Skip to Content

Sunday, November 10th, 2024
كاركردنی سیاسی به‌خه‌یاڵی میراتی رابردوه‌وه‌

كاركردنی سیاسی به‌خه‌یاڵی میراتی رابردوه‌وه‌

Closed
by April 23, 2012 گشتی

كاركردنی سیاسی به‌خه‌یاڵی میراتی رابردوه‌وه‌
“ئایا ئیسلامیه‌كانی كوردستان ده‌توانن له‌به‌هاری عه‌ره‌بی تێبگه‌ن؟”

 

كه‌شۆڕش‌و راپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌تونسه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، له‌نوسینێكدا ئاماژه‌م به‌به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات رۆیشتنی ئیسلامیه‌كان له‌و وڵاتانه‌‌و كوردستانیش كردبو، ئه‌گه‌ر له‌و وڵاتانه‌ له‌رێگه‌ی شۆڕشه‌كانیانه‌وه‌ بوبێت، ئه‌وا له‌كوردستان ده‌كرا له‌رێگه‌ی به‌شداریكردن بوایه‌ له‌پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تدا(هه‌روه‌ك نێچیرڤان بارزانی داوای به‌شداری له‌كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو كرد)، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وكات‌و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ راسته‌ ئه‌م قۆناغه‌ قۆناغی گه‌شه‌ی جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامیه‌ به‌كوردستانیشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ ته‌واو هه‌ستیاره‌ به‌نیسبه‌ت ئه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌تونس‌و میسر‌و لیبیا ئیسلامیه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ مێژوییه‌دابن، كه‌ئاخۆ چ جۆره‌ حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتێك داده‌مه‌زرێنن‌و كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌ما‌و پێوه‌رێك پۆلێن ده‌كه‌ن؟ ئه‌وا ئیسلامیه‌كانی كوردستانیش له‌به‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ هه‌ستیاره‌دان، كه‌ئایا ده‌توانن له‌روداو‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی راپه‌ڕینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی تێبگه‌ن، كه‌مایه‌ی گه‌شه‌كردن‌و فاكته‌ری چالاكتربونی ئه‌وانه‌ له‌م قۆناغه‌دا؟ به‌مانایه‌كیتر ئایا ئیسلامیه‌كان ده‌توانن له‌وه‌ تێبگه‌ن، كه‌له‌به‌هاری عه‌ره‌بیدا چ چین‌و توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌ توانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ رادیكاڵی‌و گرنگانه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات؟ ئاخۆ ئه‌و كرانه‌وه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فیكریه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌نێو ره‌وته‌ ئیسلامیه‌كان، ته‌نانه‌ت ره‌وتی سه‌له‌فیش دروستیكرد، تاچه‌ند ئیسلامیه‌كانی كوردستان ده‌توانن له‌مه‌ تێبگه‌ن‌و له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كان كاری له‌سه‌ر بگه‌ن؟
رۆڵی ئاین له‌روداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا
خه‌لیل عه‌نانی له‌توێژینه‌وه‌كه‌یدا(دور الدین فی مجال العام، فی مصر بعد پوره‌ 25 ینایر، بۆبینین‌و دابه‌زاندنی كتێبه‌كه‌ كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌http://www.dohainstitute.org/Home/Details?entityID=5d045bf3-2df9-46cf-90a0-d92cbb5dd3e4&resourceId=1736a5e1-1cf6-435b-9bdc-e233ce348bbd) باس له‌رۆڵی ئاین له‌فه‌زای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی میسریدا ده‌كات دوای شۆڕش‌و ئه‌و كرانه‌وه‌ گرنگه‌ی، كه‌ له‌نێو ره‌وته‌ ئیسلامیه‌كان به‌گشتی ئیخوان موسلیمین‌و به‌تایبه‌تیش سه‌له‌فیه‌كاندا رویداوه‌، هه‌روه‌ك قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ ئه‌گه‌ریانه‌ ده‌كات كه‌ده‌شێ ئیسلامیه‌كان له‌دوای شۆڕ بیگێڕن، كه‌بریتیه‌ له‌كرانه‌وه‌ی زیاتر‌و قوڵكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی ئازادی‌و دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و گه‌ل ده‌یه‌وێت رژێم بڕوخێنێت‌و…تاد، كه‌خۆیان به‌رزیان كردبویه‌وه‌.
هه‌روه‌ك(نه‌واف بن عبدالرحمن القدیمی)یش له‌لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا(الاسلامیون والربیع الپورات، الممارسه‌ المنتجه‌ للافكار، بۆخوێندنه‌وه‌‌و دابه‌زاندنی كتێبه‌كه‌ ئه‌م لینكه‌ بكه‌ره‌وه‌ http://www.dohainstitute.org/Home/Details?entityID=5d045bf3-2df9-46cf-90a0-d92cbb5dd3e4&resourceId=881543a9-bcf9-4893-bedc-7733797beabc) باس له‌به‌ها‌و چۆنێتی كرانه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان به‌تایبه‌ت سه‌له‌فیه‌كان به‌ڕوی چه‌مكه‌ مه‌ده‌نی‌و مۆدێرنه‌كانی خۆرئاوا بۆسه‌رخستنی شۆڕشه‌كه‌یان‌و ده‌ركه‌وتنی گۆڕانكاری له‌ئاستی چه‌مكی به‌شداری سیاسی‌و حكومڕانی ده‌كات، له‌كاتێكدا پێشتر به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ره‌تیان ده‌كرده‌وه‌‌و به‌حه‌رامیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. بۆیه‌ هه‌ردو نوسه‌ر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ئاین به‌گشتی‌و ئیسلام به‌تایبه‌ت رۆڵی گرنگی هه‌بوه‌ له‌مۆبیلیزه‌كردنی جه‌ماوه‌ری  خۆپیشانده‌ر‌و فاكته‌رێكی كاریگه‌ری راپه‌ڕینه‌كان بوه‌‌و ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕو، كه‌به‌هاری عه‌ره‌بی له‌خاڵی سه‌ره‌تادا بوه‌ته‌ مایه‌ی كرانه‌وه‌ی سیاسی‌و فیكری‌و ته‌نانه‌ت بیروباوه‌ڕیی ئیسلامیه‌كان.

