوونێکی خواوهندانەدایە، زەریا گه‌وره‌که به ڕه‌نگه سپی و شینه کاڵه‌که‌یه‌وه له‌نێو بریسکه‌ی هه‌تاو و ته‌می ئاسۆگه و ڕه‌نگی ئاسماندا تێکه‌ڵاو بووه.
ڕه‌نگه‌کان به به‌رده‌وامیی گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت: ڕه‌نگی ده‌ریاو ئاسمان و تیشکی هه‌تاوه‌که. ڕه‌نگی هه‌موو شته‌کان به به‌رده‌وامیی له گۆڕاندان، دیوار و ساپیته‌ی ژووره‌که‌م، به‌له‌می ماسیگره‌کان، لمی که‌نار زه‌ریاکان، لق‌و پۆپی دار‌و دره‌خته‌کان، په‌ڕوباڵی نه‌وڕه‌س و ته‌نانه‌ت ئه‌ستێره‌کانی ئاسمان. ڕه‌نگه‌کان له‌م وڵاته‌دا له گه‌مه‌یه‌کی پەلکەزێڕینەدان و له ساتێکه‌وه بۆ ساتێکی تر گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا دێت. له بانیژهکهدا داده‌نیشم و ته‌ماشای زەریاکه ده‌که‌م، وه‌کو ئه‌وه وایه له‌ناو به‌له‌مێکدا دانیشتبم. به‌له‌مه‌که له‌نگه‌ری گرتووه، زەریاکهش له چاوه‌ڕوانیی شنه‌با و شه‌پۆلێکی بچوک و گه‌مه‌ی نهوڕهسهکاندا وه‌ستاوه. چه‌ندین که‌شتی چارۆکه‌دار لە دووره‌وه بە بچووکی ده‌بینم، زه‌ریاکه ده‌بڕن و له ئاسۆگه سپییه‌کاندا، له‌نێو ته‌مومژ و هه‌ور و زه‌ریا و ئاسماندا بزر ده‌بن. ئێرە (نیشتمانه شاراوه)که‌ی کازانتزاکیس-هو ئێستا و له‌م ساته‌دا، له‌ژێر تیشکی خۆره‌که، وه‌ک پارچه زێڕێک ده‌بریسکێته‌وه و له چاوتروکانێکدا بەرگە ئەفسانەییەکەی جارانی دەپۆشێت.
قه‌ڵایه‌ک ده‌بێته شار
ئه‌م ناوچانه له سه‌رده‌مه دێرینه‌کانی به‌ر له‌دایکبوونی مه‌سیحدا به‌شێک بوون له سه‌ره‌تا و ده‌ستپێکردنی شارستانییه‌تی گرێکلاند. که‌شتییه‌کان له که‌ناره‌کانی ئه‌م ناوچانه‌وه هاتوچۆیان کردووه، سوپاکان له‌م شوێنانەدا به یه‌کدا هه‌ڵپژاون، فه‌یله‌سوف و رۆشنبیره‌کان لێره‌وه چوون بۆ ئه‌سینا و شار و جێگه‌کانی تر. شاری که‌ڤاڵه له قه‌ڵایه‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات، قه‌ڵاکه فراوان ده‌بێت و به‌چوارده‌وریدا بۆ خواره‌وه ده‌بێته شار. ئه‌م قه‌ڵایه به‌سه‌ر تهپۆلکەیهکی به‌رزه‌وه‌یه و ده‌که‌وێته ناوه‌ندی ئەمرۆی شاری کەڤاڵەوە، هه‌ر لێره‌شه‌وه به‌شێک له مێژووی ئه‌م شاره ده‌ستپێده‌کات و هێزه داگیرکه‌ره‌کان ئه‌م قه‌ڵایه ده‌که‌نه پێگه و بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی و ئیداری خۆیان. رۆمه‌کان، مه‌که‌دۆنییه‌کان، بێزه‌نتینیه‌کان، فێنیسییهکان و تورکه‌کان دێنه ئه‌م قه‌ڵایه‌وه، خاپووری ده‌که‌ن و سه‌رله‌نوێ دروستی ده‌که‌نه‌وه و دواتر به‌وشێوه‌یه‌ی لێده‌که‌ن که خۆیان مه‌به‌ستیان دەبێت6.
له که‌ناری زەریاوه سه‌یرێکی قه‌ڵاکه ده‌که‌م، ریگهکهی له به‌شه دێرینەکەی شاره‌وه به‌ره‌و سه‌ره‌وه، بۆ ناو قه‌ڵاکه درێژبۆته‌وه. له دووره‌وه وه‌ک شورایه‌کی گه‌وره یان پردیک (ئهکڤادوکت)ێک به تاقه به‌رز و زه‌به‌لاحه‌کانییه‌وه به‌رزبۆته‌وه7.
له تاقه‌کانی ئه‌م ئهکڤادوکته گه‌ورانه‌وه که بۆته ده‌روازه‌یه‌ک بۆ قه‌ڵاکه، ده‌چمه ژووره‌وه، به کۆڵانه باریکه پێچاوپێچه‌کاندا یه‌ک له‌دوای یه‌ک سه‌رده‌که‌وم تا ده‌گه‌مه ناو قه‌ڵاکه. به‌ر له‌وه‌ی بچمه نێو ده‌رگاکه‌وه، له‌به‌رده‌م تاوه‌ره به‌رزه‌که و به به‌رزاییه‌که‌وه، شانۆیه‌کی بچوک به‌شێوه‌ی نیوه بازنه‌یی به رووی ئاسماندا کراوه‌ته‌وه8. قه‌ڵاکه‌ش له دوو به‌ش پێکهاتووه، به‌شی ده‌ره‌وه و به‌شی ناوه‌وه، ئه‌م دوو به‌شه‌ش به شورایه‌ک له‌یه‌ک جیاکراونەتهوه، له ده‌روازه‌ی قه‌ڵاکه‌شدا تاوه‌رێکی خڕی گه‌وره به‌رزبۆته‌وه.
له‌سه‌ر تاوه‌ره‌که‌وه نه‌ک ته‌نها شاری که‌ڤاڵه، به‌ڵکو هه‌موو ناوچه‌که، که‌ناره‌کان، رێگاکانی ده‌وروبه‌ر، چیاکانی پشتەوە، هه‌موو ئاسمان لێره‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م تاوه‌ره‌وه دیارن9.
• شارێک لەودیو سنووره‌کانی بیرچوونه‌وه‌دا
ده‌مه‌وئێواره‌یه‌کی دره‌نگ لیسا و دالیا له دانیمارکه‌وه ده‌گه‌نە که‌ڤاڵه. تییۆ-ی شۆفێر دێت و پێکه‌وه ده‌چین به‌شوێنیاندا، تییۆ به رێگایه‌کی کۆندا ده‌ڕوات که به‌نێو کۆمه‌ڵێک چیا و که‌ناری زه‌ریا و دارزه‌یتوون و ره‌زی ترێدا تێده‌په‌ڕێت.
شه‌قامه‌که له پێچێکدا، له تووله رێگایه‌که‌وه به‌نێو چیاکان‌دا به‌رزده‌بێته‌وه، هه‌ندێک جار لێره و له‌وێ ئاسه‌واری کۆشک و هۆڵه گه‌وره دێرینه‌کان ده‌بینین. تییۆ له‌نزیک ئه‌م ئاسه‌واره دێرینانه‌وه که رۆژێک له رۆژان کۆشکی پادشا، په‌رستگه‌ی خواوه‌نده‌کان و ماڵی ده‌سه‌ڵاتداران بووه، ماشێنه‌که‌ی هێدی ده‌کاته‌وه، به په‌نجه ئاماژه‌یان بۆ ده‌کات و چیرۆکە مێژووییه‌کانم بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
له‌و جیهانه‌دا خواوه‌نده‌کان له‌نێو خه‌ڵک و له‌سه‌ر زه‌وی ژیاون، ئه‌فسانه‌کانیش به‌شێک بوون له واقیعی ژیان و واقیعیش ئه‌فسانه‌کانی دروستکردووه. ئێستاش ئه‌م ئاسه‌وارانه بوونەتە شاری مردووه‌کان و خواوه‌نده‌کانیش نه له واقیع و نه له ئه‌فسانه‌کانیاندا نه‌ماون و بەتەواوەتی له‌بیرکراون.
