Skip to Content

Thursday, May 26th, 2022

کفرە ئاڵتونیەکان …. کازم بیتوێنی

Closed
by July 8, 2012 ئەدەب

 

 

 

نم نم لەنجەی نارنجیت و

تاو تاو پێکەنینی ئاویت

ڕۆح بە بەر نیگا مردوەکانی مندا دەکەنەوە

 

لەنجەی تۆ تاڤگەیەکە لە سەما

لە داوێنییا گوڵەکەفی مەیلەوسپی  تیا دەپشکوێن

پێکەنینی تۆ کاغەزێکە لە بەیبوونە

ڕەشنوسی ئەم عیشقە خوداییەی تیا دەنوسمەوە

 

تۆ ڕوناکترین ئەستێرەی

من ئاسمانێکم بە تۆوە ئاوام

تۆ سەرابیترین تریفەی

من بیابانێکم بە تۆوە تک تک تەڕێتیم لێ دەتکێ

 

با نەهێڵین خۆشەویستی لێمان جیابێتەوە

با خۆشاوی خەونە خورماییەکانمان بنۆشین

تۆ مەهێڵە مرواریەکانی مروەتت لێ وون بن و

من ناهێڵم نوێژە شووشەییەکانی عەشقم بشکێن

 بەدەم پیاسەیەکی فێنک

بەناو گوڵە نازنازەی نوستوودا

با لە خوا بپاڕێینەوە

تا لەناو دەستەکانماندا گوڵ بپشکوێت

تا بۆن بە باخچە بفرۆشین

 

تۆ مەهێڵە

 ترپەی پێت لە ترپەی پێ ی بەرد بەرزتر بێت

کە دێی بۆ لام  !

تۆ مەهێڵە

 نە زمانی ئاگر فێر ببی و نە خەیاڵی ” با ”

کە بیرت لە من کردەوە !

تۆ بە زمانی باران بدوێ و

نەم نەم بە میهرەبانیت تەڕمکە

 

لە نێوان من و تۆ و پەنجە نەرمەکانی ئاودا

لە نێوان من و تۆ و باخچە و خەوتنی ڕەنگ لەژێر پێستی گوڵەکاندا

لەنێوان من و تۆ و ئێوارەدا

ڕەونەقی میهرێکی هەناری بۆنی دێت

 

تەنکتر لە فڕینێکی خۆڵەمێشی بفڕە

ناسکتر لە نامۆبونێکی پەمەیی نامۆبە

ساتێک بۆ گەڕانەوە ژێر ساباتی سپێتیمان دانێ

تا سپیترین سوژدە بەرین

 

تۆ لە خەونی باخدا شاگوڵی و

من لە خەیاڵی ئاسماندا هەڵوەدایەکی شەونشینم

بێهودە لە ژماردنی ئەستێرەکان نابمەوە

 

با دەستی سەفەر بگرین و 

تا قوڵاییەکانی یەکتر ڕانەوەستین

فێنکایی  ڕۆحی یەکتری  وەزن کەین

بۆ هەمیشە

لە لێواری یەکتریدا دوو بە دوو بمێنینەوە

دوو بە دوو

لەسەر فەرشێک لە شەونم

لەناو ڕەزێک لە ماچ

لە ژێر کەپرێک لە مەستی

دوو بە دوو سەما بکەین

دوو بە دوو گۆرانی بڵێین

دوو بە دوو

 دەفتەری ڕازە شەهلاییەکانمان پەڕ پەڕ هەڵدەینەوە

دێڕ بە دێڕ

یاداشتە حەرامەکانمان بۆ یەکتر بخوێنینەوە

 

کۆتایی ئەیلولی ٢٠٠٠

چوارقوڕنە

 

 

Previous
Next