گفتوگۆی چاو‌دێر لەگەڵ ئیسماعیل حەمە ئەمین
ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین، نوسه‌رو روناكبیر‌و سکرتێری نوسینی گۆڤاری كۆنسێپت، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئیسلامی سیاسی له‌كوردستاندا ده‌مێكه له‌خه‌یاڵی سانسۆردان ده‌ڵێت ” كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو له‌سه‌رێكه‌وه ئۆپۆزسیۆنن‌و داوای فراوانكردنی ئازادییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌سه‌رێكی تره‌وه دیوانی شیعر له‌بازاڕ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و خه‌ڵك ته‌كفیر ده‌كه‌ن”.
ناوبراو له‌م چاوپێكه‌تنه‌دا كه تایبه‌ته به‌قسه‌كردن له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان‌و مه‌سه‌له‌ی عه‌لمانیه‌ت، رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا ئیسلامیه‌كانی كوردستان ده‌یانه‌وێت وه‌ها له‌موسڵمانی ساده بگه‌یه‌نن سیستمی سیكۆلار دژی ئاینه‌كانه، ویستویانه ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی راسته‌قینه به‌دوژمنی ئاین له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن.
چاو‌دێر: خوێندنه‌وه‌ت بۆ روداوه‌كه‌ی هه‌ولێر چییه؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه له‌نێو ئه‌م فه‌وزایه‌دا هه‌مو شتێك روبدات، راستیت ده‌وێت خه‌ریكه وڵاتی ئێمه ده‌بێت به‌وڵاتی (عه‌لی باباو چل دزه‌كه)، ئیدی نازانین له‌كوێدا كێشه‌یه‌ك ده‌ته‌قێته‌وه‌و له‌كوێشدا ده‌چێته خانه‌ی له‌بیرچونه‌وه. سه‌یر له‌ودایه چه‌نده زو ده‌بێته هه‌را له‌سه‌ر بابه‌تێك، ئه‌وه‌نده‌ش زو له‌بیر ده‌كرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌ن یادهوهریهیكی كولتوری‌و مێژویی نه‌بین، له‌سیاسه‌ته‌وه بیگره تاوه‌كو كێشه گرنگه‌كانی نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. ئێمه له‌م روداوه‌ی هه‌ولێردا له‌به‌رامبه‌ر دو فینۆمینداین، یه‌كه‌میان: دیاره‌ده‌ی (رۆژنامه‌نوسی قسهنوس)، دوهه‌میان له‌به‌رده‌م دیارده‌ی (ئیسلامی سیاسی دیسپۆت) داین. له‌یه‌كه‌میاندا نه‌بونی پێوه‌ره زانستیه‌كان بۆ رۆژنامه‌نوسی، بۆ جۆرایه‌تی رۆژنامه‌نوسی‌و كوالیتێتی باشی رۆژنامه وه‌های كردوه قسه نوسینه‌وه‌ی سه‌رجاده بهڕۆژنامهنوسی خۆی نمایشبكات. گه‌ر ئه‌مڕۆ چاوێكی سانا به‌و هه‌مو په‌ڕاوه بگێڕێت، له‌م سه‌ری رۆژنامه رهسمیهكانهوه تاده‌گاته رۆژنامه‌ی به‌ناو ئازاد، لهههژاریهكی بێوێنه‌ی زمانه‌وانیدا ده‌ژین. هه‌رچی پابه‌ندبونه به‌چۆنایه‌تی زمان، به‌ئاستی باڵای زمان، به‌نمایشكردنی بابه‌ت له‌چوارچێوه‌ی هونه‌ری رۆژنامه‌وانیدا بونی