مێژووی ئه‌مڕۆ، مێژووی دوێنێ و مێژووی رابردوویه‌کی دێرین له‌سه‌ره رێگایه‌کدا، به‌قه‌د چیا و لاپاڵی گرده‌کانه‌وه، له به‌رده‌وامییه‌کی هه‌میشه‌ییدایه. به‌رله‌وه‌ی بگه‌ینه فڕۆکه‌خانه‌که له پێچێکدا ئاسه‌واره‌کان، شاری پادشا و کۆشکه‌کان له پشتمانه‌وه و له‌ناو ته‌پوتۆزی دوای ماشێنه‌که‌وه بزرده‌بن.
به‌رده‌م فڕۆکه‌خانه‌که چۆڵ و هۆڵه، مانگرتنی شۆفێره‌کان هه‌ر به‌رده‌وامه. تییۆ بۆئه‌وه‌ی نه‌ناسرێته‌وه، ماشێنه‌که‌ی له په‌نایه‌کدا راده‌گرێت و هه‌ر له‌ناو ماشێنهکهشدا پێشوه‌خت کرێکه‌ی وه‌رده‌گرێت.
• فێستیڤاڵی فیلیپی
له ئاسه‌واره دڕێرینهکانی شاری فیلیپی-دا، شانۆیه‌کی کۆنی گرێکی وه‌ک خۆی پارێزراوه، تا ئێستاش نه‌مایشی شانۆیی تێدا پێشکه‌ش ده‌کرێت و له ساڵی 1975یشه‌وه ساڵانه و له وه‌رزی هاویندا فێستیڤاڵی فیلیپی له‌م شانۆ دێرینه و له‌نێو ئاسه‌واره‌کانی شاری فیلیپی و ئامێزی چیاکانیدا ساز دەدرێت10.
له سه‌ده‌ی پێنج سه‌د تا چوار سه‌دی به‌ر له زایین‌دا، چالاکی شانۆیی و فێستیڤاڵی دیۆنیزیۆس، به چه‌شنی فێستیڤاڵه‌کانی ئه‌سینا، له‌سه‌ر ئه‌م شانۆیه و له شاری فیلیپی پێشکه‌شکراوه.
شانۆی گرێکی له‌م به‌شه‌ی گرێکلاندیشدا، له سه‌رچاوه پڕ له ڕاز و نهێنییە ئایینییەکانەوە، له ریتواڵهکانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکییه‌وه، له فێستیڤاڵه‌کانی دیۆنیزیۆسهوه، له ئه‌فسانه و جموجوڵه رۆشنبیری و کلتوورییه‌کانه‌وه وزه‌ی خۆی وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامانه که‌سی تاک وه‌ک مرۆڤێکی سه‌ربه‌خۆ له فه‌لسه‌فه و مێژووی گرێکیدا، له شانۆ و بواره‌کانی تردا به به‌رده‌وامی دووپاتکراونهتهوه و بینراون. ئه‌و تاکه که‌سانه که چاره‌نووسیان له‌وه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌کانه‌وه دیاریکراوه، ناو و پێناسێکی تایبه‌تمه‌ندیا ن هەبووە و له‌ناو خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگادا ژیاون. ئه‌و که‌سانه یان ئه‌و پاڵه‌وانانه وه‌ک پادشا، سه‌رکرده، خه‌ڵکی ئاسایی، که‌سانی بێ به‌زه‌یی، میهره‌بان و بێ باک، له‌ناو رووداو و ره‌وشه درامی و بارودۆخه جیاوازه‌کاندا ده‌رکه‌وتوون.
له‌م شانۆنامانه‌دا هه‌میشه که‌سانێک به‌ناوی ئه‌نتیگۆنا، مێدیا، کهساندرا، ئاگامێمنون، کریۆن، ئێلێکترا، ئۆرێستیێن، په‌یامنێر و سه‌رباز…هتد ده‌رکه‌وتوون. ئه‌فسانه تێکه‌ڵاوی واقیع بووە و واقیع بووەتە ئه‌فسانه و شتێکی تریان دروست کردووه. بینه‌رانیش به‌رله‌وه‌ی بچن بۆ شانۆکان، رووداوه‌کانیان زانیوه، که‌سایه‌تییه‌کانیان ناسیوه و ئه‌فسانه‌کانیش به‌شێک بوون له ژیانیان.
فێستیڤاڵی فیلیپی-یش هه‌وڵێکی به به‌های زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌و شانۆ و کلتوور و ژیانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی گرێکییهکانه، ساڵانه له‌م فێستیڤاڵه‌دا تراژیدیا و کۆمیدیای گرێکی به به‌رده‌وامیی نه‌مایش ده‌کرێن. هەروەها شانۆنامه مۆدێرنەکانی گرێکلاند، شانۆی کلاسیکی ئه‌وروپی، شانۆی ئه‌مریکی، گروپی میوانی شانۆی چینی و ژاپۆنی، سه‌مای مۆدێرن و هه‌موو جۆره نه‌مایشێکی تری تێدا پێشکه‌ش ده‌کرێت. ئه‌مساڵ شه‌کسپیر به‌شێکی گرنگی ئه‌م فێستیڤاڵه‌یه، ماکبس، هاملێت و ئۆتێللۆ له‌سەر شانۆ دێرینه‌که‌ی فیلیپی و له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی ئه‌م شاره‌وه نه‌مایش ده‌کرێن.
• به‌ده‌م چاوه‌ڕووانی ئۆتێللۆ-وه
دیواری نیوه روخاو، شوورا، تاوه‌ر و بناغه دێرینه‌که‌ی شاره‌که، به‌بێ خواوه‌نده‌کانیان، به‌بێ پادشا و پاڵه‌وان و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان، لێره و له‌وێ دیارن. له باخچه‌یه‌کی بچووکدا نووسه‌رێک به جلوبه‌رگی کۆنی گرێکییەوە، کۆمه‌ڵێ که‌سی له خۆی کۆکردۆته‌وه و شیعریان بۆ ده‌خوێنێته‌وه11.
شاعیری باخچه‌که له خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانی بۆته‌وه، هه‌ندێک که‌س لێی چوونه‌ته پێشه‌وه و وێنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌گرن، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن و ئه‌ویش به سیمایه‌کی پڕ له زه‌رده‌خه‌نه‌وه وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه، به باشی چووه‌ته رۆڵه‌که‌یه‌وه و وا هه‌ست ده‌کات فیگورێکی سه‌ده‌ی پێنجی به‌ر له زایینه و به سه‌ردانێکی کت‌وپڕ بۆ ئه‌م زه‌مه‌نه مۆدێرنه‌ی ئێمه گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هێدی هێدی تاریک دادێت، کاتی نه‌مایشه‌که نزیک ده‌بێته‌وه و شه‌پۆلی خه‌ڵکه‌که به‌ره‌و ده‌روازه‌ی شانۆکه ده‌ڕۆن. ئه‌کته‌ره‌کان له هه‌موو لایه‌که‌وه، به شاپڵیته‌ی ئاگره‌وه دێنه ده‌ره‌وه، رێنمایی بینه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن و به‌ره‌و شانۆ ئێجگار گه‌وره‌که به‌ڕێمان ده‌که‌ن. ئاگر له‌لای گرێکییه‌کان سه‌ره‌تای هه‌موو شته ماتریاڵییه‌کان و هێماگه‌لی بزافێکی به‌رده‌وام بووه: هه‌موو شتێک له جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامدایه، له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه و له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌کی کڵپه‌ی ئاگر بۆئه‌وه‌یه به به‌رده‌وامیی له هه‌ڵکشاندا بێت. هه‌موو شتێک ده‌جووڵێت، به‌ڵام له‌و جووڵانه‌وه‌یه‌دا گۆڕانکاری دروست ده‌بێت و شێوازی جیاوازی سه‌مائامێز له‌خۆی ده‌گرێت12.
