Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاوێکی غوربەتی نورانی ونورێک لەغوربەت…

پیاوێکی غوربەتی نورانی ونورێک لەغوربەت…

Closed
by April 25, 2012 ئەدەب


” پێشکەشە بە رۆحی جوانەمەرگ کاکە دکتۆر (کەمال خۆشناو)ی، سیاسەتوانی نەرم وپیاوێکی ئینسان…. “

لە ناو ئاسمانی تووشی شارەکەمە ،
چ شەڕێک چاوەڕێمە ،
من چاوەڕێی چ شەڕێکم…
شەڕێکەو ناچارم ملی خۆم بدەمە بەرێ ،
ئەگەر ئەو شەڕە نەکەم خۆم ئەکوژرێم ،تفەنگێکم لە دەستە ناوێرم گوللەی تێکەم ، نەوەک دڵێک بپێکم، کەسێک بە دەست من  بکوژرێت، ،ها ئەو گوڵە بگرەو بۆنی کە ، با لە بڕی ئەوەی شەڕێک بکەین با بە ماچ یەکتر لە باوەش بکەین، تا نەهامەتیەک نەهاتۆتە سەر رێمان ، تا برینێک نەکەوێتە نێوانمان، خۆ من وتۆ دوژمنی بابەکوشتەی یەکتر نین، ئەوها ددان لەیەکتر جیر بکەینەوە…
ئەو ئاسمانە چەند تووشە ،
هەوری غوربەتیش گەلەک تووشترە ،
تۆش لە ناو تەمی ئەو تووشبوونەی نەبانی دوێنێ و
نەبانی ئەمڕۆکەدا ،
تای غەریبیەک تووشت ئەبێت ،
شەڕ بە بوونت ئەفرۆشێ و
تام لە نەبانیت هەلئەکڕێنێت….
ئەو تایە چ تایەک بوو…
نە بوزاوێکی چاڵەبەفری (سەفین) ساردی ئەکردیەوە، نە شنەبایەکی بەر (دەربەندی)ساراو زارکی گەرووی (سۆرک) خاوی ئەکردیەوە…
لە تاوی ئەو هەموو کانیە غەریبانەی، باخی ئاوایی شارەکەتیان بە گۆرانیەکی غەریب ئاوئەدا ، تا ئەهات وڵاتەکەشت پڕ ئەبوو لە کانی وگۆرانی غەریبتر، ناچار بە دوای دەنگی ئاوێک بڕۆی ولەگەل رێگاکان هاوڕێ بیت، تا بە کانی ورێگاو ئاوێک غەریب نەبیت، لەو گەڕانەش پەتایەک هات وتووشت بوو وتووشی بووی، لەو رۆژەوە ماڵت بووە سیاسەت و سیاسەتیش بووە ماڵی رەوندێک بە سەر پشتی کەرێکی جاڕس هەر رۆژە لە هەوارێک بارت دائەنا، سیاسەت هەموو شتێکی جوان وبۆنخۆشی لێ بردی، ئەوەی تۆ بەدەستت هێنا خۆت بوو (کەمالێک) پڕ بوو لە (کەمال) لەو ماڵە گەریدەییەی خۆتدا…
ئەو پەتایە ،
چ پەتایەک بوو ،
هەموو شتێکی خۆت، پێ بەخشی ،
ئەو چی خۆی بە تۆ نەبەخشی…
 هەر خەم و بێخەوی بوو وەکو هاوڕێیەک بەسەری ئەکردیەوە، بەختەوەریش بە رێکەوت بەلاتەوە تێنەئەپەڕی ، بەڵام تۆ بڕیارت دا چیتر چاو لەبەردەم کرانەوەی برینەکانی رابردووت زەق نەکەیەوە، بۆیە لە نورێک گەڕای تا شەوانی تاریکت دواییان بێت وژوانت لەگەل نور داناو لەگەل نور ئاوێتە بووی، هەرواش بوویە نورێک لە مەزارگەری غەریباندا..

غەریبی تۆ…
 غەریب بوون نەبوو لە ناو تەنیایی بوونی خۆت، نامۆ بوونی تۆ بە دەوروبەرت، لاوکی سەرهەڵگرتنی قەدەری گەلێک بوو، لە گەرووی ئیرادەیەک دوای نسکۆی ئەسپێکی پیر، ئەهاتە بەر..
غەریبی تۆ…
 گەڕانت بوو بە دوای نیشتمانێکی غەریب ومێژوویەکی غەوارەی پڕ هەڵەو هەرەسی وڵاتێکی پارچەپارچەو خاکێکی پەرتەوازەو گەلێکی بی سەرکردەو سەرکردەیەکی خۆخۆر وسەرەخۆرە…
چەند بەلەزو
 رەوتت چەند خۆش وبەلەز بوو ،
کاتێک لەگەل قەڵبەزەی ئاوێکدا ،
 قەلبەزەی حەزێکی غەریب ،
لە دڵتدا ئەزاو
بەدەم ئەو حەزەوە ،
حەزت لە سەفەرێک ئەکرد ،
سەفەرێکی پڕ لە سڕ بێت و
سڕت کات…
وەکو ئاو بێت وبروات ،
جێ پێیەکی بە سەر هیچ شتێکەوە نەمێنێت ،
تا ئەگەیتە بنەوانی هەموو ئەو شتانەی لە ئاوەزتدا هەمیشە وەکو ئاوەزێیەک لە زانی ئەوە دان بگەیتە بنەڕۆکێک لە راستی….
