Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
لە قاچ دابران…. شوان عوسمان

لە قاچ دابران…. شوان عوسمان

Closed
by June 21, 2012 ئەدەب

 

چ سەفەرێکی بێسەری دوابڕاو بوو ، سەرم هەڵگرت تا هێزم لە پێ دابێت بڕۆم و جەستەم بەرەڵڵا بکەم، تا رۆحم ئازاد بێت، بە ئازاد بوونی دونیاش ئازاد بم ،نەک هەر لە سەرەتای دەستپێکردنم، لە پێ بم وپێم لە پەلوپۆ بکەوێت وهەموو رێگایەکی بەرەو ئازادیشم شەلەلوپەلەل بێت…
ئەو سەفەرەم، هەموو شتێکی لە دەستنام ، تەنیا قاچەکانم نەبێت لەدەست جەستەی دەرهێنام ،رۆحم لە نینۆکی پەنجەیەک هەڵفڕا…
ئای لەو سەفەرە چ کارەساتێکە لە سەفەر بیت وبێلاق بیت ،بە بێلاقی لە موسافرێکی بێ جانتاو بێ ناسنامە ئەچم، چەند ، چەند ناهاوسەنگە هەنگاوەکانم، نابەلەد بووم بە بەڕێکردنی رێگاکان…
قاچەکانم بەدوامدا رێ ناکەن، چەند یاخین لە هەڵگرتنم ، من چەند لە هەڵگرتنی ئەوان نارازیم، چیتر ئەوان بە دوای خۆیان هەڵمناگرن..
منیش بە دوایاندا چیتر ناچارم نەچم…
لە قوڕی سەفەری عومرێکی چەقاوەسوودا، لەپڕ چەقیم، هەستانەوەش چڕینی ئاوازی بەسەرهاتێکی غەریبەو هەمیشە لە غەریبیم ئەڕوانێت…
بە دوو سەوڵ بزووانێکم هەبوو لە بەختی من ئەویش لە مەلەدا جمەی نەماو بەندی لە بنی بنەوە پسا ،هەنگاوەکانم چیتر ناڕۆن،غیرە بە کیسەڵ ئەبەم ، ئەوان لێرەوە ئەوەستێن چیتر یەک بست بەرەو پێشەوە نامبەن..
من هێشتا لە گەڕانم بۆ مەنزلێک بیرم لە هەوارگەیەک نەئەکردەوە تا بارگەمی لێ دابنێم، ئێستاش لە هەوار زیاتر بیر لە رۆیین ناکەمەوە، نە بارم وەکو خۆی ماوە نە بنە، نە بنێکم هەیە تا بارم بکات وسەرم بە دوای خۆی ببات ،بەو قاچانە لە خۆم دابڕام وخۆم لێدابڕا ،لە دەوروبەر دابڕام ودەوروبەریش لێم دابڕا…
هێشتا زوو بوو بۆ تەمەنی من لەخۆ دابڕان ،من تازە وەکو رەوەندێک لە رەوی جەستەی خۆمدا بووم ،لینگم لە گوازتنەوەی شایی سێپێیی تەمەن بوو نەک راکشانێکی ئەبەدی ، لاقەکانم نایانەوێت تا ئەبەد چاویان لە دەستی من بێت تا جەستەم تەپاوتل کەم من پەکم نەکەوتووە تا پەکم بکەوێت، من حەزم نەئەکرد بە دوا نزرگە بگەم ناچارم ئێستا دانیشم..
من لە سەفەریکدا بووم بە دوای دیتنەوەی خۆم ئەگەڕام ،نەک بە دابەزینێک خۆم لە وێستگەیەکدا بزر بکەم ،بەوەستانێک لاقەکانم داوەرین ،تا لە نیوەسەفەری کوژانەوەی خۆمدا کۆتاییم بەسەرهەڵگرتنی خۆم هێنا…
بیینایی رێ دەرکردنم نەما ،ئای چەند حەزم لە بۆنی رێگایەکە ،تا پیاسەیەکی ئێوارانە بێت ودەستم بگرێت…
خۆم بە تەنیا هاتم تا مەنفا لەت کەم وغوربەت و تەنییایی لەت کەم ،تا تەمەن لەتی نەکردووم بکەومە رێو رێگا لەت کەم…
تا لەگەل ئاوابووونی جادەکان منیش گۆرانی خۆم بە ئاوابوونی ئەوانەوە لە سەر رەسیفێک بلێمەوە، ئەوکات ئاواش بم قەیناکە ، نەک ئێستا بە بێ تەواو کردنی جادەکان، من تەواو بووم خۆرم لەو ئاسمانە غوربەتە ئاوا بوو بە بێ ئەوەی رەسیفێک هەبێت بەر لەوەی دانیشم بمگرێتە خۆی..
