رۆژنامه‌نوسیی كوردی.. ده‌سه‌ڵاتێكی بێدهسهڵاتو ناچاودێر
له114 ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا،
رۆژنامه‌نوسیی كوردی.. ده‌سه‌ڵاتێكی بێدهسهڵاتو ناچاودێر
د.هێرش ره‌سوڵ
ده‌روازه
له22ی نیساندا، رێكه‌وتی ده‌رچونی یه‌كه‌مین رۆژنامه به‌زمانی كوردی (رۆژنامه‌ی كوردستان)، ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسیی كوردی ده‌گاته 114 ساڵ. له‌كۆی ئه‌و مێژوه پتر له‌سه‌د ساڵه‌ش، 21 ساڵی ده‌كه‌وێته قۆناغی دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی باشوری كوردستان، واته قۆناغی دوای ئازادی‌و سه‌رده‌می حكومڕانیی كوردی. ئه‌م وتاره شیكارییه هه‌وڵده‌دات هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر باری ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نوسیی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بكات‌و، رهههندو روه جیاوازه‌كانی، له‌گۆشه‌نیگای ئه‌كادیمییه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنێت.
قۆناغی گواستنه‌وه
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئاگامان له‌و راستیه ساده‌یه بێت، كه ناتوانین دابڕاو له‌دۆخی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتوری‌و… تاد-ی هه‌رێمی كوردستان له‌دۆخی میدیای كوردی بڕوانین‌و چاره‌ی قه‌یرانه‌كانی بدۆزینه‌وه.
هه‌مو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، میدیای كوردی له‌هه‌رێمی كوردستادا، ئه‌مڕۆ له‌دۆخێكی ناجێگیرو قۆناغێكی گواستنه‌وه‌دایه.. به‌و پێیه‌ی چوار تیۆری سه‌ره‌كی هه‌ن كه په‌یوه‌ندیی نێوان میدیا‌و سیستمی سیاسی دیاریده‌كه‌ن (ده‌سه‌ڵات، لیبراڵ، سۆسیالیستی، به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌واقیعی ئه‌مڕۆی میدیای كوردیدا دهیبینینو هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئه‌م میدیایه خۆی له‌نێو هیچكام له‌و تیۆرانه نادۆزێته‌وه، به‌ڵكو تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌هه‌ر چوار تیۆره‌كه، یان سیمای هه‌ر چوار تیۆره‌كه‌ی پێوه دیاره، ئه‌مه‌یش به‌ڕونی لهئاراستهكانیدا ده‌بینرێت. له‌میدیای كوردیدا هه‌ریه‌ك لهئاراستهكانی (میدیای پابه‌ند –به‌ره‌سمی‌و حزبیه‌وه ئیتر حزبی فه‌رمانڕه‌وا بێت یان ئۆپۆزسیۆن-، میدیای سه‌ربه‌خۆ، هێڵی ناوه‌ڕاست) ئاماده‌گییان هه‌یه، بۆیه ههوڵو هه‌نگاوه‌كانی هه‌م تیۆری ده‌سه‌ڵاتخوازی، هه‌م تیۆری ئیشتراكی، هه‌م تیۆری ئازاد‌و، جارجاریش رۆیشتن به‌ره‌و تیۆری به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینرێت.
میدیا‌و ده‌سه‌ڵات
به‌پشتبه‌ستن بهئهنجامگیریی ته‌وه‌ری پێش‌و، ده‌بینین هه‌میشه میدیاكان له‌و جۆره دۆخ‌و قۆناغانه ناسهقامگیرانهدا ده‌كه‌ونه نێو قه‌یرانی ههمهچهشنو روبه‌ڕوی كێشه‌گه‌لی جۆراوجۆری له‌بابه‌ت (ناپرۆفێشناڵبون، لادانی یاسایی‌و ئێتیكی، بێمتمانه‌یی، نابه‌رپرسیارێتی، به‌جێهێنانی ئه‌ركی ئایدۆلۆژی… تاد) ده‌بنه‌وه، وه‌كچۆن هه‌مو ئه‌مانه‌و زیاتریش، زۆرجار به‌ئاسانی له‌روخساری ئه‌م میدیا (به‌ته‌مه‌ن پتر له‌سه‌د ساڵه‌و به‌كوالیتی گه‌نجه)ی كوردی دهخوێنینهوهو، ههستیشدهكهین زۆرجار كاریگه‌ریی سلبی له‌سه‌ر وه‌رگری كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا جێده‌هێڵێت.
هه‌روا نابێ ئه‌وه‌شمان بیربچێت، راسته ئێستا بۆ رۆژنامه‌نوسیی كوردی قۆناغێكی گواستنه‌وه‌یه، به‌ڵام فه‌رامۆشكردنیشی قه‌یرانی دیكه به‌دوای خۆیدا دێنێت، بۆیه پێویسته میدیاكاران خۆیان، هه‌روه‌ها توێژهرانو ئه‌كادیمیان، ئۆرگانه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه، حزبهكانو حكومه‌تیش رۆڵیان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌پێناو دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی تهندروستو هاوبهرپرسیارێتیی له‌نێوان میدیا‌و ده‌سه‌ڵاتدا، بێگومان ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می ئه‌و هه‌ڵه لهیهكترگهیشتنهش هه‌نگاوی جیددی‌و هه‌وڵی لێبڕاوانه‌ی گه‌ره‌كه.