وەکو ئاویش بە ناو هەموو شتێکدا رابچیت، ئاخر بوونە ئاوو چوونە ناو شتەکانیش، هونەرێکی مەزنە، هەموو کەسێک ناتوانێت پێ بەپێی ئاو بڕوات، ئەگەر لە ئاو نەگات و ئاو لێی نەگات ،ناتوانێت بۆنی ئاو هەڵگرێت وبۆنی ئاوی لێ بێت، ئەگەر بە هەستی بۆنی ئاوەوە ئاشنا نەبێت …
ئاوێک…
نە ئاوەزێیە، نە جۆگەلەیە ،
نە کەسێک ئەزانێت ،
لە چاوی چ سەروچاوێک ،
وەکو تنۆکی خەمێکی تەڕ ،
فرمێسکێک دەرئەدات….
تا بۆن لە بزەیەک بکات…
ئاوێک…
نە سەر بە هیچ خێلێکەو
نە لە خانەوادەی هیچ مەنزلێکیش دێتە خوارێ…
چەند لە ئاو ئەچووی ،
کاتێک وەکو ئاو لە چاوێک ئەڕژایت و
ئەخزایتە چاوێک…
تا لە ناو خەمی جۆگەلەیەک داچۆڕێیت ،
ماڵێک لە کەنارو شەنگەبی وچیمەن داچێنی…
وەکو جۆگەلەش ئەبوویتە چیرۆکی خەمی رووبارێک…
لە سەفەرێکی بێهاوتادا ،
هاوتاو هاوسەفەری یەک ئەبوون و
 لەگەل یەک ئەبوونە یەک..
بە خوڕەو چۆڕانەوەیەک ،
چاوتان لە یەک ئەکردو بۆنی یەکترتان ئەکرد…
چەند بە خوڕ ئەهاتیت ،
کاتێک بە بۆنی ئاو سەرخۆش ئەبووی و
هێور هێور بۆنت بەسەر رێگاکان دائەڕژند، تا لە دووڕیانێکدا وێستێکت ئەکرد تا بە بۆن رێگایەک بدۆزیەوە، تا لە کڵاورۆژنەی دەروازەیەکدا تامێکی هەتاو بکەی وتامت ئەکرد…
تا لە ناو ئەو هەموو رێگا بازنەییانەدا ،
چاوت بە هێلێک بڕ بکات ،
هێلێک چاوت لە رێگایەک هەڵئەبڕێ ،
تا قافلەی غەریبی بوونی خۆت روو لە هەوارێک بکات ولەوێ بارگەی سەفەرت، ئاسوودە دابنێی…
 بە دوای بۆنی رێگایەکی غەریب ، چەند خۆش ئۆغرت ئەکردو ئەکەوتیە رێ..
بە گوڕێک کوڕێتی خۆت تاو ئەدا ،
تا لە دەست گیر بوونت لە کەمەری مرازێکی ئەو مەنزلە ،
وەکو لاوچاکێک دەرکەویت ،
تۆ وەکو کوڕێکی بەنازوفیز هاتیت و
بەرێکەوتیت ،
کێ ئەیزانی ئەوەندە جیڕ ئەبیتەوەو
شۆڕەسوارێکی سەربزێوت لێ دەرئەچێت…
بە دەست هەڵگرتنت لە مەنزلی بەگزادەییت، مەنزلێکی بەخشندەی نەجیبزادەییت بەدەست هێنا ،لەو مەنزلەش بە ماچ وگوڵی نیشتمان، بە نیشتمانزادەییت بەختەوەر بوویت…
چەند لە نیشتمان ئەچووی ،
نیشتمانێک کاتێ لە کوڕەکانی خۆی ،
سەرگەردانتر ئەبێت ،
کوڕەکانیش هەریەکە بەسەربوردەیەک ،
غەریب ئەبن و
ئەویش بەبەسەربوردەی خۆی و
بەسەربوردەی ئەوان غەریبتر ئەبێت…
نەبان ئەبێت ،ناچارە بە خۆی غەریب بێت ، سەر بۆ غەریبی خۆی هەڵگرێت..بە هەموو ئەوانەی لەگەلیدا غەریبن ،غەریب بێت…
ئەوێ ئەو نیشتمانە بوو کە هەموو توولەرێیەکانی نابیناو شەوکوێر بوون ، نەئەگەیشتن بەیەک و ناشگەیشتن بە نیشتمان ، بەڵام تۆ لە ناو ئەو هەموو غەریبی وتوولەرێیانەدا، بۆ نیشتمانێک رەوت ئەکرد، تا لە زمانی رەو بگەی، رەوێک رەوی نیشتمانێک بوو بەرەو خۆرئاوا بوون، تۆ خەریک بووی بەو رەوەت، رەو دەستەمۆ بکەی، تا رەویش خۆی بداتە دەست تۆ….
