
مناڵەکان …. نەوزاد بەندى
لە لێوارى هەموو شەقامەکانا،
مناڵێک هەیە بۆ بۆیاخکردنى پێڵاو ..
بۆ سواڵ کردن ..
بۆ عەلاگە فرۆشتن ..
لە کەنارى هەموو ڕووبارەکانا ،
مناڵێک هەیە سەنارەیەکى بەدەستەوەیە ،
بۆ ماسیگرتن ..
تەرمۆزەیەکى پڕ لە ئایسکرێمى پێیە ..
لە قاوشى هەموو نەخۆشخانەکانا،
مناڵێک پاڵکەوتوە ،
لە نێوان مان و نەمانا ،
گاگۆڵکێ ئەکا ..
لە هەتیوخانەکانا ،
مناڵێک ئەبینى ،
بە بێ هیچ هیوایەک ئەژى ..
لە بەردەرگاى زۆربەى ماڵەکانا ،
مناڵێک چاوەڕێى هاتنەوەى
باوکى ئەکا ..
هەندێکیان باوکیان دێنەوە و
هەندێکیان ، نا ..
لە هۆڵى سینەماکانا ،
مناڵێک هەیە جگەرەى تاک ئەفرۆشێ ..
ساردى قوتوو ..
گوڵە بەڕۆژە و
گێلاس ئەفرۆشێ ..
لە هەموو گۆڕستانەکانا ،
مناڵێک هەیە ئەگرى ..
کەس نازانێ و ..
کەس نایەوێ بزانێ ، بۆچى ئەگرى ..
لە بەردەم قوتابخانەکانا ،
مناڵێک بەجێماوە لە وانە ..
نە ئەتوانێ بڕواتە پۆلەوە و ..
نە زات ئەکا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە ..
لە هەموو جەژنەکانا ،
بەلایەنى کەمەوە ،
مناڵێک دڵى ئەشکێ ..
دڵى ئەدرێ بە دیوارەکانا ..
لە هەموو بازاڕەکانا ،
مناڵێکى شێت ئەبینى ،
ئەدرێسى ماڵ و
دایک و باوکى ،
بیر چۆتەوە ..
* * *
خوایە گیان بۆ ؟؟
ئەو هەموو مناڵە بەدبەختەت ،
ئاوا بڵاو کردۆتەوە ..؟؟