پەیڤێک لەبارەی چەمکی لێبووردنەوە
ساڵی 1995 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UN بە ڕزایبوونی 185 ئەندامی ئەو رێکخراوە ، 16 نۆڤێمبەر بە رۆژی لێبووردن ( تۆلیرانس Toleranz جیهانی ) دانا. لێرەدا UN دەیویست ، بە دانانی رۆژێکی تایبەت بۆ ئەم چەمکە ، گرینگی و بایەخی ئەم چەمکە بە مرۆڤایەتی بناسێت. دووساڵ پاش ئەوەش ئەنستیتووی Akademie der Wissenschaften und Künste in Salzburg نەمساویی خەڵاتێکی دانا ، بۆ ئەو کەسانەی کەلە بواری لێبووردن کاردەکەن.
بەڵام ئاخۆ ئەم چەمکە چ گرینگییەکی هەبێت ، هەتا ئاوا جیهان هێندە بە بایەخەوە سەیری دەکەن ؟. ئاخۆ چ مانا و واتاییەکی گرینگ ، خۆی لەپەنا ئەم چەمکە دا شاردبێتەوە؟. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی باسێکی ئەم چەمکە بکەم .
چەمکی لێبووردن یەکێکە لە چەمکە گرینگ و پڕ بایەخەکانی دونیای فەلسەفە و سیاسەتی جیهان. ئەم چەمکە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی دادەنرێت. لەهەمانکاتیشدا ، بە بەردی بناغەی هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان گەلان و خودی گەلان دادەنرێت.