تۆ لە رەودا، لە پێشمەرگەیەکی ئاسک ئەچوویت،  رەوت چەند تیژ بوو وقەتیش لە رەوی تیژی خۆت هەناسەت رەوی سوار نەئەبوو…
تا لە کەناری ئاوی نیشتمانێک خۆت بە ئاوێک تەر کەیەوە ، تا بەو قومە ئاوە تەڕەش دڵی نیشتمانپەروەرەکانی خۆت تەڕ کەیتەوە..
چاوەکانت چەند شەکەت وچەند ماندوو بوون ،لە تاریکی ئەو ناوەدا گڕیان لێ ئەباری..
بە جەمەدانی وکالەیەکی ئەدیداسەوە لە شەقەی باڵت ئەداو خەریک بوویت بەو ئاسمانەدا سەرکەویت تا بفڕیت، تا دەستت لە کەمەری ساماڵێک بئالێت ،تا ئەستێرەکان لە نامۆیی داتەکێنی وتریفەو ورشەیان بۆ گەلەکەت دابەزێنی..
چەند جوان شەڕت بە خەیاڵ ئەفرۆشت ،
کاتێک لە بن کەپری دارمێوێکی توولەمێوی کەسکی ناسکدا..بەدەم چاوێکی تیژەوە چامەیەکی مێژوویی کتێبێکت ئەخوێندەوە ،
هەڵە مێژووییەکانی رابردوو وسەهووی سەرۆکەکان وخەمی تاڵی وڵاتەکەت، بەدەم چایەکی شیرین وبە ئیستیکانێکی شووشەوە ، هەڵئەقۆڕاند…
تا خۆت لە شووشەیی بوون ئازاد کەیت ،
تۆ ئەتزانی رازە ئازادەکان تاسەر لە ناو شوشەیەکدا ،
نامێننەوە…
تۆ لەو ئاسمانەدا مەلەی خۆتت ئەکرد ،
چەند لە هەورێکی جەربەزەو
پەپوولەیەکی سپی ناو هەورەکە ،
ئەچوویت…
وەکو بارانێکی تەڕو هەورێکی پڕ ،
ئەهاتی وئەچوویت….
چەند حەزت لە ئاودان وتەڕ کردنەوەو ئاوەدانی ماڵە غەریبەکان ئەکردەوە…
وەکو بارانبڕێکی سێویش بە سەر بانەقوڕەکانی گەڕەکی (گوند)یدا، فڕکەت ئەهات ،
بە دوای سۆراغی رەحمەتی بارانێک ،
ئەهات وئەچوویت..
چەند خۆش ئەهاتی وچەند جوان ئەچوویت ،
بی ئەوەی کەسێک هەبێت جگەرەیک بۆ غەریبیت داگیرسێنێت ،
بی ئەوەی کەسێک لە ئاوایی شارەکەت ،
لەگەل بۆنی دوکەڵی سوتان و
غەریبیت جامە خۆشاوێکت لەبەردەم دانێت…
لە سۆسەی غەریبیت سۆسەیەک بکاو
شتیک بلێت…
سۆراغێک لە هیلاکیت بکات…
بەڵام ئەتوو ئاوڕت نەئەدایەوەو ئەتووت :
 با هیچ کەس لێم تێ نەگات..من ناگەڕێمەوە…ئەبێ بڕۆم….
بە دەنووکی غەریبی خۆت ، تەقەت لە پەنجەرە چاوکاڵەکانی شارەکەت هەڵئەگرت ،
لە زستانیکی تەڕو تووشدا، بەفرت ئەشێلاو بەفریش رچەی هەڵئەگرتی، تا شوێن پێت بزر نەبێت، نەوەک وەکو بەفر بڕۆی نەگەڕێیتەوە…
لە هاوینیش بە قادرمە شەپکەدارەکان هەڵئەگەڕای، تا سەربانی یەکەیەکەی ماڵەکان بۆن بکەی وبە بۆنێکی خۆش خەونەکانی بن چرووە رووخۆشەکان، بەسەر کەیەوە..
موژدەی بارانێکی پڕ خێروبێرت ئەهێنا ،
بۆنی خاکی پاش بارانت ئەهێنا ،
بارانت ئەباران ،
بۆنت ئەباراند…
تامت ئەدا خەیاڵ ورەنگت ئەدا خەونەکان ،بە تەزووی گەرمی چیرۆکەکانت، چیرۆکەکانی بەرئاگردانت گەرمتر دائەهێنا ،مێژووی مردووت زیندوو ئەکردەوە..
هەموو شەوێک ،
لە خەونێکی مندا پیاوێکی سپی سپی ،
بە دڵێکی سپی و
کراسێکی کافوری سپی ،
دێت و
هێورهێور شۆڕ ئەبێتەوە..تا مەسافەی بەهەشتە دوورەکە لێرە نزیک کاتەوە…
پیاوێک لە بەفر ،
تابووتێک زستانی لەسەر شانەو
بەدوای بەهارێک ئەگەڕێت ،تا موژدەی نەورۆزێک لەگەل خۆی بێنێت ..
