
كاراكته‌ری بێ خه‌یاڵ …. ئه‌سعه‌د عه‌زیز محه‌مه‌د
ئه‌وكاته‌ی چیرۆكنووسه‌كه كه‌ره‌سه‌كانی نووسینی ئاماده ده‌كرد بیرۆكه‌كان به‌ته‌زووی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵده‌هاتن، بواری ئه‌وه‌یان نه‌ده‌دا كاراكته‌ره‌كه‌ی لهچیرۆكێكه به‌رجه‌سته بكات ورۆڵی سه‌ره‌كی پێبدات، هه‌موو هه‌وڵ وته‌قه‌لایه‌كی بۆده‌ستگیركردنیان بێهودهبوو تا به‌گوێره‌ی نه‌خشه‌یه‌كی چنراو بیهۆنێته‌وه، له‌م چركه ساته‌دا گیانی كاراكته‌ره‌كه‌ی خولقاندبوو، به‌دیارییه‌وه دۆش دامابوو، نه‌یده‌زانی چی لێ بكات، بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دونیای عه‌ده‌م یاخود به‌وشێوه ناكامڵیه به‌جێی بهێڵێت وكاتێكی تر بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری، هه‌ردووكیان بۆماوه‌یه‌كی زۆردوورو درێژ به‌رامبه‌ر یه‌كتر بێده‌نگ بوون، له‌باوه‌شی ئهوبێدهنگیه كه‌له‌هه‌موو ده‌نگه‌كانی تر سامناكتره، ده‌نگێك په‌یدابوو، له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی باو شهپۆڵهكانیدا چه‌ند گه‌ردێكی ئۆكسجین خۆی خزانده سییه‌كانی كاراكتهرهكهوه، به‌ده‌م پژمینه‌وه هه‌وای بوونی خۆی هه‌ڵمژی وده‌نگی لێهه‌ڵبڕی :-
“بۆ راوه‌ستاوی؟ به‌نیازی چیت ؟ كوا چیرۆكه‌كه‌م ؟”
چیرۆكنووسه‌كه كه خۆی به وێنه‌ی كه‌سێكی دۆڕاو ده‌هاته پێش چاو وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ردا شكستی خواردبێت، ته‌نانه‌ت ئهوهێمای شكستیهش به‌له‌ره‌ی ده‌نگیه‌وه دهنگیدهدایهوه، هه‌ربه‌و حوزنه‌وه گوتی:-
” هیچم له‌خه‌یاڵدا نیه، نازانم چیت لێبكه‌م”
كاراكته‌ره‌كه كه‌تا ئه‌وساته به‌ته‌نها روحێكی بێ جه‌سته‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر متمانه‌و بڕوای به‌خۆی بوو، تارماییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌رده‌خست كاراكته‌رێكی بزێوه، بهوبزێوی وبێشهرمیهوه رووی ده‌می كرده چیرۆكنووس وپێیگووت :-” تۆ به‌ته‌نها جه‌سته‌م بهبهردابكهو ئازادم بكه من چیرۆك بۆخۆم ده‌نووسمه‌وه”
ترسێك ئاوێته‌به سه‌رسامی له‌ده‌روونی چیرۆكنووسهكهوه سه‌ریهه‌ڵدا ترسه‌كه ده‌رفه‌تی كاراكته‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌دا چیرۆكه‌كه بنووسێته‌وه، به‌ڵام سهرسامییهكه گه‌مارۆی ترسهكهیدابوو، له‌دواجاریشدا لهههستێكهوه كهتێكهڵهیهك بوولهترس وسهرسامیهوه چیرۆكنووس له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره وا ڕێككه‌وتن جه‌سته بكاته به‌ری كاراكته‌ره وئازادی بكات له‌نووسینی چیرۆكێك به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌م به‌خشینه‌دا شتێكی گرنگ له‌ژیانی لێبسه‌نێته‌وه، كاراكته‌ر به‌م مه‌رجه نه‌ك به‌ته‌نها ترسا به‌ڵكو تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆریش تۆقیبوو، له‌هه‌ستی تۆقانده‌وه پێی‌ووت:-” چیم لێ ئهسهنیتهوه؟”
