Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
پەیامی هاوبەش، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حزبەکان

پەیامی هاوبەش، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حزبەکان

Closed
by June 21, 2012 گشتی

 

خاڵی هاوبەش و سەرەکی لە پەیامی هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی لە کۆنگرەی سێیەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا ئامادەبوون، فەراهەمکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی و کاری پێکەوەیی و هاوبەش بوو. لێرەدا بەپێویستی دەزانم وەکو روانینی تایبەتی خۆم، لەسەر پرسی پەیوەندی حزبەکان و بەتایبەتیش پەیوەندی رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی لەگەڵ حزبەکانی تردا، هەڵوێستەیەکی کورت بکەم.
بەجیا لە نیەت و مەبەستی هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە سەبارەت بە چۆنیەتی پەیوەندی حزبەکان و دورو نزیکایەتیان لەگەڵ یەکتریدا، جێگەی خۆیەتی روحی ئەو پەیامە هاوبەشە، بکەینە مەبنای گفتوگۆیەکی بەرپرسانە و داهێنەرانە.
بێگومان ئەو پەیامە بەر لەهەموو شت هەڵگری پەیامێکی نهێنیە کە بە ئاشکرا رادەگەیەنرێت، پەیامی ئەوەی کە حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان و چەپەکان، نایەوێ پەیوەندی لەگەڵ حزبەکانی تر دروست بکەن، کاری هاوبەش رەت دەکەنەوە، دۆخی کوردستان و واقعە سیاسیەکەی درک ناکەن…تاد. ئەم پەیامە هەم هەڵەو هەم هەڵگری زۆر ئیشکالی گەورەیە.
راستی ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی، چ وەکو حزبی سیاسی، و چ وەکو بزوتنەوەیەکی  چینایەتی و کۆمەڵایەتی جیاواز، ناتوانێ و نابێ خۆی لە پەیوەندی سیاسی لەگەڵ حزبەکانی تری سەر گۆرەپانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەدوور بگرێت، لەوەش واوەتر کاری هاوبەش و پێکەوەیی لەسەر بنەمای بوونی وەڵامی هاوبەش بۆ پرسەکان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئەمە یەکێک لە پرانسیبەکانی حزبە چەپ و کۆمۆنیستییە کرێکارییەکانە، بەڵام پرسیار ئەوەیە پەیوەندی نێوان حزبەکان پێویستە لەسەر کام مەبنای سیاسی بێت و کاری پێکەوەیی و هاوبەش لەگەڵ کام لەحزبەکان و لەسەر کام پرس و دۆسیە، پێک دێت؟
ئەوە رۆشنە، دۆسیەی گەندەڵی و تاڵانی لە کوردستاندا چەندە قێزەون و بێزراوە، جۆری پەیوەندی نێوان حزبەکانیش هێندە بێزراو ناتەندروست و جێگای نەفرەتە.
پەیوەندی نێوان حزبەکانی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتیش حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی و نەریتێك کە پەیرەوی دەکەن، زۆرتر تەشریفاتی، ڕاگەیاندنی، مانشێتی، ناروونی، نهێنی لە خەڵکە، بۆ بێدەنگکردن یان خاوکردنەوەی رەخنەکانە بۆ رەخنەی شەرمنانەو شاراوەی ناو کۆبونەوەکان…تاد، هەروەها چاوپۆشی لە روانینی جیاواز، بێدەنگەکردن لەبەرامبەر کردەوەو هەڵوێستە نەشیاوەکان، دژە خەڵكیەکان، نەخستنە رووی جیاوازییەکان، شاردنەوەی راستییەکان، بەو هۆیەوە کە پەیوەندیان لەگەڵ یەکتری هەیە، تەنانەت ئەو حزبانە کەم نین کە پەیوەندییەکەیان بەندە بەبودجە و موچە لەپای بەڵێ وتن و ئامادەبوون لە کۆبونەوەکانی سەرۆک و سکرتێر و واژو دان لەو بەیاننامانەی لەکاتی پێویستدا دەخرێتە بەردەمیان.