به کۆڵانێکی باریکی خۆڵاوییدا ده‌ڕۆینه نێو شانۆکه‌وه، پانتاییه‌کی ئێجگار گه‌وره، به شێوه‌یه‌کی نیوه بازنه‌یی له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، له ئامێزی گردێکدا به‌رزبۆته‌وه. پانتایی شانۆکه‌ش به به‌رزاییه‌که‌وه و به نیوه بازنه‌یی، له‌گه‌ڵ نیوه‌که‌ی تری‌دا، بازنه‌یه‌کی ئێجگار مەزنیان دروست کردووه. پانتایی شانۆکه له‌به‌رده‌می دارستانێکدایه و چیا به‌رزه‌کانیش له دوورەوە بوونه‌ته فۆندێکی سروشتی و دیمه‌نێکی هه‌ست وروژێنیان دروست کردووه.
بینه‌ران له هه‌موو لایه‌که‌وه به شانۆکه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و کورسییه به‌ردینه پان و ره‌قه‌کانی پڕده‌که‌نه‌وه و چاوه‌ڕوانی نهمایشهکهن. ئه‌مجاره هیچکـام له تراژیدیا‌کانی گرێکلاند نه‌مایش ناکرێت، به‌ڵکو له‌بری ئه‌وه بازێکی گه‌وره‌مان به‌سه‌ر زه‌مه‌ندا داوه و له سه‌ده‌ی پازده و له رێنیسانسی ئه‌وروپاوه ئۆتێللۆ-ی شه‌کسپیر له فیلیپی میوانه و چیرۆکی شه‌ڕانگێزیی و دڵپیسیی و خۆشه‌ویستیمان بۆ ده‌گێڕنه‌وه.
• تراژیدیای ئۆتێللۆ
شانۆنامه‌ی ئۆتێللۆ له پێنج په‌رده پێکهاتووه، په‌رده‌ی یه‌که‌می له به‌نده‌ره‌کانی ڤێنیسیا-ی ئیتاڵیا و چوار په‌رده‌که‌ی تری له قوبروس رووده‌ده‌ن. شه‌کسپیر ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی له‌نێوان ساڵانی 1602 – 1603دا نووسیوه.
له سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌مدا دێزده‌مۆنه ره‌دووی ئۆتێللۆ ده‌که‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوکی دێزده‌مۆنه به‌و په‌یوه‌ندییه رازی نییه، له‌هه‌مانکاتدا ئۆتێللۆ، کاسیۆ ده‌کاته به‌رپرسێکی باڵای سوپا و به‌وه‌ش یاگۆ رق له ئۆتێللۆ هه‌ڵده‌گرێت.
له‌م کاته‌دا که‌شتییه سه‌ربازییه‌کانی تورکیا به‌ره‌و قوبروس ده‌ڕۆن، دێزده‌مۆنه شوو به ئۆتێللۆ ده‌کات وهەر لەم ساتەوەختە گرژەدا، گه‌وره پیاوانی شار ئۆتێللۆ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی سه‌ربازی به‌ره‌و قوبروس دژی تورکه‌کان ده‌نێرن. یاگۆ ده‌یه‌وێت تۆڵه له ئۆتێللۆ و کاسیۆ-ش بکاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و بۆ ڕێگاخۆشکردنی پیلانەکەی، به گوێی ئۆتێللۆدا ده‌چپێنێت که کاسیۆ عاشقی دێزدهمۆنهیه. له‌هه‌مانکاتدا شانۆگه‌رییه‌ک دروست ده‌کات و ده‌توانێت کاسیۆ و رۆدریگۆ به شه‌ڕ بدات. ئۆتێللۆ تووڕه ده‌بێت و سزای کاسیۆ ده‌دات. یاگۆ له‌هه‌مانکاتدا کاسیۆ هانده‌دات که داوا له دێزده‌مۆنه بکات تا لای ئۆتێللۆ داوای یارمه‌تی بۆ بکات، به‌مه‌ش هێنده‌ی تر ئۆتێللۆ خانه‌گومان ده‌کات.
سه‌ربازه‌کانی ئۆتێللۆ به‌هۆی تێکشکانی کهشتیگەلی تورکه‌کانه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، هه‌رچه‌نده کاسیۆ پاسه‌وانه، به‌ڵام یاگۆ به فێڵ و زۆرزانیی سه‌رخۆشی ده‌کات و له‌گه‌ڵ مۆنتانۆ به‌شه‌ڕی ده‌دات. ئۆتێللۆ هێنده‌ی تر له کاسیۆ تووڕه ده‌بێت و به ته‌واوه‌تی له‌خۆی و لە سوپا دووری ده‌خاته‌وه. یاگۆ سه‌رله‌نوێ هانی کاسیۆ ده‌دات بچێته لای دێزده‌مۆنه تا له‌لای ئۆتێللۆ تکای بۆ بکات. یاگۆ خۆیشی ئه‌م کێشه‌یه له‌لای ئۆتێللۆ دژی کاسیۆ و دێزده‌مۆنه به‌کاردێنێت و ئۆتێللۆ به ته‌واوه‌تی ده‌خاته گومانه‌وه.
دێزده‌مۆنه ئه‌و ده‌سته‌سڕه‌ی که ئۆتێللۆ به دیاری پێشکه‌شی کردووه، لێده‌که‌وێت و ئێمیلیا-ی ژنی یاگۆ، که که‌نیزه‌کی نێزیکی دێزدهمۆنهیه، هه‌ڵیده‌گرێته‌وه، به‌ڵام یاگۆ به زۆر ئه‌و ده‌سته‌سڕه له ئێمیلیا وه‌رده‌گرێت و بۆ خۆشکردنی ئاگره‌که فڕێی ئه‌داته ماڵی کاسیۆ-وه. دواتر یاگۆ ده‌سته‌سڕه‌که وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ سه‌لماندنی ناپاکی دێزده‌مۆنه به‌کاردێنێت، ئۆتێللۆ به‌مه شێتگیر ده‌بێت و بڕیاری تۆڵه سه‌ندنه‌وه ئه‌دات. له ئه‌نجامدا ئۆتێللۆ دێزده‌مۆنه ده‌کوژێت، که پلانه‌کانی یاگۆش ئاشکرا ده‌بن و ئۆتێللۆ پاکی دێزده‌مۆنه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، یاگۆ بریندار ده‌کات و له کۆتاییدا خۆیشی ده‌کوژێت.
• بنه‌ماکانی شه‌ڕ و ریژیسۆرێکی میکیاڤیللی
ئۆتێللۆ هه‌روه‌کو شالیر و ماکبس تراژیدیای ئه‌و مرۆڤانه‌ن که به ته‌نها خۆیان له‌ژێر ئاسمانێکی خامۆشدا ده‌بیننه‌وه. له کۆتاییدا و دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو پلانه‌کان ئاشکرا ده‌بن، یاگۆ ده‌خرێته ژێر ئه‌شکه‌نجه‌وه، به‌ڵام ئۆتێللۆ هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌رده‌ی دووه‌مه‌وه ئه‌شکه‌نجه ده‌درێت و به چه‌شنی شالیر و ماکبس ده‌که‌وێت و راپێچی مه‌رزه‌کانی دۆخێکی ده‌روونی ناهه‌موار ده‌کرێت. ئۆتێللۆ به ئه‌زموونێکی چڕ و توندوتیژی مرۆڤایه‌تیدا، زۆر بەخێرایی له ترۆپکەوە بۆ خواره‌وه، به‌ره‌و که‌وتن و داڕمانێکی سه‌راپاگیر و ته‌واوه‌تی ده‌ڕوات. ماناکانی ژیان و بی مانایی گه‌ردوون، ته‌نها له کۆتاییدا، له دوا وێستگه‌کانی ئه‌و تراژیدیایه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، له‌وێدا له بنه‌ماکانی داڕمان و له‌ده‌ستدانی هه‌موو شتەکاندا، لەشەوە تاریکە پڕ لەپیلانەکاندا گه‌وهه‌ره ڕاستەقینەکانی مرۆڤمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. ئۆتێللۆ ده‌بێته هێمای شه‌و، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەو ده‌یه‌وێت تۆڵەی نامووسی خۆی لە شەودا بکاتەوەو که‌سێکی نێزیک و خۆشەویستی خۆی له شه‌ودا بکوژێت. ئۆتێللۆ چ شتێک له‌م شه‌وه تاریک و توندوتیژانه‌دا به‌کارده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ی پی ئه‌نجام بدات؟
_ژه‌هر
_ته‌ور
_ چه‌قۆ
_چەک
_یان پەتی سێدارە؟
نه‌خێر له‌بری ئه‌مانه سه‌رینێک به‌کاردێنێت. ئۆتێللۆ دێزده‌مۆنه به‌و سه‌رینه ده‌خنکێنێت که یه‌که‌م ماچه‌کانی له شه‌وی تاریکی بوکێنیدا له‌سه‌ر کردووه و هه‌ر ئه‌و سهرینهش له شه‌وێکی تاریکی تردا، دوا هه‌ناسه‌کانی ده‌گرێت و ده‌یخنکێنێت. شێواز و ئامرازی کوشتنی دێزدەمۆنە بەهایەکی هێماگەلی هەیەو پابەندە بە ژیانی هاوسەرگیری ئۆتێللۆ و دێزدەمۆنەوە.