چیرۆكنووس بۆدڵنیایكردنی كاراكته‌ره‌كه ووتی” بۆئه‌وه‌ی له‌شت به‌به‌ردا بكه‌م وئازادیت پێبه‌خشم له‌تۆماركردنی چیرۆكێكه، پێویسته یه‌كێك له‌وشتانه‌ی كه‌بۆ ژیانت گرنگه‌و مایه‌ی بوونته له‌لای خۆم وه‌ك بارمته دایبنێم وبه‌مه‌ش ده‌توانم رێگا لهزیادهرۆیت كردنت بگرم ونههێڵم كارێك بكه‌یت له‌چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كه‌م ده‌ربچیت و سنووری ده‌سه‌ڵاتی من ببه‌زێنیت. “
ئه‌و قسانه‌ی چیرۆكنووس هیچ كاریگه‌رێكی ئه‌وتۆی لای كاراكته‌ر به‌جێ نه‌هێشت به‌ڵكو ئه‌و به‌ته‌نها له‌بیری ئه‌وه‌دابوو خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌ر بناسێته‌وه وئهوشتهش بزانێت كهچیرۆكنووس لێی بێبه‌شی ده‌كات، وته‌كه‌ی جاری پێشووی به‌هه‌مان له‌ره‌ی ده‌نگی ترسه‌وه دووباره‌كرده‌وه :-” چیم لێ ئهسهنیتهوه”
چیرۆكنووس بێ بیركردنه‌وه وبه‌خێرایی ووت:- “چاوت ناده‌مێ”
كاراكته‌ر به‌دیمه‌نی كه‌سێكی سته‌ملێكراو كه‌وته نووزه نوز په‌رده‌یه‌كی خه‌م وئه‌ندێشه‌ی بێ چاوو بینین به‌هه‌نسكی ده‌نگییه‌وه ده‌ركه‌وتبوو ووتی:- “تكات لێده‌كه‌م كاری وام له‌گه‌ڵدا مه‌كه، چونكه بێ بینین هیچم پێناكرێت، بێ چاو ناتوانم بجووڵێمه‌وه ، كهجووڵهشم نه‌بوو كارناكه‌م وتێكه‌ڵی خه‌ڵك نابم ،ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵی خه‌ڵكیش نه‌بم رووداو روونادات، بێ رووداویش چیرۆك دروست نابێت. بێ بینین ره‌نگه‌كان ناناسم، ژیانی بێ ره‌نگ مردنه.”
چیرۆكنووسه‌كه له گێژاوی بیركردنه‌وه‌و نمایشی كاراكتهرهكهو داواكارییه‌كانی تووشی شۆك ببوو، بۆدۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه پێشنیاری ئه‌وه‌یكرد و ووتی:- “ئه‌ڵێی چی گوێت نه‌بێت وهیچ نه‌بیستی؟!”
كاراكتهرتا ئه‌وساته هه‌ربه‌ته‌نها ده‌نگ بوو هاواری لێ به‌رزبووه‌وه:- “بۆ ره‌زای خوا شتی وا نه‌كه‌یت، من ناڵێم تۆ بڵێ له‌چ كاتێكه بیستووته یان بینیووته ئه‌كته‌رێكی كه‌ڕ بانگهێشتی شانۆگه‌رییه‌ك بكرێت؟ گه‌ر گوێم نه‌بێت وتوانایی بیستنم نه‌بێت چۆن ده‌توانم رۆڵی خۆم له‌و چیرۆكه نمایش بكه‌م؟ ژیان بێ بیستن مانایی زینده‌گی نامێنێت، بێ گوێ چۆن ده‌توانم گمه‌ی كۆتر‌و فیشكه‌ی مار لێكتر جیا بكه‌مه‌وه، ده‌نگی كسپه‌ی گریان وقاقای پێكه‌نین ببیستم ،بێ هه‌ستیاری بیستن ههرگیزچیرۆك نانووسرێته‌وه.”