لە دوورەوە پارچەپەڕۆیە جەلاتینەکانی بەفرینی خەونەکانی بە هەوادا ئەبینم، کاتێک بەو ناوەدا تێئەپەڕێت، پەرش وبڵاو ئەبنەوە خەونەکان وبە سەر سەریدا لەگەل ئەو بەفرە خەمساردەدا، تێکەڵاو ئەبن..
پیاوێکی نورانی ، لەسەر شانی ،
دوو تاڤگەی بەفراوی فوارە ئەکەن و
لۆژلۆژیش دێتە خوارێ…
تا گەزۆی موژدەو
شەکری بزە ببارێنێت..
‌هەمیشە ئەو پیاوە نورێکەو شەوانە بەسەرم ئەکاتەوەو ماڵم پڕ نور ئەکات.. بەردەوام دێت ودێت و لێم جیا نابێتەوەو
لە دەرگای ماڵی شەقوشلۆقی هەستم ئەدات ، بە هەیبەتێکی گرانەوە ،پێم ئەلێت :
– ماڵێ مێوان رائەگرن ؟
وەکو پێشمەرگەیەکی بێچارەو برسی و شەکەت، لە پێناو تیکەیەکی نان ئەو ماڵ ئەو ماڵ ئەگەڕێت ، تا شەکەتی جەستەو برسیەتی هەناوی بڕەوێنێتەوە…تا ماڵێکی بێ مێوان ئەبینێتەوە، نان وچایەکی گەرم لەگەلیان دابەش بکات، تا ئەگاتە نانێکیش شەکەتترو پەشێوتر ئەبێت بەو نانە..
ماڵێکی هەژار دەرگای لێ ئەکاتەوە ، هەژاری خۆی بە بزەوە لەگەلیدا ئەبەشێتەوە…
وەرە ماڵی من، مالێک بە بێ تۆ ، ماڵی من نیە ، تۆش بەو وەختە مێوانێکی ناوەخت نیت..وەرە ژوورەوە تۆ لە دڵمدا ماڵێکی خۆت هەیە با بزەو فرمێسک ونان لەگەل یەکتر بەش بەش کەین…
لە بنەبانی ماڵەکەم سەکۆیەک هەیە ،
بڕۆ لەوێ دانیشە ئەوێ جێنزرگەیەکی نشینی خۆتە ،
من بە تۆوە غەریب نیم ،
تۆش بە منەوە غەریب نیت..
تۆ خانەخوێی ماڵەکەمی وچوارمێخە ڵێی دانیشە…
تا بەیەکەوە چایەکی شیرین ،
بە بەسەرهاتێکی شیرینی تۆوە ،
 بەیەکەوە بخۆینەوە…
ئەو بەیانیەی شار لە خەوێکی خۆش وتاریکیەکی خامۆش دابوو ،هێشتا دڵی ئێمەش لە تاریکی ولە خەوێکی خۆش دابوو ، تۆ دەستت بۆ چرا کزەکە بردو بە کۆڵانێکی چڕو تاریکدا شۆڕ بوویەوە..لەگەل خشپەی پێەکانت ، رووناکیش بە دواتەوە شۆڕ ئەبووەوە…
تاریکیت زیاتر قەد ئەکردو ئێمەشت بە خەونێکی خۆش بەسەر ئەکردەوە…لەو کاتەوە تۆ لەو ماڵەوە غەریبی وملی غەریبیت گرتووە ،بە ملەی شاخێکەوە نوسای ، تا سەردێری خەونێکی تازە بنوسیەوە…تا لە کابوسێکی دوای هەرەسدا ، بۆنی خەونێکی هەستانەوە لە کەللەی رەقی ئێمەدا ، قیت کەیەوە..
چەند بە توولەرێی هاتونەهاتی رۆژگاردا ، هەناسەی ژیانت لە خۆت ئەبڕی تا هەست بە تارمایی ،پێیەکانت نەکەن…چەند شاڕێی تاڵ وترشت تام کرد ، تا قومێک لەو خەیاڵاتە تاڵانەت بە پێکێک لە شەرابی سبەینێوە، فڕکەی…
چەند دڵت خۆش بوو بە خوڕەی ئاوێکی بێدەنگ ،
چەند دڵت بە سەمایەک سەمای ئەکرد ، کاتێک گوڵ بە سەما بۆنی بەرەڵا ئەکرد ،
چەند بە ئەوینی هەڵپژانی ئاو بە رۆحی دارودەوەن ، ختووکەی ئەدا رۆحت ، دلت پڕ دەوەنی ئەوین ئەبوو…
تۆ ئەو رووبارە بووی ، ئاوت هەمیشە لەسەر ئەڕژاو قەت چکی نەئەکرد ، بۆیە هەمیشە حەزت لە ئاودان وئاوەدانی ماڵی پێکەوەژیان ئەکرد..