لە دەربەندی سەفەرێکی درێژدا گوزەرم ئەکرد ،رێگاکان پڕ بوون لە دووڕیان، من بەیەک دووڕیان رازی نەبووم ئێستاش لەو دووڕیانەی خۆمدا لە پەلوپۆی ئەوەدام توولەرێەک بێت وپێم رازی بێت تا بە نیگایەکم پیاسەیەکی پێدا بکەم ،کامە رێ بگرم وکامە رێگا ببڕم ،لە کامە پرد جەستەم ئەتوانێت بپەرێتەوە ،کەچی لەپڕ دەماودەم کەوتم ،هەموو شتێک لە لای من مرد، رێگاکان تەواو بوون ئێرە کۆتایی هاتنی پردەکانە، دەرگاکانیش گاڵ دران..
قاچەکانم پایدۆزیان کرد ، منیان بەجێهێشت ومنیش قەت ناتوانم بەجێان بێلم لەبیریان بکەم..
ئەوان لە چ ئاقاری چەقینێکی مندان ،من لە چ ئاقارێکی راوەستانی ئەوان دام..چ شەرابێک هەیە بتوانێت ،نەشوەی تامی پێکی پیاسەیەک بخاتە سەرم، بۆنی تۆزی بەربارانی رێگایەکی تەڕ هەناسەم تەڕ بکاتەوە…
چەند حەز ئەکەم لە چاوقوچانێکدا باڵێکم لێ بڕوێت، کێ ئەتوانێت بمکاتە مەلێکی بەباڵ تا هەڵفڕم، چۆن ئەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئینسانێکی گەریدە ،گەریدەیەک وڵاتەکەی لە بوخچەی سەفەرەو قاچەکانیش یەکیان ئەبێتە ڤیزەو ئەوی دیش پەساپۆرتێکە…
تا خۆم لە سەر قاچەکانم بووم ،نەپەککەوتە بوو جەستەم ،نە پیر بوو رۆحم..ئێستا وەکو بەساڵاچووێک بە داوودەرمان لە سەر عارەبانەیەک بە پلاک وبە دوگمە ئەڕۆم..
چەند پەشیمانم بەرلەوەی لە پێ بکەوم ،بیرم لە پیاسەیەکی ناو باخچەیەک نەکردەوە ،تا بە بۆنی چلێک رێحان ولکی پونگێک ،تامی مێوەیەکی تەڕو ساغ بکەم، خۆش بوو لەزەتی جەستەیەکی ساغ ئێستا بە بیر خۆم بێنمەوە…
  من جگە لە پێڵاوێکی پاژنە بلندو پانتۆڵێکی تەسکی کاوبۆ ،بیرم لە رەنگی باڵی پەپوولەو چاوەمۆرەکانی وەنەوشەو ئەرخەوانی کوریکە رۆح سوکەکانی خۆخێک نەئەکردەوە..
تا لاقەکانم منیان رائەگرت ،من هەر خۆم پێ بەرز بوو ،بیرم لە قاچەکانی قالۆچەیەک وباڵای شەنگ وشۆخی شەنگەبیەک نەئەکردەوە..
من چەند بێوەفا بووم ،لە بەرامبەر ئەو پێیانەم ،رۆژێک ئەوانم بە بۆنی کەنارێک لمی تەڕ دڵخۆش نەکردن، بە پیاسەی رۆخ دەریایەکم ئاشنا نەکردن تا سەما لەگەل وردە شەپۆڵەکانی بکەن ، تا سەرم مەست بێت بە هاژەو دەنگ وخوڕەی سەرشێتی شەپۆلەئاوێک ..
ئێستا کە قاچەکانم منیان لە رۆیین راگرت، هەموو شتێک راوەستا، لە هەڵکوڕمانی خۆمدا لاوکێکی غەریبی بە باڵای بیرەوەریە جوڵاوەکانی خۆم ئەهۆنمەوە..