نییه، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه سه‌یر نییه كه هه‌ستكردن به‌رامبه‌ر به‌وشه‌ی نوسراو له‌ئاستێكی نزمدا بێت، ده‌رئه‌نجام ئه‌و فیگوره قسهنوسه، دور له‌به‌رپرسیارێتی زمان‌و كو‌لتور، ریزپه‌ڕی (ته‌جاوز) ده‌كاته سه‌ر ئه‌م گروپه یان ئه‌و ئاین‌و هه‌سته باڵایانه‌ی ده‌بێت مرۆڤ به‌ڕێزه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر بكات. ئه‌و فیگوره له‌پێناو ده‌ركه‌وتنی خۆیدا دور لهقورساییو ئادابی وشه‌ی نوسراو ئیستاتیكای زمان قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له وجودیه گه‌وره‌كان ده‌كات. بێگومان ئه‌م فیگورهو ئه‌م بڵاوكراوانه، نه‌ڕێز له‌ئازادی ده‌گرن، نه رێز لهنوسینو له‌ئاستی باڵای زمان‌و نه‌ڕێز له‌ئادابی نوسین ده‌گرن. به‌شی دوه‌می ئه‌م نمایشه‌ی هه‌ولێر ئه‌كته‌ره ئیسلامیستهكانن كه خاوه‌نی پڕۆژه‌یه‌كی (دیسپۆتی ئیسلامین)و هه‌میشه گوتومه خوداوه‌ند وه‌ك خالقی گه‌وره، وه‌ك ئه‌قڵی ره‌ها، وه‌ك بونێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ماتریاڵ، زۆر له‌وه مه‌زنتره كۆمه‌ڵێك ئیسلامیستو كریست دیموكرات نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ن. هایدگه‌ر ده‌ڵێت پرسیاری میتافیزیك له‌چوارچێوه‌ی میتافیزیك ده‌خوێنرێته‌وه. به‌هه‌مان شێوه ئیسلامی سیاسی خاوه‌ن پڕۆژه‌ی دیسپۆت، بهزهڕهبینێكی گه‌وره‌وه به‌دوای ئه‌و دیارده ناشرینانه‌ی نێوهندهكهمان ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به‌سیفاتی كۆمه‌ڵی سیكۆلار‌و عهلمانیو رۆشنبیر به‌وێنه‌ی مرۆڤێكی به‌ره‌ڵا وهسفبكات، بهمرۆڤێك خاوه‌نی پڕهنسیبو ئادابی گشتی نییه‌و رێز لهپیرۆزیهكان ناگرێت‌و ده‌یه‌وێت حكومهتو پارله‌مانیش به‌م وێنه‌یه زاخاو بدات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یاسا ئه‌و فیگوره وه‌ده‌رنێت كه ناوی رۆشنبیری چالاكه له‌ژیانی ئێمه‌دا. بۆ ئه‌مه‌ش ئیسلامیه‌كانی كوردستان هه‌میشه ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ئه‌و بابه‌ته لاوازانه‌ی قسه نوسه‌كان بۆ ناوبانگی خێرا ده‌ینوسن، نمونه‌ش بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری چرپه بو. هه‌ر ئه‌م ئیسلامه سیاسیه جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه، بچێته نێو دیباتیه گه‌وره‌كانی نێوان په‌یوه‌ندی نێوان خواداو مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ندیی ئاین به‌كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیه‌وه، نایه‌وێت به‌شدار بێت له‌گفتوگۆی فیكری جیدی له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌و مه‌به‌ستیشی