ده‌سه‌ڵاتێكی بێدهسهڵاتو ناچاودێر
(ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م) بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا به‌رامبه‌ر به‌كایه‌ی میدیا‌و رۆژنامه‌نوسی به‌كارهات، ئه‌مه‌ش وه‌كو زاراوه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی نارهسمیو مهعنهویو، وه‌ك ته‌واوكه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كانی (یاسادانان، جێبه‌جێكردن، دادوه‌ری)و چاو‌دێر به‌سه‌ر هه‌رسێكیانه‌وه. (خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاتی چوارهمو بهدهسهڵاتبونی میدیا له‌كوردستان ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ: هێرش ره‌سوڵ: ئاسته‌نگه‌كانی دروستبونی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌هه‌رێمی كوردستاندا، توێژینه‌وه‌یه‌كه، لهدوانزهههمین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ (20-27/11/2008– سلێمانی) پێشكهشكراوهو خه‌ڵاتی سێیه‌می لێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌رگرتوه، چاپنه‌كراوه).
كاتێك میدیا شوناسی (ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م)ی هه‌ڵگرتوه له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه له‌پاڵ ئه‌ركه‌كانی (هه‌واڵ‌و زانیاریگه‌یاندن، په‌روه‌رده‌و فێركردن، كاتبه‌سه‌ربردن، گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و…تاد) وه‌زیفه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ئه‌ستۆیه ئه‌ویش (ئه‌ركی چاودێركاری- الوڤیفه الڕّقابیه) یه. چاو‌دێر به‌سه‌ر كایه‌و بوار‌و ده‌زگاو دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانی كه كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ر له‌ده‌زگای یاسادانانه‌وه كه (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) ده‌گرێته‌وه تا ده‌گاته لایه‌نی جێبه‌جێكار (حكومه‌ت)و پاشان ده‌سه‌ڵاتی داد‌و ئینجا هه‌مو ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پهروهردهییو ئه‌كادیمی‌و… یه‌كانی دیكه. (خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌ركی چاودێركاریی رۆژنامه‌نوسی‌و به‌تایبه‌ت لهرۆژنامهنوسیی كوردیدا، ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ: هیرش رسول مراد: الوظیفة الرِّقابیة للصحافة الكوردیة فی إقلیم كوردستان، أطروحة دكتوراه غیر منشورة، 2011، جامعة السلیمانیه- كلیة العلوم الإنسانیة- قسم الإعلام- الصحافة).
به‌بڕوای من، به‌جێنه‌هێنانی (ئه‌ركی چاودێركاری) وه‌كو ئه‌ركێكی گرنگی هه‌ر میدیایه‌ك، له‌كوردستاندا، به‌مانایه‌كی تر بهدهسهڵاتنهبونی راگه‌یاندن له‌م هه‌رێمه بۆ چه‌ند هۆیه‌كی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌كورتی له‌چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌یان پێبده‌ین:
یه‌كه‌م: به‌ر له‌هه‌رشتێك هاتنه كایه‌ی (ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م) په‌یوه‌ندیی بهجێبهجێنهكردنی پره‌نسیپی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه هه‌یه، چونكه تاوه‌كو سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه سهربهخۆو لێكجیاكراوه نه‌بن، شتێك به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی چوارهمو چاو‌دێر به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه نابێت. به‌داخه‌وه له‌كوردستانیش تاكو ئێستا تێكه‌ڵییه‌كی به‌رچاو بهدهسهڵاتهكانهوه دیاره، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و دادوه‌ری تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ربه‌خۆ نین، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌ستوه‌رده‌ده‌نه ناو هه‌ردو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه، له‌مانه‌ش زیاتر حزب ده‌ستوه‌رده‌داته ناو هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی چواره‌میش ناتوانێت وه‌ك پێویسته بێته‌كایه‌وه‌و كارا بێت.
دوه‌م: داخراویی سیستمی سیاسی له‌كوردستان‌و گۆڕینی “قۆناغی رێگرتن له‌ره‌خنه” بۆ “قۆناغی گوێپێنهدانو بێنرخكردنی ره‌خنه”، چونكه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ره‌خنه‌ی بابه‌تیی پاڵپشت به‌دۆكیۆمێنت له‌باره‌ی بونی كهموكوڕیو گه‌نده‌ڵی له‌میدیاكانه‌وه دهبینینو دهبیستینو ده‌خوێنینه‌وه، به‌ڵام كار له‌سه‌ر رێژه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان ناكرێت، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌و ده‌رفه‌تدانه به‌ره‌خنه زیاتر وه‌ك جۆرێك له”سیاسه‌تی ئیسفه‌نجی” هه‌ست پێده‌كرێت بۆ هه‌ڵمژینی فشار‌و توڕه‌ییه‌كانی هاوڵاتی.