 حزبەکانی سەر بە رەوتی کۆمۆنیستی کرێکاریی و هەر حزبێکی سیاسی جدی و بەواقعی مارکسیست، پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەر حزب و لایەنێکی سیاسی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی سیاسی و رێکخراوەیی و چاوپۆشی نەکردن لەجیاوازییەکان، نەشاردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتەکانی، نەخەواندنی رەخنە راشکاوەکانی، بێدەنگی نەکردن، راگەیاندنی حەقیقەتەکان بۆ کۆمەڵگا، بەمەبنا وەردەگرێت. پەیوەندی بوون و نزیکایەتیشیان لەگەڵ هەر حزب و رێکخراو و بزوتنەوەیەک بەمانای، قسە نەکردن، سیاسەت رانەگەیاندن، رەخنە شاردنەوە، ڕێگا چارەسەرە هەڵپەساردن، حەقیقەت نەوتن، نییە. یان کە کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنێک کرد، بۆ راگرتنی دڵی لایەکی تر کۆبونەوەی تەشریفاتی لەگەڵ لایەنی تر ناخاتە دەستورەوە. سیاسەتی هاوسەنگی راگرتن لە پەیوەندیەکانیدا، ناتوانێ پەیڕەوبکات و بەرپرسە لەبەرامبەر کۆمەڵگا و بزوتنەوەکەی خۆیدا لەهەمبەر هەر پەیوەندییەکی سیاسی و نزیکایەتی دروستکردن و کاری پێکەوەیی و هاوبەش کردندا. وە پابەندە بە پرانسیبی راگەیاندنی رۆشنی کۆبونەوەکانی و ناوەرۆکەکەی بۆ کۆمەڵگا. وە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کە هۆکاری کۆبونەوە ژێر بەژێرەکان و پشتی پەردەکان و شاراوەکانی نێوان حزبەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەوڵەتەکان، بە کۆمەڵگا رابگەیەنیت و ئەو مۆدیلە سواوە توڕبدات، کە کۆمەڵگای پر و هاوکات لیخن کردووە. ئەو دەربڕینە سواوەی کە دەڵێت” کۆبونەوەکە زۆر سەرکەوتوانە کۆتایی هات و باسی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ناوچەکەو دنیا و دواپێشهاتەکانیان کردو هەردوولا، هەموو لاکان، هاوڕابوون لەسەر پرس و مەسەلەکان…تاد، چەند جاریکێش لە میدیای بینراو نوسراو دەنگیدا، ئەم قاوانە بخرێنە روو، پێویستە توڕبدرێت و لە جێگایدا راستبێژی و حەقیقەتەکان وەکو هەن رادەستی کۆمەڵگا، بکرێن.
هەروەها رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبە مارکسیستەکان نەک دۆستایەتی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی لەگەڵ حزبە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و ئەو حزب و دەسەڵاتانە نابێت بکەن، کە کەوتۆتە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکو پێویستە لەپاڵ خەڵکی کوردستاندا بوەستن بۆ کەنارخستن و راماڵینیان لەدەسەڵاتدا.
تا ئەو جێگایەش دەگەڕیتەوە بە حزبەکانی نەیاری دەسەڵات، هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کە خوازیارە لەسەر پرسێک کە پەیوەندی بە خواستەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشەوە هەیە و دەیەوێت لەو بارەیەوە لەگەڵ رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبە مارکسیەکان کۆببێتەوە، هەڵوێست و روانینیان بزانێت یان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکات، تا رادەی ئەوەی کاری هاوبەش پێکەوەیی لەسەر ئەو پرسە بڕیار لێبدەن، ئاساییەو کەس لاری لەوە نییە.