چیرۆكنووسه‌كه كه‌تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆریش وه‌ڕه‌سبوونی پێوه دیاربوو له‌رووی ئه‌م كاراكته‌ر شێته‌یه كههێناوێتیه ئاراوه كه‌ده‌یه‌وێت بۆخۆی چیرۆك دروست بكات، تووشی سه‌ره گێژكه هاتبوو نه‌یده‌زانی چی بكات.
لهناكاووبهشێوهیهكی كتوپڕگووتی:-” به‌هیچ كلۆجێ تۆ ره‌زا نابێت، ئه‌وه‌نه‌بێت خه‌یاڵت نه‌ده‌مێ، كاراكته‌رێكی بێ خه‌یاڵ بیت”
كاراكته‌ر نقه‌ی لێوه نه‌هات، له‌سه‌ره‌تادا چیرۆكنووس لهبێدهنگیهكهی تێنه‌گه‌یشت، له‌به‌رئه‌وه دووباره‌ی كرده‌وه‌و ووتی:-“تۆ ڕازیت به‌وه‌ی خه‌یاڵت نه‌بێت .”
كاراكته‌ره‌كه به‌خۆشحاڵیه‌وه ووتی:-” به‌ڵێ رازیم”
چیرۆكنووس له‌كێش وپێوانهی بیركردنه‌وه‌یدا به‌راوردی ئهورازیبوونهی كاراكته‌ره‌كه‌ی به رازیبوونه‌كه‌ی مرۆڤ كرد كاتێك خوای مه‌زن راسپارده‌ی خسته سه‌رشانی له‌كاتێكدا هه‌موو بوونه‌وه‌رو ئاسمان وزه‌وی هیچ كامیان رازی نه‌بوون ئه‌و ئه‌ركه له‌ئه‌ستۆ بگرن بێجگه له مرۆڤ ئه‌ویش رازیبوونه‌كه‌ی لهنهزانینیهوه بوو، كاراكته‌ره‌كه‌ی به‌وه رازی بوو بێ خه‌یاڵ بژێت، ده‌یزانی ئه‌و رازی بوونه‌ی كاراكتهرهكهیشی له‌نه‌زانینه‌وه‌یه.
ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه لێره‌وه‌یه……
كاراكته‌ر ئه‌وه‌نده په‌رۆشی ئه‌وه‌بوو چیرۆكێك به‌ویستی خۆی بنووسێته‌وه په‌رۆشی ئه‌وه‌نه‌بوو هه‌ڵگری ناوێك بێت له‌به‌رئه‌وه ئێوه ده‌توانن به‌خواستی خۆتان ناوێكی لێ بنێن، هێشتا مناڵێكی كۆرپه بوو دایكی دركی به‌وه‌كرد مناڵێكی ئاسایی نیه، وه‌ك مناڵه‌كانی تر خه‌نده‌و گریانی نیه، به‌ته‌نها ئه‌وكاتانه ده‌گریا كهبرسی ده‌بوو، ههروههاباوهشی دایكی له‌باوه‌شی ژنێكی تر جیانهدهكردهوه، كهورده ورده گهورهدهبوو نائاسایی ئه‌ومناڵه زیاتر ده‌رده‌كه‌وت، به‌رووی هیچ گیانلهبهرێكدا ترس وسامناكی نه‌ده‌زانی، هیچ كاتێك له‌مه‌ترسی خۆی نه‌ده‌پاراست، وه‌ك مناڵه‌كانی هاوته‌مه‌نی روویكرده قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی، له‌وێوه گرفت وكێشه‌كه‌ی به‌روونی ده‌ركه‌وت، رۆژێكیان لهپۆلدابوو مامۆستاكه‌یان بۆزانینی حه‌زو ئاره‌زووی قوتابیان راپرسێیهكی له‌ناو پۆلدا كرد، لهههرقوتابیهك پرسیارێكی ده‌كرد(حه‌زده‌كه‌یت له‌داهاتوودا ببیت به‌چی؟) پاش ئه‌وه‌ی گوێبیستی وه‌ڵامی قوتابیان ده‌بوو، دووبارهلێی ده‌پرسییه‌وه بۆچی؟ ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌یان هۆكارێكی بۆ ئه‌وه دیاریده‌كرد كه‌بۆته هه‌ڵبژاردنی ئهوپیشهیه .
