ره‌خنه‌گری بێ میتۆد … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان به نموونه
یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره و خراپه‌كانی ره‌خنه‌گری كورد به‌تایبه‌تی له بواری شانۆدا ، پشت نه‌به‌ستنه به میتۆد و بنه‌ماكانی ره‌خنه، ره‌خنه‌گری كورد به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كی عه‌فه‌وی پێی وایه و وای بۆ ده‌چێت و وای تێده‌گات، به‌بێ ئه‌وه‌ی له بۆچوونه‌كانیدا پشت به میتۆد وچه‌مكێكی زانستی ببه‌ستێت.
حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان له لاپه‌ڕه (14)ی ژماره یه‌كی هزر وهونه‌ری پاشكۆی رۆژنامه‌ی خه‌باتدا، وتارێكی به‌ناوی (زریانی شانۆگه‌رییه‌ك و بروسكه ره‌خنه‌یه‌ك) نووسیوه، كه تێیدا به‌بێ بنه‌ما زانستییه‌كانی ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كادیمی، خوێندنه‌وه‌یه‌كی عه‌فه‌وی بۆ نمایشی زریان ده‌كات.
ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ “د.فازڵ جاف له شانۆیی زریان‌دا كۆمه‌ڵێ قوتابی به‌شی شانۆی ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كانی هێنا سه‌ر شانۆ، بێ گومان ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بۆ د. فازڵ جۆرێك بوو له سه‌ركێشی كه ره‌نگه گرێنتی به‌دیهێنانی خواسته‌كانی ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابیانه‌دا سه‌قامگیر نه‌بووه و له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری رووخانی هاوسه‌نگییه‌كه له ئارادابوو، چونكه ئه‌زموونی ئه‌وان له‌گه‌ڵ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی بینه‌ر وه‌ك ئه‌زموونی راهێنانی دوور له بینه‌ر نییه”. ئه‌مه داوه‌ریكردنێكی زۆر هه‌ڵه و نا دادپه‌روه‌رانه‌یه له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی به‌شی شانۆی ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كان، ئه‌م داوه‌ریكردنه له كاتێكدایه كه نووسه‌ر ئاگای له كار و پرۆژه جدییه‌كانی ئه‌و قوتابیانه نیه له‌رابردوودا، ئێمه له كۆی 18 قوتابی پۆله‌كه‌مان 15مان ده‌رچووی پیه‌مانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانین و له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یمانگا چه‌ندین كاری جدیمان كردووه، كه‌واته ئه‌و ئیحتیمال و ئه‌گه‌رانه ته‌نها بیركردنه‌وه‌كی بۆشه و هیچی تر، چونكه ئێمه ئه‌زموونی روو به‌روو بوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بینه‌ردا هه‌بووه، ته‌نها گومانێك كه ئه‌و هه‌یبووه ئه‌وه‌یه كه، ئێمه قوتابین، بێ ئاگا له رابردوومان، یه‌كه‌م هه‌ڵه كه نووسه‌ر تێیكه‌وتووه داوه‌ریكردنێكی نا عادیلانه‌یه و نه‌فی كردنی هه‌وڵ و ماندووبوونی قوتابیانی ئه‌و به‌شه‌یه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای پرۆڤه و راهێنانی ئه‌و قوتابیانه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر و مامۆستایه‌كی باش‌دا. كه چه‌ندین ده‌یه‌یه له‌گه‌ڵ زانكۆكانی جیهاندا ئه‌زموونی هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان باس له جیاوازی ئایدۆلۆژی و فه‌لسه‌فی رووداوه‌كانی تێكست ده‌كات له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای كوردیدا، ئه‌و پێی وایه مه‌ودایه‌كی فراوان له‌نێوان ئه‌و تێكسته و بینه‌ری كورددا هه‌یه، چونكه ده‌قاو ده‌ق فیكره‌كه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئێمه‌دا یه‌كانگیر نییه، باشه مه‌رجه رووداوه‌كانی شانۆنامه‌یه‌ك ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێت! دیاره نووسه‌ر ئاگای له پێناسه و تێڕوانینه‌كانی شانۆ نییه بۆ ژیان، له كۆنترین پیناسه‌یدا بۆ شانۆ ئه‌رستۆ وتویه‌تی “هونه‌ر لاساییكردنه‌وه، یان گێڕانه‌وه‌ی ژیانه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری”. سه‌رنج بده كه ده‌ڵێت “به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری”، واته نه‌ك ده‌قاوده‌ق فۆتۆكوپی ژیان وه‌كو خۆی، كه‌واته رووداوه‌كانی ژیان وه‌ك خۆیان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ نابێ دووباره ببنه‌وه، كاری هونه‌ر ئه‌وه‌یه رووداو و كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانمان به‌شیوه‌یه‌كی ئێستاتیكیانه و جوهه‌ریانه بۆ ته‌رجه‌مه بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر تێكستێكی ئاوا كه زۆر نزیكایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ كو‌لتور و نه‌ریته‌كانی كورد، شایه‌نی نمایشكردن نه‌بێت، كه‌واته به بۆچوونی نووسه‌ر بێت، ئێمه هه‌رگیز نابێت خۆمان له قه‌ره‌ی شاكاره جیهانییه‌كانی دیكه بده‌ین.
