شكانی لقی دره‌خت وه‌ك شكانی قاچی مرۆڤ بهئازارە
سوهراب شیعرێكه ناسكتر له باڵی په‌پوله
نووسه‌ری سه‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌راستی هه‌وڵ ده‌دات گیانداران رزگاربكات. مرۆڤ گه‌ر له‌ژیاندا تووشی ده‌رده‌سه‌ری و عه‌زاب بێت لهناوكاغهزدا رزگار ناكرێت. گرنگ ئه‌وه‌یه له ژیانی راسته‌قینه‌دا فریادره‌سی مرۆڤ بین نه‌ك له‌نووسیندا. یاخود هه‌ر نه‌بێت ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین و ئه‌وه‌ی لهدڵماندایه چوون یه‌ك بێت. نه‌ك له‌نووسیندا فریادره‌س بین و له واقیعدا رۆح كوژبین. سوهرابی سپهری یه‌كێكه له‌و شاعیرهگهورانهی كه هه‌م به‌ژیان و هه‌م به‌نووسین عاشقی راسته‌قینه‌و جوانی و حه‌قیقه‌ت و عیرفان بووه. ئێمه لێره‌دا ته‌فسیری شیعری سوهراب ناكاین. به‌ڵكو له‌باره‌ی مرۆڤ دۆستی رۆح دۆستی سوهرابه‌وه ده‌دوێن، ئه‌و شاعیره‌ی كه عه‌شقی جوانی و ناسكی و ئارامی بووه. سوهراب موسافێرێك بووه به‌دونیای عیرفان و جوانی و حه‌قیقه‌تدا. له‌شیعره‌كانیدا گرنگی به ره‌نگ و سروشتداوه. ناسككانه ده‌ینووسی، به‌جۆرێك كه ئازاری باڵی په‌پۆله و دڵی ئینسانی وه‌ك یه‌ك بینیوه. زمانی سوهراب زمانی سروشت و فیكر و عیرفانه. عارفێكی گه‌وره‌یه و ئاینی ئه‌و مرۆڤدۆستی رۆحدۆستییه. گه‌شته‌كانی بۆ هند و چین و ژاپۆن و ئه‌مریكا پڕاوپڕبوون له مه‌عریفه و زانست و ورده‌ورده فێر بووه و ئه‌وه‌ی فێر بوو ئه‌وه‌بووه كه مرۆڤ نابێ توند وتیژ بێت و نووسین لای ئه‌و هه‌ڵه‌شه‌یی و كهف و كوڵ نه‌بووه و توڕه‌بوون و جوێن دان نه‌بووه. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و بۆ توڕه‌بوون و تاوانیش زمانێكی هێمنی هه‌بووه به‌ئارامی جوانی به‌خشیوه و جوێنه‌كانی لهلێوهكان كۆكردوه‌ته‌وه. و مردن و ژیانی تێكه‌ڵ كردووه و له مردن‌دا ژیانی دۆزیوه‌ته‌وه. مردنی كردووه به‌خاڵی ده‌ست پێ كردنه‌وه. ئه‌م شاعیره سوفییه‌كی مه‌زن بووه و بۆ باخی عیرفان گه‌شتی كردووه. كاتێ شیعره‌كانی و سه‌رهاتی ژیانی ده‌خوێنینه‌وه دووروویی و دوو فاقی به‌دی ناكه‌ین چونكه ئه‌م مرۆڤه درۆی له‌گه‌ڵ خۆی نه‌كردووه و شیعر و ژیانی تێكه‌ڵ كردووه له پێناوی جوانی و ئارامیدا ژیاوه. له‌ژێر تیشكی چه‌ند رسته‌یه‌ك له‌شیعره‌كانیدا مرۆڤ دۆستی و جوانی ناسی شاعیر ده‌بینین. شاعیر له شیعری ئاو دا ده‌ڵێ
با ئاوه‌كه لیخن نه‌كه‌ین
پێده‌چێت ئه‌م ئاوه زوڵاڵه، بچێته‌وه قه‌د سپی دارێ
تا خه‌می دڵێك بڕه‌وێته‌وه
ئه‌شێ ده‌ستی ده‌روێشێ نانێكی وشكی پێ ته‌ڕكا.