نییه. ئیسلامهویهتی كوردی ده‌توانێت ئه‌م بابه‌ته له‌چوارچێوه‌ی (بڕوابونو مه‌عریفه) قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئیسلامی سیاسی كوردی خاوه‌نی ئه‌و دیده رۆحانی قوڵهنییه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت بچێته ئاستی ئه‌و گفتوگۆیه‌وه. گه‌ر ئه‌وان خوێنده‌وار بونایه، ئه‌وا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی توانا ئه‌مین ده‌كرد، كه په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ‌و خوداوه‌ند ده‌وروژێنێت، به‌ڵام ئه‌مانه ته‌نها له‌ئاستی ئه‌وه‌دان كۆپی ئیسلامی سیاسی عه‌ره‌بی بكهنو خه‌ریكی تهكفیرو سانسۆربن. ئه‌م ئیسلامه سیاسیه گه‌ر خوێنده‌وار بوایه نه‌ده‌چو له‌ڕێگه‌ی مزگهوتو خوتبهبێژهكانیهو به‌چه‌ند وشه‌یه‌كی ناشرینه‌وه بنوسێت‌و گه‌وره‌ی بكات، ده‌كرا له‌ڕێگه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسیه‌وه ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرایه. له‌ئاینه‌كاندا چه‌مكی بهزهییو سۆز كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه‌چی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر چه‌مكی (رق) كارده‌كات، فراونكردنی سنوری توڕهییو رق كاردانهوهیهتی له‌ڕوداوی ئاوه‌هادا، به‌ڵام ئیسلامی سیاسی كوردی بۆ ئه‌و چه‌مكی بهزهییو لێبوردنه فهرامۆشدهكاتو نایبینێت ئه‌وه جێگه‌ی پرسیاره؟ من پێموایه ئیسلامی سیاسی كوردی سه‌رده‌مانێكه له‌خه‌یاڵی سانسۆردایه، بیرتان نه‌چێت ساڵی 2010 (حه‌مه‌ی كاكه‌ڕه‌ش)یان تهكفیركرد، دیوانه‌كه‌ی (قوبادی جه‌لیزاده) یان له‌بازاڕدا كۆكرده‌وه، پرسیارێك له‌م نمایشه‌دا له‌لای من دروستبو، له‌م فه‌وزایه‌دا وه‌زیری ئه‌وقاف قسه‌ی كرد، وه‌زیری ناوخۆ قسه‌ی كرد، كه‌چی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نه‌ك هه‌ر ده‌بوایه قسه‌بكات، ده‌بوایه به‌رگری له‌ئازادیه‌كان بكردایه‌و دژی ده‌ستگیركردن كاری بكردایه، كه‌چی ئه‌م وه‌زاره‌ته به‌ڕێزه وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی چۆته سڕی متبونه‌وه. بۆیه پێویسته حكومه‌ت به‌ڕاوێژی رۆشنبیره جیدییه‌كان، نه‌ك خه‌بیره وههمیهكانی، به‌جیدی بیر له‌پێكهاته‌و ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بكاته‌وه، پێویسته له‌مه‌ودوا مه‌سه‌له‌ی ئازادییه‌كان پێناسه بكرێنه‌وه‌و ئه‌و یاسایه‌ی به‌نیازن به‌ناوی یاسای پاراستنی پیرۆزییه‌كان فه‌راهه‌می بكه‌ن، هیچیتر نییه جگه له‌سه‌رخستنی دۆزی ئیسلامهیهتو لێدانی دۆزی دیموكراسیه‌ت‌و پایاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیه له‌كوردستاندا.