سێیه‌م: قۆناغی راگوزه‌ریی میدیای كوردی یه‌كێكیتره له‌و هۆكارانه‌و بوه‌ته ئاسته‌نگێك له‌به‌رده‌م ئه‌و بهچاوێربونهی راگه‌یاندن له‌كوردستاندا.
چواره‌م: فهراههمنهبونی كه‌شی ئازادیی رادهربڕینو مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌كوردستاندا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی یاسایه‌كی هاوچه‌رخ، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ندو بڕگه‌كانی له‌گه‌ڵ گیانی سهردهمو ژیانی دیموكراسیی كۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێت‌و چه‌مكه‌كان تیایدا پێناسه‌كراو بن.
پێنجه‌م: هه‌ریه‌ك له‌فاكته‌ره‌كانی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی، كلتوری، ههرێمایهتیو نێوده‌وڵه‌تی.
پیشه‌گه‌ری
ئه‌گه‌رچی 114 ساڵ ته‌مه‌ن به‌به‌راورد به‌ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسیی گه‌لانی ده‌وروبه‌ری كوردستان مێژویه‌كی كورت نیه، به‌ڵام ئاخۆ ژماره‌ی مانگ‌و ساڵی ته‌مه‌نی رۆژنامهنوسییهك ده‌بێته پێوه‌ری خه‌مڵینی ته‌واوه‌تی كایهكهو پرۆفێشناڵبونی؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر.. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی، رۆژنامه‌نوسیی كوردییش، به‌داخه‌وه تاكو ئێستا نه‌یتوانیوه ببێته رۆژنامه‌نوسییه‌كی پیشه‌یی. ده‌توانین ئه‌مه‌ش به‌ڕونی له‌دو ئاستی سه‌ره‌كیدا به‌دی بكه‌ین:
یه‌كه‌م: تاكو ئێستا رۆژنامه‌نوسیی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بوه‌ته پیشه‌و زۆرینه‌ی كاركه‌رانی بواره‌كه وه‌كو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی بژێوییان به‌كاریناهێنن، دیاره ئه‌مه‌ش هۆكاری جیاوازی له‌پشته‌وه‌یه.
دوه‌م: میدیای نوسراومان لاوازیی پیشه‌یی پێوه دیاره‌و له‌روی پرۆفێشناڵیو مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ فاكت، سازاندن (تحریر)و ره‌نگدانه‌وه‌ی ژانره جیاوازه‌كانی رۆژنامه‌نوسییه‌وه له‌دۆخێكی هه‌ژاردایه، یاخود جۆرێك له‌به‌رزو نزمی‌و گۆڕانی خێرا بهكاریگهریی گۆڕانكاریی لهستافهكانی نوسین لهلاپهڕهكانیاندا دهبینرێو زۆرجار لهستایڵێكی جوان‌و ئه‌كادیمی دوری خستونه‌ته‌وه.
جێی سه‌رنجه، رۆژنامه‌نوسیی كوردی تا به‌ئێستا ده‌گات نه‌یتوانیوه مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست‌و پیشه‌ییانه له‌گه‌ڵ فاكت‌و روداوه‌كاندا بكات، ئه‌مه‌ش به‌ڕونی له‌ڕوداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا دهركهوتو روخساری ئه‌م رۆژنامهنوسییهی له‌م روه‌وه “قه‌یراناوی” پیشانداین. به‌تایبه‌ت زۆرجار ده‌بینین میدیاكانمان (به‌تایبه‌ت میدیای پابه‌ند -بهحكومڕانو ئۆپۆزسیۆنه‌وه-) بهئایدۆلۆژیكراونو پیشهییبونیان كراوه‌ته قوربانیی گه‌مه‌ی سیاسی‌و گوتاری ئایدۆلۆژی، ئه‌مه له‌لایه‌ك. لهلایهكیتریشهوه له‌بری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی وه‌رگر، خۆی دێنێته ئاستی ئه‌و، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی هه‌ندێجار هه‌ستده‌كرێت پرۆفێشناڵیبون نوقمی رۆحی پۆپولیستی بوه، (ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌میدیا سه‌ربه‌خۆكاندا ده‌بینرێت).
ئێتیكی رۆژنامه‌نوسی
ئێتیكی پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی له‌ساده‌ترین پێناسه‌یدا، كۆمه‌ڵێك پێوه‌رو پره‌نسیپه، كه ده‌بێت رۆژنامهنوسو میدیاكاران خۆویستانه‌و له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی ویژدانیی، له‌میانی پیشه‌كه‌یاندا په‌یڕه‌وی لێبكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئاستێكی به‌رزی پیشه‌یی پیشان بده‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجیشمان له‌سه‌ر باری ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نوسیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا چڕبكه‌ینه‌وه، ده‌توانین به‌ئاسانی له‌وه تێبگه‌ین ئێتیك له‌دۆخێكی فه‌رامۆشیدایه، میدیا‌و میدیاكاران تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئێتیكی پیشه‌كه‌یان ره‌چاوناكه‌ن، ئیتر به‌مه‌به‌ست بێت یان بێ مه‌به‌ست!