یاگۆش لەم تراژیدیایەدا، هێماگه‌لی شه‌ڕێکی ره‌هایه و ته‌نها رقی له ئۆتێللۆ نییه، به‌ڵکو رقی له هه‌موو که‌سێک و هه‌موو شتێکه و به‌رده‌وام به بێووچان بە دوای قوربانییەکانیدا، به‌دوای فێڵێکدا و به دوای جیهانێکدا ده‌گه‌ڕێت تا خاپوری بکات. یاگۆ ته‌نها بیر له دروستکردنی تراژیدیایه‌ک ناکاته‌وه، تراژیدیا هێزی شه‌ڕانگێزی ده‌روونی ئه‌و دانامرکێنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت هه‌ر خۆیشی تراژیدیاکه دروست بکات، پلانەکانی داڕێژێت، په‌یوه‌ندییه‌کان ههڵبوهشێنێتەوە، کاره‌کته‌ره‌کانی به ده‌ستی یه‌ک به کوشت بدات و هه‌ر خۆیشی رۆڵه‌کان به‌سه‌ر چوارده‌ور و ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا دابه‌ش ده‌کات و رۆڵی سه‌ره‌کییش به‌خۆی ده‌به‌خشێت.
یاگۆ له‌م گه‌مه‌یه‌دا ریژیسۆرێکی میکیاڤیللییه، فیڵهکانی زۆرن و له‌هه‌مانکاتدا نادیار و شاراوه‌ن و پلانه‌کانی هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی په‌رده‌ی یه‌که‌مه‌وه دیارن.
ئه‌م شانۆنامه‌یه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان گفتوگۆیه‌کی قووڵی نێوان ئۆتێللۆ و یاگۆیه و هه‌ردووکیان ده‌یانه‌وێت له شوێنی خۆیانه‌وه پێناسه‌یه‌ک بۆ سروشت و جیهان بکه‌ن: په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌م جیهانه‌وه چییه و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ین، خێر یان شه‌ڕ و پاساوی ئازاره‌کانمان له چیدا بدۆزینه‌وه و چ سنوورێک بۆ به‌رگه‌گرتنی ئازاره‌کانی مرۆڤ هه‌ن؟ جیهانێک که ئۆتێللۆ به ئاسانی بڕوا به ناپاکیی دێزده‌مۆنه بکات، که ناپاکی و خیانه‌ت شتێکی شیاو و ئاسایی بێت، که له‌وێدا ئۆتێللۆ دێزده‌مۆنه بکوژێت، له‌و جیهانه‌دا که نه هاوڕێیه‌تی، نه پاکی و لایه‌نگیری نه‌بن. له‌و جیهانه‌دا ئۆتێللۆ بڕوا به هه‌موو درۆکان ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاماده‌یه کاسیۆ بکوژێت و لە دێزده‌مۆنه بەگومان بێت.
ئۆتێللۆ ده‌یه‌وێت به کوشتنی دێزده‌مۆنه ماناکان بۆ ژیان، بۆ خۆی و بۆ جیهانیش بگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه که دێزده‌مۆنه ده‌کوژێت تا بتوانێت بنه‌ما ئاکارییه‌کان رزگار بکات، بۆئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ناموسی خۆی بکاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی به‌هاکانی خۆشه‌ویستی و پاکیزه‌یی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ رێسا مۆراڵییه‌کان.
ئه‌و جیهانه دنیایه‌کی شه‌ڕانگێزه و یاگۆش ریژیسۆرێکی وریا و به سه‌لیقه‌یه. یاگۆ شه‌ڕه‌که ته‌نها له‌سه‌ر ئاسته هۆشیارییه‌که ناباته‌وه، به‌ڵکو ستراکتور و زمانی گه‌مه و ئه‌کته‌ره‌کانیش ده‌باته‌وه. ئۆتێللۆیه‌کی ئازا، جوامێر و سه‌ربه‌رز ده‌بێت سوکایه‌تی پێبکرێت و تێکبشکێنرێت.
هۆکار و رووداوه‌کان ئۆتێللۆ به چه‌شنی لیری پادشا به‌ره‌و شێتبوون ده‌به‌ن، ئۆتێللۆ به زمانی لیری شێت و ته‌نها قسه ده‌کات و زمانه رهوانبێژهکهی، زمانه سه‌ربازییه‌که‌ی و زمانه دیپلۆماتییه‌که‌ی لەدەست ئەدات. لەکۆتاییشدا هیچ شتێک له مرۆڤه‌که‌ی ناوه‌وه‌یدا نامێنێته‌وه.
دێزدهمۆنهش ده‌ست له هه‌موو شتێک هه‌ڵده‌گرێت، هه‌موو شتێک له پێناوی ئۆتێللۆدا بەجێده‌هێڵێت، په‌له‌یه‌تی و نایه‌وێت چیتر هیچ شه‌وێکی تر به ته‌نیایی رۆژ بکاته‌وه و ره‌دووی ئۆتێللۆ ده‌که‌وێت و له‌گه‌ڵیدا دەڕوات بۆ قوبروس.
دێزدهمۆنە عاشقی ئۆتێللۆیە، له‌هه‌مانکاتدا هه‌موو پیاوه‌کانی تر، یاگۆ، کاسیۆ و رۆدریگۆ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان گیرۆده‌ی عه‌شق و که‌سایه‌تی دێزدهمۆنهن، دێزدهمۆنهش له‌م دووڕیانه‌دا قوربانی ئازاره‌کانی خۆیه‌تی. خۆشه‌ویستییه‌که‌ی، عه‌شقه‌که‌ی بۆ ئۆتێللۆ دژی خۆی قسه ده‌کات و دەشبێتە هۆی مردنی.
له کۆتاییشدا دێزدهمۆنای پاک و شۆخ، رۆدریگۆی گێل، ئه‌میلیای به‌وه‌فا و ئۆتێللۆش ده‌مرن. هه‌ر هه‌موو ده‌مرن. به کورتی ده‌توانین بڵێین له تراژیدیای ئۆتێللۆی شه‌کسپیردا هه‌ر هه‌موو کارەکتەرەکان دۆڕاون.
• نه‌مایشه‌که
– ئۆتێللۆ له‌نێوان باوه‌ڕ و گوماندا
سینۆگرافیا و پانتایی شانۆکه رووبه‌رێکی به‌تاڵی چوارگۆشهئاسای سووره، پارچه قوماشێکی گه‌وره‌ی زه‌رد به نه‌خش و نیگار و پیتی عه‌ره‌بی رازێنراوه‌ته‌وه و له‌و پانتاییه به‌تاڵه‌ی شانۆکه‌دا دانراوه. فۆندێکی گه‌وره له قووڵایی شانۆکه‌دا و به‌رامبه‌ر به بینه‌ران به‌رزبۆته‌وه، به‌هه‌مان شێوه فۆندهکهش چه‌ند پیتێکی عه‌ره‌بی، که به شێوه‌ی زه‌خره‌فه و تابلۆ چوون به‌ناو یه‌کدا، له‌سه‌ر کێشراوه.
ریژیسۆری شانۆییه‌که رۆڵێکی گه‌وره‌ی به‌خشیوه به ده‌سته‌سڕه‌که‌ی دێزده‌مۆنه که ئۆتێللۆ له دایکییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له دیدێکی شانۆیی و چاره‌سه‌رێکی هونه‌رییه‌وه، کاره‌کته‌ری دایکی ئۆتێللۆ کە له شانۆنامه‌که‌ی شه‌کسپیردا نییه، به شێوه‌ی تارماییه‌ک ده‌رده‌که‌وێت.