به‌هاری عه‌ره‌بی له‌دیدی ئیسلامیه‌كانی كوردستاندا
ده‌بێ له‌م ده‌سپێكه‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كانیش وه‌ك هێزه‌كانیتر هیچ دامو ده‌زگایه‌كی ئه‌كادیمی‌و مه‌عریفیان نیه‌ بۆشیكردنه‌وه‌ی روداو‌و پێشهاته‌كان، جگه‌ له‌و ده‌زگا حزبی‌و كه‌متوانایانه‌ی، كه‌ته‌نها له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی ته‌سكدا شته‌كان ده‌بینێت‌و لانیكه‌م تاكه‌ نوسین‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك نیه‌، تاوه‌كو بزانین ئیسلامیه‌كان خوێندنه‌وه‌ی خۆیان بۆروداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی چیه‌، بۆیه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌بێ ته‌نها له‌روانگه‌ی میدیا‌و لێدوانی هه‌ندێ له‌كاره‌كته‌ره‌كانیانه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بخوێنینه‌وه‌ لای ئه‌وان، ئه‌ویش ته‌نها له‌روه‌ سیاسیه‌كه‌یدایه‌. له‌كاتێكدا ئه‌گه‌رچی لایه‌نێكی گرنگی روداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی گۆڕانكاری سیاسیه‌، به‌ڵام ناكری‌و ناتوانرێ ته‌نها له‌و بواره‌دا كورت بكرێته‌وه‌.
به‌هه‌رحاڵ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆمیدیا‌و لێدوان‌و نوسینی به‌شێكی كاره‌كته‌ره‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان، ئیسلامیه‌كانی تونس‌و میسر‌و لیبیا هێزی سه‌ره‌كی ئه‌و راپه‌ڕینانه‌ بون، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئیسلامیه‌كان براوه‌بون، بۆیه‌ هه‌ر به‌م پێودانگه‌ش بۆچونیان وایه‌  له‌كوردستانیش به‌هۆی كاریگه‌ری به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ گه‌شه‌یان كردوه‌‌و ده‌توانن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن، به‌ڵام به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ورد‌و شیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ره‌هه‌ند‌و لایه‌نه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی هه‌مو هه‌وڵێك كورت دێته‌وه‌‌و ئه‌نجامی ئه‌وتۆی نابێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌م به‌بیروڕای ئه‌و دو نوسه‌ره‌ش كرد، بۆخۆشم هه‌مان بیروڕام هه‌یه‌، كه‌به‌بێ كرانه‌وه‌ی فیكری‌و گۆڕینی شێوازی كاركردنی سیاسی، به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌دا، كه‌سه‌رده‌می خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و مۆدێرنه‌، له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری ته‌كنیكی نوێ به‌تایبه‌ت بۆهه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو، مه‌حاڵه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستان بتوانن سود له‌و كاریگه‌ریه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی وه‌ربگرن، چونكه‌ تێگه‌یشتن له‌به‌هاری عه‌ره‌بی به‌ته‌نها له‌وه‌دا، كه‌ئه‌و شۆڕشانه‌ توانی ده‌سه‌ڵاته‌ عه‌لمانیه‌ تاكڕه‌وه‌كانی وه‌ك بن عه‌لی‌و موباره‌ك‌و قه‌زافی كۆتایی پێبهێنێت‌و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌كوردستان ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیه‌كان، ئه‌وا لێكدانه‌وه‌یه‌كی پڕ كه‌مو كورتیه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ لای ئیسلامیه‌كانی كوردستان، زیاتر ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ ده‌بینرێت، واته‌ هاتنه‌ئارای گۆڕانكاری ته‌نها له‌روه‌ سیاسیه‌كه‌ی‌و دروستكردنی فشار له‌سه‌ر سیستمی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌ویش به‌پاڵپشتی روداو‌و خۆپیشاندانه‌كانی(17ی شوبات له‌به‌رده‌ركی سه‌رای ئازادی سلێمانی).
بۆیه‌ ده‌بێ ئیسلامیه‌كانی كوردستان له‌وه‌ دڵنیابن، له‌لایه‌ك ئیسلامیه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌رێگه‌ی خوێن‌و كرانه‌وه‌ی سیاسی‌و فیكریه‌وه‌ توانیان روداو‌و به‌رهه‌مه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بۆخۆیان بچننه‌وه‌، به‌ڵام له‌كوردستان ده‌بێ تاڕاده‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ڕوی كۆمه‌ڵگه‌دا بكرێنه‌وه‌‌و ته‌كنیك‌و شێوازی نوێ له‌كاركردنی سیاسیدا بگرنه‌به‌ر‌و سود له‌وزه‌‌و توانای چین‌و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی‌و گه‌نج وه‌ربگرن، چونكه‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ری روداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌روی دیموگرافیه‌وه‌ گه‌نجه‌كان بون، بۆیه‌ به‌بێ سود وه‌رگرتن له‌توانا‌و بڕوانامه‌‌و ته‌كنۆكراتی‌و چالاكیی گه‌نجه‌كان، ئیسلامیه‌كان یان ناتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنن، یاخود له‌نێو بازنه‌ی داخراودا ده‌خولێنه‌وه‌‌و له‌روداوه‌كان دواده‌كه‌ون، ئه‌وكاته‌ وه‌ك قۆناغی پێشتر‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی(25/7/2009) ده‌رفه‌ته‌كه‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست هێزی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی دیكه‌، تاوه‌كو ئه‌و بۆشاییه‌ی دروستیان كردوه‌ له‌گۆڕه‌پانی سیاسیدا ئه‌و هێزانه‌ی تر پڕی بكه‌نه‌وه‌.