هۆكاره‌كانی ئه‌م پێشێلكردنانهیش جیاوازن، له‌وانه: بارودۆخی سیاسیی كوردستان، كه ناجێگیری‌و داخراویی سیاسی كاریگه‌ری خۆی هه‌یه، دواتر فهراههمنهبونی ئازادییه‌كان، هه‌رچه‌نده په‌راوێزێكی ئازادیی رۆژنامه‌نوسی‌و رادهربڕینو به‌ده‌ستهێنانی زانیاری هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێجار پانتایی ئه‌م ئازادییانه بهرتهسكدهكرێتهوه. بۆ نمونه كاتێك رۆژنامه‌نوسێك ئازادیی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری نه‌بو، یان ئه‌و ئازادییه‌ی لێ زه‌وتكرا ناچارده‌بێت په‌نا بۆ سه‌رچاوه‌ی نادیار به‌رێت، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌ناوی سه‌رچاوه‌كه بكات، ئه‌وكاته رۆژنامه‌نوس توشی هه‌ڵه‌ی ئێتیكی ده‌بێت. خاڵێكی تر بریتییه له‌لاوازی پیشه‌یی، به‌داخه‌وه زۆر لهمیدیاكارانی كورد بێَ بونی هۆشیارییه‌كی پیشهییو میدیایی ده‌ستیانداوه‌ته كاری رۆژنامه‌نوسی، بێ ئه‌وه‌ی بزانن كاری میدیا ته‌نها له‌ره‌هه‌ندی ئابوری‌و داراییه‌وه لێی ناڕوانرێت، به‌ڵكو پێویسته له‌ره‌هه‌ندی مرۆیی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌وه لێی بڕوانرێت. واته نابێت میدیا ته‌نها پیشه‌یه‌ك بێت سه‌رمایه‌ی ماددی ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵكو پێویسته سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌ویش به‌هه‌ند وه‌ربگرێت، كه بریتیه له‌رێزگرتن لهخۆیو ویژدانی‌و پیشهكهیو وه‌رگره‌كانی. هه‌روه‌ها پێویسته میدیاكار له‌میانی په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و پیشه‌یه به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بهدیبهێنێتو خزمه‌ت بهكۆمهڵگه بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، نه‌بونی په‌یماننامه‌یه‌كی شه‌ره‌ف، به‌جۆرێ رێژه‌یه‌كی زۆری میدیاكارو رۆژنامه‌نوسان له‌سه‌ری كۆكبوبنو پێیه‌وه پابه‌ندبن. هه‌روا نه‌بونی ئه‌نجومه‌نی باڵای رۆژنامه‌نوسی، به‌ڵام به‌و ئاراسته‌یه‌ی كار له‌سه‌ر ئازادیی رۆژنامه‌نوسی‌و داكۆكیكردن لێی بكات. هه‌وڵ بۆ پاراستنی لێشاوی زانیارییه‌كان‌و گره‌نتیی ئازادیی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسی رۆڵی خۆی له‌كۆمه‌ڵگه بگێڕێت‌و رایگشتی دروست بكات. وه‌كچۆن كار له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌كان‌و گره‌نتیی دوبارهنهبونهی ئه‌و هه‌ڵانه بكات. داكۆكی له‌رۆژنامه‌نوسان بكات، دژی رێوشوێنه زۆره‌ملێكان، كه حكومه‌ته‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌یگرنه‌به‌ر. سكاڵا له‌جه‌ماوه‌رو رۆژنامه‌كان وهربگرێتو كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنیان بكات. (خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ئێتیكی راگهیاندنو ئێتیك لهرۆژنامهنوسیی كوردیدا ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ: هێرش ره‌سوڵ: غیابی ئێتیك له‌میدیای كوردیدا، ته‌وه‌ری (ئێتیك لهرۆژنامهگهریی كوردیدا) رۆژنامه‌ی (خه‌بات)، ژماره‌كانی 3304 و 3305 و 3306 ی رۆژانی 20و 21و 22/10/2009).
یاسای رۆژنامه‌نوسی
یاسا، بوارێكی گرنگ‌و پێویستی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌و تاكهكانێتی، هه‌مو پیشه‌یه‌كیش به‌یاسای تایبه‌ت به‌خۆی رێكده‌خرێت، له‌م نێوانه‌دا رۆژنامه‌نوسی-یش خاوه‌نی یاسای تایبه‌تی خۆیه‌تی، به‌و مه‌به‌سته‌ی پیشه‌كه رێكبخات‌و سنوری كاری میدیاكارو رۆژنامه‌نوسانیش دیاری بكات.