ده‌سپێکی نه‌مایشه‌که به‌ده‌م ئاواز و مۆسیقایه‌کی عه‌ره‌بییه‌وه، تارمایی ئافره‌تێک به جلوبه‌رگی ئاودامانی ره‌شه‌وه دێته ده‌ره‌وه، پارچه قووماشه زه‌رده‌که‌ی سه‌ر شانۆکه هه‌ڵده‌گرێت و سه‌مایه‌کی قه‌ره‌جانه، نزیک له سه‌مای میللی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌کات. ریژیسۆری شانۆنامەکە ئەم سەمایە، ئەم کۆریۆگرافیا جیاوازە، دەکاتە دەستپێکی پەیوەندییە ئاڵۆزەکان، بەرجەستەکردنی کلتورێکی تر‌و سەرەتای کێشەکان، ئه‌م کاره‌کته‌ره که هێماگه‌لی دایکی ئۆتێللۆیه، به چه‌شنی تارماییه‌که‌ی باوکی هاملێت له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت و پێشبینی کاره‌ساتێک ده‌کات. ئه‌م دیمه‌نه له تاریکیدا رووئه‌دات، له‌پڕ گوێمان له ده‌نگی بانگه و دنیا به هێواشی رووناک ده‌بێته‌وه، دایکی ئۆتێللۆ له‌نێو تاریکییه‌که‌دا بزر ده‌بێت و رووناکییهکهش رێگا بۆ ئێمیلیای ژنی یاگۆ خۆشدەکات، ده‌سته‌سڕه‌که ده‌بینێت، هه‌ڵیده‌گرێته‌وه و ده‌چێته ده‌ره‌وه.
لێرەدا بانگی بەیانی دەبێتە سەرەتای هێماکان و بانگەشەی ئاینی ئیسلام، کلتورێکی تر‌و داب و نەریتە کۆنەکان دەکات، لەهەمانکاتدا ڕووبەڕووی ئاینێکی تر‌و داب و نەریتێکی تری دەکاتەوەو بەمەش دووپاتی شەڕی ئایین لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، لەنێوان ئیسلام و مەسیحیدا دەکاتەوە.
ریژیسۆری شانۆنامه‌که رووداوه‌کانی هێناوه‌ته پێشه‌وه، کاره‌کته‌ره‌کان جلوبه‌رگی مۆدێرنیان له‌به‌ردایه، دیمه‌نی ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنه‌که ده‌بێته ئاهه‌نگی شه‌راب و شه‌مپانیا خواردنه‌وه، سه‌ما، مۆسیقای جاز و سه‌ربازه‌کان به جلوبه‌رگی سه‌ربازیی نوێوه دێنه ژووره‌وه. هه‌ر له‌م دیمه‌نه‌دا دێزده‌مۆنه و ئێمیلیاش وه‌ک دوو کیژی گه‌نجی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ دەردەکەون، دێزده‌مۆنه له‌م دیمه‌نه به‌راییه‌دا ده‌سته‌سڕه‌که‌ی به ده‌سته‌وه‌یه، سه‌مای پێده‌کات و نهمایشهکهش له‌م رووه‌وه رۆڵێکی گه‌وره ده‌به‌خشێته بوون و به‌های ئه‌و ده‌سته‌سڕه. تارماییه‌کی ئاماده و نه‌بینراو به درێژایی شانۆنامه‌که لێره و له‌وێ ده‌رده‌که‌وێت، چاودێری رووداوه‌کان ده‌کات و هه‌ندێک جار به کوپێک قاوه‌وه دێته ژووره‌وه بۆ لای ئۆتێللۆ و له دیمه‌نێکی کورت و له چاوتروکانێکدا، له‌گه‌ڵ ئۆتێللۆ ده‌که‌وێته گفتوگۆ. که کاسیۆ و رۆدریگۆ به پیلانی یاگۆ به شه‌ڕدێن و له به‌رئه‌نجامدا رۆدریگۆ ده‌کوژرێت، ئافره‌ته ره‌شپۆشه‌که، تارمایی دایکی ئۆتێللۆ، دێته ژووره‌وه، نوێژ ده‌کات و له‌هه‌مانکاتدا له پشته‌وه گوێمان له ده‌نگی قورئان خوێندن دەبێت.
ریژیسۆر به‌م ورده‌کارییانه دووپاتی کلتوری ئیسلام و ترادیشونێکی تر ده‌کاته‌وه و هه‌میشه ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌کات و بیری بینه‌رانیش ده‌هێنێته‌وه که ئۆتێللۆ سه‌ر به کلتور و ئایین و دابونه‌ریتێکی تره. ئۆتێللۆ سه‌ر به ئێمه نییه (خۆرئاوا)، به‌ڵکو ئه‌و ره‌شپێسته، ئیسلامه و مه‌غریبییه.
نەمایشەکە دەیەوێت بەم کۆدە ئاینیانەوە، بەدووپاتکردنەوەو وەبیرهێنانەوەیەکی بەردەوامی هێماگەلە ئیسلامییەکانەوە، ئۆتێللۆ ببەستێتەوە بەڕووداوە هەنووکەییەکانی ئەمڕۆی جیهانەوە، بەدیدی گلوبالیزمەکردنی تیرۆریستە ئیسلامییەکان و لەهەمانکاتدا بەکێشەکانی ڕۆژئاوا/ڕۆژهەڵاتەوە.
هه‌ر لێره‌شه‌وه له‌بری تارمایی باوک، وه‌ک له هاملێتدا ده‌رده‌که‌وێت، تارمایی دایک ده‌هێنێت و یادگارهکهش (ده‌سته‌سڕه‌که) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دایک نه‌ک بۆ باوک.
ئه‌م دیمه‌نه ده‌بێته گه‌مه‌یه‌کی شانۆیی و به پارچه قوماشێکی ره‌شی گه‌وره و به یارمه‌تی کورسییه‌کانی سه‌ر شانۆکه، ژووری نووستنه‌که‌ی ئۆتێللۆ و دێزده‌مۆنه دروست ده‌که‌ن. هه‌موو دیمه‌نه‌که له پارچه قووماشێکی گه‌وره‌ی ره‌شدا ده‌بێته شه‌وه‌زه‌نگێکی شووم و ئۆتێللۆ له‌و تاریکییه‌دا، له پێخه‌فه‌که‌ی خۆیاندا، له ساته‌وه‌ختێکی پڕ له دڵپیسیی و تووڕه‌بوونێکی شێتانه‌دا، بەبێ بیرکردنەوە دێزده‌مۆنه ده‌کوژێت. تاوانه‌که ئاشکرا ده‌بێت و ئۆتێللۆ ده‌گیرێت، یاگۆش به ده‌ستبه‌سه‌رکراوی ده‌هێنرێته‌وه و له‌گه‌ڵ ئۆتێللۆدا پێکه‌وه که‌له‌پچه ده‌کرێن، ئۆتێللۆ فرسه‌ت دێنێت و به ده‌ستی که‌له‌پچه‌کراوه‌وه خۆی ده‌کوژێت.
یاگۆ دەگاتە بەرئەنجامی پیلانەکانی خۆی، دوا تاوان بە ئۆتێللۆ دەکات و لە هەموو بنەما گەوهەرییەکانی مرۆڤایەتی دایدەماڵێت. کەوتنێکی تراژیدی دەبێتە ترۆپکی تاوانەکان و ڕۆژێکی تر بەبێ ئۆتێللۆ، دێزدەمۆنە، ئەمیلیا، ڕۆدریگۆ لە تاریکی نیوە شەوەوە هەڵدێت.
سه‌عات دوازده‌ی شه‌و نه‌مایشه‌که کۆتایی دێت، ئۆتێللۆ و کاره‌کته‌ره‌کانی تر له‌نێو تاریکییه‌که و به‌ده‌م چه‌پڵه‌رێزانی بینه‌رانه‌وه له‌چاو بزرده‌بن. ئاگری شاپڵیتهکانی ده‌ره‌وه، له تاریکییه‌که‌دا سه‌ما ده‌کەن و رێگا باریک و بهردهڵانهکانمان بۆ رووناک ده‌که‌نه‌وه، شوورا و دیواره رووخا‌و و ئاسه‌واره دێرینه‌کانی تر وه‌ک تارمایی دیارن و چیا به‌رزه‌که‌ی به‌رامبه‌ریشمان به ته‌واوه‌تی له‌نێو ئاسمانه ره‌شه‌که‌دا شانیداداوه.