ره‌خنه‌گر هێشتا له چه‌مكی پێوه‌ندی جه‌ده‌لیانه‌ی شانۆ و ژیان نه‌گه‌یشتوه، ئه‌و پێیوایه شانۆ ده‌بێت ده‌قاوده‌ق وه‌كو ژیان بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ی ئه‌و له‌چاوبگرین، ده‌بێت بۆ نموونه هاملێت وئۆتیللو و ئۆدیپۆس به كوردی نمایش نه‌كرێن، چوونكه ئه‌وانه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیمه‌دا ده‌قاوده‌ق رووناده‌ن و به بۆچوونی ئه‌و مه‌ودایه‌كی فراوان له نێوان رووداوه‌كانی شانۆنامه‌كه و بینه‌ری كورد هه‌یه! نه‌ك ئه‌وه‌نده، ده‌بێت كه‌س به‌لای شانۆنامه‌كانی بێكێت و یۆنسكۆ وجان جینیه و میلله‌ردا نه‌چێت، چونكه به‌ڕاستی مه‌ودایه‌كی فراوان له نێوان ئه‌و شانۆگه‌رییانه و شێوازی ژیانی بینه‌ری كورددا هه‌یه! ئه‌م بۆچوونه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه نه‌شاره‌زایی نووسه‌ر پیشان ده‌دات له بواری شانۆدا، نیشانه‌یه‌كی تری بێ میتۆدییشه له ره‌خنه‌ی شانۆییدا، كه دیدی فه‌لسه‌فی وجوانكاریه‌كه‌ی ده‌بێت پشت به تێگه‌یشتنی پێوه‌ندی جه‌ده‌لی ژیان وشانۆ وه ببه‌ستێت، هه‌ر بۆ نموونه با بگرێینه‌وه بۆ بۆچوونی پیته‌ر بروك له وتاری ( ژیان شانۆیه)دا، كه ده‌ڵێت: ژیان شانۆییه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ناتوانین بڵێن جیاوازی نییه له نێوان شانۆ وژیاندا( بروانه: الشیطان هو الضجر، بتر بروك، ترجمه: د. محمد السیف، ص 47).