هاواری من بۆ ماڵێکە ، پڕ بێت لە پەپوولە ، تابۆنی پیاسەیەکم بۆ بێنێت ،چ لە پارەو زێڕێک بکەم ئێستا یەک شەقاوی پێم پێ نابەخشن، تا تامێک لە پیاسەیەکی ئێواران بکەم…
چ هەنگاوێکم فێر ئەکەن ،تا بتوانم یەک شەقاو بەرەو پێش بهاوێم..نوێژی من بۆ مسۆگەر کردنی بەهەشت نیە ،بۆ گەڕانەوەی ئەو لەزەتەی بەهەشتی پێکانمە کە هەمیشە تام ولەزەتیان لێ ئەڕژا…
ژنێکی پڕ لە هەنگاوو ئاوس بە خەون، هەنگاوی لەبار ئەچێت، ژنێتی لە قاچەکانی ئەڕژێت ووەکو گوڵێکی لاسک وباڵشکاو بەر ئەبێتەوە، پیاوێک ئەبێتە گۆچان وناهێلێت ناوقەدی بشکێتەوە، بەو هەورازەدا سەرئەکەون ، تا بگەن بە ئاسۆیەک خۆرێکی تێدا ببینرێ..

لە شارێکی ساردو سڕی ئەو وڵاتە ساردەدا ،
کە غوربەت وەکو بەفر ئەبارێت و
 سپی ئەکات باڵاو سەرت…
تەمەنیش سپی ئەبێت و
هێورهێور سارد ئەبێتەوە…
لە تەنیایی ئەو وڵاتە تەنیا کوژەدا ،
ئەگەر بە تەنیا بیت تەنیایی رەقت ئەکاتەوە…
وەکو بەفراویش لە بەفری دایک ئەبیت و
وەکو ئاوێک ئەخوسێیتەوە…
رۆحیش وەکو چرایەکی فتیلە رەقوتەق ئەسوتێت…
لە تاو گڕی دوورەوڵاتیی ،
تاوی گڕی وڵاتت هێدی هێدی ئەتوێتەوە…
لەو شارە پڕ باران وهەمیشە بەهارانەدا…
لەو وڵاتە ساردو هەمیشە زستانانەدا ،
کە پیاوەتی بزر ئەبێت و
 نایبینیەوە…
پیاوێکی پیاو ئەبینم ،
لە بن ساقۆی پیاوەتی خۆیدا رێگایەک ئەبڕێ و
سەرما ئەبڕێ…
ماڵێکی لە کۆڵەو لە خەڕەندێک رێ ئەکات..
بوخچەیەک خەونی کەسک وسۆری لە دەستەو
خۆرێکی لە مست خۆی ناوە…
بە گژ گەواڵەهەوری گوماندا ئەچێت و
لە پشتی عارەبانەیەکدا رەو بە دەستەوەستان ئەکات..
بەدوای زاری چارەنووسێک ئەگەڕێت ،
تا رێیەک بدۆزێتەوە بۆ رێ دەرکردن ،
تا هیوایەک بدۆزێتەوە بۆ رێ پەی بردن..
تەمەن وەکو بەفرە و ئەخوسێتەوە ،
ئاوی پیاوەتی رائەمالێت..
ئەویش لە بەردەم چەند تایەکی لاستیک و
دوو جووت پێلاوی ساتمە بردوو و
یاخی لە شەقاو نانێک ،
بە جوتێک پێڵاوو مۆمی تەمەنێک ،
ئەو تاو ئەدات ،
خۆی تاو ئەدات ،
عەرەبانەیەک تاو ئەدات تا هەردووکیان تاو بدات…
تا یەکێک بباتەوە سەر رێ ،
تا یەکێک لە گاگۆلەوە بخاتە سەر پێ…
هێورهێور لەگەلیدا شۆڕ ئەبێتەوەو
تەمەنی خۆی پاڵ ئەدات تا تەمەنێکی چەقیو ،
پاڵ بدات….
 پیاوێک دێت و
لە قاچاکانی خۆی خۆش ئەبێت ،
لە پیاسەیەکی بە تەنیا خۆش ئەبێت…
پیاوێک قاچاکانی خۆی بەقاچی عارەبانەیەکی ئیفلیج ،
ئەبەخشێت..
تا قاچە سڕەکانی کەسێکی سەرعارەبانەکە ،
لە نوێ بخاتەوە سەر پێ ،
سەرلەنوێ پێیە سڕەکان بکاتەوە پێ…
ئەو لەورۆژەوە بە تەنیا نیە ،
کە لاقەکانی ئەو راوەستان ،
ئەو نەوەستا تەمەنی خۆی لەورۆژەوە دوو لەت و
دوو کەرت کرد…
لەتی تەمەنی کەسێکی دیکەی لە کۆڵەو
خۆی وعارەبانەیەک ،
لەتێکی ئەو لەتە پاڵ ئەدات…
لەو شارە ساردانەدا ،
پیاوێک ئاوی پیاوەتی لێ ئەچۆڕێتەوە…
نایەوێ ژنەکەی بە سفلە و حەرامزادەی بزانێت ،
 بە تەنیا رێ ناکات…
لێناگەڕێت وەکو ئاو بە تەنیا بێت وبە تەنیا بڕوات…
پیاو هەر بەئاوێک پیاو نیە ،
پیاوێک کە نەتوانێت لە ئاوی مەنگدا ،
کەسێک لە خنکاندا رزگار بکات ،
نە ئاو ئاوی پیاوەو نە پیاویش پیاوە..
