
خاڵی شینی ڕه‌نگ کاڵه‌وه بوو
خاڵی شینی ڕه‌نگ کاڵه‌وه بوو، ناوی کتێبی ده‌نگی، زانای به ناوبانگی ئه‌مریکی “کارل ساگان” که به ئیلهام وه‌رگرتن له‌م ڕه‌سمه نووسیوێتی.
له ساڵی ۲۰۰۱ ئه‌م ڕه‌سمه چووه ڕیزبه‌ندی ۱۰ ڕه‌سمی گرنگی زانستی که له ئاسمانه‌وه به هۆی که‌شتی پشکنه‌ری ئاسمانی ویجر ۱ گیراوه.
دوباره سه‌یری ئه‌م خاڵه بکه‌نه‌وه. ئه‌وه ئێره‌یه. ئێره ماڵێیه. ئێمه لێره‌ین. ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی خۆشمان ویستوون، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یان ناسین، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی شتێکمان ده‌رباره‌یان بیستووه، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی بوونیان هه‌بووه، لێره‌دا ژیاون. به‌رهه‌می ته‌واوی خۆشی و ئازاره‌کانمان له ناو ئه‌م خاڵه دا کۆ بۆته‌وه. هه‌زاران ئایین، ئایدیۆلۆژی و پسپۆری ئابووری که خاوه‌نه‌کانیان کاتێک ده‌رباره‌یان ده‌دوێن زۆر لێیان دڵنیان، ته‌واوی ڕاوچییه‌کان و ماسی گره‌کان، ته‌واوی قاره‌مان و ترسه‌نۆکه‌کان، ته‌واوی بنیات نهران و له‌ناو به‌رانی شارستانیه‌ته‌کان، ته‌واوی پاشا و نۆکه‌ره‌کان، ته‌واوی ئاشقه گه‌نجه‌کان، ته‌واوی دایکان و باوکان، مناڵانی هیوادار، داهێنه‌ران و دۆزه‌ره‌وان، ته‌واوی مامۆستاکانی ئه‌خلاق، ته‌واوی سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌نده‌ڵ، ته‌واوی گه‌وره ئه‌ستێره‌کان، ته‌واوی ڕێبه‌ره‌کان، ته‌واوی مۆرتهد و تاوانباران له مێژووی مرۆڤایه‌تی دا له‌وێ ژیاون. له‌ناو ئه‌م تۆزه‌دا که له ناو گه‌وره‌یی بۆشایی ئاسمان له‌به‌رامبه‌ر خۆر دا ڕاوه‌ستاوه. زه‌وی به وێنه‌ی لمێکی ورده له به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی گه‌ردوون دا. بیر له‌و رووباری خوێنانه بکه‌نه‌وه که به ده‌ستی ئیمپراتۆریه‌ت و ژه‌نه‌ڕاڵه‌کان دروست بووه، تا به غروور و هه‌ستی سه‌رکه‌وتنه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت بتوانن فه‌رمانڕه‌وای به‌شێکی که‌م له‌م خاڵه بچووکه بن. به‌و ناحه‌قییه بێسنوورانهی که دانیشتوانی به‌شێک له‌م خاڵه، به هۆی دانیشتوانی به‌شێکی تری (که له‌م مه‌ودایه‌دا ناتوانرێ ئه‌وان له یه‌کتر بناسینه‌وه) تووشی هاتوون، بیر بکه‌نه‌وه. چه‌نده ئه‌وان مه‌یلیان به کوشتنی یه‌کتر هه‌یه، دوژمنایه‌تیه‌که‌یان به‌رامبه‌ر به یه‌ک چه‌نده به تینه.
ته‌واوی سه‌روه‌ری و شان و شه‌وکه‌تی ئێمه، ته‌واوی هه‌ستی خۆ به گرینگ زانینی ئێمه، خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی که ئێمه جێگهوپێگهیهکی تایبه‌تمان هه‌یه له ناو گه‌وره‌یی گه‌ردوون دا، به بوونی ئه‌م خاڵه بچووکه ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه. هه‌ساره‌که‌ی ئێمه، ته‌نیا خاڵێکه له پانتایی گه‌وره‌یی گه‌ردوون دا. له ناو ئه‌م تاریکستان و گه‌وره‌ییه بێسنووره دا، هیچ هێمایه‌ک بۆ یارمه‌تی نابینرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌ستی خۆمان ڕزگار بکات.
هه‌ساره‌که‌ی ئێمه ته‌نیا شوێنێکه که ژیان تیایدا به‌رده‌وامه هه‌یه. هیچ شوێنێکی تر نییه لانی که‌م له داهاتوویه‌کی نزیک دا که مرۆڤ بتوانێت به‌ره‌و ئه‌وان گه‌شت بکات. بۆ سه‌ردان، به‌ڵێ—— بۆ مانه‌وه، هێشتا نا. پێمان خۆش بێت یان نا هه‌ساره‌که‌ی ئێمه ته‌نیا شوێنێکه که ده‌توانین تیایدا بوون مان هه‌بێت.
وتراوه که گه‌شت کردن بۆ بۆشایی ئاسمان ئه‌زمونێکه بۆ دروست کردنی که‌سایه‌تیت که فێری له خۆ بردوییت ده‌کات.
له‌وانه‌یه هیچ وێنه‌یه‌ک باشتر له‌وه، غرووری نابه‌جێ و بیر ته‌سکی مرۆڤ له‌م دنیا بچووکه‌ی دا نه‌خاته ڕوو. بۆ من ئه‌م وێنه‌یه نیشانه‌یه‌که بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه له پێناو ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی باشتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌ڵسووکه‌وت بکه‌ین و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه بۆ ڕێز لێگرتن و پاراستنی ئه‌م خاڵه شینه ره‌نگ کاڵه‌وه بووه، ته‌نیا ماڵێک که تا به ئێستا ناسیومانه.
وه‌رگێران له فارسییه‌وه: ئاکام ئه‌مانی