ئه‌مه ئه‌و په‌ڕی جوانی و ناسكی مرۆڤێكه كه به‌جۆرێك عاشقی ژیان و مرۆڤه بیرله كێشه بچووكه‌كان ده‌كاته‌وه و پێی وایه ئه‌گه‌ر گوناهی بچووك نه‌كرێت گوناهی گه‌وره‌ش روونادات. ئه‌وه ئه‌و په‌ڕی مرۆڤ دۆستییه. سوهراب پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بتوانی رووبارێك لیخن بكه‌یت ئه‌وه ده‌توانی دونیا وێران بكه‌یت، ئه‌گه‌ر لقی دره‌ختێك بشكێنیته‌وه ده‌توانی رۆحی مرۆڤێكیش بكوژی. كێ وابیرده‌كاته‌وه!؟ ئه‌وه ئه‌و په‌ڕی عه‌شقه، ئه‌وپه‌ڕی عیرفانه كه تۆی مرۆڤ د‌رك بكه‌یت ئاو رۆحی هه‌یه و دره‌خت رووحی هه‌یه. كاتێ مرۆڤ رێگا به‌خۆی ده‌دات ئاژه‌ڵ بكات به‌قوربانی گه‌ده‌ی خۆی ئیتر رێگا به‌خۆی ده‌دات مرۆڤیش بخوات. كاتێ بتوانی پێ به جه‌سته‌ی مێروولهیهكهدات بنێی و بیرله ژیانی نه‌كه‌یته‌وه به‌رئه‌نجام ئه‌گه‌ر بۆت بلوێ ده‌بیت بههیتلهر.
سوهراب شاعیری رۆشنایی و جوانی و عیرفان به‌باشی له‌بوون حاڵی بووبوو، بوونی هه‌مووشتێكی به‌قه‌ده‌ر بوونی خۆی به‌لاوه گرنگ بووه. ئه‌وه‌تا له‌شیعری رۆشنایی، من، گوڵ ، ئاو دا ده‌ڵێت
ئه‌زانم گیایه‌ك هه‌ڵكه‌نم ئه‌مرم
من پڕم له‌نوور و لم
پڕم له‌دارو دره‌خت
سوهراب ژیانی خۆی و گیایه‌ك به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات و ناتوانێ چڵه گیایه‌ك هه‌ڵكێشێ چونكه ره‌گه‌كه‌ی ئه‌وه‌تا له‌ناو رۆحی خۆیدا، هه‌ست به‌بوون و گرنگی و ژیانی گیایه‌ك ده‌كات. كێشه‌ی بوون ئه‌وه‌یه كه مرۆڤی وه‌كو سوهراب كه‌مه رۆحه شه‌ڕانگێز و كاولكهرهكان زۆرترن له رۆحه ناسك و جوانه‌كان. سوهراب وا بیرده‌كاته‌وه كه هه‌موو شتێك ژیانی خۆی هه‌یه و تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه. كێ چووزانێ دره‌خت كاتێ لقێكی ده‌شكێنیته‌وه هێنده‌ی شكانی قاچی مرۆڤ ئازاری نییه. ئه‌وه‌ی قاچی سه‌گێك ده‌شكێنێ بیرده‌كاته‌وه له‌قاچی خۆی!؟ ئه‌وه ته‌نها بیركردنه‌وه‌ی سۆفییه راسته‌قینه‌كان و عارفهگهورهكانی وه‌ك سوهرابن كه بیر له وجودی هه‌موو شتێك ده‌كه‌نه‌وه. له‌شیعری په‌یامێك به‌ڕێوه سوهراب ده‌ڵێ
چی جوێن هه‌یه، له لێوه‌كان ئه‌چنمه‌وه
شاعیر ده‌یه‌وێت زمان ته‌نها بۆ جوانی و عه‌شق بێت. لێوه‌كان پڕ ده‌كات له زه‌رده‌خه‌نه و جوانی و عه‌شق و وشه‌ی شیرین و جوێنه‌كان و قسه ناشیرینه‌كان له رۆح ده‌رده‌كات و له سه‌ر لێوه‌كان ده‌یچنێته‌وه، ئه‌و ده‌یه‌وێت له به‌ردیش حاڵی بێت چونكه پێی وایه به‌رد پڕه له‌جوانی. به‌رد بۆ شه‌ڕنییه و بۆ ئه‌وه نییه ئازاری مرۆڤی پێبدرێت. كێ وه‌ك سوهراب له به‌رد حاڵی بووه!