چاو‌دێر: ئایا كومه‌ڵی كوردی هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ی وڵاتانی وه‌كو میسر‌و تونسی تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌دیبهێنن؟ له‌كاتێكدا كورد كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: هیچ مرۆڤێك له‌ویتر ناچێت، چ جای وڵاتێك بۆ وڵاتێك. ئه‌مه خاڵێك، دوهه‌م نابێت ئێمه كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ین به‌و عه‌لاگه جله‌ی هه‌میشه كێشه‌كانی خۆمانی پێدا هه‌ڵواسین. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه بیركردنه‌وه‌یه‌كی پۆزشهێنهره بۆ روداوه‌كان‌و دیارده‌كان، راكردنه له‌كێشه هه‌نوكه‌ییه‌كان. ئازادی راده‌ربڕین، په‌یوه‌ندی ئاین به‌كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی‌و ره‌سمیه‌وه به‌شێكی گرنگی پایه‌كانی بونی ئێمه‌ن وه‌ك نه‌ته‌وه. ئیسلامیه‌كان دیدی خۆیان هه‌یه بۆ نه‌ته‌وه، وه‌ك چۆن كۆمۆنیزم به‌هه‌مان ئاڕاسته بۆچونی خۆیان هه‌یه بۆ نه‌ته‌وه، هه‌ردوكیان پێوه‌ره ئایدۆلۆژییهكانیان زاڵدهكهن به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌دا. خه‌یاڵی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ له‌لای ئیسلامیه‌كان مانای پراكتیزه‌كردنی به‌هاكانی ئیسلامه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، مانای بونی شورایه له‌جیاتی پارله‌مان، مانای چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌یه به‌هه‌مو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه، به‌مانای به‌ها ئیسلامیه‌كان ده‌خه‌نه سه‌رو به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه. ئیسلامی سیاسی عه‌ره‌بی به‌پێچه‌وانه‌ی ئیسلامی سیاسی كوردیه‌وه شوناسی راسته‌وخۆی نه‌ته‌وه‌یی پابه‌نده به‌ئیسلامه‌وه، كایه‌ی زمانه‌وانی، كه پایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه، كایه‌ی فانتازیای نه‌ته‌وه كه زمانه به‌هه‌مو دورییهكانیهوه، زمانی عه‌ره‌بیه كه لهقورئاندا ده‌گاته ئاستێكی باڵا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌وڵه‌تبونی عه‌ره‌ب وه‌ك نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسلام بوه به‌و به‌هێزه‌ی شوناس ده‌داته نه‌ته‌وه، ئیسلام له‌كوێوه لێی بڕوانین شوناس ده‌دات به‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی، لێره‌وه هێزی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان ده‌بینین له‌وڵاتانی عهرهبیداو ئه‌وانیش سه‌رچاوه‌ی ئیسلامی سیاسین، به‌ڵام چیرۆكه‌كه لای ئیسلامی سیاسی كوردی جیاوازتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی لهلایهكهو به‌هاكانی ئیسلام له‌لایه‌كی دیكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ڕای من جیاوازی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی دروستده‌كات، لێره‌وه ده‌كرێت بڵێم كه ئه‌م خاڵه نه‌رمییه‌ك ده‌به‌خشێت به‌ئیسلامی سیاسی كوردی بۆ تێگه‌یشتن له‌مه‌سه‌له‌كانی نه‌ته‌وه‌و توندنهبونی به‌رامبه‌ر جوڵانه‌وه سیاسیه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه، له‌هه‌مانكاتیشدا نیگه‌رانیه‌كی ویژادنی گه‌وره‌یه له‌نێو كۆنه‌ستی ئیسلامهویهتی كوردیدا به‌وه‌ی پهرتبوه له‌نێوان ئیسلامهویهتو شوناسی كوردبوندا. دیاره هۆكاری دیكه زۆرن كه ده‌كرێت له‌داهاتودا لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌پێزی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بڵێم، كۆپیكردنی ئه‌و نموزهجهی لهمیسرو تونس‌دا هه‌یه بۆ ئیسلامی سیاسی كوردی ده‌بێته كابوسێكی ترسناك‌و ده‌بێت له‌وه نه‌رمتر بێت‌و كراوه‌تر بێت لهمامهڵهیدا له‌گه‌ڵ پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردی، هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ سانسۆر خستنه سه‌ر ئهدهبو فیكر‌و ده‌نگی ئازاد، جگه له‌ئیفلاسی سیاسی‌و ساده‌كردنه‌وه‌ی ئیسلام نه‌بێت بۆ چه‌ند توڕهبونو جنێوی سه‌رجاده‌و ته‌كفیر هیچی دیكه‌ی لێوهبهر نایه‌ت.