لە ئاوەزی تۆدا نەبوو خانەخوێیی کردنی یەک دەواری تاسەر ، لە فەرهەنگی تۆ کوفرێکی سەرشین بوو تۆ ماڵێکت هەبێت و
رۆحت لە باخچەیەکی کوژراودا لە تەنیایی هەڵکوڕمێت… باخچەی خۆت بە ماڵی هەمووان ئەزانی ، بە هەقت ئەزانی هەموو کەسێک لە ماڵێکی خۆیدا بێت ، لە باخچەیەکیشدا بۆنی هەناسەی گوڵ وئاوو پەپوولەی بۆ بێت…
چەند رقت لە دانیشتنی دیوەخان بوو ،ئەوە دونیای تۆ نەبوو کوێخایی ودەمراستی بە سەر ئاوو گوڵ وماڵ وباخچە بکەیت…
تۆ لە ژیانتدا بە تەنیا نەبووی، چونکە لەگەل بزەو ماچ وفرمێسکی خەڵک هاورێ بووی..لە هەیبەت وکبریائی مەسئولیش،  بێبەری بووی…تۆ ئەگەر نانێک لە خوانتدا کەناری بدابایە ، ئەو نانەت ئەکرد بە دوو کەرتی وەکویەک ،یەکیانت ئەدا بە هەژارێک ولەوی دیکەش دوودڵ بووی ، بیکەیە پاروویەک وئاودیوی کەی ، یان بیکەیتە ژەمێک وبیدەیتە هاوسێیە نەدارەکەت….
تۆ بە گڕی دڵی ئەوانەوە ،
ئاگردانی دڵی خۆت خۆش ئەکرد..
بۆیە هەمیشە دڵی ئەوان سەرقافلەی گڕێک بوون مەشخەڵی رێبواریت بە دوای ئەوانەوە بوو ، نەک ستایش ورەزامەندیەکی بێ رووی سەرکردە گۆشتخۆرەکان…
تۆ لە خانەخوێی ماڵێکدا هەراسان بووی، بێماڵیت پێ باشتر بوو لەوەی لە ماڵێکی گەرم بیت دەروونت ساردوسڕ بێت…ماڵێک بە بێ مێوان ومێوانداری بزەیەک، کە دوو دەم ولێو پێکەوە بە هەناسەی ژیانێک گرێ ئەدات، بۆ تۆ ئاسودەییەکی خۆش بوو ، هەر بەو پێکەوەژیانە حەزت لە ژیانێک ئەکرد کە لە تریقەدا بڕژێت، لە گۆرانیدا پڕ بێت، ماڵێک بە بێ بۆن وبە بێ خوڕەو ترینگەترینگی مۆسیقا بە ماڵت نەئەزانی بە زیندانێکی رۆح وغوربەتێکی دوورەوڵاتیت ئەزانی…
تۆ لە باخەوانی باخچەیەکدا تەنیایی خۆت لەگەل سێبەری دارەکاندا دابەش ئەکرد تا هەردووکیان بەیەک قوم، قومەئاوێک بخۆنەوەو بەر بگرن وبەژن بەردەن وسەر هەڵبڕن، تا سێبەریان هەبێت..
چەند تەنیا بووی کە باخچەیەکت ئەدیت گوڵەکان بۆنیان تەنیا بۆ یەک کەس دائەپرژێنن، ئەو باخەشت بە باخ نەئەزانی، باخێک سێبەرەکانیان بە سەر سەرەکان وەکویەک دابەش نەکات، بەباخت نەئەناساند، بە قەبرستانێکی مردووخۆرو مردووپەرستت دائەنا…
ئاخر لەئۆینی توولەمێوە ئۆینبازەکانی سیاسەت زۆر شت فێر بوویت وگەلێکیش لە سەینوبەینی ئەوان دەهری ببووی، چەندجار ئەتەویست سەر لە بن کەپری ئەو هەوارە هەڵگریت، بەڵام سەری پڕلە خەونی بەرزەفڕت پێ زەفت نابوو، تەنانەت تاقەتی ئەوەشت نەئەما لەزەتی ئەپراخێکی گەرموگوڕ لە بن ئەو ساباتە لە پەلکەکانیان بکەی ، بواری ئەوەشت نابوو جامێک لە بن گۆپکەیەکی تەڕی مێوەکە دابنێیت تا پێکێک لە شەرابت لۆ بڕێژێت وخۆتی پێ سەرخۆش کەیت…
ئەتوو هیچ کاتێک بە بێ وڵات وبێ دۆست ودەستەبرای عاشق بە وڵات، شەوت رۆژی نەئەکردەوە، هەر بۆیە لە مەنفای غەریبیدا باڵت ئەوەراو خاڵت ئەپەڕی، خۆت نەئەگرت وبە هەوای سەفەرێک وشنەی شەمالێک شۆڕت ئەکردەوە، دواجاریش ئۆقرەت لێبڕاو ناچار بوویت دەست لەو هەموو ئەو پەڕوباڵانەی تەمەنت بەردەیت کە ئەوان چیتر حەزیان لە گەڕانەوە بۆ ئاسمانی وڵاتی خۆیان نەئەکرد، هاتیتەوە تا چیتر لە دوورەوە بۆنی ماچ وگوڵی وەنەوشەو قازمانە سیکەرۆیەکان غەریبت نەکەن….
