Skip to Content

Wednesday, July 24th, 2024
له‌چاوه‌ڕوانی ژنێكدا … دڵشاد عه‌بدوڵڵا

له‌چاوه‌ڕوانی ژنێكدا … دڵشاد عه‌بدوڵڵا

Closed

 

 

 

 

له‌شی تۆ كیشوه‌ری باكوور بوو

ئه‌ستێره‌ی به‌سته‌ڵه‌ك ده‌بریسكایه‌وه‌ له‌گۆی مه‌مكتدا

باڵنده‌ی به‌فر هه‌ڵده‌فڕین له‌په‌رچه‌م ولاجانگتدا

له‌شه‌خته‌به‌ندی سینه‌دا خلیسكانێمان ده‌كرد

ده‌ستم ده‌ته‌زی به‌كه‌زی چلووره‌وه‌

لێوم ده‌یبه‌ست له‌زنه‌ی لامل و گوێچكه‌دا

چرۆی هه‌موو لقه‌كانم ده‌پشكووت له‌ناو زوقمی باوه‌شی ڕووت

كانی فرمێسكم ده‌ته‌قی له‌بن سه‌هۆڵی گه‌ردن وڕووت

گۆمی مانگه‌شه‌وبوو خه‌رمانه‌ی ده‌وری ناوكت 

ڕانم شین هه‌ڵده‌گه‌ڕا ده‌ماری، له‌ناو زریانی نه‌شئه‌دا

ئه‌وكاته‌ی به‌گردی به‌قا هه‌ڵده‌گه‌ڕا

به‌و جله‌فه‌رووانه‌ خۆمان داده‌پۆشی

كه‌له‌پێستی له‌ززه‌ت گورابوون

ده‌تووت منداڵی تازه‌ خوڵقاوین.

ئێستا دانی پێدا ده‌نێم، كوانووی ئه‌و جێیه‌ ساردانه‌

      كڵپه‌یان به‌تینتربوو.

له‌شی تۆ به‌فری نوستووبوو

په‌نجه‌ی من خوێنی له‌بندا ده‌چۆڕاند

به‌وشێوه‌یه‌ ژیانمان هه‌ڵده‌دا له‌ده‌فری بلووریندا

باده‌ی سپیمان هه‌ڵده‌دا نه‌خبی له‌شی به‌فرین.

هه‌تا به‌فریش بارستایی زۆرتر بوایه‌

زیاتر ده‌نووساین به‌یه‌كتره‌وه‌.

له‌ناكاو له‌یه‌كتر جودا بووینه‌وه‌

بێ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌ك له‌ئارادابێ

وه‌كو ئه‌وه‌ی سیحرمان لێكرابێ

له‌یه‌كتر دووركه‌وتینه‌وه‌.

باڵنده‌ی باكوور چوویه‌ كوێ؟

كیشوه‌ری سپی چیت لێهات؟

كوا ماچی جه‌مسه‌ریی؟كوا شه‌وی جه‌مسه‌ریی؟

كواعیشقی جه‌مسه‌ریی؟

وه‌رزه‌كان هاتن گه‌ڵایان هه‌ڵڕشت

كۆشم پڕبوو له‌بێ تۆیی

ته‌ڕاتی ناوقه‌دیان گوشیم خه‌زانی بێ تۆیی.

مێژووی من وتۆ به‌دۆزینه‌وه‌ی له‌ش ده‌ستی پێكرد

له‌كوێ كۆتایی هات؟

بێ تۆ كیشوه‌ری ئه‌فریقیام ئه‌مێستا

له‌گه‌رمای خۆمدا سووتاوم

باڵنده‌ی ئاگرم له‌كوێی؟ قه‌قنه‌سی شه‌یدایم له‌كوێی؟

ئه‌وله‌شه‌ی په‌رستگامان بوو

عیباده‌تمان ده‌كرد تێیدا

یاریمان ده‌كرد تێیدا

ده‌مردین وزیندووده‌بووینه‌وه‌ تێیدا

روحی تێكده‌رانه‌ ئه‌ویشی تێكدا

له‌ش گوناحی چی بوو له‌ش؟

له‌شی من وتۆ.

بۆ قه‌درمان نه‌زانی؟ساده‌و بێ گرێوگۆڵ بوو

به‌شه‌ریش له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ حه‌زی له‌ئاڵۆزییه‌

به‌ڵام له‌ش چۆن ده‌توانێ ئاڵۆز بێ؟

چاو ئاڵۆزیش بێ فرمێسك ساده‌ی ده‌كاته‌وه‌

لێو ئاڵۆزیش بێ زه‌رده‌خه‌نه‌ شیرینی ده‌كا

سینگ ومه‌مك چی بكا چی ئاڵۆزی ده‌كا؟

هه‌روه‌ها…

هه‌روه‌ها…

دڵ ده‌توانێ ئاڵۆز بێ،

به‌ڵام دڵی من وتۆ پڕخۆشه‌ویستی بوو، ئاڵۆز نه‌ده‌بوو به‌هیچ!

وه‌كو بۆن بگه‌رێوه‌ بۆ په‌لك

وه‌كو ڕووناكی بۆدیده‌، یان هه‌ناسه‌ بۆ سییه‌كان وشینایی بۆ ئاسمان

روح له‌به‌رزایی ونشێوان هێنده‌ گه‌ڕاوه‌ به‌دواتدا به‌قه‌ت داوێك باریك بۆته‌وه‌

بیئاڵێنه‌ له‌په‌نجه‌تدا

به‌قه‌ت باڵی په‌پووله‌ ته‌نك بۆته‌وه‌ بیده‌ به‌خۆتدا

هێنده‌ی كوتیوه‌ چه‌كووشی ئازار

هێنده‌ی هه‌ڵكۆڵیوه‌ دووری

پڕبووه‌ له‌نه‌خش ونیگار

هه‌ڵیواسه‌ به‌گه‌ردنته‌وه‌

ئه‌مجاره‌یان مه‌حاڵه‌ لێت جوێ بێته‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.