
گفتوگۆی كۆواری (گزنگ) له‌گه‌ڵ (ئاری عوسمان خه‌یات) (له باره‌ى ناونیشان له چیرۆكى كوردیدا)
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت تێڕوانینت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌مه‌ڕ ناونیشان وه‌ك كایه‌یه‌كی گشتگیر و پاشان له‌چیرۆكدا بزانم؟
هیچ شتێك له گه‌ردووندا نییه، ناوێك یان ناونیشانێكی دیاریكراوی نه‌بێ، چونكه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و ڕه‌مه‌كه‌وه (غه‌ریزه) هه‌یه، كه من به (ڕه‌مه‌كی زمان)ی ناو ده‌به‌م، ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ ناتوانێ به‌بێ بوونی بژێت، هه‌روه‌كچۆن ناتوانێ به‌بێ هه‌ناسه بژێت، مرۆڤ ناتوانێ شته‌كان به‌بێ بوونی ناونیشان بناسێته‌وه، ئه‌وه‌ی كه له (سفری ته‌كوین)دا هاتووه: (به‌رایی وشه هه‌بوو)، ئاماژه‌یه‌كی جوانه، به‌وه‌ی خودی گه‌ردوون هیچ نییه به‌ده‌ر له وشه‌یه‌ك، دیاره خودی ئه‌م وشه‌یش چ نییه پتر له ناوێك یان ناونیشانێك، كه دواجار خودا بۆ پرسی بوون (وجود)ی هه‌ڵبژاردووه.. ئه‌گه‌ر زۆر وردی بكه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی چۆن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش، وه‌ك زۆرێك له پرسه‌كانی تر، په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆتۆماتیكی به پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كانییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، پرسیاره‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر ناوی خودی (خودا) خۆیشی، كه دواجار ئه‌ویش چ نییه، به‌ده‌ر له ناونیشانێك بۆ بوونێكی باڵاتر له بوونی مرۆڤ… به‌هه‌رحاڵ ئێمه ناتوانین دنیا به‌بێ بوونی ناو و ناونیشانه‌كان، وێنا بكه‌ین.
به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌تان، ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئاستێكی تر له قسه‌كردن، كه ئه‌ویش ناونیشانه له ده‌قی چیرۆكدا، بێگومان ئه‌مه‌ش بۆخۆی، به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌كۆی ئه‌و سیستمه زمانییه‌ی به‌لاى چیرۆكنووسه‌وه، وه‌ك بوویه‌ك، وه‌ك مرۆڤێك له‌گۆڕێدایه، واتا چیرۆكنووس له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و سیستمه زمانییه‌وه نییه، كه به‌لای ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه ناسراوه، به‌ڵكو هێنده هه‌یه، چیرۆكنووس له شێوازی به‌كارهێنانی ئه‌و سیستمه‌دا جیاكاری ده‌نوێنێ و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، كۆمه‌ڵێك پێدراو و ده‌ركه‌وته‌ی نوێ به كه‌تیگۆرییه‌كانی نێو سیستمه زمانییه‌كه ببه‌خشێ و له‌و كه‌ناڵه‌وه شێوازێكی دی له گوزارشت و ده‌ربڕین بۆخۆی بخوڵقێنێ و له ده‌قدا به‌ركه‌ڵكی بخات.