دەیان دۆسیەی وەک پرسی ئایندەی سیاسی، ریفراندۆم، هەلوێست لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، کێشەی گەورەی ژنان و مافەکانیان، روبەرووبونەوە لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەکی، خواستەکانی لاوان و خەڵکی کوردستان، پرسی ئازادی سیاسی و بەیان و رۆژنامەگەری، پێداگری لەسەر یاسا سکیولارەکان، یاسای کاری کرێکاری، چونە پشت دەنگە ئازادیخوازەکان و نارەزایەتیە جەماوەرییەکان و دەستدانە کەمپەینی پێویست…تاد، دەیان پرسی تر دەکرێت حزبەکان لەسەر بنەمایەکی سیاسی ڕۆشن و خاڵە هاوبەشەکان و وەڵامی هاوبەش بۆ ئەو پرسانەی لە کۆمەڵگادا هەن، هەم پەیوەندیان هەبێت و هەم کاری هاوبەش بخەنە دەستورەوە.
وە لە نێوان حزبەکاندا، هەندێکیان نزیکتر یان دورتر لەیەکترن، ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە، رادەی دوور و نزیکی ئەم حزبانەش لەگەڵ یەکتری، لەسەر ئەو بنەمایەیە کە چەندە ئەو حزب و لایەنانە پشیوانی بەکردەوە لە خواستەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەکەن  و بۆی تێدەکۆشن و خۆیان بە هاوبەش و نزیک بە سیاسەت و هەڵوێست و روانینەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەزانن و خاڵی هاوبەشیان لەگەڵی هەیە.
هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کە خوازیاری پەیوەندی یان کاری هاوبەش لەگەڵ رەوتی کۆمۆنیستی کرێکاری و حزبەکانیەتی، دروست وایە، بەر لەهەموو شت ئەو راستییە بەهەند بگرن، کە حزبە سیاسیەکان، سەر بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی جیاوازن و پەیرەوی لە بەرنامە و سیاسەتێکی دیاریکراو دەکەن، خاوەنی ئاسۆ و ستراتیژی تایبەت بە خۆیانن، هەر ئەوەشە وای کردووە هەر کۆمەڵگایەک چەندین حزبی سیاسی تیایدا بوونیان هەبێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە دەشێت و پێویستە پەیوەندی لە نێوان حزبەکان و تەنانەت هاوپەیمانیەتی لە نێوان ئەو حزبانەدا هەبێت کەسەر بەیەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هاوبەشن، بەڵام ئەمە هەرگیز نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ شاردنەوەی جیاوازییەکان و روانینەکان و ڕیگا چارەو هێڵە جیاوازەکان، و لەدەستدانی سەربەخۆیی ئیرادەی سیاسی.
لە نێوان لەگەڵ یەککبوون و دژ بووندا مەودایەکی زۆر هەیە، ئەو مەودایە، زەمینەی پەیوەندی نێوان حزبەکان و کاری هاوبەشی نێوانیانە لەگەڵ یەکتری، ئەو مەودایە ژینگەکەیەتی. مامەڵە کردنی شارستانیانە بەو مەودایە زامنی پەیوەندی تەندروستی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانە، هەر کاتێک ئەم مامەڵەیە پەیرەوەی نەکرا، بەسانایی ململانیی نێوان حزبە سیاسیەکان، دەچێتە دۆخی زبری و رێز نەگرتن لە ئیرادەی سیاسی و رێکخراوەیی و سەربەخۆیی. گرژییەکان و بەیەکدادان و دەستبردن بۆ چەک و زۆر بۆ هێنان، لە پەیوەندی حزبەکان ریشەی لە پاوانکاری سیاسی و قبوڵ نەکردنی جیاوازییەکان و نەگرتنە بەری رێگای ململانێی سیاسی ئاشکراو رۆشنی مەدەنیانەدایە بۆ گرفت و کێشەکانی ناو کۆمەڵگا.
 کۆمۆنیزمی کرێکاری، سەر بە نەریت و بزوتنەوەیەکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی جیاوازە، کە روانینیشی بۆ پەیوەندی نێوان حزبەکان جیاوازە، هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کە بیەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا سازبکات، ناشێ ئەو راستییە نادیدە بگرێت. 

  ناوەڕاستی ئایاری ٢٠١٢

 

       عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.