دواتر ده‌ڵێ “ئه‌و درێژدادڕییه‌ی له دیالۆگدا هه‌بوو كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر دابه‌زینی ریتمی شانۆگه‌رییه‌كه هه‌بوو به گشتی، ئه‌و دیالۆگه درێژ دادڕانه ڤایرۆسێكی كوشنده‌ن بۆ شانۆ”. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای نووسینه‌كه‌یدا ئه‌سترۆڤسكی به گه‌وره شانۆ نووسی رووسی وه‌سف ده‌كات و دواتر تێكسته‌كه‌ی به درێژداڕ و ڤایرۆسی كوشنده بۆ شانۆ ناوده‌بات. دواتر باسی ده‌سه‌ڵات و داهێنانی ده‌رهێنه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێ “چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی دیالۆگ درێژ بێت ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌سه‌ڵاتی داهێنانی ده‌رهێنه‌ر له‌سه‌ر پانتایی شانۆ و ئهكتهردا كه‌م ده‌بێته‌وه و مه‌ودای لێكترازانی بینه‌ر به‌شانۆوه به‌رفراوانتر ده‌بێت“. ئه‌مه‌یش مه‌رج نییه، گه‌لێگ دیالۆگ هه‌ن كه درێژن وهاوكات گرنگن، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به رۆڵ و ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی ئه‌و دیالۆگه‌وه هه‌یه له چوارچیوار بینای شانۆنامه‌كه‌دا، چونكه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی دیالۆگ گێڕانه‌وه‌یه، گێڕانه‌وه‌ش كرداره، شانۆنامه‌كانی ئیبسن و ئۆنیل و ئه‌ستروڤسكی باشترین نموونه‌ی دیالۆگی دوور و دریژ و مه‌حكه‌من، كه به‌بێ ئه‌و شانۆگه‌رییه‌كه ده‌وه‌ستێت وهیچ روونادات. ئێمه نازانین حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان ئه‌م یاسایانه‌ی له كوێیه‌وه هێناوه كه‌وا به شێوه‌یه‌كی ره‌ها گشتاندنیان بۆ ده‌كات! ئه‌م حوكم و بڕیاره ره‌هایانه له كام پاشخانی ئه‌كادیمییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن! یان ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی هونه‌ری ده‌رهێنانی له كوێوه هێناوه! یان كێ سه‌باره‌ت به دیالۆگی درێژ و ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ر ئه‌م فه‌رمایشته‌ی فه‌رمووه! تۆ بڵێیت ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی ئه‌زموونی نووسه‌ر خۆی بێت له‌بواری پراكتیكی ده‌رهێنانی شانۆییدا! هه‌رچونێك بێت ئێمه ئه‌ومان وه‌كو ده‌رهێنه‌ر نه‌ناسیوه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه راست بێت ده‌بێت كه‌س شانۆنامه درێژه‌كانی شه‌كسپیر و ئیبسن و ستریندبێرگ و میلله‌ر نمایش نه‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م نووسه‌رانه به بۆچوونی حه‌یده‌ر عه‌بدولرحمان نازانن دیالۆگ بنووسن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده بگره خۆیان درێژدادڕن و پاڵه‌وانه‌كانیشیان چه‌نه‌بازن.
كه‌سێك كه سه‌باره‌ت به دیالۆگ به گشتی و دیالۆگ لای ئه‌ستروڤسكی به‌تایبه‌تی بنووسێت، ئه‌گه‌ر سه‌نعه‌تی نووسینی شانۆیی و ئه‌ركه‌كانی دیالۆگ نه‌زانێت ئه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی كووشنده‌وه له بابه‌تی هه‌ڵه كوشنده‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بدولڕحمان، به راده‌یه‌ك ئیتر ئه‌سترۆڤسكی لێده‌بێته درێژدادڕ، ئه‌ركی دیالۆگ لای ئه‌سترۆڤسكی له چوار خاڵه‌دا چڕ ده‌كرێته‌وه: 1- كردار و رووداوه‌كانی شانۆنامه‌كه پێشده‌خات.2- ره‌هه‌ندی كه‌سایه‌تییه‌كان روونده‌كاته‌وه.3 – كه‌ش و جه‌وی شانۆنامه‌كه به‌رجه‌سته ده‌كات.4 – زانیاری ده‌داته ته‌ماشاكه‌ر. ره‌خنه‌گری خاوه‌ن میتۆد شاره‌زای ئه‌م ئه‌ركانه‌یه، له نووسینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عهبدولڕهحماندا شانۆنامه‌كانی ئه‌سترۆڤسكی له‌م ئه‌ركانه به‌ده‌رن! ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كانی ئه‌م دروست بن، ئه‌ی چۆن ئه‌سترۆڤسكی بوو به نووسه‌رێكی نه‌مری جیهانی. چۆن ئه‌مڕۆ له سه‌ر شانۆكانی جیهان له رووسیا و به‌ریتانیا وئه‌مریكا شانۆنامه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كرێن؟ تۆ بڵێیت ئه‌وان ره‌خنه‌گری لێهاتوویان له چه‌شنی ئه‌وانه‌ی ئێمه نه‌بێت تاكو ئاگاداریان بكاته‌وه كه ئه‌سترۆڤسكی درێژدادره؟!