من پیاوێک ئەبینم پڕاوپڕ لە ئاو ،
پێ لە پیاوەتی خۆی ئەنێت ،
تا ژنێتی ژنێکی نامەلەوان بخاتە سەرپێ…
مرۆڤێک لە خنکان رزگار ئەکات….
ئەی هێز خۆت راگرە ،
هێزی خۆتی لێ دوور مەگرە…
تا ئەو بتوانێت جەستەی خۆی وژنەکەی ،
لەو شارە ساردوسڕەدا ،
لەو وڵاتەی جەستە ئەتەزێنێ ،
لە شایلۆغانی رەقهەڵاتنی رۆحێکی هەڵفریودا…
ئەو پیاوە پیاوەتی خۆی تاو ئەدات و
پشتی ئەچەمێنێتەوە…
تا لە پشت عارەبانەیەکی پشت کوڕدا ،
بە پشتی کوڕی پشتێک راست کاتەوە…
ئەبێت گەرموگوڕ بێت نابێت سارد بێتەوە..
ئەو دێت وبە تەنیا نیە ،
تەنیایی لێرەدا خۆکوشتنە ،
مردنێکی زۆر لەسەرەخۆیە…
با ئەگەر کەس ناتوانێت رێ مردن بگرێت ،
با پێکەوە بمرین..
ئەو دێت وتەنیا جەستەی خۆی لە پشت نیە ،
جەستەی یەکێکی دیکەشی لە پشتە..
ئەو دێت وتەنیا خۆی لەگەل نیە ،کەسێکی دیکەشی لەگەلە…
ئەو ناتوانێت بە تەنیا بێت و
ناهێلێت نە خۆی ونە ژنەکەی بە تەنیا بن…
ئەو تەنیا نیە ،
ئەو تەنیایی خۆی لەگەل ئەودا وەکو میراتێک ،
بە ئینساف دابەش کردووە….
ئەو ئەوی لە نێوان خۆی وتەنیاییدا هەلبژاردووە..
ئەو ئەیەوێ بە گژ خوادا بچێت و
بە قەدەرێک رازی نیە ،
کە نەتوانێت پێکەوەو بەدووقۆڵی پیاسەیەک بە جادەکان بکەن….
ئەو ئەیەوێ بە گژ دوعاو سەلاواتی سەر دووگرد دابچێت..
کە دارێک لە نوێژی سێبەر ئەکاو
ئاسکێک لە بێبەری بوونی لە قاچدا لە قەڵەمبازی ئەکا…
ئەوان هێشتا تێر بە گوڕی قاچەکانیان ،
لە پیاسە تێر نەببوون…
تا زیاتر بگەڕێن…
ئەو ئەیەوێ بە گژ تەکنەلۆجیاو زانست بچێت ،
کە دارو دەرمانێک ناهێنێنە بەر ،
تا دوو پێی بێهوودە پیادە کەن و
جوتێک پێڵاوی برسی پیاسە ،
بە شێلانی جادە تێر کات..
ئەو ئەیەوێ بە تەنیا بەرێ نەکەوێ ،
بەو جادەیەش نەروات کە پیاسەیەکی تێدا ناکرێ…
ئەو ئەیەوێ خۆی وژنەکەی وەکو دووتاو عەرەبانەیەک ،
بەو هەورازەدا سەرکەون تا شۆڕ ببنەوە..
جاریکی تر ئامێزێک لە پیاسەو
 ئامێزێک لە جادەو وڵات و
ئامێزێک لە کۆڵانی شارێکی دیکەی گەرمتر بگرن..
تا رێکەوتێک بێت وگەرمیان بکاتەوە..
ئەوان شەڕ لەگەل قەدەر ئەکەن و
ئیرادەیەک بەرەو ژیانیان ئەبات..
تا بە تەمەن بلێن :
ژیان مەوەستە ئێمە بەردەوامین ،
ئێمە هیچ راوەستانێک ناناسین…

شوان عوسمان-هۆلەندە
١٢/٥/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.