چاو‌دێر: پارته ئیسلامیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان باسی دیموكراسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات ورده ورده له‌به‌ڵێنی دیموكراسی په‌شیمان ده‌بنه‌وه ستراتیژیه‌كانی خۆیان ده‌سه‌پێنن؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: یورگن هابرماس فه‌یله‌سوفی دیاری قوتابخانه‌ی ره‌خنه‌یی فرانكفۆرت باس له‌كێشه‌ی جه‌زائیر ده‌كات، به‌وه‌ی به‌ره‌ی ئینقاز كه هاته سه‌رحوكم یه‌كه‌م كاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی پارلهمانتاریو پێشێلكردنی یاساكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بو، تاوه‌كو سوپا ناچار بو به‌به‌كارهێنانی هێز، ئیسلامیه‌كان له‌ده‌سه‌ڵات بهێنته خواره‌وه. لێره‌وه كێشه به‌ندی گه‌وره‌ی دیموكراسی به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی سیكۆلار (عه‌لمانی) بۆوه، به‌وه‌ی رێگه چاره چییه، به‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌یانه‌وێت وه‌ك هابرماز ئاماژه‌ی پێده‌دات (له‌ڕێگه‌ی دیموكراسیه‌وه، دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه). دیاره ناكرێت ئێمه‌ش ئه‌م گومانه به‌سه‌ر هه‌مو بزاوته ئیسلامیه‌كانیشدا پراكتیزه بكه‌ین، به‌ڵام ناشكرێت له‌یادی بكه‌ین، ئه‌و وهسوهیه له‌جوڵانه‌وه ئیسلامیه‌كاندا ره‌گی قوڵی هه‌یه، بۆ نمونه له‌لایه‌ك كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتو ده‌چنه پڕۆسه‌ی دیموكراسیهوهو ته‌نانه‌ت له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی پارلهمانیدان. له‌لایه‌كی دیكه‌وه نوسینێك یان كتێبێكیان به‌دڵ نابێت، له‌جیاتی په‌نابردنه به‌ر میتۆده دیموكراسیه‌كان، له‌ڕێگه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسی‌و دیالۆگ، خێرا له‌مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌كه‌ونه هاندانی خه‌ڵكی عهوامو هه‌ستی میللی ده‌وروژێنن. له‌سه‌رێكه‌وه ئۆپۆزیسیۆننو داوای فراوانكردنی ئازادییه‌كان دهكهنو له‌سه‌رێكی تره‌وه دیوانی شیعر له‌بازاڕ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و ته‌كفیر ده‌كه‌ن. ساڵی 2010 ئه‌ندامه دیاره‌كانی كۆمه‌ڵ خۆیان له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا، دانیان به‌وه‌دانا ئه‌وان خه‌ڵكیان له‌دژی دیوانه‌كه‌ی جه‌لیزاده‌و حه‌مه‌ی كاكه‌ڕه‌ش هانداوه. ئیدی ئه‌مانه له‌كوێی دیموكراسیدانو چی ئه‌مانه ده‌كات بهبهرگریكار له‌ئازادی كه به‌رگه‌ی دیوانێكی شیعر نه‌گرن، كه بێگومان ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می ئیسلام ده‌وڵه‌مه‌نده به‌و جۆره ئه‌ده‌به.