مادامه‌كێ باسی چیرۆك ده‌كه‌ین، كه‌واتا باسی ئێمه ده‌چێته‌وه سه‌ر باسی ده‌ق، به‌مه‌شدا ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی كه چیرۆكیش وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی دی، پێویستی به ناونیشانه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ناونیشانه‌وه بناسرێته‌وه.. ده‌قی بێ ناونیشان، وه‌ك مرۆڤی بێ ناسنامه وایه، یان ڕاستـتـر بڵێم، وه‌ك مرۆڤی بێ ناو وایه.. ئایا تۆ له ژیانتدا كه‌سێك ده‌ناسیت خاوه‌ن ناوی تایبه‌تى خۆی نه‌بێ؟ ئایا ئه‌كرێ كه‌سێك هه‌بێ ناوی (هیچ) یان ناوی (بێ ناو) بێت؟ ئه‌گه‌ر نه‌خێر، كه‌واتا پێویست ناكا هیچی تر سه‌رباری ئه‌و نمونه ڕوونكارییه‌ی بكه‌ین.. ئه‌گه‌ریش به‌ڵێ، ئه‌وا هه‌قی خۆمانه بپرسین، ئاخۆ (هیچ) و (بێ ناو)یش دوو ناو نین، بۆ بێناوی و هیچی ئه‌و كه‌س و شتانه‌ی كه هیچ و بێناون؟
من به‌و شێوه‌یه له باس و بابه‌تی ناونیشان بۆ هه‌موو ده‌قێك ده‌ڕوانم، ئیدی ئه‌و ده‌قه چیرۆكێكی حسێن عارف، ڕۆمانێكی دۆستۆیۆڤسكی، یان به‌یاننامه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری بێت، كه وه‌زاره‌تی به‌رگری صۆماڵ ده‌ری كردبێت..
* ئایا ده‌كرێت سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی هه‌ڵبژاردنی ناونیشان قسه‌مان بۆ بكه‌یت؟ پاشان ده‌مه‌وێت ئه‌وه بزانم هه‌ڵه نییه باوه‌ڕمان وا بێت، ئیشكردن له‌سه‌ر ناونیشان ته‌ریبه به بارته‌قای ماندووبوون به ده‌قه‌وه؟
من تــا ئێستــای ســه‌روكارم له‌گه‌ڵ چیرۆكنووسیندا، شێوازێكی دیاریكراوم نییه بۆ هه‌ڵبژاردنی ناونیشیان بۆ چیرۆكه‌كانی خۆم، به‌ده‌ر له‌وه‌ش باسكردنی چۆنێتی هه‌ڵبژاردنی ناونیشان به‌لای منه‌وه، ڕه‌نگه بچێته‌وه سه‌ر باسكردنی شێوازی نووسین و مامه‌ڵه‌كردنی من له‌گه‌ڵ چیرۆك..
جاریوایه شه‌ش مانگ ناونیشانێك له مێشكمدا مڵق ئه‌دا و دێت و ده‌چێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له ئارادا بێ، تا بتوانم بیكه‌مه بابه‌تێك بۆ چیرۆكه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چیرۆكی (عه‌زابێك ژیانی ده‌بغ كردووم، شارێك بێ حه‌مام و با ژیان عه‌دممام كا…)دا ڕووی داوه. جاری‌واش هه‌یه، ده‌قێك ده‌نووسم، سیانزه مانگ بێ ناونیشان ده‌مێنێته‌وه، تا ئه‌وه‌ی له‌پڕێكا و زۆرجاریش له شوێن و كاتی زۆر عه‌نتیكه‌دا، ناونیشانێكی قۆڕم به مێشكدا دێت و بۆی داده‌نێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی له چیرۆكی (ڕۆمانێك له ڕه‌مه‌زاندا، USB و سیانزه كه‌س و … هتد)، ڕووی داوه. هه‌نێ جاریش، یه‌كاویه‌ك چیرۆكێك به‌خۆی و ناونیشانـه‌وه، پێكه‌وه دێنـه ئاراوه، وه‌ك له (تاعونـی بیـركردنه‌وه)دا، ڕووی دا، كه دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی دوو سه‌عاتێكدا چیرۆكه‌كه‌م نووسی، یه‌كاویه‌ك ناونیشانه‌كه‌شم بۆ دانا، یان وه‌ك له (فێره عاره‌بی و كامیانم)دا، كه دوای ئه‌وه‌ی ناونیشانه‌كه‌م نووسی، یه‌كسه‌ر ده‌ستم كرد به نووسینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌شی.. ئیتر ئاوا.
هه‌نووكه پتر له پێنج ناونیشانی بێ ناوه‌ڕۆك و شه‌ش حه‌وت چیرۆكی بێ ناونیشانم هه‌ن، كه به داخه‌وه، نه ناونیشانه‌كان بۆ چیرۆكه‌كان ده‌شێن و نه چیرۆكه‌كانیش بۆ ئه‌وان، هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك بوڕغووت له به‌رده‌ستدا بن و نه‌زانی بۆ چ كونێك باشن..
