ئینسان ناوی نه‌خۆشینێکی تازه … سه‌لام قادرى
بڵێی وابێ،
ئه‌وه‌نده‌ی من خووساوم، باران باریبێ؟
ئه‌وه‌نده‌ی من ڕووشاوم، چه‌قۆ ڕزیبێ؟
ئه‌وه‌نده‌ی من کۆتاییم له‌به‌ره
ته‌مه‌ن، لاپه‌ڕه‌ی له خۆ دڕیبێ؟
دایکم بوو به تاڤگه
من گوشیم به خۆما و تێرتێر ماچم کرد؛
ڕه‌نگه ئه‌م ئازاره‌م
له‌و جۆره ته‌ڕ بوونانه‌وه تووش بووبێ.
شه‌پۆل دهیسپاردم به شه‌پۆل
بێ‌نیاز بووبووم له لاق
من هه‌موو ئه‌م ڕێگایه‌م وه‌کوو به‌له‌مێک بڕی.
شار ڕازابووه‌وه به ده‌ڕابه داخراوه‌کان
سیا خه‌ریک بوو شه‌وی ئه‌شکاند
بڕیار بوو به‌قه‌ده‌ر قورسی کتێبه‌کان
له‌و شه‌وه‌زه‌نگه که‌ل بکات.
[من به ئارامی برام ئه‌ڵێم سیا،
برامه و گاڵته‌ی له‌گه‌ل ئه‌که‌م.]
وتی: چیته؟
وتم: هه‌ڵهاتووم
ناوت چیه؟ نه‌خۆشم.
ئهوهلاکهت کوانێ؟ له‌کوێن لاقه‌کانت؟
بوون به‌ژێر به‌رده‌کانی دۆعاوه.
ئابی تۆ ده‌توانیت پشیله‌یێک تا ناوقه‌د بخه‌یته چاڵ و
به ده‌سته‌کانی خۆت و هه‌موو ئهژدادتهوه به‌رده‌بارانی بکه‌ی؟
ئه‌وه‌یه،
ناو و نه‌خۆشینی من.
هێشتا که مناڵ بووم
ده‌ستی ناو جله عهسکهریێکان
ههڵیاندام تا ناو داڵغهیێکی دوور
ئه‌گینا من چیم بوو له‌م هه‌موو گه‌وره بوونه؛
سه‌ری سپیم له ناو مناڵه‌کاندا ده‌یگوت:
ده‌بێ بۆ به‌رز بڕوانی،
له به‌رزا زۆر شت هه‌یه بۆ دیتن.
فڕۆکه‌یێک که ده‌چێ ته‌پۆڵکه‌یێک له دوژمن بسێنێ،
له‌شێکی بێسه‌ر که له‌ناو کۆشکێکی به‌رزه‌وه
بۆ سه‌رێکی په‌سه‌ن ئه‌گه‌ڕێت بۆ خۆی.
یان بۆ هه‌ساره‌کان،
به‌رزن هه‌ساره‌کان؛
له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ساره‌ن هه‌ساره‌کان؛
ده‌ستی درێژی که‌سیان ناگاتێ
ته‌نانه‌ت ده‌ستێک که له‌ناو فڕۆکهیێکهوه هاتووه‌ته ده‌رێ.
به دێوجامه‌ی په‌نجه ڕازاوهکانیهوه.
کۆچی ههسێرهیێک
خیش کردنه له نزم بوونی زه‌وی،
له بچووک بوونه‌وه‌ی ئاده‌میزاد،
له نایاب بوونی به‌شه‌ر،
له ته‌نیایی.
من ده‌مرم،
من زوو زوو ده‌مرم.
من زۆر زۆر ده‌مرم.
هه‌موو جارێ دایکم له ژێر ڕه‌شماڵی دڵیدا دهمزێتهوه،
من زیاتر له هه‌موو که‌س مردووم و دیسان
له دایک بوومه‌ته‌وه.
ڕابێ پاش هه‌موو له دایک بوونێکم
ده‌بێ به پاشگری ناوه‌که‌م.
من یاخیم له سنووره‌کان،
له‌و شوێنانه‌ی کردوویانه به جرج
له به‌ڵێنه زه‌رد ههڵگهڕاوهکانم؛
ناوگهلێکیان به دا‌و ناوه‌ته‌وه بۆم؛
کوشه‌نده‌تر له پاشگری باغه‌یی گوڵ.
ناوه‌کان ته‌نگیان هه‌ڵچنیوه
به تهنیایێکهم.
میهره‌بانی له بیسگهی تهلهفونهکاندا خه‌سار ئه‌چێ.
تۆوی چێندراوی سنووره‌کان
سۆزی ئه‌شقم فه‌له‌ج ئه‌که‌ن.
ده‌ستی په‌ڕیوم ئیتر ناتوانێ باوه‌ش بێ.
له‌شی سپیم، ماندووییه ڕه‌شه‌کانی لاقه‌کانم ناناسنه‌وه،
من مه‌جنوونی خۆمم، خۆمم، خۆم
ئه‌و گوێره‌که‌ی له نێوان گایه‌لی گوندێکی بچکۆلانه‌دا حه‌په‌ساوه.
بانگه‌واز ئه‌که‌م، بانگه‌واز
مرۆڤێکی شپرزه‌ی بچکۆلانه ون بووه؛
له ته‌واوی ڕۆژه‌کانی ساڵدا ڕۆژی خۆی ناناسێته‌وه،
ده‌نگه‌کان چۆڵن له فه‌ریاده قه‌ره‌باڵغه‌کانی ئه‌و؛
له ده‌سته‌کانیدا ده‌نگێکی نووساو ده‌ڵێ:
هۆو، هۆو، هۆو، له کوێن بلوقهکانیتری ده‌ستم!