چاو‌دێر: پارته ئیسلامیه‌كان كێشه‌ی ناوخۆی زۆریان تێدا به‌دیده‌كرێت، ئایا به‌ڕای تۆ ئه‌و كێشانه له‌چیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: دیاره ئه‌وانیش وه‌ك كۆی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كانی دنیا له‌نێوان دو ته‌وژمدا په‌رتبون، یه‌كه‌میان ته‌وژمی سه‌له‌فیه‌تی توندڕه‌وه، كه هه‌مو فۆرمێكی ده‌وڵه‌تی دیموكراس‌و ئازاد له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبون ره‌تده‌كاته‌وه. ته‌وژمی دوهه‌م رای وه‌هایه كه‌ده‌شێت له‌دنیای سێكۆلار‌و دیموكراسی نێزیكبینهوه، نموزه‌جی كریستانه‌كانی ئه‌وروپا باشترین نموزه‌جه، ئه‌وان رایان وه‌هایه ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی دیموكراسیه‌ته‌وه ئه‌و هاوسه‌نگی هاڕمۆنیهته كاری بۆبكرێت. لێره‌وه گروپه ئیسلامیه‌كان دابه‌شده‌بن به‌دو ته‌وه‌ره‌وه ئه‌وه‌ی كه سهلهفیهو دیموكراسی به‌بیدعه تێدهگاتو ئه‌وه‌شی چۆته نێو پڕۆسه‌ی دیموكراسیبونهوه، له‌نێو ئه‌مانیشدا هه‌میشه ویژادنێكی ئیسلامی هه‌یه‌و دابه‌شیان ده‌كات به‌سه‌ر خۆیاندا له‌نێوان بڕوابون به‌فۆرمی دیموكراتی یان گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ دیموكراسی. ئه‌م دژبهیهكیه قوڵانه‌ی ئیسلامی سیاسی، به‌ڕای من پشته وێنه‌ی هه‌مو ناكۆكیه‌كانی نێوان ئیسلامیه‌كانه بهئیسلامیهكانی كوردستانیشه‌وه.
چاو‌دێر: پارته ئیسلامیه‌كانی كوردستان تائێستا نه‌یانتوانیوه به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن، هه‌رچه‌نده هه‌مویان له‌یه‌ك مهرجهعهوهن ئه‌ویش ئاینی ئیسلامه؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: ئه‌وه‌ی ده‌یبینم كه نه‌یانتوانیوه به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن له‌نێوان خۆیاندا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قه‌یرانی ئیسلامیه‌كان له‌نێوان دو چه‌مكدا (ئاین‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی)، ده‌كرێت له‌م پرسیارانه‌دا خۆی به‌رجه‌سته بكات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌بێت ئیسلامیه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ره‌گه ته‌قلیدیه‌كانی خۆیان، بۆ ره‌گه ئارتۆدۆكسیهكانیان، به‌وه‌ی نزیكبنه‌وه لهنههجی سهلهفیو كۆمه‌ڵی مهدهنیو سێكۆلار به‌دژو پێجه‌وانه‌ی خۆی ته‌ماشا بكات؟ یاخود ده‌بێت تێكه‌ڵی پرۆسه‌ی دیموكراسی بن‌و دان بنێن به‌ده‌وڵه‌تی سیكۆلار‌و عیلمانی؟. دیاره تائێستا ئیسلامیه‌كانی كوردستان ده‌یانه‌وێت وه‌ها له‌موسڵمانی ساده بگه‌یه‌نن سستمی سیكۆلار دژی ئاینه‌كانه، ویستویانه ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی راسته‌قینه به‌دوژمنی ئاین له‌قه‌ڵه‌مبده‌ن، سه‌یر له‌وه‌دایه له‌نێوه‌ندی ئێمه‌ش هه‌ندێك رۆشنبیریش لێره‌وه له‌وێ، ئه‌وه ده‌ده‌ن به‌رگوێی خوێنه‌رانیان، ئه‌وه عهلمانیهكانن دنیا وێراندهكهنو دیسپۆتن نه‌ك ئیسلامیه‌كان!. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كانی كورد بڕیاریانداوه زه‌وی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن هه‌بێت. ئه‌مه‌ش زیاتر سه‌ری له‌خوێنه‌ران شێواندوه، كاتێك رۆشنبیرێكی جیدی ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی وه‌ها زه‌قه‌وه كه‌ڕژێمی سه‌دامی لێده‌بێته سیكۆلار‌و عه‌لمانی، ئه‌وه له‌بیرده‌كات كه پایه‌ی گرنگی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی ئازادیه، فه‌راهه‌مكردنی دیموكراسیه له‌هه‌مو بواره‌كاندا. ئه‌وه‌ی لانه‌ی ئیسلامی سیاسیه ده‌وڵه‌ته سیكۆلاره‌كانی ئه‌وروپایه، له‌وێ به‌ئاشكرا ئیسلامیه‌كان قسه‌ده‌كه‌ن‌و ده‌چنه دادگاكانهوهو په‌ناهه‌نده‌یی وهردهگرنو ته‌عبیر له‌خۆیان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه له‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شیعه مه‌زهه‌بدا مه‌حاڵه، یاخود له‌سونه مه‌زهه‌بدا مه‌حاڵه شیعه مه‌زهه‌ب ئازادی هه‌بێت. ئیدی بۆچی دیسپۆت له‌لایه‌ن هه‌ندێك رۆشنبیری دهركهوتو بهعهلمانیهتهوه دهلكێنرێنێت، من لهمهتێناگهم. بۆچی ئه‌م هه‌مو موجامه‌له‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ن له‌مه‌ش سه‌رم سوڕماوه. دیاره من لێره‌دا مه‌به‌ستم دروستكردنی ئیسلامۆفۆبیا (له‌ئیسلامی تۆقان) نییه، به‌ڵام له‌دواجاردا ده‌بێت ئه‌وه بڵێین ده‌بێت دیالۆگێكی گه‌وره پێكبهێنین له‌نێوان ئێمه‌و ئیسلامیه‌كاندا، كه‌ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی كۆنفراسو دیمانه‌ی راسته‌قینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا بێت له‌نێوان رۆسنبیرانو ئیسلامیه جیدیهكاندا. ئه‌مه بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌یه وه‌ك رێكخراوی كۆنسێپتو گۆڤاری كۆنسێپت. به‌گشتی ده‌بێت هه‌موان بیر له‌وه‌بكه‌ینه‌وه كه په‌یوه‌ندی نێوان مزگهوتو سیاسه‌ت له‌نێوماندا له‌كوێدایه‌و ده‌بێت چۆن بێت. ئه‌مه به‌سزاو پۆلیس‌و خۆپیشاندان‌و ماڵوێرانكردن ده‌رئه‌نجامی نابێت، به‌ڵكو ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌ما زانسیهكان ئه‌و دیالۆگه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه دیاربكرێت كه‌من له‌كۆتایدا سێ هێڵی گشتی پێشنیار ده‌كه‌م:
یه‌كه‌م: هۆشمه‌ندی ئاینی ده‌بێت پشت ببه‌ستێت به‌و توانا رۆحانیه پڕ به‌هایه‌ی، له‌ده‌ره‌وه‌ی دنیای ماتریاڵ له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌دوێت. به‌مه‌ش ئاین ده‌بێت به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی رۆحی هه‌ڵبژاردن نه‌ك جهبریو داسه‌پاو له‌ڕێگه‌ی یاسا‌و هێزی ده‌وڵه‌تیه‌وه. به‌ڕای من ده‌بێت ئیسلامیه‌كان زیاتر كار له‌سه‌ر چه‌مكی بهزهییو لێبورده‌یی بكه‌ن وه‌ك له‌توندوتیژی، ئاماده‌ی دیالۆگ بن له‌گه‌ڵ گروپه ئاینی‌و مه‌زهه‌بیه جیاوازه‌كانی دیكه.
دوهه‌م: ده‌بێت بڕوابهێنن به‌ده‌وڵه‌تی سروشتی‌و یاسا سروشتیه زانستیه‌كان كه ببێته بنچینه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌و هه‌وڵبده‌ن لهگهمهكردن له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌وه بپه‌ڕنه‌وه بۆ بڕواهێنان به‌دیموكراسی‌و ئه‌مه‌ش به‌ئاشكرا بڵێن.
سێهه‌م: ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی هاوڵاتیبونو ده‌وڵه‌تی یاسا‌و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گفتوگۆبكه‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌ك هابرماس ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ (مۆڕاڵی دنیایی) هاڕمۆنی بن، مه‌رج نییه هه‌مو به‌ها دونیاییه‌كان دژبن له‌گه‌ڵ به‌ها ئاینیهكانو بیر له‌ڕێگه‌ی ناوه‌ڕاست بكرێته‌وه.