له‌مڕۆدا (یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان ژماره 35ی ساڵی 2007) یاسای به‌ركاره له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ر له‌هه‌ر شتێ پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین، كه له‌هه‌ندێ روه‌وه جیاوازیی له‌گه‌ڵ یاسا به‌ركاره‌كه‌ی پێشودا (یاسای چاپه‌مه‌نیی هه‌رێمی كوردستان ژماره 10ی ساڵی 1993)دا هه‌یه، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌شێوازی ده‌ركردنی رۆژنامه، كه له‌سیستمی مۆڵه‌توه‌رگرتن (الایجازة)ه‌وه بۆ سیستمی ئاگاكاری (الاخطار) گۆڕدرا، هه‌ندێ ده‌سته‌واژه‌ی لاستیكیو ته‌مومژاوی وه‌كو: ئادابی گشتی، سیستمی گشتی… نه‌خراونه‌ته ده‌قی یاسا تازه‌كه‌وه، زیندانیكردن وه‌ك سزادانی رۆژنامه‌نوس نه‌ماوه‌و ته‌نها سزای پێبژاردن (الغرامة) به‌كاردێت، هه‌روا دهقنوسكردنی كۆمه‌ڵێك ماف‌و ئیمتیازات بۆ رۆژنامه‌نوس له‌یاساكه‌دا. به‌ڵام ئه‌م یاسایه‌یش، رۆژنامه‌نوس روبه‌ڕوی گرفتی گه‌وره‌ی یاسایی ده‌كاته‌وه، به‌جۆرێ ئه‌و خاڵه به‌هێزانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌سڕێته‌وه، چونكه ده‌قی یاساكه له‌هه‌ندێ روه‌وه ناتهواویو كه‌موكوڕیی هه‌یه، له‌كاتی بونی كێشه‌ی په‌یوه‌ست به‌كاروباری رۆژنامهنوسییهو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه‌ش دادوه‌ران ناچارده‌كات بۆ یاسای دیكه بگه‌ڕێنه‌وه، وه‌كو: یاسای سزادانی عیراقی ژماره 111ی ساڵی 1969، یاسای چاپه‌مه‌نیی هه‌رێمی كوردستان ژماره 10ی ساڵی 1993، یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان ژماره 4ی ساڵی 1998 هه‌مواركراو، یاسای سندوقی خانه‌نشینی رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان ژماره 13ی ساڵی 2001. (خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌م یاسایه ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ: هێرش ره‌سوڵ: یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان له‌نێوان ئاكارو ئازادی‌دا، گۆڤاری رۆژنامه‌نوس، ژماره 16، به‌هاری 2009).
به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی یاساكه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی، له‌روی فه‌راهه‌مكردنی ئازادیی رادهربڕینو رۆژنامه‌نوسی‌و بڵاوكردنهوهوهو ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌زانیاری، (یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان) ره‌وشی رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆ نه‌بردۆته پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر ماده‌یه‌كی ئازادی تێدابێت، له‌چه‌ند مادهیهكیتردا وه‌ریده‌گرێته‌وه!. سه‌رباری ئه‌وه‌ی یاساكه گشتگیر نیه‌و ته‌نها بۆ میدیای نوسراوه، ئه‌مه‌ش وایكردوه میدیای بینراو، بیستراو، ئه‌لیكترۆنی كه‌لێنێكی یاسایی بۆ رێكخستنی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی راگه‌یاندن له‌هه‌رێمی كوردستاندا دروست ببێت.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به‌یاسای رۆژنامه‌گه‌ری، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستاندا، سه‌رباری ناتهندروستبونی یاساكان، گرفتێكی دیكه روبه‌ڕوی رۆژنامه‌نوسان ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش جێبه‌جێنه‌كردنی یاسایه، ئه‌مه‌یش ئه‌و وڵاته تازه گهشهسهندوانه یان ئه‌و وڵاتانه‌ی جیهانی سێیه‌ممان بیردێنێته‌وه كه تێیاندا زۆرجار یاسا ته‌نها تیۆره‌و بونێكی ئه‌وتۆی له‌پراكتیكدا نیه.
ئازادیی رۆژنامه‌نوسی
تێڕوانینی جیاواز بۆ چه‌مكی ئازادیی رۆژنامه‌نوسی هه‌یه‌و له‌روانگه‌ی جیا جیاوه پێناسه‌ی بۆ كراوه، به‌ڵام به‌بڕوای من گونجاوترین پێناسه ده‌توانین له‌وه‌وه هه‌ڵێنجین كه په‌یمانگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رۆژنامه‌نوسی لهزیوریخ، چوار ره‌هه‌ند بۆ ئه‌و ئازادییه دیاریده‌كات: ئازادیی به‌ده‌ستهێنانی هه‌واڵاو زانیاری (له‌ته‌وه‌ری دواتردا وردتر لێ ده‌دوێین)، ئازادیی گواستنه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵاو زانیارییانه، ئازادیی ده‌رچواندنی رۆژنامه یان دامه‌زراندنی ده‌زگای میدیایی، ئازادیی راده‌ربڕین. كه‌واته ناتوانین ته‌نها له‌گۆشه‌نیگایه‌كی تایبه‌ته‌وه له‌و ئازادییه گشتییه‌ی كۆمه‌ڵگه بڕوانین، چونكه ته‌نها په‌یوه‌ندیی بهچینو توێژێكی تایبه‌ته‌وه نیه، به‌ڵكو به‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌وه په‌یوه‌ندداره. بۆیه نابێ بیرمان بچێت، ئازادیی رۆژنامه‌نوسییش وه‌ك هه‌ر ئازادییه‌كی تر ره‌ها نیه، به‌ڵكو سنورداره، وه‌كچۆن په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌مافه‌كانی مرۆڤ-یش هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستییه ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت ماده‌ی 19 له‌په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به‌مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان، كه ئه‌و مافه‌ی به‌ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌كانی: رێزگرتنی ماف‌و ناوبانگی كه‌سانی دیكه، هه‌روه‌ها پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، سیستمی گشتی، ته‌ندروستیی گشتی، ئادابی گشتی، پابه‌ندكردوه.