ئه‌مه ئاوا.. به‌ئاوایه‌كی دیكه‌شدا، سێ هه‌فته‌یه، ده‌ستم كردووه به نووسینی دوو چیرۆكی تازه، كه نۆ مانگ پێشی به‌رێ ناونیشانه‌كانیانم نووسیبوون، ناشزانم كه‌ی له نووسینیان ده‌بمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ماوه‌یه‌كه مێشكیان داغن كردووم.
* ئایا خه‌سڵه‌تێكی جیاكه‌ره‌وه هه‌یه له‌نێوان ناونیشانی شیعر و چیرۆكدا؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان له (خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه له‌نێوان ناونیشانی شیعر و چیرۆكدا)، خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان نووسین یان چۆنێتی هه‌ڵبژاردنی ناونیشان بێ، به‌لاى چیرۆكنووس و شاعیره‌وه، بۆ ده‌قه‌كانیان، ئه‌وا من به‌وشێوه‌یه‌ی عه‌رزم كردن ناونیشان بۆ چیرۆكه‌كانی خۆم ده‌نووسم و هه‌ڵده‌بژێم، ئیدی نازانم شاعیرێك چ ده‌كا بۆ شیعره‌كانی خۆی.. ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ست له‌و پرسیاره ئه‌وه بێت، كه چ خه‌سڵه‌تێك وا ده‌كات جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان ناونیشانی ده‌قێكی شیعری و چیرۆكێكدا، ئه‌وا بۆ ئه‌مه‌یان پێموایه هیچ پێوه‌رێك نییه، تا ناونیشانی چیرۆكێكی پێ جیا بكه‌ینه‌وه له ناونیشانی شیعرێك، ته‌نها ناوه‌ڕۆك و بابه‌تی هه‌ریه‌ك له‌و چیرۆك و شیعره نه‌بێ، كه ئه‌مه‌ش ته‌نها دوای پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه و ناسینی ده‌ق دێته گۆڕێ. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و مه‌به‌سته‌ی خۆم ڕوون بكه‌مه‌وه، ئه‌ڵێم: ئایا ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێشتر (گۆڕستانی چراكان) و (ئێواره‌ى مه‌یمونه‌كان)ی نه‌دیبێ و نه‌خوێندبێته‌وه، (بێ ئه‌وه‌ی ناوی خاوه‌نه‌كانیانی بخه‌ینه به‌رده‌ست)، ده‌زانێ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ناونیشانی ده‌قێكی واڵای (شێركۆ بێكه‌س)ه‌و ئه‌وی دیكه‌ش ناونیشانی كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی (نه‌جات نوری)یه؟ بێگومان كارێكی ئه‌سته‌مه.. ئینجا تۆ وه‌ره و بیر له نمونه‌ی زیاتر بكه‌ره‌وه بۆ خۆت، ئه‌ویده‌م باشتر ئه‌و بۆچوونه‌ی منت بۆ ده‌سه‌لمێ.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌وه بێت، كه ده‌بێ كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت هه‌بن تا ناونیشانی چیرۆكێكی له هی شیعرێك پێ جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌وا من پێموایه ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه پێویسته له ناونیشانی ده‌قی چیرۆكێكدا هه‌بن، بۆ نمونه وه‌ك: (جوانی و سه‌رنجڕاكێشی، نوێبوون و ئاوازداریی و گونجاویی و… هتد)، ئه‌وا هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه، بۆ ناونیشانی ده‌قێكی شیعریش ڕاستن و ده‌شێت پێڕۆ بكرێن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو بۆ ناونیشانی هه‌ر ده‌قێكی تریش، پێویسته هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگیـرێن، (هه‌ڵبه‌ت به‌له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازیی له بونیادی هونه‌ری هه‌ر ده‌قێك بۆده‌قێكی تر).
وێڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، من ڕاموایه، كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمانه ڕوو، له‌و چركه‌ساته‌دا باشتر ده‌ر ده‌كه‌ون، كه ده‌قی تێدا له‌دایك ده‌بێ، جا ئیتر ئه‌و ده‌قه شیعر یان چیرۆك یان ڕۆمانێك بێت، ئیدی هیچ گرنگ نییه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌و ئه‌تمۆسفێره گشتی و تایبه‌تییه‌یه، كه نووسه‌ری تێدا ده‌ژی و ده‌قێكی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنێ، دواجاریش ئه‌و له‌حزه‌ی كه جارێكی تر له‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌وه، ده‌قه‌كه به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه… له‌ڕاستیشدا ئه‌وه ئه‌و له‌حزه‌یه‌یه، كه هه‌میشه سه‌رنجی منی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه.
* ئایا تا چه‌ند گرنگه ناونیشان له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا بژی؟ به‌و مانایه‌ی وه‌كچۆن له‌بواری ده‌قدا داهێنان سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا ئه‌مه بۆ ناونیشان گرنگه؟ به‌و گوزاره‌یه‌ی ئایا بۆ ناونیشانیش گرنگه له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی داهێنان و تازه‌گه‌رییدا بڕوات؟ ڕات چییه؟
بێگومان به‌ڵێ، پێویسته و ده‌بێ ناونیشان تاقه‌تێكی وای تێدا حه‌شار درابێت، كه بتوانێ له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا هه‌ڵبكات، یان بتوانێ زه‌مه‌ن ببڕێ، هه‌روه‌كچۆن ده‌بێ ده‌ق ئه‌و توانایه‌ی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتبێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه، ئه‌گه‌ر ناونیشانێك جوان بوو، ئیدی ده‌قه‌كه‌ش جوان و شاكاره، چونكه ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه بیر بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا له دیدی مندا، وه‌ك ئه‌وه وایه، كه پێمانوابێ هه‌ركه‌س ناوی ئه‌فلاتۆن بێت، ئیدی به ناوه‌ڕۆكیش ئه‌فلاتۆنه.. جا كه كاریش گه‌شته ئه‌مه، ئه‌بـێ ئه‌و هه‌موو (حه‌مه)ناوه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، (موحه‌مه‌ده‌ل موسته‌فای عاره‌بی)بن، – كه دیاره وایش نابن- هه‌ڵبه‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ڕاسته، كه مه‌رج نییه هه‌ركه‌س (صدام)ی ناو بێت، ئیدی ئه‌و سه‌دامه بێت، كه سی و ئه‌وه‌نده ساڵ، نه‌مانده‌وێرا، ته‌نانه‌ت به‌قایمـی هه‌ناسه‌ش بده‌ین..
به‌هه‌رحاڵ من نازانم بۆچی ناتوانم خۆم له‌و تێڕوانینه قوتار بكه‌م و له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌لاقه‌یه لابچم، كه ناو و ناونیشانی لێوه ده‌بینم، به‌وه‌ی: ته‌نها ڕێگه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی بمانگه‌یه‌ننه به‌رمه‌نزڵی تێگه‌یشتن له ناوه‌ڕۆكی كه‌س و ده‌ق و شته‌كان و ته‌واو…