ئیسلامیه‌كانی كوردستان…كاركردنی سیاسی به‌خه‌یاڵی میراتی رابردوه‌وه‌
ئه‌گه‌ر هێزه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و عه‌لمانیه‌كان له‌ماوه‌ی رابردودا‌و تائه‌م قۆناغه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای پێَشمه‌رگه‌ی كۆن(كه‌چه‌مكی پێشمه‌رگه‌‌و به‌شێكی زۆری خه‌بات‌و تێكۆشان‌و نه‌به‌ردیه‌كانی جێگه‌ی رێز‌و پێزانینی هه‌مومانه‌‌و ناوێكی پڕ شانازی نێو ئه‌ده‌بیاتی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازیمانه‌) تاڕاده‌یه‌كی زۆر پۆسته‌ حكومیه‌كان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شبكه‌ن‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا كاندیدیان بكه‌ن، ئه‌وا له‌رابردوشدا‌و تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین، ئیسلامیه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و چوارچێوه‌ تێپه‌ڕێنن‌و به‌شێكی زۆری پله‌ حزبی‌و پۆسته‌ حكومیه‌كانی كوردستان‌و به‌غدایان له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای عه‌لمانی‌و جیاوازتر بڵێین به‌پێوه‌ری ئه‌هلی به‌در دابه‌شكردوه‌(به‌ڕێز‌و حورمه‌تی زۆره‌وه‌ مه‌به‌ست له‌چه‌مكی ئه‌هلی به‌در بۆ ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌(د.خ)، كه‌له‌كاتی جه‌نگی به‌دردا نه‌هامه‌ت‌و تاڵاویان چه‌شت‌و به‌گیانیان بۆسه‌رخستنی ئیسلام قوربانیان دا‌و له‌ڕوی پێگه‌‌و فه‌زڵیانه‌وه‌ جیاكرانه‌وه‌ له‌و هاوه‌ڵانه‌ی تر، كه‌دوای روداوی به‌در هاتنه‌ نێو ئیسلامه‌وه‌)، كه‌ئه‌مه‌ بۆخۆی یه‌كێك له‌ره‌خنه‌‌و كه‌مو كوڕیه‌كانی نێو كاری سیاسی ئیسلامیه‌كانه‌‌و پێویستی به‌به‌خۆداچونه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر له‌رابردودا هه‌ر بیانو‌و پاساوێك هه‌بوبێت بۆئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان به‌م پێوه‌ره‌ مامه‌ڵه‌یان كردبێت، ئه‌وا له‌م قۆناغه‌دا كه‌له‌لایه‌ك بارودۆخێكی زۆر تازه‌ هاتۆته‌ئاراوه‌‌و جۆرێك له‌هۆشیاری سیاسی لای كۆمه‌ڵگه‌ دروستبوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ناوخۆی هێزه‌ سیاسیه‌كانیشی گرتۆته‌وه‌‌و نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌، كه‌قورسه‌ بتوانێ هه‌م به‌شێواز‌و ته‌كنیكی رابرود رازی بێت، هه‌میش له‌به‌رنامه‌‌و كاری حزبه‌كه‌یدا پشتگوێبخرێت، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كلایی بۆته‌وه‌، كه‌ئیسلامیه‌كانی كوردستان(كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو) له‌ماوه‌ی كاركردنی كابینه‌ی حه‌وته‌مدا ئۆپۆزیسیۆن ده‌بن، كه‌وابو ئۆپۆزیسیۆن كاتێك  ده‌توانێ ركابه‌ری ده‌سه‌ڵات بكات‌و گره‌وی سیاسی له‌هه‌لبَژاردندا لێبباته‌وه‌، كه‌شێواز‌و ته‌كنیكی كاركردنی سیاسی‌و جۆری