ره‌خنه ته‌نها قسه فڕێ دان نییه، ره‌خنه به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌یه و ره‌خنه‌گره‌كانی دنیا ده‌توانن به‌تێڕوانین و ره‌خنه‌كانیان چاره‌نووسی نمایش بگۆڕن، نه‌ك بینه‌ر چه‌واشه بكه‌ن و راستییه‌كان بشێوێنن، چونكه ئه‌و ره‌خنه‌گرانه خاوه‌ن میتۆدن و به پێوه‌ری ئه‌كادیمی و به‌ده‌ر له میزاجی شه‌خسی ده‌نووسن، بۆیه ئیعتیباری ته‌واویان لای بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندان هه‌یه. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌تا له هه‌موو دنیادا زۆربه‌ی نمایشه‌كانی ئه‌سترۆڤسكی دووسه‌عات ونیو بۆ سێ سه‌عاتیش تێده‌په‌ڕێنن و كه‌سیش به گلله‌یی نییه، ئێمه ناڵێین ده‌قه‌كانی ئه‌سترۆڤسكی هه‌روه‌ها ده‌قی زۆربه‌ی شانۆنووسانی تریش نابێت هیچی لێ لابدرێت وهه‌رگیز ده‌ستكاری نه‌كرێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به دید و بۆچوونی ده‌رهێنه‌ره‌وه هه‌یه، به‌ڵام ناشكرێت ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستكاری بكه‌یت به‌راده‌یه‌ك ده‌قه‌كه بشێوێنیت.
به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ره‌خنه‌گره‌كانی ئێمه و زۆرینه‌ی شانۆكارانمان ناتوانن دوو سه‌عات به دیار نمایشه‌وه دانیشن، هه‌ربۆیه ده‌یانه‌وێت ده‌قێكی سێ سه‌عاتیان بۆ بكه‌یت به چل ده‌قیقه، كه‌چی بینه‌ری ئاسایی ئه‌و گله‌ییه‌ی نییه و بگره چێژیشی لێوه‌رده‌گرێت، به‌ڵگه‌یشمان ئه‌وه‌یه كه گه‌لێك له بینه‌رانمان هه‌ر سێ رۆژی نمایشه‌كه له‌وێ ئاماده‌بوون.
له‌كۆتاییدا نووسه‌ر باسی ئه‌و كێشانه ده‌كات كه له ریتمدا هه‌بوونه و خۆی ده‌خاته ناو بوارێكی زۆر تایبه‌ته‌وه كه سه‌نعه‌تزانین و زانیاری زۆر وورد و ئه‌كادیمی ده‌خوازێت، به‌شێوه‌یه‌ك لێیده‌دوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و له ده‌رهێنه‌ر زیاتر شاره‌زای ریتم و جووڵه و جه‌سته بێت. ئه‌مه له كاتێكدایه كه ده‌رهێنه‌ر زۆر به وردی و زانستی ئیشی له‌سه‌ر ریتم كردووه، به‌ڵام كێشه‌ی شانۆی كوردی كه له‌ژێر كاریگه‌ری شانۆی عه‌ربیدایه ئه‌وه‌یه، كه به‌پێویستی ده‌زانن شانۆ هه‌میشه به ریتمێكی خێرا بڕوات و پڕبێت له سه‌ره‌مه‌قولانج و ته‌قله لێدان و فڕكه فڕك و هات و هاوار و قیژه قیژ، به‌شێك له دیمه‌نه‌كانی ئه‌و نمایشه دیمه‌نی رۆمانسی و سۆز ده‌ربڕین بوون، كه‌واته له‌وێدا پێویستت به ئارامییه‌كی ته‌واو هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه دینامیكیه‌تی دیمه‌نه‌كه بكوژرێت، كه هه‌رگیز شتێكی له‌و چه‌شنه له نمایشه‌كه‌دا