قوتابیه‌ك حه‌زیده‌كرد ببێته پزیشك تاچاره‌سه‌ری نه‌خۆش بكات، یه‌كێكی تر حه‌زیده‌كرد ببێته پۆلیس تاوه‌كو دزوپیاوكوژهكان بخاته زیندانه‌وه، یه‌كێكی تر ده‌یویست پیشه‌ی باوكی وه‌ربگرێت وببێته ئه‌ندازیارو نه‌خشه‌ی بنیاتنانی خان‌و بكێشێت .قوتابیه‌كی تر لهسوچێكهوه دانیشتبووبهنیازبوو له‌ئاینده‌دا كاری بازرگانی بكات بۆئه‌وه‌ی پاره‌ی زۆربێت. هاوڕێكه‌ی ته‌نیشتی ده‌یویست ببێتهباخهوان بۆئه‌وه‌ی گوڵی جوان وبۆنخۆش بنێژێت .
به‌ڵام كاتێ سره گه‌یشته ئه‌و وه‌ڵامی نه‌بوو، ئه‌مه مامۆستاكه‌ی ناچاركرد بۆچه‌ندین جار پرسیاره‌كه دووباره‌بكاته‌وه، به‌ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی گووت” نازانم”
كهمامۆستاكه لێی پرسییه‌وه”بۆچی نازانیت؟”
ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئهورێكهوتنه مێژووییه بێت كه‌له‌نێوان خۆی وچیرۆكنووسهكهدا واژووكراوه، بهكزییهكهوه ووتی” له‌به‌رئه‌وه‌ی من خه‌یاڵم نیه”
له‌وساوه به‌یت وبالوورهی ئهوقوتابیهی خه‌یاڵی نیه جگهلهبنمیچی ژووری پۆله‌كه به‌هه‌موو بنمیچی ژووره‌كانی قوتابخانه‌و به‌فه‌زای كوچه‌و كۆڵانی شاردا وه‌ك پهتاییهكی ڤایرۆسی كوشنده ته‌شه‌نه‌یكرد، كاراكته‌ریش نازناوی قوتابیه بێ خه‌یاڵه‌كه‌ی پێوهلكاو تاكۆتایی لێی نه‌بووه‌وه، ههرلهقوتابخانه له‌وانه‌ی هونه‌ردا مامۆستا داوای له‌قوتابیه‌كان ده‌كرد وێنه‌ی دیمه‌نێك یان شتیك بكێشن كهسهرنجیان راده‌كێشن، هه‌موو قوتابیه‌ك له‌خوای ده‌ویست بۆساتێكی له‌م شێوه‌یه‌و ده‌ستیده‌كرد به‌چنینی خه‌یاڵی خۆی وههرشتێكی به‌بیردا بهاتایه ئهوهبهقهڵم تابلۆكه‌ی ده‌كێشا به‌ڵام ئه‌و نه‌بێت كه‌بێ ئه‌وه‌ی وێنه بكێشێت به‌وێنه‌ی دیمه‌نی بتێك دائه‌نیشت ونقهی له‌خۆی ده‌بڕی، كهمامۆستاكه ئاگاداری ئهوهدهبووهوه لێی ده‌پرسی ” بۆچی وێنه ناكێشیت؟ “
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م بێته قسه هاوڕێكانی له‌پۆلدا ده‌نگیان به‌رزده‌كرده‌وه :-” مامۆستا ئه‌و خه‌یاڵی نیه”
نه‌بوونی خه‌یاڵ له‌بیری ئه‌م قوتابیه بووه نه‌فره‌تێك رۆژی چه‌ندین جار به‌رۆكی ده‌گرت وبه‌و ده‌رده‌وه ئه‌تلایه‌وه، لهناوكوچهو كۆڵانه‌كاندا وه‌ك كه‌سێكی نامۆ تهماشادهكراو له‌گه‌ڵی هه‌ڵسوكه‌وت وره‌فتار ده‌كرا، مناڵانی هاوته‌مه‌نی حه‌زیان له‌به‌خێوكردنی گیانله‌به‌رو باڵنده‌بوو، سه‌گیان به‌خێوده‌كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌وه‌فابوو، كۆتریان راده‌گرت چونكه پاش گه‌شتێكی ئاسمانه دووره‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه هێلانه‌كه‌ی خۆی، یه‌كێكی تر حه‌زی به‌كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شێربوو چونكه پادشای دارستان بوو .