به‌شداریكردنه‌كه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا له‌هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات جیاوازتر بێت، به‌ومانایه‌ی باشتر‌و مۆدێرنتر‌و ناوازه‌تر بێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وان وابێت‌و بگره‌ تائه‌م ساته‌ی تێبینی ده‌كرێ، كه‌ئیسلامیه‌كان‌و هێزه‌ سیاسیه‌كانیتر سه‌رقاڵی دیاریكردن‌و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانیان بۆهه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بین، گه‌ر بڵێن هی یه‌كێتی‌و پارتی واقیعیتر‌و بابه‌تیتر دێته‌ پێش چاو، به‌به‌راورد به‌و بارودۆخه‌ تازانه‌ی، كه‌هه‌م روداو‌و گۆڕانكاریه‌كانی جیهان به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تیش به‌هاری عه‌ره‌بی‌و خۆپیشاندانه‌كانی(17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی) له‌كوردستان دروستیان كردوه‌. بۆیه‌ ده‌رك كردن به‌هه‌ستیاری بارودۆخه‌كان‌و په‌یبردن به‌په‌یڕه‌وكردنی ته‌كنیك‌و شێوازی نوێ بۆبه‌شداریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو، خاڵێكی گرنگه‌ بۆلێكدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن یان شكست له‌و پێشهاتانه‌دا، كه‌له‌داهاتویه‌كی نزیكدا روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌.
دواجار پوخته‌ی قسه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی دروستكرد، جگه‌ له‌كرانه‌وه‌ی فیكری‌و سیاسی ئیسلامیه‌كان به‌روی روداوه‌كان‌و به‌ده‌ر له‌فاكته‌ره‌كانیتر، گه‌نج بو توانی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ دروستبكات. بۆیه‌ ده‌بێ ئیسلامیه‌كانی كورستان له‌وه‌ تێبگه‌ن، له‌لایه‌ك په‌یڕه‌وكردنی هه‌ر ته‌كنیك‌و شێوازێكی كۆن له‌دانان‌و دیاریكردنی كاندیده‌كان بۆهه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو، هه‌روه‌ها پشتگوێخستن‌و په‌راوێزخستنی زیاتری گه‌نجه‌ خوێنه‌وار‌و ته‌كنۆكرات‌و چالاكه‌كانیان له‌لایه‌كیتره‌وه‌، یه‌كسانه‌ به‌چه‌قبه‌ستن‌و شكست‌و له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ گرنگه‌ی كه‌روداوه‌كان به‌گشتی‌و به‌هاری عه‌ره‌بی بۆی هێناونه‌ته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ ناكرێ ئه‌و هه‌مو گه‌نجه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌‌و چالاك‌و جه‌ماوه‌ریه‌ت هه‌بێت، كه‌چی به‌خه‌یاڵی رابردوه‌ بته‌وێت گره‌و له‌ركابه‌ره‌كانت به‌ریته‌وه‌، له‌كاتێكدا خه‌سمه‌كانت له‌بیری گرتنه‌به‌ری ته‌كنیك‌و شێوازی نوێ‌و دانانی كاندیدی شیاودا بن.

 سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
مامۆستای زانكۆ‌و خوێندكاری دكتۆرا
زانكۆی سلێمانی
Salam_80jornalist@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.