ژن …. عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
بۆ ژن زۆر نووسرا
ئاگری عه‌شق زۆر هه‌ڵکرا
هیچیان هێنده‌ی پشکۆی مه‌مکی ژنێ گه‌رم نه‌بوو
* * *
هه‌رچی جه‌نگی سه‌ر زه‌وی هه‌یه
ده‌ڵێن له‌سه‌ر نیشتمانی دڵی ژنه
که‌چی هه‌موو جه‌سته‌ی ژن بگه‌رێ
مسقاڵێ توڕه‌یی تیا نیه
* * *
مانگ له فه‌رهه‌نگی زه‌ویدا
ناوێکی تری هه‌یه،
ئه‌ویش ژنه
* * *
له‌سه‌ر هه‌ر کانیه‌ك
ژن قومێ ئاوی خوارده‌وه
له‌وێ خۆت بشۆ
کارژی گوناهه‌کانت لێده‌بێته‌وه
* * *
جوانترین و گرنابهها ترین تابلۆی خودا
ئه‌ویش ژنه …..ژن
* * *
له چاوی ژنا هه‌زاران (کان)ی زێڕ هه‌یه
بۆیه به ملێون پیاو
بوونه‌ته ژێر هه‌ره‌سی نیگاوه
* * *
شه‌وانه ژن بخه سه‌ر ملت
با به‌رچینه‌یه‌ك ههستێرهت بۆ داگرێ
* * *
ئه‌گه‌ر هه‌نگ شیله‌ی له لێوی ژن ههڵنهمژیایه
هه‌نگوین، تاڵترین نیعمه‌تی ئه‌م دنیا ده‌بوو
* * *
له‌هه‌موو کهوکهبهکانی ئاسماندا
چونکه ژن نیه،
ژیانیش نیه
* * *
که دڵی ژنیک شکا، ده‌ریایه‌ك ووشك ده‌بێ
له دڵی ژنا،هه‌زاران جوانیی خوێناوی ده‌بن و
له دڵی ده‌ریاشدا
هه‌زاران ماسی ده‌مرن
* * *
ڕووباری سیروان ژنێکی ده‌ربه‌نی ماره کرد
هه‌موو شه‌وێ
شه‌پۆل مۆسیقایان بۆ لێ ده‌دات و
به شڵپه‌ی ماچ ده‌چنه خه‌و
* * *
کراسی باران له‌به‌ری ژنا
جوانتره له پاڵتۆی به‌فر
به‌سه‌ر شانی شاخه‌وه
* * *
باران شه‌رم ده‌کا له هاویندا ببارێ
چونکه ژن گیانی به ده‌ره‌وه‌یه
* * *
گه‌ڵایه‌ك له ترسی پاییز
له دارێکی سه‌د نهۆمه‌وه خۆی فڕێدایه خوار
که‌وته باوه‌شی ژنێك
ئه‌وه قه‌رنێکه هه‌ر سه‌وزه
* * *
هه‌موو په‌لکه زێڕنهیهك ژنه،
ناوبژی باران و خۆر ده‌کات
* * *
ئه‌جری ژن هێنده‌ی گۆی زه‌وی قورسه
بۆیه به که‌س هه‌ڵناگیرێ
* * *
هه‌موو به‌یانیه‌ك په‌نجه‌ره بکه‌نه‌وه
با بۆنی ژن ماڵ هه‌ڵگرێ و
بیباته که‌ناری ئاوه‌دانی
* * *
له هه‌موو ئاوێنه‌یه‌کدا، ژن به ڕه‌ش وسپی دیاره
که‌چی له چاوی ژنا
هه‌موو دنیا ڕه‌نگاو ڕه‌نگه
* * *
هه‌رکه‌س حه‌زن ده‌کا به‌هه‌شت ببینێ
با له ده‌شتی پێکه‌نینی ژنا
خۆشه‌ویستی بچێنێ
* * *
دڵی ژن ئارامترین نیشتمانه
تیبینی/ ئه‌م ده‌قه له گۆڤاری هه‌ناری ژماره 77 بڵاوبۆته‌وه.
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
ئه‌ڵمانیا..زستانی 2012