
به‌رپرسیارێتی له به‌غدا و پرسی كورد
دیدی سیاسی هه‌ر لایه‌كمان له‌مه‌ر برپرسیارێتی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناوه‌ندی عیراق و له روانگه‌ی قازانجه‌كانی بۆ كورد و هه‌رێمی كوردستان، له دوو ستراتیجیه‌تی سه‌ره‌كی ده‌رناچێت. یه‌كه‌میان؛ راییكردنی كاری ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك وڵات و چه‌ند پێكهێنه‌رێكی هه‌مه‌جۆری گه‌لانی عیراق ، كاركردن به عه‌قڵیه‌تێك كه به فه‌راهه‌مكردنی چه‌سپاندنی چه‌مكی هاوڵاتیبونی راسته‌قینه پشتببه‌ستێت ،ئه‌ویش له فه‌زایه‌كی ئازادی فراوان و دیموكراسیه‌كی راسته‌قینه،واتا؛ یه‌ك وڵات،ئه‌مه‌ش لامه‌ركه‌زی بێت یان فیدرالی،یه‌ك سیستمی سه‌ره‌كی به‌رێوه‌بردنی وڵات، یه‌ك سه‌روه‌ری،یه‌ك په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی، یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دارایی و په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی، كه ئه‌مه‌ش له مه‌حاڵ ده‌چێت له وه‌زع و واقعێكی وه‌ك ئه‌مرۆی عێراق و ناوچه و هه‌رێمه‌كانیدا . دوه‌میان؛ ته‌نها بیركردنه‌وه‌ی ستراتیجی دورمه‌ودای كوردی به‌شداربوی حوكمی ناوه‌ند له به‌ره‌وپێشبردنی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو بنیاتنانی پێگه زه‌ره‌وره‌كانی په‌یوه‌ست به پێویستی بونی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بو پراكتیزه‌كردنی هه‌نگاوه هه‌ره گرنگ و سه‌ره‌تاییه‌كانی سه‌رجه‌م بواره‌كان، به نیازی گه‌یشتن به ئامانجی سه‌ره‌كی و خه‌ونی كورد له سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بخرێته پێش هه‌مووبه‌رژه‌وه‌ندی و شتێكی تر . لێره‌شدا ده‌بێت بیر له چاره‌سه‌ركدنی ئه‌و بیر‌و بۆچون جیاواز و یه‌كتربر و ناكۆكیانیانه بكرێته‌وه تاوه‌كو به شێوه‌یه‌كی گونجا و ئاشتیانه و به سیاسه‌تێكی سه‌رده‌مانه،كه حه‌تمه‌ن دێنه رێی چه‌سپاندنی هه‌ر یه‌ك له‌و بۆچونانه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا، چاره‌سه‌ر بكرێت . یان هه‌ر نه‌بێت كه‌مترین شت، ده‌بێت ئه‌و سلبیاتانه و كاریگه‌ریه‌كانیان له‌سه‌ر وه‌زعی گشتی خه‌ڵك كه‌م بكرێته‌وه . كه‌وابێت له قووڵایی بیروبۆچونی یه‌كه‌مدا، هه‌موو توانایه‌ك ده‌خرێته‌گه‌ر بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وشی ده‌وڵه‌تی عیراق و،هه‌وڵ ده‌درێت هاوڵاتی بگه‌یه‌نرێته قه‌ناعه‌تێك كه خۆی به خاوه‌ن وڵات و ماڵ بزانێت، كه ئه‌مه‌ش زۆر قورسه، به‌تایبه‌تی بۆ پێكهاته‌یه‌كی وه‌ك كوردی سته‌مدیده‌ی ده‌ستی ئه‌ویتر . به‌هه‌مان شێوه له رێگه و بۆچونی یه‌كه‌مدا؛ هه‌میشه هاوڵاتی ئه‌و هه‌سته‌ی تێدایه كه كرێچی وڵاتێك بێت و نامۆبون به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت و به‌رده‌وام ئاواته‌خوازه له ئاینده‌یه‌كدا خۆی ببینێته‌وه كه گه‌یشتبێته دوامه‌نزڵگه و چاوی له بونی ده‌وڵه‌تی تایبه‌تی خۆیدایه . به‌ڵام له بۆچونی دوه‌مدا،هاوڵاتی هه‌میشه ئاماده‌باشی قوربانیدانه له پێناو رزگاربونی یه‌كجاره‌كیدا.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد، به هه‌موو لایه‌ن و ره‌وته‌كانیه‌وه، تا ئێستا له هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌و دو ستراتیجه یه‌كلایی نه‌بونه‌ته‌وه، به‌ڵكو ناكۆكیه‌كی ته‌واو له دید و بۆچونه‌كانیانه‌وه به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه به سه‌ر هه‌ردوو تێروانیندا دابه‌شبون. ئه‌مه‌ش له جێبه‌جێ كردنی رێكاره سیاسی و ئیداریه‌كانیاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه . هه‌وڵدان بۆ یه‌كخستنی ئه‌و بۆچونانه به‌م بارودۆخه هه‌مه‌چه‌شنه‌ی ئه‌مرۆمان ناكرێت، كه هه‌ریه‌كه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و مه‌جد دروستكردن و پێشبركێی خۆده‌رخستن له سه‌رخستنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به ره‌هه‌ندی نیشتمانیه‌وه به پێوانه‌ی تایبه‌تی خۆیان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز هه‌نگاو ده‌نێن، نه‌ك به پێی بۆچونێكی نیشتمانی گشتی . بۆیه پرسیاره گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌كه ئه‌وه‌یه؛ ئایا وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتی هه‌ستیار له به‌غدا له پێناو به جێگه‌یاندنی ئه‌ركی گشتی ده‌وڵه‌تی عێراقه یان به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌زنه‌خه‌ونی كورد .