نه‌بوو، میزانسێن و كۆمپۆزیسیۆن و دینامیكیه‌ت خاڵی جه‌وهه‌ریبوون لای ده‌رهێنه‌ر، ئه‌مه‌یش ئه‌ركێكی پیشه‌مه‌ندانه و پسپۆڕانه‌یه، كه كاری ده‌رهێنه‌ره نه‌ك كاری رۆژنامه‌نووس. ئه‌ویش به‌حوكمی ئه‌زموونی زۆری دكتۆر فازڵ له‌گه‌ڵ راهێنان و ئیتوده‌كانی مایرهۆڵد و كاركردنی له‌شانۆ گه‌وره‌كانی جیهاندا، وابزانم له هه‌موو كه‌سێك باشتر له‌و چه‌مكه تیده‌گات. ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گر خاوه‌نی میتودی ره‌خنه‌گرانه بوایه هه‌رگیز نه‌ده‌كه‌وته ناو هه‌ڵه‌ی ریتم وتێمپۆوه، چونكه ئه‌م لایه‌نه له شانۆدا په‌یوه‌سته به پیشه‌مه‌ندی و پسپۆڕیه‌وه، نه‌ك به میزاج و بۆچوونی سه‌رپێییه‌وه، كه له ره‌خنه‌دا نیشانه‌ی بێ میتۆدی و بزربوونی چه‌مكی زانستیانه‌یه.
له زۆر جێگه‌ی نووسینه‌كه‌یدا نووسه‌ر خۆی ده‌خزێنێته ناو پیشه‌ی هونه‌ری ده‌رهێنانه‌وه و وه‌كو ده‌رهێنه‌رێكی پیشه‌مه‌ند ده‌دوێت و وانه‌ی هونه‌ری ده‌رهێنان داده‌دات، بۆ نموونه جگه له مه‌سه‌له‌ی ریتم كه باسم لێوه كرد، ئه‌و رێنمایی به ده‌رهێنه‌ر د.فازڵ جاف ده‌دات كه به چی شێوازێك ده‌بوایه دیمه‌نه‌كان زیندوو رابگرێت، چۆن ده‌بوایه هاوسه‌نگی رابگرێت، چۆن قورسایی نه‌خاته سه‌ر دیمه‌نه لاوه‌كییه‌كان، ئه‌رێ به‌راست دیمه‌نی لاوه‌كی و دیمه‌نی سه‌ره‌كی هه‌یه له شانۆنامه‌یه‌كی شاكاردا؟! یان گرێی سه‌ره‌كری وگرێی لاوه‌كی هه‌یه. ئه‌گه‌ر وابیت، ئێمه‌ی قوتابیانی شانۆ داوا ده‌كه‌ین وه‌كو مامۆستا وانه‌ی هونه‌ری ده‌رهێنانمان پێ بڵێته‌وه.
له كۆتاییدا، ده‌كرا له‌جێی ئه‌و هه‌موو تێڕوانیینه نائه‌كادیمیانه، قسه‌یه‌كی جدی له‌سه‌ر هه‌وڵ و ماندووبوونی مامۆستا و قووتابیه‌كان بكردبایه، كه هه‌رگیز له مێژووی ئه‌و كۆلێژه‌دا و له ناو ئه‌و وێرانه‌یه‌دا كارێكی وا گه‌وره و جدی نه‌كراوه، ئه‌ركی پیشه‌یی حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان وه‌كو رۆژنامه‌نووس و به‌رپرسی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و گوڤاری زانكۆپرێس ئه‌وه‌بوو، سه‌رنجی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای بۆ كێشه كوشنده‌كانی ئه‌م كۆلێژه راكێشابایه، كۆلێژێك كه هه‌ر له كه‌لاوه ده‌چێت، ئه‌ویش وه‌كو به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆ لێی بێده‌نگه، به‌داخه‌وه وادیاره ئه‌و نایه‌وێت ئه‌م هه‌نگاوه ناوازه‌یه‌ی قوتابیان ومامۆستاكانمان،نمامێك كه له ناو كه‌لاوه‌یكه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كردوه، به‌رز بنرخێنێت.
فریاد ئه‌حمه‌د