Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
جارێكیتر ئه‌ردۆگان له‌ ئامه‌د

جارێكیتر ئه‌ردۆگان له‌ ئامه‌د

Closed
by June 6, 2012 گشتی

 

براكانمان ئێمه‌یان خۆشده‌وێت و ئێمه‌یش ئه‌وان

سیروان ره‌حیم

باشترین درۆزن ئه‌وه‌یه‌، به‌ درۆی كه‌م بتوانێت درێژترین كات شته‌كان به‌ڕێوه‌ ببات.
نووسه‌ر و بیرمه‌ندی ئینگلیز ساموێل باتله‌ر (1835-1902).

هه‌ر سیاسه‌توانێك له‌ هه‌لومه‌رجی ئاڵۆزی وه‌كو رۆژهه‌ڵاتدا كار بكات، ده‌بێت ئاگای له‌ زۆر قسه‌كردن و زۆر به‌ڵێندان بێت.
رۆژهه‌ڵات چاوگی ده‌ردی كوشنده‌ و ململانێ سه‌خته‌كانه‌. سیاسه‌توان كه‌ به‌ گشتی ناتوانن به‌ڵێنی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌ر زۆر سه‌خته‌ بتوانن به‌ڵێنه‌كانیان ببه‌نه‌سه‌ر. 
ئایا ئه‌و قسانه‌ی ئه‌ردۆگان له‌ ئامه‌د رۆژی 2.6.2012 كردی هیچیان لێ سه‌وز ده‌بێت؟ “براكانمان ئێمه‌یان خۆشده‌وێت و ئێمه‌یش ئه‌وان”، ئه‌م قسه‌یه‌ چ به‌رهه‌مێك ده‌به‌خشێت له‌ كاتێكدا زمانی “ئه‌و برایانه‌” تا ئێستایش قه‌ده‌غه‌ بێت؟
جارێكیتر ده‌چێته‌وه‌ ئامه‌د. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ده‌چێته‌وه‌ ئامه‌د و له‌و شاره‌ ده‌ڵێت:
ئێمه‌ نوێنه‌ری كوردین، نه‌ك “تیرۆریسته‌كان!”. قسه‌یه‌كی چه‌ند سواو و نابه‌جێیه‌. له‌ قسه‌ی سیاسیگه‌لی زۆر پوچ ده‌چێت.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و سیاسه‌توانه‌ ژماره‌ یه‌كه‌ی ئیمڕۆی توركیا له‌ ئامه‌د بوو، له‌وێ كۆمه‌ڵێ به‌ڵێنی گرنگی دا، به‌ڵێنی وه‌ها كه‌ ببن به‌ زه‌مینه‌ساز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ وه‌ڵاته‌كه‌دا. دیاره‌ هه‌موو ده‌زانین ئه‌ردۆگان و سیسته‌مه‌كه‌ی هیچ یه‌كێك له‌و به‌ڵێنانه‌یان جبێبه‌جێ نه‌كرد. به‌ڵام ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و بێ هیچ شه‌رم و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ده‌ڵێت:
“ئه‌و به‌ڵینانه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لێره‌ به‌ ئێوه‌مان دا، هه‌موویمان جێبه‌جێ كرد”.   
سه‌رجه‌م قسه‌كانی ئه‌ردۆگان له‌ ئامه‌د، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و كولتوری هزر و رامانه‌دا دێن و ده‌چن كه‌ سیسته‌مه‌ داگیركاره‌كانی تر سه‌باره‌ت به‌ كورد و كێشه‌كه‌ی به‌كاری ده‌هێنن. ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت:
“براكانمان له‌ دیاربه‌كر ئێمه‌یان خۆشه‌ده‌وێت و ئێمه‌یش ئه‌وان”. به‌ڵام “براكانی” ئه‌و له‌ ئامه‌د كێن؟
ئایا ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌یش ده‌پرسێت ئه‌و شاره‌ی ئه‌و تێیدا میوانه‌ بۆ هه‌زاران كه‌سی لێ خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌؟ له‌ پای چی؟ ئایا ئه‌وانه‌ هه‌موو تیرۆریستن؟ یان له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌ویان خۆشناوێت یان كێشه‌یه‌كی گرنگ هه‌یه‌ و ئه‌و خۆی لێ نه‌بان ده‌كات؟ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌دا ئیمڕۆ به‌ هه‌زاران كورد له‌ زیندانی وه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان دان چونكه‌ ئه‌ویان خۆشناوێت؟ ئایا ئه‌و هه‌موو نووسه‌ر و رۆشنبیر و رۆژنامه‌وانه‌ بۆ راپێچی زیندان كراون، چونكه‌ تیرۆریستن و ته‌ناهی سیسته‌مه‌كه‌ی ئه‌و ده‌خه‌نه‌ بن مه‌ترسییه‌وه‌؟  ئایا قوربانییه‌كانی رۆبۆسكێ-یش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ كوژران له‌ “خۆشه‌ویستی” ئه‌و حاڵی نه‌ده‌بوون؟ ئه‌ردۆگان ئه‌و روونكردنه‌وانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ تێگه‌ی “خۆشه‌ویستی” پێشكه‌ش نه‌كرد.
كێشه‌ی ئه‌ردۆگان هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سێكه‌ زۆر دوور له‌ رامان و بیركردنه‌وه‌ی دیمۆكراسی و وه‌كهه‌ڤی، كێشه‌ی ئه‌و سیاسه‌توانه‌ی كه‌ ئێمڕۆ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆر باڵی گرنگ و وزه‌ی زیندووی ئه‌و وه‌ڵاته‌دا گرتووه‌ ئه‌وه‌یشه‌ زۆر قسه‌ ده‌كات و زۆر به‌ڵێن ده‌دات.
بیرمه‌ند و مێژونووسی بواری ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵه‌مان، لودڤیك ماركوس (1894-1971) جوانی گوتوه‌:
“به‌ زۆری درۆ له‌و شتانه‌دا نین كه‌ مرۆڤ ده‌یانڵێت، به‌ڵكو له‌وانه‌ دان كه‌ مرۆڤ نایانڵێت”.
به‌ڵام له‌ لای سیاسه‌توانی وه‌كو ئه‌ردۆگان كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ درۆ هاوكات له‌ قسه‌كردن و له‌ بێده‌نگیشیدا ئاماده‌یه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.