* ناونیشانی سه‌رنجڕاكێش ده‌بینین له هه‌ردوو جۆره‌كه‌دا، بۆ ناونیشانی یه‌ك وشه‌یی: ڕۆمانی (دادگایی و به‌دگۆڕان)ی كافكا یان (زۆربا)ی نیكۆس كازانتسزاكیس و… تاد. من پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕۆمانانه ناونیشانه‌كانیان تاك وشه‌یی نه‌بوونایه، زیان به پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه ده‌گه‌یشت، هه‌روه‌ها بۆ ناونیشانی درێژ (به كورتی) نمونه‌مان: ڕۆمانی (ڕۆژه‌كه له سه‌ده‌یه‌ك درێژتر ده‌بێته‌وه)ی جه‌نگیز ئه‌یتماتۆڤ، (جه‌مشید خامی مام كه هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)ی به‌ختیار عه‌لی و چیرۆكی (خوا ڕاستییه‌كان ده‌بینێت، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ده‌كات)ی تۆڵستۆی و.. هتد، ئایا ده‌كرێت بڵێین ئه‌م ناونیشانه درێژانه، ناقۆڵان؟
هه‌موو ئه‌و پۆلێنبه‌ندییانه، ئه‌وانه‌ن كه ڕه‌خنه‌گران دیاریان كردوون و به‌وشێوه‌یه دابه‌شكارییان بۆ كردوون و هاتوون ناویان لێناون، واتا ئه‌وانیش ناونیشانیان بۆ هه‌ر جۆرێك له ناونیشانه‌كان داناوه..!! به‌لام له‌دواجاردا ناونیشان درێژ بێت یان كورت، یه‌ك پیت بێت، وه‌ك چیرۆكی (س)ی عه‌بدوڵلا سه‌ڕاج یان دوانزه وشـه بێت، وه‌ك (دووپشك له‌سه‌ر پلیكانه‌كانی وێستگه‌ی قیتاری ئه‌ندێشه‌مه‌ندێك یان ئه‌م قیتاره خوێنی لێده‌تكێ قوربان)ی (حوسێن مورته‌زاییان ئابكه‌نار)، ئه‌وا به‌لاى منه‌وه، هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێ، چونكه دواجار هه‌ردوو ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه یان هه‌ر ناونیشانێكی تر، كه به‌وشێوه‌یه له كورتبڕیدا یه‌ك پیت بێت یان له درێژبڕیدا گه‌یشتبێته دوانزه وشــه، ئه‌وا هه‌ردووكیان هه‌ر جێی سه‌رنجی منن، له‌وه‌ى ئاخۆ سه‌ڕاج یان ئابكه‌نار له پشته‌وه‌ی ئه‌م دوو ناونیشانه‌وه، ده‌یانه‌وێ چی به منی خوێنه‌ر بڵێن؟ چونكه نابێ ئێمه ئه‌وه‌مان بیرچێته‌وه، هه‌ر وه‌كچۆن كورتبڕی به‌شێكه له پێوانه‌سازی له هونه‌ری ڕه‌وانبێژیدا و ئه‌مه‌ش به‌خۆی سه‌ر به شێوازی ئه‌ده‌بییه، هه‌ر ئاوا و به‌هه‌مان ته‌رح و ته‌رزه‌وه، درێژبڕیش به‌شێكی دیكه‌ی پێوانه‌سازیی پێكده‌هێنێ و له‌نێو هونه‌ری ڕه‌وانبێژیدایه و بۆخۆیشی سه‌ر به شێوازی ئه‌ده‌بییه، كه‌واتا به تێگه‌یشتنی من، چه‌ندێك كورتبڕی جوانه و لایه‌نی ئیستاتیكی تێدا به‌دی ده‌كرێت، سی و حه‌وت ئه‌وه‌نده‌ش، درێژبڕی جوانه و من كه‌یفی لێوه‌ر ده‌گرم، هه‌م وه‌ك خوێنه‌ر و هه‌میش وه‌ك چیرۆكنووسێك ئه‌و حه‌له‌ی ده‌نووسم، هه‌ڵبه‌ت دیاره هه‌ركام له‌وانه‌ش، له كات و شوێنی شیاوی خۆیاندا، جوانی و ڕه‌ونه‌قیان له‌یه‌كدی زیاد و كه‌م ده‌كات.