له‌شیعری غوربه‌ت دا ده‌ڵێت
مانگ لهدهفری خه‌یاره‌كه‌ی سه‌رده‌می گۆزهئاوهكهدا ئه‌دره‌وشێته‌وه
بۆقه‌كان ئه‌قیڕێنن.
شاعیر له‌دێڕی یه‌كه‌مدا نیگار ده‌كێشێ، نیگاری سروشت سروشتی مانگ له ده‌فری میوه‌دا و له‌دێڕی دووه‌مدا مۆسیقا ده‌بیستین ئه‌ویش قیره و ده‌نگی بۆقه، كه به‌لای زۆركهسهوه بۆق وه‌ك سه‌گ پیسه و شاعیر باسی مۆسیقای بۆق ده‌كات. له شیعره به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ده‌نگی پێی ئاو شاعیر ده‌ڵێت
كه‌عبه‌ی من له قه‌راغ ئاوه
حه‌جه‌ر ئه‌سوه‌دی من رۆشنایی باخچه‌یه
باخه‌كه‌مان لای سێبه‌ری داناییهوهبوو
بیر و فیكر و ئاینی سوهراب كه له‌شیعره‌كانیدا ده‌بینرێ و دركی پێ ده‌كرێت بیر و فیكری سروشته ئاین و بیروباوه‌ڕی ئه‌و سروشته. پیس كردنی سروشت گوناهی گه‌وره‌یه و كوفری گه‌وره‌یه. سروشت بۆ ئه‌و باخی عیرفان و مه‌عریفه‌یه. هه‌ر له‌و شیعره‌دا ده‌ڵێت
قیتارێكم دی سیاسه‌تی ئه‌برد و چه‌ند به‌تاڵ ئهرۆیی
كوشتنی داربییهك به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت
من نه‌مدیوه دووسنهوبهر دووژمنی یه‌ك بن
شاعیر ده‌یه‌وێت بڵێت سیاسه‌ت دنیایه‌كی ناشیرینه و خاڵییه له‌جوانی ، سیاسه‌ت ئیش له‌سه‌ر ناشیرین كردنی جوانییه‌كان ده‌كات و دونیای جه‌نجاڵی و درۆ و شه‌ڕ و كێبڕكێیه، جوانی ئه‌وه‌تا له‌سروشت و له عیرفاندایه. ئه‌و ده‌یه‌وێت بڵێ دره‌خته‌كان شهڕناكهن و دووژمنی یه‌ك نین به‌ڵام مرۆڤه‌كان شه‌ڕده‌كه‌ن و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و دژی یه‌كن و یه‌كتری ئازار ده‌ده‌ن. هه‌ر له‌شیعری ده‌نگی پێی ئاوادا ده‌ڵێت
بۆچی ئه‌ڵێن ئه‌سپ ئاژه‌ڵێكی نه‌جیبه كۆتر جوانه
بۆكه‌س له‌قه‌فه‌سدا داڵ راناگرێ
گوڵی وینجه چی له‌گوڵاڵه سووره كه‌متره
شاعیردڵێكی ناسكی هه‌یه و جیاوازی له‌نێوان رووه‌ك و ئاژه‌ڵه‌كانیشدا ناكات. ده‌یه‌وێت هه‌موو رووه‌ك و گوڵه‌كان وه‌ك یه‌ك سه‌یربكات. جوانی ده‌دات به‌هه‌موو رووه‌كێك، له‌نه‌زه‌ری ئه‌ودا هه‌موو ئاژه‌ڵێك جوانه. سوهراب یه‌كسانی خوازه و د‌رك به‌جوانی هه‌موو ئاژه‌ڵێك ده‌كات و رووه‌ك و گوڵه‌كانیش هه‌موو جوانن و بهدڕكیشهوه. ئه‌مه ته‌سه‌وفی راسته‌قینه‌یه و عه‌شقی راسته‌قینه‌یه. ئه‌مه راستگۆیییه. شاعیر له‌سه‌ر كاغه‌ز و له‌سه‌ر زه‌وی یهكبیركرنهوهی هه‌یه. ئه‌وه‌ی لهسهركاغهز بۆ ئێمه‌ی نووسیوه و به‌جێی هێشتووه هه‌ر ئه‌وه‌شی كردووهبهفهلسهفهی ژیان. كه‌وایه ده‌توانین بڵێین سوهرابیش وه‌ك عاریفهگهورهكان به‌ئاگایی گیشتووه.
مهحمودنهجمهدین