• محه‌ممه‌د عه‌لی پاشا له که‌ڤاڵه
له گۆڕه‌پانێکی گه‌وره‌ی به‌شه کۆنه‌که‌ی شاری که‌ڤاڵه په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی جه‌نگاوه‌رێک به سواری ئه‌سپێکه‌وه به‌رزبۆته‌وه، جه‌نگاوه‌ره‌که له رۆژهه‌ڵاتیی ده‌چێت و به کڵاووجامانهیهکهوه هه‌رده‌ڵێی ئه‌سپسوارێکی کورد، تورک یان فارسه13.
ماڵی محه‌ممه‌د عه‌لی–یش رێک به‌رامبه‌ر په‌یکه‌ره‌که‌یه، خانووبه‌ره‌یه‌کی دوو نهۆمیی به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو خانووبه‌ره‌کانی تری شاری کهڤاڵهدا جیاوازه. ئهرشیکتورهکهی عه‌ره‌بی و ئیسلامییه و له‌سەر تابلۆیه‌کی هه‌ڵکه‌ندراو، که به دیواری رووکاری ده‌ره‌وه‌ی خانووبه‌ره‌که‌دا هه‌ڵواسراوه، به پیتی عه‌ره‌بییه‌کی کۆن نووسراوه (ماڵی محەممەد عه‌لی پادشا)14. ئه‌م خانووه داده‌نرێت به گرنگترین هێماگه‌لی ئیسلام و قۆناغی داگیرکردنی عوسمانییه‌کان.
محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا والی که‌ڤاڵه بووه و دواتریش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی میسری گرتۆته ده‌ست و هه‌ر له‌وێش یه‌کێک له بنه‌ماڵه گه‌وره و ناسراوه‌کانی دروست کردووه، به‌ڵام له که‌ڤاڵه و له ساڵی 1769دا، له‌دایکبووه15.
ئه‌و ماڵه‌ی محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا تیایدا له‌دایکبووه، دواتر ده‌بێته باره‌گاکه‌ی، ئێستاش وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌کی رێکوپێک پارێزراوه‌و یه‌کێکە له مۆزه‌خانه گرنگه‌کانی که‌ڤاڵه و هه‌روه‌ها سه‌نته‌رێکی لێکۆڵینه‌وه‌شه16.
له ماڵی محه‌ممه‌د عه‌لی نزیک ده‌بمه‌وه، ده‌رگاکانی داخراون، به رێکه‌وت کارمه‌ندێک دێته ده‌ره‌وه، لێی ده‌چمه پێشه‌وه و سڵاوێکی لێده‌که‌م:
– داخراوه؟
– که‌ی ده‌کرێته‌وه؟
– دو مانگی تر.
شتێک پاره ده‌ردێنم، به شێوه‌یه‌کی نهێنیی و شاراوه بۆی راده‌گرم. زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک ده‌یگرێت، جگه‌ره‌که‌ی ده‌ستی فڕێ ده‌دات و ئاماژه‌یه‌کم بۆ ده‌کات، منیش شوێنی ده‌که‌وم.
لیسا و دالیا له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێم ده‌که‌ن، من به پێپلیکانه‌کاندا، له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌وه ده‌چمه سه‌ره‌وه، له‌پڕ له دیوه‌خانه‌که‌ی محه‌ممه‌د عه‌لی پادشادا خۆم ده‌بینمه‌وه.
خانووه‌که له دوو ده‌سته و له دوو نهۆم پێکهاتووه. دیوه‌خانه‌که گه‌وره و فراوانه، ساپیته‌که‌ی نزمه، چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌کی به‌سه‌ر زه‌ریاکه‌وه هه‌یه، بانیژه‌یه‌کی گه‌وره‌ش به درێژایی ژووری دانیشتنه‌که و رووه و زه‌ریاکه، دیوه‌خانه‌که‌ی کردووه به به‌شێک له زه‌ریاکه.
وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا به ریشێکی سپی درێژ و سه‌رو سه‌ربه‌ستێکی تێکه‌ڵاوی گه‌وره‌وه هه‌ڵواسراوه و له‌هه‌ر که‌سێک ورد ده‌بێته‌وه که دێته ئه‌م دیوه‌خانه‌وه.
له ده‌سته راسته‌وه و له رارهوێکی باریک و به پێپلیکانه‌یه‌کی پێچاوپێچدا داده‌به‌زمه خواره‌وه بۆ به‌شه تایبه‌تمه‌نده‌که‌ی محه‌ممه‌د عه‌لی، ژووری نووستن و چێشتخانه و باخچه‌یه‌کی دڵڕفێن و رازاوه.
کارمه‌نده‌که ئاماژه‌یه‌کی کاتژمێره‌که‌ی ده‌ستی ده‌کات که کاتی سه‌ردانه‌که ته‌واو بووه، به‌هه‌مان پێپلیکانه‌کاندا سه‌رده‌که‌ومه‌وه بۆ سه‌ره‌وه و له ده‌رگای دیوه‌خانه‌که‌وه دێمه‌وه ده‌ره‌وه.
کارمه‌نده‌که به سیمایه‌کی میهره‌بان و دوو چاوی زیته‌وه، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ پاره‌م لێ وه‌ربگرێت، ماڵئاواییم لێده‌کات و ده‌رگاکه داده‌خات.
• دوورگه‌ی تاسۆس و سه‌ره‌تا دێرینه‌کانی گرێک
به که‌شتییه‌کی گه‌وره‌ی دوو نهۆمیی کراوه دەڕۆین بۆ تاسۆس، ئەم دوورگەیە له که‌ناره‌کانی شاری کهڤاڵهوه ته‌نها سه‌عات و چاره‌کێک دووره. هه‌تاوه‌که‌ی گه‌رمه و موسافیره‌کان به خێرایی له که‌ناره‌که‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه وسواری که‌شتییه‌که دەبن.
دوورگه‌ی تاسۆس ده‌که‌وێته باکووری زه‌ریای ئیجه‌وه و یه‌کێکه له دێرینترین دوورگه‌کانی گرێک، ئاسه‌واره دێرینه‌کان، شانۆ کراوه‌که‌ی، سروشته رازاوه‌که‌ی گه‌واهی ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و شارستانییه‌تێکی چڕی سه‌ره‌تاکانی دروستبوونی گرێک ده‌ده‌ن. ئه‌م دوورگه‌یه سه‌وزه، دارستانی چڕ و چیای به‌رز و سه‌رکه‌شی تێدایه، چیاکان که‌وتوونه‌ته ناوه‌ڕاستی دوورگه‌که‌وه، دارستانه‌کانیش له‌ملاولای چیاکانه‌وه به چڕی به‌یه‌کداچوون و به شێوه‌یه‌کی سروشتی تا لوتکه‌ی چیاکان هه‌ڵکشاون.
کهشتییەکە له‌گه‌ڵ به‌ڕێکه‌وتنی، دووکه‌ڵه سپییه‌که‌ی به ئاسماندا بڵاوده‌کاته‌وه و ده‌ریاکه‌ش ده‌شڵه‌قێنێت، نه‌وڕه‌سه‌کان به پۆل له‌نێو شه‌پۆله سپییه کهفاوییهکهدا به قیڕه‌قیڕ دوامان ده‌که‌ون.
له که‌شتییه‌که‌وه سه‌یری که‌ڤاڵه ده‌که‌م، که تۆزێک به‌ر له ئێستا له زه‌ریاکه‌دا خۆی راده‌ژه‌ند، چیاکان و به‌نده‌ره‌کان هێدی هێدی له‌به‌رچاوم بچوک و بچوکتر ده‌بنه‌وه تا له‌وسه‌ری ئاسۆگه‌وه ده‌بنه ته‌نها تیشکێکی به‌ردینی بریسکهئاسا. له‌هه‌مانکاتدا که‌شتییه‌که بە گوڕێکی مه‌زنه‌وه زه‌ریاکه ده‌بڕێت و رووده‌کاته دوورگه‌ی تاسۆس و له که‌ناره‌کانیدا و له‌گه‌ڵ ئاوه‌که‌دا، له دهستهویهخهبوونهوهیهکی به‌هێز و هه‌ڵچوودا له‌نگه‌ر ده‌گرێت.