چیتان لێهات
ئازا کنفتهکانی گیانم!
من مردووم
له هه‌واڵی مه‌رگدا پڕبووم.
دواجار ئهمئێوارهیه مردم،
سۆنهیێک بووم له چڵکاوی نامۆییدا خنکاو،
له چڵکاوی نامۆییدا ون.
مردووه‌کان،
ته‌نیا ئه‌وان ده‌زانن
له شه‌وه‌زه‌نگدا هاتنی یار چراخانه؛
به شه‌واره‌ی ده‌خات ورچه کێویێکان،
دێته ده‌نگ ده‌هۆڵی خاک
به چرپه‌ی هه‌نگاوه‌کانی.
خه‌ریکه خۆمم به‌سه‌ردێ
ڕۆژه‌کان شه‌وه‌زه‌نگی منیان لێ ده‌تکێ،
ترووسکایی په‌نجه‌کانم به ساراتی شه‌وه‌وه ناونیشانمه.
مردن داستانی درۆزنه‌کانه
له هه‌موو گۆڕستانێکدا
گۆڕگه‌لێک هه‌ن پڕن له هه‌ناسه‌ی ناڕازی نووستووه‌کانی.
چاوه‌کانم هاتوونه‌ته‌وه
هاتنه‌وه‌ی خۆم ده‌بینم به زریکه زریک؛
ڕه‌شه‌بایێک ڕاوم ئه‌نێ
هاتوومه‌ته ناو ژووره‌که‌م
ڕچیاوم له نامۆییدا و،
به هیچ کلۆجێک خۆم ناناسمه‌وه؛
ته‌نیا هاتووم
هاوینی ناو ژووره‌که‌م بکرمێنم.
من ئه‌ترسم له‌م ڕه‌شه‌بایه
نه‌کا له سه‌رخۆش بوونی هاوڕێیێکی چۆڵ و هۆڵمدا
بیخڵهتێنێ و باوێشکی ئه‌شکه‌وتێ
بگۆڕێته‌وه به مناڵیێکهی.
له جه‌نگه‌ڵی ئهمژمارانه ئه‌ترسم
ئه‌ترسم خالی هێنده تێکه‌ڵی ژماره‌کان ببێ
هێنده بژمێرێ و بژمێرێ، بۆنی گا بگرێ.
وای لێبێ به هه‌نار بڵێ چوار!
ئاو له خوار سفره‌وه دابنێ!
جارێکی‌تر ژماره‌کان له ئاده‌میزاد ده‌رم ده‌که‌ن
ڕێبوارێکم گیرفانم پڕپڕه له گۆرانی
خه‌ڵکی سه‌رزه‌مینی نانم؛
وڵاتێکی بێسهرۆک و بێپاشا.
ناوێکی خواوه‌ندم له جێژوانێکدا به دا‌و بۆ ده‌نێنه‌وه؛
ده‌چم بۆ جێگایێکیتر
بۆ ناو دڵۆپه بارانێ،
یان هێلانهیێک که دایکه چۆله‌که‌یێک
وه‌ستایی تێداکردووه.
ڕێگا کردمی به به‌هه‌شت
به گه‌وره‌یی من قه‌سه‌می خوارد: به‌هه‌شت یانێ خۆت.
بڕۆ ئهوهلاکهت له ئاوایی بخوازه،
له ماسی، پوولهکهکانت وه‌ربگره
له ده‌ریا که‌روێشکه‌ی هه‌نگاوه‌کانت.
له‌گه‌ل با حسێب بکه
پێی بڵێ براییمان برایی و هه‌ڵکردنمان به ئاوه‌ڵایی؛
هه‌ڵکردنمان به قه‌ده‌ر کراوه‌یی په‌نجه‌ره بێ
به قه‌ده‌ر ئاڵۆشی په‌رده لادراوه‌کان.
خه‌رمانمان شنه‌ی بایێک بێت له هه‌موو لایێکه‌وه
به قه‌ده‌ر زه‌رووره‌تی جیابوونه‌وه‌ی کا له گه‌نم.
بڵێ من نایکه‌م، نا
ته‌نیا پڕ به سۆزی هه‌رزه له‌شێک
فێنک ببێته‌وه بڵێسه‌ی ژن.
ده‌بێ هه‌ڵبکه‌ین و فه‌راوان هه‌ڵبکه‌ین
ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که فهراوانه که‌س و کاره‌که‌مان.
چه‌قۆیێک پێکه‌نینی دار خورماکان ده‌بڕێ
له مناڵه ده‌سماڵ فرۆشه‌کان چینێک گریان بکڕه
نه‌وه‌ک ئه‌م ههنسکهت به‌شی په‌ژاره‌ی داهاتوو نه‌کات؛
نه‌وه‌ک چێژی ناته‌واوی خوشکێکت به‌رده باران بکرێ و
فرمێسکه‌کان که‌متر بن له به‌رده‌کان.
ئه‌نفال له ناکاو بوو
هه‌رگیز بارسه‌نگ نه‌بوون فرمێسکه‌کان و مه‌رگه‌کان.
بگری، بگری
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوڵ بتوانی،
به‌دوا قروشی گیرفانت بیکڕه دۆندرمه‌ی سپیی پێکه‌نین
به‌ڵکوو تامی هیچ بزانی.