كه‌واته ئازادیی رۆژنامه‌نوسی-یش خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌رپرسیارێتییه‌كی ئێتیكییه له‌پێناو پاراستنی ماف‌و ئازادیی ئهوانیكهو ناو‌و ناوبانگ‌و به‌رژه‌وه‌ندییان دێته‌كایه‌وه، واته ئازادیی میدیاش وه‌ك هه‌ر ئازادییه‌كی تر ره‌ها نیه‌و وابه‌سته‌ی هه‌ندێ هێڵاو سنوری تره، كه پێیانده‌وترێ (ئێتیكی پیشه)و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی‌دا دانراون، بۆیه هه‌ر میدیایه‌ك (بهدهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆنه‌وه) ئه‌گه‌ر به‌پاساوی ئازادیی رۆژنامه‌نوسی، هێرش بكاته‌سه‌ر ئه‌وانیترو تهشهیربكات، ئه‌وا پاساوه‌كه‌ی زۆر لاوازه‌و رێگه‌ی پێنادات، هه‌روا به‌وكاره‌ی پره‌نسیپه‌كانی ئێتیكی پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی پێشێلدهكاتو دواجاریش متمانه له‌ده‌ستده‌دات.
هه‌رچی ده‌رباره‌ی راده‌و ئاستی ئه‌و ئازادییه‌شه له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌توانین بڵێین رێژه‌ییه، چونكه وه‌كو له‌ته‌وه‌ره‌كانی پێشتردا رونمانكردۆتهوه كۆمه‌ڵێ ئاسته‌نگی فره‌و جیاوازی له‌به‌رده‌مدایه كه وایكردوه رۆژنامه‌نوسیی كوردی له‌هه‌رێمدا وه‌ك پێویست له‌و ماف‌و زه‌روریه‌ته به‌هره‌مه‌ند بێت. (بۆ زانیاریی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه، بڕوانه: هێرش ره‌سوڵ: ئازادیی راده‌ربڕین لهرۆژنامهنوسیی كوردیدا 1993 – 2007، (سلێمانی: له‌كتێبه چاپكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی “چاو‌دێر”، 2009).
مافی زانین
مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری یان مافی زانین ئه‌نجامێكی سروشتیی مافی راده‌ربڕینه، پره‌نسیپێكه بۆ یه‌كه‌مینجار له‌لایه‌ن كێنت كۆپێر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێسی ئه‌مه‌ریكیه‌وه له‌دوای دوه‌مین جه‌نگی جیهانییه‌وه به‌كارهات، كاتێك كۆپێر ره‌خنه‌ی له‌سانسۆری حكومی گرت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌بنه هۆی به‌رگرتن له‌گه‌شه‌سه‌ندنی ئازادیی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی جیهانه‌وه هه‌ن، هه‌روه‌ك قسه‌ی سه‌باره‌ت به(مافی خه‌ڵك له‌زانین) كرد، به‌وه‌ی یه‌كه‌مین چاككاری له‌ده‌ستوری ئه‌مه‌ریكی مافدهدات كه ئازادانه را دهرببڕدرێو بڵاوبكرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه مافی خه‌ڵك له‌زانین، ئه‌ركی زانینی ئه‌وانه‌ی له‌ئۆرگانه حكومیه‌كاندا كارده‌كه‌ن ده‌داته ناوه‌نده‌كانی میدیا پێشكه‌شی خه‌ڵكیان بكه‌ن، به‌ڵام كاتێك ده‌رگاكانی هه‌واڵ‌و زانیاری كڵۆمدرابنو رۆژنامه‌نوس نه‌توانێت له‌سنوره‌كانی ئه‌و سه‌رچاوانه نزیك ببێته‌وه، بێگومان دوچاری هه‌ڵه‌ی پیشه‌یی ده‌بێت، ده‌چێته ناو دۆخێكه‌وه له‌نێوان ئه‌ركی هه‌واڵ‌و زانیاریگهیاندنو تێركردنی وه‌رگر بهمهتریاڵهكانیو خۆخستنه نێو ترس‌و دودڵییه‌وه، هه‌لومه‌رجێك بۆ رۆژنامه‌نوس (وه‌كو نێره‌ر) دێته پێشه‌وه به‌رامبه‌ر وه‌رگره‌كانی ده‌سته‌وه‌ستان بێت‌و ده‌كه‌وێته هه‌ڵویستێكی حهریجهوه، چونكه ورده‌كاریی روداو و پێشهاته‌كان‌و ناوه‌رۆكی وردی ناو كۆبونه‌وه داخراوه‌كانی بۆ بڵاوناكاته‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌بێ متمانه‌یی وه‌رگر به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه‌ی كه‌میونیكه‌یشن دروستده‌كات، لهبارێكیشدا رۆژنامه‌نوس لهكونو كه‌له‌به‌رو درزه بچوك‌و سه‌رچاوه ناره‌سمیه‌كانی زانیارییه‌وه شتێك هه‌ڵێنجێت ره‌نگه بكه‌وێته هه‌ڵه‌ی ئێتیكیشهوه، یاخود ئه‌گه‌ر هه‌واڵ‌و زانیارییهكهیشی راست‌و دروست بێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌سمی‌و باوه‌ڕپێكراو یان كه‌سێتییه‌ك یان لایه‌نێك راستبونی نه‌سه‌لمێنێت، رۆژنامه‌نوسه‌كه بهگهیهنهری ناڕاستی‌و بڵاوكه‌ره‌وه‌ی زانیاریی هه‌ڵه‌و بێبهڵگهو شێوێنه‌ری فاكته‌كان تۆمه‌تبارده‌كرێت.
