ئایین و هونەر …. تاهیر رەحیم
43 ساڵ تێده‌په‌ڕێ بەسەر فیلمی عه‌رەبی ( ابی فوق الشجرە) لە نواندنی گۆرانیبێژ و ئەکتەر عه‌بدولحه‌لیم حافز لەگەڵ میرفەت ئەمین و نادیە لوتفی. ئەم فیلمه زیاتر لە ده‌یان جار لە وڵاتانی عه‌ره‌بی پێشاندراوە. کەچی ئێستا لەلایەن ئیسلامیەکانی میسرەوە ئه‌و گرتانه لاده‌برێن که تێیدا ئه‌کته‌ره‌کان ماچی خۆشه‌ویستی ده‌گۆڕنه‌وه. هێشتا ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه سیاسییه‌کان له میسر ساڵێکی حوکمی خۆیان ته‌واو نه‌کردووه، هونەرمەندی مەزن و بەناوبانگ عادل ئیمامیان دا بەدادگا ، دادگاش حوکمی سێ مانگ سزای به‌ندکردنی بۆ بڕییه‌وه، بەپێی ئیسلامیەکان سوکایەتی بە ئیسلام کردووە!!! لە کاتێکدا عادل ئیمام بە فیلم و شانۆگەری رووی راستەقینەی ئیسلامی سیاسی، بەتایبەتی ئیسلامی توندڕەوی دەرخستووە، نەک ئیسلام وەکو ئایین. هەر له‌وکاته‌شدا که هومەنەرمەند عادل ئیمام دژ بە گەندەڵی سیاسی وکۆمەلایەتی و ئابووری دەسەڵاتەکەی موبارەک بوو. ئیخوان موسلیمینی میسر له‌گه‌ڵ موبارەک خەریکی سازشکردن و به‌شداریکردن بوون له پرۆسه‌ی سیاسی
ئیسلامی سیاسی باوەڕی بە دیموکراتی نییە، بەڵام سوود لە پرۆسەی دیموکراتی وەردەگرێ.
ئیسلامی سیاسی پاش ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست. هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی هه‌موو جوانییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌دات له‌هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا ئه‌گه‌ر ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتی گرتبێتە دەست یەکەم هێرشی بۆ سه‌ر ژنان و هونەرمەندان و نووسەران بووە. دەیەوێت لەم رێگایه‌وه کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵگا بۆ خۆی بکات.
ئایین و هونەر دوو شتی جیاوازن، ئایین ناخی مرۆڤ بە خواوە دەبەستێتەوە، هونه‌ریش کار بۆ باشکردنی ژیان و خۆشییه‌کانی مرۆڤ ده‌کات. ئه‌گەر لە روانگه‌ی ئایینی ئیسلامەوە بۆ هونەر بڕوانیین، نابێت له ساییه‌ی ئه‌ودا گۆرانی و سەماو وێنە و شایی …. هه‌بێت.
دەسەڵات چەند لە ئایینەوە نزیکبێت ئەوەندە لە دنیای هاوچەرخ دوورده‌که‌وێته‌وه. چه‌ندیش لە ئایین دوورکەوێتەوە ئەوەندە لە دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ نزیک دەبێتەوە. ئەفگانستان و ئەندەلوس دوو نموونەی زیندوون. کاتێ ئه‌فغانستان که‌وته ژێر رکێفی (قائدەو تاڵیبان) ئیسلامیەکانەوە. کەوتە ناو دنیای هەژاری و نەزانی و نەخوێندەوارییهوە، ژنان مافه‌کانییان لێ سه‌ندرایه‌وه و مافەکانی مرۆڤ پێشێل کرا. بەپێچەوانەوە لەوکاتەوەی ئایینی ئیسلامی لە ناوکۆمه‌ڵگای ئەندەلوسیدا وەدەرهێنرا، ئه‌وه‌نده لە ژیانی هاوچەرخ و مافی مرۆڤ و ئاوه‌دانی و ژیانی دیموکراتی نزیکبووە. لەهەر شوێنێک ئاین دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، ئەوە بزانە ئەو وڵاتە بەڵایەک چاوەڕوانی دەکات.
گەر ئایەتەکانی قورئان و ئینجیل و تەورات….هەمووی قسەی ناشیرین بن و دووربن لە زانست و زانیاری! گەر پڕ بن لە ئەفسانە. هەروەها هەموو وتەکانی ناو کتێبە ئایینەکان بۆ سووکایه‌تیکردن بن به مرۆڤ، لە هەمان کاتدا هەموو کتێبەکانی دنیا رەخنە بگرن لە کتێبە ئاینییه‌کان کار ناکاته سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕواخوازانی ئاینه‌کان له تووندونیژی دوورکه‌ونه‌وه.
(رزگارکردنی ده‌وڵه‌ت لە ئایین یەکسان نییە بە رزگارکردنی راستەقینەی مرۆڤ لە ئایین—مرۆڤ کاتێک دەتوانێت لەسەر ئاستی سیاسی خۆی لە ئایین رزگار بکات، ئه‌گه‌ر توانی ئاین لە پانتایی گشتی و مافەگشتیەکان دووربخاتەوە و بیخاتەوە نێو چوارچێوە شەخسیەکانەوه)*
ئەوەی رێگە لە توندووتیژی ئایین دەگرێت. تەنها و تەنها جیاکردنەوەی ئایینە لە دەسەڵات و یاساوسیستەمی بەرێوەبردن. جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات مانای دەرکردنی ئایین لە کۆمەڵگا نییه، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی ئایین شانبەشانی رێکخراوە مه‌ده‌نییه‌کانی تر رۆڵی هاوکاری ورێکخستنی کۆمەڵ ببینێ.
لەهەر شوێنێکش ئایین لە دەسەڵات جیاکرابێتەوە، ئەو کۆمەڵگایە لە توندووتیژی ئایین پارێزراوە. لە تورکیا لەبەرئەوەی ئایین لە دەسەڵات جیاکراوەتەوە ئەودەسەڵاتەی نییە تا به‌شدار بێت لهسەرکوتکردنی ژنان ومناڵان، ئه‌گەر ئەتاتورک ئایینی لە دەسەڵات جیانەکردایەتەوە، ئێستا تورکیاش وڵاتێک ده‌بوو وەکو پاکستان و ئەفگانستان. وه‌ک ئه‌و وڵاتانه پڕ دەبوو لە توندووتیژی ئایینی.
لە کوردستانیش کاتی ئەوە هاتووە بە ئاشکرا داوای جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات بکرێ. یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکان لە کۆمەڵگادا جیاکردنەوەی ئایینە لە دەسهڵات . هەر حزب و رێکخراوێک گه‌ر بیەوێ کۆمەڵگا بەرەوپێشەوە ببات. پێویستە جیاکردنەوەی ئایین لە ده‌سه‌ڵات بە ئاشکرا بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە. هەر حزبێکیش ئەو داواکارییەی نەبێت، بۆی نییە خۆی بە حزبێکی سکۆلار دابنێت. داوای جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات، لە پرسی بە دەوڵتبوونی کوردستان کەمتر نییە.
لەهاوڵاتی رۆژی 9.5.2012 بڵاوبووەتەوە
http://www.alarabiya.net/articles/2012/04/02/204941.html
کارل مارکس*( 1818-1883) کتێبی: پرسیاری جولەکە