گەڕایەوە وەکو گەریدەیەکی ماندووی پاش سەفەرێکی سەخت، بە کۆڵێک خەم وحەزو خەون وئازاری تەمەنەوە، هاتیتەوە چاوت بە غەریبی (خۆشناوەتی) خۆشخۆش ئەگێرا، بۆنی غەریبیت زیاتر لە جاران کرد، چاوت گیڕا تا مەکۆیەک ببینیەوە بیکەیتە چراوگەیەک وچراکەتی لێ دابنێی، چەند رۆژی بەسەرچوو لە خەوی بن دارگیزو دارمێوەکان هەر تێرت نەئەخوارد، لە خۆشی ئەو هەموو بۆنانەی تۆیان سەرخۆش وسەرشێت ئەکرد، هەموو پەساپۆرتەکانت بەسەر پشتی کۆترێکی (شەقراوە)ەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان ناردەوە، بڕیارت دا جارێکی دیکە سەفەر نەکەی ولە وڵات دوور نەکەویتەوە تا هەناسەت زیاتر تەنگ نەبێت، لێرەدا بژیت ولێرەدا دواهەناسە بدەی ودواهەناسەش هەڵمژیت…
ئەتوو هەر ئەتوو بووی لە شار کوو بووی چەند عاشق بە بۆن ورەنگی کاڵ وتۆخ دەنگی خامۆش ورەگی رەسەن بووی، لە شاخیش هەروا بووی، بە گیزەگیزی زەرگەتەو فیشەک سڵت لەوانە نەئەکردەوە، مرۆ بەو دەنگانە هەراسان ئەکەن ئاخر گوێ بۆ گوێ لێگرتنە لە مۆسیقاو قسەی خۆش ودەنگی خۆش نەک ئەو دەنگە ناخۆشانە، وەکو پەپوولەیەک هەر بە دوای بۆنی گوڵ وهەڵالەدا فڕکەت ئەهات، چەند حەزت لە بۆنی رێحانەرەشەو قالکی دارسپینداری تازە سپی کراوت ئەکرد…
چەند عاشقی ماڵێک بووی پڕ بێت لە پەپوولەو دەف وپەلکەدارو رەنگی کاڵ وناسک، هەر بۆیە شەڕ رووی کێردی لە چ کالانێک ببایە تۆ کوریکەگوڵێکت بە سەردا دائەباراند ،باسی باران وبزەت لەگەل ئەکردن تا هەناسە تووڕەکانیان سارد ببنەوە، چەند مەیلت لە ئاسوودەیی بوو هەرگیز مەیلت لە شەڕو بۆنی خوێن وجەنگ نەئەکرد، بۆیە هەمیشە سێبەری شەڕوانەکان بە دارەبەستێکی ناووناتۆرەدا هەڵئەگەڕان، لەبەر پەنجەرەی دونیای نەرمی تۆدا ئەکەوتنە گاڵەو گارە، شووشە ناسکەکانی هەستی تۆیان ئەلەرزاند، بەڵام تۆ هەر ئەوە بووی کە خۆتت باش ئەناسی، ئەگەر پەپوولە نەبیت نابیت بە زەردەواڵاش بۆنی گوڵت قەت بە بۆنی گوللە نەئەگۆڕیەوە، قسەی ئەوانیشت لە بەرامبەر وەکو بایەک وابوو، لە رانکەکانیان جارجار بەرەڵا ئەبوو..
تۆ لە شاخیش دەستت لە شارستانی وبوژانەوەی هزرو مەزەندەکان بەر نەئەدا، هەر بۆیە هەر هەنگاوێکی مەدەنیت هەڵدا بایە هەزارو یەک تەشقەلەت تووش ئەبوو هەریەکە بە بورجوازی ودەرەبەگی لە قەڵەم ئەدای، بەلام ئەتوو ئەتزانی رووبار قەت بە دەمی مندالی هاروهاج شێلوو نابێت ، دەریای سەبووری وگەشبینیت لە هاژە نەئەکەوتن، ئەوەی بە باشت ئەزانی سلت نەئەکردەوە بۆ خۆت بەرجەستەت ئەکرد، هەر لە سابات وفوارەی ئاوو باخی پڕ گوڵ وماڵی جوان وکارەبای نیشتمانی وتەنانەت ئاودەستی سەربەخۆش…
ئاخ ئاودەست چ خەمێکی گەورە بووی…
سەرەتای هەموو شتێک سەخت بوو، بەڵام دوایی هەر هەموویان هاتنە سەر راو رێی تۆوە، هەموو ئەوانەی بزەی بێسەروبەیان ئەباراند، لەوەی تۆ لە ئاودەستێکدا جیهانی گەڕانت گچکە کردۆتەوە، بە ئاودەستێک گوزەرانێکی دیکەی شارستانیت نیشاندان، تا چیتر دەست بۆ بەردێک نەبەن لەبڕی ئاو، ئەگەر مرۆ بەر لەوەی بیر لە ماڵێک بکاتەوە بیر لە گەرماوو ئاودەستێکی سەربەخۆ نەکاتەوە، چۆن ئەتوانێت بیر لە وڵاتێکی خاوێن ودەولەتێکی پاقژ وسەربەخۆ بکاتەوە، کە تۆ نەتوانیت لە سنووری سەربەخۆ بوونی خۆت تام لەماڵەکەی خۆت بکەیت، لە وڵاتێکیش ناتوانیت تام لە ماڵ وسەربەخۆ بوون بکەیتەوە..