له‌زۆر وڵاتانی پێشكه‌وتوی دنیادا، مافی زانین له‌چوارچێوه‌ی یاسای تایبه‌تدا داڕێژراوه‌و ده‌قنوسكراوه، یان هه‌ر له‌نێو یاسای تایبه‌ت بهراگهیاندندا هاتوه‌و مافی داوه‌ته رۆژنامه‌نوس هه‌مو به‌ڵگه‌نامه‌و زانیارییانه‌ی بۆ بڵاوكردنه‌وه دهشێنو زیان به‌سیستمی گشتی، ئادابی گشتی، ژیانی تایبه‌تی تاكهكانو ئاسایشی وڵاته‌كه ناگه‌یه‌نن بڵاوبكاته‌وه، به‌ڵام هێنانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكانه‌ش فۆرمێكی لاستیكیو ته‌مومژاوی وهرناگرنو پێناسه‌كراون، به‌مجۆره‌ش بوار بۆ ده‌سه‌ڵات ناهێڵێته‌وه لێكدانه‌وه‌ی تریان بۆ بكات‌و رۆژنامه‌نوسی پێ تۆمه‌تباربكات. هه‌روا له‌و یاسایه‌دا ئه‌رك ده‌خاته به‌رده‌م فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌تیش هاوكاری رۆژنامه‌نوسان بكات به‌پێدانی دۆكیۆمێنت‌و زانیاریی دروست. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینین تا ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستاندا یاسایه‌كی له‌وجۆره له‌ئارادا نیه، ئه‌وه‌ی له‌یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان ژماره 35ی ساڵی 2007یشدا هه‌یه كه‌موكوڕیی زۆره.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌واقیعی ئێمه‌دا هۆشیارییه‌كی گشتی سه‌باره‌ت به‌و مافه نیه، به‌وه‌ی مافێكی سروشتیی هاوڵاتییه‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دانیان پێداناوه، دژبه‌یه‌كی یاساییش هه‌یه‌و پێویست بهههمواركردنێكی ریشه‌یی یاساكان ده‌كات، تاوه‌كو مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بۆ هاوڵاتییان فه‌راهه‌م بكرێت‌و میدیاكانییش ئه‌ركی خۆیان له‌و نێوه‌نده‌دا ببینن.
پێشێلكردنی ماف‌و ئازادیی رۆژنامه‌نوسان
پێشێلكاریی بۆ سه‌ر ماف‌و ئازادیی رۆژنامهنوسانو پیاده‌كردنی پیشه‌یی له‌كوردستاندا، یه‌كێكه له‌و خاڵه نێگه‌تیڤانه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م “ئه‌زمونه”و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌خرێته‌ڕو، ئه‌مه‌ش سیحری ئه‌و پیاههڵدانو بانگه‌شه زیاده‌ڕۆییانه به‌تاڵده‌كاته‌وه كه له‌باره‌ی پێشكه‌وتنی ره‌وتی دیموكراسیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كرێن، چونكه ره‌خساندنی كه‌شی دیموكراسی لانیكه‌م بهفهراههمكردنی كه‌شی ئازادانه بۆ میدیا‌و فراوانكردنی پانتایی ئازادیی راده‌ربڕین دێت، به‌ڵام كاتێك به‌رده‌وام رۆژنامه‌نوس روبه‌ڕوی تێرۆر‌و سزا‌و ئازار‌و لێپرسینه‌وه‌ی نایاسایی بۆوه، ئاسایش‌و ده‌زگا نامهدهنییهكان دهستیانوهردایه نێو كاری رۆژنامه‌نوسییه‌وه، یاساكان تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆر داخراوبنو مه‌ودای ماف‌و ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌نوس به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌و پڕبن له‌چه‌مكی لاستیكیو تهمومژاویو پێناسه‌نه‌كراو، یاخود دادگاكان كه‌متر كار به‌یاساكانی رۆژنامه‌نوسی بكه‌ن، روبه‌ڕێكی ئه‌وتۆ نامێنێته‌وه بۆ په‌یڕه‌وكردنی راسته‌قینه‌ی رۆژنامه‌نوسی وه‌كو پیشه‌یه‌ك له‌خزمه‌ت كۆمه‌ڵگه‌دا.
