
له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن قورستره !
قسه‌مان له‌سه‌ر كوردستانه، له بارودۆخێكی ناله‌باری وه‌ك ئه‌مرۆی ژیانی خه‌ڵك له زۆر بورادا ،ته‌نانه‌ت وای لێهاتووه بیركردنه‌وه له چۆنێتی كار‌و هه‌ڵوێستی راستودروست بێ ده‌ردانی لاوه‌كی مێشك هیلاك بكات و، ده‌رئه‌نجامی باشمان ده‌ست نه‌كه‌وێت . بونی واقعێك له نارونی سیستمی سیاسی و ناجێگیری له تیڕوانین و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسه نێوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان و، نا شه‌فافیه‌ت له به‌رێوه‌بردنی كاروباری گشتی هه‌رێم و به كار راییكردن له‌سه‌ر ئهرزیهتێكی نیمچه دیموكراسی و له ئاستێكی هۆشیاری گشتی نادیار و له فه‌زایه‌كی شڵه‌ژاوی باری ئابوری و رۆشنبیریه‌كی ئاست نزم و،له قۆناغێكی هه‌ستیاردا كه میزاج و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی هه‌مه‌چه‌شن باڵی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هه‌ڵوێست و كاروباره سیاسیه‌كاندا كێشابێت، ئا له‌م واقیعه‌دا، ئۆپۆزسیۆنێكی تازه‌پێگه‌یشتوو چ رێگه‌یه‌ك بگرێته به‌ر كه ته‌نها و به‌دیاریكراوی له سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان و له‌چوارچێوه‌یه‌كدا ئه‌رك و كاروباره‌كانی راییبكات، كه كتومت و بێ هه‌ڵه و كه‌موكوری له قازانجی گشتی خه‌ڵكدا بكه‌وێته‌وه، ئه‌م ئامانجه‌ش له كات و سات و زروفێكدا بێت هیچ ده‌رفه‌تێك له‌به‌رده‌مدا نه‌بێت جگه له پاراستنی زۆرێك له‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی كه به زیندویی دهتهێَڵنهوه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان به‌سه‌ر ره‌وتی ژیانی سیاسی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا فه‌رز ده‌كه‌ن .
ئه‌وه‌ی له ئۆپۆزسیۆن داواده‌كرێت كه له سیاسه‌ت و مامه‌ڵه كردن و ههڵویستهكانیدا په‌یره‌وی بكات و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خه‌ڵك فه‌رزی ده‌كات زۆر قورس‌تر و وردتره له‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات به‌رێوه‌ده‌بات به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت؛ ده‌بێت هه‌ڵوێسته جۆراوجۆره‌كانی ئۆپۆزسیۆن نه‌چنه گیرفانی شۆفینیه توندره‌وه‌كانی ناوه‌ندی عیراق و ده‌وروبه‌ریشه‌وه، ده‌بێت باری ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم له‌به‌رچاو بگیرێت، ده‌بێت له هاوكێشه ناوچه‌ییه‌كاندا خۆی له خزان و هه‌ڵوێستی نادروست بپارێزێت، ده‌بێت له ژێر فشاره هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و وروژاندنی مادی و ململانێكانیدا خۆراگر بێت، ده‌بێت له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیشی بپارێزێت له پێناو گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، ده‌بێت داواكاری و فشاری بنكه جهماوهرهیهكهی فه‌رامۆش نه‌كات و چاودێری ئه‌وه‌ش بكات لایه‌نه ركابه‌ره‌كانی ئیستغلالی نه‌كه‌ن،ده‌بێت زه‌روره‌تی پێداویستیه داراییه‌كان بۆ راییكردنی كاروباری سیاسی و رێكخستنی نێوخۆی خۆی هه‌میشه له‌به‌رچاو بێت، ده‌بێت بیر له پاراستنی متمانه و په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی خۆی بكاته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، ده‌بێت له ئاستێكدا بێت كه بێزاری و بێهوده‌یی باڵ به‌سه‌ر ههواداریندا نه‌كێشێت، ده‌بێت هه‌میشه راگه‌یاندنێكی كارا‌و پرۆفیشناڵ و كاریگه‌ری به‌رده‌وامی له ئاست داواكاریه‌كانی خه‌ڵكدا هه‌بێت و به‌رنامه و راو بۆچون ره‌فتار و شێوه‌ی ده‌ربرینه‌كان و قسه وباس و بابه‌ته گرنگه‌كان و چۆنێتی ده‌رخستنیان به پێی زه‌روره‌تی رۆژ ده‌ربخات و قسه‌و باس و ده‌ربرینه‌كان نهسوابن.
ئا ئه‌مه‌یه ئه‌ركی سه‌ختی ئۆپۆزسیۆن كه له‌م قۆناغه‌دا له ژێر فشار و قورسایی ئه‌و هه‌موو دهبێتهدا ده‌بێت و، ده‌بێت ئه‌رك و كاره‌كانی به شێوه‌یه‌كی مۆدێرن جێبه‌جێ بكات . به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی به چواخشاندنێك به ره‌فتارو گوفتاری ئۆپۆزسیۆنی كوردستاندا له‌م ماوه كورته‌ی ته‌مه‌نیدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، بێ كهمو كورتی نه‌بووه و له زۆر هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌یدا جێگه‌ی پرسیار بووه . له‌به‌رامبه‌دا، ده‌سه‌ڵات به‌و هه‌موو فهراههمبونهی پێداویستیه مادی و مهعنهویهكانیهوه، بێ گێرمه‌وكێشه و به ئازادیه‌كی ره‌هاوه كاری خۆی و هاوڵاتیان مه‌یسه‌ر ده‌كات و له كه‌مترین شت‌دا ده‌بێت خزمه‌تگوزاریه‌كانیان دابین بكات ئه‌گه‌ر بیریش له دوا رۆژیان نه‌كاته‌وه. ئه‌مرۆ وای ده‌بینین سه‌ره‌رای ئاسایی و ئاسانی كرده‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات، له‌مه‌ر زۆرێك له پرسه گرنگ و ته‌نانه‌ت چاره‌نوسسازه‌كان هه‌ڵه‌ی گه‌وره و زه‌به‌لاحیش ده‌كات و، له هه‌ڵویسته جۆراوجۆره‌كانی بێ توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی راست و دروست به پشت به‌ستن به میزاجی شه‌خسی و ته‌نانه‌ت پاڵپێوه‌نه‌ری حزبی ته‌سك، بریار ده‌دات. ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌كرێت په‌رش و بڵاوی و نا یه‌كگرتویی یه له هه‌ڵویستی لایه‌نه به‌شداربوه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ره چاره‌نوسسازانه‌دا كه دوورایی و ره‌هه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه . جا ئه‌گه‌ر رۆژێك بێت و ببن به ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌جوڵێنه‌وه ؟