تاسۆس دوورگه‌یه‌کی بازنەییە، رێگایه‌کی قیرتاوکراو به درێژایی نه‌وه‌د و پێنج کیلۆمه‌تر ئه‌مسه‌ری دوورگه‌که ده‌به‌ستێته‌وه بهوسهرییهوه و ئاسه‌واره دێرینه‌کانیش له که‌ناری زه‌ریاکان، له‌سه‌ر چیا و لە رێگا به‌ردینه‌کانه‌وه، به‌رده‌وامییان به‌خشیوه‌ته ئه‌و ژیانه‌ی رۆژێک له رۆژان ده‌سپێکی شارستانییه‌تی گریک بووه.
له‌ودیو که‌نارێکی ماسیگره‌کانه‌وه ده‌ڕۆینه خواره‌وه، ماسیگره‌کان تۆڕه‌کانیان بڵاوکردۆته‌وه، هه‌ندێکیان گۆرانی ده‌ڵێن و هه‌ندێکی تریان خه‌ریکی تۆڕهکانیانن. له‌م گوێ زه‌ریایه بۆنی خوێ، ماسی وشکبۆوه، قه‌وزه و هاوین دێت. به رێگه به‌رده‌ڵانه‌که‌ی ئه‌م که‌ناره‌دا ده‌ڕۆینه خواره‌وه تا ده‌گه‌ینه ئه‌وسه‌ری گوێ ئاوه‌که، یه‌کێک له دێرینترین ئاسه‌واره‌کان لێره‌دا، له قووڵاییه‌کانی ژێرزه‌مینه‌وه، وه‌ک شارێکی نوستوو دۆزراوه‌ته‌وه.
بناغه‌ی شاره‌که، کۆشکی پادشا و تاوه‌ر و په‌رستگاکان له رووبه‌رێکی گه‌وره‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه، له‌سه‌ر گرده‌که‌ی به‌رامبه‌ری ئه‌م شاره‌ش، شانۆیه‌کی بچوکی کراوه ده‌ڕوانێته خواره‌وه.
خه‌ڵکی ئه‌م شاره به‌ر له دوو هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ، به تاک و به کۆمه‌ڵ به‌م گرده‌دا و له هه‌موو لایه‌که‌وه سه‌رکه‌وتوون بۆئه‌وه‌ی نه‌مایشی شانۆییه‌کان، ریتواڵه ئاینییه‌کان و ئاهه‌نگه‌کانیان ببینن.
تا ئێستاش له‌ملاولای ئه‌م گرده‌وه، له قه‌دپاڵی چیاکان، له‌نێو دارستانه‌کان و له نزیک که‌ناری زه‌ریاکه‌وه، گوندی بچوک هه‌ن و خه‌ڵکیان تێدا ده‌ژین، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به ماسیگرتن و راوه‌وه خه‌ریکن.
له‌سه‌ر گرده‌که‌وه، له شانۆ دێرینه‌که‌وه ده‌ڕوانمه خواره‌وه، لیسا و دالیا له‌گوێ ئاوه‌که، له‌نێو ئاسه‌واره‌کانی کلتورێکی چوار سه‌د هه‌زار ساڵیدا گه‌مه ده‌که‌ن، به‌رد فڕێ ده‌ده‌نه ئاوه‌که‌وه و به‌دوای باڵنده‌کاندا راده‌که‌ن.
دانا ره‌ئوف
په‌راوێزه‌کان
1. شاری که‌ڤاڵه بۆ چه‌ندین جار بووه‌ته گۆڕه‌پانی جه‌نگی گه‌وره‌ی خوێناوی و له‌لایه‌ن هێزی وڵاتانی تره‌وه داگیرکراوه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سیزه‌ره‌کانی رۆما، دوای ئه‌وان فێنیسییاییهکان، بێزه‌نتینیه‌کان، تورک و بولگارییه‌کان ته‌راتێنیان له‌م شاره و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا کردووه. ئه‌م شاره له ساڵی 1185دا به ته‌واوه‌تی خاپوور کراوه. که بێزه‌نتینیه‌کان که‌ڤاڵه داگیرده‌که‌ن، ناوه‌که‌ی له نیاپۆلیسهوه ده‌گۆڕن به (کریستۆپۆلیس)، تورکه‌کانیش له‌نێوان ساڵانی 1387-1391دا که‌ڤاڵه داگیرده‌که‌ن و به ته‌واوه‌تی وێرانی ده‌که‌ن، دواتر شارێکی تری تازه له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌کانی کریستۆپۆلیس دروست ده‌که‌ن و ئه‌و شاره نوێیه ده‌بێته که‌ڤاڵه.
بولگارییه‌کان له ساڵی 1912و له شه‌ڕی یه‌که‌می به‌ڵکاندا به ته‌واوه‌تی که‌ڤاڵه ده‌خه‌نه ژێر رکێفی خۆیانه‌وه، که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی گرێکییەکانیش له ساڵی 1913دا و له جه‌نگی دووه‌می به‌ڵکاندا دێنه‌وه که‌ڤاڵه. ئه‌م شاره سه‌رله‌نوێ و له‌نێوان ساڵانی 1941- 1944دا و له‌کاتی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا، له‌لایه‌ن بولگاریاوه داگیرکراوه‌ته‌وه. له کۆتایی ده‌یه‌ی په‌نجا و بۆ یه‌که‌مجار که‌ڤاڵه ده‌توانێت هه‌موو به‌نده‌ر و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ر و ته‌واوی شاره‌که بخاته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
2. ئێستا ئه‌م شاره له رووی چڕیی دانیشتوان و رووبه‌ره‌وه به دووه‌م شاری گه‌وره‌ی باکووری گرێکلاند دادەنرێت. که‌ڤاڵه به تایبه‌تی له ساڵی 1920 به‌دواوه، ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو گه‌شه‌ی کردووە، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و رێکه‌وتنه‌وه که گرێکلاند له‌گه‌ڵ تورکیادا مۆریدهکات. به‌پێی ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه هه‌موو ئه‌و گرێکییانەی له تورکیا ده‌ژیان، ناچاربوون بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گرێکلاند و به‌شێکی زۆریان له که‌ڤاڵه جێگیرکران.
3. لەو دەمەدا شاری که‌ڤاڵه به‌شێک بووه له وڵاتی مه‌که‌دۆنیا.
4. یه‌کێتی نووسه‌رانی سوێد له چه‌ند وڵاتێک، بۆ نموونه له (ئه‌سینا) و (که‌ڤاڵه)، له فه‌ڕه‌نسا و له ئه‌ڵمانیا خانووبه‌ره‌یان هه‌یه و بۆ حه‌وانه‌وه و شوێنی کارکردنی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کانیان بەکاریدێنن.
5. هه‌ر له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه کەڤاڵە ناوه‌ندێکی گرنگ و گه‌وره‌ی بازرگانیی تووتن بووه. سوێدییه‌کان له ساڵی 1930دا ئه‌م خانووبهرهیهیان دروستکردووه بۆ بازرگان و کارمه‌ند و کرێکار و میوانه‌کانیان که له که‌ڤاڵه به‌کاری بازرگانیی تووتنه‌وه خه‌ریک بوون. له‌دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه بازرگانیی تووتن و په‌یوه‌ندییه‌کانی سوێد و که‌ڤاڵه، ئه‌و گرنگییه‌ی نامێنێت، به‌م شێوه‌یه خانووه‌که‌ش چۆڵ ده‌بێت. له ساڵی 1964ه‌وه سه‌رله‌نوێ ئه‌م خانووه ئاوه‌دان ده‌کرێته‌وه و ده‌کرێته ماڵێکی میوانداریی بۆ هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه ئه‌کادیمییه‌کان. له ساڵی 1976ه‌وه بووه به موڵکی ده‌زگای سوێدیی له ئه‌سینا و به ته‌واوه‌تی ته‌رخان کراوه بۆ حه‌وانه‌وه و کات به‌سه‌ربردنی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده سوێدییه‌کان. ئه‌م شاره تا ئێستاش چه‌ندین خانووبه‌ره‌ی جیاواز بۆ هه‌ڵگرتن، وشککردنه‌وه و ئاماده‌کردنی تووتنی تێداماوه و هه‌ندێکیشیان بوونه‌ته مۆزهخانە.
6. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م قه‌ڵایه ماوه‌ته‌وه، ئاسه‌واره‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی چوارده.
7. ئهکڤادۆکت سیسته‌مێکی کرده‌یی هێنانی ئاوی سه‌رچاوه‌کانه. ئه‌م سیسته‌مه رۆمانییه‌کان دایانهێناوه و هه‌ر ئه‌وانیش دروستیان کردووه، به‌م شێوه‌یه و به‌هۆی ئه‌م ئهکڤادۆکتهوه ئاویان له‌سه‌ر چیا و سه‌رچاوه دووره‌ده‌سته‌کانه‌وه گه‌یاندۆته هه‌موو ناوچه و شاره‌کانیان. بێزه‌نتینیه‌کان له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا ئه‌م ئهکڤادۆکتهیان له که‌ڤاڵه دروست کردووه، دواتر عوسمانییه‌کان، به تایبه‌تی له سه‌رده‌می سلێمان پادشادا و له ساڵه‌کانی 1530دا به ته‌واوه‌تی نۆژه‌نیان کردۆته‌وه و به‌کاریان هێناوه. ئه‌م ئهکڤادۆکته به‌شێوه‌ی دوو تاقی گه‌وره به‌نێو ئه‌م دوورگه‌یه‌دا درێژبۆته‌وه، ده‌سپێکی له چیاکانی (لێکانی)ییه‌وه ده‌ستپێده‌کات و به نیوه‌دوورگه‌ی کهڤاڵدا درێژده‌بێته‌وه تا ئه‌وسه‌ری به‌شه دێرینه‌که‌ی شار ده‌ڕوات. ئه‌م ئهکڤادۆکته شه‌ش کیلۆمه‌تر له‌ناوجه‌رگه‌ی شاره‌وه درێژبۆته‌وه، له به‌رزایی چوارسه‌د مه‌تره‌وه ئاو ده‌هێنێت، دوو سه‌د و هه‌شتا مه‌تریش درێژه و شه‌ش تاقی جۆراوجۆریش له‌خۆده‌گرێت، بیست و پێنج مه‌تریش له رووی زه‌وییه‌وه به‌رزه.
8. که تورکه‌کان شاری که‌ڤاڵه داگیرده‌که‌ن، ئه‌م قه‌ڵایه به‌رفراوان ده‌که‌ن، به‌ندیخانه‌یه‌کی تێدا دروست ده‌که‌ن و هه‌موو قه‌ڵاکه‌ش ده‌که‌نه بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیی و سیسته‌مێکی به‌رگری تێدا جێگیرده‌که‌ن.
9. ئه‌م تاوه‌ره شوێنی پاسه‌وان و سه‌ربازه‌کان بووه، لێره‌وه چاودێڕی هاتوچۆی که‌شتییه‌کانی نێو زه‌ریاکانیان کردووه، هه‌ر لێره‌وه پاسه‌وانی رێگاکانی ده‌وروبه‌ر و هاتوچۆیان له قه‌ڵاکه‌وه بۆ ناو شار و لەناو شارەوە بۆ قەڵاکە کردووە.
10. فێستیڤاڵی فیلیپی یه‌کێکه له گرنگترین چالاکییه کلتورییه‌کانی شاری فیلیپی و هه‌موو گرێکلاند و ناوبانگێکی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. گرێکلاند و فۆندی ئه‌وروپا ساڵانه پاره و بودجه‌یه‌کی زۆری بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن. له‌م فێستیڤاڵه‌دا جگه له هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌کانی گرێکلاند، زۆربه‌ی شانۆکار، ریژیسۆر و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌کانی ئه‌وروپا و جیهان به‌شداری تێداده‌که‌ن.
11. ئه‌مه نه‌ریتێکی دێرینه و له سه‌رده‌می کۆندا، نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفه‌کان له گۆڕه‌پانه‌کانی ئه‌سینادا، له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر/ بینه‌ره‌کانیاندا له په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆدا بوون. له‌و سه‌رده‌مه دێرینانه‌دا کتێب نه‌بووه و چاپه‌مه‌نییه‌کان له کتێبخانه‌کاندا نه‌فرۆشراون و به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بڵاونه‌کراونه‌ته‌وه، به‌ڵکو نووسه‌ره‌کان ئه‌وه‌ی نووسیویانه، ڕاسته‌وخۆ بۆ گوێگره‌کانیان خوێندۆته‌وه و ئه‌وانیش خۆبه‌خۆ و به شێوه‌یه‌کی خۆڕسک کاردانه‌وه‌یان هه‌بووه و رای خۆیان ده‌ربڕیوه.
12. به‌ر له گرێکییه‌کان ئاگر، لای میسرییه کۆنه‌کانیش به‌هایه‌کی تایبه‌تیی هه‌بووه، بۆ نموونه ئاگر هێمای ئاژه‌ڵێکی دڕنده بووه، هه‌موو شتێکی هه‌ڵلوشیوه بۆئه‌وه‌ی له دواییدا که تێری خوارد هێدی هێدی دامرکێته‌وه‌و بمرێت.
13. ئه‌م په‌یکه‌ره له ساڵی 1934دا وەک رێزلێنانێک له محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا له‌لایه‌ن په‌یکه‌رتاشێکی گه‌وره‌ی گرێکییەوە دروستکراوه. محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا رۆڵێکی گه‌وره‌ی له بوژانه‌وه و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاری کهڤاڵهدا بینیوه.
14. ئه‌م خانووه تا ئێستاش موڵکی وڵاتی میسره و جگه له ئاڵا کۆنه‌که‌ی که‌ڤاڵه و محه‌ممه‌د عه‌لی، ئاڵای میسریش به‌سه‌ر ئه‌م خانووه‌وه هه‌ڵکراوه.
15. محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا نه گرێکی و نه عه‌ره‌ب بووه، به‌ڵام موسڵمان بووه. هه‌ندێک له سه‌رچاوه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که محه‌ممه‌د عه‌لی ئه‌لبانی بووه، لێره‌وله‌وێش باس له‌وه ده‌کرێت که کورد بووبێت. به‌هه‌رحاڵ ئه‌م پیاوه له ساڵی 1769 له که‌ڤاڵه له‌دایکبووه، تا ساڵی 1798 بازرگانی تووتن بووه، دواتر له که‌ڤاڵه ده‌بێته سه‌رباز و له ساڵی 1798دا ده‌بێته ئه‌فسه‌ری له‌شکری عوسمانی و دژی سوپای فه‌ره‌نسا له میسر شه‌ڕ ده‌کات. له ساڵی 1805دا ده‌بێته محه‌ممه‌د عه‌لی پادشای یه‌که‌م له میسر و دواتر له ئه‌سکه‌نده‌رییه کۆچی دوایی ده‌کات.
16. ئه‌م سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌یه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی گرێکلاندوە هه‌یه، چونکه ماڵی محه‌ممه‌د عه‌لی پادشا تائێستاش هەر موڵکی میسره. له‌م سه‌نته‌ره‌دا لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر کاریگه‌رییه‌کانی کلتور و شارستانییه‌تی میسر له گرێکلاند ده‌کرێت. له‌هه‌مانکاتدا ده‌زگایه‌که بۆ دیالۆگ و لێکۆڵینه‌وه‌ی کلتور و بڵاوکردنه‌وه‌ی هونه‌ر له هه‌ردوو وڵاتی گرێکلاند و میسردا. یه‌کێک له کاره‌کانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده ئه‌وه‌یه که کاریگه‌ری و میراتی محه‌ممه‌د عه‌لی و به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه له گرێکلاند و له میسریش به دۆکۆیۆمێنت بکه‌ن و به شێوه‌یه‌کی هاوچه‌رخ و دیگیتاڵ بیپارێزن.