ئه‌وه باسی ناونیشانی یه‌ك پیتیمان كرد، ئینجا چ قه‌یدییه، ئه‌گه‌ر تۆش شیعرێك بنووسی، وه‌ك ئاراس حه‌مه عه‌زیز (حه‌سره‌ت)، یا وه‌ك حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن (ئه‌ڤیننامه)، یانیش وه‌ك دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی (پاییزانه)ی بۆ دابنێی، كه ئه‌مانه‌ی وتمان، به قه‌ولی ڕه‌خنه‌گران (ناونیشانی كپ)ن، چونكه له یه‌ك وشه پێكهاتوون… ئایا ئێمه ده‌توانین بڵێین: (چاوه‌كانی)ی بوزورگی عه‌له‌وی ڕۆمانێكی خراپه، چونكه ناونیشانه‌كه‌ی كپه؟ یان ئه‌كرێ بڵێین: (مناڵیم ئاسكێك بوو به‌سه‌ر په‌لكه‌زێڕینه‌كاندا بازبازێنی ده‌كرد)ی كاروان عومه‌ر كاكه سوور، ڕۆمانێكی باش نییه، چونكه ناونیشانه‌كه‌ی زۆر درێژه؟ ئه‌گه‌ر وا بكه‌ین، ئه‌وه له گۆتره‌كاری به‌ولاوه چیدی نییه..
سه‌باره‌ت به‌وه‌شی كه كورتی و درێژی زیان به ده‌ق ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌وا بێگومان من نامه‌وێ به‌و قسانه‌م پاساو بۆ ناونیشانی خراپ بهێنمه‌وه، به‌ڵام باشی و خراپ، یان هونه‌ریبوون و ناهونه‌رێتی له ناونیشاندا، هه‌رگیز به كورتی و درێژی نییه، هه‌روه‌ك سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتنی ده‌قیش په‌یوه‌ندی به‌وه تڕوته‌شقه‌ڵه‌یه‌وه نییه.
ئێوه له پرسیاره‌كه‌تاندا (به‌دگۆڕان و دادگایی) كافكا و (زۆربا)ی كازانتزاكیس- تان به نمونه‌ی ئه‌و ده‌قانه هێناوه‌ته‌وه‌و پێتانوایه، كه ئه‌گه‌ر ناونیشانه‌كانیان تاك وشه‌یی نه‌بوونایه، ئه‌وا زیان به پێكهاته‌ى ده‌قه‌كه ده‌گه‌یشت، ئه‌گه‌ر هه‌ر مه‌سه‌له‌كه هه‌ر هێنده بێ، ئه‌وا من هاوڕام له‌گه‌ڵتان، به‌ڵام ئایا ئێمه بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه چۆن و بۆچی گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بڕیاره؟ ئایا ئێمه به‌و زمانانه‌ی كه ده‌قی ئۆرگیناڵی ئه‌و سێ ڕۆمانه‌ی پێنووسراوه‌ته‌وه، خوێندووماننه‌ته‌وه، یان هه‌ر به ته‌نها ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كانیانمان له‌به‌رده‌سته؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم: ئه‌وه ناوی كافكایه، كه وایكردووه (به‌دگۆڕان و دادگایی) لای خوێنه‌ر دوو ڕۆمانی جوان و سه‌ركه‌وتوو بن، كه هه‌ڵبه‌ت دوای خوێندنه‌وه‌و چه‌ندین جار لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گران، ئه‌وجا ئێمه هاتووین ئه‌ڵێین: به‌دگۆڕان ناونیشانێكی جوان و هونه‌رییه، بۆیه پێكهاته‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ش باڵا و دڵگیره، به‌ڵام من ده‌پرسم: ئایا به‌دگۆڕان و دادگایی دوو وشه‌ی ئاسایی و ڕۆژانه نین؟ ئایا ئه‌مه له دیدی ئێوه‌وه دوو ناونیشانی كپ نین؟ له‌مه‌ڕ (زۆربا)یش هه‌مان بۆچوونم هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه هی نیكۆس كازانتزاكیس نه‌بایه، هه‌ڵبه‌ت ده‌مانگوت: ناونیشانێكی لاواز و ناهونه‌رییه، چونكه زۆربا ناوی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه، ئه‌ی مه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گران قسه له‌وباره‌یه‌وه ناكه‌ن، كه گوایه ناقۆڵاترین ناونیشان بۆ چیرۆك یان بۆ ڕۆمانێك، ئه‌و ناونیشانانه‌یه، كه له‌هه‌مانكاتدا ناوی پاڵه‌وانێكی نێو ده‌قه‌كه‌شه..