به‌ڵام ئه‌و رۆژله‌دوای رۆژ كهنارگیرترودوورهپهرێز ده‌بوو، به‌هۆی نه‌بوونی خه‌یاڵه‌وه خۆشه‌ویستی ورق وقینی نه‌ده‌زانی ،بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌قوتابخانه مایه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی لێوه‌ربگرێت، له‌ئه‌نجامدا وازی له‌خوێندن هێناودهستبهرداری كتێب وقه‌ڵه‌م ودهفتهربوو له‌راستیشدا فێری هیچ شتێك نه‌بوو، چونكه ئه‌وكاته مرۆڤ ده‌توانێت فێربێت كهخهیاڵی هه‌بێت ،سه‌ركه‌وتووترین كه‌سیش ئه‌وكه‌سه‌یه كه‌پانتایی خه‌یاڵێكی فراوانی هه‌یه.
له‌دوایدا باوكی له‌لای دارتاشێكی دۆستی به‌شاگرد داینا بۆئه‌وه‌ی هه‌رنه‌بێت فێری پیشه‌یه‌ك بێت تابژێوی خۆی لێیه‌وه دابین بكات، شاگرده‌كان خه‌ونه‌كانیان بۆیه‌كتر ده‌گێڕایه‌وه، شاگردێك خه‌ونی به‌وه ده‌بینی هاوشێوه‌ی وه‌ستاكه‌ی ببێته پیشه‌وه‌رێكی ناسراو، شاگردێك ده‌یویست به‌خێرایی فێری كارهكهببێت تادوكانێك بۆخۆی دابنێت وشاگرد له‌لای خۆی رابگرێت، یه‌كێكی كه‌یان ئه‌وه‌نده عه‌وداڵی ئه‌وه‌بوو كاره‌كانی جوان وسه‌رنجڕاكێش ببن كه‌ده‌یویست كاره‌كانی ده‌ستی خۆی بگه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانی تاران وئهستهمبووڵ بڕازێنێته‌وه، هه‌ربه‌ته‌نها ئه‌و بوو خه‌ونی نه‌بوو، نه‌یده‌زانی خه‌ون چیه‌و چۆنیش په‌یدا ده‌بێت.
دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵ له‌وێ فێری كاروپیشهش نه‌بوو ،بۆئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌كارێكدا په‌یدابكات پێویستی به‌وه‌یه خه‌یاڵی هه‌بێت كهئهونیهتی. بێزاری وبێ ئومێدی سیمای یه‌كپارچه رهشكردبووه، هێشتا كۆتایی چیرۆكه‌كه نه‌هاتبوو، به‌روخسارێكی خهمبارییهوهروویكرده چیرۆكنووس وگوتی:”كه‌ی كۆتای بهچیرۆكهكهت ده‌هێنیت؟ “
چیرۆكنووسیش به‌خوێن ساردییهكهوهكههیچ به‌زه‌یی وسۆزێكی تیا حهشارنهدابوو ووتی:-“ئه‌وه‌شیان خۆت تیایه ئازادیت “
كه‌دوا رسته‌ی له‌ده‌می چیرۆكنووس بیست، به‌نیازی مردن خۆی فڕێداوه ژێر تایه‌ی ئۆتۆمبیلێكه‌وه كهبهخێراییهكی شێتانه لێیده‌خوڕی وده‌ستبه‌جێ له‌وشوێنه كۆتایی به‌چیرۆكی كاراكته‌ری بێ خه‌یاڵ هێنا “
له‌دوای مه‌رگی كاراكته‌ره‌كه بۆ ڕێزگرتن له‌و ڕێكه‌وتنه‌ی نێوان خۆی وكاراكتهرهكهی چیرۆكه‌كه‌ی نووسییه‌وه‌و ره‌وانه‌ی گۆڤارێكی شاره‌كه‌ی كرد.
كه‌ركوك/2009