ماڵ بە لای تۆوە دەوڵەت بوو ئەگەر مالەکەی خۆت خۆش بوو، دەوڵەتەکەشت خۆشت ئەبێت…
 ژیان بە لای تۆوە ئەو ساتە بوو کە تێیدا بووی، هەولیشت ئەدا بتوانیت ئەو ساتانەش بە بێ لەزەت بەڕێیان نەکەی، خۆ کورد لە خۆڕا نەیگووتوە :
 ” بزن بۆ شەوێک بێت جێیەکەی خۆش ئەکات ” ،
لە بەدبەختی ئەو گەلەدا بوو، سەرکردایەتیەکی هەبوو هەمیشە مەکۆو مۆڵگەکانی خۆی بە هەوای رەوەندی بەسەر بردووە، هاوکات لەبەر خشپەو چرپەی (مفاوازات) وپەرینەوە بۆ ئەودیو سنووریش هەموو شتەکان کاتی بووینە، هەموو کونە شاخ وپەنای بەردی کوردستانیان کرد بووە ئاودەست، کەچی بە هەموویان بەهای ئاودەستێکیان لە رۆژی لێقەوماندا نەئەزانی، کەوابوو چۆن ئەکرێت بیر لە پلانی ماڵ و دەولەتێکی بە ئاودەست بۆ هاوڵاتیان بکرێتەوە…
سەرەتا تەنیا تۆ ئاودەستی خۆت هەبوو ئەوان بە دەرەبەگیان ئەزانی بەڵام دوایی هەر هەموویان بوونە دەرەبەگ وئاودەستی خۆیان قیت کردەوە، تەنانەت بەوەش رازی نەبوون باڕێکیان لە تەکیدا کردەوە، تۆ بووی سەرکردایەتیت لە قەیرانی بێ ئاودەستی ونەبوونی ئەو شەرمە شارستانیە رزگار کرد، ئەتوو هەر لە شار بە ئاوایی خۆت غەریب نەبووی، لە شاخیش بەو خەڵکە بەئاگایە غەریب وهیلاک بووی، لە هەر ئاقارێک بگیرسابایتەوە بۆنی غەریبی لێ ئەباری، ئەوە مەدەنیی بوونی تۆ بوو، هەناسەی سوار ئەکردی، تا شتێکت نەکرد بایە ئۆقرەت نەئەگرت، نەک بەگزادەیی وئاغایەیی خۆشناوەتیت….
تۆ کە دەستت لۆ ئاگردانی سیاسەت برد، ئەتزانی کوچک لە ئاگر گەرمتر نیە، بەڵام ئاگرێکە ئەتسوتێنێت، بەرلەوەی تۆ لە قاوەڵتی دوای سەفەرێکی دوور، زەوادێکی لە سەر ببرژێنیت، ئەو تۆی هەمیشە ئەبرژاند، بەڵام لە ئاسۆی تۆ نیشتمانێک هەبوو گڕی سوتان وتاوی گەرمی زۆر لەو بەتاو تر بوو، زۆر لە برژان وهەڵقرچانی ئەو سەختتر بوو، بۆیە بایەخی هیچ ئاگرێکت نەبوو هەموویان لەبەردەم گڕی عیشقی تۆ، خۆڵەمێشێکی ساردوسڕ بوون….
زۆر پەست ودڵپڕ بووی لە حیلەی ئەو پیاوە چاو پڕ حیلەو چاوبازە مێبازو سیاسەتبازانەی ناو سیاسەت، کە هەمیشە بە بۆنی بارووت وشریخەی تەقە سەمایەکی مەرگیان ئەگرت ولە خەڵوەتی بەرخۆداندا بە دێوجامای کوردایەتی رەوە ماکەوو نێرەکەوی کوردیان لە قاسپەی ژیان ئەکرد، لە سەر سەرگەرمی وسەهوویەکی خۆیان، تەراشی مەکۆی خەباتیان تێکوپێک ئەداو سەمایان بە خوێن وخاڵی سەر گەردنی سەربڕاو ئەکرد..