به‌رده‌وامبونی جیاوازی له تێروانین زه‌ره‌ر به پرسی كورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو، ئه‌و ره‌فتار و بۆچونه جیوازانه‌ی له‌مه‌ر كاروباری سیاسی و رووداوه رۆژانه‌ییه‌كان دێنه پێش له‌ده‌رئه‌نجامی بونی ئه‌و دوو تێروانینه زۆر جیاوازه‌یه له فكر و عه‌قڵیه‌تی سیاسی كوردا . به‌ڵێ پێویسته سه‌ركردایه‌تی كورد پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی كورت مه‌ودا و حزبی و شه‌خسی ته‌سك خۆی له‌و كێشه‌یه رزگار بكات و به راشكاوی میله‌تی لێ دڵنیا بكاته‌وه، جا به‌هه‌ر لایه‌كدا بشكێته‌وه خه‌ڵك و رای گشتی رۆڵی خۆی ده‌بێت له‌و كاته‌دا،ئه‌م هه‌نگاوه ستراتیجیه زۆر گرنگه، ده‌بێت پاش دراسه‌تێكی قوڵ و توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌ی هه‌مه‌جۆری سه‌رجه‌م بواره‌كان له‌مه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره بكرێت كه په‌یوه‌سته به ئامانجی گشتی گه‌لی كورده‌وه و، به‌رپرسیارێتیه‌كی میژووییه كه‌وتۆته ئه‌ستۆی هه‌مووان .
پاش هه‌ر ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌و پرسه گرنگه، ئه‌گه‌ر متمانه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسیه سه‌ره‌كیه‌كان له ئاستی به‌رزدا بێت، ده‌توانرێت هه‌ماهه‌نگیه‌كی پته‌و له دارشتن و پیاده‌كردنی پلانه توكمه و پێویسته‌كاندا بكرێت و مانۆر و ململانێكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه عیراقیه‌كان و ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكرێن،ئه‌گینا مه‌یسه‌ر كردنی پێویستیه‌كانی هه‌نگاوی یه‌كه‌م و قۆتاغ برین له كاتی گونجاوی خۆیدا پاش دابین كردنی پاڵپشتیه‌كانیش زۆر سه‌خت ده‌بێت و كه‌موكورتی و ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه هه‌مه‌چه‌شنه نه‌خوازراوه‌كان له سه‌رجه‌م بواره‌كانی سیاسی و دیپلوماسی و ئابوری په‌یوه‌ست به‌م كاره گه‌وره‌یه زۆرتر ده‌بێت و، به‌م په‌رش و بڵاوی و ململانێ هه‌مه‌جۆره نێخۆییه‌ی كوردستان و كێربكێی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و جیاوازیه گه‌ورانه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌مه‌ر ستراتیجه گرنگه‌كانی په‌یوه‌ست به ئاینده‌ی كوردستان له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه شكست ده‌خوات . به‌ڵگه‌ی بونی ئه‌و جیاوازیانه‌ش له بۆچون و ره‌فتاری سه‌ركرده و هه‌ڵویستی لایه‌نه‌كان له‌مه‌ر پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالكی به جوانی ده‌ركه‌وت،كه له به‌راوردكردن نایه‌ت له بچوكیدا له ئاست پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و داخوازیه پیرۆزه‌كانی گه‌لی كوردستان .
عیماد عه‌لی