پێشێلكاریی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر ماف‌و ئازادییه‌كانی میدیاكاران له‌هه‌رێمی كوردستاندا (وه‌كچۆن راپۆرته نێودهوڵهتیو لۆكاڵییه‌كانیش تۆماریانكردونو جه‌ختیان له‌سه‌ر كردونه‌ته‌وه)، به‌ر له‌هه‌ر شتێك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاشكرایه بۆ سه‌ر مافی هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌كه له‌وه‌رگرتنی زانیاری‌و به‌هره‌مه‌ندبون له‌بۆچونی جیاواز. هه‌روا ئاماژه‌ی ترسناكیشه بۆ خراپیی ره‌وشی مافی مرۆڤ‌و په‌راوێزه دیموكراسییه‌كه.
بواری رێكخراوبونی رۆژنامه‌نوسان
وه‌كئه‌وه‌ی لهواقیعهكهدا به‌ڕونی به‌دیده‌كرێت، بواری رێكخراوبونی رۆژنامه‌نوسان له‌كوردستاندا، دوای 10 ساڵ له‌دروستبونی سه‌ندیكایه‌كی “یه‌كگرتو” بۆ رۆژنامه‌نوسان (سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان) به‌شێوه‌ی ته‌وافوقی حزبی، هێشتا لاوازی پێوه‌دیاره‌و ئه‌و سه‌ندیكایه بهناكارا وه‌سفده‌كرێت، وه‌كچۆن زۆرجار رۆژنامه‌نوسان ره‌خنه لێی دهگرنو پێیانوایه، رێكخراوێكه كه‌متر كار له‌سه‌ر ماف‌و ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێم ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا رۆژنامه‌نوسان به‌شێوه‌ی جیاواز‌و هه‌وڵی جیاجیا چه‌ند ده‌سته‌و گروپ‌و سه‌نته‌رو رێكخراوی دیكه‌یان دروستكردوه.
دواجار
له‌كۆتایی ئه‌م وتاره شیكارییهداو پاش خوێندنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌یی ره‌وشی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نوسیی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، له‌پێناو كارابونی ئه‌م رۆژنامهنوسییهو بهدهسهڵاتبونیدا، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه به‌پێویست ده‌زانین:
– كاركردن بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه.
– هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه جیاوازه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوسی.
– ههمواركردنو پێداچونه‌وه به به‌ندو بڕگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كاری رۆژنامه‌نوسی له‌هه‌رێمدا رێكده‌خه‌ن، به‌جۆرێ له‌گه‌ڵ گیانی سهردهمو ژیانی دیموكراسیدا بگونجێن.
– په‌له‌كردن له‌ده‌رچواندنی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
– دادگاكانی هه‌رێم له‌بواری تاوانی رۆژنامه‌نوسیدا كار به‌یاساكانی په‌یوه‌ست به‌و بواره بكه‌ن، نه‌ك په‌نا بۆ ده‌قی دیكه ببه‌ن.
– دروستكردنی رایه‌ڵی لێكتێگهیشتنو په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌رپرسیارێتی له‌نێوان میدیا‌و ده‌سه‌ڵاتدا له‌كوردستاندا.
– رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێم گرنگی به‌لایه‌نی ئێتیكیو پیشه‌یی بدهنو پتر په‌ره بهپیشهكهیان بده‌ن، هه‌روه‌ك گه‌ڵاڵه‌كردنی په‌یماننامه‌یه‌كی شه‌ره‌ف كاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌یه.
– هه‌وڵ بدرێت چاكسازی له‌بواری رێكخراوبونی رۆژنامه‌نوسان له‌كوردستاندا بكرێت‌و سه‌ندیكا بكرێته چه‌تری هه‌مو ئاراسته جیاوازه‌كانی نێو دنیای رۆژنامه‌نوسیی كوردی له‌هه‌رێمدا.
– له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی داتای ورد‌و له‌ماوه‌ی زو زودا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی میدیای كوردی له‌سه‌ر رایگشتی‌و شه‌قام، سه‌نته‌رێكی راپرسیی چالاك‌و زانستی دابمهزرێتو به‌رده‌وام راپرسی له‌و باره‌یه‌وه به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. وێڕای ئه‌وه‌ی، گرنگه سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی میدیایی ههبێتو توێژه‌رانی بواره‌كه به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ی ههستیارو گرنگ له‌باره‌ی میدیای كوردییه‌وه پێشكه‌ش بكه‌ن. كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌و كتێبهدهگمهنهكانی بواری راگه‌یاندن یه‌كێكی تره له‌پێویستیه‌كان تاكو رۆژنامه‌نوسانی كورد، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ته‌نها به‌زمانی دایك ده‌خوێننه‌وه سودمه‌ند بن لێی. هه‌روا كردنه‌وه‌ی خولی پێویستی رۆژنامه‌نوسی له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ههرێمو كۆرسی فێربونی زمانی بیانی بۆ رۆژنامه‌نوسان پێویستیه‌كی تری قۆناغه‌كه‌ن.