تۆ  پەپوولە بوویت تا بۆن ورەنگ وئەوین ببەشیەوە، تۆ هەنگێک بووی لە ئازار وئەزیەت نەئەگەڕای، ئەتەویست هەنگوینی خۆشی وهۆزەبانەی بەختەوەری بە زمانت نەک چزووت دابەش بکەی، بۆیە بە کابرایەکی (موسالم) و(موحافیز)و (سەلامەت)یان ناوزەد ئەکردی…
تۆ دەستت لە پیاوەتی پیاوێکی هەوەسباز بە سیاسەت هەڵگرت، لەبەرئەوەی باوەڕت وەکو باوەڕەی ئەوان نەما بوو، تۆ چەند باوەڕت بە کورەی رۆحی گەنج هەبوو، هەرئەوەش بوو دواجار کە ئەتووی لە دوورەوڵاتی گەراندەوە، بەڵام هەرگیز نە چوویتەوە بن باڵێک کە پڕ بوو لە (مەعمەعە)ی بێسەروبەرو مەتەڵی سەرقۆزی بن ئالۆزی ئەوان، هەست ئەکرد جارێکی دیکە ناوت لەو فەزایە تەنگەنەفەس وناکۆک ئەبێت، بۆیە بڕیارت دا، راوی تەمەنی خۆت لە ناو هۆڵەکانی پۆڵ وتاقکردنەوەکانی خوێندن ئەنجام بدەی، نەک لە هۆڵی پەرلەمان ومەکتەبی سیاسی ومەکتەبی (موئامەرات) وژوورە پڕ نهێنیەکانی پیاوە سمێل فش ولینگ فش وقسە زلەکان، زانکۆت پێ باشتر بوو بۆ خزمەت کردن نەک بارەگاگەکان تا لەوێ رۆحێک زیندوو کەیتەوە نەک رۆحێک بکوژیت ورۆحی خۆشت لە دەست بدەی..
پیاوێک لە نور ، پیاوێک هەمیشە دێت، تاریکی راو ئەنێت، تا ماڵەکەی تاریکتر نەبێت و شارەکەی تاریکتر نەکات و وڵاتەکەی تاریک نەبێت..
پیاویک لە بەفر ، لەگەل بەفر دێت و لەگەل بەفری پەریزادەیی پەریەک ئەبارێت، تا تاقودیواری ماڵەکان نەرم کات، تا دڵی ئاوایی نەرم بێت وسەری سەرکردەکانی وڵاتەکەم نەرم بێت…..
پیاوێکی پەپوولەو بە دوو باڵی تەنک وشەکەت دێت ،
پیاوێکی پڕ لە رەنگ وتێر بە رەنگی پەپوولە ، دێت تا مانشێتەکان بە بۆنی گوڵاوی ئاشتی وسەروپۆتەڵاکی شەڕوانەکان تەڕ کاتەوە..
پیاوێک بێبەری لە غەدر ، ژیانی پڕ لە غەدر ،چەند بە دوای غەدردا ،وێل و سەرگەردان…
غەدری خۆی تاوئەدا ،
تا غەدر لە تاریکیدا نەهێلێت و تاریکی بکوژێنێتەوە..
چەند غەدار بووین و چەند لە تاریکی گوللەمان بە سێبەری رائەکرد…
غەدرمان لێکردی ،چەند گوێمان لەبەردەم حەزرەتی قسەکانت گران بوو…
چەند غەدرمان لێکردی ، تۆمان وەکو خۆت نەناسی…
لەهەر سەدەیەک چەند پیاوێک هەیە ، دێن وئەڕۆن هەر غەریبن وناناسرێن…
دێن تا ئینسان رزگار بێت ومرۆ ئازاد کەن…
بەڵام خۆیان رزگار نابن، بەڵام هەمیشە ئازادن…
شەرمەزارم لە شارەکەم تا ئێستا کۆتەڵێکی بۆ تۆ دانەناوەو وەکو غەریب لێت ئەڕوانێ، کەس تۆی وەکو خۆت نەناسی، دیسان سیاسەتی ماڵی ئەوبەرو ماڵی ئەمبەر غەدریان لێکردی، لەبەرئەوەی لە تەکیەی ئەوان گەورە نەبووی وەکو دەروێشێکی دەست بە سنگ لە خەڵوەتی ئەوان دەرنەکەوتی، نابێت لە بەردەرگای ماڵی هاوسێی ئەوان تیلەچاوێکیشت دیار بێت..
بەڵام من هەمیشە ،
پیاوێکی زیندوو ئەناسم ، دێت ولە خەونمدا مێوانێکی ئێسک سووکە ، موژدەیەکم ئەداتە دەست وپێم ئەلێت :
تا گەنجێک لەو ناوە ئەببینم لەبەرامبەر غەدردا ، قسە ئەکات… من رۆحم لەوێیە قسە ئەکات .. من زیندووم..
من لەناوتان دام… کۆتەڵم ناوێت لێتان تا ئەو گەنجە بلێت نەء …
ئەو پیاوە لەوەتەی ئەیناسم رۆحێکی بزێوەو بێدەنگ نابێت، هەرگیز سەری لە زاکیرەم نابڕێت ، تا سەدەیەکی دیکە چاوەڕێم، کەسێکی دیکە بێت و خۆی بکاتەوە سەرم ئەوو شارەکەم ئاوەدان بکاتەوە….

شوان عوسمان-هۆلەندە
١١/٤/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.