كه‌واتا سه‌رجه‌م ئه‌م بیروبۆچوونانه، چ نین به‌ده‌ر له كۆمه‌ڵێك بڕیاری پێشوه‌خته، كه پێمانده‌ڵێن: ناكرێ ته‌نها له‌ڕێی ناونیشانه‌وه، حوكمی یه‌كلایی به‌سه‌ر دقدا بده‌ین، چونكه ناونیشان به‌شێكی ده‌ق پێكده‌هێنێ و هه‌مووی نییه، ئه‌ركی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌قیش، خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه وامان لێده‌كا، نه‌هێڵێ ده‌قێكمان له‌نێو هه‌زاران ده‌قی تردا لێ ون بێت.
* هه‌ست ده‌كه‌م، ئه‌و ناونیشانانه‌ی كه به‌پێی پێویست سوود له وشه‌ی بێگانه وه‌ر ده‌گرن، به‌خت یاوه‌ریانه لای خوێنه‌ر، هاوكات ناونیشانی هاوچه‌رخییانه چانسێكی زۆرتری له‌پێشدایه، بۆچوونه ناو خوێنه‌ر، ئایا ده‌كرێت ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره بزانم؟
تا ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ده‌ده‌مه‌وه، ئه‌وا وشه‌ی (بێگانه) ته‌نها به‌و جۆره وشانه تێناگه‌م، كه له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی زمانی كوردییه‌وه‌ن، واتا هه‌ر به‌و وشانه ناڵێم بێگانه، كه وشه‌یلی غه‌یره كوردین، به‌ڵكه پێموایه له‌م كۆنتێكسته‌دا ئه‌و وشانه‌ش بێگانه‌ن، كه كوردیین و به‌ڵام كه‌متـر له‌ناو خه‌ڵكی و خوێنه‌راندا به‌كاردێن و وه‌ك پێویست ناسراو یان باو نین، بۆیه باشتره بۆ هه‌ردووكمان، كه بڵێین وشه‌ی نامۆ، نه‌ك بێگانه.. له‌گشت بارێكیشدا، من هاوڕام، له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كه‌ی به‌ڕێزتان، له‌وه‌ی كه وشه‌ی بێگانه یان نامۆ، پتر سه‌رنجی خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات، هه‌روه‌ك (شالیس)ی هاشم سه‌ڕاج و (په‌رگاڵ)ی فه‌رهاد پیرباڵ و… هتد، ئه‌وه بۆ شیعر، هه‌رچی له باره‌ی چیرۆكیشه‌وه‌یه، ئه‌وا ڕه‌نگه نمونه‌مان زۆر بێت، وه‌ك: (تینا و چیرۆكه ئه‌ندێشه‌كراوه‌كان)ی عه‌تا محه‌مه‌د، كه خوێنه‌ر یه‌كسه‌ر حه‌ز ده‌كا بزانێ (تینا) چییه و كێیه؟ یان (سانتیاگۆدی كۆمپۆستێلا)ی فه‌رهاد پیرباڵ–دیسانه‌وه– كه من ناتوانم له‌بیری خۆمی به‌رمه‌وه…
* ناونیشان چڕكراوی په‌یامی ده‌قه، ئایا تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، ناونیشانی چیرۆك یاخود شیعر به (پیت/ تیپ) دانرابێت؟ ئایا ئه‌مه پۆسته‌به‌ری گوزارشتی ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌یه، یاخود ئاخۆ ئه‌مه ته‌كنیكێكه و هیچی تر؟ دیدی به‌ڕێزتان بۆ ئه‌م قسه‌یه چییه؟ سه‌باره‌ت به ناونیشانی یه‌ك پیتی، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامی پرسیاری پێشووترتاندا ڕوونم كردووه‌ته‌وه، به‌س بێت، به‌ڵام خراپ نییه ئه‌گه‌ر لێره‌دا، ئه‌وه‌ندی تری بۆ سه‌ربار بكه‌ین، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دانانی ئه‌و تاقه یه‌ك پیته‌ی چیرۆكنووس بۆ ناونیشانی چیرۆكێك هه‌ڵیده‌بژێرێت، په‌یوه‌ندی به مه‌تنی چیرۆك و ناوه‌ڕۆكییه‌وه هه‌بێت، بێگومان ئه‌مه چڕكراوی په‌یامی ده‌قه‌كه، ڕه‌نگه جوانترین نمونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له چیرۆكی (میم)ی شێرزاد حه‌سه‌ندا ببینین، كه ئه‌و میمه‌ى شێرزاد حه‌سه‌ن به‌كاری هێناوه، میمی جێناوی كه‌سی یه‌كه‌می لكاوه و وه‌ك ته‌واوكه‌ر/دیارخه‌ری ناو به‌كار هاتووه: (خانووه‌كه‌م = خانووه‌كه‌ی من)، خۆ ئه‌گه‌ر هات و به‌كارهێنانی یه‌ك پیت بۆ ناونیشانی چیرۆكێك، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ناوه‌ڕۆكه‌وه نه‌بێت، بێگومان له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌كرێ وه‌ك ته‌كنیكێك لێیبڕوانرێ، هاوكات ئه‌كرێ لێكدانه‌وه‌ی تریشی بۆ بكرێ، كه به‌جیا له‌و تێڕوانینه ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ: ده‌ستكورتییه له دانانی ناونیشانێكی گونجاو.
* ئایا ناونیشان ڕۆڵی له به‌جیهانیبوونی ده‌قدا هه‌یه؟ ده‌كرێت ده‌قێك شاكار بێت و ناونیشانه‌كه‌ی له ئاستی ده‌قه‌كه‌دا نه‌بێت، ئه‌مه ببێته كێشه بۆ ده‌قه‌كه؟ من وا تێده‌گه‌م ناونیشانیش له ئاستی ده‌قدایه، هه‌ر بۆ نمونه: ده‌كرێت له واقیعدا مرۆڤێك هه‌بێت و كه‌لله‌سه‌ری پێوه نه‌بێت، ئه‌م نمونه‌ش بۆ ناونیشان ڕاسته‌وانه دێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له (به‌جیهانیبوونی ده‌ق) له ڕێگه‌ی ناونیشانه‌وه، ئه‌وه بێت، كه ئێمه ده‌قێكمان هه‌بێت، هه‌ڵگری ناونیشانێكی جوان و هونه‌ری بێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا وا نه‌بێت، بێگومان ئه‌مه شتێكی مه‌حاڵه ڕوو بدات، چونكه هه‌رگیز هیچ ده‌قێك ناتوانێ له‌ڕێگه‌ی ناونیشانی جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌وه فریوی خوێنه‌ر بدات، ڕه‌نگه ده‌قێكى به‌وشێوه‌یه هه‌بێت، كه بتوانێ فێڵ له خوێنه‌ر بكا، به‌ڵام ئه‌وه فێڵێكه هه‌ر زوو داوه په‌نهانه‌كانی ئه‌پسێ و هه‌موو شتێك ئاشكرا ده‌بێ، بۆیشی هه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ڕوو بدات، واتا ئه‌كرێ ئێمه ده‌قێكمان هه‌بێت، ناونیشانێكی ناشیرین و ناهونه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا بۆخۆی ده‌قێكی جوان و باڵا بێت، وه‌ك نمونه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌شێ كه‌سێك ناوی (نه‌ژادی) بێت، به‌ڵام پیاوێكی تا بڵێی شه‌ریف و شیرین بێ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادییه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا كه‌سێكمان هه‌بێت ناوی (فاروق) بێ، به‌ڵام ته‌واو پێچه‌وانه‌ی (عومه‌ری فاروق) بێت و ئه‌وه‌ی فه‌رق بێت له‌نێوان هه‌ق و ناهه‌قدا، نه‌یزانێ و نه‌یكا.. (وابزانم ئه‌م نمونه‌یه‌م دووباره كرده‌وه، به‌ڵام ناچارم).
* سه‌رچاوه: گۆڤاری (گزنگ)، ژماره (94)، كانوونی دووه‌می 2012، ل189 – 198
دیمانه: دیار له‌تیف