Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جادووی مۆسیقا …  محەمەد كوردۆ

جادووی مۆسیقا … محەمەد كوردۆ

Closed
by May 11, 2012 گشتی

 

ئەو وتەیە كە دەڵێت ((مۆسقا خۆراكی روحە))، وتەیەكی كۆن و زانراو و ئاشنایە بە زۆربەمان   و ڕەنگە دەیانجار بەرچاومان كەوتبێت و گوێمان لێ‌ بووبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو وتەیە چڕكراوەی راستییەكی گەورە و حاشاهەڵنەگرە، بەردەوام جۆرێك لە ڕەونەق لە نێوانی پیتەكانییدا دەدرەوێشێتەوە. بە بڕوای من وەكچۆن مرۆڤی برسی، مەبەستم كەسێكە گەدەی بەتاڵ بێت، هەر لە خۆیەوە توڕە و كەمحەوسەڵەیە، ئەو مرۆڤەیش كە گوێ‌ لە مۆسیقا ناگرێت و ڕوحی خۆی بە برسێتی دەهێڵێتەوە، هەمیشە كەسێكی توڕە و كەمحەوسەڵەیە… تەنانەت من بڕوام وایە بەشێكی زۆر لە شیعری ئێًستای ئێمە كە خاوەنی ئیقاعێكی نەگونجاو و شپرزەن، لەبەر ئەوەیە كە زۆرێك لە شاعیرانی ئێمە گوێ‌ بۆ مۆسیقا ڕانادێرن. ئەو شاعیرانە جادووی مۆسیقایان تاقی نەكردۆتەوە، هەر لەبەر ئەوەیشە شیعرەكانیان كاریگەریی جادوویی لەسەر خوێنەر جێ‌ ناهێڵن. لەو ماوانەی پێشوودا هاوڕێیەكی رۆژهەڵاتیم (مەبەستم رۆژهەڵاتی كوردستانە) پێی وتم: ((جارێكیان لە یەكێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بووم، لە بازاڕ پیاسەم دەكرد، سەرم داخست و گوێم لەو خەڵكە گرت كە لەدەوروبەرم بوون، بڕوا بكە وام دەزانی شەڕ دەكەن، زۆر بە تووڕیی و دەنگی بەرز لەگەڵ یەك قسەیان دەكرد)). زۆر بیرم لەو قسەیەی هاوڕێكەم كردەوە،  لە خۆمم پرسی ئەمە بۆ وایە؟ لەوەڵامدا بەخۆمم وت: بێگومان ئەمە زیاتر لە هۆكارێكی هەیە. من لە گۆشەیەكی دیكەدا وتم بەشێك لە توڕەیی و دڵڕەقی ئێمە بۆ ژیانی بێ‌ خۆشەویشستیمان دەگەڕێتەوە. لێرەشدا دەڵێم بەشێكی دیكەی توڕەیی و دڵڕەقی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە وەك پێویست گوێ‌ بۆ مۆسیقا ڕانادێرین…ڕێگە نادەین مۆسیقا روحمان ئارام بكاتەوە و هەڵچوون و توڕەییە ناسرووشتییەكانمان لەناو ببات. نیتشە وتوویەتی ((ژیانێكی بەبێ‌ مۆسیقا ژیانێكی هەڵەیە))، بۆ ڕاستكردنەوەی ژیانی هەڵەمان یەكێك لە شەقاوە سەرەكی و گرنگەكان ئەوەیە زیاتر گوێ‌ لەمۆسیقا بگرین. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە هەموو مۆسیقایەك (خۆراكی ڕوح) نییە، هەندێك مۆسیقا، كە بەداخەوە مۆسیقای ئێمە زۆری لەو جۆرەی تێدایە (خۆرەی ڕوح)ن.

 

*************************************
*گۆشەی ڕاز و نیاز، ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5775) 11 / 5 / 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.