نیگای تەڕی بیابان … کازم بیتوێنی
لەودیو ئێوارەوە نوێژی من دەستپێدەکات
لەودیو ئێوارەوە عومری من بۆنی جەهەننەمی لێ دێ
من لە ئاو تەنکتر ئاوێتەی سەوزێتی باخچەم
من لە بریسکانەوە نهێنیتر هاودەمی سەرابە ترساوەکانی بیابانم
شوێن پێی ئەو ڕەوە ئەسپە هەڵاتوانە هەڵدەگرم
کە حیلەیان تێکەڵ بە تەپووتۆزی ژێر سمیان بووە
بۆنی تەڕیێتی ئەو پەپوولە غەمگینانەم لێ دێت
کەلە کۆڵانەکانی پیاسەکردن دەرکراون
من شەوێکی خەواڵوی لە تاریکی هەڵکێشراوم
لە مندا تروسکایی ئەستێرەیەک نادۆزییەوە
لە ژێریا ساتێ لەگەڵ گوناهە پایزییەکانی خۆتدا دانیشی
نا هەرگیز
لە مندا تروسکایی ئەستێرەیەک نادۆزییەوە
من شەوێکی خەواڵووی لە تاریکی هەڵکێشراوم
*** *** **
لەو پەرەستگا ئارامەدا
من ئارامترین خودام خۆشدەوێ
لە ڕەشترین ئێوارەی سپیەتیمدا
بێباکانە
گۆرانی بۆ دڵی خۆم دەڵێم
بە کۆڵانی دڵی خۆمدا تێدەپەڕم
کە هێند تەنگە جێگای پیاسەی مەستیەتیمی تیا نابێتەوە
پەنجەرەیەک لە ڕەنگی دۆستایەتی بە ڕووی خۆردا دەکەمەوە
دەرگایەک لە ڕەنگی موحیببەت بۆ ئاو دەخەمە سەر پشت
چ حیکمەتێکی ڕوناکە عاشقێتی لە ڕۆژە تاعوناویەکاندا
کە یاخی بوونە لە ژێر نسێی ئەو کۆترە سەربڕاوانەی
قەفەسی دڵیان لێوانلێوە لە گمەی شیرین
کە پیاسەکردنە بەناو قەقنەسی دۆزەخە ئاوییەکاندا بە بێدەنگی
کە سەودایە لەگەڵ ئەو تنۆکە شەونمانەی ئیدی نابنەوە هەڵم
ئەستەم نییە
کە ڕۆژێک کەسێک بێت و شێتیەتیمان بۆ قەدەرێک لێ بخوازێ
کە ڕۆژێک سەرو کۆشێک خەونە جێماوەکانی ” با ” کۆکەینەوەو
یەک بە یەک گڤەیان لێ بتەکێنین
یان ڕۆژێک
” ئێمە بمرین و
خۆر بێزار بێ لە هاتوچۆ و
ئەستێرەکان بکوژێنەوە و
خواش لە تەنیاییدا بمرێت “1”
ئەودەمە
” با ” واز لە خۆڵەمێشی جەستەمان دێنێ و
دەریاش شەپۆلە شێتەکانی خۆی سەردەبڕێ
ئەو دەمە
دەچینەوە ناو قوڵاییە ڕووناکەکانی خۆمان و
چیتر شەو بە تاریکیەکەیدا ناناسینەوە
لەمێژە دەڵێم
عەشق سفرەیەکی ئاورینگییە
سپیترمان دەکات لە مەستی و
داگیرساوترمان دەکات لە خوێن و
جارجاریش
سەرەڕۆترمان دەکات لە ” ڕەشەبا “
عەشق
شەڕفرۆشتنە بە خەڵوەتەکانی تەنیایی
تا پەپوولە فڕینی خۆی دەناسێتەوە!
عەشق
چەپكێک لاسکی خەیاڵە بە دەستێکەوەو
بە دەستەکەی تر لە دەرگادانی ئاسمانە
سەمای شوشەییایەنەی شەوە
تا دەمی کوژانەوەی ئەستێرەیەک
*** *** ****
من ئەدرەسی کوچەی کافربوونم
جارێک بەسەر برینی درەختێکی ئیماندارەوە و
جارێکیش بە سەدای جریوەیەکی دورەوە ناسییەوە
ئەو دەمە
دور بووم لە شەڕی ئەو ئاسمانانەی تانە لە ئەستێرەی یەکتر دەگرن
گریانی ئەو وەرزانەم نەدەبیست کە خودا بێ بەشی کردوون لە سەوز بوون
ئەودەمە
ڕەنگی فڕینم نەدەناسی
بە سێبەری فڕیندا ڕەت نەببوم
بە دوای ڕیشەی فڕیندا نەچووبوم
مردنی فڕینم نەبینی بوو!
من ئاخرین کەسی تەنیا بووم لەوسەری عەشقەوە هاتبووم
بۆ حیکمەتی کۆنترین ئەفسانە دەگەڕام
نوێژم لەسەر شیتاڵترین بەرماڵدا دەکرد
تاکو دەنگم بە خوا بگات
هاتبووم
ڕوناکیم لە شەو سەودا دەکرد و سپێتیش لە سوتان
ژیانم لە مردن سەودا دەکرد و مردنیش لە ژیان
شەوارەی من لە ڕۆژە زێڕینەکانی ئەودیو هەفتەدا بوو
بە دوای تاراوگەیەکی خۆڵەمێشیدا دەگەڕام
تا سەرگوزەشتەی سیحربازەکانی تێدا بنوسمەوە
من ئاخرین کەسی تەنیا بووم لەوسەری عەشقەوە هاتبووم
هاتبووم لە پەنجەرەی پیریەتی دەریاوە
چاخە ئاویەکانی عومری ئاسمان بنوسمەوە
هاتبووم بەسەرهاتی گوڵ بخوێنمەوە
کە لە نێو نەخشی سەرباڵی پەپوولەکاندا دێڕ بە دێڕ نوسراوەتەوە
گوێم لێ بگرە
گەر دەتەوێ تەڕێتی بیابان ببینی و
گوێت لە ترپەی پێ ی بەرد بێت لە پیاسەی ئێوارانیدا
گوێم لێبگرە
تا بزانیت ” با ” لە کوێ لە دایک بووەو
شەوان لە کوێڕا هەڵدەکات
گەر دەتەوێ ڕوو لە قیبلەیەکی نوێتر کەیت و
نوێژێکی تەڕتر دابەستی
من لە مێژە هەناسەکانی خۆم
لە وەرزێکدا بەسەر شەقامە تەزیوەکاندا دەپڕژێنم و
لە وەرزێکی دیکەدا تێکەڵی خەوی سێبەرێکی خەوتووی دەکەم
من لەمێژە هەناسەکانی خۆم
لەناو ڕۆحی سەوزایی گیادا دەنێژم.
*** *** ***
* ” ١ ” وەرگرتنی مەفهومێکە لە کتێبی ( ئاوای گوت زەردەشت )ی فرەدریک نیچە
سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠
تاران